ئایشمان لە کوردستان

ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانی کە لە دواساڵەکانی تەمەنیدا پیاوە نەخۆشەکەی پێ دەگوترا، لە جەنگی ساڵی [١٨٧٧-١٨٧٨]ـدا تووشی شکستێکی کەمەرشکێن هات و ڕووبەرێکی بەرفراوانی هەرێمەکەی کەوتە ژێر دەستی ڕووسیاوە. دواهەمین سووڵتانی عوسمانی واتە سوڵتان عەبدولحەمید ئەرمەنییەکانی بە هۆکاری سەرەکیی ئەم دۆڕان و گلانە دەزانی، لەبەر ئەوەی ئەرمەنەکان بەهۆی مەسیحیبوونیانەوە لایەنگیری ڕووسەکان بوون، زیاتر لەمە، هەندێکیشیان لە سووپای ڕووسیادا دژ بە عوسمانییەکان دەجەنگان. سوڵتان کەڵکەڵەی تۆڵەسەندنەوە ئارامی لێ بڕیبوو، بە چاوبڕین لەم ئامانجە و بە پاساو و بەهانەی بۆڕدانی سوپای ڕووسیا لە ساڵی [١٨٩١]ـدا لە هۆز و تیرە کوردەکان سوارەکانی حەمیدییەی چێ کرد و دەستڕۆییەکی فراوانیشی پێدان، بە جۆرێک وەک دەگێڕنەوە ئەرزش و سەنگیان بۆ کەس دانەناوە و چییان خواستبێ بێ سڵەمینەوە کردوویانە. بەهۆی سوارەکانی حەمیدییەوە سوڵتان عەبدولحەمید پێگەیەکی باڵای لە نێو کورداندا بۆ خۆی دەستەبەر کرد و نازنای [باڤێ کوردا] واتە باوکی کوردانی لێ نرا. ئەمە لە کاتێکدا بەهۆی شەڕ و کوشتارەکانییەوە، ئەرمەن و ئەوانی دیکەدا بە سوڵتانی سوور یانژی سوڵتانی خوێنڕێژ ناودێر دەکرا.

لە ساڵی [١٨٩٤]ـدا ئەرمەنەکانی دەورووبەری شاری مووش ڕەتیان کردەوە باج و سەرانە بدەنە دەرەبەگ و ئاغا و دەستڕۆیشتووە کوردەکان. پەرچەکرداری دەوڵەت بێبەزەییانە بوو، لە ماوەیەکی کەمدا چەندان هەزاری بە ژن و منداڵ و پیرەوە لێ کوشتن. هەر لەو سەروبەندەدا ئەرمەنەکان لە ئیستەنبوڵ و زۆرێک لە ناوچە کوردییەکان ڕووبەڕووی زنجیرەیەک کۆکوژی و قڕکردن بوونەوە. کە بەداخەوە سوارەکانی حەمیدییە ڕۆڵێکی بەرچاوی تێدا هەبوو. هەموو ئەوەی ڕوویاندا بەشێکی ماجەراکەیە، شەپۆلێکی بەگوژمتر لە سەردەمی [تورکە لاوەکاندا] سەرڕێکەوت، لە [2٤/ ٤/ ١٩١٥]ـدا زیاد لە دوو سەد و پەنجا ئەرمەنی کە خاوەن باندۆر و شوێنپەنجەی حاشاهەڵنەگر بوون لە بوارەکانی ئابووری و ڕامیاری و کۆمەڵایەتیدا لە ئەستەنبوڵەوە ڕاپێچی ئەنقەرە کران و لەوێندەر کۆکوژ کران. دوای فەوتکردنی فیگۆر و پایەدارانی ئەرمەن، کەوتنە گیانی ئەرمەنە رەش و ڕووتەکە. لە شەپۆلی دووەمی ئەمەنۆسایددا دیسان سوارەکانی حەمیدییە بە قەبارەی خۆی بەشدار بوو، بەگوێرەی هەندێک ئامار کوشتاری سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمید سێسەد هەزاری تێپەڕاند، هی تورکەلاوەکانیش کە لە ساڵی [١٩٠٨]ـدا کۆدێتایان بەسەر سوڵتاندا کرد و ڕەشمەی دەسەڵاتیان کەوتە دەست، یەک ملیۆن و نیو بوو، ئەوانەی وڵاتبەدەریش کران و بە جیهاندا پەڕاگەندە بوون، خۆی دا لە هەشت سەد هەزار.[1]

