مانیفێستی هیپیزم

لە ئینگلیزییەوە: بەیان عەزیزی

سەرنج و تێبینی: ئەم نووسراوەی لێرەدا دەیخوێننەوە، دەقی کامڵی لێدوانی جێری ڕوبن، یەکێک لە چالاکوانە دیارەکانی بزووتنەوەی هیپییەکانە لە دەیەی ٦٠ـی زایینی لە ئەمریکادا. ئەم لێدوانە لە کۆبوونەوەی خوێندکارانی زانکۆی بێرێکلی لە ستادیۆمی وەرزشیی بێرێکلی کۆمپوس ساز کراوە. لەوێدا ڕوبن هەندێ لە کردەکانی هیپییەکان لە سەردەمی شۆڕشەکانیاندا لێک دەداتەوە. هەروەک بە وتەکانیدا دیارە، ئەم لێدوانە پاش مەحکومبوونی ئەو لە دادگە لە ساڵی ١٩٧٠ـدا بەڕێوە چوو. 

***

جێری ڕوبن، یەکێک لە چالاکوانە دیارەکانی بزووتنەوەی هیپیزم کە ئاڵای ڤیتکۆنگەکانی لەسەر شانە.

ئەم ئەرکەیان بە من ڕاسپاردووە تاکوو لێرەدا لەبارەی بنەڕەت و بنەما فیکرییەکانی هیپییەکانەوە بدوێم. ئەم کارە بەڕێوە دەبەم بەڵام بە شێوەی خودی هیپییەکان! کەواتە ئیزنم بدەن قسەکانم بە بیرەوەرییەک لەبارەی گەمژەییی پۆلیسی سەر سنووری “ئەمریکا – کەنادا”وە دەست پێ بکەم. ڕۆژی چوارەمی جوڵای کە ساڵڕۆژی سەربەخۆییی ئەمریکایە، کراسێکم لەبەردا بوو کە ئاڵای ڤیتکۆنگەکان بەسەریەوە نەخشی بەستبوو، لە نزیک سنوور لەگەڵ هەڤاڵێکمدا خەریک بووم پیاسەم دەکرد. ئەو هاوڕێیەشم کراسێکی لەبەردا بوو بە ئاڵای ئەمریکاوە. کتوپڕ هەنگێک پۆلیسی سەر سنوور هێرشیان بردە سەرمان، منیان کەلەپچە کرد. ئەوان دەیانوت: «لەعنەتتان لێ بێ، جلی دوژمن لەبەر دەکەن؟» پۆلیسەکان کاریان بەسەر هاوڕێکەمەوە نەبوو کە جلەکانی ئاڵای ئەمریکایان پێوە بوو. فاشیستە لەعنەتییەکان! منیان بردە بنکەی پۆلیس و پرسیار دەستی پێ کرد:

  • ئایا مادەی ئەفیوونی بەکار دەهێنی؟
  • بەڵێ بەکاری دەبەم.
  • چ جۆرێک؟
  • کۆکاکۆلا!

هاواریان کرد و پەشۆکان، مەبەستمان مادەی ئەفیوونییە!

  • کۆکاکۆلا زۆر مەترسیدارترە لە ماریوانا. جەستەت لە کار دەخات و خووی پێوە دەگری.
  • ئایا هەرگیز لایەنگری ڕووخاندنی دەوڵەتی کەنادا یان ئەمریکا بووی؟
  • ئەمە پێوەندیی بەوە هەیە کە لە کام وڵات بم.
  • ئایا هەرگیز بۆ ڕێکخستنی ئاژاوە یان شۆڕشێک گیراوی؟

وەڵامم دایەوە: «نا». ئەوەش ڕاست بوو، چونکە لە مانگی ئاگۆستی ساڵی ١٩٦٧ـدا کە گیرام، هێشتا ڕێپێوانەکەمان بۆ دەنگدەربڕین بەرانبەر بە یاسای توندوتیژیی جنسی بەڕێوە نەچووبوو. 

لە ئاکامدا تکام لەو بەرپرسە کرد کە واز لە باسی سنووری ڕەسمیی نێوان کەنادا – ئەمریکا بهێنێت. پێم وت چ ئیشوکارێکی قۆڕی هەیە و سنووری کەنادا – ئەمریکا تەنیا لە چوارچێوەی زەینیدا مانای هەیە و بوونی دەرەکی و واقیعی نییە. پێم وت هیچ حکوومەتێک ئیزنی ئەوەی نییە کە سەبارەت بە بیروڕاکانم پرسیارم لێ بکات و هەڵبەت دیارە کە ئێوە پۆلیسگەلی گەمژەی مەکدۆناڵدخۆر دەتوانن مێشکی من بتەقێنن. بەرە بەرە نەرم بوو. من هەوڵم دا ئەو مەجبوور بکەم یونیفۆڕمەکەی دابکەنێت. پێشنیارەکەمی قبووڵ نەکرد، وتی: «من پێویستم بەم ئیشە هەیە و خاوەنی بنەماڵەیەکم کە پێویستیان بە منە!»

ئەمە هەر ئەو شێرپەنجەیەیە کە جیهانی ڕۆژئاوای تەنیوەتەوە. هەمووان بێ حەز و باوەڕ ئیش دەکەن، تەنیا لەبەر ئەوەی کە پێویستیان بەو ئیشە هەیە. بەڵام کەس لە (ئایشمەن)[1]ەوە فێر نابێت کە لانی کەم ئەگەر جەنایەتکاریش بوو،  باوەڕی بە کارەکەی خۆی هەبێت. 

دەمەوێ کەڵک لەم بیرەوەرییە بگرم بۆ ئەوەی سەبارەت بە قەیرانی شوناس و مرۆڤایەتی لە ئەمریکا و بەگشتی لە جیهانی ڕۆژئاوادا بدوێم و ڕۆڵی بزووتنەوەی مەعنەوی، شۆڕشگێڕانەی هیپیزم دەربخەم. ئێمە لایەنگری لە هیچ ڕێگەچارەیەکی سیاسی ناکەین کە ئێوە هاووڵاتییانی ئەمریکا بتوانن دەنگی پێ بدەن. چونکە ئێوە هەرگیز ناتوانن دەنگ بدەن بە شۆڕش کە تەنیا ڕێگەچارەی ئێمەیە و ناتوانن دەنگەکانتان بخەنە سندووقی دەنگدانەوە! ئەم ئاواتە دەبەنە گۆڕ! ئەمە بیرێکی ساویلکانەیە کە وا دەزانن دەتوانن شۆڕش لە سوپەرماڕکێتەکان بکڕن وەک هەزاران شتی بەرخۆرانەی بێبایەخ کە هەموو ڕۆژێک دەیکڕن. شۆڕش قوتووەماسیی ساردین نییە ئازیزەکانم! شۆڕش پێکهاتەی گۆڕانکاری و دێگەردیسی دەروونی مرۆڤەکانە. ئاڵوگۆڕێکە کە لە گۆڕانی جۆری ڕوانین بۆ ژیان و دۆزینەوەی خواوە سەرچاوە دەگرێت. هەر بۆیە چەند میلیۆن مرۆڤ کە تووشی گۆڕان بوون، دەگەیەنێتە خاڵێکی هاوبەش کە شۆڕشێکی گەورە لە کۆمەڵگەی ژیانیانەوە دروست بکەن.

ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کە هیپییەکان توانا و هێزی دروستکردنی وەها گۆڕانکارییەکیان هەیە: خاوەنی نەفسی بەرزن، ڕزگاربوون لە ئێپیستمەی ئەو بوونەوەرە نزمانەی لە کفتەی خڕی بچووک دەچن!  

ئەو دروشمانەی گرووپەکانی تر دەیڵێن، وەک: «بڕۆنە دەر لە ڤێتنام» ئامۆژگاریی باشیان لەخۆ گرتووە، بەڵام ئەوانە ئوستوورەسازی ناکەن. ئەوان دەیانهەوێت ئێوە کارێکی تایبەت نەکەن و تەنیا تابلۆ و پارچەنووسەکانیان بۆ ئەملاولا بەرن. هەر بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی، پێویستی بە ئوستوورە هەیە. پێویستی بە ڕەخنەگرتنی بەردەوام و بوێرانە هەیە و هەروەها بڵاوەکردنی بەردەوامی هەستی ڕزگاری و دڵخۆشبوون. ڕێپێوان و مانگرتنە سیاسییەکان کە دژ بە شتێکن، دەبێ لەخۆگر و ئاوێتەی جۆرێک شادمانی بن و خەڵک خەیاڵاوی و فانتێزی بکەن. بزووتنەوەی سیاسی، مەعنەوی، پێوەند دەدرێ بە ڕۆحی مرۆڤەکانەوە و بزووتنەوەی هیپیزم لەسەر ئەو باوەڕەیە کە دەتوانێت دنیایەک بخوڵقێنێت کە هەردوو حاڵەتەکەی هەبێت و لە کۆپلەیەکی خەیاڵ و ڕاستەقینەی شادماندا، ڕێگەی دەنگدەربڕین و شۆڕش خۆش بکات.

