ژینا واتا ژیان

لە فارسییەوە: پێشڕەو محەمەد

[تێبینیی وەرگێڕ: هۆکاری ئەم وەرگێڕانەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەو ماوەیەی هەوڵم داوە لەناو چەپی فارسیزماندا بگەڕێم بزانم چ نووسەر و ڕۆشنبیرێکی چەپ باس لە دووانە-چەوساندنەوە (dual Oppression) دەکات، هەڵبەت بێ هیوا دەبیت. سەداقەت، یەکەم ڕۆشنبیر و ئابووریناسی چەپی ئێرانییە، بەڕاشکاوی پەنجە لەسەر ئەم خاڵە دادەنێت. ڕەنگە لەگەڵ بەشی زۆری نووسینەکەی هاوڕا نەبم، بەس بە گرنگم زانی کە بۆ یەکەمجارە تاک و تەرا لەناو چەپ لە ئێران هەڵبکەوێت ئەم پرسە شی بکاتەوە، جگە لەوە باس لە هەندێک خاڵی لاوازی نەزم و سیستەمی باڵادەستی ئێران و لاوازبوونی هەژموونی حاکمییەتی ئێرانی دەکات کە هێزە ناڕازی و بزووتنەوە جەماوەرییەکان و هێزە سیاسییەکان بۆ زیاتر تێکشکاندنی هەژموونی حاکمییەتی ئێرانی سوودی لێوەربگرن-پێشڕەو]

ژینا، تابلۆی نیگارکێش گوربوز دۆغان،

چەند خاڵێک لە پەراوێز و سیاقی ناڕەزایەتییەکانی ئێستادا

١

ئەو ناڕەزایەتییانەی بەدووی مردنی مەهسا (ژینا) ئەمینی-دا بە خێرایی پانتاییی سەرتاسەری و گشتییان گرتەوە لە لایەکەوە بەردەوام و فراوانبوونی ناڕەزایەتییەکانە دژی حیجابی زۆرەملێ لە چەند ساڵی دواییدا و لە بەردەوامی ناڕەزایەتییەکانی کچانی شەقامی ئینقلاب و جۆرەکانی دیکەی سەرپێچیی مەدەنیی هاوشێوە لە چەند دەیەی ڕابردوودا و لەلاکەی دیکەوە پەیوەندی بە ناڕەزایەتییەکانی نۆڤەمبەری ٢٠١٩ (ئابان ماهی ١٣٩٨)ەوە هەیە لە ئێران. سەرەڕای سەرکوتی فراوان، دوو هۆکاری دەرەکی کاریگەرییان لەسەر دروستبوونی مەودای زەمەنی نێوان ناڕەزایەتییەکانی ئێستا و ناڕەزایەتییەکانی نۆڤەمبەر (و دیسێمبەری ٢٠١٩ وەک ناڕەزایەتیی بەرانبەر کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی گەشتیاری) هەبوو. یەکەم هۆکار گرژبوونەوەی قەیرانی جیۆپۆلەتیکی بوو بەدووی دەرچوونی ئەمریکا لە بەرنامەی گشتیی هەنگاوە هاوبەشەکان (بەرجام) کە لە بڕگەیەکدا ئێران و ئەمریکای تەنانەت تا بەردەم پێکدادانی سەربازی برد و هۆکاری دووەم ئەو قەیرانە بوو لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە دروست بووبوو کە لە واقیعدا توانای پێکەوەیی و هاوپشتی و کۆبوونەوەی تاکەکان و پێکهێنانی ناڕەزایەتیی سەرتاپاگیری شاریی تەواو سنووردار کردبوو. جگە لەمە، زۆرێک لە ڕووداوەکانی دوو ساڵی ڕابردوو بە ئەگەرێکەوە دەیانتوانی زۆر زووتر مەشخەڵی ناڕەزایەتییە شارییەکان هەڵبکەن. ئەگەرچی ناڕەزایەتییە کۆیی و کۆمەڵایەتییەکان بە فۆرمی جۆراوجۆری ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان، مامۆستایان، خانەنشینان و ژنان بەفراوانی بەردەوام بوون.

٢

ڕەگەز و نەتەوەی ژینا دوو هۆکاری کاریگەریی ناو ئەم ناڕەزایەتییانەن. ئەوەی ژینا دوای دەستگیرکردنی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە دەمرێت، ناڕەزایەتییەکانی دوای مردنی ئەوی بە بزووتنەوەی ژنانی ئێرانەوە بەستەوە و ئەوەی کە ژینا خەڵکی کوردستان بوو، بووە هۆکاری ئەوەی خەڵکی کورد کە ئەزموونگەلی زۆرتریان لە مەیدانی خەباتە کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە پێشڕەوی ئەم ناڕەزایەتییانە بن. گرێدانەوەی ناڕەزایەتییەکان بە بزووتنەوەی دژە حیجابی زۆرەملێ خواستێکی خستە نێو کارنامەی ناڕەزایەتییەکانەوە کە تا ئاستی جۆرێک ناڕەزایەتیی دژە سیستەم بەرزی دەکاتەوە. هەروەها کوردبوونی ژینا و ناڕەزایەتییەکانی سەرجەمی خەڵکی جۆراوجۆر و فراوانی ئێران، کەش و فەزای هاوپشتیی نەتەوەیی (لە سەرووی کورد و تورک و فارس و گیلەک و لوڕ و هتد) دروست دەکەن. ئەو فەزایەی لە ساڵانی پێشوودا تەواو زیانی بەرکەوت بوو و فۆرمگەلی جۆراوجۆری ئایدیۆلۆژییە «پان»ەکانی وەرگرتووە کە هاوشێوەی ناسیۆنالیزمی «سەنتەرخواز» لە تەنها دەریچە هەنووکەیییەکان دەبەستن.

