ئاوڕدانەوەیەک لە پرسی مردن

"چۆن مردنێکی ڕەسەنانە بمرین؟"

بۆ ئەوەی بتوانین تیشک بخەینه سەر چەمکی مردن و ئایا مردنی کەسێک لەگەڵ کەسێکی دی گرنگی و جیاوازییەکەی لە چیدا هەیە، ئەو جۆرە مردنە کام مردنەیە کە شکۆ و ئاسوودەیی بۆ خاوەنەکەی جێ دەهێڵێت. دەبێت بۆ ئەم مەبەستە تیشک بخەینە سەر دوو شێوازی “بوون” ئەوانیش: “بوونی ڕەسەن” و “بوونی ناڕەسەن”ە.

تیشک خستنە سەر ئەم دوو پرسە دەتوانێت زیاتر یارمەتی و دەستگیرۆیمان بکات و سەبارەت بە مردنی ڕەسەنانە و مردنێکی ناڕەسەنانە باشتر تێبگەین. بەو پێیەی یەکەمیان خاوەنی بیرکردنەوەی سەربەستانە و ئازادانەیە، سەر بە خۆیەتی لەناو هیچ بۆتە و ئایدۆلۆژیا و ڕێسایەکی کۆمەڵایەتدا نییە و ناکەوێتە ژێر هەژموونی هیچ بڕیار و پێشبیرێکەوە، لەم ڕێگەیەوە دەتوانین سەرنجمان بخەینە سەر مردنی ڕەسەنانە و بڵێین: “مردنی ڕەسەنانە” ئەو شێوازەیە کە تێیدا تاک دەزانێت ڕۆژێک لە ڕۆژان کۆتایی بە بوونەکەی دێت، بۆیە مردن تەنها ئاماژەیەک نییە بۆ کۆتایی، هەموو کۆتایییەکیش سەرەتای هەیە، بۆیە هەر کاتێک دێتە ژیانەوە تاوەکوو مردنی واتا “سەرەتا و کۆتایی لە بووندا” لەو قۆناغەدا بوونێکی ناتەواوی هەیە و لە ڕێگەی پرۆژەکانیەوە ئەو بوونەی خۆی تەواو دەکات و دەیکات بە داهێنەر. کەوایە ئەگەر مرۆڤ داهێنەر نەبێت ئیتر چۆن دەتوانێت ناتەواوییەکانی خۆی تەواو بکات؟ هەر لەو پێودانگەوە بە دڕدۆنگی و نیگەرانییەوە لە بەرنامە و پلانەکانی دەڕوانێت دەیەوێت جێبەجێیان بکات، زۆر جاریش نیگەرانیی ئەوەیە کە مردن ناهێڵێت پرۆژەکانی تەواو بکات، بۆیە نایەوێت پرۆژەکانی بە تەواونەکراوی جێبهێڵێت و دەیەوێت تەواوی بکات، بەڵام مردن دەبێتە بەربەست لە بەردەم پرۆژە تەواونەکراوەکانیدا. بۆیە لەم پێودانگەوە تیشک دەخەینە چیرۆکێکی “ژان پۆل سارتەر” بە ناوی “دیوار”کە تێیدا زۆر بە وردی لەسەر ئەم پرسە وەستاوە، سارتەر لەوێدا باسی سێ شۆڕشگێر و تێکۆشەرمان بۆ دەکات، کە نایانەوێت بکەونە ژێر جەور و ستەمی ڕژێمی سیاسیی ئیسپانیاوە، ئەوان بانگەشەی ئازادی و دادگەری دەکەن و دژی جەور و ستەم دەوەستنەوە و کۆیلایەتی ڕەت دەکەنەوە. ئەم سێ هاوڕێیە کە زیندان کۆیان دەکاتەوە  بە ناوەکانی “تۆم، پاپلۆ و ژوان” پاش لێکۆڵینەوە، فەرمانی گولەبارانکردنیان لە سپێدەدا بۆ دەردەکرێت، بەردەوام بیر لەوە دەکەنەوە بەچ شێوە و میکانیزمێک کاری کوشتنەکەیان ئەنجام دەدرێت؟ ئایا مردن ئازاری هەیە؟ ئەگەر هەیە چۆنە ئازاری مردن؟ تاکە شتێک کە ئەم سێ هاوڕێیە بیری لێ دەکەنەوە پرسی مردنە. “تۆم” بە “پابلۆ” دەڵێت: هیچ کات بیرم لە مردن نەکردبووەوە چونکە هیچ هۆکارێک نەبوو بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام ئێستا هۆکارەکان ئامادەگییان هەیە دەبێت بیری لێ بکەمەوە.
“پابلۆ” دەڵێت نەمدەویست وەکو ئاژەڵێک بمرم.[1]
لێرەدا ئەوە ڕوون دەبێتەوە ئەوەی جێگەی نیگەرانی و دوودڵی بوو بۆ بەندییەکان، بابەتی ترس نەبوو؛ بەڵکوو زیاتر تێگەیشتن بوو، بۆیە ئەو کاراکتەرانە نیگەرانییەکانیان لە خودی مردن نییە؛ بەڵکوو نیگەرانیی ئەوەن کە مردن ڕێگە بە تەواوکردنی کار و پرۆژەکانیان نادات و ناتوانن تەواوی بکەن. ئەوان دەیانویست ئەو ئەرک بەرپرسیاریەتییەی کە کەوتبووە سەر شانیان بە ئاکامی بگەیەنن و بەجێیان بگەیەنن، نەیاندەویست بە ناتەواوی جێی بهێڵن، ئەوان ئەرکێکی پیرۆز و بەرپرسیاریەتییەکی گەورە و گرنگ کەوتبووە سەر شانیان، ئەویش: بەرجەستەکردنی ئازادی و سەربەخۆیی و دەرچوونی تاک بوو لە کۆیلایەتی، بەڵام مردن هات و هەموو ئەو خولیا و ئومێدەی هەیانبوو لێی بردن، مردن کۆتایی پێ هێنان و خەونەکانیانی لە بار برد. لێرەوە تێدەگەین ژیان ئەبەدی و هەتاهەتایی نییە و دەبێت کۆتایی پێ بێت، بەڵام ئەوەی گرنگە لێرەدا ئەوەیە کە مرۆڤ ئاگامەندانە بژێت و خاوەنی خۆی بێت و خۆی چەق و سەنتەر بێت و سەر بە خۆی بێت و بتوانێت ئەو کاتانەی تێدا دەژێت ڕەسەنانە بژێت و ئازاد و سەربەست بێت، پاش ئەوەی سەربەخۆییی خۆی بەدەست هێنا و بەهۆی ئەوەی بوونی ئەو لەناو کۆمەڵ و جیهاندایە، ئیتر خەمەکەی لە خەمێکی تایبەتییەوە گوزەر دەکات بۆ خەمێکی گشتی. لەبەر ئەوەی دازاین بوونەکەی پەیوەستە بەوانی تریشەوە، لەو سەروبەندەدا بەرپرسیاریەتییەکی گەورەتری دەکەوێتە سەرشان ئەویش ئازادیی ئەوانی تر و دەوروبەرەکەیەتی.

