تارماییەکانی باشوور، ئاسۆکانی ڕۆژهەڵات



لەم ڕۆژانەدا کە ڕۆژهەڵات بۆتە تۆپەڵە ئاگرێکی پیرۆز و گڕی بەرداوەتە جەستەی داگیرکەرێکی وەک ڕژێمە سەرکوتکارەکەی ئێران، بەشێک لە کوردانی باشور نەک هەر هاوسۆزی بۆ ڕۆژهەڵات دەرنابڕن، بەڵکوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دژ بەم ڕابوونە نوێیە وەستاون و پێیان وایە ئەمە هێندەی ڕابوونێکە بۆ دەربازبوون لە حوکمی دینی نیو هێندە ڕابوون نییە دژ بە سەرکوتکارییەکانی ئێران! دیارە بەدحاڵیبوونێکی گەورە لە پشتی ئەم تەرزە ڕوانینەوە هەیە و بەربەستگەلێکی ئەوتۆش هەن کە تێگەیشتنیان لە بەردەم باشوورییەکاندا هێندەی تر قورستر کردووە، بەڵام بۆچی قورسە بۆ ئەم بەشەی خەڵکی باشوور لەو ڕۆحیەتی بەرەنگاربوونەوە و ئازادیخوازانەیە تێبگەن کە ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتدا ئامادەیی هەیە؟ چی شتێک ئەم بەدحاڵیبوونە گەورەیەی دروست کردووە؟ بۆچی کوردی باشوور بەو شێوەیە خۆی دابڕیوە لە ڕۆژهەڵات؟ ( لێرەدا مەبەست لە کوردی باشوور ئەو زۆرینەیەن کە نائاگایانە لە ئێستادا دژن، نەک کەسانی جوامێر و خودان هەڵوێست، کە بەوپەڕی توانایانەوە پاڵپشتی ئەم ڕابوونەن.)

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە، دەشێت لە چەند لایەنێکەوە بڕوانینە ئەم پرسە، بەش بەش و لێکدابڕاو، تا بتوانین زیاتر و نزیکتر لە ڕەهەندە جوداکانی بابەتەکە تێبگەین، هەڵبەت هۆکاری دیکەش هەن لە پشتی ئەم بێدەنگی و دژبوونە باشوورییەوە و بەشێکی گەورەشیان سیاسین، بەڵام من لێرەدا تەنها ویستوومە بەدووی وەڵامی بەشێک لەو پرسیارانەدا بڕۆم کە زیاتر پەیوەستن بە کولتوور و دونیابینیی کۆمەڵگەی کوردییەوە لە باشوور. هەڵبەت ئەم پرسیارانە پرسیارگەلێکن لەم ڕۆژانەدا بوونەتە جێی سەرنجی زۆرێک لە ڕۆژهەڵاتییەکان، بەتایبەتی کاتێک لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەر پەلاماری ئەو عەقڵیەتە باوەی باشوور دەکەون و له ناخەوە ئازاریان پێ دەگات، چونکە نازانن چ تارمایییەک باڵی بەسەر دونیابینیی باشوورییەکاندا کێشاوە و ئاسۆکانی ڕۆژهەڵاتی لێ شاردوونەتەوە.

    
١.  بێئاگایی لە مێژوو:

