ژنەفتن ژنەفتن
وتار و بۆچوون

وەهمی مرۆڤی ئەکادیمی؛خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ قەیرانی زانین، ناسنامە و گێڕانەوەی مێژوویی

هەڵسەنگاندنی کتێبی د. حەیدەر لەشکری، بڵاوکراوەى ئەلیکترۆنى: ژنەڤتن، ٢٠٢٦

نووسەر ڕێبوار سیوەیلی
داگرتنی PDF

یەکەم: سروشتی کتێب و پرسیارە بنەڕەتییەکانی

١. د. لەشکرى بۆ ئەوەى ڕەوایەتى بە کتێبەکەى بدات وشەگەلى وەک وەهمى و نازانستى و ئەو بابەتانەى زۆر بەکار هێناوە، بۆیە منیش خوێندنەوەیەکى نازانستى و نائەکادیمى بۆ کتێبەکەى دەکەم بەبێ ئەوەى بکەومە ناو وەهمەوە. پێدەچێت د. لەشکرى وشەى وەهمى هەر بە واتاى زڕ، یان گەندەڵ و پووچ بەکار هێنابێت، کە پاشتر ڕوونترى دەکەمەوە. «وەهمی مرۆڤی ئەکادیمی»ی د. حەیدەر لەشکری، کە لە ساڵی ٢٠٢٦دا بڵاو کراوەتەوە، لە پێنج وتاری سەرەکی پێک دێت و چەند پرسێکی پەیوەست بە ژیانی ئەکادیمی، زانستە مرۆڤایەتییەکان، کوردناسی، ناسنامە و مێژوونووسی دەخاتە بەرباس. نووسەر لە پێشەکی، لاپەڕەی ١٠، بە ڕوونی دەڵێت کتێبەکە توێژینەوەیەکی سەربەخۆ نییە بە مانا باوەکەی نووسینی ئەکادیمی و وتارەکانیش لە چوارچێوەی یەک پڕۆژەدا ئەنجام نەدراون. ئەم ڕوونکردنەوەیە بۆ هەڵسەنگاندنی کتێبەکە گرنگە، چونکە خوێنەر دەبێت لە سەرەتاوە بزانێت لەگەڵ کۆمەڵێک تێبینی و تێڕامانی ڕەخنەییدا ڕووبەڕووە، نەک لەگەڵ توێژینەوەیەکی یەکپارچە کە پرسیار و میتۆد و ئەنجامی هاوبەشی هەبێت. هەڵبەتە ئەوەش هەیە، بەڵام بەشێوەیەکى شاراوە. د. لەشکرى، لەپاڵ چەندانى دیکەدا، یەکێکە لە توێژەرە ئەکادیمییەکانى کورد، کە زۆر لەمێژە توێخى باوى ئەکادیمى فڕێداوە و لە دەرەوەى هزرینى باو، میتۆدى باو و زانستگەراییی باو، بیر دەکاتەوە.

٢. لەشکری لە هەمان پێشەکیدا ئاماژە بەوە دەکات کە وتارەکان، جگە لە دوا وتار، لەنێوان ساڵانی ٢٠٢٢–٢٠٢٦دا لە گۆڤار و سایتە هزرییەکاندا بڵاو کراونەتەوە. هەروەها دەڵێت ئەم نووسینانە بە ڕۆحێکی ئەکادیمی و نەفەسێکی ڕەخنەیی نووسراون، بەڵام زیاتر تێبینی و چاودێری و تێڕامانن. پێزیستە ئەم پێناسەیە لە هەموو خوێندنەوەکەى مندا ڕەچاو بکرێت. بەهای وتارێکی ڕەخنەیی تەنها بەوە ناپێورێت کە چەند زانیاریی نوێی کۆ کردووەتەوە؛ بەڵکوو بەوەش دەپێورێت کە چەند توانیویەتی پرسیاری گرنگ بەشێوەیەکی ڕوون بخاتە ڕوو و خوێنەر بۆ بیرکردنەوەیەکی وردتر هان بدات.

