سپیشیزیزم speciesism

 (١)

سەرەتا

   من ئاژەڵخۆرم، وەلێ ئاژەڵخۆریم دژ ناوەستێتەوە لەتەک باوەڕداریمدا بە جۆرێکی تایبەتی یەکسانیی ڕۆحلەبەرەکان، چونکە هەستکردنم بە تاوان سزای ئاژەڵخۆرییەکەمە، ئاشکراشە ئەم جۆرەی ئاژەڵخۆر جودایە لەوەی وای دەبینێت ئاژەڵان بۆ گەدەی ئەم دروست بوون. جیاوازیی نێوان ئەم دووانە جیاوازیی نێوان دوو تۆمەتبارە، یەکەمیان دەچێتە بەردەم دادگا و خۆی بە شایستەی ئەو سزایەیە دەزانێت کە بە سەریدا دەسەپێندرێت، دووەمیشیان پێی وایە ئەوەی ئەنجامیداوە تاوان نییە و ئەگەر قوربانییەک لە گۆڕێدا بێت ئەوا خۆیەتی. لەمەش بترازێت، ئاژەڵخۆریم ڕێگر نییە لەوەی بە گژ فۆرمەکانی دیکەی سپیشیزیزمدا بچمەوە، ڕەنگە گشتمان لەوەدا کۆک و تەبا بین کە فۆڕمی دڕندانەتر و توندوتیژترین سپیشیزیزم لە ئارادان، ساڵانە بەلێشاو مەیموون و بەراز و مشک و جرج و کەروێشک و پشیلە و سەگ و ئاژەڵی دیکە دەکرێنە قوربانیی تاقیکردنەوەی بەرهەمە جوانکارییەکان.

هەروەتر، بڕوابوون بە یەکسانیی نێوان ڕۆحلەبەرەکان واتای بەرزکردنەوەی پێگەی ئاژەڵان نییە بۆ ئاستی مرۆڤ بەقەد ئەوەی دابەزاندنی مرۆڤە بۆ پێگەی ئاژەڵ، ئەم پێگەیەش لە پڕۆسەیەکی زانستی دوورودرێژدا وەرمانگرتووە. بەر لە ڕێنیسانس مرۆڤ وێنایەکی نارسیستییانەی بۆ خۆی کێشابوو، وێناکە بەم چەشنە بوو: مرۆڤ لە لایەن خودایەکەوە لە باشترین شێوەدا ئافرێنراوە، هەر ئەم خودایە ئاوەزی پێبەخشیوە و لە چەقی گەدوونیشدا نیشتەجێی کردووە. سێ فیگەری مەزن مرۆڤ لەم خەوی غەفڵەتە بەئاگا دێننەوە. سەرەتا نیکۆڵاس کۆپەرنیکۆس[١٤٧٣- ١٥٤٣]شۆڕشێکی بەسەر سیستەمی پەتڵیمۆس[Ptolemaic system]ـیدا بەرپاکرد، بەوەی سەلماندی زەوی چەقی گەردوون نییە، ئێمە نیشتەجێی هەسارەیەکین لەتەک چەندانی دیکەدا بە دەوری خۆردا دەسووڕێتەوە. لێدانی دووەم بەزەبرتر بوو، ساڵی [١٨٥٩] چارلس داروین [١٨٠٩- ١٨٨٢] شاکاری ڕەچەڵەکی چەشنەکان[On the Origin of Species]ـی بڵاوکردەوە، ئەو سەلماندی کە مرۆڤ بەرهەمی پڕۆسەیەکی تولانیی پەرەسەندنە و ڕیشەی هاوبەشی لە تەک ئاژەڵدا هەیە. دوای دەرکردنی لە چەقی گەردوون و داماڵینی لە ڕیشە پیرۆز و ترانسێندێنتاڵەکانی، مرۆڤ تەنیا ئاوەزی بۆ مابۆوە. ئەویشی هاوڕێ لە تەک هاتنی فرۆید[١٨٥٦– ١٩٣٩]دا لەدەست دەچێت. ئەم دەروونشیکارە نەمسایییە پێمان دەڵێت ئەوەی مرۆڤ ئاراستە دەکات بریتی نییە لە هەست و ئاگایی، بەڵکوو نەست و نائاگایییە. بەم چەشنە وێناکە سەراوژێر بۆوە و ئەو ڕێزە کلاسیکییەی مرۆڤ بەر لەو سێ لێدانە هەیبوو، بەتەواوەتی نایمێنێت.

