لۆژیکی ئەدەب

 (١)

لۆژیک کایەیەکە سەر بە فەلسەفەیە، پێک دێت لە پێشەکییەکی لۆژیکی یان زیاتر بۆ سەلماندنی حوکمێک. ئەرەستۆ بە داهێنەری بنەما زانستییەکانی لۆژیک دادەنرێت کە پێی دەوترێت لۆژیکی ئەرەستۆیی یان (Informal logic)، و لەسەر ئەم بنەمایەش دواتر لۆژیکی فه‌رمی ( – Formal logic المنطق الصوري).

بە گشتی لۆژیک لە کورتترین پێناسەیدا واتە لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی میتۆد و بنەماکانی دیاردەیەک بۆ ئەوەی بڕیارێکی ژیرانە و عەقڵیی تەندروست لە ناتەندروست جیا بکرێتەوە.

کاتێک لەبارەی هەر بابەتێکەوە پرۆسەی بەڵگەهێنانەوە (Reasoning) ئەنجام دەدەین، واتە دەمانەوێت ئارگیومێنتێک بەرهەم بهێنین کە پشتگیریی ئەنجامەکەمان دەکات. ئارگیومێنتەکەش هەموو ئەو هۆکارە عەقڵییانە دەگرێتەوە کە وا دەزانین پێویستن بۆ پاسادانی بیر و ڕاکانمان. لەبەر ئەوە بەردەوام دەبێ بپرسین: چ کاتێک لە بەرامبەر ئارگیومێنتێکداین؟ ئایا ئەنجامەکەمان ڕاست دێتەوە لەگەڵ ئەو پێشەکییە لۆژیکییەی هێناومانەتەوە؟[1]

بۆ ڕاست وەگەڕانی ئەم پرسیارانەش، دەکەوینە بەرامبەر چەند کریتریا و پێوانەیەک، کە پێیان دەوترێت هەڵە لۆژیکییەکان (Logical fallacy)، واتە دەبێت بڕیار و حوکمەکەمان، دوور بێت لەم هەڵە لۆژیکییانە.

هەموو حوکم و بریارێک، لە هەر دیاردە و بابەتێکدا بێت، پێویستی بە سێ بنەمای سەرەکیی لۆژیکی هەیە بۆ ئەوەی تەندروست بێت. ئەوانەش پێشەکیی لۆژیکی، حوکمێک، ئەنجامێکی تەندروست و ژیرانە.

گرنگیی لۆژیک لە پێشەکییە لۆژیکییەكه‌یدایە، واتە بەدەستەوەدان و هێنانی بەڵگە یان چەند بەڵگەیەک بۆ ئەوەی لە پەنای ئەوەوە بتوانین حوکمێک تەندروست بەسەر دیاردە یان حاڵەتێکدا بدەین. بۆ ئەمەش پەنا دەبەینە بەر شیکردنەوەی عەقڵی و لێکدانەوەی ئەگەر و گریمانەیەک بۆ سەلماندنی قسەیەک یان حوکمێک کە دەیدەین.

گرنگیی لۆژیک ئەوەیە دەتوانرێت لە هەموو کایەکانی تردا بەکار بهێنرێت، بۆ نموونە لە کاتی قسەکردن و حوکمدان لەسەر دیاردەیەکی سیاسی، ئابووری یان ئەدەب. کەواتە لۆژیک لە هەر کایەیەکدا بەکار بێت، بۆ ئەوەیە قسە و حوکمەکەمان دروست دەربچێت، واتە دوور بێت لە هەڵە و کەموکوڕی یان مەبەستێکی شاراوە و داپۆشین و شاردنەوەی ڕاستی، کە ئەمەش پێوانە و کریتریای تایبەت بەخۆی هەیە.

