ڕۆژانی سێدارە و ژیان

بۆ ساڵیادی شەهید ئێحسان فەتاحیان

کاتێک شەهیدەکان دەچنە خەو، ڕادەبم و

دەیانپارێزم لە شیوەنگێڕان.

پێیان دەڵێم

ئێوە لەسەر نیشتمانێک لە هەور و درەخت،

لە سەراب و ئاو ڕادەبن.

پیرۆزباییان لێ دەکەم لە ڕووداوی مەحاڵ

لە بەهای زێدەیی قوربانگە.

کات دەدزم بۆ ئەوەی لە کاتم بدزن،

ئایا هەموومان شەهیدین؟

مەحموود دەروێش


دوانیوەڕۆی یەکشەممە ١٧ی گەڵاڕێزانی ١٣٨٨ی هەتاوی، هەواخۆری(حەوشە)ی بەندی زیندانییانی سیاسیی زیندانی سنە:

چەند ڕۆژێک دەبوو لەو چاوە گەورە و گەشانەدا هەستم بە پەشێوی و ناڕەحەتییەک دەکرد، بێئەوەی خۆی بزانێت پرسیبووم و هەندێ شتم دەست کەوتبوو، ڕۆژانی پێشتری هەوڵی ناڕاستەوخۆم دابوو بۆ ڕەواندنەوەی تەمی خەم لەسەر چاو و لە نێو دڵی، نەکرابوو. ئەو دوانیوەڕۆیە وەک هەمیشە بانگم کرد:

«هاوڕێ ئێحسان، بڕۆین بۆ پیاسەیەک و جگەرەیەک؟»

بەرەو «هەواخۆری»یەکە چووین. پێشەکیم داڕشت و وردەوردە دواندم، هاتبووم خەمی بسڕمەوە نەک زیاتری بکەم، دەبوو بە ئەسپایی دەروونی بدوێنم. دەرگای پەژارەکانی کردەوە و ئێشەکانی درکاند. زیاتر لە دوو کاتژمێر پیاسەیەکی پڕ لە هاوڕێیەتی، پڕ لە هیوا و لێوانلێو لە ئیمان؛ ئیمان بە سەرکەوتن و لەناوچوونی ستەم. لەو ساتەوەختە دیاریکراوەدا، لە هەمووی گرنگتر، بزە و پێکەنینی سەر لێوانی بوو؛ سەرئەنجام دڵی هاوڕێ شۆڕشگێڕەکەم تۆزێک کرایەوە و کردمانە گاڵتەوگەپیش. گەلێ شادمان بووم.

لەپڕ سیمای هەڵبزرکاوی هاوڕێیەکی هاوچارەنووسی ترمان دڵی داخورپاندم؛ «حەبیب لەتیفی» بە پڕتاو خۆی بە هەواخۆرییەکەدا کرد و بانگی کردم. داوای لێبوردنم لە ئێحسان کرد و ڕۆیشتم.

خۆشحاڵییەکەم زۆری نەخایاند، حەبیب وتی:

«ئێستە تەلەفۆنم بۆ دەرەوە کرد، ئەڵێن وا بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە حوکمی لەسێدارەدانی ئێحسان جێبەجێ بکرێت».

دەنگی ئەلەرزا، چاوی تەژیی پەژارە. هەمان حاڵی ئەو منیشی داگرت. سەیری کاتژمێرم کرد، نیوکاتژمێری تر تەلەفۆنەکان دادەخران. وتم با تەلەفۆنێک بکەم بزانم ڕاستە یان دەنگۆ. تەلەفۆنم بۆ «کاوە جەوانمەرد» کرد، دوای دوورخستنەوەی بۆ زیندانێکی تر توانیبووی مۆڵەتی پشووی کاتی (مورەخەسی) وەربگرێت و ئێستە لە سنە بوو. جوابی دامەوە، وتم دەنگۆیەک بڵاو بووەتەوە، پێویست نەبوو هیچی تر بڵێم، وتی لە نووسینگەی پارێزەرەکەیم، کەمێ تر تەلەفۆنم بۆ بکەرەوە با هەواڵی ڕاستت پێ بڵێم. کاوەیش بیستبووی و یەکسەر تا لای پارێزەرەکەی نەوەستابوو.