کوردی باشوور لەبەر ئەوەی گەلێکە تا ناوەڕاستی سەدەی بیستەم بیری لە نووسینەوەی مێژووی دێرینی خۆی نەکردبووەوە، دواییش کە هەندێک کەسی تیا هەڵکەوتن و چەند بەشێکی ئەو مێژووە نەنووسراوەیان نووسییەوە، ئەم گەلە ئاوڕی لە هەوڵی ئەو کەسانە نەدایەوە و بەلایەوە نەبووە جێی سەرنج؛ بۆیە گەلێکە لە دەرەوەی ئاگاییی مێژوودا دەژی. گەلێکە تا ئێستاش ئاشنای مێژووی دوور و نزیکی خۆی نییە، ڕووداوەکانی ڕووداوگەلێکن زوو ڕوو دەدەن و زوویش بیر دەچنەوە؛ کارەسات و شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی کاتێک سەر هەڵدەدەن زۆر بە خێرایی ڕوو دەدەن و بە هەمان ئەو خێرایییە و بێ ئەوەی هیچ پەندێکیان لێوە فێر بن، ڕاگوزەرانە تێپەڕ دەبن و ناویان لەناواندا نامێنێت. ئەمەش وا دەکات کە مرۆڤی ئێرە هیچ کات وەها سەیری خۆی و دەوروبەرەکەی و ئەو خاکەی لە سەری دەژێت نەکات، کە خودان بنەچەیەکی دێرینترە و دەبێت داکۆکی لەو بنەچە دێرینەی خۆی بکات، وەک دارێکی بێڕیشەیە و بە ئاسانی بای دەوروبەر لق و پۆپەکانی تێک دەشکێنێت. نازانێت و بێئاگایە لەوەی مێژووی ئەم گەلە لە خاکێکەوە دەست پێ دەکات کە سەردەمانێکی زۆر خاوەندارێتی کردووە و لە ڕێی زمان و کولتوور و سروشتێکی تایبەت بە خۆیەوە پاراستوویەتی، بەڵام وردە وردە و بەهۆی زاڵبوونی گەلانی دەوروبەرییەوە، بووەتە کۆڵۆنیایەکی نێودەوڵەتی (بە دەربڕینە تایبەتەکەی ئیسماعیل بێشکچی). مرۆڤانی نێو ئەم کۆڵۆنیا نێودەوڵەتییە کە کوردن، بە زەبری هێز و جەهلێکی موقەدەس، دابڕێنراون لە ڕابردووی دوور و نزیکی خۆیان و بەتەواوی لە ئێستایەکی بێ سەروبەردا دەژین. ئەوان لە بری ئەوەی مێژوو بخوێننەوە و ئاشنای ئەو دابەشکارییە مێژووییە بن که وای کردووە لە پارچەکانی دیکە دابڕێن، کەچی تازە خەریکی نوێکردنەوەی ِوشەگەلی پڕ لە کێشەی وەک ڕۆژهەڵات بە ئێرانی کردنەن! کوردی باشوور سەرباری ئەوەی کە پشتی کردووەتە مێژووەکەی و ئاوڕ لە ڕابردووی خۆی ناداتەوە، بیانووی ئەوەیە کە خەریکی تێگەیشتن و ڕاڤەکردنی کێشەکانی ئێستای خۆیەتی و کاتی ئەوەی نییە بیر لە ڕابردووی بکاتەوە و نایپەرژێتە سەر کێشەی پارچەکانی دی و پشتی کردووەتە ئەو ڕابردووە هاوبەشەی لەگەڵیاندا هەیبووە، کەچی ئەم پشتکردنەی نەبووەتە هۆی ئەوەی بیکاتە هەبوویەکی بەئاگا لە ئێستا، ئاخر ئەو ئاگاداری ئەوە نییە کە هەموو ئێستایەک ئێستایەکی بنەچەدارە و توند گرێدراوەتە مێژوویەکی دوورترەوە، کە تۆ خۆتت لە مێژوو دابڕی، ئیدی ئەستەمە بتوانیت لە ئێستا وەک ئەوەی کە هەیه تێبگەیت و لەنێو بەدحاڵیبوونێکی گەورەدا گێنگڵ دەدەیت.

ژن ژیان ئازادی


٢.  داڕمانی ئومێد و خەونە گەورەکان:

