جێندەر وەک حەقیقەتێکى بایۆلۆژیى بەرانبەر جێندەر وەک بونیادێکى کۆمەڵایەتى

لە ئینگلیزییەوە: ناودار زیاد

(فرانسیسکۆ هافیەر کەماچۆ) دەپرسێت، ئایا بایۆلۆژیا و بونیادى کۆمەڵایەتى چ جیاوازییەک دروست دەکەن؟

(بین شەپیرۆ) شرۆڤەکارى کولتووریى کۆنزەرڤاتیڤ کارێکى خێرا لەسەر “پرسى جێندەر” دەکات و دەڵێت: “بێگومان زانست نەبووەتە دوو بەشەوە سەبارەت بەوەى ئایا ڕەگ و ڕیشەى جیاوازییە جێندەرییەکان لە بایۆلۆژیادایە یاخود لە کولتووردا- وەڵامەکە ئەوەیە کە لە هەردووکیاندایە، بەڵام بە پێداگرییەکى زۆرترەوە لەسەر ئەوەى کە لە بایۆلۆژیادایە” (‘The Left’s Doomed Crusade To Erase Gender Differences’, National Review, 2018). لە هەمان کاتدا، فەیلەسووفى فێمینیست (جودیت باتلەر) لەبارەى دیوێکى دیکەى ئەم ئەڕگیومێنتەوە بەم جۆرەى خوارەوە دواوە:

“جێندەر بریتییە لە شێوازى دووبارەبووەوەى جەستە، مەجموعەیەکە لە کردەى دووبارە کە بە تێپەڕینى کات لە چوارچێوەیەکى ڕێکـخراوى توندى باڵادا قاڵبى گرتووە، کە لە میانەیەوە ڕواڵەتى جەوهەرێک لە جۆرێکى سروشتى بوونـدا بەرهەم هاتووە. ئەگەر جینالۆجیاى سیاسى لە ئۆنتۆلۆژیاى جێندەردا سەرکەوتوو بێت ئەوا ڕواڵەتى جەوهەرییانەى جێندەر لەناو کردە پێکهێنەرەکانیدا هەڵدەوەشێتەوە، بەمەش پێگە و ئیعتیبار بۆ ئەو کردانە دیارى دەکات کە لە بازنەیەکى ناچاریدا لەلایەن هێزە هەمەجۆرەکانەوە دانراون، ئەو هێزانەى چاودێرى و حوکمى ڕواڵەتى کۆمەڵایەتیی جێندەر دەکەن…”(Gender Trouble: Feminism and the Subversion of Identity, p.33, 1990).

بە دەربڕینێکى تر، بۆ (باتلەر) و ئەوانى دیکەش، جێندەر زیاتر بونیادێکى کۆمەڵایەتییە نەک حەقیقەتێکى بایۆلۆژی. کەواتە، “پرسى جێندەر” لەو لایەنەوە کە بە جەنگە کولتوورییەکان بە ناو دەکرێت بابەتى دوو بۆچوونى دژبەیەکە: یەکێکیان بەرپرسیارێتیى ڕێژەییى ڕەفتارە جێندەرییەکان دەخاتە ئەستۆى کۆمەڵگە و، ئەوی تریان دەیخاتە ئەستۆى بایۆلۆژیا. بۆچوونى یەکەم دەڵێت تا ڕاددەیەکى زۆر ڕەگەزى بایۆلۆژى پێناسەى جێندەر دەکات، بۆچوونەکەى تر دەڵێت تا ڕاددەیەکى زۆر کۆمەڵگە یان کولتوور پێناسەى جێندەر دەکات. من بەم دوو بۆچوونە دژبەیەکە دەڵێم چوونیەک و هاوتەریب یاخود دووانەى یەکتر١.

هەردوو بۆچوونە دووانەکە نوێنەرایەتیى وەڵامەکان دەکەن، بەڵام بۆ چ جۆرە پرسێک؟ لێرەدا (شەپیرۆ) بە ڕوون و ڕاشکاوى وەڵام دەداتەوە: لە ڕاستیدا پرسى جێندەر پرسێکى ئەزموونییە، چونکە زانست بانگەشەى ئەوە دەکات کە بایۆلۆژیا بەرپرسترە لە کۆمەڵگە لەبارەى ڕەفتارە جێندەرییەکانەوە. هەروەها جینالۆجیا سیاسییەکەى (باتلەر) بریتییە لە شیکارکردنى ڕەفتارى جێندەری کە دەکرێت سەرنج بدرێت: هەستان بە داماڵین و هەڵوەشاندنەوە و لێکردنەوەى بەرگى پیادەکردن و ڕێککەوتن و هێز و ناچارکردن و، پاشان دەبینیت هیچ شتێک نەماوەتەوە. بەڵام ئەمە دەتوانێت چ جۆرە [هەڵوەشاندنەوەیەک] بێت ئەگەر لەسەر بنەماى تێبینیکردن و تاقیکردنەوە نەبێت؟ کەواتە، هەردوو بۆچوونە بایۆلۆژى و کولتوورییەکە لەلایەن لایەنگرەکانیانەوە وەک بانگەشەى ئەزموونگەرانە وەرگیراون، کە بە میتۆدى زانستى بەرگرییان لێ دەکرێت.

