پڕۆفیسۆر جەمال نەبەز و پرسی کورد

جەمال نەبەز (١٩٣٣-٢٠١٨) وەکوو یەکێک لە کۆڵەکەکان و دامەزرێنەرانی کوردۆلۆژیای مۆدێرن، زیاتر لە ٦٠ ساڵی ژیانی ٨٥ ساڵەی خۆی بۆ لێکۆڵینەوە و نووسین لەسەر پرسی کورد و کوردستان تەرخان کردووە. جگە لە نووسینی چەندین کتێب بە زمانە جیاوازەکانی کوردی، عەرەبی، ئەڵمانی و ئینگلیزی سەبارەت بە پرسی کورد، ئەزموونی ژیانکراوی خۆی لە بەشێک لە گۆڕانکارییەکانی سەد ساڵی ڕابردوو بە لێکۆڵینەوە هەمەلایەنە و فرەڕەھەندەکانی خۆی زیاد کرد و جومگەبەندی و داڕشتەیەکی تایبەتی لە بەرهەمەکانیدا سەبارەت بە پرسی کورد پێشکەشی کرد. بە باوەڕی جەمال نەبەز، کورد نەتەوەیەکی خاوەن مێژوو و سەرزەوین و جوگرافیا و زمان و کولتوور و لەوەش گرینگتر هەست و هۆشیاریی هاوبەشی تایبەت بە خۆیەتی، هەر بۆیەش وەک نەتەوەکانی دیکە مافی چارەی خۆنووسینی ھەیە، و وەک ئەوانی دیکە، و نەک زیاتر و نەک کەمتر، مافی ئەوەی هەیە سەروەری سیاسیی سەربەخۆی بەسەر خاکەکەیدا هەبێت. هەر بۆیە، لە ڕوانگەی جەمال نەبەزەوە “دیموکراسی”، کە لەبەر زێدەڕۆییی بەکارهێنانەوە، لەوس بووە و تووشی قەیرانی مانا ھاتووە، کێشەی سەرەکیی کورد لە چوارچێوەی دەوڵەتانی دیکەی وەک فارس و تورک و عەرەبدا نییە و ڤیرژێنە ڕاستڕەو و چەپڕەوکانی دیموکراسی کە تێیدا کورد، دەبێتە ئامرازێک بۆ دیموکراتیزەکردنی ئەو حکوومەتە دەسەڵاتدارانەی سەردەست، پرسی کورد دەشێوێنێت و بەلاڕێدا دەیبات. نەبەز باوەڕی بە دیموکراسی و سۆسیالیزم و یەکسانیی جێندەری و پاراستنی بێمەرج و بێئەملاوئەولای مافی کەمینەکان و لابردن و سڕینەوەی هەر جۆرە سۆڵتەیەک هەیە و ھەمووی ئەمانە ھاوڕێژ و لە ھەناوی کوردستانێکی سەربەخۆ و عەلمانیدا دەبینێت. ئەو لە ڕوانگەی مێژوویییەوە و هەروەها لە ڕوانگەی فیکری فەلسەفییەوە موناقەشە و بەڵگاندن دەکات و دەڵێت بۆچی دەوڵەتە ناسیۆنالیستییەکانی سەردەستی کوردستان، چ لە ئاستی سەرەوەدا، واتە ئەکتەرە سیاسییەکان (بەتایبەت تورکیای عوسمانی بە مێتافۆری گۆرگەبۆر بە فاشیستیترین سیستەم ناوی دەبات)، و نە لە ئاستی ناوەڕاست، واتە ڕۆشنبیران و ئەکادیمیستەکانی فارس و تورک و عەرەب، و نە لە ئاستی خوارەوەی واتە جەماوەری خەڵکانی ئەو نەتەوانە، ملکەچی دیمۆکراسی نابن. بۆیە، هیچ لایەنێکی ئەخلاقی و فەلسەفی نییە بە چەمکی دیموکراسییەوە، میللەتی کورد لە سروشتیترین مافی خۆیان، واتە مافی دیاریکردنی چارەنووس بێبەش بکرێت.