ژان پۆل سارتەر (١٩٠٥-١٩٨٠) نووسەر و فەیلەسووفی فەڕەنسی

هەرچی دەربارەی بوونی ناڕەسەنیشە، ئەم جۆرە بوونە خاوەنی هیچ ڕوئیا و دونیابینی و هیچ بیرکردنەوەیەکی سەربەخۆیانە نین، بوونیان بەستراوە بە بوونی ئەوانی ترەوە، ئەوەی بیر بۆ ئەم جۆرە بوونە دەکەنەوە دەوروبەر و جڤاک و ئایین و ڕێسا و یاسا کۆمەڵایەتییەکانن، بەردەوام تێڕوانینێکی نەرێنییانەیان هەیە، هەمان ئەم جۆرە تێڕوانینە نەرێنییانەش لەسەر پرسی مردنیش ڕەنگی داوەتەوە.
ئەم جۆرە بوونانە کە ڕێژەی زۆرینەی کۆمەڵگا پێک دەهێنن کەسانێکن زیاتر پشتیان بە لاسایکردنەوە و کۆپیکردن بەستووە، یەک تایپ و یەک جۆرن، ئەوانە بەردەوام باسی مردن دەکەن و دەڵێن هەمووان دەمرین، بەڵام ئەوەی جێگەی داخ و تێڕامانە، ئەوانە هەرگیز هەوڵ نادەن ئازادانە بژێن و کەسانێکی کۆیلە و دەستەمۆ و دوای کۆمەڵ و زۆرینە کەوتوون، هەر بۆشە مردنەکەشیان داماوانە و ناژیرانەیە، بەبێ ئەوەی بزانن سوود و زیانی چییە ئەم جۆرە بوونانە ناتوانن سوود لە مردن وەر بگرن و بۆشایییەکان پڕ بکەنەوە و ناتەواوییەکانی خۆیان پڕ ناکەنەوە، بەڵکوو زیاتر دوای ویستە تایبەتییەکان دەکەون و  تەواو لەژێر کاریگەری نۆڕمە ئاینی و بەها ئەخڵاقییەکانی کۆمەڵگەدان ئەوان لە بەرانبەر مردن دەستەوەستان دەوەستن و  تەسلیمی قەدەر بوون، ناتوانن ڕووبەڕووی تەحەدییەکان ببنەوە، ناتوانن دوای مافە ڕەواکانی خۆیان بکەون چونکی کولتوور و ئایین بە مێگەلی کردوون، بە ناوی مردنەوە ترساندوویانن، وایان تێگەیاندوون مادام ڕۆژێک هەیە دەبێت بمریت ئیتر چ پێویست دەکات کۆشش بکەن و هەوڵ بدەن. هەڵبەت ئەم درووشمە ئایین و کولتوور خاوەندارێتی دەکەن و ئامانجیش بە بەنجکردنی تەواوی کۆمەڵگایە.
ئەم جۆرە بیرکردنەوە نەرێنییانە بڕوادار ئاڕاستەی دەکات، وا دەکات تێڕوانینەکانیشیان لە بارەی مردنەوە جیاواز بێت، چونکی مردن بۆ “بڕواگەری” گۆڕانکارییە لە فۆرمێکی بوونەوە بۆ فۆرمێکی دیکە. بەپێی ئەم بۆچوونە مرۆڤ بە مردن کۆتایی نایەت بەڵکوو بوونی لە فۆرمێکی دیکەدا و لە جیهانێکی دیکەدا بەردەوام دەبێت، بۆیە دەکرێ بڕوا گەری چەمکێکی دی بۆ مردن دابنێن، بۆیە ئەوەی بڕواگەری ئاماژەی بۆ دەکات بانگەوازە بۆ ناڕەسەنێتی، هەموو ئەو تێڕوانین و بۆچوونانەی دەری دەبڕن سووڕانەوەیە لە ناو هەمان ئەو بازنەیەی کە بانگەشەیە بۆ ملکەچی و دەستەمۆی و نامۆیی، بە گشتی ئەو جۆرەیە کە بە ناڕەسەن ناوزەندی دەکەین. بۆیە دەبێت هەموو هەوڵ و کۆششەکان بریتی بێت لە فڕێدانی ئەو جۆرە هزرانەی بانگەواز بۆ ناڕەسەنایەتی دەکەن، ئەم جۆرە لە بیرکردنەوەیە دەکەینە دەرەوەی زەین و بیرکردنەوەکانی خۆمان وەک بەشێک لە نەبوون وێنایان دەکەین. نابێت ناڕەسەنانە تەماشای مردن بکەین، نابێت وەکوو بەشێک لە هەڕەشە و مەترسی لێی بڕوانین، چونکی پێش ئەوەی مردن بگات داهاتوو و ئایندە لە ڕێگادایە، بۆیە مرۆڤ هەتا ئەو