پێنج دەقەی مابوو بۆ داخستنی تەلەفۆن، بۆم کردەوە، ئەم جارە هەمان حاڵی خۆم و حەبیبم لە دەنگی ئەویشدا بیست؛ هەواڵەکە ڕاست بوو…

نائومێدانە بەرەو حەبیب گەڕامەوە، دۆش دامابووین کە دەبێ چی بکەین، دواجار بە ناچاری بڕیارمان دا پێی بڵێین، دەبوو خۆیشی ئاگادار بوایەت. وتم من پێی ئەڵێم، بەڵام تۆیش لامەوە دانیشە، ئەگەر شێوام و خراپ وتم تۆ کۆی بکەرەوە.

کاتی «ئاماری ئێواران» بوو، ژماردینیان و دەرگای هەواخۆرییان داخست. بانگم لێ کرد:

«هاوڕێ ئێحسان وەرە بۆ لای ئێمە، کارێکم پێتە».

لێدانی بەپڕتاوی دڵ ئاوێتەی دڵپڕییەکی پەنگخواردوو، هەوڵم دا پەشۆکان فڕێ بدەم و بەسەر خۆمدا زاڵ بم، زۆر ئەستەم بوو. لە نێوان تەختەکەی من و حەبیبدا دانیشتین، چەند هاوڕێیەکی تریش لە نزیکمان بوون:

«هاوڕێ ئێحسان، ڕاسییەکەی دەنگۆیەک بڵاو بووەتەوە کە دەیانەوێ چوارشەممە حوکمەکەت جێبەجێ بکەن، ئەڵبەت بێگومان ئەمە بەو مانایە نییە کە هیچ ڕێگایەک نەماوە و ناتوانین بەری پێ گرین، هەر ئێستە دەست پێ دەکەین و لە دەرەوەیش خەریکن و…»

دەموچاوی نەگۆڕدرا، بزە شیرینەکەی هاتەوە سەر لێوی:

«منیش ئەچمە ڕیزی شەهیدانی کۆمەڵەوە».

یەکەم ڕستەی بەبڕستی دوای بیستنی هەواڵی مەرگی نەگریس، کوژران بە دەستی دوژمن، بەڵام مردن لە پێناو بەها و باوەڕدا… دڵنیام تەنها یەکەم ڕستەمی بیست، هیوابەخشینەکان هێندەی نەهێنابوو بیشیانبیسێت.

دەربڕینە پتەوەکەی ورەی بە ئێمەیش بەخشییەوە، کەوتینە ڕاوێژ و ڕاگۆڕینەوە. بڕیاری مانگرتنی دا، ئێمەیش بە کۆ هەمان بڕیارمان وەرگرت. هەمان شەو مانگرتنی خۆی ڕاگەیاند، پێکەوە ڕاگەیاندنی مانگرتنەکەیمان نووسی و دامان بەو بەرپرسەی ناو زیندان کە ئەو شەوە نۆبەتی مانەوەی بوو، بێئاگا بوو لە هەواڵەکە، سیمای ئەویش بێبەش نەما لەو ئازارە. هەمووان خۆشیان دەویست، زیندانییان و بەشێکی زۆر لە زیندانبانەکانیش.

بۆ ئەوەی بتوانین دواهەواڵی هەوڵەکانی دەرەوە وەربگرین و هەواڵی مانگرتنی خۆیشمان بگەیەنینە دەرەوە، بڕیارمان دا سبەینێ مانگرتنە گشتییەکەی خۆمان ڕابگەیەنین، چونکوو دڵنیا بووین ڕاگەیاندنی مانگرتن مانای داخستنی هەموو پردەکانی پێوەندی لەگەڵ دەرەوەدا: تەلەفۆن و دیداری بنەماڵە و تەنانەت ڕەنگە هاتوچۆی نێوان بەندەکانی زیندانیش. کاتێکمان پێویست بوو بۆ جووڵاندنی خەڵک، بەڵکوو ڕێگا بە کوشتنی شۆڕشگێڕی خۆشەویستی خەڵکی کرماشان بگیرێت.