ئەم ئایدیایە زۆر گرنگە، بۆچى؟ لەبەر ئەوەى ڕیتۆریکى مشتومڕ لەبارەى جێندەرەوە ڕەنگڕێژ دەکات. ئەگەر بەرانبەرەکەت حوکمت بدات لەسەر ئەوەى توانات نەبێ یان نەخوازیت “ڕاستى ببینیت”، ئەگەر “دان بە ڕاستییەکاندا نەنێیت”، یان ئەگەر “تەنها ڕاستى بەدەست نەهێنیت”، ئەوا جووڵە و داینامیکییەتێکى عورفى دەست پێ دەکات. لەو کاتانەدا تۆمەتى [ناعەقڵانیبوون] زۆر دوور نابێت و ئەمە لەگەڵ خۆیدا مۆڵەتى دەرکردن یان تا ڕاددەیەک ناچارکردنت بۆ دێنێت یاخود پاڵنەرەکانت دەخاتە ژێر پرسیارەوە. تۆمەتبار دەکرێیت بەوەى ڕێنمایی کراوی نەک لەلایەن خواستێکەوە کە حیساباتى بابەتى بۆ دۆخەکە دەکات بەڵکوو بە پابەندبوونت بۆ ئایدیۆلۆژیا یان باوەڕییەک، جا درکى پێ بکەیت یاخود نا. بۆیە وەک خاچپەرستێکى چەپى لیبڕاڵ، یان وەک بەرگریکارێکى ڕاستڕەوى کۆنزەرڤاتیڤ سەیر دەکرێیت.

لە ئەڕگیومێنتەکان لەبارەى ترانس جێندەرەوە ڕێککەوتى شتێکى تر دەکەین. بەپێى هەڵوێستى تۆ لەو ناکۆکییانەدا بەرامبەرەکەت تۆمەتبارت دەکات بە یەکێک لەم دوو شتە: لەلایەکەوە تۆمەتبارت دەکەن بە ئەولەویەتدانى هەستەکانت بەسەر ڕاستییەکاندا. ئەم هەستە لەسەر ئەو تیشێرتانە دەردەکەوێت کە دەڵێت “من قەڵەوم بەڵام وەک لاواز خۆم دەناسم. من لەولاى باریکەوەم”. ئەمە بە واتاى یاریکردن دێت بە ڕاستییەکان ـ واتا تا ڕاددەیەکى قبوڵنەکراو هەستەکان ڕێنماییت بکەن ـ بەو جۆرەى بە خواستى خۆت خەریکى بیرکردنەوە و ڕەفتارێک بیت کە لەگەڵ ڕاستییەکاندا نەگونجێت. ئەمەش هەمان ئەو هەستە نیشان دەدات کە لە پشت گاڵتەیەکى مشتومڕئامێزەوە لەلایەن (دەیڤ چاپێڵ)ـەوە دروستکراوە لە کۆمیدیا تایبەتەکەیدا بە ناونیشانى (The Closer) (2021): [فێمینیستە ڕادیکاڵە دژە ترانس جێندەرەکان، ئەوانەى دەیڤ چاپێڵ لەگەڵ بانگەشەکانیاندا هاوسۆزە] “سەیرى ژنانى ترانس جێندەر دەکەن بەو شێوەیەى کە ڕەنگە تەماشاى ڕووخسارە ڕەشەکەى ئێمەى ڕەشپێست بکەن. ئەمەش تووڕەیان دەکات…”.

لەلایەکى ترەوە، لە ئەڕگیومێنتەکاندا لەبارەى ترانس جێندەرەوە، بەرانبەرەکەت ڕەنگە تۆمەتبارت بکات بەوەى هاوسۆزیى خەڵکت نییە لەبەر ئەوەى وەڵامگۆى ئازارەکانیان نەبوویت یان وەک مرۆڤ ئەوانت لەبەرچاو نەگرتووە. پاشان، تۆمەتبار دەکرێیت بەوەى خەریکى ڕق و کینە و دوژمنایەتى بوویت بەرانبەریان، تا ئەو ڕاددەیەى زیانت پێ گەیاندوون. ئەمە هەستى شاراوەى پشت زۆربەى وەڵامەکانى (چاپێڵ)ـە، کە بە هەمان شێوە وەڵامەکانى (ئیمارا جۆنس)ى دروستکەرى ترانسلاش میدیاش (Translash Media)٢لەخۆ دەگرێت، (جۆنس) دەڵێت سەرنجەکانى (چاپێڵ) “لە بنەڕەتدا قسەى ڕەقن بەڵام بە بەرگى گاڵتە داپۆشراون “:ترانس جێندەرەکانیان کردەى زیانبەخش پێک دەهێنن یاخود مۆڵەتى پێ دەدەن، لەبەر ئەوەیە ئەوان “مشتومڕ لەبارەى ئەوە دەکەن کە کەسانى ترانس ڕاستەقینە نین… و لە دڵى توندوتیژیدا دژى کەسانى ترانس… ئەوە تاوانە کە باوەڕت وا بێت ترانس جێندەرەکان هیچ شتێکى هەڵەیان نەکردووە، بەو واتایەى کەسە ترانس جێندەرەکە مرۆڤ نییە” (PBS Newshour, October 21, 2021).

