سروشتی مرۆڤ، تاک و کۆمەڵگا

بەشی سێیەم: کۆمەڵگا (٣-٣)

لە ئینگلیزییەوە: ڕێباز باوزی

٣- کۆمەڵگا[1]     

٣/١-٣ سەرەتایەک

تاکەکان هەرچەندە خۆگر و سەربەخۆ بن، هێشتا بوونی مرۆڤ لە دەرەوەی کۆمەڵگا شتێکی ناماقووڵە، مرۆڤەکان (ڕۆبنسوون کرووزۆە)[2] گۆشەگیر و دوورەپەرێز نین، کە توانای ژیانیان لە گۆشەگیرییەکی تەواو و هەمیشەییدا هەبێت. تەنانەت ئەو شتەی کە وای کرد ڕۆبنسوون کرووزۆە لە ژیاندا بمێنێتەوە، ئەو پەروەردە و کارلێکە کۆمەڵایەتییە بوو کە پێش تێکشکانی کەشتییەکە بەدەستی هێنابوو. بەڵام زۆر جار چەمکی کۆمەڵگا کەمێک ڕوونتر و ئاشکراترە لە چەمکی تاک. بە شێوەیەکی گشتی کۆمەڵگا ئاماژەیە بۆ کۆمەڵە خەڵکێک کە لە ناوچەیەیەکی دیاریکراودا بەیەکەوە نیشتەجێن. بەڵام بەو مانایە نییە کە هەموو گرووپێک بتوانن کۆمەڵگا پێک بهێنن، بەڵکوو کۆمەڵگاکان بە کارلێکی کۆمەڵایەتیی ڕێکوپێک تایبەتمەندن، ئەمەش پێشنیاری بوونی جۆرێک لە پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان دەکات. جگە لەوەش پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەمای جۆرێک لە هۆشیاری و کۆمەڵێک پێوەری هەماهەنگی بنیات دەنرێن. بۆ نموونە “هۆزە شەرکەرەکان” کۆمەڵگایەک پێک ناهێنن، گەرچی لەوانەیە لە نزیکەوە لەگەڵ یەکتری بژین و کارلێکی بەردەوام هەبێت لە نێوانیاندا، لە لایەکی دیکەوە بە نێودەوڵەتیکردنی گەشتیاری و ژیانی ئابووری و بڵاوبوونەوەی ئاڵوگۆڕی کولتووری و هزری نێودەوڵەتی، بووە هۆی سەرهەڵدانی (کۆمەڵگای جیهانی). سەرەڕای ئەوەش ئەو کارلێکە هاوبەشەی کە ڕەفتاری کۆمەڵایەتی دیاری دەکات، مەرج نییە بە ناسنامەیەکی هاوبەش یان جۆرێک لە هاوسۆزیی بەهێز بکرێت. ئەمەش ئەوە دەردەخات، کە “کۆمەڵگا- Society” لە چەمکی بەهێزتری “کۆمەڵ- Community” جیا دەکاتەوە، کە لانی کەم پێویستی بە پێوەرێک لە خزمایەتی و هاودەنگی کۆمەڵایەتی هەیە، واتا بوونی ناسنامەیەک لەگەڵ کۆمەڵ. بەڵام کۆمەڵگا لە سیاسەتدا زۆر جار بە واتایەکی تایبەتتر ئاماژەی پێ دەدرێت، وەک ئەوەی پیی دەڵێن (کۆمەڵگەی مەدەنی)، کۆمەڵگەی مەدەنی لە بنەڕەتدا ئاماژەیە بۆ کۆمەڵگایەکی سیاسی کە لە چوارچێوەی یاسادا دەژین و سۆزێکی هاوبەش پیشان دەدەن بۆ دەوڵەتێک. بیرمەندانی سیاسیی سەرەتایی، کۆمەڵگایەکی ڕێکوپێکی لەم شێوەیان بە بنەمای ژیانی شارستانی دەزانی، بەڵام تیۆریستە مۆدێرنەکان زیاتر ویستی ئەوەیان هەبوو جیاوازییەکی ڕوونتر و هێڵێکی جیاکەرەوە لەنێوان کۆمەڵگا و دەوڵەتدا بکێشن. لە نەریتی هیگڵ و مارکسدا کۆمەڵگەی مەدەنی لە دەرەوەی دەوڵەتدا دروست دەبێت و ئاماژەیە بە کایەی گرووپ و کۆمەڵە و ڕێکخراوە خۆسەرەکان کە لەلایەن تاکەکانەوە وەک هاووڵاتی پێک دەهێنرێت. هەرچەندە هیگڵ وەک ئەندامێکی جیابووەوەی خێزان لە کۆمەڵگەی مەدەنی دەڕوانی، بەڵام زۆربەیان چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی لە بەرانبەر دامەزراوە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتووری و ناوخۆییەکاندا بەکار دەبەن.

بەڵام سروشت و گرنگی ئەم جۆرە دامەزراوانە جێگەی بایەخێکی زۆرە، ئەمەش زۆر جار لە دەوری پەیوەندیی نێوان تاک و بوونە دەستەجەمعییەکاندا دەسووڕێتەوە. بۆ نموونە ئایا دەتوانرێت پەیوەندیی نێوان تاکگەرایی و کۆڵێکتیڤیزم ڕێک بخرێتەوە؟ یان دەبێت تاک و کۆمەڵگا بۆ هەمیشە سەنگەرگیری یەکتر بن؟ جگە لەوەش بە چەندەها ڕێگای دژوار دەتوانین لە کۆمەڵگا تێبگەین، کە هەر یەکێکیان کاریگەریی سیاسیی گرنگی هەیە، بۆ نموونە ئایا کۆمەڵگا دەستکردی مرۆڤە، یان بوونێکی ئۆرگانییە؟ ئایا لەسەر

بنەمای کۆدەنگییە، یان ناکۆکی؟ ئایا کۆمەڵگا یەکسانخوازە، یا لەسەر بنەمای دەستەڵات و پلەبەندییە؟ لە کۆتاییدا، زۆر جار سەرنج دەخرێتە سەر گرنگی دابەشبوونی کۆمەڵایەتی، بەتایبەتی چینی کۆمەڵایەتی، ڕەگەز، نەژاد، ئایین، نەتەوە و زمان. لە هەندێک دۆخدا وا دەبینرێت کە ئەمانە دەروازەی تێگەیشتنن لە سیاسەت، بۆچی دابەشبوونە کۆمەڵایەتییەکان گرنگن و کامیان زۆرترین کاریگەرییان لەسەر سیاسەت هەیە؟

