ژنی کورد و ئینتێرسێکشناڵیتی

پوختە

ئینتێرسێکشناڵیتی یەک لە چەمکە کلیدییە فێمینیستییەکانە کە بۆ ڕوونکردنەوەی فرەڕەهەندی و چەند لایەنەبوونی ئەو جیاوازییانەی دەستکردی کۆمەڵگان، دەخرێتە بەرکار. هەرچەندە ئەم زاراوە بەرهەمی کار و چالاکیی فێمینیستە ڕەش‌پێستەکانی دەیەی ١٩٧٠ی زایینییە، بەڵام ئاماژە بە بابەتێک دەکات کە بۆ چەندین و چەند دەیە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، لە ڕیزی پێشەوەی خەباتە جیهانییە فێمینیستییەکاندا بووە. پرسیار سەبارەت بەوەی کە چۆن دەبێ بونیادی ژیانی مرۆڤ بەپێی نیژاد، ڕەگەز، سێکسواڵیتی، چین، تواناییی (جەستەیی و زەینی) و هتد دەرک بکەین، و پڕۆژە سیاسییەکانمان چۆناوچۆن وەڵامی ڕەنگاڵەیی و پڕئەژماریی ئەم فاکتەرانە لە واقیعی ژیاندا دەدەنەوە، تەوەری سەرەکیی ئینتێرسێکشناڵیتی پێک دێنێت. چەمکی ئینتێرسێکشناڵیتی یەک لەو وەڵامانەیە کە دەکرێ بەم پرسیارە بدرێتەوە. سەردێڕە سەرەکییەکانی تیۆریی ئینتێرسێکشناڵیتی و پەرژانە سەر ئەزموونی ژنانی کەمیینە لە هەموو شوێنێکی جیهان، لە هەموو ڕوویەکەوە دەتوانێ بۆ تێگەیشتنی دروستمان لە کەمیینەبوون و کەوتنە بەر چەندین و چەند جۆر ستەمی یەکتربڕی ئەو ژنانەی لە دۆخێکی هاوشێوەدان، یارمەتیدەر بێت. ئەم وتارە بە ئامانجی ناساندنی کەپاسیتی و توانستی ئەم ڕووکردە تیۆریکە بە نیسبەت “ژنی کورد”ەوە هاتووەتە نووسین و دەیهەوێ بە پەرژانە سەر ئەزموونەکانی ژنی کورد، وەک کەمیینە لەو وڵاتانەی تێیدا دەژین، ڕێگایەکی تازە بۆ دەرکی باشتری پێگەی کەمیینەبوون و ئەو ستەمە دووقاتەی بەسەریاندا دەسەپێت، دەستنیشان بکات و توێژەرانی ئاقاری ڕەگەز و جێندەر بانگهشێتی ئەم هەوڵە زەروورە بکات.

پێشەکی

ئینتێرسێکشناڵیتی  (Intersectionality)یان تێکچڕژاوی و لێکئاڵاوی، چوارچێوەیەکی ڕاڤەیییە بۆ ناساندنی سیستەمە لێکئاڵاوەکانی دەسەڵات کە زیاتر لە هەمووان کاریگەری لەسەر ئەو کەسانە دادەنێن کە بەرەو پەڕاوێزەکانی کۆمەڵگا پاڵ‌نراون. ئینتێرسێکشناڵیتی لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە کە شێوازە جۆراوجۆرەکانی توێژە کۆمەڵایەتییەکان لەوانە چین، تەمەن، سێکسواڵیتی، ئایین، ئایینزا، ئەتنیسیتی و ڕەگەز جیا لە یەکدی بوونیان نییە، بەڵکوو لێکئاڵاون و یەکێکن. ئەم تیۆرییە کە لەژێر ناوی بزووتنەوەی دژ بە سەرکوتی ژنانی ڕەنگین‌پێست لە کۆمەڵگادا دەستی پێ کرد، ئەوڕۆکە ڕەوتێکی ڕاڤەیییە کە دەکرێ بڵێین بۆ سەرپاکی دەستەبەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەوانە شوناسە کۆمەڵایەتییەکان کە بەزۆری کاتێک سەربەخۆ لەبەرچاو دەگیرێن، بە شێوەی زاڵ بەدی دەکرێن، دەگشتێندرێ.

خوازەی چوارڕێیان یان خاڵی یەکتربڕ (Intersection) یەکەمجار لەلایەن کیمبرلی ویلیامز کرێنشاو، فێمینیستی ڕەش‌پێستەوە بۆ بەیانی ئەندێشەیەک خرایە بەرکار بریتی لەوەی کە شێواز و جۆرە جیاجیاکانی هەڵاواردن تێکچڕژاو و لێکئاڵاون. بەم پێیە ئاڵۆزیی ستەمەکان بەتایبەت بە نیسبەت کەسانێکەوە کە بە چەندین شێوە بندەستیی ئەزموون دەکەن، دەبێ ڕەچاو بکرێت. ئەو دەڵێ: “هەڵاواردن وەک هاتوچۆ لە چوارڕێیانێکدا، ڕەنگە لە لایەکەوە بێت یاخود لە سایدەکانی دیکەشەوە. گەر ڕووداوێک لە سایدێکدا ڕوو بدات، ڕێی تێدەچێت کە هۆکار و سەبەبکاری ئەو پێکدادانە، ئۆتۆمبیلەکانی هەریەک لە سایدەکان یان هەموو سایدەکان بن… بەڵام هەمیشە دەستنیشانکردنی ئەوە ئاسان نییە.

تیۆریی ئینتێرسێکشناڵیتی لەسەر ئەزموونی ژنانی ئەفریقی – ئەمریکی بەهۆی بوونیان لە خاڵی یەکتربڕی لانی کەم دوو سیستەمی دەسەڵاتدار و زاڵی ڕەگەز و نیژاددا، بیچمی گرتووە. هاوکات ئەم تیۆرییە بە دوورەپەرێزی لە میحوەرییەتی ڕەهای نیژادپەرەستی و پیاوسالاری، بەگشتی یەکتربڕبوونی سیستەمەکانی دەسەڵات و زاڵێتی تاوتوێ دەکات. ئەوەی لە دەقەکانی ئینتێرسێکشناڵیتیدا سەبارەت بە شێوازەکانی بندەستی لەبەرچاو دەگیرێت، زۆربەی جاران بندەستیی ڕەگەزی، نیژادی و چینایەتییە. هەروەها سێکسواڵیتە وەک فاکتەرێکی دیکە ئامادەیە. نەتەوە و ئەتنیستی و جیهانی ‌سێهەم ‌بوون و کۆچبەری لەبەر ئەوەی لەگەڵ نیژاددا نزیکایەتییان هەیە، لەوانەیە بەپێی پێگە تایبەتییەکان لێک بدرێنەوە. هەندێجاریش ئاماژە بە چەند بابەتێکی دیکەی وەک ئایین و ئایینزا و تەمەن و تەندرووستی/خاوەن پێداویستی تایبەت‌بوونیش دەدرێت. بەڵام دەبێ ئەوە لە بەرچاو بگیریەت کە ئینتەرسێکشناڵیتی نەک وەک فرەچەشنییەکی بێ‌کۆتا لە “دەستەبەندییەکانی شوناسی تاکەکەسی” بەڵکوو وەک “زنجیرەپلەیییە کۆمەڵایەتییەکان” بابەتێتیی بەم فاکتەرانە دەدات.[1]

ئینتێرسێکشناڵیتی لە ئێستادا بووە بە کەرستەیەکی ڕاڤەیی کە توێژەرانی فێمینیست و دژ بە ڕەگەزپەرەستی بۆ داڕشتنی تیۆریی پێوەندیدار بە شوناس و ستەم و هەروەها بۆ بەبینراوکردنی ئەزموونە فرەجۆرەکانی بندەستی کەڵکی لێوەردەگرن. ئەم چەمکە هەروەها ڕەگی لە فێمینیزمی ڕەشدایە و ڕووکردی ڕەخنەگرانەی نیژادیی لەگەڵدایە. لێزلی مەک کاڵ، ئینتێرسێکشناڵیتی بە “گرنگترین پشکی تیۆریک” دەزانێت کە لێکۆڵینەوەکانی ژنان (Women Study) لە پێوەندی لەگەڵ بوارە پێوەندیدارەکاندا تا ئێستا بەڕێوەی بردووە.[2] لە ڕاستیدا زۆرێک لە فێمینیستەکان ئەم چەمکەیان بەکار هێناوە و پەرەیان داوە. گەرچی هەموویان لە شیکردنەوەکانیاندا لە سەری چڕ نەبوونەتەوە. ئینتێرسێکشناڵیتی لە بەش و لقەکانی پەیوەست بە ژناندا پەرەی سەندووە و هەروەها لە ئاستی ئاکادمیکیشدا لە بەشەکانی دیکە و لە کۆمەڵێک بواری وەک پەروەردە، ئەنترۆپۆلۆژیا، لێکدانەوەی کولتووری، ئەتنیسیتی، لێکدانەوەی وڵاتانی ناڕۆژئاوایی، ڕەگەزپەرەستی و لێکدانەوەی نێونەتەوەیی وەکی تر هەم لە ئاستی میتۆدۆلۆژیکی و هەم لە ئاستی تیۆریکدا کاریگەری هەبووە. لەم ناوەدا، پۆست مۆدێڕنیستەکان و پۆست سترەکچراڵیستەکان بە شێوەیەکی تایبەت هۆگری ئەم تەوەرە بوون و لە گەشە و پەرەیدا دەوریان هەبووە. بەم چەشنە ئینتێرسێکشناڵیتی هەنووکە مۆدێلێکی بەرچاو و دیاری فێمینیستییە بە پانتایییەکی بەرینی نێوان‌دەقییەوە کە بەردەوام لەگەڵ پاڕادۆکس، نائامادەیی و کەموکوڕییەکانی بەرەوڕوو دەبێتەوە. دڵخوازبوونی ئەم چەمکە هەم لەسەر ئاستی تیۆریک و هەم لەسەر ئاستی سیاسی لەنێو زانکۆییەکان و ئەکتیڤیستە ناسپی‌پێستەکان و چالاکانێک بە شوناسی پەڕاوێزییەوە بەرچاو و دیارە.