مەبەستی ئەم نووسینە گواستنەوەی کتومتی ئەوە نییە کە لە سەر دەستی کورد بەسەر ئەرمەنەکاندا هێنراوە. بەقەد ئەوەی هەوڵێکی ڕەخنەیییە بە ئاراستەی پرسیار دانان لەسەر ئەو تێکستە کوردیانەی لە پەیوەندیدا بە پرسی ئەرمەنۆسایدەوە هاتوونەتەدەر، بەدەر لە بارگاویبوونی ئەم تێکستانە بە کەشێکی سۆزەکییانەی ئەوتۆ کە ئاستەمە تێیدا گفتوگۆیەکی عەقڵانی سەرپێ بکەوێت،[2]زۆرێک لەم تێکستانە بۆ بێتاوان نیشاندانی کورد، ئەم دوو ئارگومێنتانەیان ڕاستەوخۆ هەندێک جاریش ژێرەوانکێ و ناڕاستەوخۆ لە هەناوگرتووە:-

یەکەم: ژمارەیەک کورد داڵدەی هەندێک ئەرمەنیان داوە و لە پڕۆســـــەی قڕکردنەکەدا پاراستوویانن.

دووەم: کوردانی نێو ڕیزەکانی سوارەی حەمیدییە بەشێک بوون لە دام و دەزگا سوپاسییەکانی سوڵتان عەبدولحەمید، خۆ بە خۆ هیچیان نەکردووە، ئەوان تەنیا فەرمانە میرییەکانیان جێبەجێ کردووە.

ئێمە لەم نووسینەدا شوێن ئەم دوو خاڵە دەکەوین، سەرەتا دەست و پەنجە لەتەک خاڵی یەکەمدا نەرم دەکەین، لە خاڵی یەکەمدا دوو هەڵەی لۆژیکی ئامادەن، ئەوانیش بریتین لە هەڵەی لۆژیکی بەدوایدا نایەت و هەڵەی داڕشتن:

١-  بەدواییدا نایەت IT Does Not Follow

ئەم هەڵەیە کاتێک ڕوو دەدات ڕایەڵ و پەیوەندی لەنێوان پێشەکی یاخود پێشـــــــــــــــەکییەکان [Premises] و دەرەنجـــــــــــام[Conclusion]ـدا نامێنێت. بۆ نموونە [A] بە هاوژینەکەی بڵێت: [تۆ هاوسەری منیت، بۆیە دەبێت ئەوە بکەیت کە پێتی دەڵێم]، یاخود [ئاسمان شینە، دەریاش شینە، کەواتە ئاسمان بریتییە لە دەریا]. خاڵی یەکەم پێمان دەڵێت: [ژمارەیەک لە کوردەکان ژیانی ئەرمەنەکانیان پاراستووە، کەواتە نــــاکرێت کورد بە ئەرمەنۆساید تۆمەتبار بکــرێت]. ئەوەی کەمەکێک دەرگیری بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بووبێت لە یەکەم نیگادا بۆی دەردەکەوێت دەرەنجامی [بێتاوانی کورد لە ئەرمەنۆسایدا] بە دڵنیایییەوە بە دوای پێشەکی[بوونی کوردانێک کە ژیانی چەندان ئەرمەنییان پاراستووە] نایەت. تاکە دەرەنجامێک دوای ئەو پێشەکییە بکەوێت ئەوەیە هەندێک لە کوردەکان نەک هەر تەنیا بەشدار نەبوون، بەڵکو هەڵوێستێکی جوامێرانەشیان نواندووە و سەرەڕای مەترسییەکان، ژیانی چەندان ئەرمەنییان پاراستووە. کەواتە لە سۆنگەی ئەوەی وتمان دەبێت ئەم ئاگومێنتە بەم چەشنە دابڕێژرێتەوە: [ژمارەیەک لە کوردەکان ژیانی ئەرمەنەکانیان پاراستووە، کەواتە هەموو کوردەکان لە ئەرمەنۆسایدا بەشدار نەبوون].