٣/٢-٣ کۆڵێکتیڤیزم –  کۆمەڵگەرایی/کۆمەڵخوازی/جەماوەرگەرایی

کەم زاراوەی سیاسی هەیە هێندەی کۆڵێکتیڤیزم ئاڵۆزی و سەرلێشێواوی دروست کردبێت، یان هێندە واتایەکی فراوانی لەخۆ گرتبێت. بۆ هەندێک کۆڵێکتیڤیزم ئاماژەیە بە کردارەکانی دەوڵەت و بەرزترین فۆڕمی گەشەسندنی خۆشی لە ناوەندی ئابووریی دەوڵەتە کۆمۆنیستە ئۆرتۆدۆکسەکاندا بەخۆوە بینی، کە پیی دەگوترێت “کۆڵێکتیڤیزمی دەوڵەت”. بەڵام هەندێکی دیکە بە کۆمەڵگەرایی بەکاری دەهێنن وەک ئاماژەیەک بۆ کۆمۆنیتاریزم، کە پەسنی کردارێکی کۆمەڵایەتییە نەک خەباتی و هەوڵدانێکی کەسی، بیرۆکەیەکی لەم شێوەیە کاریگەرییەکی ئازادیخوازانە و تەنانەت ئەناکیزمیشی هەبوو، وەک لە “ئەنارکیزمی کۆمەڵگەرایی”ی میخائیل باکونین(١٨١٤-١٨٧٦)دا خرایە ڕوو. لەگەڵ ئەوەشدا زاراوەی کۆمەڵخوازی هەندێ جار وەک هاوواتای سۆسیالیزم بەکار دەهێنرێت، هەرچەندە زیاتر بۆ تێکەڵکردنی بابەتەکەیە، کە لەلایەن ڕەخنەگرانی سۆسیالیزمەوە ئاڕاستە دەکرا، بۆ ئەوەی زیاتر وەک داکۆکیکارێک دەرکەوێت کە دەوڵەت کۆنتڕۆڵی تەواوی بەسەر کاروباری کۆمەڵایەتی و ئابووریدا هەبێت، لە کاتێکدا سۆسیالیستەکان خۆیان ئەو زاراوەیە بۆ پابەندبوون بە بەرژەوەندییە بەکۆمەڵەکانی مرۆڤایەتی بەکار دێنن. لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانرێت ئاماژە بە ناوەڕۆکێکی هاوبەشی بیرە کۆمەڵخوازەکان بکرێت و کۆمەڵێک لێکدانەوە و نەریتی ململانێکان دەستنیشان بکرێن.

میخائیل باکونین (١٨١٤-١٨٧٦) تیۆرسەنی ئەنارشیزم و فەیلەسووفی رووسی

لە بنەڕەتدا کۆڵێکتیڤیزم/کۆمەڵخوازی، جەخت لەسەر توانای مرۆڤ دەکاتەوە بۆ ئەنجامدانی کردەوەی بەکۆمەڵ، جەخت لەسەر توانستی بەدواداچوونی ئامانجەکانیان دەکاتەوە بۆ کاری پێکەوەیی، نەک هەوڵدان بۆ بەرژەوەندیی کەسی. بۆیە هەموو جۆرەکانی کۆڵێکتیڤیزم پشتگیریی لەو تێڕوانینە دەکەن کە مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و لەگەڵ هاوچەشنەکانی خۆیدا گرێدراوی ناسنامەیەکی بەکۆمەڵن. گرووپی کۆمەڵایەتی هەرچییەک بێت، گرنگە و تەنانەت جەوهەری بوونی مرۆڤە، ئەم فۆڕمە کۆمەڵخوازییە لە مەودایەکی بەرفراوانی ئایدۆلۆژیای سیاسیدا دەبینرێت، کە بنچینەیە بۆ سۆسیالیزم.

جەختکردنەوە لەسەر ناسنامەی کۆمەڵایەتی و گرنگی کردەوەی بەکۆمەڵ، لە بەکارهێنانی زاراوەی “کۆمڕاد/هەڤاڵ” وەک ئاماژەیەک بۆ ناسنامەی هاوبەشی ئەو کەسانەی کار بۆ گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی دەکەن، دەردەکەوێت.

لە بیری “هاودەنگی چینایەتی”یشدا ئاماژە بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەموو چێنی کرێکاران دەکات و بێگومان لە بیرۆکەی “مرۆڤایەتیی هاوبەش”یشدا ڕەنگی داوەتەوە.

هەروەها فێمینیزمەکان پێیان وایە، بیرۆکە کۆمەڵخوازییەکان  گرنگیی جێندەرییان هەیە، جەخت لەسەر بیری خوشکایەتی دەکەنەوە بۆ داننان بە ناسنامەیەکی هاوبەش، کە هەموو ژنان هاوبەشن و توانای خۆیان بۆ ئەنجامدانی کردەوەی سیاسیی بەکۆمەڵ ڕێک بخەن. بە هەمان شێوە بیری ناسیۆنالیستی و ڕەگەزپەرستییانە لە لێکدانەوەی مرۆڤایەتی لە ڕووانگەی “نەتەوەکان” یان ڕەگەزەکانەوە، دیدێکی کۆمەڵخوازانە وەردەگرن. بۆیە هەموو فۆڕمەکانی کۆڵێکتیڤیزم لەگەڵ ئەو شێوە تووندەی تاکگەراییدا ناکۆکن، کە مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی سەربەخۆ و خۆخواز وێنا دەکات. بەڵام ئەگەر وای دابنێین مرۆڤەکان بە شێوەیەکی سروشتی کۆمەڵایەتی و هاریکارن، ئەوا ڕەنگە کۆمەڵخوازی سەرچاوەی بەدیهێنانی خواستە کەسییەکان بێت، نەک نکووڵیکردن لە تاکایەتی.

بەڵام پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگەرایی و دەوڵەت بە ڕێکەوت نییە، زۆر جار دەوڵەت وەک ناوەندێک سەیر کراوە کە لە ڕێگەیەوە کردەی بەکۆمەڵ ڕێک دەخرێت، لەم دۆخەدا نوێنەرایەتیی بەرژەوەندییە بەکۆمەڵەکانی کۆمەڵگا دەکات، نەک بەرژەوەندییەکانی هەر تاكێک. هەر لەبەر ئەمەشە تیۆریستە ڕاستڕەوە نوێکان بەتایبەتی مەیلیان بەلای دەستێوەردانی دەوڵەتدایە بە شێوە جۆربەجۆرەکان تا وەک بەڵگەیەک لەسەر کۆمەڵگەرایی نیشانی بدەن. بەم پێیە گەشەی خۆشگوزەرانی کۆمەڵگا، پێشکەوتنی بەڕێوەبردنی ئابووری و بەخۆماڵیکردنی، وەک سەرهەڵدانی “کۆمەڵگەرایی/کۆڵێکتیڤیزم” لێک دراوەتەوە. لەم ڕوانگەیەوە ئابووری فەرمانداریی[3] کە لە یەکێتی سۆڤییەت گەشەی کردووە، بەرزترین شێوەی پێکهاتەی کۆمەڵگەرایی دیاری دەکات. کۆڵێکتیڤیزم بەم شێوە ناوەندگەراییە و ستاتیستییە بە زۆری وەک دژە تاکگەرایی خۆی وێنا دەکات، کاتێک دەوڵەت نوێنەرایەتی دەستەڵاتێکی داسەپا و زۆرەملێ دەکات، ئەوا هەمیشە وەک نەیاری ئازادیی تاک سەیر دەکرێت. لەو شوێنەی دەوڵەت بڕیار دەدات، دەستپێشخەری تاکەکەسی و ئازادیی هەڵبژاردن سنووردارە، بەڵام ئەمەش زۆرجار تەنیا سیرکردنی دەوڵەتە وەک زاراوەیەکی نەرێنی. بەڵام لە لایەکی دیکەوە ئەگەر دەوڵەت دۆخی گەشەپێدانی تاک پێش بخات، وەک دەستەبەرکردنی پەروەردە و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی، ئەوا دەتوانرێت بە تەواوی کۆمەڵگەرایی و تاکگەرایی لەگەڵ یەکدیدا بگونجێن و هەڵبکەن.