یەکەم جار کە میدیا ئەمریکییەکان دروشمەکانی ئێمەیان لەناو هەواڵەکانیاندا بیست و دایاننا، بە هەڵە ئەوەیان ڕاگەیاند کە مەبەستی ئێمە لە «کفتەخڕەی ناپیاو» هەر (لیندن جانسن)ی ئازیز بووە! ئەم قسە بێمانایە، چونکە ئێمە عاشقی ئەوین. ئەی بەراز! خۆشمان دەوێیت! کاتێ ئەو پیاوە چاوپۆشی لە کاندیدی تۆڕی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری کرد، ئێمە هەموومان گریاین. «لیندنی ئازیز، ئێمە مەبەستی خراپمان نەبوو نەماندەویست تۆ لە مونافەسەکانی هەڵبژاردندا بڕۆیتە دەر! ئێمە هەرچیمان کرد بۆ تۆ بوو. ئێمە تۆمان خۆشدەوێ، لیندنی ئازیز!» تەنیا جیاوازیی ئێمە لەگەڵ لیندندا ئەوەیە کە ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین ئازادیی جنسی، ئازادیی مادە ئەفیوونییەکان، ئازادیی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی دژکارانە و… هتد، دەبێ کۆمەڵایەتی، ڕەسمی و یاسایی ببێتەوە. بەڵام ئەو یان ئەوان بەردەوام پێمان دەڵێن دەبێ ملکەچ، ترسنۆک، ئۆپۆرتۆنیت و سەرکوتکراو بین. هەی مەرگ بۆ پێشنیازی ئێوە! چاو لە فیلمە هەواڵییەکان بکەن، دڕندەیی لە شەقامەکاندا شەپۆل دەداتەوە. گۆرانیبێژێکی لاوی میوزیکی ڕاک بۆ کەسانێکی وەک (بۆبی کێنێدی)یەکان هەوڵی هەڵبژاردن دەدات، بەڵام کتوپڕ تێدەگات کە لاوە و دەبێ بچێتە بزووتنەوەی دەنگدەربڕانەی هاوتەمەنەکانییەوە. ئێمە خوازیاری هاتنەخوارەوەی تەمەنی دەنگدانین تا ١٤ـساڵان، ئەگەر قبووڵی ناکەن، ئێمە لەگەڵتان بە شەڕ دێین. 

دەبێ هەندێک ئێڵ. ئێس. دی[2] بڕێژینە نێو تانکییەئاوەکەی کۆنگرەوە بۆ ئەوەی ئەندامەکانی کۆنگرە لە خەیاڵدا سەفەرێکی جوانیان هەبێت بۆ دنیایەکی دیکە و تەمەنی دەنگدان تا ١٤ـساڵان بهێننە خوارەوە!

blank
بەراز؛ نوێنەری هیپییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لە ئەمریکا

ئایا لە بیرتان دێت لە کۆبوونەوە ئەفسانەیییەکەی (لینکۆڵن پاڕک)دا هەمان گۆرانیبێژی ڕاک بووە سەرۆککۆمار؟ بەڵام چ قارانج؟ هێزەکانی (سی. ئای. ئەی) و سوپایی و (ئێف. بی. ئای) هەرگیز ئەم دەنگەیان تەئید نەکرد، بەڵام هەزاران (قژدرێژ) کۆشکی سپییان شێواند و شەش کوژراوی لێ بووەوە. هەر لەو کۆبوونەوەیەدا قژدرێژەکان سەرکەوتن و هەموو تەمەن سی ساڵ بەرەو سەرەکانیان بانگهێشت کرد بۆ جێژنی خۆیان و هەموو ڕۆژێک (ئێڵ. ئێس. دی)یان پێ دەدان. هیپییەکان لەسەر ئەو باوەڕەن کە نابێ متمانە بە کەسانی ٣٠ ساڵ بەرەو سەر بکەیت و ئەمە دووبارە دەکەینەوە. 

من جێری ڕوبن، ٤٠ ساڵ تەمەنمە؛ بەڵام جیلی ئێمە دوو جار لەدایک بووە. خودی من یەکەم جار لە ساڵی ١٩٣٨ و جارێکی تر لە بێرێکلی لە ساڵی ١٩٦٤ـدا لە ڕەشەبای خەباتی بزووتنەوەی ئازادیی بیروڕادەربڕیندا لەدایک بوومەوە. کاتێکە دەڵێم: «متمانە بە هیچ کەسی تەمەن ٣٠ ساڵ بەرەو سەر مەکە»، خەریکم سەبارەت بە لەدایکبوونی دووهەمتانەوە قسە دەکەم. بڕێ جار دەبینم کە کەسێکی ٤٠ـساڵە پێم دەڵێ: «باشە، وا بزانم من ناتوانم ببمە ئەندامی بزووتنەوەکەی ئێوە»، وەڵامی من ئەمەیە: «مەبەستت چییە؟ تۆ دەتوانیت هەر دوێنێکە لەدایک بووبێتی، ئەمە ڕۆحی تۆیە کە لەدایک دەبێت نەک جەستە گەمژەکەت!»

بێرتراند ڕاسێڵ نەوەدساڵانە و ڕێبەری ئێمەیە. سڵاوت لێ بێ بێرتراندی چکۆڵە! 

لە کۆمەڵگەی هیپییەکاندا هەرکەس پۆلیسی خۆیەتی. کاتێ هەموومان ئازاد بین، چ پێویست دەکات ستراکچێرێکی بورۆکراتیک و توندوتیژانە بە ناوی (ئێف. بی. ئای) بوونی هەبێت؟

من خۆم لە شوێنە گشتییەکاندا ماریوانا ناکێشم. ترس لە گرتن و بردن تەنها هۆی منە. وەی چەندەم پێ خۆشە لە مێترۆدا ماریوانا بکێشم! بەڵام من باوەڕم بە ئازادی هەیە. ئازادی بۆ دیتران. جێری ڕوبن پۆلیسی خۆیەتی. ئەو شتەی کە دەبێ قەدەغە بکرێت خودی (قەدەغەکردن)ـە. یاسا دەستکردەکان دەبێ بشکێندرێن؛ ئەو یاسایانەی خۆمان بۆ خۆمان کێشاومانە.

بڕواننە مێژووی ئەمریکا. ئەم وڵاتە چۆن دروست کراوە؟ مەگەر ئەوە ڕاست نییە کە کۆیلەکان ئەمریکایان کرد بە ئەمریکا و ئێمە ئێستا قەرزداری چەند میلیۆن ڕەشپێست/ کۆیلەین؟ لە کتێبەکانی مێژووی قوتابخانەکانی ئێمەدا، جەنایەتە گەورەکانی ئەژدادمان، بە وشەگەلی بەئەدەبی وەک کاپیتاڵیزم و فیوداڵیزم پاساو کراوە، بەڵام حەقیقەت لەوپەڕی ئەم وشە جوان و کەشخانەوەیە. هیپییەکان خۆیان بە بەرپرس دەزانن بۆ دووبارە پێناسەکردن و دۆزینەوەی ماناگەلی قووڵ و ڕاستەقینە کە لەپشت ناو و سیفەتەکانەوە ئامادەیە.

هەر ئێستاش کۆیلەیەتی لە سیستەمی سەرمایەداریی ئەمریکادا بە شێوەیەکی تازە لە گەڕیاندایە. بەم حاڵەوە دەوڵەتی ئەمریکا نکۆڵی لەوە دەکات و بەردەوام لە میدیاکانیدا باس لەمە دەکات: «خەڵک بە هۆگرییەوە کار دەکەن و هەر بەو پێیەش پارە و مووچەی شیاو وەردەگرن». خەڵک! کام خەڵکە؟ ئایا مەبەستیان ئەو هاووڵاتییە هەژارانەیە کە بۆ کۆکاکۆلایەک و مەکدۆناڵدێک لە بەیانییەوە تا شەو توێخییان لێ دەبێتەوە، یان ئەو دەوڵەمەندانەی لە کۆشکەکان و پاپۆڕە گەورەکانیاندا، چەند کاتژمێر (حەمامی هەتاو) دەگرن؟ ئەوکاتەی من لە ئەمریکا لەدایک بووم، هەمیشە سەر مێزەکەمان چێشت ئامادە دانرابوو، ماڵێکیش هەبوو تیایدا بژیم. بەڵام زۆربەی ئەو منداڵانەی کە لە ئاستی جیهاندا لەدایک دەبن، دەموچاویان بێڕەنگە یان زەردهەڵگەڕاوە لە برسییەتی و سەرمابوردەییدا. ئێمە و ئەوان چ جیاوازییەکمان هەیە؟ باشتر وایە ئەم پرسیارە، ئەو بەرازە قەڵەوە سپییە خرپنانە لە خۆیانی بکەن. ڕەنگە قەتیش نەزانن کە هۆی نەفرەتێکی جیهانی لە ئەمریکا چییە. دوژمنی ڕاستەقینەی ئێمە هەر ئەم پارە ١٠٠ دۆلارییەیە کە لە دەستمدایە. ئەگەر ئێستا شقارتەم پێ بوایە پیشانم دەدان کە چۆن لەبارەیەوە بیر دەکەمەوە و دەمەوێ چی لێ بکەم.

blank
هیپییەکانی ئەمێرکا لە فلۆریدا، بەهاری ساڵی ١٩٦٨

دیسان بیرەوەرییەکی دیکە! ئێمە چووین بۆ بازاڕی بۆرسەی نیویۆڕک. هەر ئەو (واڵ ستریت)ـە بەناوبانگ و بەزیادنەبووەوە. گیرفانەکانمان پڕ کرد لە دۆلار، مەبەستیشمان ئەوە بوو دۆلارە ڕاستییەکان بڕێژین بەسەر ئەو بۆرسەبازانەی لە خوارەوە، لە هۆڵی سەرەکی خەریکی کڕین و فرۆشتنی بەشە میلیاردییەکانیان بوون. پاسەوانەکە ئیزنی چوونەژوورەوەی نەدەدا و بە کامێرای ناوخۆیی و ئایفۆن پێی وتین: «ئێوە هیپین و هاتوون لێرە ڕێپێوان ڕێک بخەن.»