٢- هەڵەی داڕشتن Fallacy Of Composition

ئەم هەڵەیە وەختێ ڕوو دەدات کەسێک وا دادەنێت ئەوەی لە پەیوەندیدا بە تاکەکان و بەشەکانەوە ڕاستە، بۆ گشتیش ڕاستە، بەبێ ئەوەی ئەم بازدانە لە هەندەکەوە بۆ هەمەک پشت بە بەهانەیەکی لۆژیکی ببەستێت. بۆ نموونە [هەموو بەشەکانی ئەم ئامێرە سووکەڵەن، کەواتە ئەم ئامێرە سووکەڵەیە] یاخود [پڵنگ لە مرۆڤ زیاتر گۆشت دەخوات، کەواتە پڵنگەکان لە مرۆڤەکان زیاتر گۆشت دەخۆن]. یانژی [ئەم مامۆستایەی زانکۆ زیرەکە، کەواتە مامۆستایانی زانکۆ زیرەکن]. ئەم هەڵەیە لە خاڵی یەکەمدا ئارایی هەیە، چوونکە بوونی ژمارەیەک کورد کە گیانی ئەرمەنەکانیان ڕزگار کردووە بووەتە بەهانە و بیانوو و هەنجەت بۆ بێتاوانکردنی میللەتێک. کەواتە خاسیەتێک، جوامێرییەک کە لە ژمارەیەکی کەمی کوردا هەبووە، دراوەتە پاڵ نەتەوەیەک. نووسەرانی کرد دەبوو لەودیو تاسە و کەڵکەڵە ناسیۆنالیستییەکانیانەوە بنووسن و شتەکان وەک ئەوەی هەن بگوازنەوە، چونکە ئەگەر ژمارەی ئەم ڕزگارکەرانە زۆر بوونایە بۆچی لە شارێکی وەکوو بەدلیسدا لە هەژدە هەزار ئەرمەنی سێسەد بۆ چوار سەد ژن و منداڵ مانەوە؟ بۆ لە ئەرزڕوومدا لە کۆی بیست و پێنج هەزار تەنیا دوو سەد کەسێک قوتاریان بوو؟ لە هەنتەشی ئەو هەموو قارەمانەدا بۆچی لە مووشدا کە نزیکەی بیست و پێنج هەزار ئەرمەن لێ دەژیا، تاقیان لێ دەرنەچوو؟![3]

چەند چەکدارێک لە سوارەی حەمیدییە

پاساوی دووەمی نووسەرانی ئەم دەقە ئەوەیە کوردانی نێو ڕیزەکانی سوارەی حەمیدییە بەشێک بوون لە دام و دەزگا سوپاسییەکانی سوڵتان عەبدولحەمید، دەیانەوێ بڵێن ئەوەی کردوویانە بە خواست و ویسی خۆیان نەبووە، بەڵکوو بە فەرمانی میری جووڵاونەتەوە. بە دەربڕینێکی دیکە کوردانی نێو ڕیزەکانی سوارەی حەمیدییە هیچ نەبوون جگە لە پێکارێک [الوسيلة] یاخود ئامرازێک [أداة] بەدەست دەسەڵاتدارانەوە. لەم بەستێنەدا توێژەرێک نووسیویەتی: […. ئەو کوردانەی لەو قەسابخانەیەدا بەشداربوون، تەنها کەرەستە و ئامێری دەستی دەوڵەت بوون و هیچ وەختێ کورد وەک میللەت بەشداری نەکردووە …….].[4]یەکێکی دیکە جەخی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە: [….. نابێت ئەوەش لەسەر کورد تۆمار بکرێت وەک هەندێک کۆلکە نووسەر کردوویانە، چونکە لە ڕاستیدا ئەوە سوپایەکی سەر بە حکوومەت بووە و فەرمانی حکوومەتی جێبەجێ کردووە و نەیتوانیوە لە بڕیاری حکوومەت دەرچێت، ئەوانیش وەک هێزی پۆلیس و سوپا وابوون و هیچ کات نوێنەری گەلی کرد نەبوون].[5] هەروەتر لە لاپەڕە [١٤٥]ـی کتێبی مێژووی نوێ و هاوچەرخی پۆلی دوازدەهەمی ئامادەییی وێژەییدا کە مەنهەجە و خوێندنەوەی ناچارییە بۆ هەموو ئەو قوتابییانەی لە لقی وێژەیی دەخوێنن، هاتووە: [سوارەی حەمیدییە لە کوشتاری بەکۆمەڵی گەلی ئەرمەندا ڕۆڵێکی خراپی بینی، ئەو کوشتارەی لەساڵی ١٨٩٤زوە دەستی پێ کرد و بەسەدان هەزار ئەرمەنی تێدا کوژرا. ئەوەی پەیوەندی بە کوردەوە هەیە ڕاستە بەشێک لە دەرەبەگ و سەرەک خێڵ و پیاوە ئایینییەکان لە ڕیزەکانی فەوجەکانی سوارەی حەمیدییەدا کۆ ببوونەوە و لە کوشتاری بەکۆمەڵی ئەرمەندا بەشدارییان کردبوو، بەڵام دەبێت ئەو راستییەش لەبەرچاو بگیرێ کە ئەمانە بەشێک بوون لە دام و دەزگا سوپایی و ئیدارییەکانی سوڵتان عەبدولحەمید و بە فەرمانی دەوڵەتیش دەجووڵانەوە].