لەگەڵ ئەوەشدا ناکرێت هەر بیر و ڕێبازێکی کۆمەڵخوازانە بە دەوڵەتەوە ببستینەوە، چونکە تاڕادەیەک سەرلێشێواوی و ناڕوونی دروست دەکات، دەوڵەت لە باشترین شێوەدا دەزگایەک، ناوەندێکە لە ڕێگەیەوە کردەی بەکۆمەڵ ڕێک دەخرێت. مەترسیی سەرەکیی دەوڵەت لەوەدایە کە خۆی بە شوێنگرەوەی “دەستەجەمعی” بزانێت و ئەرک و بەرپرسیارێتی لە هاووڵاتییانی ئاسایی دوور بخاتەوە. بەو مانایەی کۆڵێکتیڤیزم واتای کردەوەی بەکۆمەڵە، کە لە تێگەیشتنێکی هاوبەشی تاکە ئازادەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، بەوەی خاوەنی بەرژەوەندیی هاوبەشن یان ناسنامەیەکی بەکۆمەڵن. ئەم فۆڕمە لە کۆڵێکتیڤیزم فراوانترە و زیاتر پەیوەندی بە بیرۆکەی خۆ-بەڕێوەبەرییەوە هەیە، نەک بە کۆنتڕۆڵی دەوڵەتەوە.

کۆڵێکتیڤیزمی خۆ-بەڕێوەبەری مایەی گرنگییەکی زۆر بووە بۆ ئەنارکیستەکان و سۆسیالیستە ئازادیخوازەکان، بۆ نموونە باکونین چاوی لە دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی بێ دەوڵەت بوو، کە ئابووری بەپێی بنەماکانی خۆ-بەڕێوەبردنی کرێکاران ڕێک بخرێت و بەڕوونی ئەو تێڕوانینە کۆمەڵخوازییەی جیا کردەوە کە وەک ئاماژەیەکی پاوانخوازی لە سۆسیالیزمی مارکسیدا دەبینرا. هەروەها ئەو فۆڕمە کۆڵێکتیڤیزمەی لە سیستمی “کیبووتز –Kibbutz”[4] لە ئیسرائیلدا دەبینرا. بۆیە پێویست نییە بڵێین ئەم بیرۆکە بەکۆمەڵانە هیچ لێکچوونێکیان لەگەڵ شێوازەکانی تاکگەراییدا نییە، کە جەخت لەسەر پشتبەستوویی کەسی و بەرژەوەندیی تاکەکەسی دەکەنەوە. هەرچۆنێک بێت دڵسۆز بوون بۆ ئایدیاکانی خۆبەڕێوەبردن و کردەوەی خۆبەخشانە، ئەم فۆڕمە کۆمەڵگەرایییە هیچ کاریگەرییەکی دژە-تاکگەرایی نابێت.

٣/٣-٣ تیۆرییەکانی کۆمەڵگا

    گرنگی تیۆریی کۆمەڵگا بۆ شیکاری سیاسی، هیچ لە چەمکی سروشتی مرۆڤ بۆ سیاسەت کەمتر نییە. ژیانی سیاسیی پەیوەندییەکی نزیک و بەهێزی بە ژیانی کۆمەڵایەتییەوە هەیە، ئاخر سیاسەت کەمێک زیاترە لە ڕەنگدانەوەی ئەو گرژی و ململانێیانەی کە کۆمەڵگا دروستی دەکات. بەڵام کارلێکی نێوان سیاسەت و کۆمەڵگا و تاک بابەتی ناکۆکی تووند و مشتومڕی قووڵی ئایدۆلۆژییە. ململانێکانی ناو کۆمەڵگا چین؟ ئەم ململانێیانە لەنێوان کێ دان؟ ئایا دەتوانن بەسەر ئەم ململانێیانەدا زاڵ ببن، یان تایبەتمەندییەکی هەمیشەیی ژیانی سیاسیین؟ مەودای یەکەمی تیۆرییەکان لەسەر بنەمای چەمکی سەربەخۆییی تاک لە کۆمەڵگادا دامەزراوە. ئەم ڕەوتە پێیان وایە، کە کۆمەڵگا شوێنەوارێکی مرۆیییە و لە لایەن تاکەکانەوە بنیات نراوە بە مەبەستی بەدەستهێنانی مەبەست و بەرژەوەندییەکانیان. لە شێوە تووندەکەیدا دەکرێت لە دەربڕینەکەی مارگرێت تاچەردا بەدی بکەین، کە دەڵێت «شتێک نییە بە ناوی کۆمەڵگا»؛ بە واتایەکی دیکە، دەتوانرێت کۆی ڕەفتارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە ڕووی ئەو هەڵبژاردنانە تێبگەین کە تاکە بەرژەوەندیخوازەکان ئەنجامی دەدەن، بەبێ ئاماژەدان بە بوونە بەکۆمەڵەکانی وەک “کۆمەڵگا”. ڕوونترین نموونەی ئەم تیۆرییە لە لیبڕالیزمی کلاسیکیدا دەبینرێت، کە لەسەر بنەمای بەدستهێنانی زۆرترین ئازادی تاک دامەزراوە. هەرچەندە دەوڵەتێک پێویستە بۆ ڕێکخستن و پاراستنی چوارچێوەکانی، بەڵام تاکەکان دەبێت تا ئەو جێگایەیی کە دەتوانن بە شێوازی خۆیان بە دوای ئامانج و بەرژەوەندییەکانیادا بگەڕێن. ئەمەش زۆرجار بە تیۆری ئەتۆمیستیکی[5] کۆمەڵگا وەسفکراوە، بەو پێیەی کە ئەوە دەگەیەنێت، کۆمەڵگا لە کۆمەڵێک یەکە یان ئەتۆمی تاک زیاتر هیچی تر نییە.

بەڵام ئەم بۆچوونە ئەوەش لەیاد ناکات، کە تاکەکان لە ڕێگەی گرووپ و کۆمەڵە، بازرگانی، سەندیکا و یانە و … بەدوای بەرژەوەندییەکانیاندا دەگەڕێن، بەڵام ئەو کۆنکرێتەی ئەم کۆمەڵگایە بە یەکەوە دەبەستێتەوە بنەماکەی بەرژەوەندیی خۆویستییە، داننان بەوەی کە بەرژەوەندییە تایبەتەکان پێکدادەچن، وا دەکات بنیاتنانی گرێبەست، یان ڕێککەوتنی خۆبەخشانە ئەستەم بێت. بە ڕوونی ئەم تێگەیشتنە بۆ کۆمەڵگا لەسەر باوەڕێکی بەهێز بە کۆدەنگی دامەزراوە، ئەو باوەڕەی کە هارمۆنی و هاوسەنگییەکی سروشتی لە نێوان تاک و گرووپە ڕکابەرەکانی کۆمەڵگادا هەیە. ئەمەش لە سەدەی هەژدەهەمدا لە تێڕوانینی ئادەم سمیسدا دەرکەوت کە پیی وابوو”دەستێکی نادیار لە بازاڕدا کار دەکات”، کە لە سەدەی بیست لەلایەن هایکەوە بە “ڕێکخستنی خۆڕسک “Spontaneous order – ی ژیانی ئابووری لێک دارایەوە. هەرچەندە کرێکار و خاوەنکارەکان بە دوای ئامانجی ناکۆکدا دەگەڕێن، بەوەی کڕێکار دەیەوێت کریی زیاتر بێت و خاوەنکار تێچووی کەمتر، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەیەکەوە بەستراونەتەوە، کرێکار پێویستی بە کارە و خاوەنکاریش بە کارکەر. تێڕوانینێکی لەم جۆرە بۆ کۆمەڵگا کاریگەرییەکی سیاسیی زۆر ڕوونی هەیە، بە تایبەتی ئەگەر کۆمەڵگا بتوانێت دەرفەتێک بۆ تاکەکان بڕەخسێنێت کە بەدوای ویستەکانیاندا بچن بێ ئەوەی ململانێی بنەڕەتی دروست بکەن، بە دڵنیاییەوە درووشمەکەی تۆماس جێفرسۆن کە دەڵێت «ئەو حکوومەتە باشترینە، کە کەمترین حکوومڕانی دەکات» ڕاستە.