٣

خواستی هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی حیجابی زۆرەملێ یاخود خواستی زۆر نەرمتری وەک هەڵوەشاندنەوەی پۆلیسی ئەخلاق، ئاکامی زۆر گرنگی لە مەیدانی خەباتە دژە-هەژموونییە جەماوەرییەکاندا دەبێت. بەدیهێنانی تەواوەتیی ئەم خواستە هەژموونی حاکمییەت لە مەیدانە شارییەکاندا لەناو دەبات، کە لە دۆخی بەدیهاتندا، هەنگاوی زۆر بەرزتری ناو خەباتە دیموکراتییەکانی چوار دەیەی ڕابردوو دەبێت. بەم جۆرە، لە پراکتیکدا فەزای بنچینەییی ژیانی ملیۆنان کەسی هاووڵاتییانی ئێران لەژێر هەیمەنەی هەژموونی کولتووریی حاکمییەت ڕزگاری دەبێت. ئەو هۆکارە بنچینەیییەی کە حاکمییەت بەرگەی خواستێکی وەها ناگرێت و گۆڕانێکی ڕادیکاڵ بە «ڕیفۆرمێکی یاسایی» ڕوواڵەتی دەبەخشێت، هەر ئەمەیە. لە هەلومەرجی وەهادا، جگە لە ژینگەی خێزان (کە لە بەشی گەورە و ڕۆژانەی خێزانەکاندا، حاکمییەت هیچ کاتێک نەیتوانیوە هەژموونی کولتووریی خۆی لە چوار دەیەی ڕابردوودا پیادە بکات)، میدیاکان و سۆسیال میدیاکان (کە بەهۆی ئەو توانایەی شۆڕشە تەکنیکییەکانی زانیاری دەیخەنە بەردەستی نەیاران، حاکمییەت هەژموونی خۆی لە دوو دەیەی ڕابردوودا وردە وردە لەدەست داوە) و کۆمەڵگەی مەدەنی (کە بەهۆی بێتوانایی حاکمییەت لە پیادەکردنی هەژمووندا لە ڕاستیدا بە سنووردارکردنی هەرچەند زیاتر هەوڵی داوە لاوازی بکات)، لە مەیدانی فەزای شاریشدا هەژموونی حاکمییەت لەنێو دەچێت. بەم جۆرە تەنها پانتایییەکی پیادەکردنی هەژموونی حاکمییەت دامەزراوە سیاسییە فەرمییەکان دەبن و هەر ئەمەش حاکمییەت دەخاتە ناو ناسکترین بارودۆخەوە.

٤

هەڵبەت هەمان خواستی ڕەتکردنەوەی حیجابی زۆرەملێ چەندین بەربەرستیش دەخاتە بەردەم فراوانبوون و سەرتاپاگیربوونی ناڕەزایەتییەکانەوە بەوەدا کە خواستێکی هاوسەنگ و یەکسان نییە بۆ هەموو چین و توێژە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانی کۆمەڵگە. بۆ هەندێک کەس ئەولەوییەتێکی یەکلاکەرەوەیە، بۆ هەندێکی دیکە خواستێکە بە ئەولەویەتێکی کەمترەوە و بۆ گروپەکانی دیکەش هەر لە بنەڕەتدا بابەت نییە. بەم هۆیەشەوە ئامادەیی ڕیزی چینە جۆراوجۆرترەکانی خۆپیشاندەرەکانی ناو شارە گەورەکان پێویستی بە گرێدانەوەی ئەم خواستە بە خواستە دیموکراتی و دادپەروەریخوازییەکانی دیکەوە هەیە.