ئێستە ئیتر هەموو زیندانییانی سیاسی هەواڵەکەیان زانیبوو، کپی و بێدەنگییەکی ناخۆش باڵی بەسەر بەندەکەدا کێشابوو.

حەزی کرد دواپەیامی خۆی ئاڕاستەی خەڵکەکەی بکات، پێکەوە دانیشتین و نووسیمان؛ ڕەنجنامەی ئێحسان فەتاحیان. لە نامەکەیدا ئەزموونی خەباتی خۆی گێڕایەوە، لە شوناس و چیرۆکی ژیانی دوا و بوێرانە گاڵتەی بە مەرگ و بە دەسەڵات کرد. تا درەنگانی شەو قسەمان کرد، شەوێک هەڵگری دوو جەمسەری دژوازی وێناهەڵنەگر:  تاریک و تاڵ لە چاوەڕوانیی ماڵئاوایییەکی ستەمکارانەدا، لەو لاشەوە مەزن و مێژوویی لە تۆمارکردنی ئەو ساتەوەختە مێژوویییە دەگمەنانەی کە مەزنێتیی گەردوون لە جەستەی مرۆڤێکدا باڵا دەکا و بەرز دەفڕێت.


ئێحسان فەتاحیان (١٩٨٣-٢٠٠٩)

سەرلەبەیانیی دووشەممە ١٨ی گەڵاڕێزان:

وام دەزانی ئەو شەوە خەو وشەیەکی نامۆیە و لای هاوڕێ ئێحسان بزرە و نەناسراو، بەڵام خەوت، هێندە ئارام کەسێکی بێخەبەر دیبای وای دەزانی هەر هیچیش لە ئارادا نییە. لەگەڵ بەخەبەرهاتندا یەکسەر پێکەوە جووتی چووینە بەندێکی تر کە تەلەفۆنەکانی زووتر دەکرانەوە، ڕێمان لێ نەگیرا و هاوکاریمان کرا. سێ تەلەفۆنمان کرد: بۆ پارێزەرەکەی، بۆ بنەماڵەکەی، بۆ کاوەی جەوانمەرد. هەرسێ لا هەوڵیان بوو هیوامان پێ ببەخشن کە هێشتا دەرفەت ماوە و ئەکرێ بەری پێ بگیرێت، نەوەستابوون و هەریەکە لە شوێنێکەوە و بە میکانیزمێک خەریکی کار بوون. کە گەڕاینەوە بۆ ناو بەندی خۆمان، وتی: «کاوە لە دەرەوەیە، دڵنیام ئیمکانێک هەبێ کاوە ئەنجامی دەدات.» ئەو دڵنیایییەی بە بوونی کاوە هەیبوو بە هیچی تر نەیبوو؛ کاوەی باش دەناسی و دەیزانی چەند خەمخۆرە و پڕ لە تێکۆشان؛ هێمای نەوەستان.

ئەو ڕۆژە دیداری بنەماڵەم هەبوو، لە دیدارەکەدا پەژارەیەکی نەبڕاوە دایگرتبووین، چاوانی دایکم پڕ بوون لە فرمێسک.


بە ڕێگایەکی قاچاخدا ڕەنجنامەکەی ئێحسانم ناردە دەرەوە، گەیاندمە دەستی کاوە و ئەویش دابوویە دەستی هاوڕێیەکمان کە ئێستەیش لە سنەیە و ئێستەیش وەک هەموو تەمەنی بەردەوامە لە خەبات. ئەو بڵاوی کردبۆوە.

