لەبارەی سیستەمی یەکپۆشییەوە

نامەیەکی کراوە لە فێرخوازێکەوە بۆ سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین

بۆ  جەنابی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین ڕێزدار پ.ی.د کامەران یونس محەمەد ئەمین

 بابەت: داواکاری

سڵاو و ڕێز

***

پەیوەست بە بابەتی یەکپۆشی کە جەنابتان بڕیارتان لێی داوە و، فێرخوازان ناچارن لە سەرەتای ساڵی تازەی خوێندنی ئەکادێمی کار بەو بڕیارە بکەن، حەز دەکەم ئاماژە بە چەند خاڵێك بدەم.

جگە لە چەند وڵاتێکی نا-دیموکراسی بۆ نموونە کۆریای باکوور، لە هیچ ناوەندێکی ئەکادێمی لە دونیادا فێرخوازان ناچار نین هەمان جلوبەرگ(سیستەمی یەکپۆشی) لەبەر بکەن، وە لە هەمان کاتدا ئاستی زانستی زانکۆکانیان لە لوتکەدایە. بۆ نموونە ئۆکسفۆرد. ڕاستە هەندێک یاسای تایبەت لەبەرچاو دەگیرێت(Dress code) بۆ نموونە لەبەرکردنی جلوبەرگی نیمچە ڕووت ڕێگەپێدراو نییە، بەڵام بە هیچ شێوەیەك فێرخوازان ناچار نین هەمان جلوبەرگ لەبەر بکەن. هەروەک جەنابتان باستان لێوە کردووە؛ گوایە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی فێرخواز زیاتر گرینگی و فۆکس لەسەر خوێندنەکەی بکات و دەبێتە هۆی بەرز کردنەوەی ئاستی زانستی. پێم وایە کێشەکە زۆر ڕوونە ئەوەی هۆکارە بۆ نزمی ئاستی زانستی زانکۆی سەلاحەدین بە پلەی یەکەم خودی فێرخوازە، وە بە پلەی دووەم سیستەمی زانکۆکەیە. بێگومان هۆکارگەلی تر زۆرن، بۆ نموونە: ژێر هۆکارەکانی وەکوو  دۆخی ئابووری و ئاستی ڕۆشنبیری کۆمەڵگای کوردی و سیستەمی سیاسیی وڵات…

بەڵام بەهیچ شێوەیەك فرەپۆشی هۆکار نییە.

من دەمەوێت تەنیا دوو خاڵی سەرەتا ڕوون بکەمەوە:

زۆربەی فێرخوازان بەبێ بوونی هیچ ئارەزوویەکی پێشوەختە دێنە زانکۆ. زۆر بەداخەوە ئەوە دەڵێم بەڵام تەنیا پێوەری هەڵبژاردنی بەشەکان لەلایان فێرخوازانەوە، هەبوونی دەستی کارە لە دوای تەواوکردنی پرۆسەی خوێندن، کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکار ؛-

أ- بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئاستی ڕۆشنبیریی کۆمەڵگەی کوردی؛ عەقڵی پەتی کۆمەڵگای کوردی پێی وایە تەنیا ڕێگایەك بۆ دابینکردنی داهاتوو، بەدەستهێنانی کار و بڕە پارەیەکی زۆرە، کە ئەمەش یەکێکە لە نیشانەکانی کپیتاڵیزەبوونی کۆمەڵگای کوردی. لەم حاڵەتەدا بەبێ بوونی حەز و خولیا، فێرخواز دوور دەکەوێتەوە لە ئەنجامدانی هەر جۆرە چالاکییەکی زانستی لەنێو زانکۆدا. چونکە لە بنەڕەتدا پرۆسەکە لەسەرە بنەمای حەز و خولیای ئەو نەبووە.