  • هیپی؟ ڕێپێوان؟ ئێمە جوولەکەین و هاتووین هۆڵی بۆرسە ببینین!

کاتێ چووینە ژوورەوە، گەیشتینە قاتی سەرەوەی هۆڵ و دۆلارەکانمان وەک باران هەڵڕژاند بەسەر بەشدارەکانی بۆرسەدا. خۆزگە لەوێ بوونایە و ئەوەتان بدیایە کە چۆن وەک ورچێکی دڕندە کە کەروێشک ڕاو دەکات، بۆ وەچنگهێنانی دۆلارەکانی هیپییەکان هێرشیان دەکردە سەر یەکتر. لە ئاکامدا بەرپرسانی (واڵ ستریت) تەلەفۆنیان بۆ هێزەکانی پۆلیس کرد. ئەوەتان لە بیر نەچێت پۆلیس لایەنی هەمیشەییی هەر جۆرە بزووتنەوە و جووڵەیەکە. هەمیشە ڕۆڵێکیان بۆ دانراوە. پۆلیس گەرانتی لەبەرچاوگرتنی یاسایە! پۆلیسەکان ئێمەیان فڕێ دایە دەرەوە.

نیوەڕۆ بوو. بۆرسەبازەکان بە جانتای چەرم، قات و پاپیۆنی گەمژانەوە، ڕۆژنامەیەکی (تایمزی ئابووری)ی لەبن باڵ و ترسی بەردەوام لەوەی نەوەک لەو بەشانەدا کە کڕیویانە، هەڵەیان کردبێت. بۆ خواردنی نانی نیوەڕۆ لەوێ هاتنە دەر. ئەوان هەر ئەو کەسانە بوون کە چەند کاتژمێر لەوەپێش وەک سەگ و پشیلە بۆ چەند دۆلار لێکیان دەدا و ئێمە پێکەنین. 

حەوتەیەک دوایی، (نیویۆڕک تایمز) لە هەواڵێکدا ڕایگەیاند کە بازاڕی بۆرسەی نیویۆڕک دیوارێکی شیشەییی دژ بە تەقەکردنی لەنێوان بینەران و هۆڵی سەرەکیدا دروست کردووە. ئەوە پیشاندەری هێزی ئێمە بوو! هەرچی دیواری دژ بە فیشەکیش دروست بکەن و دایبنێن، چارەنووسە ڕێزدارەکەیان ئاکامەکەی هەڵوەشانە. ئابووریی ئەمریکا ڕۆحی نییە. سەقامگیربوونی ئەمریکا پێویستی بە شەڕ و وێرانی لە شوێنەکانی دیکەی جیهاندا هەیە. 

دەوڵەمەندان هەست بە تاوان دەکەن و هەژارەکان فێر دەبن کە چۆن نەفرەتیان لەوان ببێتەوە. کەواتە تاوانبار و داماو لە دژایەتی و شەڕێکی بەردەوامدا بەسەر دەبەن. ئەمە کورتەیەکە لە بارودۆخی پێوەندیی نێوان چینە ئابوورییەکان لە ئەمریکادا. لە حاڵێکدا ئەگەر خاوەن سەرمایە و تەکنەلۆژییە تازەکان هێز و توانایان بخەنە خزمەت نیازە ڕاستەقینەکانی مرۆڤەکانەوە نەک بەدەستهێنانی قازانج و بە دوای ئەوەدا جەنایەتی زۆرتر، خەڵکی جیهان لە برسێتی ڕزگاریان دەبێت. بەڵام ئێمە دەبێ ڕیالیست بین و ویستی ئەستەممان نەبێت. دەبێ داوای نان، ماڵ، جلوبەرگ، دەرمان و تەلەڤیزیۆنی ڕەنگی بکەین بۆ هەمووان! دەبێ یاساکانی کار گۆڕانێکی ناوەڕۆکییان بە سەردا بێت. ئیشکردن نەک بۆ پارە. بۆ خۆشەویستی، بۆ داهێنەرایەتی و بەرابەری. ئەگەر ستراکچێری ئابووریی سیاسیی ئەمریکا لە بنەڕەتەوە بگۆڕدرێت، هاووڵاتییە داگیرکراوەکانیشی تووشی گۆڕان دەبن. بە باوەڕی ئێمە کۆمەڵگەی ئەمریکا بەهۆی کاریگەرییەتی لەژێر ئەندێشەی مەسیحیی پیوریتینی/ سەرمایەداری و دەمارگرژی لە حاست ئەوەدا نیگایەکی نێگەتیڤی بۆ مرۆڤ هەیە. نیگایەک کە لەوێدا مرۆڤ بوونەوەرێکی پیسە و کۆمەڵگەی مرۆڤ شەیتانییە و هەروەها هاووڵاتییان دەبێ بەپێی چوارچێوە و یاسای (پاداشت و سزادان) بە زۆر بخرێنە هەوڵ. لە حاڵێکدا کە ئێمە وەک جیلێکی نوێ کە لە ئاسایشدا پەروەردە بووین و بە مادە ئەفیوونییەکان خاو دەبینەوە و لە سەفەرێکی دەروونیدا بۆ داهاتووی بەردەممان گەشبینین، لەگەڵ پیوریتینە دیکتاتۆرەکاندا شەڕ دەکەین. 

باوکەکانی ئێمە یەک ساڵی ڕێک کار دەکەن بۆ ئەوەی دوو حەوتە بڕۆن بۆ پشوودان. هەر لەو کاتەدا ئێمە لە هەموو کات و شوێنێکدا هەست بە ڕۆحسووکی و شادمانی دەکەین. ئێمە خوو بە مەسیحییەتی سەرمایەدارانەی ئەمریکایییەوە ناگرین کە لەسەر ئەو باوەڕەیە ئەگەر مرۆڤەکان باش ژیان بەرنە سەر، پاش مردن دەڕۆن بۆ بەهەشت؛ بەڵام ئێمە چاوەڕوانی مەرگ نابین و بەهەشت دەهێنین بۆ ئێرە. ئەم شێوە بیرکردنەوەیە ئێمە ناچار دەکات بۆ خوێندنەوەی وانە ناچارییەکان، بەڵام ئێمە بۆ دەرەجەوەرگرتن ناچینە قوتابخانە. دەرەجە و شەهادەی خوێندن وەک کریدیت کارت وایە و تەنیا بۆ سووتاندن دەبێت، وەک ئەو سەد دۆلارییەی کە سووتاندم!

نیشانەکانی قەڵشتی نێوان جیلەکان لە کۆمەڵگەی ئەمریکادا هەر لێرەوە دەردەکەوێت. لە ئەمریکادا  شەڕێکی بێدەنگ لەنێوان تەمەن سی ساڵ بەرەو سەرەوەکان و تازەلاوەکاندا، سەری هەڵداوە. هەڵبەت ئەم شەڕە لە دەڤەری ئابووریدا نموودی نییە، چونکە ئابووریی ئەمریکا هەر لە بنەڕەتەوە خۆی بێنیاز کردووە لە داهێنەریی لاوەکان و هەموو شتێکی هەر لەوەپێش بۆ خۆی دابین کردووە. بەڵام ئەو شەڕەی باسم کرد، لە سیاسەتی دەرەکیدا خاوەنی زۆر نیشانەی ئاشکرایە. بەساڵاچووەکان لەسەر ئەو باوەڕەن کە لاوان دەبێ بچن بۆ شەڕی ڤێتنام و بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەوان بکوژرێن. ئەوان بۆ ڕەونەقە ئابوورییەکەیان پێویستیان بە قوربانی هەیە. وڵاتی ئێمە ئەمەیە: با خۆیان لە ناوخۆیاندا بمرن! مەرگ بۆ هەر جۆرە کریدیت کارت و شتی تری لەم شێوە! ئێمە نامانهەوێ ببینە قوربانی بۆ مەبەستەکانی ئێوە. 

ئەم قەڵشتە لەنێوان لاوان و باوک و دایکەکاندا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قووڵتر دەبێت.لاوە سپیپێستەکان لە بنەماڵەکانیان هەڵدێن و دەیانهەوێ سەری خۆیان بەسەر جەستەکانیانەوە ببینن و نەکوژرێن.