ئەم تۆمەتانەى لایەنى بەرانبەرەکەت لە مشتومڕەکەدا شتێکى باوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ئەوان ئامانجیان لێدانە لە دۆخى هەستى بەرامبەرەکەیان. یەکێک لە تۆمەتەکان ئەوەیە کە قورسایى زۆر بە هەست بەخشراوە، ئەمەش بە زیانى ڕاستى شکاوەتەوە، بەدواداچوونى ئەمەش پێویستى بە ڕاددەیەک لە بەلاوەنانى بەرژەوەندی و دەرچوون لە ژێردەستەییی هەست هەیە. تۆمەتەکەى تریان ئەوەیە کە کەسەکە “بێهەستە” واتا هەستە کۆمەڵایەتییە ئەرێنییەکانى گەشە ناکات و سەرکوت کراوە. ئەم تۆمەتانە چەکن بەدەست هەردوو بۆچوونەکەوە هەم بایۆلۆژییەکە هەم کولتوورییەکە، هەروەها ئەوەشیان بڵاوکردۆتەوە کە بەرانبەرەکانیان [شکستیان هێناوە لە بینینى ڕاستییەکە]، وەک قاعیدەیەکى گشتى ئەوەیان جێگیر کردووە کە “ئەوان تەنها دوو جێندەرن”، یان “جێندەر دووانەى نییە، واتا باینەرى نییە”.

شوناسی تێکشکاو، تابلۆی (درۆر ڕۆسەنسکی) ٢٠٢٢

ڕوانگەیەکى پڕاگماتیکى

بەڵام ئایا هەموو گوزارشتێکى کینەئامێزانە یان گوماناوى یاخود شێواوانە لەبارەى کەسێکەوە کە دەیەوێت پێکهاتەى جێندەریى خۆى بگۆڕێت بە واتاى لەناوبردنى ڕاستەقینەى بوونى مرۆڤ دێت؟ وە ئایا هەموو گەرماوەکان وا دروست کراون کە بێلایەن بن لەنێوان هەردوو جێندەرەکەدا؟ یان ئایا کاتێک وەرزشوانێکى ترانسجێندەر ڕێگەى پێ بدرێت لە تیمێکى وەرزشى یارى بکات گرەنتى ئەو هاتوهاوارانە دەکرێت کە دەڵێت ئەمە بناغەى سیستەمى کۆمەڵگەکە دادەڕووخێنێت؟

ئەگەر پاساوێکمان هەبێت بۆ گومانکردن لەوەى کە وەڵامەکە لە هەردوو حاڵەتەکەدا (نەخێر)ـە، ئەمە لەبەر ئەوەیە کە گریمانەیەکى (هەڵە) لەناو هەردوو بۆچوونە بایۆلۆژی و کولتوورییەکەدا بنیاتنراوە. بە تێڕوانینى من هیچ یەکێک لەو دوو بۆچوونە جەخت لەسەر (ڕاستى) ناکەنەوە، لەو سۆنگەوەى کە بە تێبینیکردن و تاقیکردنەوە بونیادنرابن. هیچ یەک لەو دووبۆچوونە گریمانەى ئەزموونى نین، بۆیە ناکۆکى نێوانیان ناکۆکییەکى زانستى نییە. ئەوان بانگەشەکانیان زانستى نین، هەرچەندە بەو ئاڕاستەیەدا دەڕۆن. پڕەنسیپى میتۆدۆلۆژی لە نەریتى پڕاگماتیزمى ئەمەریکیدا ـ ڕێسا و بنەما گشتییەکانى پڕاگماتیزم ـ دەشێت یارمەتیمان بدات تاکوو بزانین هۆکارەکەى چییە یاخود بۆچى وایە.

ڕێسا و بنەماکە لە بنچینەدا لەلایەن (چارلس ساندرس پێرس)ـەوە دیاری کراوە و مەبەستى (پێرس) بریتییە لە “میتۆدێک بۆ گەیشتن بە هزرێکى بێخەوشى ڕوون و ڕەوان”، کە لەلایەن (ویلهێلم ئۆستواڵد)ى کیمیازانیشەوە بە پوختى باس کراوە: “لە چ ڕوویەکەوە جیهان جیاواز دەبێت ئەگەر ئەم ئەڵتەرناتیڤ یاخود ئەو ئەڵتەرناتیڤ ڕاست بێت؟ ئەگەر نەتوانم هیچ شتێک بدۆزمەوە کە جیاواز بێت، ئەوکات ئەڵتەرناتیڤەکە هیچ مانایەکى نییە” (Quoted by William James in Pragmatism, 1907).

