شێتیی دینێریس فانتازیایەکی پیاوانەیە

بەو شێوەیە، دادپەروەری بەرقەرار بوو، بەڵام کام جۆری دادپەروەری؟

لە ئینگلیزییەوە: سەرکەوت جەلیل

کۆتا وەرزی زنجیرەی “گەمەی تەخت و تاج” تووڕەیییەکی جەماوەریی لێ کەوتەوە، کە گەیشتە ئاستی دەرکەوتنی عەریزەیەک (بە واژۆی یەک ملیۆن بینەری تووڕەوە) لەسەر وەلاوەنانی هەموو ئەو وەرزە و بەرهەمهێنانی وەرزێکی تری نوێ. خودی توندیی مشتومڕەکە نیشانەی ئەوەیە، کە گرەوە ئایدیۆلۆژییەکان هەر دەبێت بەرز بن.

تووڕەیییەکە لە دوو خاڵدا دەرکەوت: سیناریۆیەکی ناقۆڵا (لەژێر فشاری دواییهێنانی خێرا بە زنجیرەکە، ئاڵۆزیی گێرانەوەکەیان سادە کردبووەوە) و خەمڵاندنێکی دەروونیی خراپ (بەدگۆڕانی دینێریس بۆ “شاژنە شێتەکە” لەگەڵ گەشەی کاراکتەرەکەیدا نەدەهاتەوە). ئیتر ئاوا.

یەک لە دەنگە زرنگەکان کە لەو مشتومڕەدا پشکدار بوو، دەنگی نووسەر ستیفن کینگ بوو، کە بە باوەڕی ئەو تووڕەیییەکە لەسەر کۆتایییەکی خراپ نییە، بەڵکوو لە خودی حەقیقەتی هەبوونی کۆتایییە. لەم سەردەمەی تێیدا دەژین، کە چەندان زنجیرەی وا بەرهەم دەهێنرێن کە دەکرێت، وەک بنەما، ناکۆتا درێژ ببنەوە، بیرۆکەی دواییهێنان بە گێڕانەوە، ئاسان تێناپەڕێت.

ڕاستە کە دادانەوەی خێرای پەردەی زنجیرەکە، لۆجیکێکی نامۆی بەسەردا زاڵ بوو؛ لۆجیکێک کە ڕێسا ناسراوە دەروونییەکان پێشێل ناکات، بەڵکوو گریمانەکانی گێڕانەوەی زنجیرەیەکی تەلەڤیزیۆنی دەشێوێنێت. لە وەرزی کۆتاییدا، تەنیا بابەتی ئامادەکاری بۆ جەنگەکە، شیوەن و تێکدانەکەی دواتریشی، لەگەڵ خودی جەنگەکە، بە تەواوی بێماناییی خۆیەوە، بۆ من واقیعیتر بوو لە پلۆتە مێلۆدرامییە گۆتییە باوەکان.

وەرزی هەشتەم، سێ ململانێی یەک لە دوای یەک نیشان دەدات: یەکەم لەنێوان مرۆڤ و نامرۆڤەکان “ئەوانێل”دا (سوپای شەو لە باکوورەوە بە سەرکردایەتیی پاشای شەو)؛ دووەم لەنێوان دوو کۆمەڵە مرۆڤدا (بنەماڵەی لانستەری خراپەکار و هاوپەیمانێتیی بەرانبەریان بە سەرکردایەتیی دینێریس و بنەماڵەی ستارک)؛ سێیەمیشیان ململانێی ناوخۆییی نێوان دینێریس و بنەماڵەی ستارک.

ئەوەیە هۆکار کە شەڕەکانی وەرزی هەشتەم، ڕێڕەوێکی لۆجیکییان گرت، بە دەستپێکردن بە نەیارێتیی دەرەکی و کۆتاییهاتن بە دابەشبوونی ناوخۆیی: شکستی سوپای شەوی نامرۆیی، شکستی بنەماڵەی لانستەر، تێکوپێکدانی کینگز لاندینگ، دواتریش ململانێی کۆتاییی نێوان دینێریس و بنەماڵەی ستارک: کە دواجار نوێنەرەوەی خانەدانێتیی “دەست و دڵپاکی”ی تەقلیدییە (بنەماڵەی ستارک)، کە بەوپەری دڵسۆزییەوە ڕەعیەتی خۆی لە ستەمکاری بەدکار دەپارێزێت، لەگەڵ دینێریس وەک جۆرێکی نوێ لە سەرکردەی بەهێز؛ وەک جۆرێک لە بۆناپارتییەتی پێشکەوتنخوازانە، کە بە نوێنەرایەتیی بەشخوراوان دەبزوێت.