(٢)

سپیشیزیزم چییە؟

ساڵ ساڵی [١٩٧٠]یە، سایکۆلۆجیستی بەریتانیی ڕیچارد ڕیدەر [١٩٤٠ لەدایک بووە] لە بانیۆی ماڵەکەیدا ڕاکشاوە، بیر لەوە دەکاتەوە کە لە داهاتوودا دەکرێت پڕۆفیسۆرێکی بایۆلۆژی و گۆرێلایەک لەیەک بدرێن، بەڵام ئایە ئەم [مرۆڤ- گۆرێلا]یە دەبرێتە دایەنگە یانژی دەخرێتە نێو قەفەسەوە؟ لێرەوە بیری بۆ تاقیکردنەوە ئاژەڵییەکان دەچێت، ئەم تاقیکردنەوانە دوو پاساویان هەن، یەکەم ئەو پێشکەوتنە زانستییەی بەهۆی ئەم تاقیکردنەوانەوە بەدەستیان دەهێنین زیاترە لەو ئازارەی بە ئاژەڵەکانی دەگەیەنین، دووەم سوودی ئەم تاقیکردنەوانە بۆ جۆری مرۆڤ زۆرترە لەو ئازارەی ئاژەڵان لەم تاقیکردنەوانەدا دەیچێژن. ڕیدەر بەردەوامە لە بیرکردنەوە و دەپرسێت: بۆچی ئێمە لەژێر هیچ پاساوێکدا ئامادە نین مرۆ بکەینە بابەتی ئەو تاقیکردنەوانە؟ ئەم لایەندارییە چییە کە زۆر لە کڵاسیزم classism و سێکسیزم sexism و ڕەیسیزمracism دەچێت؟ ئەو بە باشی دەیپێکێت، سپیشیزیزمە. بە هەڵەداوان خۆی دەگەیەنێتە کا‌غەز و پێنووسەکەی، لە ژێر ناونیشانی سپیشیزیزمدا دەست بە نووسین دەکات. نووسینەکەی لە نێوەندە ئەکادیمییەکاندا پیشوازی لێ ناکرێت، بۆیە پەنا دەباتە بەر هاوڕییەکی بە ناوی دەیڤید هوود و ئەم لە بڵاوکردنەوەیدا دەستگیرۆیی دەکات، ڕیدەر و هود دوو هاوڕێ و دوو ئەندامی [گرووپی ئۆکسفۆرد] بوون کە بە [ڕووەکییەکانی ئۆکسفۆرد]یش ناودێر دەکرێت. ئەم گرووپە لە کۆتاییی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابووردوودا لەلایەن چەند ڕۆشنبیرێکی ئینگلیزەوە دامەزرا، ئامانجیشی بریتی بوو لە گەڵاڵەکردنی زەمینەکەی تیۆری بۆ مافی ئاژەڵان.

چەمکی سپیشیزیزم: «لایەندارییەکە یانژی هەڵوێستێکە لە بەرژەوەندیی ئەو تاکانەی سەر بە جۆری خۆنی لە دژی بە تاکی جۆرەکانی دیکەن».