ئەوەی سەیری دۆخی ئێستای باشوورییەکان بکات دەزانێت ئەوەی هەیە دەرئەنجامی نائومێدبوونێکی گەورەیە، نائومێدبوون له خۆزگە و خەونە گەورەکانی پێشین، ئەمەش وای کردووە کە باشوورییەکان گاڵتە بەو ڕابوونە مەزنەی ڕۆژهەڵات بکەن و پێیان وابێت مانەوە لە ژێردەستەیی داگیرکەر زۆر باشترە لە چوونە ژێردەستی ستەمکاری خۆماڵیی! ئەم داڕمانە؛ ئەم پشتکردنە گەورەیە لە خەونە گەورەکانی نەتەوە؛ لە خۆبێگانەبوونێکی سەیری هێناوەتە ئاراوە، بە جۆرێک کە بووەتە هۆی ئەوەی کوردی باشوور سڵ لە هەموو شتێکی خۆییانە بکاتەوە و هەمیشە بە ڕووی ئەوی دیکەی بێگانەدا بکرێتەوە، بەدەم بانگەواز و بیروباوەڕ و دروشمەکانی ئەوی ترەوە بچێت و بە تەواوی پشت بکاتە ناسنامە کوردییەکەی خۆی، پشت بکاتە بانگەواز و بیروباوەڕ و دروشمە ڕەسەنەکانی خۆی. سیماکانی ئەم داڕمان و پشت لە خۆکردنە بە تەواوی لە سەرجەم بوارەکانی ژیانی باشوورییەکاندا ڕەنگی داوەتەوە، گەر تەماشای شێوازی بیناسازی باشوور بکەیت، هیچ مۆرکێکی ڕەسەنانەی پێوە نابینیت، تەنانەت تابلۆ و ناوی شوێنە گشتییەکانیش سەر بە کولتووری هاوردەکراوی ئەوی دیکەن. لە ڕووی هونەرییەوە، فیلمە تورکی و فارسییەکان بە تەواوی بوونەتە پڕ بینەرترینەکانی باشوور و تیڤییەکانیان مۆنۆپۆل کردووە و لەم نێوەندەدا ئەوەی پێی دەوترێت هونەری ڕەسەن لە پاشەکشەیەکی گەورەدایە، ئەم هەژموونە هونەریەی تورک و فارس بە ئاشکرا بە سەر ئەو ناوچانەوە دەبینرێت کە نزیکی هەریەک لەو دوو وڵاتە داگیرکەرەن، کاریگەرییەکە بە جۆرێکە کە لە شێوازی قژ داهێنان و جلپۆشین و قسەکردنیشدا ڕەنگی داوەتەوە و لاسایییان دەکەنەوە. لە باشوور حیزبایەتی کردنیش بە هەمان ئاڕاستەدا براوە و بە ئاشکرا ملکەچبوون بۆ ئەوی دیکەی بێگانە و داگیرکەر هەستی پێ دەکرێت. تەنانەت هەژموونە هاوردەکراوەکە چۆتە بەرگی بچووکترین وردەکارییەکانی ژیانەوە، لەوانە شێوازی دینداری و پەرستشە کەسییەکان، کە گۆڕانی ڕووکەشانەی زۆری بەسەردا هاتووە و بووە بە دیندارییەکی تەواو جیاواز لەو دیندارییەی کە پێشتر لە کوردستاندا هەبوو، هەژموونی عەقڵیەتی ئەوی دی بە تەواوی بەسەر تاکی کوردەوە دیارە لە باشوور. وەنەبێ باڵادەستی ئەم هەژموونانە توانیبێتیان لە ناخەوە کەسەکان بگۆڕن، بەڵکوو تەنها شەیدابوونێکی ڕووکەشانەیە و لە ناخەوە هەمان خودە سەرلێشێواو و ونبووەکەن کە پشتی کردووە لە مێژووی خۆی، کە هەڵهاتووە لە ناسنامە ڕاستەقینەکەی خۆی. شەیدابوونی ئەمان بەدووی ئەزموونی ڕامنەکراودا، بە تەواوی مەترسیداری کردوون، چونکە شتەکان وەک ئەوەی کە دەبێت لێیان تێبگەن، لێی ناگەن و ڕووکەشانە پراکتیزەی بڕوا کوێرانەکانی خۆیان دەکەن، شتێک کە وادەکات ئاسانتر دەستەمۆ و ڕام بکرێن و بۆ ئەجێندای جۆراوجۆری دەوروبەر خێراتر سوودیان لێ وەربگیردرێت.


٣. شەیدابوون بە ئەزموونە ڕامنەکراوەکان، ئەوەی کە تاقی نەکراوەتەوە:

