چۆن کامۆ و سارتەر لەسەر پرسی ئازادبوون جیا دەبنەوە؟

لە ئینگلیزییەوە: بیلال نەسرین

ئەوان دووانەیەکی نامۆ و سەمەرە بوون. ئەلبێر کامۆ، لە جەزائیری ژێردەسەڵاتی فەڕەنسا، لە خێزانێکی ھەژار کە کۆچەریی ئەوروپی بوون ھاتووەتە دونیاوە و سەروسیمایەکی قەشەنگی ھەبوو. ژان پۆڵ سارتەر، لە خێزانێکی چینی خانەدانی کۆمەڵگای فەڕەنسی ھەڵکەوتووە و قەشەنگ و لە بەردڵان نەدەھاتە پێش چاو. ئەوان لە پاریس، لە سەروبەندی داگیرکردن و گەشەکردنەوەی فەڕەنسادا، پاش جەنگی جیهانیی دووەم، بە یەکتر ئاشنا بوون. لەو زەمەنەدا، زەمەنێک کە فەڕەنسا وردە وردە بۆ کەشی ئاساییی خۆی دەگەڕایەوە، کامۆ نزیکترین دۆستی سارتەر بوو. لە دواتردا سارتەر دەڵێت: لەو سەردەمەدا ئێمە تۆمان زۆر خۆش دەویست.

ئەلبێر کامۆ (١٩١٣-١٩٦٠) ژان پۆل سارتەر (١٩٠٥-١٩٨٠)

ئەوان دوو سیمای درەوشاوەی ئەو سەردەمە بوون. ڕۆژنامەکان بەردەوام چالاکییە ڕۆژانەیییەکانی ئەوانیان تۆمار دەکرد: سارتەر لە کافێ دو میگو[کافێیەکی ناسراوە لە شاری پاریس] جێگیر بووە و کامۆ سەرتاسەری پاریس تەی دەکات. لە سەروبەندی بونیادنانەوەی شاردا، کامۆ و سارتەر وتاربێژ و لە دەنگە زوڵاڵەکانی ئەو سەردەمە بوون. ئەوروپا بووبووە قوربانیی جەنگ، بەڵام خۆڵەمێشێک وەک پاشماوەی جەنگ بەجێما، کە هەلومەرجێکی بۆ وێناکردنی دونیایەکی نوێ فەراھەم کردبوو. خوێنەرانی کامۆ و سارتەر چاوەڕێی ئەوە بوون بزانن ئەوان چۆن وێنای ئەو دونیا نوێیە دەکەن و چۆن شکڵ دەگرێت. سیمۆن دو بوڤوار، یەکێک لەو فەیلەسووفانەی کە لەگەڵ ئەواندا بوو، دەڵێت: ئێمە دەبوو بۆ سەردەمی پاش جەنگ، ئایدیۆلۆژیایەکمان سەر ڕێ خستبا. ئەو ئایدیۆلۆژیایە لە فۆڕمی ((بوونگەرایی1Existentialism)) شکڵی گرتوو و مانیفێست بوو. کامۆ، سارتەر، و ئەو ڕۆشنفکرانەی کە لەگەڵیان بوون، دینیان پشتگوێ خست، شانۆنامەی نوێ و کاریگەرییان بۆ سەر تەختەی شانۆ گواستەوە، داوایان لە خوێنەرەکانیان دەکرد ژیانی ڕەسەنی پێشتریان بەدەست بێننەوە و، وتاریان لەبارەی ((پووچی جیھان2The absurdity of the world)) جیھانێک خاڵی لە ئەمانج و چارەنووس و بەھا، دەنووسی. کامۆ دەنووسێت: تەنھا جەستەگەلێک، ئەستێرەگەلێک، ھەقیقەتگەلێک بوونیان ھەیە کە لە توانادا بێت بە دەست درکیان پێ بکرێت. ئێمە دەبێت ژیان لەم جیھانەدا بونیاد بنێین و خۆمان مانا و بەھای پێ ببەخشین تاوەکوو بتوانین درکی پێ بکەین. بە مانایەکی دیکە، مرۆڤەکان ئازادن و ئەم ئازادییە بارێکە بە کۆڵیانەوە و لە پشت ئازادییەوە بەرپرسیاریەتییەکی دژوار ئامادەیە، بەرپرسیاریەتی بۆ وەرگرتنەوەی ژیانی ڕەسەن.