هەروەک پڕاگماتیستێکى دیکەى ئەمەریکى (ڕیچارد رۆرتى) دەڵێت “ئەو پرسیارانەى کە بیرۆکە یاخود خاڵێکیان تێدایە لەگەڵ مەرج و داخوازییەکانى (ویلیام جەیمس)دا هاوئاهەنگ و تەبان لەوەدا کە هەر جیاوازییەک پێویستە جیاوازییەک دروست بکات” (Philosophy and Social Hope, 1999, p.58).

با لە نزیکەوە ڕێسا و بنەماکە بەسەر حاڵەتێکدا جێبەجێ بکەین. بیهێنە بەرچاوت لەو جیهانەى تێیداین ڕاستە جێندەر زیاتر حەقیقەتێکى بایۆلۆژییە. هاوکات بیهێنە بەرچاوت لەو جیهانەى تێیداین ڕاستە جێندەر زیاتر بونیادێکى کۆمەڵایەتییە. ئایا ئەم دوو گریمانەیە لەڕووى لێکەوتە پراکتیکییەکانییەوە لەسەر ئەزموون چ جیاوازییەکیان هەیە؟ ئایا جیاوازی هەیە لەوەدا کە بە ڕووى تێبینیکردن و ئەزمووندا کراوە بێت، لەسەر ئەم بنەمایە کام لەم دوو بۆچوونە دەکرێت وەک ڕاستى پشتڕاست بکرێتەوە؟ هەبوونى جیاوازییەکى لەو شێوەیە مەرجى بنەڕەتییە بۆ ئەوەى تیۆرییەک یان گووتەزایەک یان تەنانەت گریمانەیەک بە زانستی ئەژمار بکرێت. هەرچەندە، تۆ دەتوانیت سەرنج بدەیت کە جیاوازییەکى لەو شێوەیە بوونى نییە، بە تێپەڕین بە هەردوو جیهانەکەى خەیاڵتدا، چالاکییە بایۆلۆژییەکە و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکە هەردووکیان بە هەمان شێوە ڕۆڵ دەگێڕن. بۆ نموونە، گریمان دەرچوویەکى زانکۆ خاوەن بیرۆکەیەکى سوارچاکییە، بەڵام پاڵنەرە غەریزى و کارکردە هۆرمۆنییەکانى بەرەو ژنێک ئاڕاستەى دەکەن. یان گریمان کچێکى بچووک ناتوانێت بەرگەى یارى توند و هەڵبەز و دابەز و کەوتن بگرێت، لە برى ئەوە یارى ماڵ هەڵدەبژێرێت، بەمەش دەخزێتە ناو لایەنە دایکایەتییەکەیەوە. ئەم کردارانە، وەک ڕەفتارە جێندەرییەکانى تر و وەک دیاردە بایۆلۆژییەکان دەمان گەیەنێتە ئەوەى کە جێندەر زیاتر حەقیقەتێکى بایۆلۆژییە یاخود زیاتر بونیادێکى کۆمەڵایەتییە. ئەمە وەک ئەوە نییە کە واقیعى یاریکردنى کچەکە یان کردارەکەى کوڕەکە پشت بە حەقیقەتێک دەبەستێت یان پشت بە حەقیقەتێک لە حەقیقەتە بایۆلۆژى یان کولتوورییەکان دەبەستێت، بەجۆرێک ئەگەر یەکێک لە بۆچوونەکان ڕاست بێت ئەوا کردارەکانیان ڕوودەدات، بەڵام ئەگەر بۆچوونەکەى تر ڕاست بێت ئەوا کردارەکانیان تەنها وەهم دەردەچێت. کوڕەکە بەرەو ژنەکە دەڕوات و کچەکەش یارى ماڵ دەکات، جا زیاتر بایۆلۆژی بەرپرس بێ لە ڕوودانەکە یان کۆمەڵگە. هەردوو بۆچوونەکە شێلگیرانە لەگەڵ ئەم ڕووداوانەدا یەکدەگرنەوە، وەک چۆن لەگەڵ جەستەى گەورەى ڕەفتارى جێندەرییدا یەکدەگرنەوە.