بزووتنەوەی لاوانی ئەمریکا بە دوای دروستکردنەوەی شوناسێکی نوێوەیە. ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کە دەبێ لە نۆرمەکانی چینی ناوەندی لا بدەین کە لەلایەن خاوەندەسەڵات و پارەکانیانەوە دانراوە. قوتابخانەکانیان بەجێ بێڵین و کۆمەڵ و ئەنجوومەنی نوێ ساز بکەین. بڕوانن! ئێمە بووین بە (زنجییە نوێکان – New Niggers)ـەوە.

بۆ سەفەرکردن بەرەو واشنتن سواری فڕۆکە بووم. کتوپڕ میواندار هات بۆ لام و وتی: «تۆ ناتوانی بەم فڕۆکەیە سەفەر بکەیت.» پرسیم: «بۆچی؟!» وتی: «چونکە بۆگەنت لێ دێ!»… «بۆگەنت لێ دێ.» ئەمە هەر ئەو ڕستەیە کە بە ڕەشپێستانی دەڵێن؛ بە براکانمان. بیرتان دێتەوە؟ ئەوان لەوەپێش ڕەشپێستەکان و ئێستاش ئێمەیان بەم ناوە بانگ دەکەن. دەڵێی قوفڵ لە دەمیان دراوە بۆ وتنی هەر ڕستە و ناوێکی تر. ئەوان پێوەندیی نێوان ئێمە: قژدرێژەکان، بە سووکایەتیکردن بە ئەمریکا دەزانن. بڕوانن! کۆمەڵگەی ڕەگەزپەرستی قژکورتی سپیپێست لە قژدرێژەکان دەترسێ. خەتای ئەوان نییە، ئەوان کوێرن، چونکە لە ڤێتنامیش کاتێ ئەمریکا بە بۆمب خەڵک دەکوژێ، ئەوان هیچ نابینن چونکە کوژراوەکانی ڤێتنام ڕەنگی پێستیان قاوەیییە. 

قژدرێژبوون بۆ ئێمە سیمبولی یەکیەتییە. ئێمە بەم سیمبولەوە لە خەڵکی تر جیا دەکرێینەوە. ئێمە وەک زاڵمەکان سپیپێستین بەڵام قژی درێژمان ئێمە بەیەکەوە پێوەند دەدات و وەک قاپووت وایە بۆ چوونەژوورەوەی کلوپی نەیارانی بارودۆخی هەبوو.

زۆر جار بنەماڵەگەلێکمان دیوە کە لەناو سەیارەدا، دایک و باوک لە پێشەوە دانیشتوون، منداڵە قژدرێژە ١٤-١٥ـساڵانەکەیان لە پشتەوە، بە دەست هێمای (V) واتە سەرکەوتنم بۆ دەنێرێ. ئەمە هەر ئەو گۆڕانکارییەیە کە پێشتر ئاماژەم پێ کرد. بزووتنەوەی ئێمە توانیویەتی فەرهەنگی نهێنی و ژێرخانی خۆی بخوڵقێنێت و ڕایەڵەیەکی پێوەندیی تایبەت بتەنێت. ستراکچێری بنەماڵەیەکی تازە کە کەس لەوێدا هەست بە غوربەت ناکات. هەر ئەم شوناس و ڕەچەڵەکە نوێیە نێوانێکی قووڵی لە بەینی ئێمە و ڕێکخراوە ڕەسمییەکاندا پێک هێناوە، لە بنەماڵەوە بگرە تا پۆلیس.

کاتێ بەر لە ڕێپێوانی شیکاگۆ، پۆلیس هێرشی هێنایە سەر ماڵی من، ئەویش بۆ دۆزینەوەی ماریوانا، ڕێک لەو سەربازە ئەمریکییانە دەچوون کە هێرش دەبەنە سەر گوندێکی ڤێتنام! ئەوان منیان لەگەڵ خۆیان برد و لێپرسینەوە دەستی پێ کرد. دەڵێی لە مەریخەوە هاتبێتم: 

  • ئایا ئێوە هیپییەکان پێوەندیی سێکسیتان هەیە؟
  • کاتێ ئێڵ. ئێس. دی بەکار دەبەن چ هەستێکتان هەیە؟
  • ئایا ڕاستەوخۆ پێوەندیتان لەگەڵ ڤیتکۆنگەکاندا هەیە؟

و… هەموو ئەم پرسیارانە پیشاندەری ئەوەیە کە نەوەی ئێمە ناتوانێت لەگەڵ نەوەی بەر لە خۆی پێوەندی پێک بهێنێت. گێڕانەوەی ئێمە لە ژیان جیاوازیی زۆری هەیە لەگەڵ ڕوانگەی ئەوان بۆ ژین. دەرد و ئازاری دایک و باوکەکانمان لە شەڕی جیهانیی دووهەمدا، ئەوانی کردووە بە ماشینی قوڕمیشکراو و فەرمانبەر. ئەوان کۆکاکۆلا دەخۆنەوە و هەست بە بەختەوەری دەکەن، لە کاتێکدا کە سەربازە ئەمریکایییەکان لە ڤێتنام خەریکی جەنایەتکردنن. ئەوان وێنەی قارەمانەکانیان پاش گەڕانەوە لە جەنگ لە ماڵەوە دەهێننە بەرچاو.

لە شیکاگۆدا ٥٠٠٠ هیپی کۆ بوونەوە بێ چەک و تەنیا چەکیان پێستی جەستەیان بوو کە هەڵبەت بە دەستی پۆلیس هەنجن هەنجن کران. پۆلیسەکان بە تانک، سەگ و گازی فرمێسکهێنەر، تفەنگ و تەقەکردن و… هتد، هێرشیان کردە سەرمان و ئێمە هێشتا نەمانزانیوە کە ئەوێ باشووری ڤێتنام بوو یان باکووری شیکاگۆ؟

بزووتنەوەی هیپیزم کە لە ساڵی ١٩٦٤ـەوە هەتا ١٩٦٨ لە تەشقدا بوو، توانی ئیماژە زەینییەکانی چینی ناوەندیی ئەمریکا لەبارەی وڵاتەکەیانەوە تێک بشکێنێت. ئەمڕۆ تەواوی لاوەکان کە دەڕۆن بۆ قوتابخانە، وەک شوێنی ڕێکخستنی ڕێپێوان و مانگرتن چاوی لێ دەکەن. دەنگدەربڕین دژی بارودۆخی هەبوو، بووەتە ئایینێکی نوێ لە حاست وانەکانی مەسیحییەتی دەمارگرژانە و لە خۆدژوارگرتندا. 

هەرگیز بیرمان ناچێتەوە ئێمە میزمان کرد بە دیوارەکانی پێنتاگۆندا! باخچە ڕازاوەکانمان کرد بە خەڵووز. دەتگوت لە پێنتاگۆن، ڕێک لە ناوەڕاستی واشنتندا تۆفان هەڵی کردووە! هەر سەربازێک بەرەو لامان دەهات تفەنگە (82-Air born)ـەکەیمان بە گوڵێکەوە دەناردەوە. کۆبوونەوەی حیزبی دیموکراتیش فەرامۆش ناکەین. هەرگیز لە بیرمان ناچێتەوە کە چۆن لە یەک شەودا ئوستوورە پتەوە ئەمریکایییەکان ڕووخان و ئوستوورە نوێکان شەوانە سەریان هەڵدا. خەتا لە ئێمە نەبوو! هەڵەی تەلەڤیزیۆن و میدیاکان بوو کە زەینی وەرگرەکانیان گەڕاڵکردبوو! نوێنەری کۆنتڕۆڵ ببوو بە دژی خۆی. لە کۆمەڵگەیەکدا کە چاپەمەنییە سەربەخۆکان سەرکوت کرابێتن، تەلەڤیزیۆن بەو ڕێکلامە قێزەونانەیەوە تۆوی نەفرەت دەچێنێت. دەوڵەتی ئەمریکا پاش ڕێپێوانی قژدرێژە خوێندەوارەکان، هەوڵی بۆ ئەوە دا کە ڕاستییەکان پێچەوانە بنوێنێت. ئەوان دەڵێن لاوان کە گەورە بوون دەبێ ببنە ئاگرکوژێنەوە، پۆلیس، مامۆستای زانکۆ،نێرس و… هتد، بەڵام من دەمهەوێ کاتێ گەورەتر بووم مێژووم دروست کردبێت. مێژوویەک کە تێیدا جەنایەتی پۆلیس مەحکووم بکرێ نەک پیرۆز بنوێندرێت! بەڵام بەم حاڵەوە تەلەڤیزیۆنەکانی ئەمریکا ڕاپۆڕتی ڕێپێوانیان پچڕاند و دەستیان تێ وەردا و جێبەجێکارەکان وتیان هەندێ ئاژاوەچی، شارەکەیان داوە بە یەکدا. ئاکام بوو بە چی؟ چەند میلیۆن مێرمنداڵ و لاوی ئەمریکایی، ئاواتیان خواست لە جێی ئەوان بوونایە. شارەداری (دی. لی) فەرمانی دابوو کە فیلمی ڕێپێوانی شیکاگۆ بە چاودێریی ئەوەوە بڵاو بکرێتەوە. لە فیلمەکەدا ئەوە پیشان درا کە پۆلیسە دڕندەکان چۆن هێرشیان بردە سەر ئێمە. شارەداری گەمژە وای دەزانی ئەوە نیشانەی دەسەڵاتداریی ئەمریکایە. لە بەشێک لە فیلمەکەشدا، پۆلیس خەریکە گازی فرمێسکهێنەر فڕێ دەدات بۆ ئێمە و لاوێکی ئێمەش یەکێ لە فیشەکەکان هەڵدەگەڕێنێتەوە بۆ پۆلیس. ئەوە بەڵگەی جەنایەتی ئێمە بوو! بەڵام ئایا شارەدار قەت بەوەی زانی کە زۆرێک لە منداڵانی ئەمریکا خۆیان لەگەڵ ئەو لاوە هیپییە بە یەکێک زانی؟ بێژەری تیڤییش هەژابوو، بەڵام ئەو فەرمانی پێ درابوو کە بڵێ ڕێپێوانەکە لەلایەن کۆمۆنیستە وابەستەکانی یەکیەتیی سۆڤیەتەوە ڕێبەرایەتی کراوە. کۆمۆنیزم؟! کێ لە ئەمریکا لەبارەی کۆمۆنیزمەوە شتێک دەزانێت؟ ئەم ڕستە بۆ هاووڵاتییان هێندە نامۆیە کە هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ ئەوەی کە بوترێت: ڕێپێوان لەلایەن کۆنفوشیووسەوە بەرنامەڕێژی کرابوو!