گرەوی سەر دوایین ململانێ، بەم شێوەیە بوو: ئایا یاخیبوون دژی ستەمکاری، تەنیا شەڕکردن بێت لە پێناو گەڕانەوەی نوسخەیەکی کۆنی باشتری هەمان نیزامی هیرارکی، یان دەبێت پەرە بستینێت بەرەو گەڕان بە دوای نیزامیکی نوێدا کە پێویستە؟

کۆتاییی [زنجیرەکە] ڕەتکردنەوەی گۆڕانی ڕیشەیی بە مۆتیڤێکی دژە-ژنێتی کە دەگەڕێتەوە بۆ ڤاگنەر، تێکەڵ دەکات. لای ڤاگنەر هیچ شتێک لەو ژنە قێزەونتر نییە کە دێتە ژیانی سیاسییەوە و ئارەزووی دەسەڵات پاڵی دەنێت. لە بەرانبەر چاوچنۆکیی نێرانەدا، ژن دەسەڵاتی بۆ ئەوە دەوێت، کە برەو بە بەرژەوەندییە بەرتەسکەکانی خێزانەکەی بدات، یان لەوەش خراپتر، بارە میزاجییە کەسییەکانی خۆی، بەبێ ئەوەی بۆ خۆی بتوانێت درکی ڕەهەندی هەمەکیی سیاسەتەکانی دەوڵەتداری بکات.

خودی ئەو ژنێتییەی کە لە بازنە داخراوەکەی ژیانی خێزانییدا، ڕەنگدەرەوەی هێزی خۆشەویستیی پارێزبەندییە، دەگۆڕێت بۆ سەرشێتییەکی لەدەستدەرچوو کاتێک لەسەر ئاستی کاروباری گشتی و کاروباری دەوڵەتدا، خۆی مانیفێست دەکات. با نزمترین نوختەی دایەلۆگی “گەمەی تەخت و تاج” بەبیر بێنینەوە، کاتێک دینێریس بە جۆن دەڵێت، گەر نەتوانێت وەک شاژنێک خۆشی بوێت، ئەوکات تۆقین باڵادەست دەبێت—نموونەی مۆتیڤێکی بازاڕیی ژنێکی لە ڕووی سێکسییەوە برسی، کە لە شێوەی تووڕەیییەکی وێرانکەر دەتەقێتەوە.

بەڵام –با گاز لە سێوە کرماوییەکە بگرین- ئەی چی لە پاڵنەرە تاوانکارییەکانی دینێریس بکەین؟ ئایا دەکرێت کوشتنی وەحشییانەی هەزاران خەڵکی ئاسایی لە “کینگز لاندینگ” وەک هەنگاوێکی پێویست بۆ بەدیهێنانی ئازادیی سەراپاگیر، پاساو بدرێت؟ لەم خاڵەدا، پێویستە لەبیرمان بێت کە سیناریۆکە دوو پیاو نووسیویانە.

بارگۆڕینی دینێریس بۆ شاژنە شێتەکە، ڕێک دەربڕی فانتازیایەکی پیاوانەیە. بۆیە ڕەخنەگران لە ئاماژەدان بەوەدا هەقیان بوو، کە بارگۆڕینی بۆ شێتی، لە ڕووی دەروونییەوە پاساودراو نەبوو. دیمەنی دینێریس بە نیشانەکانی تووڕەیی-شێتتیەوە، بەسەر پشتی ئەژدیهایەکەوە و سەرقاڵی سووتاندنی خانوو و خەڵکە، دەربڕینی ئایدیۆلۆژییەکی باوکانە و ترسییەتی لە ژنی سیاسیی بەهێز.

چارەنووسی کۆتاییی ژنە سەرکردەکانی “گەمەی تەخت و تاج”، لەگەڵ ئەو تان و پۆیانەدا کۆکە. تەنانەت گەر دینێریسی چاکەخواز سەربکەوێت و سێرسیی بەدکار تێکبشکێنێت، دەسەڵات هەر دینێریس گەندەڵ دەکات. ئاریاش (کە بە کوشتنی پاشای شەو، هەمووان ڕزگار دەکات) ون دەبێت، سەفەری ڕۆژاوای ڕۆژاوا دەکات (وەک ئەوەی ئەمەریکا کۆلۆنیزە بکات).