٥

ئەو هۆکارانەی بوونە بەربەست لە بەردەم سەرکەوتن و بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکانی دیسەمبەری ٢٠١٧ و نۆڤەمبەری ٢٠١٩ کەموزۆر هەر ماون و لێرەن: پەنابردنە بەر میکانیزمەکانی سەرکوت و بێباکیی ڕووت بەرانبەر بە خواستە کۆمەڵایەتییەکان بەبێ بیرکردنەوە لە ئاکامە وێرانکارەکانی لەسەر بوونی درێژماوەی «ئێران» [نووسەر خۆی ئێرانی خستووەتە ناو کەوانەوە وەک نیشانەیەکی مشتومڕساز-وەرگێڕ]. لە ساڵانی دوای بەربەستی پێکهاتەیی و بەتایبەت لە چەند ساڵی دواییدا، دوو هۆکار کۆمەکیان بە بەردەوامیی دۆخی باڵادەست کردووە. یەکەم چڕبوونەوەی هەرچی زیاتری دەسەڵات لە دەستی دامەزراوەیەکدا و دووەم پەنابردنە بەر ململانێ جیۆپۆلەتیکییەکانی ناو پەیوەندییە جیهانییەکان. هۆکاری یەکەم جۆرێک کارایی لە سەرکوتکردندا دروست کردووە و هۆکاری دووەمیش جۆرێک هەڵاتنی کاتی بۆ ڕووبەڕوبوونەوە لەگەڵ فشارە جیهانییەکان و بەردەوامیدان بە بارودۆخی باڵادەست. بەڵام هەردوو هۆکارەکە لە هەمان کاتدا پاژنەی ئەخێلی دۆخی باڵادەستن. واتا چڕبوونەوەی دەسەڵات لە دەستی دامەزراوەیەکی تایبەتدا دەبێتە هۆکار کە ساتێکی پچڕانی نێو میکانیزمەکانی سەرکوت بە ئەگەرێکەوە ساتی کەوتنی ڕەهاش بێت و هۆکاری دووەمیش، لەجیاتی سوودوەرگرتن لە سیاسەتە هاوسەنگە ئەرێنی یان نەرێنییەکانی ناو پەیوەندییە جیهانییەکان، تەنها هاوڕایی لەگەڵ یەکێک لەو دوو جەمسەرە تازە دەرکەوتووە هەڵبژاردووە، لە ڕاستیدا بە دانانی هەموو هێلکەکان لەناو سەبەتەیەکدا، ئەگەری مەترسیی دۆخی باڵادەست بۆ حاکمییەت بەتەواوی زیاد دەکات و ژیانی درێژماوەی بەگشتی دەکاتە وابەستەی گەمەکانی زلهێزەکانی ناو مەیدانی جیهانی.

blank
دیمەنێک لە خۆپیشاندنەکانی ئێران (ژن، ژیان. ئازادی)

٦

زۆرینەی ڕەهای ئەکتەران و چالاکوانانی بزووتنەوە هەنووکەیییەکان نە چاوەڕوانی بۆمبارانی ئەمریکییەکان و نە «هیومانیستە» جەنگوازەکانی دیکەن و نە هێمای یەکێتیخواز و پاشا و سەرۆک کۆمار دەخوازن. ڕاستگۆیی بانگەشەکارانی ئۆپۆزیسیۆن لە ڕۆڵی دروستکەرانەیان وەک پشتیوان و هاوڕێ دایە نەک ڕێبەرایەتیکردن. بەردەوامیی بزووتنەوە هەنووکەییەکان لە بنەڕەتدا وتەبێژ و قسەکەرانی خۆیان دروست دەکەن و هەر ئەوەی پێیان لەسەر زەوی واقیعییەتە باڵادەستەکان هەیە لە بنەڕەتدا فۆرم بە ڕێنمایییە پراکتیکییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی نەزمی باڵادەستیش دەبەخشن.

٧

بەردەوامیی دۆخی باڵادەست، ئاسۆیەک جگە لە بەردەوامیی پرۆسە وێرانکارەکان بەدووی خۆیدا ناهێنێت. خێرابوونی وێرانبوونی ژینگە و لەناوچوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە درێژماوەدا ئەم وڵاتە دەکاتە بیابانێک کە تێیدا نە توانای ژیانی ناسراوی مرۆیی بوونی دەبێت و نە ژینگەیەکیش بۆ ژیانێکی بەردەوام. قەیرانە ژینگەیییەکان لە پێکهاتە و بەرنامە و سیاسەتە دژە-سروشتییەکانەوە خێراتر دەبن و بەشی زۆری سنووری ژیان بە ئاستی شوێن و دەروازەی ناشایستەی ژیان دەگەیەنن. ئەو قەیرانە مرۆیییەی لە قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانەوە سەرچاوەی گرتووە بۆ بەشی زۆری دانیشتوانی ئەم دەریچەیە جگە لە داوەشان و لەناوچوونی لەسەرخۆ و مردن یان کۆچ هیچی دیکە نامێنێتەوە و تەنها بیابانێک دەمێنێتەوە بەرژەوەندی و کەرەستە ژێرزەوییەکانی بۆ کۆمپانیا فرەنەتەوە خۆرهەڵاتی و خۆرئاوایییەکان دەبن.

٨

تەنها هیوا، تەنها جەوهەری ژیانبەخش بتوانێت پرۆسە وێرانکارە هەنووکەیییەکان بووەستێنێت، بەردەوامی و فراوانبوون و هەڵکشانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانە. لە وەها بەستێن و پانتایییەکدا «ژینا» چیتر ڕەمزی ژیان نییە، بەڵکوو خودی ژیانە.