کوردی باشوور زۆرێک لە شێوازەکانی حوکمڕانی بەسەردا تاقیکراوەتەوە، بەڵام لە کاتی پراکتیزەکردنی بەشی هەرە زۆری ئەو شێوازانەدا، هیچ کات هەوڵی گۆڕینی کولتوور و بیرکردنەوە وشک و دۆگماکانی نەدراوە و هەمیشە گۆڕانکارییەکانی لە ئاستی ڕووکەشدا ماونەتەوە، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە ئەم گەلە هەرگیز گۆڕانکاریی ڕیشەیییانەی بەخۆوە نەدیوە. کاتێک کوردایەتی وەک دوایین شێوازی حوکمڕانی تاقی دەکرێتەوە و دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی نادادی و ستەم و چەوساندنەوە و برسێتی، ئیدی خەڵکی هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگەچارەی دیکە دەدەن، لەو نێوەندەشدا ئەو ڕێگەچارەیەی کە تاقی نەکراوەتەوە فۆرمە دینییەکانی حکومڕانییە. باشوور وا بەرەو ئەو ئاڕاستەیە دەچێت، هەر کەسێک سەیری عەقڵیەت و دونیابینیی ئێستای خەڵکی باشوور بکات، تێدەگات لەوەی کە ئایندە خەریکە دەکەوێتە دەستی ڕابەرانی ئەو حوکمە تاقینەکراوەوە. لە کاتێکدا ڕۆژهەڵات ڕێک بەپێچەوانەی باشوورەوە، حوکمی دینی تاقی کردووەتەوە و لێی هەڵدێت، چونکە ئەو حوکمە بووەتە هۆی کەڵەکەبوونی نادادی و ستەم و برسێتی و سەرکوتکردنی ئازادییە فەردییەکان، بەڵام ئەوەی لە ڕۆژهەڵات تاقی نەکراوەتەوە کوردایەتییە کە وەڵامدەرەوەی خواستە نەتەوەیی و ئینسانییەکانی تاکی کورد بێت ( ئەمە بۆ باشوورییەکان بڕێکیش مایەی پێکەنینە!). بەشێکی زۆری ئەو لێکتێنەگەیشتنەی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵات پەیوەستە بەم دوو ئاڕاستە جیاوازە لە ئەزموونکردنی ژیاندا. کاتێک یەکێکیان بڕیار دەدات ئاڕاستەکەی بگۆڕێت چونکە دەزانێت بە هیچ کوێی ناگەیەنێت، ئەوی دی بەرەو ئەو ئاڕاستەیە دەچێت کە ئەم بەجێی هێشتووە و پێی وایە لەوێوە دەگاتە ئامانجە سەرەکییەکانی خۆی، لەمەشدا هەردوو پارچەکە بۆ تاقیکردنەوەی ئەزموونی ڕامنەکراو تا ڕادەیەکی زۆر لە یەک دەچن و تا ڕادەیەکی زۆریش لە ئاڕاستەکانیاندا ڕووەو داهاتوو پێچەوانەی یەکدی جووڵاونەتەوە.


٤. کێشەی لەچک و ئازادی:

کاتێک ستەم و زۆرداری دەگەنە ترۆپک، ئیدی خەڵکی بە دووی بچووکترین دەرفەت و بیانوودا دەگەڕێن تاکوو تۆڵە لەو ستەمکارانە بکەنەوە کە بوونەتە هۆی چەوساندنەوەیان. ئەمە شتێکە کە هوشیاری باشوورییەکان، لە دەرئەنجامی بێئاگایی لە مێژوو، تێنەگەیشتن لە ئێستا، داڕمانی ئومێدە گەورەکان و شەیدابوون بە ئەزموونی ڕامنەکراو، درکی پێ ناکات. باشوور وادەزانێت لەچک کرۆکی بابەتەکەیە و ئامانجیش لەم ڕابوونە لێدانە لە پیرۆزییەکانی ئاینی ئیسلام، لەمەشدا هەم ئەوانە تاوانبارن کە هەوڵ دەدەن ڕابوونەکە زیاتر بەرەو ئەو ئاڕاستە ئایدۆلۆژییە ڕووتە ببەن و لە مافی نەپۆشینی لەچکدا کورتی بکەنەوە، هەمیش ئەو هەژموونە خۆسەپێنە و ویستە خۆمەڵاسدەرەی هەندێک هێزی باشوور کە نیازیانە ئەم ڕابوونە مەزنەی ڕۆژهەڵات بە تەنیا لە لەچکدا کۆ بکەنەوە و ئەمە بکەنە دەرفەتێک بۆ داخرانی زیاتری کۆمەڵگە و کۆکردنەوەی زیاتری خەڵک لە دەوری ویستە لەمێژینەکەی خۆیان. ئەوە ڕوونە کە داوای ئازادی کرا دەبێت ئازادی لە پۆشیندا بەشێکی جیانەکراوە بێت لێی، بەڵام ئەوە تەنها ڕوویەکی پرسەکەیە و کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵات زۆر لە پۆشینی جلوبەرگ و لەچک گەورەتره، کورد لەوێ ئینسانێکی بێ ماف و چەوسێنراوە، گەلێکە زمان و خاک و هونەر و کەسێتییەکەی بە بەردەوامی دەشێوێنرێت و خراوەتە بازنەی کۆڵۆنیا نێودەوڵەتییەکەوە و دەبێت خۆی لەو کۆت و بەنده زۆرانە ڕزگار بکات.

