کورد و زەروورەتی دوورکەوتنەوە لە لێواری مان و نەمان

خوێندنەوەیەکی بابەتییانەی هەڵوێستی کوردی ڕۆژهەڵات لە بزووتنەوەی ئەمدواییەی کوردستان و ئێراندا

بەختیار عەلی لە “گوتاری مانەوە”دا مانەوەی کورد لە لێواری مان و نەماندا پێناسە دەکات و لێرەوە ڕۆ دەچێتە ئەوەی بۆ کورد ژینی پەڕاوێز دەگرێتە بەر و هەوڵ دەدات بە خۆحەشاردان لە ناو سروشت وەک ماڵی یەکەمی مرۆڤ، ئەوەندەی بۆی دەلوێت خۆ لە بەر چاوان نەدیو بکات و ئەمە بە درێژاییی مێژوو ڕێگەی خۆپارێزیی کورد بووە لە مەیدانی ژیاندا. ئەرکی ئەم نووسینە نەک شیکردنەوەی تیۆرییەکەی بەختیار عەلی، بەڵکوو بەکارهێنانییەتی وەک دەلاقەیەک بۆ بینین و لێکدانەوەی هەڵوێستە جیاجیاکانی کوردی ڕۆژهەڵات لەمەڕ ئەو بزووتنەوەیەی ئێستا لە ئارادایە.

ترس لە فەوتان و لەناوچوون و نەمان، وای کردووە کورد تا کاتێک نەکەوتووەتە بەر مەترسیی ڕاستەوخۆی تێداچوون، کەناری ئارامی جێنەهێشتووە و لە پێویستیشدا تەنیا ئەوەندە لەو لێوارە دوورکەوتووەتەوە کە مەترسییەکە بۆ ماوەیەک بڕەوێنێتەوە. بەکورتی گوتاری مانەوەی کورد هێندەی ترسی لە فەوتان و نەمان بەرهەم هێناوە و دەهێنێت، ئەوەندە ڕێنوێنی کورد نەبووە بەرەو ئارامی و ئاسایش و حەسانەوە. ژیان لە لێوار هەمیشە مەترسیی کەوتنەخوارەوەی لەسەرە.

سەرهەڵدانی بزووتنەوەی بەرینی جەماوەریی ئەمجارەی ئێران، لە کوردستانەوە دەستی پێ کرد و یەکەمین گیانبەختکردوو و یەکەمین کۆبوونەوە و یەکەمین خۆپیشاندان و یەکەمین درووشمەکانیش لە کوردستان بوون و لەوێوە زۆر زوو پەلی هاویشتە زۆربەی ناوچە و هەرێمەکانی دیکەی ئێران. پەرەسەندنی خێرا و بێوێنەی درووشمەکانی ڕاپەڕینەکە لە کوردستانەوە بۆ هەموو ئێران، جیا لە بەخشینی ڕواڵەتێکی سیکۆلار و داخوازیی ڕوون و ئاشکرا بە بەراورد لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی ساڵانی پێشتر، زۆر خێرا کوردی خستە ناوەندی خرۆشی ئەمجارەی ئێران و پێگەیەکی بێوێنەی بە کورد بەخشی. یەکەم ڕۆژەکانی سەرهەڵدانەکە ترۆپکی هاوپشتی و شانۆیەکی نوێ بوو لە هەنگاوی جەماوەر بەرەو یەکگرتوویی و پاڵپشتبوون بۆ یەکتر. درووشمی پشتیوانی لە کوردستان، خۆپیشاندانەکانی تاران و تەورێز و باکووری ئێران و زۆر شار و ناوچە و هەرێمی گرتەوە. بانگەوازی مانگرتنی گشتی لە کوردستان و ڕژانە سەرشەقامی شارەکانی ئێران بۆ پشتیوانیی مانگرتن و خۆپیشاندانی کوردستان، دەریخست درووشمە سەرەتایییەکانی بەرگری لە کوردستان، بەرهەمی هەڵچوونێکی لەناکاو و نەخوازراو نەبووە. ئەم دیاردەیە لە ئێران کە بە پێچەوانەی پڕوپاگاندای هەردوو ڕژێمی پاشایەتی و ئیسلامی بە درێژاییی نزیک بە سەد ساڵی ڕابردوو، شتێکی نوێ و چاوەڕواننەکراو بوو، هاوکات لەگەڵ شۆک و وڕبوونی هەموو پان ئێرانیست و سەڵتەنەتخواز و ناسیۆنالیستی ئێرانخوازی بەڕواڵەت چەپ و هەموو ئەوانەی سوود لە پێشێلکردنی مافە ئیتنیکی و نەتەوەیی و کولتووری و سیاسییەکانی پێکهاتەکانی ئێران دەبینن، سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستانی بەجۆرێک کرد بە ڕێنیشاندەری خەبات لە دەرەوەی کوردستانیش. ترۆپکی ئەم پشتیوانییە کاتێک بوو، دوای بۆردوومانی شوێن و جێگەی حیزبەکانی کوردستان لە باشوور لەلایەن سوپای پاسدارانەوە، ناوەندی هاوکاری مانگرتنێکی گشتی لە کوردستان ڕاگەیاند و داوای پشتگیریی ناوچەکانی دیکەی ئێرانی کرد بە خۆپیشاندان. هەر بەپێی هەواڵەکان، هاوکات لەگەڵ مانگرتنی گشتیی کوردستان، بەرینترین ئاستی خۆپیشاندان لە ئێران لەو کاتەدا ڕوویدا و ئەمە وەڵامێکی ڕوون بوو بۆ داواکەی سەرکردایەتیی سیاسیی کورد. لێرە بەدواوە هەڵوێستی مەیلە سیاسییە جۆراوجۆرەکانی کورد لە ناوخۆ و دەرەوە وردە وردە دەردەکەوێت و دوای شۆکی ڕۆژانی یەکەم، بەرەو بیچم گرتن و خۆڕێکخستن و کاری پڕوپاگاندا دەڕوات.