کیمبرلی ویلیامز کرێنشاو (١٩٥٩- ) فێمینیست و بەرگریکاری مافە مەدەنییەکان لێکۆڵەری ئەمریکایی

لە ئاستی تیۆریی سیاسیدا، ئامانجی ئینتێرسێکشناڵیتی یەکەم هەنگاو دابڕان لە چەشنێک لە فێمینیزمی سپیی زاڵ و باو بوو کە نوێنەرەکانی بەزۆری لیبڕاڵ و نوخبە بوون. سەرچاوەی زاراوەی ئینتێرسێکشناڵیتی بۆ نەریتی ڕەخنەگرانەی فێمینیزمی ڕەش و هەروەها بزووتنەوە فێمینیستییە فرەنیژادییەکان لە دەیەکانی ١٩٦٠-١٩٧٠ دەگەڕێتەوە کە لەو کاتەدا فێمینیستەکان هەوڵیان دەدا نیشانی بدەن کە چۆن پێگەی بندەستی ژنێکی ڕەش‌پێست وێڕای شوناسی ژن‌بوون و ڕەش‌بوونی بە شێوەیەکی تێکچڕژاو لێک‌ئاڵاوە. بە جۆرێک کە تێگەیشتن لەم دووانە جیا لە یەکدی مومکین نییە.

کەوابوو ئەوان بەرەنگاریی ئەم ئایدیا بوونەوە کە ڕەگەز گرنگترین یان تەنها فاکتەری دیاریکەری چارەنووسی مرۆڤە. بەڵام ئینتێرسێکشناڵیتی هاوکات میتۆد و خواست و چەشنێ کەرستەی داهێنەرانە و ڕاڤەییشە کە بەنیازە نیشانی بدات شێوازەکانی ستەم/سەرکوت و چەندین دەستەبەندیی وەک ڕەگەز، نیژاد، چین، کۆچبەری، سێکسواڵیتی و تەنانەت خاوەن‌پێداویستیی تایبەت‌بوون و ڕەهەندەکانی دیکەی شوناس وەک بەرهەمی بونیادی کۆمەڵایەتی، هاوکات لە پێوەندیی ناڤۆکیی چەندلایەنەدان و لە بیچمگرتن و بەرهەمهێنانەوەی هەموو جۆرەکانی هەڵاواردن و نایەکسانییە سیستەماتیکە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕۆڵ دەگێڕن.

سەرباری ئەوەی کە زیاتر لە سێ دەیە بەسەر سەرهەڵدانی ئەم تەوەرە لە ئاقاری زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا تێدەپەڕێ و گەلێک کتێب و نووسین لە بارەیەوە بە زمانە جۆراوجۆرەکانی جیهان هاتووەتە نووسین و بڵاوکردنەوە، بەڵام لای ئێمەی کورد و بە زمانی کوردی جگە لە چەند هەوڵێکی کەم و ئاستەنگ شتێکی ئەوتۆ بەدی ناکرێت. ئەم وتارە هەوڵێکە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشایییە لە ئاقاری لێکدانەوەکانی ڕەگەز و جێندەر بە زمانی کوردی بێ ئەوەی بانگەشەی ئەوە بکات کە هەموو تەوەرە پێوەندیدارەکان یاخود ئەو ڕەخنانەی سەبارەت بەم تیۆرییە لەئارادان، دەگرێتەوە. سەرەتا سەرچاوە مێژوویییەکانی ئینتێرسێکشناڵیتی لێک دەدەینەوە و دوای ناساندنی نوێنەرە سەرەکییەکانی ئەم تیۆرییە، پاڕامێترە سەرەکییەکانی دەخەینە بەرباس و لە کۆتاییدا بە ڕوانینێکی لۆکاڵییەوە کەپاسیتی و خاڵە هێزەکییەکانی ئەم بابەتە بۆ توێژەرانی بواری ژنان لەناو کوردیشدا لێک دەدەینەوە. ئەم ڕووکردە بە زۆریی بۆ وەسف و لێکدانەوەی شێوازە فرەچەشنەکانی ستەم کە یەکانگیرن، دەخرێتە بەرکار. لەو ڕووەوە کە ژنی کورد ئەزموونێکی تاک و تایبەتی لە ستەم و بەربەستە جۆراوجۆرەکان هەیە، دەکرێ پێویستیی “ئینتەرسێکشناڵ بوون” ببێتە گوزارەیەکی باو و ناسراو کە لە بزووتنەوە پێوەندیدارەکاندا کاری پێ بکرێت و ئەمە بەو مانایە کە هەر خەباتێکی دیاریکراو لە باتیی چڕبوونەوە لەسەر گرووپ یان ستەمێکی دیاریکراو، دەبێ نوێنەر و لەخۆگری ئەو کەسانە بێت کە ستەمە یەکانگیرەکان ئەزموون دەکەن.

سەرچاوە مێژوویییەکانی ئینتەرسێکشنالیتی

“شەپۆلی یەکەمی فێمینیزم” دەیەکانی یەکەمی سەدەی بیستەم بە هەوڵدان بۆ بەیاسایی‌کردنی مافی دەنگدان بۆ ژنان دەهاتە ناسین کە بە دانی مافی دەنگدان بە ژنان لە ساڵی ١٩٢٠ لە ئەمریکا گەیشتە تەشقی خۆی و لە وڵاتانی دیکەدا بە مەودای زەمەنیی جیاجیاوە، کەم تا زۆر بەدواداچوونی بۆ دەکرا. نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەم، دوای دوو ڕووداوی گرنگی جەنگی جیهانیی دووهەم و مەی ٦٨ی فەڕەنسا، دوو بەرهەمی کاریگەری “ڕەگەزی دووهەم“ی سیمۆن دو بۆڤوار و “ڕاز و ڕەمزی ژنانە“ی بێتی فریدان، بە شێوەیەکی سەیر بۆ ڕەوتە جۆراوجۆرە فێمینیستییەکانی ناسراو بە “شەپۆلی دووهەمی فێمینیزم” ئیلهام‌بەخش بوون. ڕەوتێک کە خوازیاری ئامادەیی و بەشداریی زیاتری ژنان لە پانتاییی گشتی و ئابووریدا بوو. سیمۆن دو بۆڤوار لە کتێبی ڕەگەزی دووهەمدا دەپەرژێتە سەر دەوری کولتووری زاڵ، کە بەردەوام هاوئاسۆی بەرژەوەندیی هێزە ئابوورییە دەسەڵاتدارەکانی کۆمەڵگایە لە بیچمدان بە ڕەگەزی بندەستی ژنانە و ڕەگەزی باڵادەستی پیاوانەدا و جەخت لە گرنگیی شێوەڕێژبوونی شوناسی تاک‌تەوەری ژنانە بۆ ڕزگاربوون لە بندەستی دەکاتەوە. بێتی فریدانیش وەکی تر لە کتێبەکەیدا لەسەر بەرەیەک لە ژنان واتا ژنانی کابانی ئەمریکی چڕ بووبووە بۆ ئەوەی ئەم کڵێشە باوە بخاتە ژێر پرسیارەوە کە “ژنانی کابان لەوەی کە خزمەتی خێزانەکانیان دەکەن ڕازی و دڵخۆشن”. ئەو دەریخستووە کە چۆن ژنان سەرەڕای بەهرەمەندبوون لە خوێندنی باڵا، زۆربەیان لە چەشنێک لە بێزاری و بێ‌هیوایی هەمیشەییدا بەسەر دەبەن و لێرەوە بۆ کارکردن لە دەرەوەی ماڵ هانی دەدان. دواتر ئەم کتێبە بەهۆی گرنگیدانی لە ڕادەبەدەری بە بەردەنگی خوێندەواری سپی‌پێستی سەر بە چینی مامناوەندی ئەمریکی، لەلایەن فێمینیستە ڕەش‌پێستەکانی بڕوادار بە یەکتربڕبوونی ستەم، لەوانە ئەنجێللا دیویز و کرێنشاو بە شێوەیەکی جیددیی درایە بەر ڕەخنە. ئەم ناوانە کە دواتر وەک نوێنەرانی سەرەکیی نەریتی فیکریی “ئینتێرسێکشناڵیتی” ناسران، هاوڕێ لەگەڵ هاوخەباتە فێمینیستەکانی دیکەیان، ڕەخنەگرتن لە فێمینیزمی شەپۆلی دووهەمیان کردە خاڵی دەستپێکی بزووتنی فیکری – سیاسیی خۆیان بەرەو ڕێبازێکی نوێ، بە مەبەستی ناسین و دیاریکردنی گرووپ و بەرەیەکی نەبینراوکراو، واتا ژنانی پەڕاوێزی، کە بەزۆری بریتی بوون لە ژنانی ڕەنگین‌پێستی چینی کرێکاری پەراوێزنشینی شاری لە ئەمریکا.

