شۆڕشی ژینا و ڕۆڵی ژنان

شۆڕشی ژینا و دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” بۆ ناڕەزاییی دەربڕین بەرانبەر بە کوژرانی ژینا بە دەستی پارێزەرانی یاسای دژە ژن لە کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە پشت بەستن بە ئەزموونی ساڵها خەبات بەرانبەر بە سەرکوت و بێمافکردنی ژنان بە دەستی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستی پێ کرد. ژنان لە جوگرافیای ئێران ساڵهایە لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەشن و بە هەموو شێوەیەک سەرکوت دەکرێن. ژنان لە کوردستان تەنها لەبەر ڕەگەزیان تووشی هەڵاواردن نەبوون و بەڵکوو بەردەوام تووشی ستەمی نەتەوەییش بوون. ژنانی کورد تەنها وەکوو ژن مافیان نەخوراوە و فاکتۆری دیکەش کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیی ژندا هەیە، دەوری بەرچاویان لەسەر دۆخی ژیان و خەباتی ژنان هەیە. بۆ نموونە لە نەتەوەی ژێردەست بوون، لە چینی هەژار یان دەوڵەمەند بوون، تەمەن، دۆخی تەندروستی، خاوەنی ئایینێکی دیاریکراو بوون یان بێ ئایین بوون، ئەندامی کۆمەڵگەیەکی کەمینە بوون (بۆ نموونە کۆمەڵی پەلکەزێڕینە) و زۆر شتی دیکە هەموویان شوێندانەرن و پێکەوە دۆخی کەسەکە دیاری دەکەن.

 بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئەو خەباتە هەمیشەیییە بەرانبەر بە هەموو ئەو زوڵمانە و بەرزبوونەوەی ئاستی ڕۆشنبیریی ژنان و ئاشنابوونی زیاتریان بە مافەکانیان، هەر رۆژی ناشتنی ژینا لە گۆڕستانی ئایچی ژنان هاتنە ڕیزی پێشەوەی خەباتەوە و بێدەنگیان شکاند و بە دروشمی ژن ژیان ئازادی لەچکەکانیان فڕێ دا و هەر ئەو بێدەنگی شکاندنە بووە بە چەخماخەیەک بۆ تەقینەوەی ناڕەزایەتییەکانی هەموو چین و توێژەکان و هەموو ستەملێکراوەکان. لە ڕاستیدا ژنان و بزاڤەکەیان بوونە چرای ڕێنوێنی ئەم شۆڕشە بە هەموو پێکهاتە و داخوازی و چین و توێژەکانییەوە کە بۆ مافخوازی هاتوونەتە مەیدان. بوونی ژنان بە ویستی پێشکەوتووەوە کاریگەری لەسەر ڕادیکاڵیزەبوونی ناوەرۆکی شۆڕشەکە و دروشمەکانی و داواکارییەکانی دانا، بۆیە زۆر جار باس لەوە دەکرێ کە ڕاپەڕینی ئەم جارە شۆڕشێکی فێمینیستییە.

ئەگەر لەم شۆڕشە یان هەر شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و کولتووریدا لایەنەکان و تاکەکانی بەشدار تەنها هەوڵەکەیان ئەوە بێت کە ببنە خاوەنی دروشمەکان و ناویان دەرکەوێ و نەتوانن لەگەڵ ناوەرۆک و ناوئاخنی شۆڕشەکەدا بێنەوە و هەوڵ بۆ ڕادیکاڵ کردنەوە و پێشکەتووترکردنی ئاخێزەکە و دروشمەکانی بدەن لە کۆتاییدا هەم شۆڕشەکە لەبار دەچێ و هەم تاک و لایەنەکان قازانجێکی لێ ناکەن. نابێ بیرمان بچێ هیچ کەس بە بیری پیاومەزنی ناتوانێ خۆی بکاتە خاوەنی ئەو شۆڕشە چونکە دروشم و خواستەکانی ئەم بزووتنەوەیە لەگەڵ فیکری ئەو کەسانە نایەتەوە کە هەڵگری بیری چەقبەستووی باوک/پیاوسالار بن. لە ڕاستیدا هەر تاک و لایەنێک هەوڵ بۆ خۆ بە خاوەنکردن و داگیرکردنی شۆڕشەکە بدا دەریدەخا کە هەڵگری خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی سیستەمی باوک/پیاوسالارە چونکە لەو سیستەمە بەردەوام هەوڵ بۆ بە موڵکردنی کەس یان شت دەدرێ. تێگەیشتن لە ناوەرۆکی دروشمەکە یەکەمین هەنگاوە کە هەموو تاک و لایەنەکان دەبێ هەڵیگرن.