 بە هەمان گرنگی و ئەرزشی لۆژیک، هەبوونی یەکێک لە هەڵە لۆژیکییەکان لە نووسیندا، جا لە هەر کایەیەکدا بێت، وا دەکات نووسینەکە دروستی و تەندروستیی خۆی لەدەست بدات و نرخی نەمێنێت. وە بکەوێتە ناو یەکێک لە هەڵە و تەڵە لۆژیکییەکان، چونکە لە بنەڕەتدا کە ئەم هەڵانە دانراون، بۆ ئەوەن بگەین بە ئەنجامگیرییەکی دوور لە هەڵە، کاتێک هەڵەیەکی لۆژیکی لە دەقێک یان سەرەتای دەقێکدا هەیە، کۆی ئەنجامگیری و کۆی دەقەکە، دروستی و تەندروستیی خۆی لەدەست دەدات و هەر لە سەرەتاوە دەقێکی هەڵە دەخوێنینەوە.

(٢)

لە بەرانبەردا ڕەخنەی ئەدەبیمان هەیە، کە بریتییە لە چەند میتۆد و دواتر تیۆرەکان بۆ ئەوەی دەقێکی ئەدەبیی (نووسراوی) پێ بخوێنینەوە، دەقەکە (ڕۆمان، چیرۆک، شیعر، شانۆ و تابلۆ و …هتد).

 بەو میتۆد و تیۆری و قوتابخانە و ڕەوتە ئەدەبییەی کە دەقە ئەدەبییەکەی پێ دەخوێنینەوە، ئێمە ڕاستەوخۆ کارمان دەکەوێتە لۆژیک و بنەما و هەڵەکانی.

بەڵام دەبێ ئاگاداریی ئەوە بین کە بەکارهێنانی لۆژیک و بنەما و هەڵەکانی بۆ ڕوانین لە ناواخنی دەقی ئەدەبی، هەڵەیەکە نابێت بکرێت واتە لۆژیک نابێت بەکار بهێنرێت و بپرسین بۆ لە ڕۆمانی (میتامۆرفۆسیس)ی کافکادا (گریگۆر سامسا) بەیانییەک لە خەو هەڵدەستێت و دەبێتە قالۆنچە. یان لە (جەمشید خانی مامم)دا، پیاوێک بۆ هەڵدەفڕێت. یانژی لە (ئەلیس لە وڵاتی سەیر و سەمەرەکاندا) کچێک چۆن بەدوای کەروێشکێکدا دەڕواتە جیهانێکی ترەوە.

بەم مەبەستە دەڵێم کە نابێت دەقی ئەدەبی بە لۆژیک بخوێنرێتەوە (کە ئەم حوکمە زیاتر تایبەتە بە ڕۆمان، شیعر و چیرۆک)، چونکە لۆژیک سەروکاری لەگەڵ حوکمێکدایە، کە ئەمە لە ڕەخنەی ئەدەبی و لێکۆڵینەوەی ئەدەبیدا دەردەکەوێت، نەک لە خودی دەقی ئەدەبیدا، چونکە بۆ خوێندنەوەی دەقی ئەدەبی، میتۆد و تیۆرەی ئەدەبی تایبەتمان هەیە.

(٣)

کەسی لێکۆڵەر، یان هه‌ركه‌سێك كه‌ قسە له‌باره‌ی دەقێکی ئەدەبی دەکات، پێویستییەکی حەتمییان بە شاره‌زابوون له‌ لۆژیکدا هه‌یه‌. واتە ناکرێت تەنانەت کەمترین قسەیەک یان حوکمێک دەربکەیت، بێ ئەوەی شارەزاییت لە لۆژیکدا هه‌بێت. وەگەرنا، ئەوەی دەنووسرێت و ئەو حوکمەی دەدرێت، بنەمای لە نەزانین و خۆهەڵواسین و شەڕفرۆشتنە بە ئەدەب و دەقەکەش کە خوێندنەوەی بۆ دەکرێت، چونکە نەک وا دەکات دەقەکە خراپ بخوێنرێتەوە و بکەوێتە بەرچاو و پڕ بێت لە هەڵەی لۆژیکی، بەڵکوو لەوەش واوەتر، لە بنچینەدا قسەکردن و حوکمەکە فشەڵە و کەمترین ئەرزشی زانستی نییە کە پشتی پێ ببەسترێت، بەڵکوو تەنها دەچێتە خانەی بۆڵەبۆڵ و زیکەزیک، و نزیکە  لە زمانێکی بازاڕی و بێئاگایی، نەک هیچی تر.