blank
سیمۆن دو بۆڤوار (١٩٠٨-١٩٨٦) فێمینیست و فەیلەسووفی فەرەنسی

کەوابوو، ئینتێرسێکشناڵیتی، کە زۆرکەس بە بوارڕەخسێنی شەپۆلی سێهەمی فێمینیزمی دەزانن، بە پلەی یەکەم کاردانەوەیەک بوو بەرانبەر بە پاوانخوازیی شەپۆلی دووهەم کە دواتر ڕەخنەگران ناوی “فێمینیزمی سپی‌پێست”یان لێنا بەو مانا کە ئەو فێمینیزمە بە ڕادەی پێویست پەڕگیر نەبووە و نەیتوانیوە خواست و ئەزموونەکانی ژنانی ڕەنگین یان ڕەش‌پێست یان ژنانی سەر بە چینی خواری کۆمەڵگا بگرێتەخۆ. ڕەخنەگران لایان وایە فێمینیزمی شەپۆلی دووهەم لە سەر دەستی ژنانی سپی‌پێستی بەزۆری چینی مامناوەندی خوێندەوار داڕێژراوە و هەروەها هەمیشە لە خزمەتی ئەواندا بووە. بەم چەشنە ئەزموونی بەرەیەک لە ژنانی باڵای کۆمەڵگا وەک ئەزموونی هەموو ژنان هاتووەتە ناسین و پەسەند کراوە. لەم قۆناغەدا، فێمینیستە سپییەکان بە پشتبەستن بە ئایدیای خوشکایەتیی فێمینیستی و داکۆکی‌کردن لە وێکچووییەکانی ژنان بۆ تێگەیشتنیان لە بابەتی ڕەگەز، سەبارەت بەو جیاوازییانەی لە ناوخۆی ژنان خۆیاندا بە هۆی شوناسی فرەچەشنی نیژادی و ئاخێزگەی چینایەتیی جۆراوجۆرەوە لەئارادا بوو و دەبووە هۆی شێوەڕێژبوونی پێوەندیی وەستاو لەسەر دەسەڵات لەناو ژنان خۆیاندا، خەمسارد و بێ‌هەڵوێست بوون. ئەم ڕووکردە یەکدەستە، سەبارەت بە جیاوەک و بەهرەمەندییەکانی بەرەیەکی تایبەت لە ژنانی زاڵ و خاوەن دەسەڵات لە چاو ژنانی پەڕاوێزخراو و کەمیینە هیچ ناڵێت. کرێشناو سەبارەت بە لێدوانی بەناوبانگی فیمینیستی ڕەش‌پێست واتا “سوجورنەر ترۆس” بە ناوی “مەگەر ئێمە ژن نین؟” دەنووسێت: “کاتێک کە ترۆس دەستی بە قسەکردن کرد، ژمارەیەک لە ژنانی سپی‌پێست ویستیان بێ‌دەنگی بکەن چون دەترسان وتەکانی ئەو سەرنجەکان لەسەر گرنگیدان بە مافی دەنگدانی ژنان بگوازێتەوە بۆ ڕزگاریی ژنان.”[3] ئەم نموونە بە باشی خواستی سڕینەوە و ڕوانینی تاک‌ڕەهەندی نوێنەرانی شەپۆلی دووهەمی فیمینیزم دەخاتە ڕوو. ئینتێرسێکشناڵیتی وەک ڕوانینێکی نوێ نیشانی داوە کە ئەگەری ئەوە هەیە ژنانی ڕەش یان ڕەنگین‌پێست نەک تەنها لەلایەن پیاوانی ڕەش یان ڕەنگین‌پێستەوە بەڵکوو لەسەر دەستی ژنانی سپی‌پێستیشەوە سەرکوت بکرێن و هاوکات جیهانگری یان زاتگەرایەنەبوونی چەمکی ڕەزگەی ژنانە بخەنە ژێر پرسیارەوە. ئەم جارەیان بە پەنجە ڕاکێشان بۆ جیاوازی و ڕەنگاڵەییی ئەزموونە شوناس‌تەوەرەکان، ڕەگەز لە پێوەندییەکی بێ‌دابڕان لە بونیادە چەند لایەنەکانی شوناس یاخود سیستەمە فرەڕەهەندەکانی سەرکوت پێناسە کرایەوە.

ئەو ڕەخنانەی لە نائامادەییی ژنانی ڕەش‌پێست لە ڕەوتی گوتارسازیی فێمینیزمی شەپۆلی دووهەم دەگیرا هەروەها بوو بەهۆی کۆمەڵێک هەڵسەنگاندنی تیۆریکی دیکە و لە بەرانبەردا، بەرگرییان لە ئایدیای دەرچوون لە فێمینیزم لە مانای تاک و ڕۆیشتن بەرەو فێمینیزمەکان لە مانای کۆدا، بە مەبەستی سەریەکخستنی ئەزموونە جۆراوجۆرەکانی ژنان دەکرد. ئەم پێداچوونەوانە وەکی تر تووشی گەلێک ئالنگاریی تیۆریکی فرەچەشن بۆ گەیشتن بە مانایەکی پەسن و شیاو بۆ چەمکی “ژن” بووەوە کە بتوانێ لە مەترسیی کەوتنە داوی پێوەندییەکانی “زاڵێتی” ڕزگاری بێت و ڕەنگاڵەییی ناوگرووپی هەبێت.

مەعریفەناسیی نوێی فێمینیستیی پشتبەستوو بە ئینتێرسێکشناڵیتی پێشنیار دەدات ئەو ژنانەی لە زنجیرەپلەییی دەسەڵاتدا لە پێگەی بندەستدان، بتوانن خۆیان باسی ئەزموونەکانی خۆیان لە ڕەگەزەکەیان بکەن لە باتیی ئەوەی کە ژنانی پلە و پێگە باڵاکان نوێنەرایەتیی ئەوانیش بکەن. مانای ئەم بابەتە بۆ ژنی کورد ئەوەیە کە خۆی بتوانێ لە بەستێنی کۆمەڵایەتیی خۆیدا زیاتر لە هەمووان باسی ئەزموونەکانی خۆی لە مەڕ ڕەگەز یان لەو توندوتیژییانەی بەرانبەری دەکرێت، بکات، نەک ئەوەی کە ژنانی زاڵ بەسەر ڕەوتی فێمینیزمدا بە نوێنەرایەتیی لە ئەمان و لە زمانی ئەمانەوە داخوازییە ڕەگەزییەکانیان پێناسە بکەن.

پاڕامێترە سەرەکییەکانی ئینتێرسێکشناڵیتی

ئینتێرسێکشناڵیتی وەک یەک لە چەمکە کلیدییە فێمینیستییەکان بەنیازە فرەچەشنی و ڕەنگاڵەییی نیژادی لە ڕەگەزدا بخاتە ڕوو[4] و بۆ ڕوونکردنەوەی چەندجۆریی جیاوازییە درووستبووەکانی ناو کۆمەڵگا دەخرێتە بەرکار.[5] تیۆریی ئینتێرسێکشناڵیتی لە پەرەی ئاقارە نەریتییەکانی وەک زانستە سیاسییەکان لەوانە تیۆرییەکانی دادپەروەری یان پەرەی سیاسی، و هەروەها لە لێکدانەوەی شوناسە پەڕاوێزییەکانی وەک ڕەگەز، نادادپەروەریی نیژادی و سێکسواڵیتی ئەکتیڤە. سەرنج و ڕوانگەی تازەی داخڵ بە زۆرێک لە بوارەکانی ماف و یاساکانی پێوەندیدار بە مافی مرۆڤ، بنەماڵە و خێزان، کۆمەڵناسیی کار، یاسای جەزایی (کەیفەری) و کۆچ و کۆچبەری کردووە.

ئەزموون و شوناس بە دوو چەمکی سەرەکیی تیۆریی ئینتێرسێکشناڵیتی دێنە ئەژمار کە لەگەڵ ئەزموونی زەینی و ئەندێشەی تاکەکەسیدا پێوەندیی نزیکیان هەیە. ڕوانگەی ئینتێرسێکشناڵیتی لەسەر ئەو باوەڕەیە کە شوناسی جۆراوجۆر ئەزموونی جۆراوجۆری لێ دەکەوتەوە. هەموو ئەزموون و شوناسەکان هەڵگر و خاوەنی ڕەگی خۆیانن و هیچ بەشێک یان تایبەتمەندیی هیچ بەشێک بۆ ئەوانی دی ناگشتێندرێ. کەوابوو بەردی بناغەی ئئینتێرسێکشناڵیتی ئەوەیە کە هەندێ کەس یان گرووپبە پێی “ئەزموونەکانیان” لە کەس یان گرووپەکانی دی جیاواز دەبن. کەواتە کەسانێک بە شوناسی هاوبەشەوە لەوانە ڕەش‌پێست یان لێزبینەکان، خاوەنی ئەزموونی هاوبەشن کە دەتوانێ بە شێوەی ئۆرگانیک کەسەکان یەکگرتوو بکات. ئەوان دەستەبەندییە زانستی و سیاسییە هەبووەکانیان بۆ شیکردنەوەی ئەزموونە فرەچەشن و ڕەنگاڵە و تێکچڕژاوەکان بە تەواو نەدەزانی. بەپێی ئەم تیۆرییە لە چەمکسازییە کۆنەکان سەبارەت بە سەرکوت، بۆ نموونە هەڵاواردنی نیژادی، ڕەگەزی و هتد زۆربەی زۆری تیۆرییەکانی کۆمەڵناسی تووشی هەڵە دەبن و هەموو جارێک تەنها یەک بگۆڕ لێک دەدەنەوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە بگۆڕەکان بەکۆمەڵ کار دەکەن و کاریگەری دادەنێن. کەوابوو تیۆریی ئینتێرسێکشناڵیتی، دژ بە لێکدانەوە و ڕاڤەی گرووپە زوڵم‌دیتووەکانە لەسەر بنەمای ستەم و زوڵمێکی میحوەری و لای وایە شێوازەکانی سەرکوت پێکەوە لە پێوەندیی بەرانبەردان و بەریەککەوتنیان هەیە و سیستەمێکی سەرکوتی ئاڵۆز و تێکچڕژاو دروست دەکەن کە خاڵی هاوبەشی سەرجەم هەڵاواردنەکانە. قایل‌بوون بەم هەڵوێستە ئەگەر و دەرفەتی بینین و ناسینی ژمارەیەکی زۆر فەزای دیکەی شوێنگەی بەریەککەوتنی هەڵاواردنەکان دەستەبەر دەکات.[6] بۆ نموونە ئەوان جەختیان لەوە دەکردەوە کە دەرکی ئەزموونی ژنێکی ڕەش‌پێست، بەپێی لێکدانەوە جێندەری و ڕەگەزییەکانی پێشوو وێڕای لێکدانەوە پێشوویییەکان بۆ نیژاد نەکردە و نامومکین دەبێت. چون یەکەمیان لەسەر ژنانی سپی‌پێست و دووهەمیان لەسەر پیاوانی ڕەش‌پێست چڕ بووبوونەوە. بۆ نموونە ژنێکی ئەمریکیی کۆچبەری عەرەبی سەر بە چینی بندەست و جڤاتی کوییر دەکەوێتە خاڵی بەریەککەوتنی چەندین ستەمی (نیژادی، ئەتنیسیتی، نەتەوەیی، چین، ڕەگەز و سێکسواڵیتی)یەوە. مۆنا کەریم دواتر لە هەناوی ئەم نەریتە فیکرییەوە نووسی: “من دژ بەو ژنە دەنووسم کە بە بێ‌شەرمییەوە وا دەزانیت ئێمە یەکێکین. ئەو کە پاڵی بە کورسیی ئاسوودەی هاووڵاتیبوون، چین و نیژادەوە داوەتەوە.”[7] لێرەوە توێژەرانی ئینتێرسێکشناڵیتی جەخت لە پێویستیی بەکارهێنانی سیاسەتی ڕوو لە “جیاوازی” دەکەنەوە کە بتوانێ هەموو ستەمەکان لە “ماتریسی زاڵێتی”[8] ڕەچاو بکات، چون لەسەر ئەو باوەڕەن کە ناکرێ جیا لە زنجیرەی ستەمەکانی دیکەی گرێدراوی یەکدی، لێکدانەوە و بەدواداچوون بۆ ستەمێکی دیکە بکرێت[9]. جگە لەمە، لێکدانەوەی شێوەکانی کارلێکی ڕەگەز، نیژاد، ئەتنیسیتی، چین و سێکسواڵیتی پێکەوە و چۆنێتیی بەکارهێنانیان بۆ ڕۆنان و پاراستنی نایەکسانی و سیستەمەکانی سەرکوت و هەروەها بەدیهێنانی شێوە و شێوازی جۆراوجۆر لە بەرخۆدان لای بیرمەندانی ئەم تیۆرییە، گەلێک گرنگە. هەر بۆیە ئینتێرسێکشناڵیتی پەیڕەویی لەو بەڵگاندنە دەکات کە هەرچەندە ژمارەی دەستە و تاقمە پەڕاوێزییەکان زیاتر بێت، ژمارەی ئەو هەڵاواردنانەی تاکێک ئەزموونی دەکات، زیاترە.[10] بەپێی تیۆریی ئینتێرسێکشناڵیتی، ژنانی ڕەش‌پێست لە ئەمریکا وەک نموونەیەک لە ژنانی کەمیینە، بەرەوڕووی ستەمێکی زیاتر و دوو ئەوەندەی شوناسی ڕەگەزی، نیژادی و چینی کۆمەڵایەتی دەبنەوە کە دواتر چەند هەڵاواردنێکی دیکەی وەک سێکسواڵیتی و یاخود تاتوانیی جەستەیی لێ زیاد بووە. ‌‌

