بۆچی حکوومەت و کۆمەڵگای باشوور بوونەتە هاوکاری کۆماری ئیسلامی؟

سەرهەڵدان و کڵپەسەندنی ئەم شۆڕشە گەورەیەی هەنووکە لە ڕۆژهەڵات و سەرجەم ئێراندا، ڕژێمی ئیسلامیی ئێرانی تووشی گەورەترین قەیرانی مێژووی ٤٣ ساڵەی خۆی کردووە. حکوومەتی ئێران گەلێ ڕێگای تاقی کردووەتەوە بۆ ئەوەی بەسەر ئەم شۆڕشەدا زاڵ بێت، بەڵام لەم کارەدا شکستی خواردووە و ئێستە زیاتر لە مانگ و نیوێکە خەڵکی ئێران لەسەر جادەن و بە شەو و ڕۆژ بە گژ هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتدا دەچنەوە. ئەم سەرهەڵدانە بەرهەمی زیاتر لە سی ساڵ گۆڕانکاریی قووڵی کولتوورییە کە کۆی جومگەکانی کۆمەڵگای ئێرانی گرتووەتەوە و بووەتە هۆی جودابوونەوەی تەواوی خەڵکەکە لە بەها سەپێنراوەکانی دەسەڵاتێکی دواکەوتووی ئایینی.

یەک لەو ڕێگایانەی ڕژێمی ئێران بۆ سەرکوتکردنی شۆڕشەکە گرتوویەتە بەر، بریتییە لەوەی ئۆباڵی هەموو کێشەکە بخاتە ئەستۆی کورد و لەژێر ناوی «پاراستنی یەکپارچەییی خاکی ئێراندا» پاڵ بە هەموو ئێرانییەکانەوە بنێت دژ بە کوردستان بوەستنەوە و بەم جۆرە لە ڕێگای سەرکوتکردنی کوردستانەوە گەرەنتیی مانەوەی خۆی بکات. ئەڵبەت ئەم پلانە زۆر خێرا فەشەلی هێنا و خەڵکی ئێران بە پێچەوانەی ٤٣ ساڵ لەمەوپێش، زۆر هۆشیارانە و بگرە تەنانەت بە چاوی ستایشەوە مامەڵەیان لەگەڵ کوردستاندا کردووە. ئاشکرایە شۆڕشەکە چ وەک دەسپێکردنی کرداری و چ وەک گوتارە ستراتیژیکەکەی کە «ژن، ژیان، ئازادی»یە، لە کوردستانەوە سەرچاوەی گرتووە و ئێستەیشی لەگەڵ بێت، دینامیزم و وزەی خۆی هەر لە کوردستانەوە وەردەگرێت. هۆکاری تووڕەبوونی لەڕادەبەدەری کۆماری ئیسلامییش لە کوردستان، هەر بۆ ئەم حەقیقەتە ئاشکرایە دەگەڕێتەوە.

کۆماری ئیسلامی سەرەتا بە هێرشکردنەکانی بۆ سەر کامپ و باره‌گای حیزبەکانی ڕۆژهەڵات ویستی پلانە سەرکوتکارانەکەی یەکلایی بکاتەوە کە سەرەڕای شەهیدبوونی چەندین پێشمەرگە و خەڵکی مەدەنیی ڕۆژهەڵات، ئەم پلانە سەری نەگرت. بەڵام ئێستە دەیهەوێ لە ڕێگای حکوومەتی هەرێم و هەردوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەی باشوورەوە بەشی دووەمی پلانەکەی جێبەجێ بکات کە وا دیارە حکوومەتی هەرێم ملی بەم خواستە داوە و خەریکە بە چەند قۆناغێک جێبەجێی دەکات.