ئێمە کۆمۆنیست نین. هیپییەکان نەفرەتیان بەرامبەر بە ستالینیزم هەیە. ئێمە لەبارەی ڕوانگەکانی ئەو و هەڵبەت جەنایەتییەکانییەوە، زۆر شتمان خوێندووەتەوە و هەر ئەوەش هۆی نەفرەتی ئێمەیە. ئەو ناتوانێ ئێمە بهەژێنێت، بەڵام فیدێڵ [کاستڕۆ]! فیدێڵی گەورە کە شۆڕشی ١٩٥٩ـی هاڤانای خوڵقاند، بۆ ئێمە شایەنی ڕێزە. 

بێژەرەکانی تیڤی شتی دیکەشیان وت، بۆ وێنە: «ئەوان ئانارشیستن.» بەزیادنەبووانە ڕاستیان دەکرد! ئێمە ئانارشیستین. مەگەر دەکرێ لە وڵاتێکدا کە بەپێی بورۆکراسییەکی داڕماو و ماندووکەرەوە ئیدارە دەکرێ. ئانارشیست نەبین؟

تەواوی چوارچێوە ڕەسمییەکان، هەر لە بنەماڵەوە بگرە هەتا کۆشکی سپی، بەردەوام پێمان دەڵێن: «ئەم کارە بکە، ئەو کارە مەکە!» گەشەکردن لە ئەمریکادا مانای ئەوەیە کە فێر ببێت چۆن فەرمانبەری یاسا سەرکووتکارەکان و “دەبێ” و “نەبێ”کان بێت. بەڵام هیپییەکان لەسەر ئەو باوەڕەن کە مرۆڤ ئازادە هەرچۆن حەز دەکات ڕەفتار بکات. بێژەر هەر ناوێکی پێ خۆشە با لێمان بنێت: ئانارشیست، کۆمۆنیست و هەر دەرد و ژەهرەمارێکی تر. 

شوێنی شەڕی ئێمە لەگەڵ بارودۆخی هەبوودا پانتاییی زانکۆیە و لاوە سپیپێستەکانی چینی ناوەندی کە نەفرەتیان هەیە لە ڕەچەڵەکی خۆیان؛ ئەوانە گرنگترین سەرمایەی ئێمەن.

ئەگەر لە یەک ڕۆژدا ١٠٠٠ زانکۆی ئەمریکا هاوکات و بە پڕۆگرامی گشتییەوە لە هەموو وڵاتدا پۆلەکانی وانە دابخەن، ئێمە دەتوانین لە کۆنفرانسێکی هەواڵنێریدا، سەرۆککۆمار ناچار بکەین بۆ قبووڵکردنی پەیمانی ئاشتی و وتووێژ لەگەڵ ڤیتکۆنگەکاندا. لاوە ئەمریکایییەکان بەڕادەیەکی زۆر و بە کاتژمێری زۆر و کاتی درێژخایەن و بەشێکی گرنگ لە تەمەنی خۆیان لە بەندیخانەیەکدا بە ناوی (قوتابخانە) و (زانکۆ) بە سەر دەبەن. قوتابخانە و زانکۆ بەشێکی گشتییە لە بەندیخانەیەکی گەورە بە ناوی ئەمریکا.

یاساکانی زانکۆ بهێننەوە یاد: 

ڕێز بۆ مامۆستا دابنێن.

لەسەر جێگەکەتان ڕێک دانیشن.

ڕامەکشێن.

هەست بە ئارامی مەکەن.

قسە مەکەن.

جلەکانتان دامەکەنن.

بهێڵن ئەندێشە فەرمان بە جەستەتان بدات. 

بۆچی قوتابخانە و زانکۆکان دەبێ بە شێوەیەکی دیکتاتۆرانە ئیدارە بکرێن؟

سەرەکیترین مەبەستی فێرکاری و ڕاهێنان لە ئەمریکادا، ملکەچکردنی لاوان بۆ وەرگرتنی هەستی بەرپرسایەتی و لەبیرکردنی هێزی داهێنەری و ئەویندارییە. لاوان دەبێ خۆیان لەو بەندە ڕزگار بکەن. چۆن دەکرێ لە وەها شوێنێکی دیکتاتۆرانەدا گەشە بکەیت؟ قوتابخانە و زانکۆ هیچمان پێ زیاد ناکەن. هیپییەکان لەسەر ئەو باوەڕەن کە شوێنە فێرکارییەکانی ئەمریکا دەبێ لە شێوەی دیکتاتۆرانەی خۆیان بڕۆنە دەرەوە و بەپێی مێتۆدی دێمۆکراتیک، سیستەماتیک ببنەوە. بەپێی میتۆدی ئێمە، مامۆستا نەک خاڵی سەنتەر، بەڵکوو یەکێک دەبێ لە پاژەکانی ئەو سیستەمە. سیستەمێک کە لەوێدا هەمووان دەبێ هاوکات هەم فێر ببن و هەم فێر بکەن. دەبێ بە هەر شێوەیەک بێت ئەم دیسپلینە دیکتاتۆرانەیە تێک بدرێت. دەبێ لە ناوەڕاستی لێدوانی ماندووکەر و مەلوولهێنەری مامۆستادا هاوار بکرێت، بێدەنگی بشکێندرێ و ئیزن نەدەین کە پڕۆگرامی (شۆردنەوەی مێشک) لەلایەن مامۆستاکانەوە بە ئاکام بگات. ئەزموونی تاکیی من ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەم کارە ئەستەم نییە. چوار کەس لە ئێمە چووینە یەکێک لە پۆلەکانی زانکۆی بێرێکلییەوە، لە ناوەڕاستی پۆلدا دانیشتین. مامۆستا خەریکی لێدوان لەبارەی (تەکنیکەکانی بیرکردنەوە)وە بوو. بیرکردنەوە! ئێمە کراسمان داکەند، ماریوانامان کێشا و دەستمان بە ڕابواردن کرد. خوێندکاران جاڕز بووبوون. کاتژمێرێک تێپەڕبوو، مامۆستا درێژەی بە قسەکانی دەدا، دەتوت هیچ نەبووە. لە ئاکامدا کچێکی خوێندکار پێی وتین: «ئێوە خەریکە هۆشمان دەترازێنن، تکایە یان جل لەبەر بکەن یان لێرە بڕۆنە دەر». مامۆستا وتی: «من لەگەڵ ئەم خانمەدا هاوڕام، ئەگەر ئێوە لێرە نەبن کە قسەکانم ببیستن…» ئێمە هاوارمان کرد: «تۆ ناتوانی بیرکردنەوە لە خۆشەویستی جیا بکەیتەوە، ئێمە خەریکی بیرکردنەوەین.» مامۆستا وتی: «لەم پۆلەدا وانە دەڵێمەوە.» تووڕە بووبوو، ئاکامی لۆژیکیی ئەوەش ئامادەبوونی پۆلیس بوو! بەڵام مامۆستا لە پۆلەکەیدا لەم خوێندکارە ملهۆڕە ڕیاکارانەی نەبوو کە ئێمە بکاتە دەرەوە، ئاخری پۆلیسەکان هاتن و ئێمەیان خستە دەر. ئەمانە گشتی پیشاندەری دیسپلینی دیکتاتۆرانەی زانکۆکانی ئەمریکایە. مامۆستا لە پۆلدا هەست بە خوابوونی خۆی دەکات و باوەڕ بەوە ناکات چەند قژدرێژێک پرسیاری لێ بکەن یان هاوار بکەن. 

ڕۆحی سوکرات لە قەبرەکەیدا دەلەرزێت!