تیۆریی ئینتێرسێکشناڵیتی خۆی بەرانبەر بە نیشاندانی ستەم‌دیتووترین و پەڕاوێزیترین و بندەستترین تاک و گرووپەکانی کۆمەڵگا بە بەرپرس دەزانێت و وەک فاکتەری گۆڕانی پێوەندییەکانی دەسەڵات و زاڵێتیی لە بەرچاویان دەگرێت.

کەوابوو، ئەم تیۆرییە خۆی بەرانبەر بە نیشاندانی ستەم‌دیتووترین و پەڕاوێزیترین و بندەستترین تاک و گرووپەکانی کۆمەڵگا بە بەرپرس دەزانێت و وەک فاکتەری گۆڕانی پێوەندییەکانی دەسەڵات و زاڵێتیی لە بەرچاویان دەگرێت. چونکە ئەوان لەسەر ئەو باوەڕەن کە “پەڕاوێزی‌بوون” تاک دەخاتە پێگەیەکی تایبەتەوە بۆ خەبات و بەرەنگاری[11]. بەم چەشنە تاکە پەڕاوێزییەکان بۆ تیۆرڤانانی ئینتێرسێکشناڵیتی خاوەنی جیاوەکی مەعریفەیین. وەک میتۆدێکی لێکدانەوەیی، ئینتێرسێکشناڵیتی دەتوانێ تێکەل بە میتۆدە سەرەکییەکانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان ببێت کە لە ئەنجامدانی توێژینەوە و بەدیهێنانی زانست و مەعریفەدا ڕۆڵی دیاریکەریان هەیە. ئینتێرسێکشناڵیتی هاوکات ڕووکردێکە بۆ جێبەجێکردنی توێژینەوەی ئەزموونی.[12] لە ڕوانگەی میتۆدناسییەوە، ئینتێرسێکشناڵیتی وەک میتۆدێکی ڕوو لە گەشە و پێشکەوتن کە کۆتایی نەهاتووە و بەردەوام لە گەشەدایە، کار دەکات. بەم چەشنە ئەم تیۆرییە بەردەوام هەوڵ دەدات دەرکی یەکتربڕبوونی شوناس و پێوەندییەکانی دەسەڵات و زاڵیتیی تێکئاڵاوی بەرەو شوێنە نەدۆزراوەکان بگوازێتەوە. ئینتێرسێکشناڵیتی وەک میتۆدێکی نوێ توانیویەتی پانتاییی یەکتربڕبوونی ستەم بۆ شەپۆلێکی بەرین لە ئەکتیڤیستەکان لەوانە کۆمەڵەی پێوەندییە ئەتنی/گروپییەکان و دیکەی میحوەرە شوناس‌سازەکان، خاوەن‌پێداویستییە تایبەتەکان و بەساڵاچووان بەرین بکاتەوە. میتۆدی ئینتێرسێکشناڵیتی وەک زانستێکی نێوان‌لقی، وەکی تر دەتوانێ تێكچڕژاویی نیژادپەرەستی، پیاوسالاری، ستەمی چینایەتی و هەڵاواردنەکانی دیکە کە نایەکسانیی جۆراوجۆر لە ئاستی لۆکاڵی، نەتەوەیی و نێونەتەوەییدا بەدی‌دێنن کە پلە و پێگەی پەڕاوێزیی ژنان، نیژادەکان، کەمیینە ئەتنیکییەکان، چینەکان و هتد بونیاد دەنێن. ئەم پێناسە لە ئاستێکی بەرینتردا، هەلومەرجی مێژوویی– کۆمەڵایەتیی خۆجێیی لە پێوەندی لەگەڵ دەسەڵاتی بان‌نەتەوەیی و بونیادی بە بەدیهێنەری سەرەکیی جیاوازی و ناوێکچووییەکان دێنە ئەژمار. کەوابوو ئەم بەڵگاندنە کە خاڵی یەکتربڕ تەنها لەسەر ئەزموونەکانی ژنانی ڕەش‌پێست لە ئەمریکا چڕ بۆتەوە و کەواتە ناتوانێ ئەزموونی ژنانی دی لێکبداتەوە، دەرکێکی ناتەواو و ڕووکەشییە سەبارەت بەم تیۆرییە. بە دەربڕینی دی، پێناسەی ئینتێرسێکشناڵیتی وەک هەرەمێكی گونجاو لەگەڵ سەرچەشنە فیکری و پڕاکتیکییە لۆکاڵییەکان پێش بە جووڵە و بزووتنی لە ئاستی جیهانی و دیسکۆرسە نێونەتەوەیییەکان ناگرێت.

نوێگەرییە تیۆریکە فێمینیستییە ئینتەرسێکشناڵەکان، زۆرێک لە گریمانە و بۆچوونە سیاسییەکانمان دەخەنە ژێر پرسیارەوە. لەبەر ئەوەی لە ڕێگەی ئاراستەکردنی مەعریفەناسییەکی نوێوە، زیاتر لە هەمیشە پێوەندیی نێوان زانست و دەسەڵات لە ئاقاری ڕەگەزدا ئاشکرا دەکەن. ئەم تیۆرییە هاوکات کۆمەڵێک ئاڵتەرناتیڤی جیاجیا وەک شێوازەکانی خۆڕاگریی بەرانبەر بە بونیاد و دەسەڵاتدارەکان پێشنیار دەدات. چونکە لەو شوێنەی ستەم چەند لایەنەیە، دژایەتی و خەباتێکی چەند لایەنە، یەکتربڕ و تێکچڕژاو داوا دەکات کە ئەوەش خۆی گەلێک ئالنگاری و دژواری دەخاتە سەر ڕێی فێمینیستەکان.

ژنی کورد و ئینتێرسێکشناڵیتی

ئینتێرسێکشناڵیتی لە مانایەکی گشتیدا یارمەتیی دەرکی باشتری ژنانی کۆمەڵگا جۆاوجۆرەکان سەبارەت بە دۆخی پەڕاوێزییان  و دەرکیان لە مەڕ سیستەمەکانی دەسەڵات و زاڵێتی و پێوەندییەکانی دەسەڵات دەدات؛ بە نیسبەت ژنی کوردەوە ئەم تیۆرییە بۆ توێژەر و ئەکتیڤیستەکان ئەو بابەتە دەخاتە ڕوو کە بۆچی هاوشێوەی ژنانی ناسپی‌پێست لە ئەمریکا و ئەورووپا، ژنی کوردیش یان ئەو ژنانەی لە بازنەی ناوەندگەرایی بەدەرن، وەک قوربانیی بێکردی بێبەری لە سۆبێکتیڤیتی و بێتوانستی ئیرادە بۆ گۆڕان، بەرەو پەڕاوێزەکان پاڵ نراون. ژنانی سەر بە “فێمینیزمی کەمیینە” کە بەداخەوە لەنێو کورددا هێشتا بە شێوەی ئەوتۆ تیۆریزە نەکراوە، خۆیان لە “فێمینیزمی ڕەوتی سەرەکی” جیا  دەکەنەوە و بە نووسین و هەوڵی جۆراوجۆر دەپەرژێنە سەر گرنگیی تیۆرییە یەکتربڕەکانی ڕەگەز بۆ ڕاڤە وشیکردنەوەی  پێگەی پەڕاوێزی و سەرکوتکراوی ئەم کەمیینە تایبەتییەی خۆیان. بەم چەشنە ژنی کوردیش لە سەریەتی بە گۆڕینی ئەزموونەکانی وەک چینی بندەستی بەرەیەکی کەمیینە و پەڕاوێزیی نەتەوەیەکی نازاڵ و ناسەرەکیی ئەو وڵاتەی تێیدا دەژی، بۆ کەرستەی پێوانی ڕادە و ئاستی سەرکوتی ڕەگەزی و دەستنیشانکردنی ڕووگە پەڕگیر و فرەڕەهەندەکانی، هەوڵی جیددیی بخاتە گەڕ. لەم ڕێگەیەدا بێگومان ئینتێرسێکشناڵیتی دەتوانێ چارە و ئاسۆیەکی ڕووناک بێت. لەم بەشە لە وتارەکەماندا وێڕای پێناسەیەک کە بۆ “ژنی کورد” بەدەستەوە دراوە، کەپاسیتی و خاڵە هێزەکییەکانی تیۆریی ئینتێرسێکشناڵیتی و ژنی کورد و شێوازەکانی کارکردن بەم تیۆرییە و ئەو بەربەستانەی دەکەونە سەر ڕێگای چالاکیی پێوەندیدار بە داڕشتنەوەی ئینتێرسێکشناڵیتییەوە خراوەتە بەرباس و لێکدانەوە بەو هیوایەی کە ژنی کوریش بتوانێ بەو ئەزموونە یەکەوە کە لەسەر یەکخستنی هەموو جۆرەکانی هەڵاواردن و ستەم و سەرکوت ئەزموونی دەکات، ڕێبازێکی نوێ لە زانستی فێمینیستیدا بکاتەوە و لەو سەکنینەی تێیدایە ڕزگاری بێت. چونکە لام وایە “ژنی کورد” ئەو کەپاسیتییەی هەیە کە وەک ئەوی ژنانی “ڕەش‌پێست” یان “ڕەنگین‌پێست” لە نیوەی دووهەمی سەدەی ڕابردووەوە کردیان و سەرکەوتووانە بوون بە خاوەنی ناو و ڕێبازێکی جیاواز و دیاریکراو و توانییان تەوەرێکی تایبەت بە خۆیان بکەنە ڕەوتێکی جیهانی، و ئێمە و چەندانی دیکەی وەک ئێمەش بیانهەوێ بە ڕیبازی ئەواندا بڕۆن و کارێکیان بۆ خۆیان کردبێت، ئەویش هەنگاوێک لەم ڕێگادا هەڵبگرێت و بەرە بەرە ناو و پێگەیەک لە ڕەوتە جیهانییە فێمینیستییەکاندا بۆ خۆی دەستەبەر بکات.