چەمکی سپیشیزیزم لەلایەن فەیلەسووفی دیاری ئوستوڕاڵی پیتەر سینگەر[١٩٤٦ لەدایک بووە]ەوە هەڵدەگیرێتەوە. لە بەشی یەکەمی کتێبە بەناوبانگەکەیدا بە ناوی [Animal Liberation] کە زێدەگۆیی نییە ئەگەر بڵیین مانیفێستی تیۆری بەرگریکردنە لە مافەکانی ئاژەڵان، بەم جۆرە پێناسەی دەکات: «لایەندارییەکە یانژی هەڵوێستێکە لە بەرژەوەندیی ئەو تاکانەی سەر بە جۆری خۆنی لە دژی بە تاکی جۆرەکانی دیکەن». کەواتە سێکسیزم بریتییە لەو جیاکارییەی لەسەر بنەواشەی جێندەر دەکرێت، ڕەیسیزمیش لەسەر بنەمای نەژاد، هەرچی سپیشیزیزمە چاو لە جۆر [species] دەبڕێت. سپیشیزیزم لە فۆڕمی جۆراجۆردا خۆی مانیفێست دەکات، لە ڕووی پلەبەندی توندوتیژبوونییەوە لە بە ئاژەڵدانانی نەرێنییانەی مرۆڤەوە دەست پێ دەکات، بۆ نموونە بە مرۆڤی دەبەنگ دەڵێین کەر و بە هی توڕە و تۆسن و سەرسەختیش دەڵێین  بەراز. بە تێپەڕبوون بەنێو چەندان فۆڕمی دیکەدا دەگەینە ئەو تاقیکردنەوە ئاژەڵییانەی بەمەبەستی بەرهەمهێنانی کەلوپەلی جوانکاری ئەنجام دەدرێن.

blank
پیتەر سینگەر (١٩٤٦) فەیلەسووفی هاوچەرخی ئۆسترالیایی

(٣)

ڕیشە تیۆلۆجی و فەلسەفییەکانی سپیشیزیزم

سپیشیزیزم مێژوویەکی توولانی هەیە، ئایین و فەلسەفەش ڕۆڵی کارایان لە سەرڕێخستن بەردەوامی ئەم مێژووەدا هەبووە. سەرەتا با ئایینەکان بەتایبەت ئەوانەی بە ئایینە ئیبراهیمییەکان ناودێر دەکرێن وەرگرین، لە پەرتووکی پەیدابووندا هاتووە: «خودا فەرمووی: با زەوی بوونەوەرە زیندووەکان لە جۆری خۆیان بەرهەم بهێنێت. ئاژەڵ و خشۆک و گیاندارانی زەوی، هەر یەکەیان لە جۆری خۆی، جا وابوو، خودا گیانداری زەوی بەپێی جۆری خۆیان و هەموو خشۆکێکیش لەسەر زەوی بەپێی جۆری خۆیان. خوداش بینی ئەمە باشە. ئینجا خودا فەرمووی: با مرۆڤ لەسەر وێنەی خۆمان دروست بکەین، لە شێوەی خۆمان. با دەسەلاتدار بن لەسەر ماسی دەریا و باڵندەی ئاسمان و ئاژەڵ و بەسەر هەموو زەویدا، هەروەها بەسەر هەموو ئەو بوونەوەرە خشۆکانەی بەسەر زەویدا دەخشێن. خودا مرۆڤی لەسەر وێنەی خۆی بەدیهێنا، بە نێر و مێ بەدیهینان». لەسەر هەمان نەزم، لە سوڕەتی [التين]ـی قورئاندا هاتووە: [لقدخلقنا الإنسان في أحسن تقويم]. واتە ئێمە مرۆڤمان لە باشترین شێوەدا دروست کردووە. ئەم دوو دەقە کورد وتەنی مشتێکن لە خەروارێک، چەندان دەقی دیکە بە ئاراستەی سپیشیزیزم لە پەرتووکە پیرۆزەکانی ئایینە ئیبراهیمییەکاندا ئامادەن، پێویست ناکات هەموویان بگوازینەوە، ئەوەی سەرپێیانەش ئەم پەرتووکانە بخوێنێتەوە، لە زیاد لە جێیەکدا بەر زیاد لە فۆڕمێکی سپیشیزیزم دەکەوێت. هەرچۆنێک بێت، ئەو دەقەی تەورات کە کتێبی پیرۆزی جووەکان و مەسیحییەکانیشە، پێگەیەکی باڵا بە مرۆ دەبەخشێت، چوونکە بە گوێرەی ئەم دەقە خوداوەند لەسەر وێنەی خۆی مرۆڤ دروست دەکات، بەمەش خەڕەندێکی ئۆنتۆلۆجی دەکەوێتە نێوان مرۆڤ و  ئاژەڵەوە، بەوەی کە مرۆڤ ڕەهەندێکی پیرۆز و ترانسێندێنتاڵ وەردەگرێت، هەڵبەت قورئان درێژە بە هەمان مرۆڤبینی تەوراتی دەدات، دەتوانین بڵیین هەردووکیان بە دەربڕینی جودا پێ لەسەر هەمان شت دادەگرن ئەویش باڵاییی مرۆڤە بەسەر ئاژەڵدا بە بەهانەی ئەوەی خوداوەندێک لە وێنەی خۆی یاخود لە باشترین شێوەدا ئافراندوویەتی.