 بیانووی ئەم توێژەر و نووسەرانە و هاوڕا و ئاو بیرەکانیان ئەوەکــــــــــــــــــەی ئەدۆلـــــــــــــــــــف ئایـــــشــمان [Adolph Eichmann]مان بیر دەهێنێتەوە. ئایشمان لە ساڵی [١٩٠٦] لە شاری [سولينگين]ـی ئەڵمانیا لەدایک بووە، هەر زوو بهەڤڕا لەتەک ئەندامانی خێزانەکەی چووەتە نەمسا، لەوێندەر خوێندنی ناوەندی تەواو دەکات، دواتر لە ئەندازیاری میکانیکدا دەست بە مەشق دەکات، وەلێ تەواوی ناکات. لە ساڵی [١٩٣٢ز] بە هاندانی یەکێک لە خزمەکانی پەیوەندی بە پارتی نازییەوە دەکات و بە درێژاییی چەندان ساڵ بە هیرارکییەتی سەربازی و کارگێڕیی نازییەکاندا هەڵدەزنێ تاوەکوو دەبێتە یەکێک لە کۆڵەکەکانی ڕایخی سێیەم. ئایشمان ناوێکی لکاوە بە هۆڵۆکۆست[Holocaust]ـەوە، کارە سەرەکییەکەی گواستنەوەی جووەکان بوو لە سەرانسەری قەڵەمڕەوی ڕایخی سێیەمەوە بۆ کامپەکانی قەڵاچۆکردن. دوای داڕمانی نازیزمیش، ئایشمان لە ئەرجەنتین گیرسایەوە و بە ناوێکی دیکەوە بۆ ماوەیەک توانی درێژەی بە ژیانی خۆی بدات تاوەکوو لە ساڵی (١٩٦٠)ـدا لە بۆینس ئایرسی پایتەختی ئەرجەنتین لەلایەن دەزگای مۆسادەوە قۆڵبەست کرا و بەبێ ڕەزامەندی ئەرجەنتین هێنرایە ئیسرائیل، پاش دادگاییکردنی لە ساڵی [١٩٦٢ز]دا لە سێدارە دەدرێت.

خانمە فیلۆسۆفی [ئەڵمانی – ئەمەریکی] بە ڕەگەز جوو هانا ئارێنت [Hannah Arendt] گرێبەستێک لەتەک ڕۆژنامەی نیویۆرکەردا واژوو دەکات، بەگوێرەی گرێبەستەکە ئارێنت دەبوو ئامادەی دادگاییکردنەکەی ئایشمان بێت و ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکانی لەبارەی دادگاییکردنەوەکەوە بە زنجیرە بڵاو بکاتەوە، دواتر ئارێنت ئەم ڕاپۆرتانە لە کتێبێکدا بەناوی بە ناونیشانی (ئایشمان لە ئۆرشەلیم، ڕاپۆرتێک لەبارەی پوچێتیی خراپەکاری- Eichmann in Jerusalem: A Report on the Banality of Evil) سەرەتا بە زوانی ئینگلیزی لە ساڵی [١٩٦٣ز]دا و پاشان بە ئەڵمانی لە ساڵی [١٩٦٤ز]دا بڵاو کردەوە.

