سەیی وێڵە

ئاغا، قسەی ڕاست تەنیا لەم نۆکەرەی خۆت ببیستە و گوێ بە کەسی تر مەدە. عەرزی ئاغای با سەعادەتی خۆم کەم، ئێوە چۆن چاو لە خۆر دەکەن و لەبەر شەوق و تیشکی چاوتان هەڵنایە، ئەو ڕۆژەش هەر کەس لەوێ بوو ئاوای بەسەر هات. بە قوربانی تاڵ‌بە تاڵی زوڵفە بۆن خۆشەکەی بم، مانگ لە ئاستی جوانیی ئەو کەم دێنێ. گابەردێکی هەرە گەورە لە کێو ترازا و سەر رێگای ئاوایی گرت. لە نیوەڕۆوە تاکوو لای بەرەبانگی عەسر بە سەدان کەس پاڵیان پێوە دەنا و بە دەیان کەر و قاتریش ڕایان دەکێشا بەڵام جووڵەی نەدەکرد. تەواو ناهومێد بووین و بڕیارمان دا دە گەز خوارتر ڕێگایەکی تر درو‌ست کەین. لەنێو ئەو حەشیمەتە زۆرەی لەوێ بوون سۆفی حەمە دەنگی هەڵێنا و کوتی;

_ ئەرێ بۆ بە شێخ قادر نەڵێین بێت بە کەراماتی خۆی ئەو بەردە لابات. وا باس دەکەن باووباپیرانی کاری وایان زۆر لە دەست هاتووە.

عەزیزی کوڕە چکۆڵەی کا عەلی لە دواوە کە دەستی بە حەواوە بوو هەڵی دایە و گوڕاندی؛

_ کەراماتی چی و تەڕەماشی چی. کەی دەورەی ئەو قسانە ماوە؟

دوای قسە و باسێکی زۆر کۆی دەنگمان ئەوە بوو کە دەچین شێخ قادر دێنین خۆ قازانجی نەبێ، زەرەری نییە. چەن ڕیشسپیەک چوون و پاش چەند خولەکێک لەگەڵ خۆیان شێخ قادریان هێنا. دەنگۆ بە تەواوی ئاواییدا بڵاو بووەوە کە شێخ قادر بڕیارە موعجیزە بکات، بۆیە جگە لە تەواوی پیاوی ئاوایی بە سەدان ژن و منداڵ و کچ و کوڕیش هاتبوون بۆ سەیڕ. دەتکوت مێروولەن و دەوری کڵۆ قەندیان داوە.

شێخ قادر دەستی هەڵێنا و سرتە‌سرت تەواو بوو. دەنگی فڕینی باڵندەش نەدەهات. خەڵک چین‌چین بە سەر شان و ملی یەکدا سەریان دەکێشا تاکوو شێخ ببینن و بزانن چ دەکات. منداڵان بە نێو لینگی گەورەکاندا فرتەیان دەکرد و دەهاتنە پێشەوە. شێخ قادر شاڵێکی سەوزی گەورەی لە ملدا بوو. منی مورید ناتوانم لەوە زیاتر وەسفی جەستەی شێخ بکەم و خۆم بێنمە ڕیزی ئەو کەسانەی عەقڵیان لە چاویاندایە. خودا بمانبەخشێ.

شێخ لەسەر عەرز دانیشت و چاوی قووچاند. لە بنەوە هەر لێوەکانی دەجووڵاند و جار جار سەری ڕادەوەشاند. کەس نووکەی لێوە نەدەهات. پاش چەند خولەکێک شێخ هەستا و دەستێکی بە گابەردەکەدا کێشا. پاشان چەند هەنگاوێک کشاوە دواوە. تەواوی خەڵکەکەش لەگەڵ ئەو کشاینەوە. لەنێو ئەو بێدەنگییەدا و پاش چەند ساتێک و بە ئیزنی خودای موتەعال و لوتفی حەزرەتی شێخ، ڕۆحم بە فیدای بێ، گابەردەکە وەکوو کوڵۆ خۆڵێک شەقی برد و بوو بە پێنج شەش لەت. تەواوی خەڵک وێڕای یەک بانگیان هەڵدا:

الهم صلی علی سیدنا محمد  و علی الهی محمد.

