بانگخوازی و ستایلەکانی ژیان
( ۱ )
كۆمەڵگە لە فرەیى و هەمەڕەنگییەكەكانى پێكهاتووە. “شیرازە” واتاى “تەباییى كۆمەڵایەتى”ـیە لەنێوان ئەم یەكە هەمەڕەنگانەدا. ئەوە ڕاستە كە هیچ كاتێك شیرازەیەكى نموونەیى بوونى نییە، بەو پێیەى یەكەكان لە ململانێى ڕێژەییدان لەگەڵ یەكتردا كە مۆتیڤى گۆڕانگارىی مێژوویییە و لە ڕاستیدا نەزمى كۆمەڵایەتىی خۆى ئەم نەرمییەى تێدایە، بەڵام ئەو كاتە شیرازەیەك بە واتا نێگەتیڤەكەى[ڕوو بە كایۆس و دەمارگیرى] دەشێوێت كە بەشێك، یەكەیەك، هەوڵى ئیحتیواكردنى هەموو بەشەكانى تر بدات. خواستى شوناسێك بۆ تۆتاڵكردنەوەى خۆى و هەژموون لەسەر بەشەكانى دیكە، داگیركردنى كۆى ڕووبەرى جووڵانى یەكە كۆمەڵایەتییەكان و تاكەكەكان، ئاشتيى كۆمەڵایەتى تێك دەدات و دۆخى “جەنگ” زاڵ دەكات. هێزە ئیسلامییەكان و گوتارى بانگخوازى لە كوردستان، كە دروشمى پاراستنى ئادابى گشتى و شیرازەى خێزان و كۆمەڵگایان هەڵگرتووە، لە ڕاستیدا خۆیان هۆكارى سەرەكی تێكچوونەكەیانن، چونكە لە هەوڵى ئەوەدان بە تووندوتیژيى ڕەمزى و كردەیى، مۆدێلى ژیانى خۆیان بەسەر كۆى كۆمەڵگەدا زاڵ بكەن.
لە ڕێگەى بانگخوازییەوە كۆنەپارێزى، فەندەمێنتاڵیزم و تاریكبیرییەكى پەڕگیر دزەى كردۆتە نێو زمانى خەڵكەوە. ئیسلامیزم شێوازى بەكارهێنانى زمانى كۆمەڵگەى داڕشتووە؛ بەم هۆیەوە زمانى كوردى پڕ بووە لە تووندوتیژى، جنێو، سووكایەتى، ڕەتكردنەوە. وەختێك زمان بشێوێت، پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانیش دەشێوێت، بە گوێرەى ئەو گریمانەیەى كە نەزمى زمانى ڕاگرى نەزمى كۆمەڵایەتییە. گەر وابێ، لە ڕاستیدا ئەوەى نەزمى كۆمەڵایەتى شێواندووە داگیركردنى زمان و پۆتێنشیەڵەكانى دەربڕینە بە گوتارێكى فاشیستییانەى بانگخوازى. خێزان شكست دەهێنێت، نەك بەهۆى كچە مۆدێلەوە، بەڵكوو بەو هۆیەى كە ئیسلامیزم دەیەوێت هەموو پەیوەندییەك لە خێزاندا كورت بكاتەوە و ئینجا خێزان لەسەر ئەو تاكە وێنەیە دابڕێژێت كە مۆدێلەكەى ئەو دەیسەپێنێت.
( ۲ )
گەر هیچ بەندێكى یاساییش بۆ گرتنەبەرى ڕێوشوێنێك بەرانبەر كەسێك نەبوو كە “تاوانى نەكردووە”، ئەوا ئادابى كۆمەڵگە دەتوانێت پاساوى هەر ڕێوشوێنێك بدات كە پۆلیس و ئاسایش، یان باشتر بڵێین لۆمپەنى دەسەڵات، دەیگرنە بەر، جا بەبێ گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتى دادوەرى، یان بە گەڕانەوە بۆ دادگایش بۆ داتاشینى “حیللە شەرعى”ـیەك. لەم بارەدا هەموو ئەوانەى بەرگرى لە شیرازەى كۆمەڵگە دەكەن، دەبنە پشتیوانى هەر كارێكى “نایاسایى” كە حكوومەت یان دەسەڵات ئەنجامى بدات. بۆ نموونە بە گوێرەى یاسا (لایەنی كەم هێشتا) پۆشینى تەنوورەى كورت تاوان نییە، بەڵام لەبەر ئەوەى وەها پۆشینێك لاى ئیسلامى سیاسى و عەقڵى بانگخوازى و مرۆڤى خێڵەكى “گوناهـ”ـە، ئەوا وەك “تاوان”ـیش مامەڵەى لەگەڵ دەكرێت. بەم پێیە ئیسلامیزم گوناهـ چ وەك سەهوویەكى ڕۆحى، چ وەك سەرپێچییەك لە فەرمانێك كە نوێنەرانى خودا دەیسەپێنن، دەگۆڕێت بە “تاوان”ـى قانوونى، تەنانەت ئەگەر هیچ یاسایەكى فەرمیش بە تاوانى دانەنێت و پتر لە سنوورى جێهێڵراوى كەسیدا بێت. هەوڵى ئیسلامیزم ئەوەیە بەردەوام “گوناهـ” وەک پرسێکی کەسەکى و ناوەكى بگۆڕێت بۆ “تاوان”ێکی کۆمەڵایەتی تاوەكوو ڕەوایەتى “قەدەغەكردن” دەستەبەر بكات. بەم پێیە هۆكارى ئەوەى كە “تاوان زۆر بووە”، ئەوەیە كە سنوورەكانى بێتاوانى ئێجگار بەرتەسك كراونەتەوە. هەموو شتێك بووە بە بڤە و تاوان، لەبەر ئەوە هەموو شتێكیش قەدەغەیە. هەر كۆمەڵگەیەكیش ئەم دوو دیاردەیەى زۆر بوو، ئەوا شیرازەكەى ڕووبە خراپتر تێك دەچێت.