blank
هانا ئارێنت (١٩٠٦-١٩٧٥) فەیلەسووفی ئەلمانی-ئەمریکایی

ئەوەی زیاد لە هەر شتێکی دیکە سەرنجی ئارێنت کەمەندکێش دەکات پێداگیریی بەردەوامی ئایشمانە لەسەر ئەوەی کە ئەو تەنیا ئەرکی سەرشانی خۆی ڕاپەڕاندووە، ملی بۆ یاسا و ڕێساکان کەچ کردووە و فەرمانەکانی بنپێ نەخستوون و پایەماڵی نەکردوون. هەروەتر جەختکردنەوەی لەسەر ئەوەی کە بە هیچ جۆرێک ڕقی لە جووەکان نەبووە، هەرگیزیش نەیویستووە کەسێک بکوژێت، خۆی واتەنی ئەو دڕندەیە نییە کە باسی دەکەن. بە بۆچوونی ئارێنت گەرچی ئایشمان بە قووڵی بەشدار بوو لەوەی پێی دەگوترا چارەسەری کۆتایی [Final Solution] کە بریتی بوو لە قڕکردنی جووەکان، کەچی هیچ نیەتێکی تاوانکاری نەبوو، ڕاستییەکەی ئایشمان تەنیا پێکارێک بوو، پێکاری جێبەجێکردنی فەرمانەکانی فوهرەر. دوا ڕستەکانی ئایشمان ئەمانە بوون: [ئەوە مەبەستی من نەبووە خەڵکی بکوژم، قڕکردنەکە بڕیاری سەرکردایەتی سیاسی بوو، سوورم لەسەر ئەوەی تاوانی من ئەوەیە گوێڕایەڵێکی باشی فەرمانەکان بووم … نها من وەک قوربانییەکان قوربانیم]. کەواتە ئێمە لە بەردەم کەسێکداین کە خراپەی کردووە بەبێ ئەوەی خراپ بێت. بە دەربڕینێکی دیکە، خراپەیەک هەیە ڕیشەکانی ناچنەوە نێو دونیای ناوەکی ئەو کەسەی کردوویەتی. ئارێنت ئەمەی ناو ناوە پوچێتیی خراپەکاری [Banality of Evil].  ئەو لە کۆتایییەکانی [ئایشمان لە ئۆرشەلیم]ـدا ڕستە بەناوبانگەکەی خۆی دەنووسێت: […… ئێمە هەرچی بکەین ناتوانین لە ناخی ئایشماندا نیەتێکی دۆزەخی قووڵ یاخود شەیتانی بدۆزینەوە….].[6]

هەرچەندە قسەکردن لەبارەی سوژەی ئایشمانییەوە لە دەرەوەی سیستەمێکی تۆتالیتاردا بێ کێشە نییە، بەڵام ئێمە هەر دەپرسین ئایە دەکرێت وەک چلۆن [ئایشمان]مان تەنیا بە پێکاری جێبەجێکردنی فەرمانەکانی فوهرەر دانا، ئاوهاش کوردانی نێو ڕێزەکانی سوارەی حەمیدییە بە ئامرازی جێبەجێکردنی فەرمانەکانی سوڵتان و بڕیاربەدەستان لە قەڵەم بدەین و لە هەموو ویستێکی تاوانکاری و بەدکاری دایانبماڵین؟ هەڵبەت بە دڵنیایییەوە بۆ بەشێک لە کوردانی نێو ڕیزەکانی سوارەی حەمیدییە قڕکردنی ئەرمەن و کەمە ئایینی و ئایینزاییەکانی دیکە تەنیا جێبەجێکردنی فەرمان بووە، بەڵام ئەمە لە بەرپرسیارێتی قوتاریان ناکات، بە بڕوای هانا ئارێنت هەرچەندە ئایشمان لە پێکارێک زیاتر نەبوو، بەڵام هەر تاوانبارە، نەک لەبەر ئەوەی کە خودان سروشتێکی خراپە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی بووەتە پێچکەیەک لە ماشینە گەورە و ئاڵۆزەکەی نازیزمدا، ئەمە لە کاتیکدا دەیتوانی بڕیارێکی ئازایانە دژ بە سیستەمی نازی بدات.[7] بە درێژکردنەوەی هەمان لۆژیک دەڵێین دانانی کوردانی نێو فەوجەکانی سوارەکانی حەمیدییە بە پێکار، ئەوان لە پەرپرسیارێتی قوتار ناکات، چونکە دەکرا بەشێک نەبن لەو کوشتارەدا. لەمەش بترازێت، ناتوانرێت هەموو کوردانی نێو فەوجەکانی سوارەی حەمیدییە بە پێکارێک یانژی بە ئامرازێک دابنێین. چونکە بۆ بەشێکیان جینۆسایدی ئەرمەن بەر لەوەی جێبەجێکردنی فەرمانی میری بێت، بەر لەوەی پاراستنی ئەو ناوچەیە بێت کە ئەرمەن بە ئەرمینیای ڕۆژئاڤا و ئێمەش بە کوردستانی باکور ناوزەدی دەکەین، بەر لەوەی هەر شتێکی دیکە بێت، جینۆسایدی ئەرمەن بۆ ئەوان جیهاد بووە. بە بێ بیرۆکەی جیهاد و سووننی بوونی کورد، نە لە بەشداری کورد لە قڕکردنی ئەرمەنەکاندا تێدەگەین،نە دەشتوانین ڕاڤەی ئەوە بکەین بۆچی لە پاڵ ئەرمەنەکاندا کوردانی ئێزدی و عەلەوی لەسەر دەستی سوارەکانی حەمیدییە کە زۆرینەیان کورد بوون، دووچاری کوشتن و شاربەدەرکردن بوون.