هەموو ئەو کەسانەی لەوێ بوون بە دۆست و دوژمنی شێخەوە ویستیان بچنە پێشێ و دەست و لاق و شانی شێخ ماچ کەن، بەڵام ڕوخساری ئەو زاتە موبارەکە، دەرد و بەڵای لە من کەوێ، بەجۆڕێک ڕووناک و نوورانی بوو، کەس نەیدەتوانی لە حاندی چاو هەڵێنێ و بیبینێ. خەڵک پاش کەمێک بازنەی دەوری حەزرەتی شێخیان شکاند و گەڕانەوە بۆ ئاوایی. شەو بوو. خەڵک تا بەردرگای ماڵی پیرۆزی حەزرەتی شێخ لەگەڵی ڕۆیشتن. من نەمدی بەڵام هێندێک لە خەڵکی ئاوایی دەیانگێڕاوە تاکوو بەرەبانگی بەیانیش سەربانی ماڵی ئەو زاتە نوورانییە هەر نووری لێ هەستاوە و تا تەشقی ئاسمان درێژەی هەبووە.

ئەو شەوە هەر لە فیکری موعجیزەی حەزرەتی شێخدا بووم که خەوم لێ کەوت، ڕۆحم سەدەقەی یەک ساتی بێ. لەنیوە شەودا بە دەنگی باڵ‌لێدانی باڵندەیەک لە پەنای گوێم وەئاگا هاتم. چەند جارێک دەستم ڕاوەشاند بەڵکوو بروات بەڵام نەڕۆیشت. کە چاوم کردەوە لە بن ئاسمانی پڕ ئەستێڕە ڕاکشاوم و باڵندەیەکی سپی نوورانیی زۆر جوان لە دەورم باڵەفڕکەیەتی. زمانم لاڵە له وەسفی جوانیی ئەو باڵندەیە. هەستام و وە دوای کەوتم. هەر دەفڕی و من بە دوایدا ڕامدەکرد. پاش چەند ساتێک لە بەر دەرگای ماڵێک نیشتەوە. هێواش لێی نزیک بوومەوە و دیتم دەرگای ماڵی حەزرەتی شێخە، پەنا بۆ خودا.

بەڵێ بەیانیی زوو هەستام و هەڵاتم بۆ بەردەرگای ماڵی حەزرەتی شێخ بە باب و باپیرەوە لەبەری مرم. زۆر سەیر بوو. سەرم لاکەی دەهات. نزیکەی پەنجا لاوی ئاوایی لەوێ ڕاوەستابوون و چوار چوار و پێنج پێنج کۆڕیان بەستبوو. هەموویان دوێنێ شەو وەکوو من خەویان دیبوو. یەک، پیاوێکی ڕیشسپی هاتبووە خەونی و باسی حەزرەتی شێخی کردبوو. یەک، مارێکی حەوت سەر و یەک، شامارێکی جوان و چاو ئەفسووناوی، یەک…

پاش چەند خولەکێک جەنابی حەزرەتی شێخ هاتە بەردەرگا و هەموومان پێکەوە کوتمان؛

_ یا شێخ وە فریامان کەوە و لە لوتفت بێبەشمان مەکە.

حەزرەتی شێخ بە بزەوە دەستی هەڵێنا و فەرمووی:

_ خەمتان نەبێ. ئەو خەونانە دووبارە نابنەوە. ئێستاش ئەو کەسەی باڵندەیەکی سپی و نوورانی لە خەونیدا بووە بمێنێتەوە و ئەگەر پێی خۆش بێ دەتوانێ ببێتە موریدی ئەم خانەدانە.

لە خۆشیان نەمدەزانی دەبێ چ بکم. چاوم پڕ بوو لە فرمێسک. دەستم هەڵێنا و کوتم:

_ ئەوەتام حەزرەتی شێخ. دایک و بابم بە فیدات، ئەوە منم قەرارە شانازی ئەوەم پێ ببەخشرێ خزمەتی بارەگای ئێوە بکەم. منم ئەو کەسەی وەک دووبارە لەدایک بووبێ وایە ئێستا.