شایانی هێما بۆ کردنە ئاژەڵ پێگەیەکی باڵاتری لەو ئایین و ئایینزایانەدا هەیە کە لەسەر بنەمای دۆنادۆن [خۆی تەنگۆڕکێیە، وەلێ بە هەڵە زۆربەی نووسەر و وەرگێڕەکان ڕۆحگۆڕکێی پێ دەڵێن] دامەزراون، لانی کەم لە ڕووی پراکتیکییەوە ئاژەڵان لە چێوەی ئەم ئایینانەدا بە شێوەیەکی ڕێژەیی پاریزراوترن، بۆیە دەڵێم لە ڕووی پراکتیکییەوە چونکە فەلسەفییانە شتێکی دیکەیە، لە یەکەم نیگادا ئەو سەنگ و  ئەرزشەی ئاژەڵان لە بەستێنی ئەم ئایینانەدا هەیانە وەک کردەیەکی ئەنتی سپیشیزیزم خۆی بەیان دەکات، بەڵام ئەگەر قووڵ تەماشای بابەتەکە بکەین دەبینین لێرەشدا سپیشیزیزم بە پەنهانی ئامادەیە، چونکە ڕێزگرتنی پەیڕەوگرانی ئەم ئایین و ئایینزایانە دواجار بەهۆی ئارایی ڕەهەندیی مرۆیییە لە ئاژەڵاندا، ئەوان ئاژەڵەکان وەک قاڵبگەلێک دەبینن کە ڕۆحی مرۆڤە تاوانبار و لادەرەکانی تێدا جێگیر کراوە. بە وشەگەلێکی دیکە، هۆی ئەم ئاژەڵدۆستییە بۆ مرۆڤبوونی ئاژەڵ دەگەڕێنەوە نەوەک بۆ ئاژەڵبوونیان. هەرچۆنێک بێت ئەمە بابەتێکی فیکرییە و لەوە کەم ناکاتەوە کە لە پراکتیکدا دەگوزەرێت.

وەک لە سەرەتای ئەم پاژەدا هێمام بۆ کرد، لە پاڵ ئاییندا فەلسەفەش بە تایبەت لە سەرەتادا ڕۆڵێکی خراپ و نارێنی بینیوە، وەلێ هەر خودی فەلسەفە لە خاڵێکدا بەخۆیدا دەچێتەوە و بەیداخی مافی ئاژەڵان بەرز دەکاتەوە.

