فراگمێنت

١

بووکەڵە و پارچە میکانۆکان، یارییەکانی دیکەش، ژوورەکەیان تەنیوە. شێوانشێوییەکە بۆ خۆی. تەلەڤزیۆنەکە داگیرساوە، کەناڵەکە پەخشی فیلمێکە، بەڵام سەرنجی منداڵە بچووکەکە لەسەر بووکەڵەکانە وەک لە هەر شتێکی دیکەی ناو ژوورەکە. پارچە میکانۆکان چ لەسەر شێوەی نێر یان مێ دروست کرا بن، بە یەکیاندا دەکێشێت. لاساییی ئەو دیمەنانە دەکاتەوە کە ئەندامانی خێزانەکەی و خزمانیان لەبەر چاوی کردوویانە: ماچ، شەق، زللە، دەستبردن بۆ جەستە، ڕشتنی شیرێکی ڕەنگ سوور لە جەستەی هەندێکیان، هی سپی لە هەندێکی دیکەیان. لەپڕێکدا سەری دوو لە بووکەشووشە پلاستیکییەکان دەردەهێنێت.

٢

لە پۆلدا دانیشتووە. سەرنجی لە هەموو سووچ و قوژبنەکانی ژوورەکەیە، هەموو ڕەفتار و دەربڕینەکانی سیما و وردەکارییەکانی مامۆستا و هاوپۆلەکانی دەپشکنێت، هەموو شتێک دەبینێت و بیریان لێ دەکاتەوە، تەنها وانەکە نەبێت. ئەو دارەی دوێنێ مامۆستاکەی وای لێ کرد ئەزموونی بکات لەسەر مێزەکە دانراوە، جاروبار مامۆستا دارەکە هەڵدەگرێت و پێی ئاماژە بۆ خەتخەتۆکەکانی سەر تەختەڕەشەکە دەکات. تا دوو هەفتە پێش ئێستا وای دەزانی داری دەستی مامۆستاکان تەنها بۆ پیاکێشانی دەستەکان و تەختەڕەش بەکار دێت، بەڵام دیارە کە وا نییە و جاروبار بە هەندێک شوێنی جەستەشماندا دەچن. دەنگی هاوارێک لەو کەشی بیرکردنەوانەدا دەری دەهێنێت و ڕایدەچڵەکێنێت: چەماوەی داخراو؛ دال؛ دار.

٣

درەنگانی شەوە. لە پشتی باڵەخانەیەکی کۆن دانیشتووە. باری لە-ناو-فڕۆکەی لەسەر مۆبایلەکەی چالاک کردووە. نایەوێت دایکوباوکی، مام و خاڵەکانی پەیوەندی پێوە بکەن دوای دەمەقاڵێکەیان. قومێکی دیکە لە شووشە بیرەکەوە دەنۆشێت، دەستیشی بەسەر قژە دانەهێنراوەکەیدا دەهێنێت. ئەو ساتەوەختانەی بیرەکەی ناخواتەوە لە باڵەخانەکەی بەرانبەری دەڕوانێ. زۆرێک لە پەنجەرەکان تاریکن و گڵۆپی ژوورەکەیان کوژاوەتەوە، بەڵام تاکوتەرا ژوور هەن و پەنجەرەکە بەشێک لە دیمەنەکانی ناوەوەی پەخش دەکات. یەکێک لە پەنجەرەکان دیمەنی سێبەری کەسێکە، بە فیگەرە سێبەرینەکەدا دیارە هی کچێکی هەرزەکاری هاوتەمەنی خۆیەتی، بۆ ماوەیەک لەو ژوورە دەڕوانێت. لەپڕێکدا فیگەری تاریکیی کەسێکی باڵادرێژ و کەتەتر، کە دیارە هی پیاوێکە، خۆی دەکات بە ژوورەکەدا، کچەش دیارە بەرەنگاری دەبێتەوە بەڵام بێهودەیە. فیگەری پیاوەکە پۆشاکی کچە دادەکەنێت و دەستدرێژی دەکاتە سەر. بیرەنۆشە سەرگەردانەکەش دەست دەداتە دڵەخورپێ، شتێک لە ناخیەوە پاڵی پێوە دەنێت پۆلیس ئاگادار بکاتەوە، کە تەماشای مۆبایلەکەی دەکات، باری لە-ناو-فڕۆکە چالاکە. بۆ ساتێک دەیەوێت ناچالاکی بکات تا بیەوێت پەیوەندی بکات، بەڵام لە ترسی ئەوەی پەیوەندیی خێزانەکەی بۆمبارانی بکەن، نایکات. شەوێکی دەستەوەسان و تژی لە فرمێسک و بیرە بەڕێ دەکات. بۆ دوو ڕۆژ دواتر کاتێک باری فڕۆکە لە مۆبایلەکەی ناچالاک دەکات، یەکەم نۆتیفیکەیشن [ئاگادارکردنەوە] هی یەکێک لە ئەپەکانی هەواڵی نێو مۆبایلەکەیەتی: دوێنێ شەو کچێکی هەرزەکار لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونەوە خۆی فڕێ داوە.