ڕۆژەی دەمرێت خاوەن پرۆژەیە، مرۆڤ دەیەوێت بەرەو لووتکە بڕوات کاتێکیش لە ڕێگەی بەجێگەیاندنی پرۆژەکانەوە دەگاتە لووتکە مرۆڤ تێدەگات ئامانجەکانی هێشتا کۆتایی نەهاتووە. کەوایە ژیان گەڕان و سەرکەوتنە بەسەر چیا سەختەکان و گەیشتنه بە لوتکە بەرزەکان بۆیە تاکوو ئەو کاتەی کەمرۆڤ لە ژیاندایە دەبێت لە کۆشش و هەوڵدان نەوەستێت و هەوڵی تەواوی بەجێگەیاندنی پرۆژەکانی بدات، دەتوانین ئەمە بە یەکێک لەو جیاوازییە گەورەیە ناوزەند بکەین کە لەنێوان مرۆڤێکی ڕەسەن لەگەڵ مرۆڤێکی ناڕەسەندا هەیە، چونکی مرۆڤی ڕەسەن بە ئاگامەندییەوە لە ژیان دەڕوانێت دەزانێت ڕۆژێک دێت کۆتایی بە بوونەکەی دێت بۆیە هەوڵ دەدات هەتا ئەوکاتەی لە ژیاندایە دەیەوێت ناتەواوییەکانی خۆی تەواو بکات لە ڕێگەی بە جێگەیاندنی پرۆژەکانیەوە، بەڵام ئەمە ڕێک بۆ مرۆڤانی کە بیرکردنەوەیان ناڕەسەنانەیە لە ێر کاریگەریی بڕواگەریدا بڕوایان بە فۆرمێکی تر و جیهانێکی دیکە هەیە، بەردەوام مردن ترسە بۆ ئەوان، ناتوانن خۆیان تەواو بکەن چونکی ئەوان بوونیان داگیر کراوە. ئەم تایپە زۆر جار لە پرسەکاندا یان لە کاتێکدا کە  ناتوانن ڕووبەڕووی تەحەدییەکان ببنەوە، بە ناچارییەوە دەڵێن هەموومان دەمرین و هەمووان دەبێت بمرن، دونیا ئەوەندە ناهێنێت و مردن ڕێگەی هەموومانە! ئەم جۆرە لە بوون بەردەوام لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا و زۆر جاریش لە بۆنەکاندا ئەم قسانە دەکەن. بێگومان هەمووان دەزانین کە ڕۆژێک دێت بوونمان لەم ژیانە کۆتایی دێت بەڵام ئەم جۆرە بیرکردنەوە مەترسیدارانە دەربارەی مردن بیرکردنەوەیەکی ناڕەسەنانەن و خۆیان بۆ خۆیان دروستیان کردووە.
ئەوە ڕوون و ئاشکرایە کە مردن پێشمەرجێکی ئۆنتۆلۆجییە بۆ بوونی مرۆڤ، مادام مرۆڤ هەیە ئەوا بوونەکەشی کاتییە، لە هەمان کاتدا مردنی مرۆڤ وەکو مردنی زیندەوەرەکانی دیکە و توانەوەی بەفری سەرچیاکان و شین بوونی گژوگیا نییە، چونکە ئەوانی تر جگە لە مرۆڤ بە ئاگامەندییەوە نامرن و هۆشیار نین دوای ئەوەی کە مردن جارێکی دیکە زیندوو دەبنەوە، بۆ نموونە گژوگیا کە لە هاویندا لەناو دەچێت و دەمرێت و سەرلەنوێ لە بەهاردا نەش و نما دەکات، دووبارە جارێکی دیکە شین دەبێتەوە بەڵام ئەمە بۆ مرۆڤ پێچەوانەیە چونکە مرۆڤ یەکجار دەمرێت کە ئەمەش پێچەوانەی بڕواگەرییە.
بە گشتی مردن ناهێڵێت مرۆڤ بگاتە تەواوکۆیی، چونکە مردن دەرگا بە ڕووی پرۆژەکانی داهاتوو دادەخات و “بوون” لە ڕابردوودا جێدەهێڵێت، دەبێت بەو پرۆژەیەی کە لە پشتی مردنەوە ئیتر هیچ پرۆژەیەکی دی سەر دەرنایەنێتە دەرەوە، واتا مردن دوا پرۆژە و مەرگەساتی گشت پرۆژەکانی دیکەیە، لە هەموو پرۆژەکانی دیکە زیاتر هەستی پێ دەکەین و لە بارەیەوە دەزانین، مرۆڤ نازانێت پاش دوو ساڵی دیکە چی ڕوودەدات یان بۆ کوێ دەچێت، بەڵام ئەوە دەزانێت کە ڕۆژێک دێت هەر دەبێت کۆتایی پێبێت و بمرێت.