هەموو ئەو کەسانەی لەوێ بوون واق مابوون کە چۆنە لوتفی خودا لەنێوان ئەو هەمووە لاوەدا چووەته سەر شانی منی پیر و دار لە دەست کوتوو.

بەڵێ ئاوا بوو کە من بوومە موریدی ئەو زاتە داوێن پاکە و گەورەییی ئەوەم پێ بەخشرا خزمەتی خۆی و ماڵ و منداڵی پیرۆزی بکەم. باسی گەورەییی ئەو زاته موبارەکە هەر چەندی بکووترێ کەمە. هەر ئەوەندە بزانن خۆشەویستی و پیرۆزیی ئەو گەورە پیاوە وای لە من کرد کە ژن و منداڵ و ماڵی خۆم پاش شەست ساڵ جێ بێڵم و وە دوای ڕێگا و شوێن پێی ئەو خۆشەویستەی خودا بکەوم. پێم وا نییە لە پاش شێخ قادری نەمر کەس بووبێ کە پێ لە جێگا پێی ئەو دانێ، سەروەرم نەبێ. خودا ناو و ناوبانگی ئێمەش وەک ئەوان بەرز کاتەوەو و لەگەڵ ئەوان حەشرمان کات.

من ئەو شتانە تەنیا بۆ ئەوە باس دەکەم ئێوە بزانن کێ بوو ئەو زاتە موبارەکە کە ئەگەر دەچووە ئاوایییەک، نەک هەر ئەو شوێنه، بگرە دەیان ئاواییی دەور و بەریشی لە زەفەری شەیتان و موریدانی دەپاراست. خودا لەوە زیاتر خۆشەویستیی خۆی و پێغەمبەرانی کات. دوای ئەو ڕووداوە من وەک تەنیا موریدی ئەو ماڵه موبارەکە دایم لە حاڵی خزمەت کردندا بووم و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ جحێڵ‌تر دەبوومەوە و هێزم دەهاتەوە بەر. دوای ئەو موعجیزە گەورەیە ژومارەی ئەو کەسانەی دەهاتن بۆ زیارەت و پاڕانەوە و داواکاری لەو خۆشەویستە نوورانییەی خودا، بە قەد دەنکەکانی بەفر و باران زیادی کرد.

سەروەری من و سوارچاکی ڕێگای تەریقەت هەموو ئێوارانێک پێشوازی لەو خەڵکە دەکرد کە لە هەموو ناوچەکانەوە دەهاتن و سەروەرم لە خودا دەپاڕاوە کێشە و موشکلەیان چارەسەر بکات و لە لوتفی خۆی بێ بەشیان نەکات. بەیانیان دوای نوێژی بەیانی حەزرەتی شێخ دەستی دەکرد بە زیکڕ و موراقبە لەگەڵ خودای گەورە و تاکوو لای نیوەڕۆ قورعانی پیرۆز و حەدیس  و سونەت و کتێبی ئایینی دەخوێندەوە. هەر چەند به درێژاییی ساڵ سەرقەڵەمانە و نەزر و وەقفێکی زۆر، لە پووڵ و ماڵات دەهاتە خزمەتی ئەو زاتە موبارەکە، بەڵام دەست‌بڵاوی و بەخشەندەبوونی سەروەرم هیچیانی لە ماڵێ نەدەهێشتەوە و هەمووی بەسەر فەقیر و هەژارانی ئاوایییەکان‌دا بڵاو دەکردەوە. بویە ئەو مەنزڵە موبارەکە تەنیا پیرۆزی و خێر و بەرەکەتی زۆر بوو دەنا وەک ماڵە هەژارێکی ڕووخاو دەچوو.