ئەگەر ئایدیای ئازادی لای سارتەر و کامۆ لە ڕووی فەلسەفییەوە ھاوپەیوەست بووبێت، ئەوا ناکۆکییان لەسەر مانیفێستبوونی سیاسییانەی ئازادی و دادپەروەری سەری ھەڵداوە. ئەوان پێداگر بوون لەسەر ئەوەی لە دژی نادادپەروەی لە سەنگەردا بن و کۆشش و تەقەلای لەناوبردنی نادادی بەربنەمای کاریان بێت. بە بڕوای ئەوان ھیچ چینێک بە ئەندازەی چینی کرێکاران، پڕۆلیتاریا، ڕووبەڕووی نادادی نەبوونەتەوە. لە تێڕوانینی سارتەر و کامۆوە، کرێکاران لەگەڵ کارەکەیان زنجیر کراون و لە مافی ئینسانی خۆیان بەھەرەمەند نین و بێبەش کراون. بۆ بەدەستھێنانی ئازادی ئەوان[پڕۆلیتاریا]، پێویستە سیستمێکی سیاسیی نوێ بێتە کایەوە. کامۆ لە ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٥١دا، «مرۆڤی یاخی»ی بڵاو کردەوە. ئەو لەم پەرتووکەدا پوختەی [فەلسەفەی یاخیبووان]ی بەیان کرد. ناوەڕۆکی پەرتووکەکە بە مانای دەقیقی وشە فەلسەفی نەبوو، بەڵکوو ئاوێتەیەک بوو لە ئایدیای فەلسەفی و سیاسی: ھەموو مرۆگەل ئازادن، بەڵام ئازادی، خۆی شتێکی ڕێژەیییە، دەبێت لە سنوورەکان، میانڕەوی، و مەترسییەکانی پێوانە پارێزی بکرێت، بژاردەی ڕەھا دژی مرۆگەلە. کامۆ بەر لە ھەرشتێکی دیکە، شۆڕشی توندوتیژانەی دایە بەر ڕەخنە. لە بارودۆخی تایبەتدا دەتوانرێت کەڵک لە زەبروزەنگ وەربگیرێت [ھەرچۆنێک بێت کامۆ دژی جەنگی فەڕەنسا بوو لە بەرانبەر نازییەکان]، بەڵام کەڵکوەرگرتن لە تۆندوتیژی لە شۆڕشدا بۆ پێدانی پلە و شوناسێکی دڵخۆزانە لە مێژوودا شتێکی خەیاڵپڵاوانە، ڕەھاگەرایانە، و تەنانەت خیانەتە لە خودی خۆت. کامۆ دەڵێت: ئازادیی ڕەھا مافی بەھێزترین کەسە بۆ دەسەڵاتێکی زاڵ، ئەمە لە کاتێکدا کە دادپەروەریی ڕەھا لە ئاکامی لەناوبردن و ڕەشکردنەوەی کۆی ململانێ و کێشمەکێشمەکان بەدەست دێت و دێتە ئاراوە؛ لە ئەنجامدا، ئەوە دادپەروەرییە کە کرۆکی ئازادییە. ئەم ناکۆکی و نەسازانەی نێوان دادپەروەری و ئازادی دەبێتە ھۆی نەمانی هاوسەنگی، میانڕەوی سیاسی، و بە ڕەسمی ناساندنی شتێکە کە زۆر سنووردارە: «مرۆڤبوونمان». ئەو دەڵێت: دەبێت بۆ بونیادنانی خود بژیت و ڕێگە بۆ ژیانکردنیش خۆش بکرێت.

بۆ سارتەر، (مرۆڤی یاخی) ناپەسەند بوو. بە بۆچوونی سارتەر گەیشتن بە دادپەروەری و ئازادیی ڕەها و بێ خەوش لە کردن دێت- ئەڵبەتە بە مانیفێستبوونی کۆمۆنیزم-. لەژێر ھەژموونی سەرمایەداری و بوونی چینی ھەژار، کرێکاران (پڕۆلیتاریا) ناتوانن ئازاد بن. ھەڵبژاردەکانیان بەبێ خواست و ئارەزووی خۆیانە و نائینسانییە: یان کاری تاقەتپڕوکێن و لە توانابەدەریان ھەبێت یان بمرن. بەڵام کۆمۆنیزم بە لەناوبردن و سڕینەوەی سەرکوتکەران و گەڕاندنەوەی سەروەری و خودموختاری بۆ کرێکاران، خواست و نیازی ماددی تاکەکان فەراھەم دەکات و لە ئاکامدا دەتوانن باشترین ڕێگە بۆ خۆشنوودی و خۆبنیادنان دەستەبەر بکەن. بەپێی ئەم ڕێکخستنە ئەوان ئازادن و بە ئامادەگی ئەم یەکسانییە ڕەھایە، ئەوا بە ھەمان شێوە دادپەروەریش بەرقەرار دەبێت.