بۆ زیاتر تێگەشتن وا باشترە سەرنجمان بخەینەر چیرۆکێکی ژان پۆل سارتەر، بە ناوی چیرۆکی the victors بۆ زیاتر دەسگیرۆیی و هاریکاری کردنمان بۆ  تێگەیشتنی زیاتری بابەتەکە، چیرۆکەکە دیالۆگی نێوان کچ  و کوڕێکە. کچ(ناوی لوسییە) و کوڕ(ناوی جۆنە)ێکی لاو کە دەسگیران و خۆشەویستیی یەکترن، هەردووکیان شۆڕشگێڕن و دژی داگیرکەر دەجەنگن، بەڵام کچەکە لەلایەن ڕژێمەوە دەستگیر دەکرێت، فەرمانی کوشتنی دەدرێت، پێش گولەبارانکردنی، کوڕەکە دەچێتە لای دیالۆگەکە وا بەردەوام دەبێت:

جۆن: دەمەوێت زیاتر لەگەڵتا دابنشیم، هیچ ناڵێم و بێدەنگ دەبم، نامەوێت زوو بڕۆم بۆ ئەوەی هەست بە تەنهایی نەکەیت!
لوسی: تەنهایی؛! لەگەڵ تۆدا؟ تۆ تا ئێستا لە من حاڵی نەبوویت؟ هیچ شتێک لەنێوان من و تۆدا نەماوە.
جۆن:چۆن؟ ئەی لە بیرت چووەتەوە من چەندە تۆم خۆش دەوێت؟!
لوسی: ئەو لوسیەی خۆشت دەویست ئافرەتێکی تر بوو.
جۆن: نا تۆ بوویت.
لوسی: من ئافرەتێکی دیکەم تەنانەت خۆشم خۆم ناناسمەوە، با بڵێین ڕاست دەکەی؟ ئێستا دەتەوێت چی بڵێیت؟ ئێمە لە یەکتر دوورکەوتووینەتەوە، ئیدی بەهای نەماوە.
جۆن: خۆشەویستی بۆ هەردووکمان ژیان بوو.
لوسی: هەر ژیان، داهاتوووش بوو، هەمیشە چاوەڕوان بووم جەنگ تەواو بێت تاوەکوو پێکەوە وەک دوو خۆشەویست پێکەوە بژین، بەڵام ئێستا مردن هەیە و بێ داهاتووم و بە تەنهاش دەمرم.[2]

لەم چیرۆکەوە تێدەگەین ئەوەی لە ڕابردوودا ڕووی داوە مردن کۆتایی پێدەهێنێت و هەمووی لەناو ڕابردوودا جێدەهێڵێت، مردن بوون دەگۆڕێت و وەک دوا پرۆژەی بوون چرای داهاتوو خامۆش دەکات و ژیانیش دەوستێنێت.
مرۆڤ بە حوکمی ئەوەی لەناو کۆمەڵدایە و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ئەرێنی یان نەرێنی بێت دەکەوێتە ژێر کاریگەریی کولتوور و ئایین و بەهاکانەوە، بەڵام کاتێک دەمرێت تەنها خۆیەتی دەبێت لە بوونی بەئاگا بێتەوە، وەکوو لە چیرۆکەکەی سارتەریشدا دەردەکەوێت کە هیچ کەس و شتێک لە پرۆژەی مردنی لوسیدا ڕۆڵی نییە تەنانەت خۆشەویسترین کەسی ناتوانێت کارەکەی بۆ ئاسان بکات.
مردن ئەزموونێکە، خۆمان بە تەنها ئەو پرۆژەیە ئەنجام دەدەین، هیچ کەسێک بەشدار و ڕۆڵی نییە لەگەڵماندا، کەسێک دەتوانێت هاوکاری کەسێکی دی بکات یان دەستگیرۆیی بکات بەڵام هیچ کەسێک ناتوانێت لە بری کەسێکی دیکە بمرێت تاکەکەس خۆی بە تەنها پرۆژەکە ئەزموون دەکات. لوسی دەزانێت چ کاتێک دەمرێت بەڵام ئێمە نازانین کەی و چ کاتێک کۆتایی بە بوونمان دێت بۆیە گرنگە مادام بە تەنها خۆمانین کەس لەگەڵماندا پشکدار نییە، دەبێت مردنێکی ڕەسەنانە بمرین، بەئاگابوونەوە لە مردن.
ناسینەوەی “خود” گەڕانەوەیە بۆ ڕەسەنێتی بوون.
ئێمە بە وردی لەوە تێدەگەین هیچ مرۆڤێک نییە هەمیشەیی و هەتاهەتایی بێت، مردن ئەگەرێکی حەتمیە دەبێت هەر ڕوو بدات. بۆ ئەم مەبەستە تیشک دەخەینە سەر بۆچونی “مارتن هایدگەر” لە مەڕ تێگەیشتنی پرسی مردن، ئەویش پشتی بە چەند هۆکار گەلێک دەبەستێت ئەوانیش:

blank
مارتن هایدیگەر (١٨٨٩-١٩٧٦) فەیلەسووفی ئەڵمانی

یەکەم/  ژیان بەبێ مردن دەبێتە ژیانێکی داخراوی هەمیشەیی، ئەگەر وا بووایە مردن نەبووایە، نووسەرێک یان هەر کەسێکی دی ئیتر دەستەوەستان چەق بەستوو دەبوو، هەوڵ و کۆششی نەدەکرد و نەیدەتوانی پرۆژەکانی بەجێ بگەیەنێت، بە هۆی ئەوەی کە ژیان بێکۆتایە و پەلەی نییە، بۆیە مردن هەموو ساتێک لە ژیانی دازایندا ڕوو دەدات و دەکرێت ڕوو بدات.
دووەم/ مردن دەتوانێت ڕەسەن لە ناڕەسەن جیا بکاتەوە. ناڕەسەن لە بۆتە و خۆزراوێتی ئەوانی دیدا ون بووە، ڕازیین بەوەی کە دەمرن بەڵام بێئاگایانە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن، بە ئەگەرێکی دوور وێنای دەکات، وەک شتێک بۆ ئەوانی تر ڕوو دەدات بەڵام بۆ خۆی نا. بەرەو ڕووی ناچن. بە پێچەوانەوە کەسی ڕەسەن ئاگایییەکی بەردەوامی هەیە سەبارەت بە مردنی خۆی؛ لە ڕووبەڕووبوونەوەی مردن نیگەرانە، بەڵام ترسی نییە. لەبەر ڕۆشناییی ئەم ئاگایییەدا، دۆخەکەی و ئەو ئەگەرانەی پیشانی دەدرێت بڕیار دەدات چی بکات و چی نەکات.کاتەکەشی سنووردارە، چونکی مردن کۆتایی بە هەموو ئەگەر و تواناکانی دازاین دەهێنێت، کۆتایی بەکاتی دەهێنرێت، بۆ هەرکارێک یان هەر ئامادەکارییەک بۆ کاریگەرییەکانی دوای مردن دەبێت لە پێش مردن ئەنجام بدرێت.[3]
هایدگەر” ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە هەمووان دەبێت بمرن بۆیە لە باس و پرسی مردندا گەشتە ئەو دەرئەنجامەی کە بڵێت: “مردن بەڵگەنەویستە ئەگەری ڕوودانی هەیە، وە  مرۆ وەک دازاین بۆ خۆی دەمرێت کەس لە بری کەسێکی دیکە نامرێت، ئەگەر کەسێک هەوڵ بدات لە مردن هەڵبێت ئەوا ترسی لە مردن هەیە، بە شێوەیەک لێی ڕادەکات و لێی دەترسێت تەنانەت لە بیری دەچێتەوە چۆن ژیان بکات. مردن کۆتایی بە هەموو ئەگەرەکان دێنێت. مردن تەواوی پەیوەندییەکان لە گەڵ دەوروبەر دەپچڕێنێت”.[4]
مردن یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی دازاین و ئەگەری ڕوودانی حەتمییە و پرۆسەیەکی ناپەیوەندییە، تاکەکەس بە تەنیا خۆی دەمرێت هیچ کەسێک لەگەڵیدا پشکدار نابێت بۆیە دەبێت هەوڵ و کۆششمان بۆ ئەوە بێت ڕەسەنانە بژین تاوەکوو ڕەسەنانە بمرین و هەتا ئەو کاتەی لە ژیانداین دەبێت هەروەکوو مردنەکە کەسییانە بڕیار لەسەر ئایندەی خۆمان بدەین نەهێڵین هیچ کەس و کولتوور و ئایین و ڕێسایەک و هیچ پیرۆزییەک و تەنانەت خۆشەویسترین کەسیش بۆمان بیر بکەنەوە و بڕیار لەسەر ژیانمان بدەن، چونکی بە تەنیا دەمرین هەردەبێت بە تەنیاش بژین و پلان و پرۆژەکانمان بەجێ بگەینین. “کانت”ی فەیلەسووف لە ١٢/٢/١٨٠٤ لە تەمەنی ٨٠ساڵیدا چووە جیهانی نەبوونەوە. لەکاتی مردنیدا دەڵێت: “ئیتر ئەمە باشە!”، کە دەرخەری تێگەیشتن و ڕۆشنگەریی کانتە لەبارەی ژیان و مردنەوە.[5]