ب- دۆخی پەروەردە؛ دیارە خراپی دۆخی پەروەردە لە کوردستاندا لەوپەڕی دایە، دیسپلینکردێنێکی یەکجار زەق بەدی دکرێت لە سیستەمەکەدا، کە ئەمە نەک هەر نابێتە هۆی گەشەپێدان و چەکەرەکردنی حەز و خولیا و ئاواتەکان لە منداڵاندا، بەڵکوو بووەتە هۆی سەرکوتکردنی هەرجۆرە لادانێك لە عەقڵە دۆگما و سەرمایەداریەکەی کۆمەڵگەی کوردی. ئێمە هەر لە منداڵییەوە وا فێرکراوین دکتۆر و ئەندازیار و … باشترین پیشەن، وە حەتمەن منداڵان لە داهاتوودا دەبێت ببن بە یەکێک لەمانە، لە کاتێکدا لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی خۆرئاوا گرینگییەکی تایبەت بە حەزی منداڵان دەدرێت وە تەنیا پێوەرێک بۆ دیاریکردنی داهاتووی خوێندنیان بریتییە لە خولیا و ئارەزووەکانیان. بەپێچەوانەوە لە وڵاتی دواکەوتووی خۆرهەڵاتی ناوین تەنیا پێوەر بۆ دیاریکردنی داهاتووی خوێندنی منداڵان بریتییە لە دەستی و کار و کۆنمرەی دواین ساڵی خوێندنیان. بۆ نموونە بەشەکانی مۆسیقا و شانۆ و سینەما کە لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا گرینگی تایبەتی پێ دەدرێت، بەڵام لەم ناوچەیەدا نەك هەر گرینگی پێ نادرێت بەڵکوو لە لایەن ڕەوتە ئیسلامییە توندڕەوەکان بەگشتی نەفی کراوە، وە لەلایەن بەشەکانی تری کۆمەڵگا بە بیانووی نەبوونی دەستی کار بە تەواوی پشتگوێ خراوە. کە دەرکرێت فێرخوازێك کە خولیا و ئارەزووی شانۆیە ، داهێنان و کاری زانستی ئێجگار زۆر ئەنجام بدات تا لە کۆتاییدا ببێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی وەکوو لەوەی لە بەشێکی پزیشکی درێژە بە خوێندن بدات و تەنیا ئامانجی وەرگرتنی بڕوانامە بێت. بۆیە کاتێک فێرخواز بەبێ بوونی ئارەزووی پێشوەختە دێتە زانکۆ، دوور دەکەوێتەوە لە هەرجۆرە داهێنان و چالاکییەکی زانستی ناو زانکۆ، و تەنیا مەبەستی تەواو کردنی خوێندنەکەیە. دەرئەنجامی هەموو ئەمانە ئەم کارەساتە دەهێنێتە کایەوە  کە ئەمڕۆ ئێمە بەچاوی خۆمان دەیبینین. ئەویش بێبەرهەم بوونی دەرچووانی زانکۆیە، وە دابڕانی تەواوه لە داهێنان و پێشکەوتن لە دوای پڕۆسەی خوێندن. هەرچەند لە میانەی پرۆسەی خوێندنیشدا هیچ جۆرە داهێنانێك بەدی ناکرێت لە فێرخوازاندا. دابڕانەکە بە شێوەیەکە کە زۆر بە ئەستەم دەتوانین شوێنەواری خوێندن لە نێوەندێکی ئەکادێمی لە دەرچوویەکی زانکۆدا بدۆزینەوە. بێگومان ئەمەش لەبەر ئەوەیە فێرخواز لە بنەڕەتدا بە پڕۆسەی خوێندندا تێناپەڕێت، گریمان فێرخواز بە ئارەزوو و خولیای خۆی چووە نێو پڕۆسەکەوە، لە ئەگەری بوونی بەرهەمیشدا، ئەوا ئاستی بەرهەمەکە لاواز دەبێت، چونکە نێوەندەکە نێوەندێکی ئەکادێمی نییە.