شاری سنە، وێنەکەی سەرەوە ساڵی ١٩٧٩، وێنەکەی خوارەوە خۆپیشاندانەکەنی ئەمڕۆژانە دوایی

هێزی ساتەوەختە مێژوویییەکانین یان نا؟

من پێم وایە یەکێک لە گرینگترین ئامرازەکانی هەڵسەنگاندن و شرۆڤەی هێزە سیاسییەکان، شیکردنەوەی هەڵسوکەوتی ئەو هێزانەیە لە ساتەوەختە مێژوویییەکاندا؛ ئەو ساتەوەختانەی تێیاندا هێزێک و ڕەوتێکی سیاسی دەبێت بڕیاڕ بدات و تێڕوانینی خۆی بۆ ئەو ساتەوەختە لە ڕێی هەڵوێست و چۆنیەتیی مامەڵەکردنیەوە ئاشکرا بکات. لە وڵاتانی دیکتاتۆری و داگیرکراودا، ئەوە ئەو ساتەوەختانەیە کە چالاکیی سیاسیی ڕێکخراو و پیشەیی، لە حەشارگەی شانە و دەستە و گرووپە نهێنییەکانەوە دەگوازێتەوە سەر شەقام. لێرەوە هەر ڕەوتێک هەوڵی ئاراستەکردنی ساتەوەختەکە و کارتێکردنی دەدات بەپێی بەرژەوەند و بنەما فکرییەکانی خۆی.

بینین و خوێندنەوەی گۆڕانکارییە لە چاو ون بەڵام گرینگەکانی ژێر توێژی ڕووکەشی کۆمەڵگا، فاکتەری هەرە گرینگی چۆنیەتیی هەڵوێست و کردەی سیاسییە لە ساتەوەختە مێژوویییەکاندا. لە چرکەساتی یەکەم چەخماخەدا ئیتر دەرفەتی شیکاری و هەڵدانەوەی لاپەڕە و لێکدانەوەی هۆ و بەرهۆ نامێنێت و یەکەم هەنگاو لەسەر خوێندنەوەکانی پێشووتری کاتی کش و ماتی و بێجووڵەی ئاشکرا، دەنرێت.