لە زانکۆی بێرێکلی بە مامۆستای فەلسەفەم وت کە زۆربەی خوێندکارەکان لەو عاقڵترن. ئەو وەڵامی دایەوە: «بەڵام من بەرپرسی گوێستنەوەی زاناییم بۆ ئێوە.» گوێستنەوەی زانایی؟ زانایی چییە؟ چۆن بژی، کەڵکوەرگرتنی ئازادانە لە مادە ئەفیوونییەکان، شۆڕشکردن، ڕزگارکردنی زیندانییەکان لە زیندان، شەڕکردن لەگەڵ ئێف. بی. ئای. 

کاتێ ئاغای پڕۆفیسۆر قاتی بەر و بۆینباخەکەی داکەند و هاتە ڕێپێوانەکەمانەوە، من پێم وت لەم کاتە بە دواوە، ئەو دووبارە لەدایک بووەتەوە و برای خۆمانە. بەهۆی دیسپلینی دیکتاتۆرانەی شوێنە ئەکادیمیکەکانی ئەمریکاوە، جۆرە بزووتنەوەیەکی دژ بە ڕۆشنبیری خەریکە پەرە دەستێنێت. مامۆستاکان خۆیان لە پێگەیەکی بەرزتر و بەرجەستەدا دەبینن و هەر ئەوەش هۆی نەفرەتی خوێندکارانە لەوان. زانکۆکانی ئەمریکا وەک ژوورێکی شووشەیی وان کە ناتوانن ئەزموونە ڕاستەقینەکانی ژیان، وەک ئازار، شەڕکردن، ئەوینداری و… هتد بقۆزنەوە بۆ خوێندکاران. مامۆستاکانیش وەک درگاوانەکانی ئەم ژوورە شووشەیییە هەوڵ دەدەن کە ڕاستییەکان لە قاڵبێکی بێمەترسی و بێکاریگەریەتیدا بخەنە نێو کتێب و لێدوانەکان و بیانگۆڕن، بێ ئەوەی بۆ وەرگرەکانیان دەرک بکرێت و لەمس بکرێت؛ وەها کە نە شیشەکە بسووتێ نە کەبابەکە. هەم گوتبێتیان و هەم نەیانگوتبێت. هەر بۆیە هیچ شتێک لەبارەی ژیانی ڕاستەقینەوە لە زانکۆکاندا فێر ناکرێت، زانکۆ ڕێک وەک دادگە یان بەندیخانەیەکە، تەنیا کات بە فیڕۆ دەدات و دەرفەتی ژیانی ئازاد لە ئێوە دەستێنێت. هەرچی لە سەردەمی قوتابخانە و زانکۆ فێری بووم، هەر ئەوەندە بوو کە چۆن دەکرێ گورز لەو سیستەمە بوەشێنی، چۆن ڕیا بکەیت و لەژێر باری ئەرکە زۆرەملێیەکان هەڵبێیت. بەڵام لە ژیانی دووبارەدا فێر بووین کە ژیانی ڕاستەقینە بێوەڵامە. لە ڕاستیدا لە ژیاندا، تەنیا خودی پرسیارکردن ڕەسەنایەتی هەیە و نابێ چاوەڕوانی وەڵام بیت. بەڵام لە زانکۆ و قوتابخانەدا، پرسیارەکان و وەڵامەکانیان لەوەپێش داڕێژراون. 

بە وازهێنان لە زانکۆی بێرێکلی (نا)م وت بە داهاتوویەکی یەکجۆر و یەکشێوە. بزووتنەوەی هیپییەکان لەسەر ئەو باوەڕەیە کە پێوەندیی ڕاهێنان و پەروەردە دەبێ دیسان پێناسە بکرێتەوە و دووبارە ساز بکرێتەوە، هەرچەند ئێمە دەزانین هۆگرانی بارودۆخی هەبوو پێمان دەڵێن: «ئەگەر ئێرەتان پێ خۆش نییە دەتوانن بگەڕێنەوە یەکێتیی سۆڤیەت». بەڵام دەبێ لە حاست ئەم توانج و گوشارانەدا خۆڕاگر بیت. هیچ گومانم لەوەدا نییە کە ستراکچێری بورۆکراتیکی زاڵ بەسەر زانکۆکانی ئەمریکادا، ئیزنی دژایەتیکردنی بارودۆخی هەبوو نادات، بەڵام بزووتنەوەیەک کە لە باوەڕەکانیدا باوەڕی بە پێویستیی گۆڕانکاری هەیە، لەم بەرگەوە تێپەڕ دەبێت. 

هیپییەکان لە ساڵی ١٩٦٨ـدا چوون بۆ شیکاگۆ. فێستیڤاڵی هەڵبژاردنی حیزبی دیموکرات بوو. کتوپڕ بە (فێستیڤاڵی ژیان)ی هیپییەکانەوە ژێروژوور کرا. من ئەو کۆبوونەوەیەی دیموکراتەکانم ناو نابوو (کۆبوونەوەی مەرگ) و هەر بۆیە فێستیڤاڵەکەی من ناو نرا: فێستیڤاڵی ژیان. 

ڕووداوەکان لێرەوە دەستیان پێ کرد کە (مارڤین گارسۆن) سەرنووسەری (سان فرانسیسکۆ ئێکسپرێس تایمز) پێشنیاری کرد چالاکوانانی هیپی لە فێستیڤاڵی ژیان، بۆ پیشاندانی دژایەتییان بەرامبەر شەڕی ڤێتنام، بەرازێک کاندید بکەن بۆ هەڵبژاردنەکان؛ بەرازێک بە پلاکارد و قات و پاپیۆن و هەرچی کە کاندیدێکی سەرۆککۆماری ئەمریکی پێویستیەتی! بیرۆکەیەکی سەرنجڕاکێش بوو. بۆچی ئەو خەڵکەی دەنگ بە بەرازە گەورەکان دەدەن ئەمجارە دەنگ بە بەرازێکی تازەباڵغبوو نەدەن؟ ئاوەها بڕیار درا ڕێک لە بەرامبەر شوێنی کۆبوونەوەی حیزبی دیموکرات، کە بەرازی گەورە لێدوانی ئاراستەی هۆگرانی دەکرد، بەرازی هیپییەکانیش بۆ بەشدارانی فێستیڤاڵی ژیان قسە بکات! بنەڕەتی ئەم کارە دەگەڕایەوە بۆ باوەڕەکانی بزووتنەوەی هیپیزم. هیپییەکان دژ بە کوشتنی ئاژەڵان و کردنیان بە ساندویچی هۆت دۆگن؛ ئێمە ڕووەکخۆرین! 

لە ئاکامدا ئاغای (بەچکەبەراز)مان وەک کاندیدی هەڵبژاردنی سەرۆککۆکاری هێنا بۆ پاڕکی لینکۆڵنی شیکاگۆ. لە ڕێگەدا هێزەکانی پۆلیس هێرشیان کردە سەر ئێمە و ئاغای بەراز زیندانی کرا. بەرازەکە و حەوت کەسیان گرت. باوەڕ دەکەن؟ کاندیدی هەڵبژاردنی ئێمە گیرا! 

دیسان لێپرسینەوە:

  • بۆچی ئەم بەرازەتان هێناوە بۆ شیکاگۆ؟
  • دەی، ئەو کاندیدی هەڵبژاردنەکەمانە!
  • ئێوە بەم کارە سووکایەتیتان بە یاسای بنەڕەتی و خەڵکی ئەمریکا کردووە.
  • کاتێ خەڵکی ئەمریکا شەیتانێکی گەورە بۆ سەرۆککۆماریی خۆیان هەڵدەبژێرن، بۆ نابێ ئێمە چانسی خۆمان بە بەرازێکەوە تاقی بکەینەوە؟
  • قسەکردن لەگەڵ ئێوە بێسوودە.

قسەکردن لەگەڵ ئێوە بێسوودە! ئێمە لۆژیکێکی جیاواز و ڕوانینیکی دیکەمان لەگەڵ ئێوەدا هەیە. ئێوە کە لایەنگرانی شەڕانگێزیی ئیمپریالیزمن. ئێمە لە بناغە زەینییەکانی ئێوە دابڕاوین. ئەم بەرازە بە ڕاستی کاندیدی ئێمە بوو، دەبێ هەرچی خێراتر ئازادی بکەن بۆ ئەوەی بتوانێ بەشداری لە هەڵبژاردندا بکات.  

پڕۆژەی کاندیدکردنی ئاغای بەچکەبەراز زۆر کاریگەرتر بوو لە هەوڵەکانی پێشوومان بۆ هەژاندنی خەڵک بۆ دەنگنەدان بە کاندیدانی حیزبی دیموکرات. بەرازەکەی ئێمە بە ڕاستی توانی کاریگەرییەکی قووڵ لەسەر فەزای گشتیی کۆمەڵگە دابنێت. ئەویش لە کۆمەڵگەیەکدا کە خۆی بۆ دەنگدان بە سیناتۆر (مەککارتی) ئامادە کردووە. ئێمە لە ڕاگەیاندنەکانماندا بەردەوام ئەوەمان دەوت کە سیناتۆر (یوگین مەککارتی)، ناتوانێ ڕیفۆرم بکات لە حیزبی دیموکراتدا و کۆتایی بە شەڕ بهێنێت. ئەمە ئاغای بەچکەبەراز بوو کە ئەم باوەڕەی لە کۆمەڵگەی ئەمریکادا هێنایە ئاراوە.