لەم مەودایەدا ئێحسان چەند جارێکی تر تەلەفۆنی بۆ بنەماڵەی کرد، لە هەوڵدا بوون بەڵکوو «توقف حکم»ی بۆ بگرن هەتا ئەو کاتەی لە دیوانی باڵای ئێراندا سەرلەنوێ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی دەکرێت. کاتی نانی نیوەڕۆ مانگرتنی گشتیمان ڕاگەیاند، بەشی هەرەزۆری زیندانییانی سیاسیی زیندانی سنە بەشدارییان لە مانگرتنەکەدا کرد. وەک پێشبینیی پێشووترمان، یەکسەر تەلەفۆن داخرا و پردی پێوەندی لەگەڵ دەرەوە بەتەواوی بڕا. کاتێک مەنجەڵە گەورەکەی خواردنمان ڕادەستی بەرپرسان کردەوە و مانگرتنەکەمان ئاشکرا کرد، ئێحسان سەیرێکی یەکگرتووییی زیندانییەکانی کرد و وتی: «ئێستە ئیتر ئێعدامیشم بکەن خەمم نییە».

بەرپرسێکی نابەرپرسیار و ناوخراپی زیندان هاتە ناو بەند، کابرایەکی درۆزن و پیلانگێڕ کە ئەودەم بەرپرسی بەشی پاراستنی زیندان بوو و بەردەوام لەسەر زیندانییانی سیاسی ڕاپۆرتی بە دامودەزگا ئەمنییەکان دەدا. هەوڵی دا بابەتەکە سووک بکات و فریومان بدات کە هیچ شتێک لە گۆڕێدا نییە، وەڵامی ڕەق و پێویستمان دایەوە و نەمانهێشت لەوە زیاتر لەوێ بمێنێتەوە. دیسانەوە لەگەڵ هاوڕێ ئێحسان درێژەمان دا بە پیاسەی هەواخۆری و جگەرە، هەموو هەوڵی من و هاوڕێیانی تریش ببوو بە هیوابەخشین کە حوکمەکە ڕادەگیرێت. چەندە ورەی بەرز بوو بە هەمان ئەندازە پڕ بوو لە داخ و حەسرەتیش. ئەوە دواساتەکانی پێکەوەبوونمان بوو. دیداری مرۆڤێکی یاخی لە کۆتاساتەکاندا دەرفەتێکە تاقانە و دەگمەن، قووڵ بە ناخدا ڕۆ دەچێت و دەمارەکان دێنێتە خرۆش. کاریگەرییەکەی بێکۆتایییە و یادەوەرییەکەی هەرمێن و ئەبەدی. وێناکردنی سیمای «بەرزەمرۆڤ» لە دواساتدا هاوتایە لەگەڵ نەخشاندنی گەورەترین تابلۆدا لە مرۆڤێتیی مرۆڤ: کڵپە و هەڵچوونی هەست و ئاوەزی هاوکات، لێکئاڵانی جەستە و ئەندێشە لە لووتکەدا، حەزی گەورەی ژیان و بێباکبوونی تەواو لە ئاست مەرگدا، خۆشویستنی خود لەبەر ئەویدی، لە واتایەکی کورتدا «خۆفیداکردن بۆ خێری گشتی».

لەو نێوانەدا چەند جارێک بانگیان لێ کرد، ئەچووە دەرەوەی بەندەکە و ئەهاتەوە، وا دیار بوو بەرپرسانی زیندان هەوڵ ئەدەن بەر بە ئاڵۆزبوونی فەزای زیندان بگرن. لە جارێک لەو جارانەدا ڕۆیشت و ئیتر نەهاتەوە، بە زۆر توندی ژووری تاکەکەسییان کردبوو کە ڕێک لە بەرانبەری بەندەکەی خۆماندا بوو. لەو ساتەوە ئیتر پێوەندیمان تەنها لە ڕێگای کارمەندانی زیندانەوە بوو؛ دواهەواڵەکانمان بۆ ئەنارد کە لە قاچاخەڕێکانەوە پێمان دەگەیشت، چەند جارێکیش پاکەتی جگەرەمان بۆ نارد.