تیۆرێکی جیاوازتری بنەڕەتی کۆمەڵگا، لەسەر بنەمای وێکچوونێکی ئۆرگانیک دامەزراوە. لە بری ئەوەی لەلایەن تاکە عەقڵانییەکانەوە بۆ مەبەستی تێرکردنی بەرژەوەندییە کەسییەکان بنیات بنرێت، ڕەنگە کۆمەڵگە وەک کۆیەکی ئۆرگانیک کار بکات، تایبەتمەندییەکان بە شێوەیەکی ئاساییتر پیشان بدات کە پەیوەستن بە زیندەوەرەکانەوە، دەشێت مرۆڤێک یان ڕوەکێک بێت. ئەمەش دەرخستەی ڕێبازێکی گشتگیرترە بۆ کۆمەڵگا، جەخت لەوە دەکاتەوە کە کۆمەڵگاکان تۆڕێکی ئاڵۆزی پەیوەندین، کە لە کۆتاییدا بۆ پاراستنی کۆی گشتی بوونیان هەیە؛ بەو واتایەی کۆ گرنترە لە بەشە تاکە کەسییەکان. وێکچوونی ‘ئۆرگانیک/ئەندامی” بۆ یەکەمجار لەلایەن بیرمەندانی یۆنانی کۆنەوە بەکار هێنرا، کە ئاماژەیان بە “سیاسەتی جەستە” دەکرد. هەندێک لە مرۆڤناس(ئەنسرۆپۆلۆجیست)ەکان و کۆمەڵناسەکان لە پەرەپێدانی دیدگای وابەستەیی کۆمەڵگادا بەژدارییەکی کارایان هەبووە. ئەمەش وا گریمانەی دەکات کە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان بەشێکن لە پاراستنی پێکهاتە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگا، هەر بۆیە دتوانین لە ڕووی کارکردەیی و چالاکییەوە تێی بگەین. ڕوانگەی ئۆرگانیک بۆ کۆمەڵگا لەلایەن بەشێک لە بیرمەندانی سیاسی جێگای بایەخ و قبووڵکردن بووە، بەتایبەت کۆنزێرڤاتیڤە نەریتییەکان و فاشیستەکان، وە بە تایبەتتر ئەوانەی پشتگیرییان لە دامەزراوەیی و کۆمپانیاگەرایی دەکرد. لە ڕاستیدا تێگەیشتنێک هەیە کە ڕووانگەی ئۆرگانیزم کاریگەرییەکی کۆنەپارێزانەی ڕوونی هەیە، بۆ نموونە زیاتر مەیلی ڕەوایەتیدانی بەلای سازاویی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیدایە، بەو مانایەیی کە لەلایەن هێزە سروشتییە پێویستەکانەوە بنیات نراوە. بۆیە دامەزراوەکانی وەک خێزان، کڵێسا و ئەرستۆکراسی، هەروەها بەها و کولتوورە نەریتییەکان، خزمەت بە سەقامگیریی کۆمەڵایەتی دەکەن. جگە لەوەش ئەم بۆچوونە ئەوە دەگەیەنێت کە کۆمەڵگا بە سروشتی پلەبەنییە. توخمە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا، وەک چینە کۆمەڵایەتییەکان، ڕەگەزەکان، پێکهاتە ئابوورییەکان، دامەزراوە سیاسییەکان و هاوشێوەکانی، هەر یەکەیان ڕۆڵێکی تابیەتیان هەیە. وێستگەیەکی تایبەتتر ئەو یەکسانییە ناماقووڵەیە کە دڵ و جگەر و گەدە و مێشک و سییەکان، لەناو جەستەدا یەکسانن وەک کۆیەکی ئۆرگانی بۆ کۆمەڵگا، لەوانەیە گرنگیان یەکسان بێت لە جستەدا، لێ بە تەواوی ئەرک و مەبەستی تەواو جیاواز بەدی دێنن.

لە کاتێکدا هەردوو تیۆریی تاکگەرایی و ئۆرگانیکی کۆمەڵگا پێشنیاری کۆدەنگییەکی کۆمەڵایەتیی بنەڕەتی دەکەن، تیۆرییە ڕکابەرەکان تیشک دەخەنە سەر ڕۆڵی ململانێکان. ئەمەش بۆ نموونە لە تیۆریی فرەیی کۆمەڵگادا دەبینرێت، ئەمەیان سەرنج دەخاتە سەر ململانێی نێوان گرووپ و بەرژەوەندییە جیاوەزەکانی کۆمەڵگا. بەڵام فرەییخوازەکان”پلوڕالیستەکان” ئەم جۆرە لە ململانێییە بە بنەڕەتی نازانن، چونکە لە شرۆڤەی کۆتاییدا، پێیان وایە سیستمێکی سیاسیی کراوە و کێبڕکێکار توانای دەستەبەرکردنی هاوسەنگیی کۆمەڵایەتی و ڕێگریکردن لە کەوتنە دۆخی نائارامی و تووندوتیژی هەیە. لە بەرانبەردا تیۆرییە نوخبەیییەکانی کۆمەڵگا، تیشک دەخەنە سەر چڕبوونەوەی دەستەڵات لە دەستی کەمینەیەکی بچووکدا، بەم شێوەیە نەخشی ململانێکان لەنێوان “نوخبە” و “جەماوەر”دا دەکێشن. بۆیە تیۆریستەکانی نوخبە زیاتر ئامادەن بۆ ڕوونکردنەوەی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی لە ڕووی بەرژەوەندیی ڕێکخراوەیی و دەستکاریکردن و زۆرەملێ، نەک کۆدەنگی. بیرمەندانی فاشیست بەژداری جۆرێک لە نوخبەگەرایی دەکەن کە واتای هاوسەنگیی ئۆرگانیکی دەدات، بەو پێیەی کە جەماوەر بە خواستی خۆیان ملکەچی و ژێردەستی قبووڵ دەکەن. بەڵام کاریگەرترین تیۆری ململانێی کۆمەڵگا مارکسیزم بووە. مارکس پیی وابوو کە ڕەگ و ڕیشەی ململانێی کۆمەڵایەتی وا لە بوونی مووڵکایەتی تایبەتدایە، کە دەبێتە هۆی ململانێی بنەڕەتی و ناتەباییی چینایەتی، زۆر بەسادەیی ئەوانەی لە هەر کۆمەڵگایەکدا سامان بەرهەم دێنن، کرێکارانن، هەر بۆیەش بە شێوەیەکی سیستماتیک لەلایەن خاوەنکارەکانیانەوە بەکاردەهێنرێن و دەچەوسێنرێنەوە. مارکس ئاماژەوەی بەوەدا، کە کرێکاران بە پێی بەژداریکردنیان لە پێواژۆی بەرهەمهێناندا شایستەکانیان پێ نادرێت و بەهای زیادەیان لێ زەوت دەکرێت. لە ڕوانگەی مارکسیستە ئۆرتۆدۆکسەکانەوە، ململانێی چینایەتیی بنەڕەتیی کاریگەری لەسەر هەموو لایەنەکانی بوونی کۆمەڵایەتی هەیە. بۆ نموونە سیاسەت پڕۆسەیەک نییە لە ڕێگەیەوە بەرژەوەندیی ڕکابەرەکان لە بەرانبەر یەکدا هاوسەنگ بکات، هێندەی ئامڕازێکە بۆ برەودان بە چەوساندنەوەی چینایەتی. 