بەم مانایە ئەگەر لە بنەڕەتەوە قسە و حوکمەکە بەسەر دەقە ئەدەبییەکەدا هەر نەدرێت قسەیەکی لەبارەوە نەکەین باشترە، یان کە حوکمێک دەدرێت، بەلایەنی کەمەوە ناکرێت یه‌ك هەڵەی لۆژیکی تێدا بێت، بۆ ئەوەی نەچێتە خانەی وڕێنە و قسەی سەرپێی.

کەمترین هەڵەیەکی لۆژیکی کە بکرێت خۆمانی لێ بپارێزین بۆ خوێندنەوە و حوکمدان لەسەر دەقێکی ئەدەبی، بەلایەنی کەمەوە، هێنانەوەی بەڵگەی عەقڵی و پێشەکیی لۆژیکی و سەلماندنە بۆ حوکمەکەمان. واتە کاتێک دەمانەوێ دەقێک بخوێنینەوە بە میتۆد یان تیۆرەیەکی ئەدەبی، پێش هەموو شتێک دەبێ فێری ئەوە ببین، چۆن پێشەکییەکی لۆژیکی دابمەزرێنین بۆ حوکمەکەمان، پاش ئەوە دەست بکەین بە حوکمدان.

(٤)

 کاتێک دەنوسین یان حوكم ده‌ده‌ین ئەم دەقە ئەدەبییە (خراپ یان لاواز یان بێ کەڵکە)، (لە ئاستی چاوەڕوانی من، ئێمەدا نییە و نەبووە)، (دەبوو نووسەرەکە وا بنووسێت و وا نەنووسێت)، (فڵانە نووسەر و دەق بە کەڵکی خوێندنەوە نایەت)، (نووسەرەکە کاتی خۆی و ئێمەشی بەفێڕۆ داوە)، (زمانی دەقەکە، وێنەی شیعری دەقەکە، دایەلۆگی دەقەکە و …هتد) و زۆر حوکمی قورسی تریش، بەلایەنی کەمەوە دەبێت پاش ئەو حوکمە، بیسەلمێن کە حوکم و قسەکەمان دروستە، واتە بەڵگەیەکی عەقڵی بهێنینەوە بۆ ئەم قسەیە. بۆ ئەمەش پێشەکیی لۆژیکی (واتە چەند نموونەیەکی زیندووی ناو دەقەکە ئامادە بکەین) پاش ئەوە جورئەتی ئەوەمان هەبێت وشەگەلی (چونکە، لەبەر ئەوەی، بۆیە، بۆ ئەوەی، لەبەر ئەم هۆکارە، بەم ئەنجامە و …هتد) و زۆر هۆکاری تری سەلماندنیش لە لێکۆڵینەوە و نووسین و حوکمەکاندا بهێنینەوە.

کە من دەنووسم (ڕۆمان یان چیرۆک یان کارەکتەرێکی شانۆیی یان شیعر و فیلمێک بە لاواز و بێکەڵک دەزانم)، (هەقی ئەوەی نییە سەیری بکەم و بیخوێنمەوە و کاتی گرنگی خۆمی پێ بەفیڕۆ بدەم)، (فڵانە نووسەر ڕەد دەکەمەوە و فڵانە نووسەر و شاعیرم پێ باشە)، (فڵانە دەقی ئەم ڕۆماننووسە زۆر جوانە و فڵانە دەقیشی زۆر خراپە)، یان هەر قسە و حوکمێکی تریش، یان ئەوەتا دەبێ بیسەلمێنم کە لەبەر ئەم هۆیە و ئەم هۆکارە و ئەو خاڵە، ئەم دەقە لاوازە، بەم پێوانە و ڕووانین و هەڵسەنگاندنە ئەم دەقە خراپ و ئەدەبی نییە. یان ئەوەی دەینووسم و ئەو حوکمەی دەیدەم بەسەر دەقەکەدا، تەنها وڕێنەیە و زیاتر پەیوەندی بە دۆخێکی تایبەتی وەکوو ڕق، بەکەمزانین، دوژمنایەتییەوە هەیە، نەک بەهای زانستی و زانستی ئەدەبی.