بێگومان، ئەم لێکچوون و هاوئاهەنگییە بەپێى دیزایینە. بە شێوەیەکى گشتى لایەنگرانى هەریەک لە بۆچوونەکان بە تێپەڕین بە هەموو نموونە تایبەتەکاندا هەوڵ دەدەن شتێک لەبارەى جێندەرەوە بڵێن. نەیاندەتوانى ئەوە بکەن ئەگەر هەندێک حاڵەت هەبووایە ـ با ناوى بنێین [ڕەفتارى جێندەرى x]ـ کە لەگەڵ بۆچوونەکانیان ناکۆک بووایا. لەبرى ئەوە، تێبینیکردنى [ڕەفتارى جێندەرى x] دەبێتە بنەمایەک بۆ ڕەتکردنەوەى بۆچوونەکانیان، هەروەک چۆن تێبینیکردنى قۆناغەکانى هەسارەى زوحەل بنەمایەکە بۆ ڕەتکردنەوەى مۆدێلى بەتلیمۆسى سیستەمى خۆر بەهۆى ناکۆکى و ناتەبایى لەگەڵ ئەو مۆدێلەدا. بەڵام ئەگەر هیچ دۆخێکى ئاوهاى ڕەتکەرەوەى هەردوو بۆچوونەکە بوونى نەبێت، ئەوکات وەڵامێکمان هەیە بۆ ئەو پرسیارەى کە هەردوو بۆچوونەکە چ گرنگییەکى پڕاکتیکییان هەیە: بەهیچ شێوەیەک هیچیان ناتوانن پاساوێکى ئەزموونى بەسەر ئەوی تریاندا جێکەوت بکەن. کەواتە درێژەدان بەوەى کە ئێمە لەنێوان گریمانە زانستییەکاندا چ مشتومڕێک دەکەین ناکرێت هیچ مانایەکى هەبێت. ڕێسا و بنەماکان نرخیان کەمە و لاوازن، چونکە ئێستاکە دەبینین بانگەشەکردن بۆ ئەوەى کە هەریەک لەو دوو بۆچوونە “بابەتێکى سادە و ئاشکراى حەقیقەتێکى زانستییە” لە خودى خۆیدا بانگەشەیەکى زانستیى ساختەیە.

blank
تابلۆی ڤیکتۆریا پەنگ

جیاکارییەکى پڕاکتیکى نەک تیۆرى

تا ئێستا، هیچ حاڵەتێک نییە کە جیاوازى لە واتاى پڕاکتیکى بۆچوونە بایۆلۆژى و کولتوورییەکەدا نەبێت. بەڵکوو لە ڕاستیدا جیاوازى هەیە و، بۆ ئەوەى بزانین ئەو جیاوازییە چییە با ڕێسا و بنەماکە جێبەجێ بکەین: بیهێنە بەرچاوت لەو جیهانەى تێیداین ڕاستە جێندەر زیاتر حەقیقەتێکى بایۆلۆژییە. هاوکات بیهێنە بەرچاوت لەو جیهانەى تێیداین ڕاستە جێندەر زیاتر بونیادێکى کۆمەڵایەتییە. ئایا ئەم دوو بۆچوونە لە ڕووى لێکەوتە پڕاکتیکییەکانییەوە لەسەر ئەزموون جیاوازییان چییە؟ ئێمە بینیمان کە هیچ جیاوازییەک نییە لەو لایەنەوەى یەکێک لەو دوو بۆچوونە پاساوێکى ئەزموونى هەبێت. بەڵکوو جیاوازییەکە بەم شێوەیە بە دەست دێت: ئەگەر جێندەر زیاتر حەقیقەتێکى بایۆلۆژى بێت ئەوا هەندێک کردارى دیاریکراو گونجاون یان دروستن یان شایستەن یاخود پەسەندکراون و هەندێکى دیکەش گونجاو یان دروست یان شایستە یاخود پەسەندکراو نین. ئەگەر جێندەر زیاتر بونیادێکى کۆمەڵایەتى بێت ئەوا هەندێک کردارى دیکەى دیاریکراو گونجاون یان دروستن یان شایستەن یاخود پەسەندکراون و هەندێکى دیکەش گونجاو یان دروست یان شایستە یاخود پەسەندکراو نین. ئەو کردارانەش ئەوانەن کە چەقى مشتومڕە بەردەوامەکانن وەک: بەکارهێنانى ڕاناوەکان لە گەرماوەکاندا، پۆڵێنبەندى وەرزشوانان لەسەر بنەماى جێندەر، چارەسەرى هۆرمۆنى نەوجەوانان و، تادوایى. جیاوازى پڕاکتیکى لەنێوان هەردوو بۆچوونەکەدا لە جۆرى ئەو بەڵگانەدا نییە کە پشتى پێ دەبەستن و، لە وەسفەکانیشیاندا نییە بۆ بونیادى کەسەکان، بەڵکوو لە میانەى کردارەکانیانەوەیە کە سزائامێزن. ئادابەکانى هەردوو بۆچوونەکە پێوەرن، چونکە بە هۆیانەوە ئێمە ڕەفتارەکان دەسەپێنین یاخود قەدەغەیان دەکەین. ئەو ئادابانە نۆرمن، چونکە پێوەرن بۆ دروستى یاخود نادروستى ڕەفتارێک. تا ئەو ڕاددەیەى دەبن بە پێوەرى کورت و پوخت کاتێک لەژێر ناوى ئەخلاقدا وەک ڕێبەر و ڕێنیشاندەر ڕۆڵ دەگێڕن و ژیانمان ئاڕاستە دەکەن.