هێزی ساتەوەختە مێژوویییەکان، بەردەوام بە خوێندنەوە و شیکاریی توێژی نەدیوی کۆمەڵگا، گۆڕانکارییە بەڕواڵەت ونەکان شی دەکاتەوە و توانستی ئەم گۆڕانکارییانە بۆ بەرەوپێشبردنی خەبات تاوتوێ دەکات. یەکەم نیشانەکانی ساتەوەختەکە دەناسێتەوە و هەر بۆیە لەگەڵ ساتی ڕووداندا ناشڵەژێت و تۆکمە و ئامادە، لە کەمترین کاتدا هێزی مادی و مەعنەویی خۆی بەڕیز دەکات و دەکەوێتە سەر ڕێڕەوی کرداری. یەکەم نیشانەکانی ناسینەوەی ئەم هێزانە هەوڵەکانیانە بۆ ڕێکخستنی جووڵەی جەماوەری و مەدەنی و گوشارخستنە سەر لایەنی بەرامبەر بۆ سەندنەوەی توانای پەرچەکرداری خێرا و دامرکاندنەوەی ڕاسانەکە. هاوکات بە بینین و لێکدانەوەی نیشانە سەرەتایییەکانی ساتەوەختەکە، کار بۆ پەرەپێدان و بەرینکردنەوەی دەست پێ دەکەن و ڕێگای پەرەپێدانی تا سنووری مومکین دەگرنە بەر. لە نموونەی ڕاسانی ئێستای کوردستان و ئێراندا، هێزی سیاسیی سەرەکیی کوردستان (لێرەدا ناوەندی هاوکاری) بە وشیارییەوە خواستیی هاوپشتی و داکۆکیکردن لە کوردی، لە ناو جەماوەری ناوچەکانی دیکەی ئێران بینی و هاوکات لەگەڵ بەرجەستەکردنەوەی ئەم نیشانە گرینگە، هەلی بۆ ڕاکێشانی شەپۆلی پشتیوانی لە کورد قۆستەوە. پەرەسەندنی درووشمی پشتیوانی کردن لە کوردستان لە تارانەوە بۆ ناوچەکانی دیکە و لەوانە باکووری ئێران و بەتایبەت بۆ تەورێز و هەرێمی ئازەرییەکان، گورزێکی کاریگەر بوو لە جەستەی نەیاران و دژبەرانی کوردستان درا. بۆمبارانکردنی ناوەندەکانی حیزبەکان لە باشوور و بەدەنگەوەهاتنی بەرینتری خەڵکی دەرەوەی کوردستان بۆ داوای پشتگیرییەکەی ناوەندی هاوکاری، سەلماندی کە سیاسەتی دووبەرەکی نانەوە لەنێوان پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی ئێران، لەناو نەوەی نوێدا گۆڕاوە بۆ هەستی هاوپشتی و یەکترویستن. سڵاڤۆی ژیژەک زۆر بە درووستی ئاماژە بەوە دەکات کە خەڵکی ئێران تێگەیشتوون بەبێ ڕزگاربوونی کوردستان لەژێر ستەم، هیچ کەس لە ئێران بە ئازادی ناگات. ئەمەش بەڵگەیەکی دیکەیە بۆ ڕەوابوونی هەڵوێستی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان.

ئەمجارەیان کورد، خۆویست یان نەخوازراو، خراوەتە ناوەندی گەمەکەوە و هێزی سیاسیی سەرەکی لە کوردستان بە خوێندنەوەی زانایانەی ساتەوەختە مێژوویییەکە، بڕیاری دوورکەوتنەوە لە لێواری داوە و قۆڵی بۆ ڕەواندنەوەی یەکجارەکیی ترسی مان و نەمان هەڵماڵیوە. پێداگریی ئەم هێزە لەسەر درێژەدان بە خەباتی مەدەنی و تێکەڵنەکردن و بەلاڕێدانەبردنی بە خەباتی چەکداری، نیشانەی خوێندنەوەی درووستە بۆ خواستی هێشتا ساوا بەڵام لەگەشەی هاوپشتی و یەکگرتووییی نێوان هەموو پێکهاتەکانی ئێران بۆ ڕاماڵینی ستەم بە هەموو جۆرەکانییەوە.