بەڵێ هەموو شتێک باش بوو تاکوو ئەو ڕۆژەی خەلیفە هەژار و چوار پێنج موریدی بە هەڵڵا و گوڕە‌گوڕ هاتنە بەر دەرگای ئەو ماڵە موبارەک و پیرۆزە و بانگیان هەڵدا:

_ کوا شێخ و ماڵ و تەکیەی شێخ ئاوا بێ بەرەکەت و ڕەنگ و بۆ دەبێ؟! بۆ هیچ شتێک زیاد ناکات لەم ماڵە، ئەگەم دز و چەته نین!؟ دیاره ئەم شێخە لە گیرفان خاڵی کردنی خەڵک زیاتر هیچ نازانێ کە وایە ئاگاداری گیرفانی خۆتان بن خەڵکینە.

یا خودا زمانی درۆزن بە بڕین‌ چێت و پلە و دەرەجەی سەروەرم هەر بەرز کاتەوە. خەلیفەی هەژار کە دەیزانی سەروەرم جێگا بەو تەنگ دەکات و ناهێلێ فێل و تەڵەکە بکات، بەو کارە گورزی خۆی وەشاند. ڕەنگە ئێوە هیچتان خەلیفە هەژار نەناسن و نەزانن چۆن پیاوێکە و چۆن بووەتە خەلیفە و چ دەست و گوێ بڕێکە. خودا لە زمانی منی نەبیستێ و درۆ و ڕاستی بەپێی من نەنووسێ. بەڵام دەگێڕنەوە چەند ساڵ پێش ئەوەی سەروەرم کەراماتی خۆی نیشان بدات پیرەژنێکی هەژاری داماوی بێکەسی ئاوایی کە نێوی ناهێنم و دەیپارێزم، پاش دەیان ساڵ کوێرەوەری و کلفەتی ماڵی ئاغا و کوێخا، پووڵێک کۆ دەکاتەوە و دەچێتە لای خەلیفە هەژار و پێی دەڵێ:

_  یا خەلیفە بە تەمام لەم ئاخری عومرەدا بچمە حەج و تەوافی ماڵی خودا بکەم. ئەم پووڵە بگرە و بیدە بە کاروانێک بۆم. خودا لەو خێرە بێبەشت نەکات.

من ئەو ڕووداوە پشت ڕاس ناکەمەوە و نازانم چۆن ڕووی داوە، بەڵام دەگێڕنەوە، خەلیفە هەژار پووڵە لەو پیرەژنە دەستێنێ و پێی دەڵێ:

_ دایکەکەم هەر ئێستا لای بیناییی چاوانەوە پێم ئەمر کرا کە پێت بڵێم تۆ پێویست ناکا بچیە مەککە و هەر لێڕەدا حەوت جار بە دەوری مندا بسووڕێوە و تەوافی خۆت بکە. ئیتر تۆ دەبیە حاجی و نایهەوێ ئەو ڕێگا دوورودرێژە ببڕی.

خودا لەو جۆرە گوناحانە بمانپارێزێ و ئەو کەسانەی گاڵتە بە دین دەکەن لە قووڵاییی جەحەندەم مەنزڵیان بۆ تەرخان بکات. نا وەڵڵا لە کۆڵی حەزرەتی شێخ قادر، ڕۆحم بەڵاگێڕی بێ، نەدەبوونەوە و هەموو ڕۆژێک دەهاتن و تفیان بە دەرگای ئەو مەنزڵە موبارەکەدا دەکرد. پاش ئەو ڕووداوانە خەڵک بوون بە دوو دەستە و شەڕ و بەربەرەکانێ لەنێوان لایان‌گرانی شێخ و خەلیفەدا دروست بوو. هەر چەند سەروەرم بە هیچ جۆرێک تێک نەدەچوو و هەموو کارەکانی دا دەستی خودای باری تەعالا و خۆی هەر خەریکی زیکر و دۆعا دەبوو. بە بەشی ئێمەش بێ ئەو ئیمانە توند و ڕاستەقینەیە.

پاش چەند وەختێک لەو ڕووداوانه و لەو کاتەیدا کە خەریک بوو ئاوری دوژمنایەتیی خەلیفە بەرانبەر سەروەرم دەکووژایەوە، ڕووداوێکی تر ئەو ژیلەمۆیەی لە جاران چاکتڕ گەشاندەوە و تەواوی خەڵکی ئاوایی کردە دوژمنی شێخ، خودا ئاگاداری بێ.