تاکە کەسێک مابێتەوە (وەک شاژنی شانشینی سەربەخۆی باکوور)، سانسایە، تایپی ژنی خۆشەویست لە سەرمایەداریی ئەمڕۆکەدا: ئەو فام و نازکیی ژنانەی تیکەڵ بە جورعەیەک لە هەڵهێنانی بەند و باو دەکات، بەوەش بە تەواوەتی لەگەڵ دەسەڵاتخوازییە نوێیەکەدا دەگونجێت. ئەم پەرواێزخستنەی ژن، ساتێکی تەوەرەییی گرنگە لە وانە لیبراڵییە-کۆنزێرڤاتیڤە گشتییەکەی ئەڵقەی کۆتاییدا: دەبێت شۆڕشەکان بەهەڵەدا بڕۆن، ستەمکارییەکی نوێ قوت دەکەنەوە، یان وەک ئەوەی جۆن بە دینێریس دەڵێت:

“ئەو خەڵکەی دوات دەکەون، دەزانن کە تۆ مەحاڵیکت بەدی هێناوە. بەشکوو ئەوە یارمەتییان بدات لە باوەڕهێنان بەوەی کە دەتوانیت شتی تری مەحاڵیش بەدیبهێنیت؛ بنیاتنانی دنیایەکی جیاواز لەو گوواوەی تا ئێستا ناسیویانە. بەڵام گەر ئەژدیهاکان بۆ ڕووخاندنی قەڵاکان و سووتاندنی شارەکان بخەیتە گەڕ، هیچ جیاوازییەکت نابێت”.

دواجار، لە سۆنگەی خۆشەویستییەوە، جۆن دەیکوژێت (ژنە مەلعونەکە لە دەستی خۆی ڕزگار دەکات، وەک ئەوەی دەستەواژە نێرسالارە-شۆڤێنییە کۆنەکە دەڵێت)، ئەو تاقە بکەرە کۆمەڵایەتییەی نێو زنجیرەکە دەکوژێت، کە بەڕاستی لە پێناو شتێکی نوێدا دەجەنگێت، لە پێناو دنیایەکی نوێدا کە کۆتایی بە نادادییە لەمێژینەکان بهێنێت.

بەو شێوەیە، دادپەروەری بەرقەرار بوو، بەڵام کام جۆری دادپەروەری؟ بران دەبێتە پاشای تازە: فەلەجە، هەمووشتزانە، هیچی ناوێت- لەگەڵ بیرهێنانەوەی ئەو حیکمەتە دێرینە بێتامەی، گوایە باشترینی فەرمانڕەواکان ئەوانەن کە دەسەڵاتیان نەگەرەکە. باشترین بەڵگەی ئەمانەش، ئەو پێکەنینە گاڵتەجاڕییەیە کە سەروەختی پێشنیازی یەکێک لە دەستەبژێری نوێ بە هەڵبژرادنێکی دیموکراتیکتری پاشا، دیمەنەکە دەتەنێتەوە.

مرۆڤ ناتوانێت خۆی لەو ڕاستییە نەبان بکات، کە وەفادارانی دینێریس تا کۆتایی، هەمەجۆرترینن – فەرمانڕەوا سەربازییەکەی ئەو، ئەسمەرە – لە کاتێکدا فەرمانڕەوا نوێیەکان پێیانەوە دیارە کە سپیپێستی نۆردی (سکەندیناڤی)ن. ئەو شاژنە ڕادیکاڵەی ئازادییەکی گەورەتری بۆ هەمووان دەخواست، بەبێ گوێدانە ڕەچەڵەک و بنەڕەتی کۆمەڵایەتییان، لەناو دەبرێت، ئیتر سەرجەمی شتەکان دەچنەوە شوێنی ئاساییی خۆیان.

سەرچاوە:

Slavoj Zizek, ‘Game of Thrones tapped into fears of revolution and political women – and left us no better off than before’ Independent, 22 May 2019 <https://www.independent.co.uk/voices/game-thrones-season-8-finale-bran-daenerys-cersei-jon-snow-zizek-revolution-a8923371.html>