هەرچەندە ئەرستۆ[٣٨٤- ٣٢٢ پ.ز]ـی گەورە فەیلەسووفی یۆنان نکۆڵی لەوە نەدەکرد کە مرۆڤیش هەر ئاژەڵە، ئەو پێناسەی مرۆڤی بە ئاژەڵێکی ئاوەزمەند دەکرد. کەچی ئەمە لەکن ئەرستۆ نابێتە زەمینەیەک بۆ قسەکردن لەسەر یەکسانی و تەنانەت نزیکی مرۆڤ و ئاژەڵ لە یەکتری. ڕاستییەکەی ئەم فەیلەسووفە دیدگایەکی تێلیۆلۆجی و مرۆسەنتەری [Anthropocentrism]ـی بۆ بوون هەبوو، ئەو وای دەبینی مرۆڤ هەم چەق و هەمیش دووا ئامانجی بوونە، بەم جۆرە ئێمە لە بەردەم هیرارکییەتێکداین کە لە لووتکەی هەڕەمەکەدا مرۆڤ هەیە، لەخوار ئەمەوە ئاژەڵ، ڕووەکیش لە بنکی هەڕەمەکەدایە، لەم بارەوە ئەرستۆ لە [Politics]دا دەنووسێت: «ڕووەک لە پێناو ئاژەڵدا هەیە، ئاژەڵیش لە پێناو مرۆڤدا».

blank
پەیکەری “ئەرستۆ” فەیلەسووفی یۆنانی

بۆ ئەرستۆ، تەنانەت مرۆڤەکانیش یەکسان نین، هەندێک بە سروشت کۆیلەن، ئەوانی دیکەش سەروەر، بۆیە هەڵوێستی ئەرستۆ لەبارەی ئاژەڵەوە ڕەنگە بۆ هیچمان مایەی شۆک نەبێت. هەرچۆنێک بێت ئەم هەڵوێستەی ئەرستۆ درێژەی پێ دەدرێت، تۆماس ئەکواینەس [١٢٢٥- ١٢٧٤] دیارترین فیگۆری فەلسەفەی کریستیانی لە سەدەکانی ناویندا، لەژیر کاریگەری و باندۆری ئەرستۆدا کە بە [فەیلەسووف] ناودێری دەکات، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایە قەدەغەکردنی کوشتن بوونەوەرەکانی دیکە دەگرێتەوە؟ ئاکویناس لە کتێبەکەیدا بە ناوی [Summa Theologica]دا دەنووسێت: «بە کارهێنانی شتێک بۆ ئەو ئامانجەی لە پێناویدا دروستکراوە تاوان نییە، ڕیزبەندیی شتەکان بە جۆرێکە کە ناتەواو بۆ تەواوە…….. شتەکان، وەک ڕووەک کە تەنیا ژیانیان هەیە، هەموویان وەک یەک بۆ ئاژەڵەکانن، هەموو ئاژەڵەکانیش بۆ مرۆڤن. بۆیە نایاسایی نییە ئەگەر مرۆ ڕووەک بۆ ئاژەڵ و ئاژەڵیش بۆ خۆی بەکار بهێنێت ….. ». لە شوێنێکی دیکەی هەمان کتێبدا دەنووسێت: «گرنگ نییە مرۆڤ چۆن مامەڵە لەتەک ئاژەڵدا دەکات، لەبەر ئەوەی خوداوەند هەموو شتێکی کردۆتە بابەتی دەسەڵاتی مرۆڤ».

دیکارت [١٥٩٦-١٦٥٠] باوکی فەلسەفەی مۆدێرن، لە کتێبەکەیدا[Discourse on Method] پێداگیری لەو ڕوانگەیە دەکات کە ئاژەڵان تەنیا ئامێرن، خودبزوێنـن[Automata]، هەست بە چێژ و ئازار ناکەن، دەنگ بەرزکردنەوە و گینگڵدان و ڕاکردنیان کاتێک بە چەقۆ دەیانبڕین یاخود دارکارییان دەکەین یانژی بە ئاسنی سوورەکراو داخیان دەکەین بە قەولی دیکارت پەیوەندی بە ئازارچەشتنەوە نییە. ئەوان وەک کاتژمێر ئامێرن، ئەگەریش کردارەکانیان لە هی کاتژمێر ئاڵۆزتر بێت، ئەوە لەبەر ئەوەیە کاتژمێر ئامێرێکە لەلایەن مرۆڤ و ئاژەڵیش ئامێرێکە لەلایەن خوداوە چێ کراوە.