لە کاتی پارشێوی شەوێکی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا بوو کە خێزان و پاڵ‌پشتی ئەو شێخە نوورانییە، ئامینه خانمی پاکداوێن، بە لادا هات و ئیتر هەڵنەستایەوە. بەڵێ ئەو خاتوونە ئیماندار و لە خوداترسە عومری خودای کرد. من نەمدی بەڵام چەن کەسێک دەیانگێڕاوە سەربانی ئەو ماڵە موبارەکە لەو کاتەدا پۆل پۆل فریشتەی لێ وەستابوو تاکوو ڕۆحی موبارەک و پیرۆزی ئامینە خاتوون بگوازنەوە. دەیانگێڕاوە پێش ئەوەی ڕۆحەکە بگوازنەوە تەواوی فریشتەکان سێ جار بە دەوری مەنزڵی پیرۆزی  سەروەرمدا سووڕاونەتەوە و دواتر ڕۆحی ئامینە خاتوونیان لە سەر دەست داناوە و بردوویانەتەوە خزمەتی خودای باری تەعالا. خودا مردنێکی وامان بە نەسیب کات.

خەلیفە هەژار و دارودەستەکەی پاش بیستنی ئەو هەواڵە، لە تەواوی ئاواییدا دەنگۆیان بڵاو کردەوە کە بەڵێ، شێخ قادر لەم مانگە موبارەکەدا لەگەڵ خێزانی خەوتووە و ڕۆژووی خواردووە بۆیە خودا کەراماتی لێ ستاندوه و خێزانیشی وەک کەفارەی گوناحەکەی لێ ستاندووەتەوە.

خودا ئەو ڕۆژە ڕەشە نیشان نەداتەوە. تەواوی خەڵکی ئاوایی هاتن و ئەو ماڵە موبارەکەیان بەردە باران و تفاوی کرد. منداڵان لە سەربانەوە چەپڵە و فیکەیان لێ دەدا و ئەوانی تر لە خوارەوە بەردیان دەهاویشت. شووشەکانی ماڵێ خرم‌خرم دەشکان و دەڕژانە خوارێ. من نەمدیت بەڵام دواتر گێڕایانەوە پێش نیوەڕۆی ئەو ڕۆژە خەلیفە و دارودەستەکەی چوونە شاخ و باری دوو سێ کەریان بەرد هێنا و لە بەر دەرگای ماڵی پڕ خێر و بەرەکەتی سەروەرم هەڵیان ڕشت تاکوو خەڵکی بەرد کەم نەهێنن. بەڵێ ئەمەیە فیتنە و ئاسەواری بەردەی شەیتان بوون. خودا بمان‌پارێزێ.

هەر جۆرێک بوو ئەو ڕۆژەمان برده سەر و کاتێ شەو داهات سەروەرم زاری موبارەکی کردەوە و فەرمووی:

_ خاڵۆ ڕەحمان گیان. بڕیارم داوە لێرە بڕۆم و ئەگەر خودا بیهەوێ بچمە شوێنێکی دوور. من ڕازی نیم تۆ وە شۆن من و ڕزگاری کوڕم کەوی و ماڵ و منداڵت جێ بێڵی بەڵام ئەگەر خۆت پێت خۆشە من ڕێگات لێ ناگرم.

ئەرێ‌وەڵڵا بەیانیی زوو دوای نوێژ، باری دوو گوێ‌درێژ کەلوپەل و کتێبی ئەو ماڵە مۆبارەکەم پێچاوە و بە ئیزنی سەروەرم رێگامان گرتەبەر و تا گوێدرێژەکان لێرە ڕانەوەستان، ڕامان نەگرت. ئەگەر لێرەوە بەلای باشووردا بڕۆی و لەوێ ئەو کوێستانە دەور لێدەیەوە، دەگەی بەو ئاوایییەی وا دەریان کردین. من لەو کاتەوە نەچوومەتە ئاوایی بەڵام بیستوومەتەوە لەو کاتەوە سەروەرم لێی هاتووەتە دەرێ، یەک تکە باران و یەک دەنکە بەفری لێ نەباریوە. تەنانەت هەورەکانیش بەلای ئەو ئاوایییەدا تێ ناپەڕن. وا باس دەکەن شەوانە دەنگێکی خۆفناک و بڵیند لە تەواوی ئاوایی‌دا دەبیسترێ و کەس ناوێرێ هاتوچۆ بکات. ڕەنگە ئەو ماڵە موتفەڕکە هێستاش پڕ خێر و بەرەکەت بێ.