ئەوەی وا دەکات دەقێک بە بەهێز و جوان و گرنگ بزانین، سەلماندن و پاساودان و هێنانەوەی بەڵگەی عەقڵی و پێشەکیی لۆژیکییە، نەک قسەی لابەلا و حوکمی سه‌رپێیی. کاتێک لە دوورەوە کە پۆستێک دەکەین و حوکمێک دەردەکەین، یان ئەوەیە زۆر نەشارەزا و ڕق و گەمژەیی پێمان دەردەکات، یان ڕووکەشی و خۆهەڵواسین و هەڵقورتاندن بۆ ئەوەی ئێمەش قسەی خۆمان لەناو ئەو تۆڕی گەمژەیەتییەدا هەبێت کە هەمووان قسە و حوکمی تێ فڕێدەدەن.

لە دۆخی نەزانین و نەشارەزایی و گەمژەیەتیدا، باشترین بژاردە بێدەنگی و دوورکەوتنەوەیە لە حوکمدان، ڕێزگرتنی خودی کەسەکەشە لە خۆی پێش هەمووان.  وەگەرنا، ئەوەی دەنووسرێت و لە خۆمانەوە حوکم دەبەخشینەوە، نەک بچووکترین بەهای زانستی نییە، بەڵکوو لە باشترین ناوناندا، وڕێنەبازی و گەمژەییە.

 (٥)

ڕەگی هەموو خوێندنەوە، تێڕامان، بۆچوون و ڕەخنەیەک، دەچێتەوە نێو سنووری فیکرەوە. واتە کاتێک خوێندنەوە بۆ دیاردەی کۆمەڵایەتی، ڕووداوی سیاسی، بارگۆڕانی ئابووری، دەقی ئەدەبی یان هەر شتێکی تر دەکرێت، ڕاستەوخۆ ئێمە خەریکی بەرهەمهێنانی فیکرین (بزانین یان نا). واتە دەمانەوێت لە ڕێگەی بیرکردنەوەوە و بە کەرەستەی بیرکردنەوە، قسە لە دۆخێک و حوکم لە دۆخێک بدەین.

هەروەها بەرهەمهێنانی فیکر، بە کەرەستەی فیکری و فەلسەفی دەکرێت. واتە پێوستمان بە بنەما و تیۆرە و زانین هەیە بۆ ئەوەی فیکر بەرهەم بهێنین نەک گەمژەیی. هەر لەبەر سەلماندنی ئەم هۆکارەشە کە فیکری سیاسی، فیکری کۆمەڵایەتی، فیکری ئابووری، فیکری ئەدەبی و …..هتد بەرهەم هاتوون. قوتابخانە و میتۆد و تیۆریەمان هەیە، سەرچاوەی پێشوەختە و بیریار و زانامان هەیە، کتێب و داتامان هەیە و لە بەردەستایە. وە بۆ ئەوەی حوکمەکە دروست بێت، دوور بێت لە هەڵەی لۆژیکی، پێویست دەکات بەردەوام بگەڕێینەوە سەر میتۆد و تیۆرە و سەرچاوەکان، چونکە هەموو قسەکردنێک لەدەرەوەی سەرچاوە و میتۆد، دەچێتە خانەی باری سەرنج و قسەی بەتاڵ و حوکمی شاراوەی مەبەستدار، کە کۆی ئەمانە و زۆری تریش، هەر لە سەرەتاوە حوکمەکە فشەڵ و ناچیز دەکەن.