سەرۆکی زیندان و بەرپرسانی تر هاتن و هەوڵیان دا مانگرتنەکەمان بشکێنن، وەڵامی پێویستمان دانەوە و داواکارییەکانمان خستە بەردەستیان کە بریتی بوو لە ڕاگرتنی دەستبەجێی حوکمی لەسێدارەدانی هاوڕێکەمان و مۆڵەتدان بە لێکۆڵینەوەی دووبارە لە دۆسیەکەی لە دیوانی باڵادا. وەک هەڕەشەیەک وتی ئەبێ هەمووتان بە تاک نامەی مانگرتن بنووسن و ئیمزای بکەن، چونکوو ئەینێرینە سەر دۆسیەکانتان. نامەکانمان نووسی، بۆ زۆربەی هاوڕێیان هەر خۆم نووسیم، ئیمزامان کردن و دامانە دەستیان.

ئێمەی دابڕاو لە هەردوولا، لە هاوڕێی ژێر سێدارە و لە دونیای ئەودیوی دیوار، دوو شەوی تاریک و قاقڕ ژیاین. لە لایەکەوە دەبوو بە ڕێگا شاراوەکاندا پێوەندیمان لەگەڵ دەرەوە و بەتایبەت بنەماڵەی نەپچڕێت، لەو لایشەوە دەبوو ورە و وزە ببەخشین بە «مرۆڤی یاخی»، هەوڵێک بە ڕێگای ناڕاستەوخۆدا، گەلێ ئەستەمتر و دژوارتر لە کاتی پێکەوەبوون…

لە پێشترەوە کەلوپەلەکانی هاوڕێ ئێحسانمان پشکنیبوو و دەفتەری نووسراوەکانیمان شاردبۆوە، نەکا بیبەن و دەستی بەسەردا بگرن.


شەوی سێشەممە، بەرەبەیانی چوارشەممە ٢٠ی گەڵاڕێزان:

بەشێکی زۆری زیندانییانی سیاسی تا بەرەبەیان بەخەر بوون، هەوڵمان ئەدا لە ڕێی کارمەندەکانەوە خەبەر بگرین ئایا ئامادەکارییە هەمیشەیییەکانی شەوانی لەسێدارەدان، ئەمشەویش لە ئارادایە یان نە. وەڵامێکی دروستمان وەرنەدەگرت، بەشێکی لەبەر قەدەغەبوونی گواستنەوەی ئەو هەواڵە بوو بۆ زیندانییان و بەشێکیشی لەبەر ئەوەی دڵیان نەدەهات حەقیقەتمان پێ بڵێن. زۆربەی فەرمانبەرانی کوردی زیندان نەتەنها دوژمن نەبوون بەڵکوو هاوخەم بوون.

بەرەبەیان، پێش خۆرهەڵات، لە پشتی دەرگای ئاسنین و ئەستووری بەندەوە خڕەی زنجیرەکانمان بیست؛ دەنگی پێبەند بوو، زنجیرەکان بەسەر عەرزدا دەخشان و زایەڵەی ئازاردەری زرینگانەوەیان تا لای ئێمە دەکشا. ئێحسان بەرەو پەتی سێدارە دەبرا و ئێمەیش لەم دیوی دەرگای داخراوەوە دەستەوەستان و بێهێز، ئۆقرەبڕاو وەک لەشکرێک لە چاوەڕوانیی شکستدا، کەس نەیدەوێرا سەیری چاوی ئەوی تر بکات، خۆمان لە یەکتر و لە خۆیشمان دەدزییەوە. بەڵام لە کونجی دڵماندا هێشتا سووکەهیوایەکمان مابوو کە لە دواساتدا لەبەر ترس لە کاردانەوەی جەماوەری حوکمەکە ڕابگرن. یان ڕەنگە هیوایش نەبوو، گۆڕینی حەز بوو بۆ واقیع، وەهم بوو…