کتێبێکی جەمال نەبەز لەلایەن حیسامەدین (هیوا) خاکپوورەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی

نەبەز ڕەخنە لەو چەمک و تێگانە دەگرێت کە تەنانەت لە ناو نوخبەی کوردیشدا بە سروشتی و ناوەکی کراوە و بەدیھی  فەرز دەکرێت، بۆ نموونە خۆیان بە ئیتنیک یان کەمینە ناو دەبەن و بە شێوەی ناھۆشیارانە ئیتنیک بوون و کەمینەبوونی خۆیان لە زمانی ئەوی دیکەی سەردەستەوە قبووڵ کردووە. لە کاتێکدا زەقکردنەوەی چەمکی ئیتنیک و کەمینە بە تەواوی یەکسانە و هاوتایە لەگەڵ ڕەتکردنەوەی مافی سەروەری سیاسی بۆ ئەوانی دیکە. لەم پێوەندییەدا نەبەز ڕەخنە لە خوێندەوارانی وردەبورژوازی کورد دەگرێت، کە بەشێک لەم پڕۆسەی ژێردەستەیییە و قبووڵکردنی پێشدەستانەی ئەوە، لە ڕێگەی عەقڵی دیلکراو و دەستەمۆی بە ناو نوخبە و خەڵکی خوێندەواری کوردەوە ئەنجام دراوە، کە بیرکردنەوەکانیان لە ژێر کاریگەریی پارادایمی فیکریی کۆلۆنیالیستەکانی خۆیان سەروسامانی گرتووە. نەبەز پێشتر و زیاتر لە هەموو بیرمەندێکی تر، چەمکەکانی کۆلۆنیالیزم و داگیرکاری (بڕواننە کتێبی کفاح الکورد، ١٩٥٤)ی بۆ دۆخی کوردستان بەکار هێناوە. بە بڕوای ئەو، ڕزگاربوون لەم کۆلۆنیالیزم و داگیرکارییە بە دیموکراسی و جۆرە جیاوازەکانی، لە دیموکراسی ئیسلامییەوە بۆ دیموکراسیی لیبڕاڵ تا دیموکراسیی ڕادیکاڵ، مسۆگەڕ نابێت. (ئەمڕۆکە دیموکراسیی ڕادیکاڵ وەکوو ئارمانجەشار و یوتوپیایەکی سیاسی بووتە خولیای مێشک و بنێشتەخۆشەی سەرزاری بەشێک لە ڕۆشنبیرانی کورد و یەکێک لە حیزبە کوردییەکان خۆی بە بەرپرسیار و ئاڵاھەڵگری جێبەجێکردنی ئەم بەهەشتە گومبووە دەزانێت. لە کاتێکدا دیموکراسیی ڕادیکاڵیش کە ھێشتا لە ھیچ کوێیی جیھان بە کردەیی نەبووە بە هیچ شێوەیەک لە قووڵاییی ئەم جۆرە کۆلۆنیالیزمی سەرزەوین و خاک و کولتوور و زمانییە تێناگات).

بە کورتی و بە کوردی، بەرهەمەکانی جەمال نەبەز، وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی کوردۆلۆژیای مۆدێرن (کە باوەڕم وایە هەموو ڕێگاکان بە جۆرێک لە جۆرەکان بە جەمال نەبەزدا تێدەپەڕن) گێڕانەوەی کەرامەتی گەلی کوردە وەک نەتەوە و بەخشینی متمانە بەخۆبوونێکی فیکری بە ڕۆشنبیرانی کوردە، بۆ ئەوەی بتوانن دابڕانێکی مەعریفی لە ئەوانی دیکە بدۆزنەوە و بە گۆڕینی پارادایم، جیهان لە ئۆنتۆلۆژیای کوردییەوە بخوێننەوە و کێشەکەیان لە دونیای ئەوپەڕ ئاڵۆزی ئەمڕۆدا بە هەنگاونان لەسەر سەر زەمینی سفت و تۆکمەی خۆئاگاییی نەتەوەییی کوردی، پڕۆبلماتیزە بکەن و لە بەرامبەر شەپۆلە بزۆک و بگۆڕەکانی جیهان، نەبنە کۆیلەی خۆویستی ئەم یان ئەو تیۆری و ئەم یان ئەو جیهانبینییە. پێداویستییە پارادیمییەکانی جیهانی مۆدێرن و فۆرمە سیاسییەکەی کە هێشتا سفت و قایم لە جێی خۆی وەستاوە، واتە دەوڵەت- نەتەوە، گەڕانەوەی جەمال نەبەز و گەڕانەوە بۆ جەمال نەبەزیان کردووە بە بابەتێکی حەیاتی و گرینگ لە کەشوهەوا و بەستێن و سەردەمی ئەم ڕۆژانەدا.

تێبینی: ( ئەم نووسراوە بە پێنج زمانی: کوردی و ئینگلیسی و ئاڵمانی و فارسی و عەرەبی بڵاو دەکرێتەوە)