هەموو بیرکردنەوە و بەرهەمهێنانی فیکرێک، فەلسەفەی تایبەتیی خۆی هەیە، واتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی، ناکرێت بە میتۆدی ئابووریناسی، رووداوێکی سیاسی، ناکرێت بە میتۆدێکی ئایینناسی و … هتد بخوێنرێتەوە، جگە لە هەندێک دۆخی تایبەت کە ئەو زانستانە تێکەڵ بەیەک دەکرێن. بۆ نموونە پەیوەندیی ئابووری و داهات و خەرجکردن لە دروستبوونی دیاردە یان حاڵەتێکی کۆمەڵایەتی، کە لەم دۆخەشدا پێویست دەکات زانست و بنەمای زانستی هەردوو زانستی ئابووری و کۆمەڵناسی و دەرووناسی شارەزا بین، بنەما و پێکهاتەکانیان بخەینە ڕوو، دوای ئەوەش پێشەکی لۆژیکی بۆ هەر ڕووداو و دیاردەیەک بهێنینەوە، پاشان حوکم بدەین و بنووسین فڵان خاڵيت لەبەر ئەم چەند هۆکارە، و بەم شێوەیە.

یەکەمین بەرکەوتن لە هەر خوێندنەوە و بیرکردنەوەیەکدا، بەرکەوتنی لۆژیک و بەرهەمهێنانی فەلسەفییە، واتا ناکرێت دوور لە فەلسەفەی کۆمەڵایەتی، فەلسەفەی سیاسی، فەلسەفەی ئەدەبیات، ڕاژه‌ و تیۆره‌ زانستییه‌كان، قسە لە هیچ ڕووداو و دیاردە و نووسراوێک بکرێت. بە پێچەوانەوە، ئەوە دەبێتە ژاوەژاو و غەڵبەغەڵب، نەک بەرهەمهێنانی مەعریفەی ئەو کایەیە، وە دواجار بنەمای دروستی و تەندروستیی خۆی لەدەست دەدات.

نزیکترین و گرنگترین پنتی زانستەکانی دیکە لە فەلسەفە و بەرهەمهێنانی مەعریفەوە، لێرەوە سەرچاوە دەگرێت، واتە کۆی زانستەکانی دیکە لەم ڕێگەیەوە لە فەلسەفە نزیک دەبنەوە. کاتێک دەمانەوێت قسە لە دیاردە یان خوێندنەوە بۆ دەقێک بکەین، واتە ئەگەر بنەما لۆژیکییەکان فەرامۆش بکرێت، دواجار ئێمە قسەی پووچمان بەرهەم هێناوە نەک فیکر و، کاریگەریی حوکمەکانیش، تەنها شەخسی و تایبەت و باری سەرنج دەردەچن، نەک لێکدانەوە و خوێندنەوەی زانستی، چونکە هەموو قسەکردن و حوکمدانێک، باجی قورسی هەیە. قسەکردنی بەتاڵ و بێ ناوەڕۆک، ئەنجامگیریی بەتاڵ و بێ ناوەڕۆکی لێ دەکەوێتەوە، قسەکردن بە ڕق و ناشارەزایی، دواجار ڕق و ناشارەزایی بەرهەم دەهێنێت. هەروەها وەک چۆن لە یاسادا هەموو تاوانێک باجی خۆی هەیە، بە هەمان شێوە گەر بە تەنگ بەرهەمهێنانی مەعریفەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەدەبییەوە بین، دەبێت جەخت لەو بنەما لۆژیکییانە بکرێتەوە، بە پێچەوانەوە، ئەوەی نووسیومانە و حوکممان لەسەر داون، دەبێتە ڕووکەش و هیچ نەوتن، دواجار بەرهەم و نووسینێکی نازانستی و پڕ کەموکوڕی.


[1] Carl Cohen (Author), Kenneth McMahonIntroduction to Logic 14th Edition p.2