لە قۆناغی یەکەمدا کێشەی جیدییان بۆ ئیقامەی پەنابەرانی ڕۆژهەڵات دروست کردووە؛ یان بۆیان تازە ناکەنەوە یاخود هەر لێیان وەردەگرنەوە. هاوکات ئاسایش مۆڵەت بە کوردانی پەنابەری ڕۆژهەڵات نادات لە ناو گەڕەکەکاندا خانوو بە کرێ بگرن و ناچاریان دەکات لە ناو پرۆژەکاندا شوقە بە کرێ بگرن، کە هەم گرانترە و هەم لەژێر چاودێریی بەردەوامی کامێرادایە. دەوترێت ئەمە هەنگاوێکە بۆ ئەوەی پەنابەرانی ڕۆژهەڵات بە تەواوی لە شارەکان دەربکرێن و لە کۆمەڵێک کامپی دەورگیراوی چاودێریکراوی دەرەوەی شارەکاندا نیشتەجێ بکرێن.

لە ئاست حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتیشدا دەیانەوێ چەکیان بکەن و بنکە و بارەگاکانیان پێ کۆ بکەنەوە و ناچاریان بکەن بڕۆنە ئەو کامپانەوە، یاخود بەرەو ئەورووپا و ئامریکا کۆچ بکەن. بەم چەشنە، شۆڕشی ڕۆژهەڵات کۆتایی پێ بێنن و دڵی کۆماری ئیسلامی ڕابگرن!

مخابن، ئاماژەکان دەڵێن ئەم پلانە دزێو و پاساوهەڵنەگرە نەك تەنها قبووڵ کراوە، بەڵکوو بە شێنەیی چووەتە بواری جێبەجێکردنیشەوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە کۆماری ئیسلامی قەت توانایەکی وا گەورەی نییە کە حکوومەتی هەرێم ناچار بە شپرزەکردنی کوردانی ڕۆژهەڵات بکات، بەڵام وا دیارە مەیلێکیش لە ناو خودی باشووردا هەیە کە هیچ «نا»یەک بە ئێرانییەکان نەڵێن و هەر ئەمرێکیان پێ کرا، یەکسەر جێبەجێی بکەن. ئەشیانەوێ لە ناو میدیاکاندا بڵێن ئەمە ناچارییە و پاراستنی یاسا جیهانییەکانە و دەسەڵاتی دژایەتیکردنی خواستەکانی دراوسێی گرنگی خۆمانمان نییە! ئەم پاساوە هێندە لاواز و بێبنەمایە کە لای هیچ مرۆڤێکی ئاقڵ تەنانەت سووکەباوەڕێکیش دروست ناکات کە ڕەنگە حکوومەتی هەرێم ڕاست بکات و لە دەسەڵاتیدا نەبێت بێگوێیی کۆماری ئیسلامی بکات.

گرتەیەک لە ڕاپەڕینی ئەم ڕۆژانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ٢٠٢٢

بەڵام ئاخۆ ئەم مەیلە ناوەکییە لە کام چاوگ ئاو ئەخواتەوە و پشتی بە کام بنەمای جەماوەری بەستووە؟