کەپاسیتی و خاڵە هێزەکییەکانی تیۆریی ئینتێرسێکشناڵیتی بۆ ژنی کورد

بنەما سەرەکییەکانی تیۆریی ئینتێرسێکشناڵیتی و پەرژانە سەر ئەزموونی ژنانی کەمیینە لەو وڵات و شوێنانەی لەسەر ئەم تەوەرە لێکدانەوەی چڕوپڕ ئەنجام دراوە، لە زۆر ڕووەوە بۆ دەرک و تێگەیشتنی باشتری پێگەی کەمیینەبوون و ئەو ستەمە دووقاتەی ژنانی کورد لەگەڵی دەژین، یارمەتیدەر دەبێت. ئەزموونی ژنی کورد سەبارەت بە هەڵاواردن و کەمیینەبوون زۆر هاوشێوەی ئەو شتەیە بەسەر ژنانی ڕەش‌پێست یان ڕەنگین‌پێستی چینی کرێکار لە ئەمریکادا دێت. هەر دوویان زنجیرەیەک لە هەڵاواردنی دووبەرانبەری سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئابووری بەهۆی کەوتنە بەر خاڵی یەکتربڕی ڕەگەزی و ئەتنیکی، نیژادی و چینایەتییەوە، ئەزموون دەکەن کە لە چاو بەرەی زاڵ یان ژنانی سپی‌پێستی سەر بە چینی مامناوەند لە ئەمریکا، ئەمیان سەبارەت بە ژنانی ڕەش‌پێست و هەروەها ژنانی سەر بە چینی مامناوەندی غەیری کورد و سەر بە ئایینی زاڵی ئەو وڵاتانەی تێیدا دەژین، بە نیسبەت ژنی کوردەوە، دەیانخاتە پێگەیەکی بندەست و جیاوەک و ئیمتیاز لێ‌وەرگیراو.

blank
ژنی کورد، گرتەیەک لە خۆپیشاندانەکانی ئەم ڕۆژانەی ڕۆژهەلاتی کوردستان بە درووشمی (ژن، ژیان، ئازادی)

باشتر وایە وەک گوزارەیەک پێناسەیەکی تایبەتیش بۆ دەستەوشەی “ژنی کورد” و مەبەستمان لە بەکارهێنانی لەم وتارەدا بکەین. ئەوەی لەمە بەدوا لەم وتارەدا بە ناوی “ژنی کورد”ەوە ناو دەبرێت بە ڕەچاوکردنی واقیعی جوگڕافیاییی ئەو وڵاتانەی ژنی کوردیان تێدا دەژی و ئەو دابەشبوونەی ئەم ژنانەی خستووەتە چوارچێوەی چەند وڵاتێکەوە، دەبێت. واتا لەم کارەدا گەر پێشنیار یان ڕێکار و یاخود هەر میکانیزمێکی پێوەندیدار دێتە باسکردن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە مێژوویی، سیاسی و جوگڕافیایییەوە دەبێت. دەکرێ بڵێین “ژنی کورد” سەرەتا وەک ڕەگەز و بێ ڕەچاوکردنی ژنانی کۆچکردوو و نیشتەجێی شوێنی بەدەر لەو شوێنانەی ئێمە مەبەستمانە، لە چوارچێوەی چوار وڵاتی ئێران، عێراق، تورکیا و سووریادا بەردەوام وەک نەتەوەیەکی ناسەرەکیی ئەو وڵاتانە، کەمیینە و پەڕاوێزخراو و ئەنجام لە ڕووی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە خوارتر لە ژنانی نەتەوەی سەرەکی و دەسەڵاتداری وڵاتەکە، ژیان بەسەر دەبەن. ژنی کورد لە هەریەک لەم وڵاتانەدا هاوشێوەی یەکدی لەگەڵ خاڵێکی یەکتربڕی هەموو جۆرەکانی ستەم و هەڵاواردن بەرەو ڕوون. ئەو ساتەوەختەی بە زمانێک جگە لە زمانی فەرمیی ئەو وڵاتانە دەدوێن، سەر بە ئەتنێکی جگە لە ئەتنی سەرەکی و زاڵی وڵاتەکەن، باوەڕیان بە ئایینێکی جگە لە ئایینی باڵادەستی وڵاتەکەیە و بەپێی نیژادیان لە سیما و ڕواڵەتیشدا لە فارس و تورک و عەرەبەکان جیاوازن. زۆربەی هەرە زۆری ژنانی کورد، بەم تایبەتمەندییانەوە، بەراورد بە ژنانی دیکەی ئەو وڵاتەی لە چوارچێوەیدا ژیان بەسەر دەبەن، ئاستی دەستڕاگەیشتنیان بە دەرفەت و ئیمکانی پەروەردەیی و خۆشگوزەرانی یان  بازاڕی کار زۆر نزمترە و بە ڕادەی پێویست لە توانست و دەرفەتی ئەوتۆ بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتی گوتاری ناوەندگەرا بەهەرەمەند نین. هەروەها دەبێ ئەوەش لە بەرچاو بگرین کە ئەو سەرکوتکردنەی بەرانبەر بە هەوڵ و خەبتینە تاکەکەسی و کۆییەکان بۆ بەرگری لەم شوناسانە و لە ناوچە کوردنشینەکاندا دەکرێت، قورستر و فراوانترە. کەواتە بێگومان دەرکی ئەم ژنانە سەبارەت بە پرسی ڕەگەز و جێندەر بە هیچ شێوەیەک بەراورد بە ژنانی ناوەندنشینی چینی باڵا و مامناوەندی نەتەوە و ئایینە سەردەستەکان یەک شت نییە. هەروەک لایەنگرانی تیۆریی ئینتێرسێکشناڵیتی ئاماژە بە دەرکی جیاوازیی ژنانی ڕەش‌پێست و ڕەنگین‌پێست سەبارەت بە ڕەگەزی خۆیان لە چاو ژنانی سپی‌پێست دەکەن. کەوابوو ناکرێ زۆرێک لەو پێناسانەی لەلایەن ژنانی چینی مامناوەندی ناوەندەکانەوە (بۆ نموونە لە ڕۆژئاوا ژنانی سپی‌پێست)، واتا ژنانی فارسی تارانیی شیعە مەزهەبەوە (ئێران)، ژنانی عەرەبی خەڵکی بەغدا یان دەمیشق و شارە گەورەکانی هەریەک لەو وڵاتانە (عێراق و سووریا) و هەروەها ژنانی تورکی سەر بە چینی باڵا و مامناوەندی ئەنکەرا و ئیستانبووڵ (تورکیا)، بۆ ژنانی هاوجۆری خۆیان داڕشتووە، هەر بەو ڕادە لەسەر “ژنی کورد”یش فەرز بکرێت. هەروەها جەخت‌کردنەوە لەسەر کۆمەڵێک چەمکی وەک “هاووڵاتی بوون”، لە هەریەک لەو وڵاتانە، یان “ژن‌بوون” وەک کۆمەڵێک شوناسی یەکدەست، زیاتر لە هەموو شتێک دەبێتە هۆی نامەرئی‌بوونی زنجیرەی ئاڵۆز و تێکچڕژاوی ستەم لە هەریەک لەم وڵاتانەدا بێ تۆمارکردن و گرنگیدان بە شوناسە یەکتربڕەکانی وەک ئەتنیک، یان ئایین و چین. لێرەوە دەتوانین بڵێین چەندین جۆر جیاوازیی مانادار لەنێوان ئەم ژنانە و هەوڵ و کارەکانیاندا، لەگەڵ “ژنی کورد” لە ئارادایە کە چەندین جۆری جیاواز لە هەڵاواردن و ستەمیشیان بەرهەم‌هێناوە و گەر بە فەرمی وەرنەگیرێن و وەک دەگوترێ بە ڕەسمی نەناسرێن، ئەو هەوڵ و کارانە بەردەوام عەیب و کەموکوڕیی یەکدەستبوونیان لەسەر دەمێنێتەوە و پێویستیی گرنگیدان بە تیۆریی ئینتێرسێکشناڵیتی بۆ ژنی کوردیش تۆختر دەخەنە ڕوو.