٤

لە کابینەی بچکۆلانەکەی لە کۆمپانیا دانیشتووە و خەریکی بەڕێکردنی کارەکانیەتی لەسەر کۆمپیوتەرەکە. سکرتێری بەڕێوەبەر لە کارەکەی دەیپچڕێنێت و بانگی دەکات تا بچێت بۆ لای خاوەن کۆمپانیا. دەچێتە ژوورەوە، کابرا چل ساڵانەکە دەرگای ئۆفیسەکەی توندوتۆڵ پێوە دەدات، پەردەکان دادەداتەوە. سەرزەنشتی دەکات لە دزییەک کە ماوەی چەند هەفتەیەکە لە کۆمپانیا ڕووی داوە “سەیر کە، دەزانم ئەو پارانەی لە بەشی ژمێریای دیار نەماون دەستی تۆی تێدایە. پێویست بە نکۆڵی ناکات، بەڵگەی حاشاهەڵنەگرم لەلایە. دەزانیت گەر بکەونە دەستی پۆلیس چیت بەسەر دێت، ڕۆڵە؟” هیچ ناڵێت، ئاخر نازانێت چی بڵێت، مووچەی دوو هەفتەی پێشووی لە گازینۆ و باڕ و یانە سوورهەڵگەڕاوەکاندا خەرج کرد بوو، ئەگەر ئەو بڕە پارەیەی نەدزی با و گیرفانی خاوەن قەرزەکانی گەرم نەکردبایەوە، دەکوژرا. لە ناکاوێکدا، خاوەن کۆمپانیا دەست دەخاتە سەر ئەندامی نێرینەی خۆی “سەیر کە، با ناو لە دزییەکەت بنێین قەرز، ئێستاش کاتێتی قەرزەکەت بدەیتەوە. بەم شێوەیە دەتوانیت خۆت لە پۆلیسیش لا بدەیت. خۆت هەڵیبژێرە، قەرزەکە دەدەیتەوە یان دەتەوێت بۆ ساڵانێکی زۆر لە زینداندا دابڕزێیت؟” دوای سێ مانگ، پاش دانەوەی قەرزەکانی، لە کۆمپانیاکە دەردەکرێت.

٥

هەر وەک چۆن قوتابییەکی سەرگەردان لەنێو پۆلدا بە وردییەوە لە ژینگەی دەوروبەری بڕوانێت، وەها لە بەرانبەر خۆشەویستەکەی لەسەر مێزی کافێیەکی لاکۆڵان پێکەوە دانیشتوون، دەوروبەری تەنراوە بە گڵۆپی نیۆنی ڕەنگ شین. بە سەرنجەوە لە ڕەفتار، دەربڕینی ڕوخسار و پۆشاکی خۆشەویستەکەی و ئەوانی تر دەڕوانێت. باندێکی ڕۆکیش لە شوێنەکە ڕاستەوخۆ موزیک دەژەنن و گۆرانی دەچڕن، بەڵام ئەم هێندە وزەی خۆی لەسەر چاوەکانی کۆکردووەتەوە گۆرانییەکە بە کپی دەبیستێت، کەچی بەو کپییەش دیارە کە گۆرانییەکە لە ژانری ڕۆکە. لە پڕێکدا دەستێک پەلاماری دەستی دەدات، دەمودەست سەرنجی دەخاتە سەر ئاڕاستەی پەلامارەکە و سیمای دەمبەخەندەی هاودەمەکەی دەبینێت. ڕێک ئەو ساتەی دەستی بەر دەستی کەوت، باندی ڕۆکەکە گەیشتبوونە ئەم هێڵەی گۆرانییەکە، تراکی مەهێڵە بەهەڵە تێمبگەن، ڤێرژنەکەی باندی زە ئانیمەڵز:

baby, sometimes I’m so carefree

With a joy that’s hard to hide

and sometimes it seems that All I ever have is worry

 And then you’re bound to see my other side

Oh, I’m just a soul whose intentions are good

Oh Lord, please don’t let me be misunderstood

٦

لە بەردەم پەنجەرەکەوە وەستاوە و تەماشای دوا ساتەکانی خۆرهەڵاتن دەکات بەدەم هممم هممم کردنەوە، قۆپچەکانی قەمیسەکەی بێ پەلەپەلکردن دانە بە دانە دادەخات، لە پشتیەوە هاودەمەکەی هێشتا لە جێگادایە و بەتانییەکەی لە خۆی ئاڵاندووە، بە خەبەرە بەڵام وا دیارە تەواوی شەوەکە گریاوە و هێشتاشی لەگەڵدا بێت ژیر نەبووەتەوە. لایەکی چاوی مۆڕ هەڵگەڕاوە، لەوانەیە هی چەند کاتژمێرێکی پێش ئێستای ئەم شەو بێت. شوێنەکەی دەئێشێت، لەگەڵ هەر یەک لە فرمێسکەکانی چاویشی شوێنە مۆرهەڵگەڕاوەکە دەکزێتەوە، هەر کزانەوەیەکیش بیری دەخاتەوە کە شەوەکەی بە چ ژانێکدا تێپەڕیوە. دوای قوفڵدانی قۆپچەکان، ئینجا بۆنیباغەکەی گرێ دەدات. کە لە خۆپۆشتەکردن تەواو دەبێت، چاکەتەکەی بەسەر شانیدا دەدات و ڕووی بۆ هاوجێگەکەی وەردەگێڕێت. بێ ئەوەی هیچ بڵێت، خەندەیەکی سامناکانە دەکات و ماڵ جێ دەهێڵێت تا بڕواتە سەر پیشە نوێیەکەی.

٧

پەخشی تەلەڤزیۆنی ژوورەکە لەسەر درامایەکە. منداڵێکی بچووک لە ژوورەکە، هیچ تێناگات لە دراماکە بەڵام لەبەر ئەوەی هیچی دیکە نییە بیکات، دانیشتووە و لە تەلەفزیۆنەکە دەڕوانێت. دەنگی تەپەی پێ دێت، سەرنجی منداڵەکە دەچێتە سەر ڕێڕەوی هاتنە نێو ژوورەکە. کەسێک بە سەتڵێکی میکانۆ و چەند کیسەیەک خۆی بە ژوورەکەدا دەکات. منداڵەکە بە ڕووخۆشییەوە بەرەو پیری دەڕوات. کەسەکە لە نێوەندی ژوورەکەدا دادەنیشێت، سەتڵە میکانۆکە بەتاڵ دەکات، یارییە منداڵانەکانی دیکەی نێو کیسەکانیش دەردەهێنێت، لەناو یارییەکان بووکەڵەیەک دەداتە دەست منداڵەکە، ئینجا هەڵدەستێت و دەڕوات. منداڵەکە ئێستا قووڵ سەرقاڵی کایەکردنە بە یارییەکان. لەپڕ سەری دوو لە بووکەشووشە پلاستیکییەکان دەردەهێنێت.

پاشکۆ:

مەهێڵە بە هەڵە تێمبگەن [don’t let me be misunderstood] گۆرانییەک بوو لە ژانری جاز لە ساڵی ١٩٦٤ لەلایەن خاتوونە سترانبێژی ئەمەریکی <نینا سیمۆن>ـەوە گوتراوە. ساڵێک دواتر لەلایەن باندی ئینگلیزی ڕۆک زە ئانیماڵزەوە [the animals] دەگوترێتەوە لەسەر ژانری بلووز ڕۆک.