کوردی ڕۆژهەڵات دەمێکە خێری یەکێتی و پارتی بەخشیوەتەوە و وەک دوو لایەنی گەندەڵ چاویان لێ دەکات، بەڵام لە ئاست کۆمەڵگای باشووردا بەردەوام خەمخۆر بووە، خۆی بە خاوەنی شادی و تاڵییەکانی زانیوە و لە هەموو ڕووداوەکاندا بە ئاشکرا پاڵپشتیی باشووری کردووە. کەچی مخابن لەم ڕاپەڕینە گەورەیەی ڕۆژهەڵاتدا کە هەموو جیهان ستایشی دەکات، جیا لە یەک دوو هەوڵی خەمخۆرانە نەبێت کە ئاسایش بە قورسی ڕووبەڕووی بوویەوە و بە گازی فرمێسکڕێژ هێرشی کردە سەر بەشداربووان و دەنگی کپ کردن، ئیدی ورتەیەکیش چییە بۆ هاوسۆزیکردنی ڕۆژهەڵات لەو کۆمەڵگای باشوورەوە نابیسرێت. کەچی لە بەرانبەردا ڕۆژانە بە سەدان کۆمێنت و پۆستی ناشیرین لەسەر شۆڕشی ڕۆژهەڵات ئاڕاستەی مێشک و دەروونی خەڵکە ڕاپەڕیوەکەی «ئەودیوی سنوور» دەکرێت، تەنها لەبەر ئەوەی «لەچکی زۆرەملێی حکوومەتێکی ستەمکار دەسووتێنن!!» خەڵکی باشوور پێیان وایە مافی خۆیانە بە بیرکردنەوەیەکی تەسکی بارگاویکراو بە خوێندنەوەیەکی ڕووکەش و چەواشەی ئایینی کە بەرهەمی شکستی حکوومەتە گەندەڵەکەی یەکێتی و پارتییە، نەك تەنها چاو له‌ هەموو ستەمکارییەکانی ڕژێمی ئێران بپۆشن، بەڵکوو خەڵکی ڕاپەڕیوی ڕۆژهەڵاتیش لۆمە بکەن کە بۆچی دژی ئیسلام و «نامووس» هاتوونەتە سەر جادە؟! قەت بە خەیاڵی خەڵکی ڕۆژهەڵاتدا نەئەهات ئەو باشوورەی لە ڕۆژهەڵات زیاتر خۆشیان ویستووە، ڕۆژێک لە ڕۆژان هەم لە ئاستی حکوومەت و هەم لە ئاستی کۆمەڵگادا بچێتە بەرەی نەیارانەوە. ئەوەی باشوورییەکان لە سۆشیاڵ میدیادا بە خەڵکی ڕاپەڕیوی ڕۆژهەڵاتی دەکەن، دیوی ئەودیوی هەمان ئەو نادادی و ستەمەیە کە حکوومەتی هەرێم بە پەنابەرانی ئەو پارچەیەی دەکات. باشوور کە سەردەمانێک بنکەی ڕۆشنبیری و مەڵبەندی هیوای هەموو کوردستان بوو، ئێستە بە ئاستێک بەرەوپاش گەڕاوەتەوە کە خەڵکەکەی بۆ مەرگی «ژینا» ئەڵێن «دەستیان خۆش بێ کوشتیان، لەسەر حیجاب و باڵاپۆشی و ئیسلام کوژراوە…». لە باشترین هەڵوێستیشیاندا ئەڵێن «کورە وەک ئێمە لە خۆتانی تێک مەدەن، ئەوەتا حکوومەتی کوردییش گەندەڵە و پڕە لە زوڵم و زۆر». وەک ئەوەی قبووڵکردنی ستەمی ناکورد «ڕەوا» بێت و قبووڵکردنی ستەمی کورد «ناڕەوا»! ئیتر ناڵێن قبووڵکردنی هیچ جۆرە ستەمێک لە لایەن هیچ کەسێکەوە ڕەوا نییە.

خۆ هەر بەمەشەوە نەوەستاوە؛ بە داخەوە باشوور دەمێکە بووه‌ به‌ مۆڵگه‌ی ئیتلاعاتی ئێران و میتی تورکیا و ڕۆژانە تێکۆشەرانی ئەو دوو پارچەیە ئەکوژرێن و ئازار دەدرێن. هەروەها بووەتە بازاڕی ساغکردنه‌وه‌ی کاڵای بێکوالیتی و نزمی كولتووری و بازرگانیی ئەو وڵاتانە، بازرگانییەک نەك تەنها بچووکترین خاڵی ئەرێنی و بەهاداری بۆ باشوور زیاد نەکردووە، بەڵکوو تاکە دەرئەنجامی بریتی بووە لە شێواندنی کولتووری باشوور و لەخشتەبردنی ئەو بەشە لە بەها کۆمەڵایەتییە ڕەسەنەکان کە کۆمەڵگای لەسەر بونیاد نراوە.