خاڵی دووەم کە دەمەوێت ئاماژەی پێ بکەم. سیستەمی زانکۆیە. نزمی ئاستی زانستی لە زانکۆی سەلاحەدیندا بەشێکی زۆری دەکەوێتە سەر شانی خودی فێرخوازان وەکوو لەسەرەوە ئاماژەم پێدا. بەڵام بەشەکەی تر دەکەوێتە سەر سیستەمەکە و بەڕێوبەرانی ئەم سیستەمە. وەکوو هەموو لایەك ئاگادارن لە ئێستادا لە زانکۆی سەلاحەدین سیستمی کۆرسات پەیڕەو دەکرێت، کە لە هەر کۆرسێکدا کۆمەڵێک بابەت و وانە دەخوێندرێت کە جیاوازن لە یەکتر. بەڵام کێشەکە لە بنەڕەتی سیستەمەکەدایە، نەك ژمارە و جۆری وانەکان. لە هەر وانەیەکدا مامۆستا لە سەرەتای دەستپێکردنی کۆرسدا کتێبۆکەیەك یان چەند پەڕێك لە کتێبێکدا دەدات بە فێرخوازان، یان مەلزەمەیەك کە خۆی ئامادەی کردبێ. وە ئەمە دەبێتە ئەساسی وانەکە. واتە تەنیا ڕێگەیەك بۆ بەدەستهێنانی نمرە، خوێندن یا لەبەر کردنی ئەم کتێبەیە. (لە درێژەدا باسی لەبەر کردن دەکەم).

دووبارە بەشێکی زۆری بەڕێوبەرانی سیستەم هەر جۆرە لادانێك لەم کتێبانە نەفی دەکەن. ئەگەر بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لادانەکە نەفی نەکەن، نمرەی بەرزتر دەدەن بە ئەوانەی کە لایان نەداوە، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا جۆرێکە لە نەفی کردن. وە لە کۆتاییدا ئەو فێرخوازانە سەرکەوتووترن کە تەنیا کتێبەکانیان دەرخ کردووە. لە زۆر حاڵەتدا لادەرەکان بە ناکام دێنە هەژمار، ئەگەر سەرکەوتووش بن، ئەوا بە پلەیەکی نزمە. چونکە پەیوەندیی نێوان فێرخواز و بەڕێوبەرانی ئەم سیستەمە پەیوەندیەکی لاهوتییە. سەرانی سیستەمەکە پێیان وایە زانستی موتڵەقیان لایە و ئەوان تەنیا دەرچەیەكن بۆ بەدەستهێنانی زانست لەلایەن ئەندامانی خواروو خۆیانەوە (فێرخوازان). بۆیە هەر لادانێكیان پرسیارێکی جیدی پێگەی خۆیان دەخانە مەترسییەوە، کەواتە ناچارن نەفی بکەن و لانەدەرەکان وەکوو پێشەنگ بناسێنن.

ئەگەر سەرانی سیستەمەکەش مەبەستیان نەبێت، بەڵام خودی سیستەمە مەکینەیەکی گەورەیە کە تەنیا ئامانجی  بەرهەمهێنانی تووتیە. سیستەمە دەرخکەرەکە نەك تەنیا هیچ فەزایەك بۆ داهێنان ناهێڵێتەوە بەڵکوو دەرخ کردن وەکوو پڕۆسەیەکی موقەدەس دەناسێنێت، دەتوانین بڵێین (جەهلێکی موقەدەس). دەرئەنجامەکانی بەرهەمهێنانی تووتی زۆر ترسناکە، نەك تەنیا لەبەر ئەوەی تاکی بێبەرهەم دروست دەکات، بەڵکوو ئەم تاکە لە کۆتاییدا هیچ جۆرە فۆرمێکی تر لە ژیان قبوڵ ناکات، جگە لەو فۆرمەی کە دەرخی کردووە، جا چ لەنێو زانکۆ دا بێت یان دەرەوەی زانکۆ . واتە لەنێوبردنی هارمۆنیەتی کۆمەڵگا. هەموومان ڕۆژانە هەواڵی کووشتن دەبیستین لەم کۆمەڵگایەدا، ئەز لەو بڕوایەدام، ئەگەر هەمووشی نەبێت بەشێکی زۆری هۆکاری کووشتنەکان دەگڕێتەوە بۆ تاك فۆڕمی. عەقڵی دۆگمای کۆمەڵگای کوردی جگە لە فۆڕمە باوەکە، توانای هەزمکردنی هیچ جۆرە فۆڕمێکی دی نییە. جا چ فۆڕمی هزری بێت یان هەر جۆرە فۆڕمێکی تر. بۆیە ناچار دەست بۆ سڕینەوەی ئەوی‌تر دەبات. یەکپۆشی هیچ فەزایەك بۆ گفتوگۆ ناهێڵێتەوە، چونکەلە بنەڕەتدا هەوڵێکە بۆ سڕینەوەی ئەوی‌تر، بێگومان کاتێك ئەوی‌تر بوونی نەبێت، دروستبوونی گفتوگۆش مەحاڵە.