ئەم دیدە، وەک دیدی زاڵ دێتە نێو ڕۆشنگەریشەوە، گەورە فەیلەسووفی ئەڵمان ئیمانوئێل کانت [١٧٢٤- ١٨٠٤] لەو باوەڕەدا بوو مرۆڤ هیچ ئەرکێکی ڕاستەوخۆی لە پەیوەندیدا بە ئاژەڵەوە لە ئەستۆ نییە، ئاژەڵان خودهۆشیار [self-conscious] نین، ئەوان تەنیا پێکاری ئامانجێکن، ئەو ئامانجەش بریتییە لە مرۆڤ.[بڕوانە: Lectures on Ethics].

 دوای کانت دوو فیگۆری گرنگمان هەن، زێدەگۆیی نییە ئەگەر بڵێین پارادایمێکی نوێ سەرڕێگە دەخەن، ئەم دوو فیگۆرەش بریتین لە فەیلەسووفی ئینگلیزی جێرمی بێنسام [١٧٤٨- ١٨٣٢] و بایۆلۆجیست و جیۆلۆجیستی مەزنی ئینگیز چارلس داروین[١٨٠٩- ١٨٨٢]. پیشتر ڕەوتەنییانە باسی ڕۆڵی زۆر بە تاسیری داروینمان کرد لە گواستنەوەی نیگامان بۆ جێیەک کە مرۆڤ و ئاژەڵی لە یەکتر نزیک دەکردەوە. هەرچی بێنسامە کە دواتر لەلایەن هەندێک لەو فیگۆرانەی خودان شوێنپەنجەی دیارن لەنێو بزووتنەوەی ئاژەڵاندا هەڵدەگیرێتەوە،  لە کۆتا بەشی ئەم نووسینەدا لەسەری ڕادەوەستین.

blank
چارلس داروین (١٨٠٩-١٨٨٢) بایۆلۆجیست و جیۆلۆجیستی بەریتانیایی

(٤)

سەروەری مرۆڤ لە کوێوە دێت؟

ئێمەی مرۆڤ سەروەری ئاژەڵانین، بۆمان هەیە تەنانەت بۆ سەرگەرمی و چێژی خۆمان ڕاویان بکەین. بەڵام ئەم سەروەرییە لە کوێوە دێت؟ ڕەنگە هەبێت بڵێت ئێمە لە ئاژەڵ ژیرترین، یاخود بەهێزترین، یانژی توانستی قسەکردنمان هەیە و ئەوان نییانە. وەرگرتنی هەریەک لەم بنەمایانە کێشەسازە، ئەگەر بانگەشەی ئەوەمان کرد ئێمە سەروەری ئاژەڵین چونکە ژیرترین، ئەوا بە دڵنیایییەوە هیچ ڕێگرییەکی تیۆری نامێنێت بۆ سەرپێخستنی جڤاتێک تێیدا ئەوانەی ژیرن دەبنە سەروەر و ئەوانەشی ئاستی ژیرییان لە خوارەوەیە بە کۆیلە. لە بنەماکانی دیکەشدا ئێمە لە بەردەم هەمان مەترسیداین، بەو واتایەی ئەگەر هێزمان هەڵگرتەوە، ئەوا زەمینەسازی تیۆری بۆ جڤاتێک دەکەین تێیدا نەخۆش و لاواز و کەم ئەندام و پیر و زارۆک ڕەوایە هەموو شتێکیان بەرانبەر بکرێت. هەمان شتیش بۆ توانستی پەیڤین ڕاستە، چونکە ڵاڵ و منداڵ …هتد ئەم توانستەیان نییە.