لە حاڵێکدا کە دەزانین ژنانی نیشتەجێی ناوچە کوردنشینەکان، کە بەزۆری لە ڕوانگەی پێکهاتەی حەشیمەتی و ئەتنیکییەوە بە پەڕاوێزخراو و کەمیینەکراو لە قەڵەم دەدرێن، زیاتر لە ژنانی دی گیرۆدەی هەڵاواردنی نەتەوەیی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتوورین و قەیرانی ئابووری و هەژاریی هەردەم‌زیادکەر، بێکاری و هتد ئەزموون دەکەن و کەم و کوڕییە ڕفاهییەکانی وەک کەمیی ئاو و پیسبوونی ژینگە و نەبوونی قوتابخانە و ئیمکانیاتی پەروەردەیی هاوشێوە و هاوئاستی ناوەند و ئەتنیکە زاڵەکان، چۆڵبونی لادێکان و نەبوونی خزمەتگوزارییە دەوڵەتی- کۆمەڵایەتییەکان ئەزموون دەکەن، هاوکات لەگەڵ قەیرانی سیاسیی وەک نەبوونی پەروەردە بە زمانی دایکی، هەڵاواردنی ئەتنیکی و ئایینی کە خۆی دەبێتە هۆی دەستگیرکردن و گوشار و زیندان و ئێعدامی بەربڵاو و کۆمەڵیک بابەتی هاوشێوەی ئەمانە بەرەوڕوون، قەت ناکرێ بڵێین ئەزموونی ئەوان لە ستەم تەنها گرێدرای ڕەگەزەکەیانە و تەنانەت ئەزموونی ئەوانلەم بوارەدا هاوشێوەی ئەزموونی گرێدراوی ڕەگەزی ژنێکی ناوەندنشینی چینی مامناوەندی سەر بە هەریەک لەو ئەتنە سەردەستانە نییە. دەبێ ئەوەش لە بەرچاو بگرین کە ئەو کێشە و قەیرانانەی ناوبران، زۆربەی جار گوشارێکی بەربڵاو بەسەر خێزانە کوردەکاندا دەسەپێنن کە بار و قورساییی بەشی هەرە زۆریشیان دەکەوێتە ئەستۆی ژنی کوردەوە؛ ژنان لە ئەو شار و لادێ کوردنشینانەی لە ئاوی پاک و مسۆگەر بەهرەمەند نین، دەبێ ئەرکێکی زۆر زیاتر بکێشن تاوەکوو ئاو و خاوێنیی ماڵ و خێزانەکەیان دابین بکەن و لەم ڕیگەدا تووشی دەیان گرفت و هیلاکی و نەخۆشیی سەخت دەبن. ئەو حاڵەتانەی ژنانی بەهرەمەند لە دەرفەتە خۆشگوزەران و ڕفاهییەکانی چینی باڵا و ناوەندنشین و دەسەڵاتداری وڵات لێی دوورن و یان کەمتر تووشی ئەم دەردیسەرییانە دەبن. یان نموونەیەکی دیکە، لەو خێزانانەدا کە پیاو یان باوکی ماڵ بە ساڵان بە تاوانی سیاسی‌بوون زیندانی دەکرێت، لە بەر هۆکاری سیاسی لە کارەکەی دەردەکرێت، یان مەترسیی ئێعدام و ئەشکەنجە و دوورخستنەوە و نەخۆشینە دەروونییەکانی لە سەرە، ئەوە ژنی کوردە کە دەبێ بە شێوەی دووقات بۆ گوزەرانی ژیانی خۆی و منداڵەکانی و دابین‌کردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خێزانەکەی، قۆڵ هەڵماڵێت و جوانی و سەلامەتیی خۆی فیدا بکات.

شێوازەکانی بەکارهێنانی ئینتێرسێکشناڵیتی بۆ ژنی کورد

هاوشێوەی تیۆرییەکانی دیکەی کۆمەڵناسیی ڕەگەز و جێندەر، کۆمەڵێک خوێندنەوەی و لایەنگریی جیاجیا سەبارەت بە تیۆریی ئینتێرسێکشناڵیتی لە ئارادایە کە هەندێکیان تەنانەت دژ بە یەکدین. خوێندنەوە لیبڕاڵی و پۆست‌مۆدێڕنەکان بە نیسبەت وتەزای هەڵاواردنی کۆمەڵایەتی و مێکانیزم و ئاقارەکانی بەرهەم‌هێناوەی، بەزۆری دژ بە تەفسیرەکانی فێمینیستە چەپە مارکسیستەکانە لە مەڕ ئینتێرسێکشناڵیتی. ئەم تیۆرییە لە لایەکەوە بۆ ڕەچاوکردنی ڕاڤەی ڕەگەزی و نیژادی لە ماتریالیزمی مێژووییدا و لە لایەکی دیکەشەوە بۆ فێمینیستە لیبڕاڵەکان بە هۆی دەرکی پێوەندی و دانووستانە ماددییەکانی زاڵێتی یارمەتیدەر بووە. ئینتەرسێکشناڵەکان هەروەها توانیویانە فێمینیزمی سپی ناچاری ڕەچاوکردنی جیاوازی و زنجیرەپلەییی ڕەگەزی، نیژادی، چینایەتی و سێکسواڵیتی بکەن. زۆرێک لە توێژەرە فێمینیستەکان ئەم جۆرە شیکردنەوانە بەهۆی بڕوایان بە پۆتانسیەڵی ڕادیکاڵی [ئینتێرسێکشناڵیتی] بۆ گۆڕینی شێوازە کۆمەڵایەتییەکان، تێکدانی نەزمی سەرکوتکاری زاڵ و بەسیاسی‌کردنی زۆربەی سووژەکانی کۆمەڵگا، بەکار دێنن، وێڕای جەختکردنەوە لەو خاڵەش کە دەرچوونی تەواو لە پێوەندییەکانی دەسەڵات و زاڵێتیی نامومکینە چون پێوەندیی نوێی هێز/ زانست بەردەوام لە سیستەمە تازەکانی پۆلێنبەندیدا دووبارە جێگیر دەبنەوە. هەروەک تیتی باتچاریا لە لێدونێکیدا لەسەر تیۆریی ئینتێرسێکشناڵیتی دەڵێ؛ “ئەم تیۆرییە لە ڕوانگەی سیاسییەوە هەڵگری گەلێک تایبەتمەندیی بەرز و باڵایە و بەرەو چەشنێ هەڵوێستی “دژ بە نیژادپەرەستی” دەڕوات کە بەرزی دەنرخێنین. ئەمە بەو مانەیە کە گەر فێمینیستێک پێمان بڵی خۆی بە ئینتێرسێکشناڵ دەزانێ، لێمان ڕوونە کە ئەم کەسە دژ بە نیژادپەرەستییە و لایەنگری مافی کەمیینەکانیشە و ئەمەش گەلێک باشە. بەڵام هەر کە باسەکە دێتە سەر تیۆری و ڕاڤە تیۆریک و میتۆدۆلۆژیکەکان، ناکرێ بە دیدێکی ڕەخنەگرانەوە لە ئینتێرسێکشناڵیتی نەڕوانین. چونکە بەشێكی زۆر لەو ڕەخنانەی ئاراستەی کراون، لە مەڕ موزائیکی‌بوونی ئەم تیۆرییە و نەبوونی پێوەندییەکی دینامیک لەنێوان شوناسە فرەجۆرەکان، بەجێ و دروستن.”[13] کەوابوو، سەرەڕای ئەو دەستکەوت و بەرهەمانەی ئەم تیۆرییە بۆ لێکدانەوەکانی ژنان و لە ئاستێکی سەرتردا بۆ زانستە کۆمەڵایەتییەکان و زانستە مرۆیییەکان هەیبووە، ئینتێرسێکشناڵیتی بە هۆی نەبوونی میتۆدناسییەکی یەکتربڕی دیاریکراو، بەکارهێنانی ژنانی ڕەش‌پێست وەک سووژەی جەوهەری و زاتگەرایەنای یەکتربڕ، سیاسەتی شوناس و ستراکچڕاڵیزمی کولتووری، تیۆریی‌بێزی، بەرپەرچدانەوەی ئاستە ڕاڤەیییە ماتریالیستییەکان و لە کۆتاییدا لەبەر میتۆدۆلۆژیی تاکگەراییانە لەلایەن توێژەر و بیرمەندانی سەر بە شەپۆلە جیاجیاکانی ئاقاری ڕەگەز و جێندەرەوە ڕەخنەی ئاراستە کراوە. کەسانێکی وەک مەک کال[14] و چانگ[15] وەک دوو کەس لە گرنگترین توێژەرانی ئەم تەوەرە باس لەوە دەکەن کە “سەرباری سەرهەڵدانی ئینتێرسێکشناڵیتی وەک مۆدێلی سەرەکیی توێژینەوە لە لێکدانەوەکانی ژناندا، باسێکی کەم سەبارەت بە لێکدانەوەی، واتا میتۆدەکەی، لە ئارادایە.”[16] کەواتە بە بڕوای مەک کاڵ، ئەوەی توێژینەوەی فێمینیستی لە مەڕ ئینتێرسێکشناڵیتی ئاستەنگ دەکاتەوە بە پلەی یەکەم دەگەڕیتەوە بۆ میتۆدەکان، نەک بۆ ناوەرۆک، یان تیۆری یاخود فەلسەفە.[17] لە لایەکی دیکەوە ڕەخنەی جێنیفێر ناش بۆ پێناسەی تەمومژاویی خودی ئینتێرسێکشناڵیتی و ئێعتیباری ئەزموونی دەگەڕیتەوە[18]. بە بڕوای یوواڵ داویس یەک لە کێشەکانی مۆدێلی پێشنیاردراوی ئینتێرسێکشناڵیتی ئەوەیە کە ئەم مۆدێلە بەزۆری لە ئاستێکی ڕاڤەیی، واتا ئاستی ئەزموونیدا دەمێنێتەوە و جیاوازییەک لەنێوان ئاستە جۆراوجۆروکاندا دانانێت؛ واتا ئاستەکانی ماددی و نواندنەوەیی لێک جیا ناکاتەوە و شێوازەکانی ڕێکخراوەیی، دامەزراوەیی، نێوان‌زەینی و بنەماڵەیی زۆربەی جار ڕەچاو ناکرێت.[19] ڕەخنەگران لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەم تیۆرییە زیاتر لەوەی پێویستە گرنگی بە سۆبێکتیڤیتیی دەدات و دەوری بونیادەکان لە بەرچاو ناگرێت.