کەناڵە تەلەڤیزیۆنییەکانی باشوور بەردەوام خەریکی بڵاوکردنەوەی فیلمی سەخیف و موبتەزەلی تورکین کە هەر هەموویان بە پلانێکی تەواو حکوومی و بە پشتیوانیی حیزبە ئیسلامییەکەی ئەردۆغان دروست دەکرێن، کەچی بەشێک هەر لەو خەڵکە ئیماندارەی باشوور کە لەبەر لەچک سووکایەتی نەماوە بە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی نەکەن، بوونەتە ستایشکەری ئەردۆغان و هەندێ جار لە مزگەوتەکاندا دوعای خێری بۆ دەکەن! هەر ئەم هه‌یمه‌نه‌ كولتوورییەی لە ڕێگای‌ موزیك و فیلمەکانەوە دروست كراوه‌، نەك تەنها کولتوورەکەی شێواندووە، بەڵکوو وای لە باشوور کردووە له‌ ئاستی به‌ندیخانه‌كان و كوشتاری كۆڵبه‌ره‌كان لە دوو پارچەی کوردستاندا كوێر و نابینا بێت‌.

بەرزبوونەوەی ڕێژه‌ی بەکارهێنەرانی مادە هۆشبەرەکان له‌ باشوور پێوەندییەکی قووڵی بە بازرگانیی ڕەشی ڕژێمی ئێرانەوە هەیە

یان بە بارێکی تر و لە ئاستی حکوومەتە ئیسلامییەکەی تری ناوچەکەدا، واتە ئێران، بۆ مەگەر نازانین یەکێکە لە گەورەترین بازرگانەکانی مادە هۆشبەرەکانە لە هەر هەموو جیهاندا؟ بەرزبوونەوەی ڕێژه‌ی بەکارهێنەرانی مادە هۆشبەرەکان له‌ باشوور پێوەندییەکی قووڵی بە بازرگانیی ڕەشی ڕژێمی ئێرانەوە هەیە؛ حکوومەتێک کە لەژێر گەمارۆیەکی قورسی ئابووریدایە و بۆ بەدەستهێنانی پارە دەست لە هیچ بازرگانییەکی قێزەون و نامرۆڤانە ناپارێزێت. ئەم چەند ساڵەی ڕابوردوو ڕێژەی هەناردەکردنی مادەی هۆشبەر بۆ ناو باشوور له‌ ڕێگه‌ی دزه‌پێكردنی سنووره‌ دەستکردەكانه‌وه‌، له‌ڕادەبەدەر‌ زیادی كردووه‌ و هه‌ر ئه‌م ماوه‌یه‌ی پێشوو له‌ ناوچه‌ی ڕانیه‌ ده‌ست به‌سه‌ر ٨٤ كیلۆ مادەی هۆشبەردا گیراوه‌.

کەچی خەڵکی ئیمانداری باشوور ئەم دیاردە نامرۆڤانە ئاشکرایانە نابینن، بەڵام بۆ سووتاندنی لەچکی زۆرەملێی ڕژێمی ئێران ڕەگی مل با دەدەن و جنێو بە ژنانی ڕۆژهەڵات دەدەن! ئەمە لە حاڵێکدایە کە چەندین ساڵە تەنانەت لە ناو خەڵکی فارسی ئێرانیشدا ئاگامان لە دەنگێکە ستایشی کۆمەڵگای ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان دەکات، لەبەر ئەوەی بەردەوام پێشڕەو بووە و قەت ملی بۆ ستەم نەوی نەکردووە، لەم ڕاپەڕینەدا ڕۆژانە لە هەموو میدیا ئێرانییەکانی دژ بە ڕژێمی تاراندا (جیا لە میدیا جیهانییەکان) باس لەوە دەکرێ کە هەموو ئێرانییەکان پێویستە چاو لە کوردان بکەن و گوێ لە گوتار و کردار و دروشمەکانی ئەوان بگرن.

بە داخەوە، باشوور لەم دۆخە سەخت و پڕکارەساتەدا نەك تەنها هیچ یارمەتییەکی ڕۆژهەڵاتی نەداوە و نادات، بەڵکوو بووەتە مایەی شێواندنی مێشک و تووڕەکردنی جەماوەری ستەملێکراوی ئەو دیوەی کوردستانیش و ڕۆژانە تۆوی نائومێدی و تووڕەیی بە ناو ئەو خەڵکەدا بڵاو دەکاتەوە. جا کۆماری ئیسلامی لەمە زیاتر چیی لە باشوور ئەوێت: حکوومەتەکەی پەنابەرانی ڕۆژهەڵات لە کامپەکاندا زیندانی بکات و کۆمەڵگاکەیشی سووکایەتی و جنێو بە خەڵکە ڕاپەڕیوەکەی ئەودیوی سنوورە دەستکردەکان بدات.