بە بۆچوونى من، ئەوە سەرلێشێواوییە ئەگەر ئێمە ئارەزووى گۆڕینى بابەتە پڕاکتیکییەکان بۆ بابەتە تیۆرییەکان بکەین. بۆ نموونە ژنێکى نائومێد وەربگرە کە شکستى هێناوە لە بینینى مێردەکەى وەک ئەوەى ئەو دەیەوێت. ئەو ژنە شکستى هێناوە لە بینینى ڕەفتارى مێردەکەى وەک مەیلە هەژێنەرەکانى مێردەکەى و دۆخى هزریى مێردەکەى لە ماوە زەمەنییە یەک لە دواى یەکەکان و، گۆڕانى باوەڕ و ئارەزووەکانى مێردەکەى. لەبرى ئەوە، ئەو ژنە ڕەفتارى ئێستاى مێردەکەى و، تایبەتمەندییە جەوهەرى و نەگۆڕەکان بۆ بونیادى مێردەکەى دەگەڕێنێتەوە. ئەو ژنە ژیانە هاوبەشە قورسەکەیان بەم جۆرە ڕوون دەکاتەوە: “پیاوەکە بڕیاردەر و خۆپەرست و ڕووکەشانەیە”. لە هەمان کاتدا، مێردێک کە عاشق و شەیدا بێت ئەوا کەمتر سەرلێشێواوە، چونکە تێڕوانین و تیۆرەکانى کاریگەرییەکى زێڕینیان هەیە “ژنێکى قەشەنگ و ڕازاوەیە، ئەو کەسەیە کە بەدوایدا دەگەڕام، ئەو ژنێکى پێرفێکتە” ئەم تێڕوانینانە یارمەتیى پیاوەکە دەدات جۆرى جیاوازییەکە بێ ڕۆڵ بکات کاتێک لەگەڵ واقیعێکى پڕاکتیکى دژبەیەک ڕووبەڕوو دەبێتەوە. ئەم حاڵەتانە ئەوە نیشان دەدات کە تیۆرەکە فریودەرە. خاسیەتى بەجۆش و بزوێنەرى ڕق و کینە و نەیارێتى هاندەرى تیڕوانینەکانى ژنەکەیە و، خاسیەتى توند و سەرنجڕاکێشى ئارەزووش پاڵنەرى پیاوەکەیە.

بە پێچەوانەوە، لایەنگرانى بۆچوونە بایۆلۆژی و کۆمەڵایەتییەکە هەردووکیان فریویان خواردووە. چونکە ئەوە سەرنجڕاکێشە گریمانى ئەوە بکەیت کە دەتوانیت بە یەکجار پێشبینیى کۆمەڵێک ڕەفتارى جێندەری بکەیت و، سەرنجى ئەو هێڵە بدەیت کە چالاکى کۆمەڵایەتى لە چالاکى بایۆلۆژى جیا دەکاتەوە و وەک ئەوەى هەیە بیبینیت و، بە یەکجار جیاوازى لەنێوان ڕوواڵەت و واقیعى جێندەر بۆ هەمووان بکەیت. هەروەها ئەوەش سەرنجڕاکێشە هەوڵ بدەیت بۆ چارەسەرکردنى “پرسى جێندەر” بە ڕێگەى تەڕحى ئۆنتۆلۆژییەوە[تیۆرییەک لەبارەى ئەوەى چ شتێک بوونى هەیە یاخود بوونى نییە] کە بەهۆى سروشتى مشتومڕئامێزانە و مۆڕاڵییانە و سیاسییانەى پرسەکەوە زیاتر سەرنجڕاکێش کراوە [زۆربەى ئەو لایەنانەى کە مەیلیان بۆ چالاککردنى داینامیکییەتى ڕق و ئارەزوو هەیە، دەیانەوێت ئەم مەیلەیان لەگەڵ تیۆرەى میتافیزیکیدا تێکەڵ بکەن]. ئەگەر دیدگاکان هێز و دەسەڵاتیان هەبێت، ئەوا بۆ کەسانى نیازپاک و دڵسۆز کە بە دواى ڕاستی و دادپەروەریدا وێڵن هێزى بەرجەستەکردنى تێڕوانینى مرۆڤێک لە جیهاندا لە ڕێگەى پشتگیریکردنى تیۆرەیەکەوە سەرنجڕاکێشە. بەڵام بۆ باڵایى و ڕاستێتیى ڕێڕەوى کردارەکانى بۆچوونە بایۆلۆژى و بۆچوونە کولتوورییەکە وەک پڕەنسیپێکى میتافیزیکى هیچیان ناتوانن یارمەتیبەخش بن. ئەم واقیعە بەتاڵە پێچەوانەى وەسفەکانى (ویلفرید سیلارز)ى فەیلەسووف نییە بۆ دەستەواژەیەک کە “خۆى وەک میتافۆڕێکى بەسوود پێشنیارکراوە و… وەک میتافۆڕە بەسوودەکانى دیکە بۆ زاراوەیەکى تەکنیکى چەسپاوە” (‘Empiricism and the Philosophy of Mind’, Minnesota Studies in the Philosophy of Science, vol. 1, 1956).