٣/٤-٣ دابەشبوونی کۆمەڵایەتی و شووناس

  جگە لە تاکگەرا پەڕگیرەکان، هەموو بیرمەندانی سیاسی، گرنگیی گرووپە کۆمەڵایەتییەکان، یان بوونە دەستەجەمعییەکان لەبەرچاو دەگرن، ئەوان بە خەمی پێکهاتەکانی کۆمەڵگاوە بوون، بۆ ئەمەش بە دوای ڕوونکردنەوەیەکەوە بوون کە چۆن دابەشبوونە کۆمەڵایەتییەکان یارمەتیدەرن بۆ داڕشتنی ژیانی سیاسی.

“دابەشبوونی کۆمەڵایەتی” لە سادەترین شێوەی خۆیدا، بریتییە لە کەرتبوون و دابەشبوونی کۆمەڵگا، کە ڕەنگدانەوەی جۆراوجۆری پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانە لەناو کۆمەڵگادا، ئەم جۆرە دابەشبوونانە بەرەنجامی نایەکسانین لە کاریگەریی سیاسی، دەستەڵاتی ئابووری و پێگەی کۆمەڵایەتیدا، لێکدانەوەی سیاسەت لە ڕووی دابەشبوونی کۆمەڵایەتییەوە، بریتییە لە درککردن بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە تایبەتەکان، جا ئابووری، ڕەگەزی، ئایینی، کولتووری یا سێکسی بن، گرنگن لە ڕووی سیاسییەوە و ئەم کۆمەڵە گرووپانە وەک ئەکتەری سەرەکیی کایەی سیاسەت دەبینرێن. بەڵام ئەم دابەشبوونانە دەتوانرێت بە کۆمەڵێک شێوازی جیاجیا لێک بدرێنەوە. بە لای هەندێکەوە ئەم دابەشبوونانە هەمیشەیی و بنەڕەتین، ڕیشەیان لە کڕۆکی سروشتی مرۆڤدا هەیە یان لە پێکهاتەی ئۆرگانیکی کۆمەڵگادان. لە کاتێکدا بە لای هەندێکی دیکەوە ئەم دابەشبوونانە ڕاگوزەرن و دەتوانرێت تێپەڕێنرێن. بە هەمان شێوە دەکرێت ئەم دژیەکییانە بە شێوەیەکی دروست و خوازراو لێک بدرێنەوە، یان وەک بەڵگەیەک بۆ نادادپەروەری و ستەمکاریی کۆمەڵایەتی لێیان بڕوانرێت.

تیۆریستە سیاسییە مۆدێرنەکان هەندێک جار زمانی ناسنامە و جیاوازییان لا شیاوترە بۆ دابەشبوونی کۆمەڵایەتی، واتا ئەو شتە پیادە دەکەن کە هاتۆتە ناو “سیاسەتی ناسنامە” یان “سیاسەتی جوێییان” لە کاتێکدا دابەشبوون واتای کەرتبوون و بەشبەشبوون دەگرێتەوە، ئەمە هانمان دەدات مامەڵە لەگەڵ گرووپە کۆمەڵایەتی و پێکهاتە دەستەجەمعییەکان وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ و خاوەن ماف بکەین، کە ناسنامەی کەسی بەکۆمەڵەوە دەبەستێتەوە، واتا تاک چەسپاوی ناو پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی وەک کولتوور و دامەزراوەیی و چوارچێوەی ئایدۆلۆژییە. شووناس ئاماژەیە بۆ هەستکردن بە خۆبوونێکی جوێ و بێوێنە، بەڵام دانیش بەوەدا دەنێت کە مرۆڤەکان هەرچۆنێک خۆیان وێنا بکەن، هێشتا بە تۆڕێکی کۆمەڵایەتی و پەیوەندییەکانی ئەوانی دیکە لە قاڵب دەدرێت کە لە بنەڕەتدا خۆی لەوان بە جوێ دەبینێت. بەم پێیە ناسنامە واتا جیاوازی؛ بۆیە هۆشیاری بەم جیاوازییە هەستی ناسنامەمان لا تۆخ و ڕوونتر دەکاتەوە. بنەمای ئەم بۆچوونەش بووە هۆی سەرهەڵدانی چەمکی “سیاسەتی دانپێدانان” کە جەخت لەوە دەکاتەوە پێویستە هەموو ناسنامە جیاوازەکان بە تەواوەتی دانیان پێدا بنرێت و فرەیی ناسنامەکان ڕێز لێ گیراو بن. هەرچەندە ئەم تێڕوانینە فۆڕمی کۆمەڵایەتی، پۆستمۆدێرن، فێمینیست، ناسیۆنالیست، فرەکولتووری و دیکەشی هەیە، بەڵام نەیاری سەرەکیی سیاسەتی شووناس، یونیڤێرساڵیزمی لیبڕاڵە، ئەو باوەڕەی کە وەک تاک مرۆڤەکان هەمان ناسنامەی ناوەکییان هەیە. لیبڕالیزم بەو واتایەی ڕەچاوکردنی چینی کۆمەڵایەتی، ڕەگەز، کولتوور و نەتەوە، لە داڕشتنی ناسنامەی کەسیدا بە لاوەکی دەبینێت. لە بەرانبەردا لایەنگرانی سیاسەتی ناسنامە لیبڕاڵە گشتگیرەکانیان بەوە تۆمەتبار دەکرد، کە ئەمە درووستکردنی مۆدێلێکی ئەبستراکتە لە سروشتی مرۆڤدا، بە شێوەیەک ئەو تایبەتمەندییە کاریگەرانە ڕەت دەکاتەوە کە لە ڕێگەیەوە مرۆڤەکان کەشفی ئەوە بکەن چین و کێن. سەرەڕای ئەوەش هەر کامێک لە دابەشبوونی کۆمەڵایەتی و سیاسەتی ناسنامە وەربگرین، هێشتا ناکۆکییەکی بەرچاو دەمێنێتەوە لەسەر ئەوەی کام گرووپ یان ڕیزبەندی کۆمەڵایەتی زۆرترین بایەخ و گرنگی سیاسییان هەیە.