مردن خراپ نییە وەکوو چۆن ژیانیش خراپ نەبووە، هەریەکە بەپێی قۆناغەکان باشە، ژیانی مرۆڤ واتا ژیانێک گەڕانێک بە دوای ڕاستییەکان و خۆدۆزینەوە و بەرپرسیارێتی و دۆزینەوەی ژیرێتی و تەواو کردنی ناتەواوییەکان و بە ئەنجامگەیاندنی بەرنامە و پرۆژەکان و بیرکردنەوەی ئەرێنییانە و ژیرانە، بۆیە هەرکات ژیانێکی ڕەسەنانە ئەزموون کرا مردنێکی ژیرانە و ڕەسەنانەش ئەزموون دەکرێت.
پرسی مردن بە درێژاییی مێژوو جێگەی گەنگەشە و تێڕامان و بیرکردنەوە بووە، کە هەڵوێستێکی ڕۆژانەی تاکەکان وای کردووە هەمیشە هەوڵیان داوە مەرگ لە خۆیان دووور بخەنەوە و بڕوای پێی نەکەن، بە دەیان شێواز و میکانیزم و ڕێگەی تایبەتییان گرتووەتە بەر تاکوو بتوانن بژین بێ بیرکردنەوە لە مردن، لە کاتێکدا ناچارن ڕووبەڕووی مردن ببنەوە، وا خۆیان تێدەگەیەنن مردن هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت، بۆ نموونە لە کولتووری ئەمریکای هاوچەرخدا هەوڵیان داوە حەقیقەتی مردن بشارنەوە و نکوڵی لێ بکەن وەک دروستکردنی تابووتی گران قیمەت بۆ دواخستنی بۆگەنکردن و مۆمیاکردن و ئاهەنگێڕان و مۆسیقای هێمنانە لەناو گۆڕدا، یان دانانی تەرمەکان لە شوێنی سارددا، بێگومان دڕدۆنگی و دڵەڕاوکێی مرۆڤ لە مردن کارێکی ئاسایی و سروشتییە بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە قەناعەت بە خۆمان بکەین کە پرسی مردن بوونی نییە یان شتێکی ناڕاستە. هایدگەر لە ئاوڕدانەوەیەکدا لەسەر ئەم پرسە دەڵێت: “هەروەکوو دواتریش، ئەمەمان بۆ دەردەکەوێت. ئەگەر ڕاستگۆیانە چاوەڕوانی مەرگ بکەین و قبوڵی بکەین، دەکرێت ببێتە فاکتەرێکی تەواوکەری بوونێکی ڕەسەن، مردن دەروویەکە بۆ دۆزینەوەی مرۆڤی ڕەسەن”[6].


[1]  دیوار، کۆمەڵە چیرۆک، ژان پۆل سارتەر و: ئاری هاشم، چاپی یەکەم: ٢٠١٧

[2] دکتۆر محمەد کەمال، ئۆنتۆلۆجی بنەڕەتی و بوونی مرۆڤ، چاپی چوارەم-٢٠١٩- سلێمانی

[3] مایکڵ ئینۆد، هایدگەر، و: پشتیوان مەنسور، چاپی یەکەم: ٢٠٢١- تاران

[4] مایکڵ ئینۆد، هەمان سەرچاوە، لاپەڕە ١٢٨

[5] ئامادەکردن: ئارێز،(لۆژیک،ئەپستمۆلۆژیا، میتافیزیک- لەدیدی فەلسەفیەوە، گۆڤاری ئایدیا واڵا، ژمارە:٢٩، ٢٠١١، پاشکۆی ئایدیا واڵا.

[6] جۆن ماکواری، فەلسەفەی بوونگەرایی، و:ئازاد بەرزنجی، چاپی سێیەم:٢٠١٩- تاران.