بەم جۆرە، کاتێک هەردوو بۆچوونەکە بەرگى میتافیزیکایان بە بەردا دەکرێت، وێڕاى ئەوەى لە ڕاستیدا پێوەرى پڕاکتیکین، ئەوکاتە ناتوانرێت “پرسى ترانس جێندەر” لە ڕێگەى تەڕحێکى ئۆنتۆڵۆژییانەوە وەڵام بدرێتەوە، بەڵکوو دەکرێت بە تەڕحێکى پڕاکتیکى وەڵام بدرێتەوە ـ ئەمەش چوارچێوەیەکە بۆ ئێمە تاکوو بزانین پێویستە چۆن مامەڵە لەگەڵ یەکترى بکەین: کۆمەڵگەکەمان پێویستە چى بکات دواى ئەوەى هەندێک “داهێنان” دەکەن و هەندێکى دیکە “گەندەڵی”. چونکە ئەگەر هەردوو بۆچوونەکە تەنها پێوەرەکانى ئاداب دیارى بکەن، ئەوا لایەنگرەکانیان ناتوانن تانە لە هیچ “حەقیقەتێکى بابەتەکە” لەبارەى جێندەرەوە بدەن. بەڵام من ئەو بانگەشەیە ناکەم کە هەر کردەیەکى پەیوەندیدار بە پرسى ترانس جێندەرەوە باشترە لەوەى تر. بەڵکوو من دەڵێم کە هیچ شتێک لە پشت ئەم پێوەرە پڕاکتیکییەوە نییە کە نەتوانین تانەى لێ بدەین. لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین ئەو بانگەشانە ببینین کە لایەنگرانى هەردوو بۆچوونەکە سەرپشک دەکرێن لە داننان بە بونیادى پڕاگماتیکى بنچینەییى هەردوو بۆچوونەکە ـ واقیعەکەیان وەک پێوەرى پڕاکتیک ئەوەیە: کە دەبێت تەنها دوو جێندەر هەبێت.

تا ئەو شوێنەى پەیوەندى بەو پێشنیارە پڕاکتیکییانەوە هەیە کە کراون، واى دەبینم دۆخەکە داواى وەڵامێکى زۆر جەوهەرى دەکات، چونکە لێرەدا هەرە گرنگترین مژارى ئەخلاقى کە بریتییە لە توندوتیژیى جەستەیى و دەروونی ڕووبەڕووى کەسانى ترانس جێندەر دەبێتەوە. کەواتە پێویستە ئامانجى سەرەکیمان کۆتاییهێنان بێت بەم توندوتیژییە و هەموو توانستەکانمان لەپێناوى نەهێشتنى ئەم توندوتیژییەدا یەک بخەین، لە نێویاندا توانستى تیۆریزەکردنیش. لێرەدا تیۆرە دەبێت لە خزمەتى پڕاکتیکدا بێت و هەوڵى گەیشتن بە ئامانجە پڕاکتیکییەکە بدات. لەم سۆنگەیەوە قسە لەبارەى بینینى توندوتیژى دەکەم دژى ترانس جێندەرەکان لە چاویلکەى تەندروستیى گشتییەوە، لەگەڵ کۆتاییهێنان بەو توندوتیژییە لە ڕێگەى ئامڕاز و میتۆدەکانى بنەماکانى تەندروستیى گشتییەوە. ئەمەش پێشتر ئیشى تێدا کراوە، ئەوەتا چارەسەرى توندوتیژیى جیهانى لەلایەن (گارى سلوتکین)ى زاناى پەتاوە بونیادنراوە و لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە “توندوتیژى نەخۆشییەکى درمییە”.

لەگەڵ ئەوەشدا، گوتارى عەوام و باو بە زەحمەت دەتوانێت لە پشت ئەخلاقەوە پێش بکەوێت. (ئیمارا جۆنس) ئەو پەندە بەکار دێنێت کە دەڵێت “هەر دەوەنە ئەبێ بە دار”٣ ئەم پەندە ئەو واتایە دەدات کە ـ ئەوەى لە ئاماژە گوماناوییەکانى (چاپێڵ)دا شاراوەیە گەشە دەکات و دەبێتە زیانێکى جەوهەرى ـ هەروەک چۆن هیچ هێڵێکى ڕاست نییە کە سەرپێچییە بچووکەکانى یاساى شارستانى بە تاوانە حەشەرى و سەرەڕۆییەکانى سەرشەقامەکان ببەستێتەوە، بە هەمان شێوە هیچ هێڵێکى ڕاستیش نییە کە سەرنجە گوماناوییەکان بەو بۆچوونە ببەستێتەوە کە کەسانى ترانس جێندەر بە مرۆڤ دانانێت، یان بەو کردارانەى کە لەسەر بنەماى ئەو تێڕوانینەن. بەڵام ڕەنگە چەندین هێڵ هەبن کە پێکەوەیان ببەستێتەوە.