٣. هەرچەندە نووسەر کتێبەکە بە پڕۆژەیەکی یەکگرتوو ناناسێنێت، کەچى لە لاپەڕەی ١١دا چوارچێوەیەکی هاوبەش بۆ وتارەکان دەستنیشان دەکات. ئەو چوارچێوەیە پەیوەستە بە ناسنامە[1] و مەودای کاری مرۆڤی ئەکادیمی، سروشتی بەرهەمهێنانی زانینی مێژوویی، مامەڵەی دامەزراوەیی لەگەڵ ڕابردوو و چۆنیەتیی گێڕانەوەی نائەکادیمی. لە ڕووی هەڵسەنگاندنی ئێمەوە، ئەم خاڵانە ئەوە دەردەخەن کە پێنج وتارەکە، لەگەڵ جیاوازیی بابەتەکانیاندا، دەچنەوە کەنار پرسیارێکی هاوبەشەوە: چۆن زانین بەرهەم دەهێنرێت، چۆن ڕەوایی پێ دەدرێت و چۆن دەکرێت لە گوتار و بانگەشە جیا بکرێتەوە؟

٤. بە سەرنجدان لە ناوونیشانى کتێبەکە لە یەکەم خوێندنەوەدا بۆى هەیە ئەو هەستەمان لەلا دروست بکات کە نووسەر دژایەتیی مرۆڤی ئەکادیمی دەکات، بەڵام ئەمە لەگەڵ ڕوونکردنەوەی خودی نووسەر کە پاشتر دێت، ناگونجێت. لەشکری لە لاپەڕەی ١١دا دەڵێت مەبەستی لە «وەهم» نکۆڵیکردن لە بەهای ئەکادیمیا یان کەمکردنەوەی شکۆی مەعریفە زانستییەکەی نییە. ئەو پرسیار لە چۆنیەتیی گەڵاڵەبوونی وێنەی مرۆڤی ئەکادیمی لە زەمینەی ئێمەدا دەکات. ئەم جیاوازییە گرنگە، چونکە ڕەخنەگرتن لە وێنەیەکی کۆمەڵایەتیی ئەکادیمیبوون، بە مانای ڕەتکردنەوەی خودی زانکۆ و زانست نییە.

٥. د. لەشکری لە پێشەکیدا چەند پرسیارێکی ڕوون دەورووژێنێت: مرۆڤی ئەکادیمی دەبێت چۆن بێت؟ چی بەرهەم بهێنێت؟ ئەکادیمیبوون چی پێ داوە؟ ئایا بڕوانامە و پلەی زانستی بە تەنها بەسن بۆ ئەوەی کەسێک بەرهەمهێنەری دانایی بێت؟ ئەم پرسیارانە ناوەڕۆکی ڕەخنەییی کتێبەکە دیاری دەکەن. لە هەڵسەنگاندنی ئێمەدا، گرنگییان لەوەدایە کە جیاوازیی لەنێوان پێگەی دامەزراوەیی و توانای بەرهەمهێنانی زانین دەخەنە ڕوو. بەڵام ئەم جیاوازییە نابێت ببێتە هۆی ئەوەی هەموو خاوەن‌بڕوانامەکان بە یەک حوکم هەڵبسەنگێنرێن. جگە لەوەش ئەم پرسیارانە پێشتر کراون و قسەى زۆریشیان لەسەر کراوە، بەڵام لەشکرى بۆى گرنگ نەبووە بگەڕێتەوە سەریان و بە پێویستیشى نەزانیوە بگەڕێتەوە سەریان، یان ناویان بهێنێت. بە بڕواى من ئەمە دیاردەیەکى نێگەتیڤى نێو ئەکادیمى و نووسەرانى کوردە کە بایەخ بە هەوڵ و ماندووبوونى یەکتر نادەن بەڵام لە کونی دەرزییەوە هەر سەرچاوەیەکى بیانى دەدۆزنەوە کە بە تەقەى تفەنگیش پەیوەندى بە بابەتەکەیانەوە هەبێت و چەڕەدووکەڵێکى سەرچاوەیى دروست دەکەن.

٦. لە لاپەڕەی ١٣دا، نووسەر مرۆڤی ئەکادیمی لەنێوان سێ وێنەدا دەبینێت: توێژەر، ڕۆشنبیر و قسەکەر لەبارەی دۆخی گشتی. ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە لەنێوان وتاردانی ڕۆشنبیرییانە و توێژینەوەی زانستیدا مەودایەک هەیە. ئەمە تێبینییەکی گرنگە، چونکە کەسێک دەتوانێت لە بوارێکدا توێژەرێکی بەهرەمەند بێت، بەڵام هەر بۆچوونێکی لەبارەی پرسی گشتییەوە بەشێوەیەکی زانستی پشتڕاست نەکرابێتەوە. لە هەمان کاتدا، بەشداریی ئەکادیمی لە گفتوگۆی گشتی بۆخۆی کێشە نییە؛ ئەوەی گرنگە پاراستنی جیاوازیی نێوان زانیاریی پسپۆڕانە و هەڵوێستی کەسییە.