ئەوە دەزانم کە تاکوو ئێستاکەش خەڵکی ئەو ئاوایییە لە جێگا و شوێنی پیرۆزی سەروەرم دەگەڕێن تاکوو پەیدای کەن و بیبەنەوە، بەڵکوو لەو دەرد و بەڵایە نەجاتیان بێ. غافڵ لەوەی کە حەزرەتی شێخ قادری گەورە، بەرگێکی تری لەبەر کردووە و ئێستا بە وەستا قادر دەناسرێ.

لە پاشی کۆچی دواییی ئامینە‌خاتوونی خێزانی سەروەرم، ڕزگاری کوڕی کە لە موبارەکی و کەراماتی دینی‌دا شتێکی وا لە باوکی ئازیزی کەمتر نەبوو، تووشی خەمۆکی و جۆرە نەخۆشییەکی دەروونی بوو کە پەنا بۆ خودا تاکوو ئەمڕۆکە لە وێنەیم نەدیوە و نەم‌بیستووە. ئەو لاوە لە خوداترسە سەردەمی منداڵی لە خزمەت باوکی ئازیزیدا خەتمی قورعان و حەدیسی کردبوو. دواتر ڕۆیشتە خزمەت شێخی تەوێڵەی پیرۆز بۆ فێربوونی سەرف و نەحوی دینی و دوای چەند ساڵێک شاگردی گەڕابوویەوە خزمەت باوکی ئازیزی و وێڕای یەکدی دەرەجەکانی ئیمان و پاکیان تێدەپەڕاند و خێری و بەرەکەتیان بۆ ناوچە دێنا.

هەر چەند منی مورید نابێ باس وخواستی سەروەرم و هەرشتێک کە لە ماڵی ئەو ڕووی داوە بگێڕمەوە، بەڵام بۆیە بۆتان باس دەکەم تا ئێوە بزانن ئیمتحانی ئیلاهی چەند سەخت و دژوارە.

ئەو چرای ماڵە پاش بێبەش بوون لە نازی دایکی، شەوان نەدەخەوت بەڵام بە ڕۆژ بە درێژاییی ڕۆژ لە ماڵی نەدەهاتە دەرێ و دەخەوت. زۆر سەیر و سەمەرە بوو ئەو نەخۆشییە. چەن وەختێک خودا بمانپارێزێ، ئەو نازدارە کە لە هێمنیدا وێنەی کەم بوو، بە دەنگی بەرز قاقای دەکێشا و خۆی بە هەموو کەسەوە دەلکاند. پەنا بۆ خودا، شەوانە لە ژوورەکەی خۆیدا قسەی لەگەڵ دار و دیوار دەکرد و دەیکوت ئێوە ناتوانن ئەو کەسانە ببینن کە لە لایەن دایکمەوە هاتوون بۆ لام. ئەو کوڕە بە ئیمان و لە خودانزیکە وای لێ هاتبوو کە قسە و باسی ماڵی پیرۆزی شێخی لە دەم ڕانەدەوەستا و نهێنیەکانی سەروەرمی بە دەم قاقاکێشانەوە دەدرکاند. پەنا بۆ خودا ئەو دەم من وام دەزانی شەیتان و نەفسی پیس ناتوانێ توخنی کەسانی وەک سەروەرم کەوێ بەڵام زانیم هەر کەس خۆی بدۆڕێنێ شەیتان زەفەری پێ دەبات.