ئەگەر خەڵکی باشوور بیرکردنەوەیەکی دروست و واقیعی لە ئاست ئەم دەوڵەتانەدا ژیابان، بێگومان دەبوو زیاتر لە کوردی ڕۆژهەڵات و باکوور حەز بە ڕووخانی ئەم دەوڵەتە ستەمکارانە بکەن.

ئەم هاونیشتمانییانە کە بەردەوام باس لە گەندەڵیی یەکێتی و پارتی دەکەن، بۆ مەگەر نازانن دەسەڵاتدارانی باشوور لە دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە فێری دزیکردن و بەتاڵانبردنی سامانی گشتی و لە تورکیاوە فێری کردنەوەی شوێنی لەشفرۆشی و بەکاڵاییکردنی هەموو سێکتەرە کولتوورییەکانی کۆمەڵگا بوون؟! بۆ نازانن سەرچەشن و مۆدێلی حوکمکردنی سەری ڕەش و دەباشان دەقاودەق لەم دوو دەوڵەتە گەندەڵەی ناوچەکەوە وەرگیراوە؟ بێگومان بوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆماری تورکیا لەملاولای باشووردا یەکێک بووە لە گەورەترین هۆکارەکانی بەتاڵبوونەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو خاڵێکی ئەرێنی و سەردەمییانە. یان مەگەر باشوورییەکان، بە کۆمەڵگا و حکوومەتیشەوە، نازانن ئەو دوو دەوڵەتە بە گرتنەوەی ئاوەکان چۆنچۆنی خەریکن باشوور دەکەنە بیابان و تا چەند ساڵی تر کەمئاوی و بگرە بێئاوی خودی ژیان لە کوردستاندا دەخاتە بەر مەترسیی زۆر جیدییەوە؟ ئەگەر خەڵکی باشوور بیرکردنەوەیەکی دروست و واقیعی لە ئاست ئەم دەوڵەتانەدا ژیابان، بێگومان دەبوو زیاتر لە کوردی ڕۆژهەڵات و باکوور حەز بە ڕووخانی ئەم دەوڵەتە ستەمکارانە بکەن. کەچی مخابن نەك تەنها وا نییە، بەڵکوو تاکە دیارییان بۆ خەڵکی ئەو دوو پارچەیە، بێهیواکردن و دژایەتیکردنی شۆڕشەکانیانه‌.

blank
هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێڕان

خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵات خۆیان له‌سه‌ر پێن و خۆیان گیان ده‌به‌خشن، وه‌ك چۆن چاوه‌ڕێی یارمه‌تییه‌كی ئه‌وتۆ نین له‌ باشوور، چاوه‌ڕێی دژایه‌تیكردنیش نین. خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵات برینی سه‌رده‌می قیاده‌ موه‌قه‌ته‌یان له‌ بیر نه‌چووه‌، بۆ ئەبێ دیسان کردارێکی هاوشێوە ئەزموون بکەنەوە؟! ڕۆژێک بەم نزیکانە تەمەنی کۆماری ئیسلامی دێتە کۆتایی و خەڵکی ڕۆژهەڵات و ئێران ڕزگار ئەبن. هیوایەک بە مافیاکانی دەسەڵاتی باشوور نییە تاکوو داوای گۆڕانکارییان لێ بکەین، لانیکەم تا ئەوکات با خەڵکی باشوور تۆزێک دەست بە کۆمێنت و قسەڵۆکە ناشیرینەکانیانەوە بگرن و لەوە زیاتر ئازاری ئەو خەڵکە ڕاپەڕیوە ستەملێکراوە نەدەن. بێگومان ئەمە داواکارییەکی گەورە نییە: تەنها بێدەنگ بن و هیچ مەڵێن، هەر ئەوەندە.