 ئەم شۆڕشە بزووتنەوەیەکی گشتگیرە و ژنانێک دەتوانن چالاک و کارامە و شوێندانەر تێدا دەرکەون کە خاوەنی هزر، جەستە و بڕیاری خۆیان بن و بیسەلمێنن و بۆیان بسەلمێندرێ کە هەڵگری ئەو پێناسەیەی کە کۆمەڵگای باوکسالار بە درێژاییی مێژوو بۆیانی دیاری کردووە، نین. هەموو کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو پێویستی بە وزەی گشت تاکەکانی هەیە و تاکی کۆیلە و ژێردەستە ناتوانێ لە خزمەت کۆمەڵگەکەیدا بێ. ئەم شۆڕشە هەوڵێکی هەمەلایەنەیە، بۆ لەناوبردنی دیکتاتۆر و حکوومەتێک کە مافی مرۆڤ بە تایبەت ژن و کەمینەکانی هیچ کات نەپاراستووە، حکوومەتێک کە تا سەر ئێسقان هەڵگری بیری پیاومەزنی دژە مافی مرۆڤ بووە.

ئەرکی یەکسانیخوازان و هەموو مرۆڤە پێشکەوتنخوازەکانە کە پارێزگاری لە ناوەڕۆکی فێمینیستی شۆڕشەکە بکەن و هەوڵی بەهێزکردنی بدەن. نابێ ڕێگە بدرێ لە ژێر هیچ پاساوێکدا پرسە گرنگەکانی کۆمەڵگا وەکوو مافی ژنان پەراوێز بخرێن.

کاتێک تماشای ناوەرۆکی بزووتنەوەکە و دروشمەکان و گۆڕانگارییەکان لە سەرەتای ئاخێزەکە تا ئەمڕۆ دەکەین هەموو شتێک وا نیشان دەدات کە شۆڕشی ژینا لە بواری یەکسانیخوازییەوە وەکوو زۆر بواری دیکە پڕ دەسکەوت بووە و هەر لەم ماوە کورت و پڕ ئازار و قوربانییەدا هەوڵی جددی بۆ گۆڕانگاری لە نۆرم و کولتووری زاڵی نایەکسان دراوە. بۆ نموونە لە چلەی ژینا کاتێک لە سەقز کچان و کوڕان دەست لەناو دەست یەکتر بەشدار بوون هیچ کەس وەک جاران رەخنەی لێ نەگرتوون و بەریان پێ نەگرتوون. زۆرێک لە ژنانی ڕۆژهەڵات هەست بەو ترسە هەمیشەیییە لە دەرەوەی ماڵەکانیان ناکەن و ئەمە دەکرێ بە سەرەتای شۆڕشێکی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی پێناسە بکرێ.

ژنان لەم ئاخێزە هاوکات لەگەڵ بەشدارییان لە شۆڕش لە دژی حکوومەتی دیکتاتۆر و داگیرکەری کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکوو نوێنەری بیر دواکەوتوو و دژە ژن، شەڕیان لەگەڵ سیستمی پیاو/باوکسالار کردووە کە مێژووەکەی لە حکوومەتی ئێران کۆنترە. بیرمان نەچێت کە هاوکات لەگەڵ هەوڵ بۆ ڕووخاندنی حکوومەتێکی دیکتاتۆری فاشیستی داگیرکەر دەکرێ و دەبێ پێکەوە و بە هەوڵی بەردەوامی هەموو یەکسانیخوازەکان و ئەو کەسانەی باوەڕیان بە یەکسانی و مافی مرۆڤ و پێکەوەژیان هەیە، پەرەپێدەری شۆڕشێکی فیکریش بین بۆ دانانی بناغەی کۆمەڵگایەکی تەندرووست و یەکسان کە مافی هەمووان تیایدا پارێزراو بێت.