ئەوە پێداگرتنە لەسەر ئەو حەقیقەتەى کە تێگەیشتنێکى ناتەواو هەیە بۆ پەیوەندیی نێوان نەخۆشیى کۆمەڵایەتیى توندوتیژیى دژە ترانس جێندەر و ئەو مەرجانەى کە پێویستە پلان و ستراتیژییەتەکان بەرەو ئامڕازێکى تەکنیکى بۆ چارەسەرى نەخۆشییەکە ئاڕاستە بکەن، ئەمەش پێچەوانەوەى بەرهەمهێنانى تیۆرە میتافیزیکییەکانە کە توانایان نییە لە بەرهەمهێنانى ئەخلاقى تەکنیکى واوەتر بڕۆن. بەڵام تێگەیشتنى ڕووکەشانەى ترانس جێندەر پێویستە بانگەشەکانى (چاپێڵ) بەلاوە بنێت کە دەڵێت شتێکى وەک ساختەچێتى یاخود لاساییکردنەوە لە دیاردەى ترانس جێندەردا هەیە. ئەوە سەرنجێکى گاڵتەجاڕانەیە کە ئێمە پێمان وابێت کەسێک هەوڵ دەدات ئاسوودە بێت و خودى خۆى لە واقیعدا بەرجەست دەکات، تەنانەت ئەگەر بە ئازارى دوورە وڵاتى و نامۆبوونى کۆمەڵایەتى و توندوتیژی بێت، تەنها نمایش و خۆنواندنێکە کە خۆى دروستى کردووە. بەڵکوو، ڕاستییەکە ئەوەیە کە مرۆڤ زیانى پێ دەگات و تەنانەت دەشکوژرێت تەنها لە پێناوى ئەوەدا کە خودى خۆى بێت.

ڕەنگە مشتومڕئامێز نەبێت کە پێشنیارى ئەوە بکەین توندوتیژیى دژى کەسانى ترانس جێندەر پێویستە لە ڕێگەى ئامڕاز و میتۆدەکانى تەندروستیى گشتییەوە چارەسەر بکرێت. بەڵام ئێمە وەک کۆمەڵگەیەک، ماڵێکین کە دژى خۆى دابەش بووە. وە شکستەکانمان لە وەڵامدانەوەى تەواوى ئەرکەکانمان بەشێکى دەگەڕێتەوە بۆ چەقینمان لە بوارى تیۆریدا، کە وای کردووە لە واقیعى پڕاکتیکیدا بزر بین و مشتومڕ لەبارەى میتافیزیکاى جێندەرەوە بکەین. لەبەر ئەوە، دەبێت خۆمان لە زاڵبوونى تیۆرەکان ڕزگار بکەین ـ لەو بیرۆکە و ئەبستراکت و تارمایییانەى لە سەرماندان ـ تاکوو بگەینە ئەو دیمەنە قووڵەى کە ئێمە بە واقیعى تێیداین.

پەراوێزەکان:

١.twin views

٢.(Translash Media) ترانسلاش میدیا: پلاتفۆڕمێکى دیجیتاڵى قازانجنەویستى میدیایی فرە مینبەرە، لەلایەن (ئیمارا جۆنس)ـەوە دامەزراوە و لە ساڵى (٢٠١٨)وە دەستى بە کار کردووە. مەبەستى ئەم پلاتفۆڕمە گێڕانەوەى چیرۆکى کەسانى ترانس جێندەرە بە مەبەستى ڕزگارکردنى ژیانیان و، گەیاندنى دەنگ و بۆچوونەکانیان. ئەم بەستەرەش سەکۆکەیانە: https://translash.org/(و.ک)

٣.ئەم پەندە لە دەقە ئینگلیزییەکەدا بەم شێوەیە هاتووە: ‘The oak is in the acorn’، هەندێک پەند بەهۆى سیاقى زمان و بەستێنە کولتوورییەکەیەوە چ بە وەرگێڕانى واتایى چ بە وەرگێڕانى حەرفى ناتوانن پڕاوپڕ ماناکە ببەخشن، بۆیە لەبرى ئەوە ئەم پەندە کوردییەمان لە جێگا داناوە “هەر دەوەنە ئەبێ بە دار” کە هەمان مەبەستى پەندە ئینگلیزییەکەى هەیە، بەو واتایەى کە هەر شتى بچووکە پاشان گەورە دەبێت. (و.ک)

سەرچاوە:

Francisco Javier Camacho, Gender as Biological Fact vs Gender as Social Construction, Philosophy Now, Issue 150, June/July 2022, United Kingdom, Available;

https://philosophynow.org/issues/150/Gender_as_Biological_Fact_vs_Gender_as_Social_Construction