ئەو نەخۆشییە پیس و نەگریسە کە تەنیا دەیتوانی ئیمتحانی ئیلاهی بێ، بەوەندە لە کوڵ شێخ‌زادەی نازدار نەبوەوەو تووشی گەلێ شتی تریشی کرد. پاشی چەند وەختێک لەو حاڵەتی شەیدابوونە، ئەو نازدارە چەند جارێک هەوڵی دا خۆی بکووژێ و دایم دەیکوت ((تا درەنگ نەبووە من دەبێ بچمەوە لای دایکم)). ئەم خەم و خەفەتەی ئەم جارە تووشی بوو بە ڕادەیەک قورس و گران بوو کە بە ئەمری سەروەرم ناچار بووین بە کوڵەکەی ماڵەوەی ببستینەوە. پەنا بۆ خودا ئەو نەخۆشییە وای لەو نازدارە کرد کە ئیتر چێژی لە قورعان نەدەبرد و زۆر بە کەمی بە لایدا دەچوو. تەنانەت چێشت و نانیشی نەدەخوارد و هەر دەکڕووزایەوە.

خودا ئاگاداری ئەو کەسانە بێت وا ترسی ئەو نەخۆشییە پیس و نەگریسە چووەتە دڵیانەوە بە هۆی قسەکانی من. حاڵەتەکانی ئەو نەخۆشییە وەکوو وەرزەکان چۆن بە دوای یەکدا دێن، ئاوا بە دوای یەکدا دەهاتن و هەر جارێ حاڵەتێک دڵ و دەروونی ئەو نازدارەی ئازار دەدا. چرای دیوەخانی دیین و ماریفەت، مانگی ئاسمانی تەریقەت، جەنابێ شێخ هەر چەندە دوعا و ڕێگای ئایینی دەزانی لەسەر ڕزگاری کوڕی تاقی کردەوە بەڵام هیچ سوودی نەبوو. ئەو نازدارە چاکتر نەبوو هیچ، خراپتریش بوو. بۆیە زانیمان ئەم نەخۆشییە نەگریسە چارەی تەنیا لای خودایه و بەس.

ڕەنگە نیوەتان ئەو ڕۆژەتان لەبیر بێ کە من و سەروەرم و ڕزگاری کوڕی هاتین و لەخوارەوەی ئاوایی، لە نزیک چۆمەکە ماڵێکمان دروست کڕد. دەبێ لەبیرتان بێ و سەرنجتان دابێ کە چۆن لەو ساڵەوە خێر و بەرەکەت ڕژاوەتە سەرتان و ئێرە ئاوەدانتر بووەتەوە. بەڵێ ئەوانە هەمووی لە سایەی وجوودی حەزرەتی شێخە لەم ئاوایییە. سەروەرم، ڕۆحم بە فیدای بێ، یەکەم ڕۆژ کە هاتینە ئێره فەرمووی:

_ خاڵۆ گیان لە ئێستاوە ئێمە ژیانێکی نهێنی ساز دەکەین و نە من شێخم و نە تۆیش مورید. ئێمە بەننا و شاگردێکی قوڕەکارین و هاتووین بۆ کار و ئیش. نابێ باسی ڕابردوو بکەی چونکە ئێرە وەک خۆمان نین.

بەڵێ ئاوا بوو کە ئێمە نیوەی ماڵ و مەنزڵی ئەم ئاوایییە‌مان  نوێژەن کردەوە و هەمووتان دەسخۆشیتان لێ دەکردین. هەر چەند سەروەرم تاکوو هاتن بۆ ئێرە لە کتێب و قەڵەم زیاتر دەستی بۆ هیچی تر نەبردبوو، بەڵام خۆتان دیتان کە چۆن وەستایەکی دەستڕەنگین بوو.

کەرامات و گەورەییی سەروەرم لێرەش کەمی نەکرد هیچ، بەڵکوو زیاتریشی کرد چونکە لە جاران زیاتر خەریکی قوڕعان و کتێب و حەدیس دەبوو. دەبێ ئەو ڕۆژەتان لەبیر بێ کە دەستەیەک قەرەج و جادووباز هاتنە نێوەڕاستی ئاوایی و کوتیان؛

_ ئێمە کارێک دەکەین ئەو تەلیسە جۆیە، دەنکە جۆکانی بێنە دەرێ و دەست بگرن هەڵپەڕن.