دەکرێ بڵێین ئەمانە کۆکراوەی سەرجەمی ئەو ڕەخنانە بوون کە ئاراستەی ئەم تیۆرییە کراون. بەڵام دەبێ ئەوەش بڵێین کە بابەتەکە بە نیسبەت ئێمەی کوردەوە زۆر جیاوازە. ژنی کورد هێشتا نەکەوتووەتە سەر ڕێگا سەرەکییەکە و هەر خۆشی وەک دیاردەیەکی نوێباو بە شک و گومانەوە لێی دەڕوانرێت و خودی تیۆرییەکە بە نیسبەت ژنی کوردەوە تیۆریزە نەبووە. مانای ئەوەی کە ئەزموونی ژنی کورد تا ئێستاش بە داڕشتنەوەیەکی پەسن و گونجاو نەهاتۆتە ڕۆژەڤەوە. ژنی کورد هێشتا جیاوازی و بێبەری‌بوونەکانی نەگواستووەتەوە بۆ پانتاییی باسێکی زانستی و وەک دەگوترێ مەحکەمەپەسەند. ژنی کوردیش هاوشێوەی ژنانی ئەمریکیی بە ڕەچەڵەک ئەفریقی کوژرانی باوک و برا و کورەکانیان بینیوە، منداڵی خۆیان بە هۆکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووییەوە لەدەست داوە، بۆ دیداری کچان و کوڕانیان ڕوویان لە زیندانەکان کردووە و گەلێک خەساری گەورە و بچووکی تاکەکەسی و کۆییان بەسەردا هاتووە. ئەم ڕەنجانە کە هەموو دەکەونە سەر سنوورەکانی هەڵاواردنی نیژادییەوە کەسانێک ئەزموونی دەکەن کە خۆیان لە کەوشەنی هەڵاواردنە ڕەگەزی و جێندەرییەکاندا هەموو ستەمە پێناسەکراوەکانیان بە زیادیشەوە بە سەردا هاتووە. ژنی کورد هاوئاسۆ لەگەڵ ژنبوونی، شایەتی ڕەنجی ئازیزەکانیشی بووە، لە هەموو ژنێکی دی زیاتر بە پەرۆشی بارودۆخی پیاو و گەنجەکانی هاونەتەوەی خۆیەوە بووە. بێ‌جێگە نییە گەر بڵێین هەستیاریی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەهۆی هەمان هۆکاری سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە، کە بە تانوپۆی ژیانیدا چنراون، لە ژنانی دیکە زیاترە. دەرکی ژنی کورد لە شوناسی ئەو توندوتیژییەی بە سەر خەڵکەکەیدا دێن و ستەمێک کە هەمیشە بەردەوامە وای لە ژنی کورد کردەوە کە لە چاو دیتران ستەمێکی دوولایەنەیان بەر بکەوێت و کاریگەری لەسەر کۆمەڵگایان دابنێت.

ئەو جیاوازی و بێبەری‌بوونە تاک و تایبەتییانەی زۆر قووڵ کاریگەرییان کە سەر ژیانی “ژنی کورد” داناوە گەر بە شێوەیەکی ڕاست و دروست کاریان لە سەر بکرێت بێگومان دەتوانن دەنگ و داخوازییەکانیان بەگەیەننە شوێنی مەبەست و پێناسەیەکی نوێ بۆ پرسی “دادپەروەریی کۆمەڵایەتی” و “ستەمە چەندلایەنەکان” پێشکەش بکەن. باش دەزانین کە ناکرێ شوناسی ئەم ژنانە تەنها بەپێی ڕەگەزیان دیاری و پێناسە بکرێت. ژنی کورد دەبێ خۆی باسی ژن‌بوون و ستەمە گرێدراوەکانی بکات و پێشنیاری خۆی بۆ ڕێگاکانی گۆڕینی پێوەندییەکانی وەستاو لە سەر زاڵێتی هەبێت. دەبێ بە شێوە و شێوازی جۆراوجۆر دەنگی خۆی بگەیەنێتە گوێی هەمووان و لێرەوە بۆ ڕێخستنی بزووتنەوەیەکی گەورەی فێمینیستی بەکاری بێنێت. کۆمەڵێک کار و شێوازی چالاکی هەن کە لەم بوارەدا ژنی کورد دەتوانێ ئەنجامیان بدات و سوودیان لێ وەربگرێت. یەکەم هەنگاو دەبێ ژنی کورد هەوڵ بدات بوون و هەستییەکی سەربەخۆ لەوانەی پێشتر وەک پێناسە و پێداهەڵگوتنەکان لێی ئاڵابوون، بە پیاو و خێزان و نیشتمانیشەوە، بۆ خۆی دەستەبەر بکات.  پێویستە پڕۆژەیەکی گشتی بۆ ئازادیی ژنی کورد، بێتە ناساندن و تێیدا زۆر گرنگە کە نیژاد و چین لە ناوەندا جێگیر بکرێت و میحوەرییەتی هەیبێت.

دەبێ بەرەنگاری هەموو ئەو بەربەستانە ببێتەوە کە کەوتوونەتە سەر ڕێگای. هەنگاوە کردەوەیییەکان لەم بارەوە بریتین لەوەی کە ژنی کورد دەبێ بە کەڵک‌وەرگرتن لە کەرستە مۆدێڕن و هەنووکەیییەکان باس لە ئەزموونەکانی خۆی وەک “ژنی کورد” بکات. بانگ هەڵدان و نووسین بکاتە یەک لە شێوازەکانی قسەکردن لەسەر “زنجیرەی هەڵاواردنەکان” و بە وەرگێڕانی دەقە فێمینیستییەکان ڕۆشنبیرییەکی کۆیی لەنێو ژناندا بەرهەم بێنێت. پێکهێنانی بەرەیەکی هاوبەش لە هەموو ژنانی کورد بە هەموو بیر و باوەڕێکەوە، بەڵام بەو خاڵە هاوبەشەوە کە سەرپاکیان ژنی کوردن وێڕای ئەو ستەمە فرەڕەهەندانەی بە درێژاییی مێژوو ئەزموونیان کردووە، بێگومان دەبێتە هۆی یەکانگیرییەکی بەسوود و کاریگەریی زۆری لە ناوەندە جیهانییەکاندا دەبێت. لە ڕاستیدا گەر بڕوامان بە تیۆرییەکی وەک ئینتێرسێکشناڵیتی هەبێت بەڵام تەوەری “ژنی کورد” وەک دیاردەیەک کە ئەو کەپاسیتییەی هەیە جێگەی خۆی لەنێو دیالکتیک و گوتارە جیهانییە پێوەندیدارەکاندا بکاتەوە، نەبینین، یان تەنها بیر لە پاراستنی جیاوەکە چینایەتی، سیاسی و کولتوورییەکان دەکەینەوە و یان تووشی جۆرێک لە ڕیاکاریی ڕۆشنبیریی ناسیۆنالیستی هاتووین. بە گشتی پێویستە بگوترێ ژنی کورد دەبێ بە دوای جۆرێک لە یەکگرتوویی لەنێو بزووتنەوەیەکی پەڕگیردا بکەوێت تاوەکوو بتوانێ پێگە و دۆخی خۆی بە ڕەسمی بە هەمووان بناسێنێت.

بەربەستەکانی سەر ڕێگای ئینتێرسێکشناڵیتی بۆ ژنی کورد

ڕاستە کە بندەستیی ژنان و ئەو هەڵاواردن و ستەمەی بەسەریاندا دێت، ڕەگی لە بونیادی پیاوسالاریدایە بەڵام ئەم بونیادە پڕ لە هەڵاواردنە، لە پێوەندی لەگەڵ بونیاد و قڵەشە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەدا کار دەکات؛ بۆ نموونە سیستەمی چینایەتی و نەتەوە و ئایین؛ و هەروەها ئیستیبدادی سیاسی کە دەتوانێ بە فاکتەرێکی کاریگەر لەم بارەوە بێتە ئەژمار. هەریەک لەم بونیادانە بە تەنها یان لە پاڵ یەکدیدا، هەڵبەت بە ئۆلگووی “جیاواز”ەوە، لەسەر بندەستیی ژنان لە کۆمەڵگادا کاریگەری دادەنێن. هەر ئەو جیاوازییانەی بابەتەکەی لێ ئاڵۆز کردووین بریتی لەوەی کە کام داخوازی لە پێشدایە  یان پێشەمیی بە کامیان بدرێت؟ کام داخوازییان و چۆن دەبێ بچێتە ئەجیندای کاریی بزووتنەوەکەوە؟ ئەمانە کۆمەڵێک پرسیارن کە بەردەوام کاتی گەیشتن بە باسێکی پێوەندیدار بە دۆخی ژنانەوە دێنە ئاراوە و قەتیش وەڵامێکی جێ‌متمانەیان پێ نەدراوەتەوە. بەڵام هەروەک لەم وتارەدا چەندین جار ئاماژەی پێدراوە توێژینەوە لەم بوارەدا پێویستی بە دەرکی شوناسی ستەمە چەند ڕەهەندییەکانە، دەرکی شوناسیش کارکردنێکی هەمەلایەنە و پەڕگیر داوا دەکات کە لە لایەکەوە پێداویستییەکانی بەشی تیۆریکی بابەتەکە دابین بکات و لە لایەکی دیکەشەوە بە پەروەردەیەکی وەهاوە کاری کردبێت کە لە پراکسیس و کردەوەشدا هەست بە کەموکوڕییەکی ئەوتۆ نەکرێت. بەداخەوە کورد لەم بوارەدا نەک هەر کەم‌کار بگرە خەمساردیش بووە. ژنی کورد لە نەبوون و فێقدانی گەلێک پاڕامێتری زەروور بۆ ڕەخساندنی مەیدانێکی گونجاو بۆ کارابوون و خۆ پێناسەکردن، دەتوانین بڵێین هیشتا تەنانەت نەکەوتووەتە سەر ڕێگای سەرەکیی کارکردن لەسەر ئەم تیۆرییە. ژنی کورد هێشتا نەیتوانیوە خاوەنی دیسکۆرسی تایبەت بە خۆی بێت، بەردەوام کەوتووەتە پەڕاوێزی حیزب و ڕێکخراوەکانەوە و هەر ئەمەش وای کردووە کە نەکرێ هاوپەیمانییەکی گشتگر لە هەموو ئەوانەی وەک “ژنی کورد” پێناسەیان بۆ کرا، پێک بێنێت یاخود کۆڕ و کۆنفڕانسێکی گشتی و هەمەلایەنە کە بکرێ بۆ دەستکەوت و مانیفێستی بگەڕێینەوە، ببەستێت. دیالکتیکێکی بزۆز لەنێوان “ژنی کورد”دا بەدی ناکرێت. فێمینیزم یەکەم ڕێبازێکی فیکرییە کە هەموو کورد، بۆ دژایەتی‌کردنی، یان لانی کەم بۆ هەوڵنەدان بۆ تێگەیشتن و پەرەگرتنی، لەسەری کۆک و هاوڕان. ئەنجامی ئەم ڕوانگانەش بێ‌گومان گرنگی‌نەدان بەو مێکانیزمانەیە بۆ گەشە و پەرەی هەر تەوەرێک پێویست و زەروورە. چوارچێوەیەکی تیۆریک لەم بوارەدا بۆ کورد دابین نەکراوە. ئەمەش بە نەبوونی بەرچاوی کاری فیکری و کولتووری لەم بارەوە دەسەلمێندرێت. کەم تا زۆر دەتوانین بڵێین زیاتر لە ٩٩٪ی دەقە فێمینیستییە کاریگەر و جیهانییەکان وەرنەگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی. هیچ گۆڤارێکی تایبەت بە ژنان کە پسپۆڕانە بپەرژێتەر سەر ئەو مژارە کارا نییە و یان گەر بوونێتیش لە چەند ژمارەیەک زیاتری نەخایاندووە. بەرەیەکی هاوبەش کە زۆربەی زۆری لایەن و ناوەندەکان بگرێتەوە پێک نەهاتووە و قەت بابەتی “ژنی کورد” نەچۆتە ڕۆژەڤەوە، لە ئاقارێکدا کە هیشتا گومان لە بوونی خۆی دەکرێت، بازنەی وشە تایبەتییەکانی هێشتا ئەوەندە بەرتەسکن، گومان لە بەکارهێنانیان لە شوێنی ڕاستی خۆیاندا دەکرێت وخاوەنی ناوی وەک دەگوترێ بیرمەند وئەکتیڤیستی ڕاستەقینە نین و ئەوانەی لەم بوارەدا کار دەکەن تەنها بە ناوی هەڵسووڕاو و چالاکەوە ناو دەبرێن، لە جوگڕافیایکدا کە زمانی ژنی لە زمانی شێعر تێنەپەڕیوە و ئەندێشەیەکی پشتبەستوو بە زانست و مەعریفەی بەسوود لە مەڕ ژنان تێیدا ڕەگی دانەکوتاوە، ئەستەمە چاوەڕێی سەرهەڵدانی دەستبەجێی کارکردن بە تۆرییەکی وەک ئینتێرسێکشناڵیتی بکەین.