((لە کۆتاییدا، ئازادی ھەڵدەبژێرم. تەنانەت ئەگەر دادپەروەریش بەرقەرار نەبێت، ئازادی پارێزگاری لە توانای ناڕەزایەتیی دەربڕین دژی نادادپەروەی دەکات و ڕێگاکانی پەیوەندی بە کراوەیی دەھێڵێتەوە.))

ناکۆکی و نەسازانی جەوھەری لەو خاڵەدا چڕ بووەوە کە بە بۆچوونی سارتەر و زۆرێک لە چەپگەراکان، بۆ مانیفێستبوونی کۆمۆنیزم توندوتیژی لە شۆڕشدا پێویست بوو، لەژێر سایەی سیستمێکی سەروەردا کە دەبوو بە شکست دووچار بکرێت. ئەڵبەتە تەواوی چەپگەراکان لەگەڵ بەکاربردنی توندوتیژیدا نەبوون. ئەم ناکۆکییەی نێوان چەپگەراکان-توندڕەو و میانڕەو- بە دەربڕینێکی تر، کۆمۆنیستەکان و سۆسیالیستەکان، شتێکی نوێ نەبوو. بەو پێیەی، لە دەیەی ١٩٣٠ و سەرەتاکانی دەیەی ١٩٦٠ ئەم دوو ڕەوتە بە تێپەڕبوونی کات دژی فاشیزم بە یەکتر پەیوەست دەبوون. بەڵام بە لەناوچوونی فاشیزم، دووبەرەکی نێوان چەپگەرایانی توندڕەو (ڕەوایەتیبەخش بە توندوتیژی) و چەپگەرایانی میانڕەو (دژبەری کەڵکوەرگرتن لە توندوتیژی) سەرلەنوێ سەری ھەڵدایەوە. لەگەڵ بەردەوامی ناکۆکییەکان و دامەزراندی یەکێتیی سۆڤیەت، کە بە جۆشدان و پشتگیری توندڕەوەکان لە سەرتاسەری ئەوروپا گەشتە لوتکە و ترۆپکی خۆی، و بەهۆی نیگەرانی لە خێوەتگای بەندکراوان (لە ڕووسیا)، ترسی سەرتاپاگیر و دادگای نمایشی، ناکۆکییەکان قووڵتر بوونەوە. پرسیارێک کە ھەر چەپگەرایەک لە سەردەمی دوای جەنگ ئاڕاستەی دەکرا، زۆر سادە بوو: لەگەڵ کام لایەنیت؟

کامۆ بە بڵاوکردنەوەی «مرۆڤی یاخی» بەرگری لە سۆسیالیزمی ئاشتیخوازنە کرد کە دژی شۆڕشی توندوتیژانە بوو. ئەو ھەواڵانەی کە لە یەکێتیی سۆڤیەتەوە دەگەشتنە گوێ، زیاتر کۆمۆنیزمیان لە پێش چاوی کامۆ دەخست: کۆمۆنیستەکانی سۆڤیەت نەک یەکگرتوو و ئازاد نین بەڵکوو ھیچ لە ئازادی بەھەرەمەند نین. لە ھەمان سەردەمدا، سارتەر لە ڕەوتی کۆمۆنیزمدا خەباتی دەکرد و لەگەڵ ئەوەدا بوو کە کەڵک لە توندوتیژیی پێویست وەربگیرێت.

ناکۆکی و دابڕانی ئەم دوو ھاوڕێیە ھەر زوو لەسەر پەڕاوی بڵاوکراوەکان پەخش بووەوە. لە یەکێک لەو وەشانخانانەی کە سارتەر بابەتی تێدا بڵاو دەکردەوە، وتارێکی ڕەخنەیی لەسەر پەرتووکی «مرۆڤی یاخی» بڵاو کردەوە، کە سەد جار لێی چاپ کرایەوە. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا وێناکردنی ئەوەی کە ناکۆکیی نێوان ڕۆشنفکران بتوانێت تا ئەم ئاستە کار لە بیرکردنەوەی خەڵکی بکات، شتێکی دژوارە. بەڵام بۆ زۆرێک لە خوێنەرانی ئەو سەردەمە، ئەم ناکۆکییە ڕەنگدانەوەی لە تەنگەژەی سیاسیدا ھەبووە. لە ڕاستیدا بە بۆچوونی ئەوان، سیاسەتکردن بۆ مەیدانی ئایدیاکان و ئەندێشەکان گواسترابووەوە و یاسا و دەستوور بەپێی پێوانەی بەھای ئایدیاکان بووە.