وادیارە پرسیارەکەمان لە شوێنە دروستەکەدا داناوە، ئەوەی ئێمەی مرۆڤ یەکسان دەکات نە ژیرییە، نە هێزی بازوویە، نە توانستی وتنە، کەواتە هیچ کام لەم سییانە نابنە پاساو و هەنجەت بۆ باڵاییی مرۆڤ بەسەر ئاژەڵاندا، چونکە وەک هێمامان بۆ کرد دەکرێت ئەم بنەمایانە لە پەیوەندیی نیوان مرۆڤ و ئاژەڵەوە ڕابکێشرێنە نێو پەیوەندییە مرۆیییەکان یاخود پەیوەندیی مرۆڤ بە مرۆڤەوە.

هەڵبەت ئێمە ئەو سییانەمان وەک نموونە وەرگرتووە، ئەگەرنا هەموو بنەمایەکی دیکەی وەک ئاینداری و ئاکاریبوون …هتد دەمانخاتە بەردەم هەمان تەڵەزگە. پیتەر ســـینگەر لە بەشــــی یەکەمی پەرتووکی ئازادکردنی ئاژەڵان [Animal liberation]دا لەم بارەوە دەنووسێت: «بانگەشەی یەکسانی پشت بە ژیری یان توانستی ئاکاری یاخود هێزی فیزیکی یانژی هیچ فاکتێکی دیکەی هاوشێوە نابەستێت». هەر لە هەمان بەستێندا، لە جێیەکی دیکەدا دەنووسێت: «یەکسانی ئایدیایەکی ئاکارییە Moral Idea نەوەک جەختکردن لە فاکتێک».

بە بڕوای پیتەر ســـــینگەر، تۆماس جیفەرسۆن (١٧٢٣- ١٨٢٦) هەر زوو دەرکی بەم ڕاستییە کردووە، وەختێ لەبارەی ڕەشپێستەکانەوە لە نامەیەکیدا دەنووسێت: «….. بەڵام چەندە بەهرەدار بن ئەمە نابێتە پێوەری مافەکانیان، لەبەر ئەوەی ئیسحاق نیوتن لە کەسانی دیکە ژیرتر بوو، بەڵام ئەمە نەیدەکردە سەرداری سەر و ماڵی کەسانی دیکە. بڕوانە: Animal liberation» لەم خاڵەشەوە ئێمە دەتوانین ڕستێک ئەنجامگیری بکەین، پڕبایەخترینیان ئەوەیە مادام یەکسانیی مرۆڤەکان پاڵپشت نییە بە هیچ کام لەو بنەواشانەی باسمان کردن، دەتوانین ئەم یەکسانییە بەجۆرێک درێژ بکەینەوە کە ئاژەڵانیش بگرێتەوە.

(٥)

ئازارچەشتن، سەرزەمینی یەکسانی

بەر لە جێرمی بێنسام هەریەکە لە فۆرفۆریۆس [دەورووبەری ٢٣٤-٣٠٥] قوتابییە زرنگەکەی ئەفلووتین و فیساگۆرس [٥٨١- ٤٩٧ پ.ز] هەڵوێستی فەلسەفییانەی ئەرێنییان لە پەیوەندیدا بە ئاژەڵەوە هەبووە، بەڵام هیچکامیان بەراورد بە بێنسام لە مێژووی فەلسەفەدا دەنگدانەوەیەکی فراوانیان لە درێژماوەدا نەبووە.  جێرمی بێنسام دامەزرێنەری قوتابخانەی سوودگەرایی [Utilitarianism] لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا [An Introduction to the Principles of Morals and Legislation] دێڕێک دەنووسێت کە دواتر دەبێتە بەناوبانگترین دێڕی نێو ئەدەبیاتی مافی ئاژەڵان، دێڕەکە کـتومت ئەمەیە: «پرسیارەکە ئەوە نییە، ئایا بیر دەکەنەوە؟ یاخود قسان دەکەن؟ پرسیارەکە ئەوەیە ئایە ئازار دەچێژن؟».