هەموو ئەمانە و گەلێک تەوەری دیکە کە دەکرێ وەک بەربەستی سەر ڕێگای ئینتێرسێكشناڵیتی بۆ ژنی کورد ناویان ببەین، لە حاڵێکدایە کە لەوانەیە زۆربەمان گوێبیستی ئەم بابەتە بووبێتین کە ژنی کورد بەراورد بە ژنانی دیکە ئازادتر و لەبەر ئەوەی لە کۆمەڵگایەکی کراوەتردا دەژی، سەربەخۆترە و تەنانەت ڕەنگە بگوترێ ژنی کورد لە پەڕاوێزدا نییە و چەندین هۆکار و شایەتحاڵیش بۆ ئەم وتە پێشکەش بکرێت. بەڵام لە وەڵامدا دەبێ بڵێین ژنی کورد بەردەوام لە چەندین کڵێشەی بەڕواڵەت پارێزەری مافەکانی و لە بنەڕەتدا دوورخەرەوە لەو هەوڵ و پراکتیکەی پێویستە پێی بگات، لە قاڵب دراوە. ئاشکرا کردنی ئەو داڕێژگەیەی ژنی کوردی تێدا یەخسیر کراوە، دەبێتە یەکێکی دی لە مەبەستەکانی ئەو ڕێگایەی لەم وتارەدا بە جەختەوە باس کراوە. دۆخی ژنی کورد هەم بەراورد بەو نەتەوانەی لە ڕووی جوگرافیایییەوە لێی نزیکن و هەم بەراود بە ئەزموونی ژیانکردی لەگەڵ پیاوی کورد، خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندیی ناوازەیە کە ڕێگە بۆ شیکردنەوە و ڕاڤەی ئینتێرسێکشناڵیتی دەکاتەوە. لە لایەکەوە دەگوترێ ژنی کورد لە چاو ئەو ژنانەی ئاماژەیان پێدراوە لە ماف و ئازادیی زیاتر بەهرەمەندە و تەنانەت بە جۆرێک لە پێداهەڵگوتن و بە شان و باڵدا هاتنیش وەسف بکرێت؛ یەک جلی کوردیی پیاوانەی لە بەر بکات و  یەک بە ناوی “تەوار”ەوە بیناسێنێت و تەلار و تاوەری بە ناوەوە بکات. بەڵام ئەم وەسف‌کردن و ناساندنە لۆکاڵییەش گەر نەچێتە خانەی مەعریفە و تیۆرە فیمینیستییەکانەوە، هیچ دادێک بە ژنی کورد نادات.

ئەنجام

سیاسەتی شوناس و تیۆریی ئینتێرسێکشناڵیتی بەهۆی ئەو پاڕادۆکسە واقیعییانەوە هاتوونەتە ئاراوە کە ژنانی ڕەنگین‌پێست لە دەیەکانی ٦٠ و ٧٠ی سەدەی ڕابردوودا لە ویلایەتە یەککگرتووەکانی ئەمریکا ئەزموونیان کردووە. ئەم تیۆرییە بەرانبەر بە خەبات دژی زنجیرەپلەیییەکانی دەسەڵات و پاوانخوازیی فیمینیستی، خۆی بە بەرپرس دەزانێت و بۆ ئەم مەبەستەش، وەک ئالتەرناتیڤ و ڕێگەچارە، جەخت لە “فرەڕەهەندی”ی ئەزموونی ژیانکردی تاکەکانی پەڕاوێزی کۆمەڵگا و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی دەنگ و ئەزموونەکانیان دەکاتەوە. نابێ ئەوەشمان لە بیر بچێت کە هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە تا ئێستا، ئینتێرسێکشناڵێتی هۆگری خاڵێکی یەکتربڕێ تایبەت بووە: بەریەککەوتنی ئەتنیسیتی و ڕەگەز. هەروەها ئینتێرسێکشناڵیتی ڕێگایەکی تایبەت بۆ تێگەیشتن لە پێگەی کۆمەڵایەتییە لە سیستەمەکانی ستەمی یەکتربڕ و فرەلایەندا. ئینتێرسێکشناڵیتی بەتایبەت ڕاڤەیەکە بانگەشەی ئەوە دەکات کە سیستەمەکانی هەڵاواردنی نیژادی، چینە کۆمەڵایەتییەکان، ڕەگەزی، سێکسواڵیتی، کەمیینەیی، نەتەوایەتی و تەمەن لە تایبەتمەندییەکانی بونیادی دوولایەنەی ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکانە کە ئەزموونەکانی ژنی کورد بەئاسانی تێدا جێگیر دەبێت و لە ڕاستیدا ژنی کورد ەتوانێ دەنگ و شێوازێکی تازەی پێببەخشێت. ئێستا کە ئینتێرسێکشناڵیتی خۆی گۆڕاوە بۆ پڕۆژەیەکی فیکریی جیددی و بووە بە ئامرازێکی بەهێز بۆ دەرخستنی دەنگی پەڕاوێزنشینان، ئەو بەرپرسیارێتییە دەکەوێتە ئەستۆی توێژەرانی بواری ژنان بە گشتی و  بواری ئینتەرسێکشناڵیتی بە تایبەتی کە تیۆریزەکردنی دۆخی ژنی کورد بکەنە ئامانجی خۆیان و بە شێوەی بنچینەیی هەوڵ بۆ توێژینەوە و لێکدانەوەی ئەم تیۆرییە بدەن. ڕوونە کە ژنی کورد لە بەر ئەوەی وەک بەرەیەکی زۆر دیار لەو ژنانەی لێکئاڵاویی هەموو جۆرەکانی هەڵاواردن و ستەم ئەزموون دەکەن،هاتۆتە ناسین، بێ‌گومان گەر بە ڕێگایەکی کاریی دروست و بەجێدا ڕێ بکات، دەتوانێ داهاتوویەکی بەسوود و کاریگەر بە نیسبەت ئەم تیۆرییەوە بۆ خۆی دەستەبەر بکات.


[1] Collins, Patricia Hill. Black feminist thought: Knowledge, consciousness, and the politics of empowerment. routledge, 2002

[2] McCall, Leslie. «The complexity of intersectionality.» Signs: Journal of women in culture and society 30, no. 3 (2005): 1771-1800. 1771

[3] Crenshaw, Kimberle. Demarginalizing the intersection of race and sex: A Black feminist critique of antidiscrimination doctrine, feminist theory, and antiracist politics [1989]. Routledge, 2018

[4] Nash, J.C., 2008. Re-thinking intersectionality. Feminist review, 89(1), pp.1-15.

[5] مارکسیسم، فمینیسم، و «اینترسکشنالیتی»، شهرزاد مجاب و سارا کارپنتر، ترجمه جلوه جواهری، منتشرشده در سایت بیدارزنی

[6] نشانگان خستگی فمینیسم سفید، بِرِنا بهندر و دنیس فِرِایرا داسیلوا، ترجمه فیروزه مهاجر. ۱۳۹۲

[7] مانیفستی علیه آن زن، مونا کریم، ترجمه هما مداح، منتشرشده در میدان، ۱۳۹۴

[8] Collins, Patricia Hill. «Black feminist thought in the matrix of domination.» Black feminist thought: Knowledge, consciousness, and the politics of empowerment 138, no. 1990 (1990): 221-238.

[9] Smith, Barbara. «The Truth That Never Hurts Writings on Race, Gender, and Freedom.» (1998). 112

[10] Crenshaw, Kimberlé (2001) ‘Mapping the Margins: Intersectionality, Identity Politics and Violence against Women of Color’, paper presented at the World Conference Against Racism.

[11] Hooks, B., 2000. Feminist theory: From margin to center. Pluto Press. P. 16.

[12] Hancock, A.-M. (2007). «When Multiplication Doesn’t Equal Quick Addition: Examining Intersectionality as a Research Paradigm». Perspectives on Politics, 5(1), 63-79. 63

[13] https://www.youtube.com/watch?v=AGAXenvbIjEهەروەها بڕوانن:

Bhattacharya, Tithi. «Social reproduction theory: Remapping class, recentering oppression.

[14] McCall, L. (2005) ‹The complexity of intersectionality› Signs, Vol. 30, No. 3

[15] Chang, R.S. and Culp, J.M. (2002) ‹After intersectionality› University of Missouri-Kansas City Law Review, Vol. 71.  P. 485

[16] McCall, Leslie. «The complexity of intersectionality.» Signs: Journal of women in culture and society 30, no. 3 (2005): 1771-1800. P. 1795.

[17] McCall, Leslie. «The complexity of intersectionality.» Signs: Journal of women in culture and society 30, no. 3 (2005): 1771-1800. P. 1795.

[18] Nash, Jennifer C. «Re-thinking intersectionality.» Feminist review 89, no. 1 (2008): 1-15.

[19] Yuval-Davis, Nira. «Intersectionality and feminist politics.» European journal of women’s studies 13, no. 3 (2006): 193-209.197