هاوکات بەرەیەکی سیاسیی دیکە لە مەیداندا هەیە کە بەجۆرێکی دیکە لەگەڵ ساتەوەختە مێژوویییەکاندا بەرەوڕوو دەبێتەوە. ئەم بەرەیە کە بەگشتی تەنیا خۆی و فکری هاوشێوەی خۆی بە هێزی گۆڕانکاری و کار و چالاکی دەبینێت، لە ناسینەوەی نیشانەکانی بەر لە هاتنی ساتەوەختەکە کڵۆڵە و هەر بۆیە لەگەڵ سەرهەڵدانی یەکەم شەپۆلەکان دەتاسێت و سەرەتا بە بێبایەخکردن و نەگونجاندنی لەناو بەرنامەی هەرە لەپێشی ڕۆژانەیدا، هەوڵی نکۆڵیکردن و حاشالێکردن و لەم ڕێگەیەوە دامرکاندنەوەی دەدات. لەگەڵ بەردەوامبوونی دۆخەکە، ئەم هێزە ئامرازی خوێندنەوەی پێشوەختی ساتەوەختەکە و ڕووداوەکانی دواتری پێ نییە و تاسان و حاشاکردنەکەی سەرەتاش هێندەی وزە پێ نەهێشتووە کە بپەرژێتە سەر خۆڕێکخستن لەگەڵ ڕووداوەکان. لێرەوە هەوڵ بۆ بەلاڕێدابردنی ڕەوتی ڕووداوەکان و وەبیرهێنانەوەی باوەڕەکانی خۆی دەدات وەک تاکە ئەڵتەرناتیڤی گەیشتن بە مەبەست. ئەم هێزە دژ بە ساتەوەختە مێژوویییەکان دەوەستێتەوە و دەکرێت لە خانەی هێزە کۆنسەرڤاتیڤەکاندا پۆلێن بکرێت کە بوون و مانەوەیان لە مەیین و چەقبەستووییدا دەبیننەوە و گۆڕانکاری، گۆمی مەندی ئاسوودەیییان دەشڵەقێنێت. نائامادەبوونی ئەم هێزە بۆ ئەو ساتەوەختانە لە ئەنجامدا دەیخاتە سەر دژایەتیکردنی نائاشکرا و ناڕاستەوخۆی ڕەوتی ڕووداوەکان لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە. بەرژەوەندیی تاقم و دەستە و حیزب لەناو ئەم بەرەیە، پاڵنەرێکی بەهێزە بۆ دژوەستانەوە. لە ڕاپەڕینی ئێستای کوردستان و ئێراندا، کۆماری ئیسلامی و سەڵتەنەتخواز و پان ئێرانیست و ناسیۆنالیستە ئێرانییەکان لەم بەرەیەدان. ترسی سەرەکیی ئەوان هەمان دیاردەی سەرەکیی ڕاپەڕینەکەیە کە بریتییە لە درووشمی هاوپشتی و یەکگرتوویی و پێویستیی قبووڵکردنی یەکتر. فەلسەفەی سەرەکیی بوون و مانەوەی ئەم هێزانە هەتا ئێستا بڵاوکردنەوەی ڕووحی دژبەیەکی و ناتەبایی و بێمتمانەیی بووە لەناو خەڵک و بەتایبەت نەتەوەی باڵادەست. نەوەی ڕاپەڕیوی ئێستا لە درووشمەکانیدا وەڵامی تەواو ئاشکرا و ڕوون و بێنیاز لە ڕاڤە و تەفسیر، بە سیاسەتی دووبەرەکی نانەوە دەداتەوە. ئەم نەوەیە بە دەنگی بەرز خوازیاری لەگۆڕنانی هەموو ستەمگەرێکە لە هەر چوارچێوەیەکدا: مەرگ و نەمان بۆ ستەمگەر، جا چ شا بێت و چ ڕێبەر. ئەمە لە چەندین درووشمی دیکەشدا هەتا ئێستا ڕۆژانە و لە شوێنی جیاواز دەوترێتەوە.

blank
مەرگ و نەمان بۆ ستەمگەر، جا چ شا بێت و چ ڕێبەر. ئەمە لە چەندین درووشمی دیکەشدا هەتا ئێستا ڕۆژانە و لە شوێنی جیاواز دەوترێتەوە.