لەم بڕگەیەدا بێنسام باس لە پێودانگێک (Criteria) دەکات لەوەوبەر بەرباس نەدراوە، ئەم پێودانگەش بریتییە لە ئازارچەشتن، ئەمە خاڵی بەیەکگەیشتنی ئێمە و ئاژەڵە، چونکە ئەوانیش بەتایبەتی ئەو جۆرانەی لە ئێمەوە نزیکن وەک ئێمە هەست بە ئازار دەکەن. بەڵگەشمان بۆ ئەمە بریتییە لە نیشانە دەرەکییەکان[External]ـی وەک ڕاپسکان و هەڵاتن لە سەرچاوەی ئازارەکە و تێکچوونی ڕوخسار و چەندانی دیکەیە، زیاتر لەمە، ئەوان خاوەنی سیستەمی دەمارین، بۆیە لە ئازاردا فشاری خوێنیان بەرز دەبێتەوە، گلێنەیان فراوان دەبێت، ئارەق دەکەنەوە، لێدانی دڵیان زیاد دەکات، ئەمە لە تەک چەندا نیشانە و گۆڕانکاری دیکەدا. هەڵبەت ئەم پێودانگە لە سۆنگەی سوودگەرایییەوە خراوەتە ڕوو، چونکە بە هیچ جۆرێک ناتوانین لەبارەی سوودێک یاخود زیانێکەوە بدوێین بەبێ ئەوەی ئازارێک یاخود چێژێک لەگۆڕێدا بێت. ئەوەی لێدانی بەردێک لە لێدانی مانگایەک جودا دەکاتەوە ئەوەیە یەکەمیان هەست بە ئازار ناکات و دووەمیان دەیکات، بۆیە باسکردن لە زیان یاخود سوود لێدانی یەکەم بۆ خودی بەردەکە بێواتایە، بەڵام بێگومان دەکرێت باس لە سوود و زیانی لێدانی دووەم بکەین.

پیتەر سینگەر بە هەمان ڕێچکەی بێنسامدا دەڕوات و دەنووسێت: «ئەگەر بوونەوەرێک ئازاری چەشت، هیچ پاساوێکی ئاکارییانە بۆ بە هەند وەرنەگرتنی ئەم ئازارە لە ئارادا نییە، بە چاوپۆشین لە سرووشتی بوونەوەرەکە، بنەواشەی یەکسانی وا دەخوازێت ئازارەکەی بە یەکسانی لەگەڵ ئازارە هاوشێوەکانی بوونەوەرەکانی دیکەدا وەربگیرێت. بڕوانە: Animal liberation»

هەڵبەت دوای بێنسام و داروین و سینگەر گفتوگۆکان کۆتایییان پی نەهات، تاوەکوو نها بەرگریکارانی مافەکانی ئاژەڵ و لایەنگرانی سەروەری مرۆڤ بۆ سەلماندنی بانگەشەکانیان، خەریکی دروستکردنی ئەرگومێنت و دژە ئەرگومێنتن. یەکێک لە دیارترین ئەو فیگۆرانەی دژی مافەکانی ئاژەڵ وەستاوەتەوە، فەیلەسووف پیتەر کاروسرزPeter Carruthersـە [1952 لەدایک بووە]، ئەم فەیلەسووفە بەریتانییە پێی وایە کە ماف و ئەرک دوو ڕووی دراوێکن، ئەوەی مافی منە ئەرکی تۆیە، ئەوەشی ئەرکی منە دەبێتە مافی تۆ، مادام ئاژەڵان ئەرکدار ناکرێن، کەواتە مافیشیان نییە ئاژەڵان وەک خانوو و باڵەخانەکان وان، هیچ مافێکی ڕاستەوخۆیان نییە. ئازاردانی ئاژەڵانیش و پێشێلکردنی مافی ئاژەڵ نییە، بەڵکوو بنپێخستنی مافی ئەو کەسانەیە کە ئاژەڵیان خۆشدەوێت. واتە ئازارنەدانی ئاژەڵ بە ڕاستەوخۆیی مافی ئەوانەیە کە ئاژەڵیان خۆشدەوێت و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆش هی ئاژەڵانە.[بڕوانە: The Animals Issue, Moral Theory inPractice].