کلیلەوشە: هانا ئارێنت، سوارەی حەمیدییە، ئەرمەنۆساید، پوچێتیی خراپەکاری. ئایشمان.

سەرچاوەکان:                                

١- الدكتور كمال مظهر احمد, كردستان في سنوات الحرب العالمية الاولى, ط3, دار الفارابي – دار آراس للطباغة والنشر,  2013.          

٢- حنة ارندت, ايخمان في القدس تقرير عن تفاهة الشر, ترجمة: ا. نادرة السنوسي, تقديم: د. على عبود الحمداوي, ابن النديم للنسر والتوزيع – دار الروافد الثقافية- ناشرون, ط1, 2014, الجزائر- لبنان.

3- رشيد العلوي, الفلسفة بصيغة المؤنث, الشرط الإنساني ومشكلة الشر, مؤسسة هنداوي سي اي سي, 2017.

4– Arnold J. Toynbee, Armenian Atrocities: the Murder of a Nation with a Speech delivered by Lord Bryce, London- New York, 1915.


[1]– بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر کوشتاری ئەرمەنەکان و ڕۆڵی کور تێیدا دەتوانن بڕواننە:-

– الدكتور كمال مظهر احمد, كردستان في سنوات الحرب العالمية الاولى, ط3, دار الفارابي – دار آراس للطباغة والنشر, 2013, ص245 ومابعدها.

-Arnold  J. Toynbee, Armenian Atrocities: the Murder of a Nation with a Speech delivered by Lord Bryce, London- New York, 1915.

[2]– ئەم هەڵەیە بە لاتینی [Argument ad misericordiam]ـی پێدەگوترێت، هەروەتر بە(Galileo Argument)ش بەناوباگە. ئەم هەڵەیە بەم جۆرە ڕوودەدات: [A] بانگەشەی شتێک دەکات، بەڵام بە جۆرێک بەزەیی ئەوانی دیکە کەمەندکێش بکات، کەواتە بانگەشەی [A] دەبێت ڕاست بێت. بۆ نموونە [هاوســــــــــــەرەکەم زۆر نەخۆشە، من ئاتاجی ئەم کارەم، تاوەکو تێچووی دەرمانەکانی دابین بکەم، بڕوابکە من بۆ ئەم کـــــارە گوونجاوم].

[3]– بۆ ئەم ئامارانە بڕوانە:  الدكتور كمال مظهر احمد,مصدر سابق, ص٢٦٣و 264.

[4]– محەمەد حەمە ساڵح تۆفیق، جینۆسایدی ئەرمەن و رۆڵی کورد تییدا، لە بڵاوکراوەکانی ئینیستتیوتی نارین بۆ توێژینەوە و بڵاوکردنەوە ژمارە (١٢)، ٢٠٢٠، ل ١٤٠.

[5]– ئاراممەجیدشەمێرانی،پەیوەندیکوردوئەرمەنوبێتاوانیکوردلەجینۆسایدیئەرمەن، ٢٠١٤، ل١٨.

[6] – حنةارندت, ايخمانفيالقدستقريرعنتفاهةالشر, ترجمة: ا. نادرةالسنوسي, تقديم: د. علىعبودالحمداوي, ابنالنديمللنسروالتوزيع – دارالروافدالثقافية- ناشرون, ط1, 2014, الجزائر- لبنان،ص٣٥٠.

[7]– رشيد العلوي, الفلسفة بصيغة المؤنث, الشرط الإنساني ومشكلة الشر, مؤسسة هنداوي سي اي سي, 2017, ص109.