بۆیە من فرەپۆشی بە باشتر دەزانم، بە تایبەتیش لە نێوەندێکی زانستی (ئەگەرچی لە ئاستێکی نزمیشدا بێت). چونکە لە کۆتاییدا ئەمە ئەرکی زانکۆیە کە کۆمەڵگا ئاراستە بکات. جا ئێمە لە وەها نێوەندێکدا ئەم شێوازە لە تاكی فۆڕمی پەیڕە بکەین، ئەوا بێگومان ئەم کارەساتە بۆ چەندین ساڵی تر درێژە دەکێشیت.

  ئەم بەرهەمە ئاستی زانستی زانکۆ هەمیشه لە خوارەوە دەهێڵێتەوە. بە چاولێکردنێك لە ژمارەی فێرخوازانی وەرگیراو لە بەشە پزیشکییەکان و کۆلێژی ئەندازیاری و بەشی زمانی ئینگلیزی و کۆلێژی یاسا و بەراوردکردنی بە ژمارەی فێرخوازانی وەرگیراو لە بەشە هونەرییەکان و چەن بەشێك لە کۆلێژی زمان و… ڕاستی بەشی یەکەمی قسەکانم و چاولێکردنێکی تر لە بەرهەمی دەرچووانی هەموو بەشەکان، ڕاستی بەشی دووەمیشی دەردەکەوێت.