بۆیە هیچ گومانێكی تێدا نییە، ئەو دابەشبوونەی بە شێوەیەکی نەریتی زۆرترین پەیوەندی بە سیاسەتەوە هەیە، چینایەتیی کۆمەڵایەتییە. چین ڕەنگدانەوەی دابەشکارییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانە، کە لەسەر بنەمای دابەشکردنی نایەکسانیی سامان، یان داهات و پێگەی کۆمەڵایەتی دامەزراوە. بۆیە “چینێکی کۆمەڵایەتی” کۆمەڵە کەسانێکن کە پێگەیەکی ئابووری و کۆمەڵایەتیی هاوشێوەیان هەیە و کە بەهۆی بەرژەوەندییەکی هاوبەشەوە یەک دەگرن. بەڵام تیۆریستە سیاسییەکان لەسەر گرنگی چینی کۆمەڵایەتی، یان لەسەر پێناسەکردنی چین هەمیشە کۆک نەبوون. بۆ نموونە مارکسییەکان “چین”یان بە بناغەی دابەشبوونە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕووی سیاسییەوە زانیوە، مارکسییەکان چین لە ڕووی دەسەڵاتی ئابووری و خاوەندارییەتی ئامڕازەکانی بەرهەمهێنانەوە تەماشا دەکەن، بۆرژوازی “چینی سەرمایەداری”یە و خاوەنی سەرمایە یان سامانی بەرهەمدارە، لە کاتێکدا “پڕۆلیتاریا” خاوەنی هیچ سامانێک نییە و ناچارە هێزی کاری خۆی بفرۆشێت بۆ ئەوەی بژیت، بۆیە ئەندامییەتی لە بەرهەمهێناندا تەنیا لە پێگەی کۆیلەی مووچەدا کورت دەکرێتەوە. لە ڕوانگەی مارکسەوە، چینەکان ئەکتەری سیاسیی سەرەکین، خاوەنی توانای گۆڕینی مێژوون. پڕۆلیتاریا قەدەری وایە “گۆڕهەڵکەنی سەرمایەداری” بێت، قەدەرێک کە گەیشت بە هۆشیاریی چینایەتی، بەدی دێت.

بەڵام تیۆرییە چینایەتییە مارکسییەکان، تا ڕادەیەکی زۆر بەهۆی شکستی پێشبینییەکانی مارکس و کەمبوونەوەی هێماکانی خەباتی چینایەتی، لانی کەم لە کۆمەڵگا سەرمایەدارییە پێشکەوتووەکاندا، تووشی جۆرێک لە پاشکەوتن و گومان بوون و ئەو ناوبانگەیان نەما. پۆست-مارکسیستەکانی وەک لاکلا و مۆوف، بڕوایان وابوو کە ئەولەوییەت بە چینی کۆمەڵایەتی دەدرێت و چیتر چینی کرێکار پێگەی ناوەندی لە هێنانەدی گۆڕانکاریدا بەردەوام نابێت. بێگومان دابەشبوونە کۆمەڵایەتییەکان تەنانەت لە دەوڵەمەنترین کۆمەڵگاکانی مۆدێرنیشدا ڕوو دەدەن و بەردەوامن، هەرچەندە زۆر جار وەک “چینی ژێردەست” ئاماژەیان پێ دەکرێت و کۆمەڵێک کەسی بێبەشکراو و زیان لێکەوتوو لە ناوچەیەکی خۆجێیدا دەخرێنە پەراوێزی ئاساییی کۆمەڵگاوە. بەم پێییە کۆمەڵگا هاوچەرخەکانی ڕۆژاوا وەک کۆمەڵگەی یەک لەسەر سێ و دوو لەسەر سێ وێنا کراون.

بە پێچەوانەی چینایەتیی کۆمەڵایەتییەوە، گرنگی دابەشکارییە جێندەرییەکان لە سیاسەتدا هەر لە کۆنەوە پشتگوێ خرابوو، بەڵام لە دوای سەرهەڵدانی شەپۆلی دووەمی فێمینیزم لە ساڵانی شەستەکانەوە، هۆشیارییەکی فراوان لە بارەی گرنگی سیاسەتی جێندەرییەوە سەری هەڵدا. “جێندەر- Gender” ئاماژەیە بۆ جیاوازییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی نێوان نێر و مێ، بە پێچەوانەی “Sex – ڕەگەز” کە تیشک دەخاتە سەر جیاوازییە بایۆلۆژییە هەرمانەکانی نێوان ژن و پیاو. فێمینیستەکان سەرنجیان خستە سەر دابەشکاریی هێزی کاری سێکچواڵی، کە لە ڕێگەیەوە هێزی ژنان لە گۆشەیەکی کاری ماڵداری و بەخیوکردنی منداڵ قەتیس دەکرێن، یان لە پێگەیەکی نزم و شایستەیەکی کەمدا کورت دەکرێتەوە. لە بەرانبەردا پیاوان مەیلی زاڵبوونیان هەبە بەسەر پێگەی دەسەڵات و کاریگەریی کۆمەڵایەتییەوە. فێمینیستە ڕادیکاڵەکانی وەک کەیت میلێت و ماری دالی، دابەشبوونی جێندەری وەک قووڵترین و کاریگەرترین دابەشبوون لەنێو دابەشکارییە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنا دەکەن، بۆیە پەنایان بردە بەر پیادەکردنی سیاسەتی سێکچواڵی.