تا کاتی هەڵبژاردن، ئاغای بەچکەبەراز چەند جار لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە لە نیویۆڕک، سان فڕانسیسکۆ و شارەکان و ویلایەتەکانی دیکەوە گیرا. ئەو چریک بوو! پاش ڕووداوەکانی ئاغای بەچکەبەراز، هیپییەکان ڕایانگەیاند دەبێ کاتی هەڵبژاردنەکان بخرێنە دواوە بۆ ئەوەی دەرفەتێکی تر هەبێت بۆ ئەندێشە سیاسییەکانی دیکەی خوازیار بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن. 

ئێمە لەسەر ئەو باوەڕە بووین چونکە ئەمریکا لە ڕێی کوشتار و شەڕەوە جیهان کۆنتڕۆڵ دەکات، تەواوی ئەو کەسانەی بە هەر شێوەیەک لەژێر کاریگەریی سیاسەتەکانی ئەمریکادان، دەبێ مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردندا هەبێت، تەنانەت ئەگەر خەڵکی ئەمریکاش نەبن. ئێمە ڕامانگەیاند کە تەنانەت ڤێتنامییەکانیش دەبێ بتوانن بەشداری هەڵبژاردنی ئەمریکا بن. بە باوەڕی ئێمە مافی ئەوان زۆر زیاتر لەو دایەگەورە هەشتاساڵانەیەیە کە تەنیا لەبەر بەتاڵیی کات و بۆ خۆغافڵاندن و ڕەنگە بەپێی ڕاهاتن، دەنگ دەدەن و ناشزانن کاریگەریی ئەو دەنگە چەند گەورەیە. هیپییەکان هەرگیز لایەنگریی تایبەت یان نیگای خراپیان بۆ دایەگەورە هەشتاساڵانە ئەمریکییەکان نییە، بەڵام لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەوان هیچ فەڕێکیان بەسەر لاوان و مێرمنداڵانی ١٤ تا ٣٠ساڵان و هەڵبەت ڤێتنامییەکانەوە نییە. لە حاڵێکدا کە ئەمە لاوان و مێرمنداڵانن کە بڕیار وایە ٥٠ تا ٦٠ ساڵی داهاتوو لەم وڵاتەدا بژین. دایەگەورەکان بەرە بەرە دەبێ لە بیری خاچ و عوود و کفن و قەبردا بن. کەواتە ئەمە مافی لاوانە کە داهاتووی خۆیان دیاری بکەن. دایەگەورە هەشتاساڵانەکان هیچ وێنەیەکیان لە داهاتوو نییە، ئەوان تەنیا حەسرەتی ڕابردوو دەخۆن. دایەگەورەکان نازانن یەکێک لە شێوەکانی شەڕ لەگەڵ بارودۆخی هەبوو هەر ئەم بەشداریکردنی ئاگایانەیە لە هەڵبژاردندا. لاوان و هیپییەکان وەک ژێدەرێک بۆ گۆڕانکارییە گەورەکان دەڕواننە هەڵبژاردنەکان.

blank
هیپییەکان سەما دەکەن لە فێستیڤاڵی گوڵمنداڵان، هاوینی ١٩٦٧

زۆر جار ئەمەمان بینیوە کە پیرەکان هەڕەشەیان لە لاوان کردووە کە ئەگەر کۆنسێرڤاتیڤەکان سەربکەون، وەهاتان بەسەر دێنن کە ئێوەی قژدرێژە توندڕەوەکان قەت لە بیرتان نەچێتەوە! (جۆرج واڵاس) پێتان دەڵێ خەریکن چ کارێکی کەرانە دەکەن. (جۆرج واڵاس) کاندیدی نازییەکان و پیرەژنەکان بوو! من چووم بۆ میتینگەکانی هەڵبژاردنەکەی، نازییەکان دەوریان دام و بەڵایان بەسەر هێنام! هەر لەوێ تێگەیشتین کە ئەمە باشترین دەرفەتی ئێمەیە. دەتوانین بە هێنانە ئارای ناوی واڵاس، ڕوخساری داپۆشراو و شاراوەی فاشیزم لە ئەمریکا هەڵبماڵین. ئێمە لایەنگریمان لەو کرد! لە میتینگی هەڵبژاردنەکانی واڵاس لە سان فڕانسیسکۆ، هیپییەکان بەشدار بوون بەو پلاکاردانەی لەسەریان نووسرابوو: «قژیان کورت بکەنەوە»، «بیانگەڕێننەوە بۆ ئەفریقا»، «بە بۆمبی ناوەکی، ڤێتنام بخەنە چاخی بەردینەوە». ئەمە بەزم بوو بەرلەوەی بگەینە ئەو شوێنە، پۆلیس بووە بەرگریی ئێمە! زۆر سەیر بوو! پۆلیس واڵاسی دەپاراست! هەرچۆنێک بوو خۆمان خستە کۆبوونەوەکەوە و پێکڕا هاوارمان کرد: «هایل هیتلەر، هایل واڵاس!» 

واڵاس شێتێک بوو، ئەمریکاش شێتخانەکەی  ئەو.

لەوە بە دوا بڕیارمان دا بە ڕێکخستنی شانۆی سەر شەقام زیاتر واڵاس بناسێنین و بوونی پێویستە. واڵاس ئەو ڕۆحیەتە ڕەگەزپەرستانەیەی دەنواند کە لە ناخ و گیانی گشتیی هاووڵاتییانی ئەمریکادا هەیە و چییەتیی ڕاستەقینەی ئەمریکای پیشان دەدا. 

شانۆ شەقامییەکانی هیپییەکان پێشوازییەکی بێوێنەی لێ کرا. ئێمە لەوێ ڕوخساری واڵاسمان پیشان دەدا، کە خەریک بوو دروشمی: «بکوژن، بکوژن بۆ ئاشتی»ی دەدا و ئێمە ڕۆڵەکانمان دەگێڕا. 

واڵاس دەمامکی بەرازە لیبڕاڵنوێنەکانی لە ئەمریکا باش لابردبوو. هاتنەئارای ناوی ئەو وەک سیمبولی ئەمریکا ئەو خەڵکەی دەهەژاند کە لە هەناسەیەکدا دەیانوت: «ئۆو بەڵێ ئێمە ڕەشپێستەکانمان خۆش دەوێت» و لە هەناسەیەکی دیکەدا دەیانوت: «دەبێ بەر بە جەنایەتە شەقامییەکان بگرین واتە ڕەشپێستەکان بکوژین». 

وە بیر خۆتان بهێننەوە هیو لانگ Hue Long[3] چی وت. وتی: «کاتێ فاشیزم هاتە ئەمریکاوە بوو بە ئەمریکاییزم». 

واڵاس باشترین سیمبول بوو بۆ پیشاندانی نەخۆشیی مەترسیداری ئەمریکا. نەخۆشیی ئەمریکا (هەڵامەت) نییە بەڵکوو (شێرپەنجە)یە. 

واڵاس سیمبولی فاشیزم بوو؛ فاشیزمێک کە لە ناخی لیبڕاڵ-دیموکراسی درۆیینی ئەمریکا سەری هەڵدابوو. لیبڕاڵەکان نەیاندەزانی چی لەم دیاردەیە بکەن. واڵاس بە درۆی خستبوونەوە و ئەوانیش نەیاندەتوانی بیخنکێنن، چونکە هیپییەکان واڵاسیان بەناوبانگ کردبوو. 

دەوڵەتی فیدڕاڵ پارێزەری بۆ واڵاس دانابوو! ئەمە کارەساتە، پۆلیس کە ئەرکی بەڕێوەبردنی یاسای هەیە، کەچی پارێزەری تاوانبارێکە بە ناوی واڵاس! ئێستا دەکرێ لەوە تێبگەین کە بۆچی ڕەشپێستەکان لە شوێنەکانیان پەیمانی برایەتی دەبەستن یان چەک لەگەڵ خۆیان هەڵدەگرن. ئەوان لە ڕۆحی (فاشیزمی دژەڕەش) دەترسن. کەواتە لایەنگرییان لێ بکەن کاتێ پۆلیس لەجیاتیی پاراستنی ئەوان، دێن جەللادەکەیان دەپارێزن و ئەوانیش نەفرەت لە ئەمریکا دەکەن. 

تراژیدیای شەڕ!

شەڕی ڤێتنام ئەزموونێکی گەورەیە بۆ ئەمریکا، هەرچەند ئەم ئەزموومە پراکتیکییە لە ڕێگەیەکی مەترسیدار و قەبەوە تێپەڕ دەبێت. ڕەنگە بە پاشهاتەکانی بتوانێ (مێشک شۆردراوترین) خەڵکی دنیا، واتە ئەمریکایییەکان، ئاگادار بکاتەوە. وەرن با هیوادار بین هەموو ڕۆژێک ژمارێکی زیاتر لە هاووڵاتییان تێبگەن کە ئەمریکا بەهەشت نییە. دۆزەخێکە کە منداڵانی ڤێتنام دار و چیلکەی ئاگرەکەین. ئەویش لە بەردەست ئەو جەنایەتکارە پڕۆفیشناڵانەدا کە لەوپەڕی بە-ئاسایی-زانیندا، کۆمەڵکوژی دەکەن. 

blank
هیپییەکان لە ڕێپێوانێکدا دژ بە سیاسەتی ئەمریکا و شەڕی ڤێتنام

ئاڵای ئەمریکا کە لە سێ ڕەنگی سپی، شین و سوور پێکهاتووە، سیمبولی ترسە لە ڤێتنامدا. هەرجارێک کە ئەم سێ ڕەنگە پێکەوە دێن، ڤێتنام دەلەرزێ. ئەگەر لە ڤێتنام بوونایە دەتانزانی کە بۆچی ئەم سێ ڕەنگە و تێکەڵبوونیان پێکەوە ئەم گشتە نەفرەتە دروست دەکات. 

