لە یەکێک لەو شەوانە

ئەوە شەو بوو پیشانی دام

ئارامترین پیاسە

پیاسەی ئەو شەقامانەیە

ئۆتۆمبێل لێیان تۆراوە


شەو بوو فێری کردم

هێورترین بیرکردنەوە

لە دوای نووستنی ژن و مێردەکان

لە دایک دەبێت


هەر شەویش بوو بۆی سەلماندم

مۆسیقا

لە خامۆشیی شەودا

چێژبەخشترینە


شەو درەنگ هاتە تەمەنمەوە

لە ڕۆژدا هێند ژیابووم

هێندەی کتێبخانەیەکی گشتی

شت فێر ببووم

لە خەڵکییەوە تەوقەکردن

لە کچە زۆربڵێکانەوە خۆشویستنی تەنیاییم

لە تاڵە سپییەکانی قژمەوە بێباکی زەوی

لە گریانە ئاسان بۆهاتووەکانی دایکمەوە نادادپەروەری

لە مەرگی باوکمەوە بێمانایی و

هەتا دوایی


کەچی تەنیا شەو بە خۆمی ئاشنا کردم

باوەڕی پێهێنام گەر بمەوێت دەتوانم

سەفەر بکەم

ماڵئاوایی لەو ئەلبوومە سەنگینانە بکەم

بە دڵمدا هەڵواسرابوون


شەو نەبووایە چاوەڕێی هەڵهاتنی ڕۆژم نەدەکرد

نەدەچوومە نێو ئەو شارە نوێیانەی تیایاندا

ونبوون لە سڵاوکردن ئاسانترە

ئەو شارانەی بەڵێنی ژیانی مسۆگەر

لە زارەوە بۆ گەدە و

بۆ خوارتر

دەبەخشنەوە

ئەو شارانەی لەنێوان نەخۆشخانەی لەدایکبوون و

قەرەوێڵەی مەرگدا

پڕن لە حەپ و دەرزی

بۆ بەرگەگرتنی ڕۆژ

بۆ خۆسڕکردن و ڕاکردن

لەو هەقیقەتانەی

تەنها لە تاریکیی شەودا

مێشکمان ڕووناک دەکەنەوە


لەگەڵ خەڵکیدا ساتگەلی خۆش ژیام

کەچی سەیر بوو

ئەوە شەو بوو نیشانی دام

بەنرخترین کات

ئەو کاتانە بوو

لە مرۆڤەکانی دیکە

خاڵی بوو.

photo_٢٠٢٢-٠٨-٠٦_٠٨-٥٠-٢٠

سەرنجێک بنوسن