ئەگەر تۆ بەتەواوی پەیوەستی ئایدیایەک بیت، ئایا دەبێت لە پێناویدا ئامادەبیت ئەوانی دیکە بکوژیت؟ بەھای دادپەروەری چییە؟ بەھای ئازادی چییە؟

 بیرکردنەوەی سارتەر لەناو خۆیدا دژیەکی دروست دەکرد و ئەو تا کۆتاییی ژیانی دەرگیری ئەو دژیەکییانە مایەوە. سارتەری بوونگەرا کە دەیگووت: مرۆگەل مەحکومن بە ئازادی. ھەمان ئەو سارتەرە کۆمۆنیستە بوو کە لەو باوەڕەدا بوو مێژوو کاتی پێویست بۆ گەشتن بە ئازادیی ھەقیقی، بە مانای وجوودی وشەکە، مەیسەر ناکات. ھەرچەندە سارتەر بە شێوەیەکی ڕەسمی پەیوەستی حیزبی کۆمۆنیستی فەڕەنسی نەبوو، بەڵام تا ساڵی ١٩٥٦ لە سەرتاسەری ئەوروپادا، بەرگری لە کۆمۆنیزم کرد. لەو ساڵەدا، لە کاتی لەشکرکێشی تانکەکانی سۆڤیەت بۆ بۆداپێست، سەرەنجام بەوە قایل بوو کە پێشڕەوی و بەرەوپێشچوون لە سۆڤیەت بەئەنجام ناگات. بە وتەی سارتەر، ھۆکاری نائومێدبوونی ئەو لە یەکێتیی سۆڤیەت لە بۆداپێست ئەوە بووە کە ئەوان وەک ئەمریکییەکان ڕەفتاریان دەکرد. ھەرچەندە ئەو لە سۆڤیەت دوورکەوتەوە بەڵام بە ھیچ شێوەیەک دەستبەرداری ئەوە نەبوو کە تۆندوتیژی لە شۆڕشدا بەکار بھێنرێت. سارتەر تا کۆتاییی ژیانی وەک یەکێک لە کاریگەرترین چەپڕەوەکان مایەوە و “شارڵ دو گول” پارێزەر و قەڵغانی ئەو بوو. دوای یەکێک لە ھێرشە سەختەکان، داوایان لە “دو گول” کرد کە سارتەر دەستگیر بکات. ئەو لە وەڵامدا گوتی: ((ڤۆڵتێر زیندانی ناکرێت!))

بەڵام توندوتیژیی کۆمۆنیزم بووە باعیسی ئەوەی کامۆ ڕێگایەکی دیکە ھەڵبژێرێت. ئەو لە «مرۆڤی یاخی»دا دەنووسێ: ((لە کۆتاییدا، ئازادی ھەڵدەبژێرم. تەنانەت ئەگەر دادپەروەریش بەرقەرار نەبێت، ئازادی پارێزگاری لە توانای ناڕەزایەتیی دەربڕین دژی نادادپەروەی دەکات و ڕێگاکانی پەیوەندی بە کراوەیی دەھێڵێتەوە.))

لەگەڵ ئەوەی جەنگی سارد کۆتایی ھات، ناتوانیت لە تەک کامۆدا ھاوڕا نەبیت و لە وەفاداری سارتەر بۆ کۆمۆنیزم دڵکرمێ نەبیت. کامۆ بە هەڵپرژانی بەسەر واقعیەتی سیاسی، ئەزمەی مۆراڵی، و سنوورەکان و ئیمکانی هەڵەکاری مرۆڤ، پەیامێکی ئەرزشمەندی بۆ سەردەمی هەنووکەییمان بەجێ ھێشتووە. ((تەنانەت پیرۆزترین و پڕبەهاترین ئایدیاکان گەرەکە لە بەرانبەر ئایدیاکانی دیکەدا هاوتا بن و وەک یەک تەماشا بکرێن. ڕەهاگەرایی و ئایدیالیزمی زبر و ناجۆر داهاتوویەکی مەترسیدار لە پێشڕەویماندا دەسازێنێت.)) هەر لەبەر ئەوەش، ئەو کاتەی ئەوروپا دەبوو بە سووتوو، کامۆ و سارتەر تێدەکۆشان تاکوو وێنای دونیایەکی ئازادتر و دادپەروەرانەتر بکەن.


[i] Existentialism                                                                                                              

[ii]The absurdity of the world

پەراوێزەکان

  • 1
    Existentialism
  • 2
    The absurdity of the world