blank
کارل مارکس

ئەوانەی پێیان دەگوترێت فێمینیستە جوێخوازەکان، پێیان وایە دابەشبوونی جێندەری ڕەگ و ڕیشەی لە جیاوازییە بنەڕەتی و هەرمانەکانی نێوان ژن و پیاودایە، بۆیە ئەو یەکسانییەی ژنانی دیکە هەوڵی بۆ دەدەن لە ڕاستدا لە پیاوچوونە و ئەو یەکسانییە ڕەت دەکەنەوە. لە بەرانبەردا فێمێنیستە لیبڕاڵەکان یان ڕیفۆرمخوازەکان تیشکیان خستووەتە سەر ئەو نایەکسانییەی لە ژیانی گشتیدا دەیبینن، وەک کەمی نوێنەرایەتیی ژنان لە پۆستە سیاسییە باڵاکاندا و بەڕیوبەرایەتی و پیشەیی و دامەزراوەکانی چاودێریی منداڵان و پشتیوانی خۆشگوزەرانی بۆ ژنان، لە ڕاستیدا هەوڵیان دەدا ژنان لە جیاوازیی ڕزگار بکەن. هەروەها دابەشبوونی نەژادی و ئیتنیکی لە سیاسەتدا بە شێوەیەکی بەرچاو بوونی هەیە، نەژاد “Race” ئاماژەیە بۆ جیاوازییە بۆماوەیییەکان لەنێوان مرۆڤایەتیدا، کە مرۆڤەکان لەسەر بنەمای بایۆلۆژی وەک ڕەنگی پێست، قژ و جەستە و ڕواڵەت و … لە یەکتر جیا دەکاتەوە. لە کارەکیدا پۆلە نەژادییەکان تا ڕادەیەکی زۆر لەسەر بنەمای چەشنە کولتوورییەکان دامەزراوە و بنەمایەکی کەم یان هیچیان لە بۆماوەیی و جیناتدا نییە، بۆیە زاراوەی “ئیتنیک/نەتەوە” لەلایەن زۆرێکەوە بە پەسەنتر دەزانرێت، چونکە ئاماژەیە بۆ جیاوازییە کولتووری و زمانی و کۆمەڵایەتییەکان و مەرج نییە رەگ و ڕیشەیان لە بایۆلۆژیدا هەبێت. دابەشبوونی نەژادی و ئیتنیکی بە دوو شێوەی ڕیشەییی جیاواز کاریگەرییان لەسەر بیری سیاسی هەبووە، یەکەم ئەو تیۆرییە سیاسییە نەژادییانەی کە لە سەدەی نۆزدەهەمدا سەریان هەڵدا، لە بەرانبەر پاشخانی ئیمپڕیالیزمی ئەورووپیدا. بەرهەمەکانی هەر یەک لە نووسەرانی وەک ئارسە گۆبینیۆ (١٨١٦-١٨٨٢) لە کتێبی “نایەکسانیی ڕەگەزەکانی مرۆڤ” (١٨٥٥) و چامبەرلین (١٨٥٥-١٩٢٧) لە کتێبی “بنەماکانی سەدەی نۆزدەهەم”(١٨٩٩)دا، پاساوێکی ساختینەی زانستییان بۆ زاڵبوونی ڕەگەزە سپیپێستە ئەورووپییەکان بەسەر گەلانی ڕەش و زەرد و قاوەییی ئەفریقایی و ئاسیاییدا، هێنایە کایەوە. بێگومان نامۆترین دەرکەوتنی ئەم جۆرە ڕەگەزپەرستییە لە سەدەی بیستەمدا، لە تیۆرییە ڕەگەزییەکانی نازیزمدا بوو، کە بووە هۆی سەرهەڵدانی “چارەسەری کۆتایی” و قڕکردنی جوولەکەکانی ئەورووپا. بیر و جووڵانەوە ڕەگەزپەرستییەکان لە دوای کەوتنی یەکێتیی سۆڤییەت لە بەشێک لە ئەورووپادا سەریان هەڵدایەوە، سەرهەڵدانەوەشیان پەیوەست بوو بە ناسەقامگیری و نائارامیی سیاسی دوای کەوتنی سۆڤییەت. بەڵام فۆڕمی زۆر جیاوازی سیاسەتی ڕەگەزی و نەتەوەیی بۆ خەبات دژی کۆڵۆنیالیزم بە تایبەتی و دژی جیاکاریی ڕەگەزی بەگشتی، پەرەی سەندووە. کەمینە نەتەوەیییەکان لە زۆرێک لە کۆمەڵگا ڕۆژاوایییەکاندا لە ئاستی کاریگەریی سیاسیدا بێبەشن و لە هەردوو شوێنی کار و ژیانی گشتیدا بەدەست کێماسییەوە دەناڵێنن، ئەمەش بۆتە هۆی سەرهەڵدانی خەباتی نوێی سیاسی. بۆ نموونە ساڵانی شێستەکان ئاگاداری سەرهەڵدانی بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان بوون بە ڕابەرایەتی مارتن لۆثەر کینگ (١٩٢٩-١٩٦٨) و گەشەکردنی ڕێکخراوە چەکدارییەکانی وەک بزووتنەوەی هێزی ڕەش و موسووڵمانە ڕەشپێستەکان لەژێر ڕابەرایەتیی مالکۆڵم ئێکس(١٩٢٦-١٩٦٥)دا. لە زۆرێک لەم دۆخانەدا دابەشکارییە ڕەگەزییەکان وەک هەرمانی دەبینرێن و ئەرکی وەستانەوە بە ڕووی ڕەگەزپەرستاندا، ئەرکێکی ئەخلاقی و چاکسازییانەیە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی دادپەروەرتر و لێبووردەتر، بەتایبەت لەو شوێنانەی زۆر بە تۆخی دەبینرێن، بۆ نموونە دۆخی موسڵمانە ڕەشپێستەکان (ناوی گۆڕاوە بە نەتەوەی ئیسلام) کە بۆتە هۆی دروستکردنی بیری جیاکاریی ڕەگەزی.

هەروەها ئایین ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە ژیانی سیاسیدا، سەرباری پێشکەوتنی سیکۆلاریزم لە تەواوی ڕۆژاوادا، ئەمەش بە تایبەت لەو کۆمەڵگایانەی بە درێژاییی هێڵە ئایینییەکان دابەشبوون، وەک ئێرلەندای باکوور، سیلانکا و هیندستان، هەرچەندە بنچینەکانی ململانێی جەماوەری ئاڵۆز و فرەن و فاکتەری مێژوویی و ئابووری و سیاسی لەخۆ دەگرن، بەڵام جیاوازییە ئایینییەکان وەک هێڵێکی جیاکەرەوەی ئاشکرا لەناو ئەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا دەمێننەوە، لە ئێرلەندای باکوور، کۆمارییە کاسۆلیکییەکان ڕوو بە ڕووی یەکێتیخوازە پڕۆتستانتەکان بوونەوە، لە سریلانکا، تامیلە مەسیحییەکان شەڕیان لەگەڵ سینهالییەکانی زۆرینە بوودایی دەکرد و لە هیندستانیش موسووڵمانانی کشمیر و سیخییەکانی پەنجاب، هەڵمەتیان بۆ بنیاتنانی نیشتمانێکی جیاواز دەدا، لە ناو وڵاتێکی زۆرینە هیندۆسیدا. لە ڕاستیدا لە کۆتاییی سەدەی بیستەمەوە ئایین ڕۆڵ و گرنگییەکی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش زیاتر وەک کاردانەوەیەک لە دژی ماتریالیزم و بێ مۆڕاڵی کۆمەڵگا سیکۆلارەکان بوو. ئێستا لە بەشێکی زۆری جیهاندا بزووتنەوە بناژۆخۆاز و تووندڕەوەکان سەریان هەڵداوە، کە بە پەرۆشەوە هەوڵی گەڕانەوەی بنەما ئایینییەکان دەدەن بۆ دووبارە داڕشتنەوە و بنیاتنانەوەی کۆمەڵگاکان. گرینگترینیشیان “بناژۆخوازی/فەندەمێنتاڵیزم”ی ئیسلامی بووە، کە سیاسەتی زۆرێک لە ناوجەکانی باکووری ئەفریقیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاستی گۆڕیوە. دیارترین و تووندترین دەرکەوتەشی دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران ساڵی ١٩٧٩ بوو. زۆرترین ڕەنگدانەوەشی لە بناژۆخوازی گرووپە جیهادییەکانی وەک ئەلقاعیدە و هێرشە خۆکووژییەکاندا دەبینرێت، کە لە ڕاستیدا وەک پاکردنەوەی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی لێی دەڕوانن.

لە کۆتاییدا، کولتوور بەگشتی و زمان بەتایبەتی سەرچاوەیەکی زۆر بەهێزی ململانێی سیاسی بوون، بە تایبەتیش گرنگیان لە داڕشتنی ناسنامەی نەتەوەییدا. زمان هەڵوێست و بەها و فۆڕمی دەربڕینی جیاواز بەرجەستە دەکات، یارمەتیدەرە لە دروستکردنی هەستی ئاشنابوون و سەربەخۆیی. هەرچەندە ئەو کۆمەڵگایانەی ژمارەیەکی جیاواز زمانیان تێدایە، تا ڕادەیەک سەرکەوتوو و جێگیر بوون، بۆ نموونە سویسرا، کە زمانی ئەڵمانی و فەڕەنسی و ئیتاڵی تێیدا قسەی پێ دەکرێت، بەڵام زۆر جار زاڵبوون بەسەر دابەشبوونە زمانییەکان تا ڕادەیەک ئەستەم بووە، ئاخێوەرە کیووبیکە فەڕەنسی زمانەکان لە کەنەدا نموونەیەکی ئاشکرایە. لە بەلجیکا دابەشبوونە زمانەوانییەکان وڵاتەکەیان کردووە بە فیدراسیۆن و یەکێتییەکی شلوشۆق، هەر جۆرە هەستێکی یەکگرتووی ناسنامەی نەتەوەیی بەتەواوی لاواز کردووە. گەلانی فلامیشی لە باکووری بەلجیکادا بەتەواوی زاڵبوون بەسەر ئابووری و سیاسیی ئەو وڵاتەدا؛ لە کاتێکدا والۆنییە فەڕەنسی زمانییەکانی باشوور هەوڵی بەدەستهێنانی سەربەخۆییی زیاتر دەدەن.