( ۳ )
میدیاى كوردى و بە تایبەتیش پەیجە زۆروزەبەند و بێ شومارەكانى سۆسیال میدیا بوون بە خۆرەیەكى هەرە سەرەكیى بیركردنەوە و ئەخلاق. یەكەمى بێڕكابەر (لە بێ مۆڕاڵیدا) بڵاوى دەكاتەوە كە “بانگخوازێكى كوەیتى دەڵێت: بوونى كچ و كوڕ لە پەیجى وەتس ئەپیشدا حەرامە و شەیتان لەوێیە”. نازانین ئاخۆ خۆمان لە بانگخوازى تووندڕەو و دژەڕۆشنگەریمان كەمە تاوەكوو زبڵى دەرودراوسێیش هاوردە بكەن؟ زەرورەتى بڵاوكردنەوەى وەها هەواڵێك چییە؟ میدیایەكى تر دەڵێت: كچەمۆدێلێك دەستگیر كراوە، كە گوایە “خەریكى كارى لەشفرۆشى بووە و بە تەنیا لە شوقەیەكدا ژیاوە”. ئێستا لۆمپەنى دەسەڵات ئەم كچۆڵە كۆنەیارەى خۆیان دەستگیر كردووە و هەمووان دەستخۆشییان بۆ نووسیون، بەو هۆیەى كە نابێ كەس، بە تایبەت مێینە “بە تەنیا لە شوقەیەكدا بژى”، چونكە دیسان “شەیتان” لەوێشە: هەموو ژنێك فاوستێكە. ئەو مافەى لە كۆمەڵگەى ئێمەدا لە مرۆڤ سەندراوەتەوە تەنیا مافى ژیانى ئازادانە نییە لەگەڵ ئەوی تردا، بەڵكوو نەژیانە لەگەڵ ئەوانی تریشدا. هیچ كەس لە كۆمەڵگەى ئێمەدا “مافى تەنیایى” نییە. تۆ ناتوانێت بە تەنیا بژیت، جا هۆكارى تەنیایییەكەت هەر چییەك بێت.
بارى دەروونى، دووركەوتنەوە لە خزمایەتى، لە ڕیاكارى و قسەڵۆكى دەوروبەر، نەمانى متمانە بەوانى تر، شوێنگۆڕكێ بەهۆى كارەوە، ئارەزووى سەربەخۆیى، یان ئەزموونكردنى تەنیایى وەك پرسێكى وجودى و تەحەدایەك. بە بارەكەى دیشدا، دەرفەت نادەن لەگەڵ ڕەگەزى بەرانبەرت بەبێ هاوسەرگیرى بژیت. دیسان جێى گومانە لەگەڵ دوو سێ هاوڕێى هاوڕگەزیشدا پێكەوە بژین، كۆمەڵگە دەڵێت هۆمۆسێكسواڵن و ئاسایش و پۆلیسیش بە بیانووى ئەوەى “ئەمانە شتێكیان لەژێر سەردایە” ئاسایشیان لێ هەڵدەگرن. بەم جۆرە هەموو ڕووبەرەكانى ژیان لە گەنجانى ئێمە سەندراوەتەوە و هیچى بۆ نەهێڵراوەتەوە خێزان نەبێت. جا بەهۆى ئەمەى كە هەمووان لە خێزاندا ترجێنراونەتە یەكتر، خێزان داڕزاوە. كۆچى بەشێكى زۆرى گەنجان، بەر لەوەى هەڵهاتن بێت لە بارى ئابووریى خراپ، هەڵهاتنە لە بارێكى كۆمەڵایەتیى خنكاو.