دواتر هەر چەندیان وێرد خوێند و جادوو کرد هیچ ڕووی نەدا. لە بیرتانە کوتیان:

_ ئەم ئاوایییە قودرەتێکی شەیتانی لێیە و ناهێڵێ ئێمە هیچ کارێک بکەیەن. ئەم ئاوایییە تەلیسم کراوە.

بەڵێ ئەو قودرەتە هی وجوودی پیرۆزی سەروەرم بوو کە نەیدەهێشت ئەو جندۆکانەی وا لە گەڵیان بوو، نزیک ئاوایی بکەونەوە.

ڕۆژی ڕەش پێرێ بوو کە سەروەرم ئەمری کرد شێخ زادەی کوڕی لە ماڵێ بێنمە دەرێ و لەگەڵمان بێتە سەر قوڕەکاری ماڵی ئەم میرزا کەریمە کە ئێستا لە پەنامە و هەموو ئەو ڕووداوانەی دواتری لێ کەوتەوە. ئەو ڕۆژە ئەو نازدارە لە حاڵەتی سەرخۆشی و شەیداییدا بوو بۆیە هەر پێدەکەنی و قسەی دەکرد.

میرزا کەریم خۆی دەزانێ لە کاتی دارەڕای سەرباندا بووین کە دارێک قوڵە و کورت هات. هەر چۆنمان لێک دەداوە نەدەگەیشتە ئەو سەر و کارەکە دەبوایە نیوەکارە بمابایە تا دارێکی تریان دێنا. سەربان پڕ بوو لە کرێکار و دۆست و ئاشنای میرزا کەریم. هەر لەو دەمەدا بوو کە ئەو نازدارە بە دەم پێکەنینەوە بانگی هەڵدا:

_ باوکە، ئاسنگەر دەتوانێ ئاسن درێژ کاتەوە، ئەی تۆ بۆ چی ئەو دارە درێژ ناکەیەوە، مەگەر تۆ شێخ قادری گەورە نی؟!

من کە هیچ، تەواوی ئەو کەسانەی لەوێ بوون و ئێستاش ڕەنگە هەر لێرە بن دیتیان کە سەروەرم حەزرەتی شێخ بە تووڕەیییەوە، پەنا بۆ خودا، فەرمووی:

_ تۆ تازە کوڕی من نی، چونکە ڕاز و نهێنی منت درکاند. کەوایە بڕۆ وێڵ بە وێڵ.

پەنا بۆ خودا. پەنا بۆ خودا. هەموومان بە چاوی خۆمان دیتمان ئەو نازدارە بوو بە کۆترێکی سپی و دای لە شەقەی باڵ و هەڵفەڕی. ئەو کەسانەی لەوێ بوون و من چوار پێنێجێکان لێرەش دەبینم ئەو ڕووداوەیان بە چاوی خۆیان دیت و باوەڕیان نەکرد پەنا بۆ خودا. نازانم کام لە ئێوە بوو کە خۆیدایە دەست شەیتان و دەنگۆی ئەوەی بڵاو کردەوە کە سەروەرم سێحرباز و جادووگەرە و دەبێ دەربکرێ لەم ئاوایییە. لەبیرتانە چۆن دۆینێ شەو هاتن ماڵ و مەنزڵی ئەو خۆشەویستەی خوداتان ئاور دا؟

واتان دەزانی سەروەرم بەوانە لە بەین دەچێ!؟ پەنا بۆ خودا منیش کە لەگەڵی بووم نەمزانی چۆن غەیب بوو.

تۆ بڵێی تێکەڵی گڕی ئاورەکە نەبوو بێ و ڕۆیشتبێ جەنابی؛ میرزا کەریم؟!

یان بڵێی لەبەر ئەوەی من دووباره لەگەڵی دەربەدەر نەبم غەیب بوو بێ؟!

 تۆ بڵێی نەچووبێ بۆ لای ڕزگاری کوڕی، جەنابی کوێخا؟!

 من دەڵێم ئەگەر دوای چەند ساڵی تڕ بیستتان وەستا قادرێکی دەستڕەنگین لە فڵان ئاوایی هەیە زوو بچن بیهێنەوە با ئێوەش تووشی بەڵا نەبن جەنابی ئاغا.