گرنگی سیاسەتی کولتووری بە هاتنی کۆمەڵگا مۆدێرن و فرەکولتوورییەکان، ئاڕاستەیەکی جیاوازی وەرگرت، کولتوور بە مانا فراوانەکەی، شێوازی ژیانی مرۆڤەکانە. کۆمەڵگای فرەکولتووری ئەو کۆمەڵگایەیە کە بە فرەچەشنی کولتووری تایبەتمەندە، زۆر جار بەهۆی کۆچیکردنی دوو گرووپ یان زیاترەوە سەر هەڵدەدات، کە باوەڕ و کارەکانیان هەستێکی جیاوازی ناسنامەی بەکۆمەڵ دروست دەکەن. بەڵام شەبەنگی فرەکولتووری پرسی جیاوازیی سیاسیی تووند بەدوای خۆیدا دێنێت، لایەنگرانی فرەکولتووری تیشک دەخەنە سەر سوودە کەسی و کۆمەڵایەتییەکانی، بەوەی تاچەند مرۆڤ چەسپاوی کولتوورە، لەم ڕوانگەیەوە فرەچەشنی کولتووری پەرە بە چالاکی و هێز و تەندرووستی کۆمەڵگا دەدات، بۆیە هەر کولتوورێک ڕەنگدانەوەی مەودای توانا و تایبەتمەندیی مرۆڤەکانییەتی. لە بەرانبەردا ڕەخنەگرانی فرە– کولتووری پێیان وایە، کۆمەڵگا فرەکولتوورییەکان بە شێوەیەکی سروشتی تێکشکاو و پڕ لە ململانێن، بۆیە دەبێت کۆمەڵگا سەرکەوتووەکان لەسەر بنەمای بەها و کولتوورێکی هاوبەش دابمەزرێن.

      پوختە

١-  سروشتی مرۆڤ ئاماژەیە بۆ سیفەتی جەوهەری و جێگیری هەموو مرۆڤەکان. بەڵام ناکۆکییەکان لەو ڕوانگەیەوەن کە مرۆڤەکان ئاخۆ لە قاڵبدراوی بایۆلۆژین، یان کۆمەڵگان؟ ئایا کریگەریی پاڵنەرە ئەقڵانییەکانیان لەسەرە یان نائەقڵانییەکان؟ ئایا بە شێوەیەکی سروشتی هاریکارن، یان بە سروشتی لە ململانێدان.

٢- تاکگەرایی بریتییە لە سەروەریی تاک، بەسەر هەر گرووپێک یان دەستەجەمعییەکی کۆمەڵایەتیدا. هەندێکجار پەیوەستە بە تێڕوانینێکی خۆخوازی و پشتبەخۆبەستووییی سروشتی مرۆڤ، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە کۆمەڵگا واتا گەرد و پێکهاتەی سەربەخۆ. بەڵام ئەگەر مرۆڤەکان لە بنەڕەتدا کۆمەڵایەتی بن، ئەوا ویستەکانیان لە ڕێگەی پێواژۆی بەکۆمەڵ بەدەست دەهێنن.

٣- کۆڵێکتیڤیزم و کۆمەڵخوازی، ئاماژەیە بۆ باوەڕێک بەکۆمەڵ، گرووپ و دەستەجەمعییەکان، جەخت لەسەر گرنگی شووناسێکی هاوبەش و کارکردنی بەکۆمەڵ دەکاتەوە. بەگشتی پەیوەستە بە بەکۆمەڵکردنی دەوڵەت و پلانی ناوەندییەوە. بە شێوەیەکی فراوان جەخت لەسەر هاودەنگی کۆمەڵایەتی دەکاتەوە و کەمتر بڕوای بە خۆ-بەڕێوەبەری تاک هەیە.

٤- دابەشبوونی کۆمەڵایەتی، بریتییە لە دابەشبوونی کۆمەڵگایەکی دیاریکراو، کە بوونیاتی بوونە سیاسییەکەی پێک دێنێت. ئەم جۆرەیان گرنگی بە هەردوو جۆری ناسنامەی کەسی و بەکۆمەڵ دەدات، کە لەسەر بنەمای جیاوازی دامەزراوە. گرنگترین دابەشبوونە کۆمەڵایەتییەکان، بریتیین لە چینە کۆمەڵایەتییەکان، ڕەگەز و نەتەوە، جێندەر، ئایین و کولتوور.

سەرچاوە:

ئەمە پاژی سێیەمە لە بەشی یەکەمی کتێبی

Political Theory An introduction, “Andrew Heywood”

 Third Edition


[1] Society

[2] ڕۆبنسوون کرووزۆە، پاڵەوانی سەرەکی ڕۆمانێکی دانیەل دێفۆی بەریتانییە کە ناوی ڕۆمانەکەش هەر ناوی پاڵەوانەکەیە، پاڵەوانەکە ژیانی خوشگوزەرانی خۆی لە بەریتانیا واز لێ دێنێ و لە دەریاکاندا سەفەر دەکات و پاش تێکشکانی کەشتییەک، بە زیندوویی دەکەوێتە دوورگەیەک و ٢٨ ساڵی تەمەنی لەوێ بەسەر دەبات.

[3]مەبەست لێی سیتمێکی ئابوورییە، کە تێیدا چالاکییەکان لەلایەن دەستەڵاتێکی ناوەندییەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێن و ئامڕازەکانی بەرهەمهێنان بە شێوەیەکی گشتی خاوەندارێتییان لێ دەکرێ. ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات و کۆریای باکوور و کووبا و یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو، هەموویان نموونەی ئابووریی فەرماندارین. (وەرگێڕ)

[4] کیبووتز کۆمەڵگەیەکی گوندنشینییە، تایبەتمەندە بە هاریکاریی یەکتر و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی. سیستمێکی ئابووریی کۆمەڵایەتی هەیە، کە لەسەر بنەمای خاوەنداریەتیی هاوبەشی مووڵک و ماڵی یەکسان و هاوکاریی بەرهەمهێنان ساڵی ١٩٠٩ دامەزراوە. بنەمایەکی ناوەکی مارکسییانەی هەیە، ئەویش “هەر کەسە و بەپێی توانای خۆی، هەر کەسە و بەپێی پێویستییەکانی خۆی”، کە تا ئەمرۆ زیاتر لە ١٥٠٠٠٠ کەس لە زیاتر لە ٢٧٠ کیبۆتیزمدا دەژین، کیبۆتیزم لە سەدا ٤٠ داهاتی کشتووکالی ئیسرائیل پێکدێنێت. کاتێک لە کۆتایی سییەکانیس سەدەی ڕابردوودا، بڕیار درا فەلەستین لەنێوان عەرەب و جوولەکەدا دابەش بکرێت، کیبووتیزم لە ناوچە دوورەکان دامەزران بۆ ئەوەی دڵنیابن کە خاکەکە دەخرێتە پاڵ دەوڵەتی جووەکان. (وەرگێڕ)

[5]ئاتۆمیزم، ئاماژەیە بۆ ئەو باوەڕەی کە پێکهاتەی سەرەکیی کۆمەڵگا تاکە.(و)