( ٤ )
لەمڕۆدا جگە لە زۆركردنى “ستایلەكانى ژیان” (lifestylesیانforms of life) هیچ ڕێگەیەكى دیكە بۆ گۆڕینى پەیوەندییە كرژەكانى مرۆڤى ئێمە لەگەڵ یەكتردا نییە. بەرەنگاریش لەوێوە دێت كە بە پەرەدان بە ستایلى ژیانى خۆت دەرفەت نەدەیت تاكە ستایلێك زاڵ بێت و فۆڕمەكانى دیكەى ژیان سەركوت بكات. ئیسلامیزم ستایلى خۆى هەیە و سەپاندوویەتى: شێوازى جل و بەرگ، بیركردنەوە و قسەكردن، ئومێد، هاوسەرگیرى، سێكس، ڕێكخستنى ڕوخسار، شێوازەكانى پێكەوەبوون، سەرچاوەى وتاربێژى و تەنانەت وێنەى گشتیش بۆ كۆى گەردوون (بۆ نموونە زەوى تەخت). حاڵى حازر لە كوردستاندا ئەم شێوازە ستایلى زاڵ و باڵادەستە. بەرگرى بەرامبەر ئەمە بە داهێنان و پێدانى ستایلى دیكەى ژیان دەبێت؛ شێوازى كچەمۆدێلەكان ستایلێكى دیكەى ژیانە كە پتر لۆژیكى نیولیبراڵیزم بەرهەمى هێناوە، بەڵام دیسان دەچێتەوە خزمەتى سەلەفییەت، نەك لەبەر ئەوەى كاردانەوەى كۆمەڵایەتى دروست دەكات، بەڵكوو لەبەر ئەوەى بەو فریوو و ڕووكەشگەرایییەى كە هەیەتى، ئەویش دەرفەت نادات شێوازى ترى ژیان بپشكوێت؛ لێ ناگەڕێت كچان و كوڕان ڕوویان بۆ جێى دیكە بسووڕێنن. من هەرگیز بەرگریم لە ستایلى مۆدێلەكان نەكردووە و ناشیكەم، چون ئەو ستایلى ژیانەى من داكۆكى لێ دەكەم، ستایلێكى تەواو جیاوازە و ماناى كرانەوەیش تێیدا شتێكى دیكەیە. بەلاى منەوە گرنگە ستایلى ژیانى مۆدێرن و ڕۆشنگەرانە گەشە بكات كە بە ناو هونەر و هاوڕێیەتى و عەشق و سیاسەت (بە واتا فەلسەفییەكەى)دا تێپەڕێت؛ لەم مۆدێلەدا دەبێت بەهرە و توانا هەمەجۆرەكان، چ مەعنەوى و چ جەستەیى گەشە بكەن. تەنانەت داكۆكى لە هەندێ فۆڕمی فێمێنیزمى كینەبازیش ناكەم كە هەمان زمانى پڕ تووندوتیژیى ئیسلامى و فەناتیكەكان بەكار دەهێنن، بەڵام بە ناوى دۆزى ڕەواى ژنەوە. من داكۆكى لەوە دەكەم كچان سەماى هونەرى بزانن، مۆسیقا بژەنن، بخوێننەوە و زەینى خۆیان دەوڵەمەند بكەن، پەرە بە هاوڕێیەتى بدەن، فیلم بەرهەم بهێنن، دەم لە فەلسەفە و سیاسەت بدەن، داكۆكى لە دۆزە مرۆیى و هەنووكەیییەكان بكەن، چالاكوانى ژینگەیى بن، پەیوەندیى ئازادانەى عەشق لەسەر بنەماى شادى و كەشفى جوانى ئەزموون بكەن، پەیكەرتاش و وێنەكێش بن، ستەیجى شانۆ بگرن. ئەمە دەكرێت ناو بنرێت “كچى نوێ” كە گەر لەنێو ئەم بەهرانەدا پێ بگات، نە ئیسلامیزمى تاریكبیر تواناى ئەوەى دەبێت دایبپۆشێت پێى بڵێت “كچ” لە “كیچن”ـەوە هاتووە، كەواتە دەبێت لە مەتبەخدا زیندان بێت، نە نیولیبراڵیزمیش تواناى ئەوەى دەبێت وەك بووكەڵەیەكى گێل لە سەنتەرەكانى جوانكاریدا هەرڕۆژەى نەشتەر و دەرزییەك بكات بە لەشیدا. لاموایە گەر پەراوێزێك هەبێت هەندێك لە كچان تێیدا ببن بە مۆدێل، ئەوا بۆ ئەوەیش هەیە تێیدا فێرى ئەم بەهرانە ببن؛ خاڵى گرنگ ئەوەیە بۆ فراوانكردنى ئەم پەراوێزە تێ بكۆشین.
تێبینى: ئەم بابەتە لە بنەڕەتدا “وتار” نییە، بەڵكوو یاداشتێكى نووسەرە كە لە لاپەڕى خۆى لە تۆڕى كۆمەڵایەتیى فەیسبووک بڵاوی كردووەتەوە.