سیاسەتی شاراوەی ئەمریکا کە بە دەستی واڵاس ئاشکرا بوو، لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئێمە نەفرەتمان هەیە لە ڕەشپێستەکان، ڕۆشنبیران، خوێندکاران، لیبڕاڵەکان و هەڵبەت هیپییەکان. 

واڵاس بەبێ درۆ دەڵێ کە نەفرەتی لە هەموومان هەیە و هەر ئەم نەفرەتەی ئەو وەک بنەڕەت و بناغەی شاراوەی ئەندێشەی فاشیستی ئەمریکا، ئێمەی لە یەکتر نزیک کردۆتەوە. ئێستا دەرک دەکرێ دەوڵەتی ئەمریکا و سیستمە سەرمایەدارییەکەی چۆن هاووڵاتییان کۆنتڕۆڵ دەکات؛ نەک بە هێزی فیزیک یان مادە، نا، بەڵکوو بە سەپاندنی ترس و خۆف. ئەگەر ئێمە بتوانین بەسەر ترسەکانماندا زاڵ ببین، وەک داودی پێغەمبەرمان لێ دێت لە شەڕە ئوستوورەیییەکەی لەگەڵ جالووتدا. 

چالاکوانانی بزووتنەوەی خەبات، دژ بە بارودۆخی هەبوو، بەردەوام لەلایەن دادگە یان پۆلیسە شاراوەکانەوە بانگ دەکرێن. پار من بانگ کرام بۆ دادگەی ویلایەتی شیکاگۆ. سەیر بوو لە لاپەڕی بانگکردنەکەدا نووسرابوو: «جێری ڕوبن، دانیشتووی نیویۆڕک». نیویۆڕک؟ من ماوەیەکی زۆر بوو لە شیکاگۆ دەژیام! دەبینن تا چ ڕادە پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی ئەمریکا تووشی هەڵە دەبن؟ ئەوان بە ڕاستی بۆ پاراستنی ئاسایش و ئەمنییەتی ئەم وڵاتە تێدەکۆشن! ئەو ڕاستییە لەبەر ئەوە گرنگە کە پیشاندەری ئەمەیە کە هێزەکانی دژ بە پۆلیس تا چ ڕادە توانای زانیاریی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی ئەمریکایان پێ زل و سەیرە. زلکردنەوەیەک کە ئاکامەکەی دەبێتە ترس لە هەر جۆرە بزووتنەوەیەک و دەنگدەربڕینێکی گشتی. 

پۆلیسی ئەمریکا لەبەر دوو هۆ ناتوانێت بەسەر ئێمەدا زاڵ ببێت، یەکەم هەر ئەو گەمژەیییە زاتییەی ئەوانە کە ئاماژەم پێ دا و دووهەم ئەوەی کە بزووتنەوەکەی ئێمە بزووتنەوەیەکی ئانارشیستییە و خاوەنی ڕێبەرێکی دیاریکراو نییە. پۆلیسی ئەمریکا خاوەنی بورۆکراسییەکی ماندووهێنەرە و زۆر پلەوپایەی بێکەڵکی هەیە. ئەوان وا دەزانن ئێمەش وەک خۆیان گەمژەین: یەکەم: ڕێبەران، دووهەم: جێگری ڕێبەران و سێهەم: بەرپرس و کادرەکانیان. بەڵام بزووتنەوەی هیپییەکان تەنیا بەپێی ئازادی و کردەی تاکەکەسییەوە ڕێکخراوە. بزووتنەوەی ئێمە ڕێبەری نییە، هەموو لەوێ هەم ڕێبەرن و هەم فەرمانبەر. هەر بۆیە کاتێ پۆلیسی گەمژەی ئەمریکا بە زەینی منداڵانەی خۆیەوە ئەوە ڕادەگەیەنێت کە بۆ وێنە ٧ کەس لە ڕێبەرانی هیپییەکانی گرتووە، بە خەیاڵی خۆی سەری بزووتنەوەکەی بڕیوە! بەڵام کتوپڕ تووشی هێرشێکی قوڕستر دەبێ و ئەمە هۆی سەرکەوتنی ئێمەیە بەسەر ئەواندا. 

ئێمەش خاڵی لاوازمان هەیە. لە کاتی دادگاییکردنەکەی خۆم لە شیکاگۆ بەوانەم زانی. ڕۆژی دادگاییکردنی من، جلی (بابانوئێل)م لەبەر کردبوو. ئەم کارە دیسپلینی دادگەی دا بە یەکدا. ئەو زانیارییانەی کە بەرپرسی دادگە دەری خست، ئەوەی پیشان دا کە هەندێ هێزی شۆفاری پۆلیس لە کۆبوونەوەکانماندا هەن. ئەوان منیان نەک بە تاوانی بەشداریکردنی ڕێپێوان یان بەرنامەداڕێژەری فێستیڤاڵی ژیان لە پاڕکی لینکۆڵندا دادگایی کرد، بەڵکوو بە تاوانی ڕاگرتنی لەڕادەبەدەری ماریوانا. ئەو زانیارییانە شۆفارەکان دابوویان بە دادگە.

لە دانیشتنی دووهەمدا بە ئاڵای ڤیتکۆنگەکان و بە خەشابێک تفەنگەوە چوومە دادگە. ناچار بووم هەرا ساز بکەم و ڕێکلام بۆ خۆم ڕێک بخەم. پۆلیس لێی دام و هەموو هەواڵنێران وێنەیان لێ گرتم. بەم دژەهێرشە توانیم فەزای دادگە بشێوێنم. 

دەبێ ئاگامان لە شۆفارەکان بێت. ئەوان دەتوانن ئێمە بە تاوانبار پیشان بدەن. لە ڕوانگەی سیاسەتمەدارە ئەمریکییەکانەوە، ئێمە هەمیشە تاوانبارین؛ مەگەر ئەوەی کە دژەکەی بسەلمێندرێت. ئەوان مافی هەبوونی دەڤەر و ژیانی تاکایەتی بۆ ئێمە لە بەرچاو ناگرن. (برا گەورەکە) هەردەم کۆنتڕۆڵمان دەکات. چاودێر و شۆفار بۆ ئێمە دادەنێت و هەوڵ دەدات وەک سێبەر لە ژیانماندا ئامادە بێت.

میکانیزمەکە ئاوایە: شۆفار/ پۆلیسەکان هەرچی لێک بدەنەوە وا دەکەن. ئەوان هەرکامیان بۆ خۆیان یاسایەکن. دادگەکان تەنیا ڕۆڵی تایەی سەیارەیان هەیە بۆ گەیاندنی چالاکوانانی بزووتنەوە جیاوازەکان بۆ بەندیخانە و کۆنگرە و دەوڵەتیش ئەرکی سەپاندنی سانسۆڕیان هەیە بەسەر میدیا گشتییەکاندا. 

ئەی دەبێ چی بکرێت؟

ئەگەر کۆی گرووپە نەیارەکانی بارودۆخی هەبوو پێکەوە یەکگرتوو بن، سەرکوت و بەشوێنداچوونی پۆلیس بێئاکام دەبێت. لەو حاڵەتەدا هەر جۆرە پێکدادانی توندوتیژانە لەگەڵ چالاکواناندا، هەزینەیەکی قوڕسی دەبێت بۆ ئەمریکا. ئێمە دەبێ یەکگرتووییی خۆمان بپارێزین. ئەمە تەنیا ڕێگەی سەرکەوتنە بەسەر ئەو بەرازە پانەوەبووانەی سەر کورسییەکانی دەسەڵات.

کەواتە دروشمەکەمان دووپات دەکەینەوە: «هۆ ئەمریکا! ئەگەر تەنانەت یەک کەس ئازار بدەی، ئێمە لەگەڵتدا بە شەڕ دێین!»


[1]  ئۆتۆ ئادۆڵف ئایشمەن لە بەرپرسە گەورەکانی حیزبی نازی بوو لە جێبەجێ کردنی «ڕێگەچارەی کۆتایی»دا واتە

کوشتن و سووتاندنی جوولەکەکان لە ئەڵماندا. ئەو بەر لە مەحکوومبوونی بە مەرگ، وتی ئامادەیە دیسان

هەموو جوولەکەکان بکوژێت و شەرمەزار نییە لەو کردەوانە.

[2] جۆرێک مادەی ئەفیوونی کە لە دەیەی ٦٠ـدا لەنێو هیپییەکاندا زۆر برەوی هەبوو.

[3] سیناتۆری ویلایەتی لویزیانا. لای هیپییەکان خۆشەویست بوو.