ئەم تێڕوانینە بۆ ساتەوەختی مێژوویی، تەنیا تایبەت بە هێزی داگیرکەر و چەوسێنەر نییە. بەشێک لە کوردیش هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی ڕاپەڕینەکە، لەسەر جیاکردنەوەی ڕێڕەو و ئاراستەی خۆپیشاندانەکانی کوردستان لە شوێنەکانی دیکەی ئێران پێدادەگرێت. ئەم پێداگرییە هەندێک جار تا ئاستی هەوڵ بۆ دامرکاندنەوە و لە خشتەبردنی داخوازییەکانی سەر شەقامیش دەڕوات. ئەم بەشە لە کورد بێ بڕوا بەو هاوپشتی و پشتیوانی و یەکڕیزییەی لە ئاستی ناوخۆدا سەری هەڵداوە و لە درووشم و هەڵوێستی بەشێکی زۆری چالاکانی ناوخۆدا ڕەنگی داوەتەوە، لە ڕاستیدا ترسێکی گەورەی لە بەجێهێشتنی لێواری مانەوە هەیە و بە زەقکردنەوەی کۆمەڵێک ڕەخنەی ناو ڕاپەڕینەکە، هەوڵ دەدات کورد لە ناوجەرگەی یارییەکە دوور بخاتەوە و لە باشترین حاڵەتدا لە پەڕاوێزی ڕووداوەکاندا بیهێڵێتەوە. ئەو ترسەی گوتاری مانەوەی مێژووییی کورد، لەو بەشەدا هێندە بەهێزە کە بەسەر هیوای ڕزگاری و ئازادی لە ڕێگەی یەکڕیزی و هاوپشتی لەگەڵ باقیی پێکهاتەکانی دیکەی ئێراندا زاڵە. ئەم هێزە مانەوە لە لێواری مان و نەمان و خۆحەشاردان لە بەستێنێک دوور لە چەقی ڕووداوەکان و بەرهەمهێنانەوەی ترسی لەناوچوون، بە باشتر دەزانێت لە دابەزینە ناو چەقی ساتەوەختەکە و بەهێزکردنی ئەو لایەن و تایبەتمەندی و خەسڵەتەی کە مەیلی ڕەواندنەوەی ستەمی هەیە و خەونی گەیشتن بە ئارامی و ئاسوودەیی دوور لە ترسی مان و نەمان، لەگەڵ ئەودا ئەگەری وەدیهاتنی زیاترە.

هێزی سەرەکیی ئەم بۆچوونە لەناو کوردی تاراوگە دەبینرێت، ئەگەرچی بەشێک لە هێزی ئینسانیی لایەنە سیاسییە کانی کوردستانیش پێک دەهێنن. بەشداریی کەم و نابەرچاو و شەرمنانەی کوردی تاراوگە لە کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی هاوبەش بۆ پشتیوانیکردن لە ڕاپەڕینەکە، دەرفەت و مەودای لەباری بۆ نەیارانی کورد و لەوانە سەڵتەنەتخواز و پان ئێرانیست و ئیستەکانی دیکە ڕەخساندووە و دوای شۆکی سەرەتای هاواری نەویستنیان لە ناوخۆ، خەریکن ڕوخساری ڕاپەڕینەکە و خواستەکانی، بەجۆرێک بە ڕای گشتیی ڕۆژئاوا نیشان دەدەن کە دوورە لە ڕاستیی ڕووداوەکان و تەنیا ئامانجە ئایدیۆلۆژیکی و سیاسییەکانی خۆیان دەپێکێت.

پێداگری لەسەر پەڕاوێز مانەوە و لە لێواردا بەردەوام بوون، لە هەلومەرجی ئێستادا کەمترین سوودی بۆ دۆزی کورد لە ڕۆژهەڵات نییە و ئەگەرچی زۆریش نەخوازراو و بەپێچەوانەی ویستی هەڵگرانی ئەو بۆچوونە، بەڵام سوودەکەی دەچێتە گیرفانی بەرەی دژ بە هاوپشتی و هاودەنگی و یەکڕیزیی نوێ و ڕوو لە گەشەی نەوەی ڕاپەڕیوی ئێستا.

زۆرترین زیانی هاتنە ناو ناوەندی ڕووداوەکە و دوورکەوتنەوە لە لێواری مان و نەمان، شکست و گەڕانەوەمانە بۆ هەمان لێوار بە ئەزموونێکی زیاترەوە، بەڵام کەمترین دەرکەوتەی مانەوە لە لێوار، بوونی بەردەوامی ترسی کەوتنەخوارەوەیە بە دیوی لەناوچوون و فەوتاندا.

کاتی ئەوە هاتووە لەو لێوارە دوور بکەوینەوە.