بە کاتژمێر تەنها دوو کاتژمێرێک تێپەڕی، بەڵام لەو دونیا ژینکراوەی ئێمەدا چەندین سەدە تێپەڕی. نزیک حەوتی بەیانی چەند کارمەندێک دەرگایان کردەوە، دوور نەبووم لە دەرگاکە، چاوەڕێی ئەم ساتەوەختە بووم. هەرچی زیاتر زەمەن تێدەپەڕی زیاتر هیوامان بە گەڕانەوەی یار ڕووی لە کزی دەکرد، بەڵام نەماندەوێرا و نەماندەویست باوەڕ بە کۆچ بکەین. من و «وەکیل بەند»یان بانگ کرد. سیمایان پڕ بوو لە خەم. یەکیان هاتە گۆ و وتی: «بە داخەوە، سەرەخۆشیتان لێ ئەکەم»…

هەموو گیانم داڕووخا، شل بووم، خۆم پێ نەگیرا و دامە پڕمەی گریان. یەکیان پاکەتێکی نیوەپڕی جگەرە و دەفتەرچەیەکی تەلەفۆنی پێ دام، وتی ئەوانە لە گیرفانیدا بوو، دوایادگارەکانی مرۆڤی یاخی، مرۆڤێک چەند ساتێک پێشتر «چووبووە ڕیزی شەهیدانی کۆمەڵەوە».

بە چپە پێیان وتم «نەیهێشت ئەوان پەتەکەی بکێشن، خۆی هەڵدایە خوارەوە».

چەند هاوڕێیەک هاواریان هەڵێنا: «بڕووخێ کۆماری ئیسلامی»، «شەهید نامرێ»…


چەند کاتژمێر دواتر ڕێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدمان هەر لەناو بەندەکەی خۆماندا بەڕێوە برد، بە پێچەوانەی نموونەکانی تر نەمانبردە مزگەوتەکەی زیندان. هەموو زیندانییانی ئاساییش دەستە دەستە هاتن، بە دروشم و چەپڵەیەکی ئاوێتە بە گریان و تووڕەیی یادی «شەهید ئێحسان»مان کردەوە و بۆ تا هەتایە سپاردمانە قووڵترین قووڵاییی دڵمان و هێندەی تر مکوڕ بووینەوە لەسەر درێژەدان بە نەوەستان.

……………………………………………………….

blank
گڵکۆی ئێحسان فەتاحیان

ئێستە سێزدە ساڵ بەسەر ئەو سەردەمە تاڵ بەڵام پڕ لە بەهایەی ژیانمدا تێدەپەڕێت.

«کاوەی جەوانمەرد»، ئەو دواهیوایەی ئێحسان، چەند ساڵ دواتر لە بەرگی پێشمەرگە و لە داستانێکی حەماسی بەڵام تراژیکدا شەهید بوو؛

«سەیوان ڕەحیمی» کە دروشمی «شەهید نامرێ»ی لەو بەیانییەدا چڕی، لە بەرگی گەریلادا بە برینداری کەوتە دەستی دوژمن و تا ئێستەیش چارەنووسی نادیارە، گەرچی پێدەچێ ئەویش شەهید بووبێت؛

«حەبیب لەتیفی» ئێستەیش لە هەمان ئەو زیندانەدا بەندکراوێکی ئازادژینە و پازدە ساڵە ڕۆژانە چیرۆکی بەرخۆدان دەنووسێتەوە…

ئێستەیش هەمان ساڵ و هەمان ساتە، بەڵام لەو ڕۆژانە نزیکترین بە ئازادی و لەناوبردنی ستەم. بریا «ئێحسان و کاوە و سەیوان و ئارگەش و سمکۆ و فەرماندە دلێر» کە ڕۆژانێک لە زیندانی سنە پێکڕا خەونی ئازادیمان دەدی و تامەزرۆی ڕاپەڕین بووین، ئێستە ببان و «شۆڕشی ژینا» ژیابان و وزەی سەرهەڵدانیان دیبا. لێ ئاخۆ ئەگەر مەزنایەتیی ئەوان لە خۆفیداکردندا نەبا، ئێمە قەت ئەم ساتانەمان دیبا؟!