جەنابتان لەوە دووا بوون کە؛ یەکپۆشی دەبێتە هۆی نەهێشتن یاخود کەمکردنەوەی چینایەتی. من پێم وایە ئەم بڕیارەی جەنابتان پێچەوانەی هاوکێشەکەیە. یەکپۆشی نەک هەر نابێتە هۆی کەمکردنەوەی چینایەتی بەڵکوو وەکوو پێداکردنی بەنزین وایە بە ئاگرێك کە خۆی لەمێژە داگیرساوە. جیاکردنەوەی فێرخوازانی زانکۆ حکوومییەکان و زانکۆ ئەهلییەکان، تەنیا خزمەتکردنە بە چینی بورژوا. چونکە بڕیارەکەی جەنابتان تەنیا فێرخوازانی زانکۆ حکوومییەکان و زانکۆ ئەهلییەکان لێک جیا دەکاتەوە. فێرخوازانی زانکۆ حکوومییەکان ئەگەر بە جلوبەرگیش نەبێت، بە ئۆتۆمبێلەکانیان، بە مۆبایلەکانیان، بە ژیانی تایبەتییان، هەر دەبنەوە هۆی دەرکەوتنی جیاوازی چینایەتی (هەرچەند من پێم وایە ئەمە بیانوویەکی زۆر گاڵتەئامێزانەیە، چونکە بە ڕاستی ئەگەر کەسێك پێی وابێ بە پۆشینی جلوبەرگێکی کەشخە باری ئابووری باشترە لە کەسێکی دی کە جلوبەرگێکی سادەتری پۆشیوە، ئەوا ئەو کەسە تووشی نەخۆشی دەروونی بووە. واتە کێشەکە لە کەسەکەیە، نەک جلوبەرگەکە). هەر ئەوەندە بەسە کە چاوێك لە بینای زانکۆ ئەهلییەکان بکەن و بەراوردی بکەن بە زانکۆ حکومییەکان. ئەوەندە بەسە کە بێن چاییەك لە کافتریایەکی زانکۆی سەلاحەدین بخۆنەوە و پاشان بەراوردی بکەن بەو چاییەی کە لە زانکۆیەکی ئەهلی نۆشی دەکەن. جیاوازیی چینایەتی لە ئامادەبوونی سەرانی حکوومەت لە ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆیەکی حکوومی و ئەهلی زۆر بە زەقی دەردەکەوێت تا جیاوازی ڕەنگەکانی جلوبەرگ. ئەوەندە بەسە کە بێن پیاسەیەک بە نێو حەوشەکانی کۆلیژەکانی زانکۆی سەلاحەدیندا بکەن ، بێگومان ئەگەر چانس یاوەر بێت و دیواری بینا کۆنەکان کە هی زیاتر لە نیو سەدە پێش ئێستایە، نەڕووخێت و ئەو کات بەراوردی بکەیت بە بینایەکی سەدەی ٢١ی زانکۆیەکی ئەهلی. ئینجا زۆر بەڕوونی هەست بە گەرمیی ئەو ئاگرە دەکەن، کەوا بەو بڕیارەتان  هێندەی تر کڵپەی دەسەنێت. جیاوازی چینایەتی هەر لە دێر زەمانەوە بوونی هەبووە. و لەگەڵ مێژووی مرۆڤایەتیدا درێژەی کێشاوە و گەیشتووەتە لووتکە. بۆ نموونە جیاوازی چینی ڕەعیەت و دەرەبەگەکان لە سەردەمی تزارەکانی ڕووسدا، یاخود جیاوازی چینی ڕەشپێست و سپیپێست لە نیوەی یەکەمی سەدەی ڕابردوودا لە ئەمریکا یاخود سەرهەڵدانی فاشیزم. تەنانەت لەم دواییانەدا، لەکاتی ئاوارەبوونی هەزاران کەس لەپای جەنگی ئۆکرانیا، کۆمەڵێک پاس کە تایبەت بوون بە گواستنەوەی خەڵکی سیڤیل بۆ وڵاتانی ئەوروپا و پۆڵەندا بەتایبەتی، کە لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دابین کرابوو ، کەچی ئامادەنەبوون، پەنابەرە ڕەشپێستەکانی ئۆکرانیا بگوازنەوە. بۆیە ئەز لەو بڕوایەدام نەهێشتن یاخود کەمکردنەوەی جیاوازی چینایەتی لەمڕۆدا لە هەر دەسەڵاتێکی مرۆیی بەدەرە و تەنهاڕێگا، هۆشیارکردنەوە تاکە لەمەڕ ئەم کێشەیە و کۆی کێشەکانی تر کۆمەڵگا. هەرچەن خودی کێشەکە بە شێوەیەکی باش کاڵ بووەتەوە ، لە چاو سەدەکانی ڕابردوو. بۆیە پێم وایە یەکپۆشی هیچ پەیوەندیەکی نە بە ئاستی زانستی و نە بە کەمکردنەوەی جیاوازی چینایەتی نییە.

لەم سۆنگەیەوە داوا لە بەڕێزتان دەکەم بڕیارەکەتان هەڵبوەشێننەوە. یان لانیکەم بڕیارەکە بکەنە ئارەزوومەندانە، واتە فێرخواز سەرپشك بێت لە یەكپۆشی یاخود فرەپۆشی.

لەگەڵ ڕێزدا

زەردەشت غازی

فێرخوازی زانکۆ سەلاحەدین- کۆلێژی زمان – بەشی زمان و ئەدەبیاتی فارسی .