ڕابوونی ڕۆژهەڵات دژ وەستانەوەیە لەگەڵ هەموو ئەوانەی دەیانەوێت کورد دەستەمۆ بێت، یان خەباتەکەی بچووک بکرێتەوە لە چەند داواکارییەکی سەرەتایی بۆ بەدەستهێنانی هێندێک ئازادیی ڕووکەشانە. گەر لەچک بە تەنیا کێشە هەرە گەورەکەی کورد بێت، خۆ ئەوەتا باکوور ساڵانێکی زۆر بە پرۆسەی بە سێکۆلارکردندا تێپەڕی و لە زۆر شوێندا لەچک فڕێدراوە، کەچی هێشتاش کورد هەر دەستەمۆ و داگیرکراو و ستەملێکراوە! ئەم وێناکردنە شێواوه بۆ خەباتی ڕۆژهەڵات، هەڵەیەکی ئێجگار گەورەیە و شەڕێکە دژ بە کێشە ڕاستەقینەکانی کورد، کورد ناتوانێت لە یەک کاتدا هەم شەڕی دژ بە ئایین بکات و هەم شەڕی نەتەوەییش، لە کاتێکدا لای بەشێکی هەرە بەرچاوی ئەم گەلە هەم ئیسلامبوون و هەم کوردبوون دووانەیەکی لێکدانەبڕاون و وەک یەک پیرۆزن. شەڕ دژ بە بیروباوەڕە پیرۆزەکانی خەڵکی لە ئان و ساتی ڕابوونی دەستەجەمعیدا، لەبری یەکخستنی هەوڵەکان بۆ سەرخستنی ئەو ڕابوونە، پەرتەوازەیی زیاتر چێ دەکات و ئەوەندەی تر ململانێ ناپێویستەکان زەق دەکاتەوە، کە ئەمەش زۆر بە ئاسانی بە قازانجی دەسەڵاتی ستەمکار دەشکێتەوە. با ئەوە ڕوونتر بگەیەنین، ڕۆژهەڵات ئازادی دەوێ، نایەوێت کەس بیچەوسێنێتەوە، بۆ ژیانێکی باش و شایستە و ئازادانە تێدەکۆشێت، ژیانێک کە جێی هەمووانی تێدا بێتەوە و لەچک بەسەر و بێ لەچک وەک یەک تێیدا خاوەن ماف بن. ئەمە شەڕ نییە دژ به پیرۆزییە ئاینییەکانی گەلێک، ئەمە شەڕە دژ بە داگیرکەرێک کە بە بیانووی ئاینەوە دەستی ناوەتە بینەقاقای ئازادییەکان، خەڵکی ئازادیخوازی کورد کە ڕژاونەتە سەر شەقامەکان، ئازادیی کوردستانیان دەوێ، لەچک تەنیا بیانووە، ناکرێت بە پێوەری توندڕەوانی باشوور خەباتی ئەو بەشەی کوردستان بپێورێت، ئەو توندڕەوانەی دەیانەوێت لە ڕێی وروژاندنی پرسی لەچکەوە، ڕێگا بۆ بە کابولکردنی زیاتری ئێرە خۆش بکەن. لێیگەڕێن ڕۆژهەڵاتییەکان بە ڕێی خۆیاندا بەرەو ئەو ئاسۆیە بچن کە لێیانەوە دیارە و  گوێ بە تارمایییەکانی باشوور نەدەن، دێر یان زوو ئەو ئاسۆیە لێرەش بەدەردەکەوێت و تارمایییەکان ڕادەماڵێت.