٧. لە ڕووی ڕەخنەیییەوە، پێشەکیی کتێبەکە یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانییەتی، چونکە نووسەر جۆری نووسینەکە، سنووری ئامانجەکەی و پرسیارە سەرەکییەکانی ڕوون دەکاتەوە. ئەمە خوێنەر لە چاوەڕوانییەکی نادروست دەپارێزێت و لە وەهم دوورى دەخاتەوە. بەڵام هەمان ڕوونکردنەوە بەرپرسیارێتییەکی دیکەش دروست دەکات: کاتێک نووسەر خۆی لە بەرهەمهێنانی زانین و پێوەرەکانی ڕەخنە دەکۆڵێتەوە، خوێنەر مافی ئەوەی هەیە بپرسێت ئایا لە هەر وتارێکدا جیاوازیی نێوان تێبینی، گریمانە و ئەنجامی بەڵگەدار پارێزراون یان نا؟

٨. ئەوەی لە سەرەتای کتێبەکەدا سەرنج ڕادەکێشێت، تەنها بابەتەکان نییە، بەڵکوو شێوازی پرسیارکردنە. د. لەشکرى لەبریی ئەوەی ئەکادیمیبوون بە پێناسەیەکی فەرمی کۆتایی پێ بهێنێت، دەیخاتە ناو پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی زانین، پێگەی کۆمەڵایەتی و توانای ڕەخنەیییەوە. بە بۆچوونی من، ئەمە دەستپێکێکی بەجێیە بۆ گفتوگۆیەکی زانستی. بەڵام بەهای کۆتاییی ئەم دەستپێکە بەوە دیاری دەکرێت کە لە بەشەکانی دواتردا چەندە دەتوانێت لە ئاستی پرسیارەوە بگاتە ئاستی شیکردنەوەی ورد و نموونەگەلێکى بۆ بهێنرێتەوە.

blank
لەم بەستەرە کتێبی وەهمی مرۆڤی ئەکادیمیا لەم بەستەرە داوەنلۆد بکە: https://jineftin.krd/2026/09/09/وەهمی-مرۆڤی-ئەکادیمی/

دووەم: قەیرانی میتۆد لە کوردناسیدا

٩. وتاری یەکەم، «قەیرانی میتۆد لە کوردناسیدا؛ چەند تێبینییەکی نائەکادیمی»، لە لاپەڕەی ٢٢ دەست پێ دەکات. خودی ناوونیشانەکە دوو ئاماژەی گرنگی تێدایە: یەکەم، نووسەر کێشەیەک لە ئاستی میتۆددا دەستنیشان دەکات؛ دووەم، تێبینییەکانی خۆی بە «نائەکادیمی» ناو دەبات. ئەم ناونانە نابێت بە مانای بێ‌بەهاییی باسەکە وەربگیرێت، بەڵکوو دەبێت لە چوارچێوەی ئەو پێناسەیەدا بخوێندرێتەوە کە نووسەر لە پێشەکیدا بۆ جۆری نووسینەکانی خستوویەتیە ڕوو.

١٠. پرسیاری میتۆد لە کوردناسیدا پرسیارێکی بنەڕەتییە، چونکە هەر لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی مێژوو، زمان، کولتوور یان کۆمەڵگەی کوردییەوە، پێویستی بە دیاریکردنی شێوازی بەرهەمهێنانی زانیاری هەیە. لە هەڵسەنگاندنی ئێمەدا، بەهای ئەم وتارە لەوەدایە کە سەرنج لەسەر ناوەڕۆکی ئەوەی دەگوترێت؛ دەگوازێتەوە بۆ چۆنیەتیی گەیشتن بەو زانیارییە. ئەمە بۆخۆی پێوەرێکی گرنگە: نابێت زۆریی سەرچاوە یان فراوانیی بابەت جێگای ڕوونیی میتۆد بگرێتەوە.

١١. لە خوێندنەوەی ڕەخنەییی ئەم وتارەدا پێویستە لەنێوان دوو شتدا جیاوازی بکرێت: دەستنیشانکردنی کێشەی میتۆدی و سەلماندنی ئەوەی کە ئەو کێشەیە تا چەند لە توێژینەوەکانی کوردناسیدا بڵاوە. یەکەمیان دەتوانێت بە شیکردنەوەی چەند نموونەی دیاریکراو دەست پێ بکات، بەڵام دووەمیان پێویستی بە بەڵگەی فراوانتر هەیە. بۆیە لە هەڵسەنگاندنی مندا ناکرێت هەر تێبینییەکی ڕەخنەییی نووسەر بە حوکمێکی گشتی لەسەر هەموو توێژینەوەکانی کوردناسی وەربگیرێت.

١٢. ئەگەر توێژینەوەیەک لەبارەی کوردناسییەوە ئەنجام بدرێت، پێویستە خوێنەر بتوانێت بزانێت پرسیارەکە چییە، سەرچاوەکان چۆن هەڵبژێردراون و لە چ بنەمایەکەوە ئەنجامەکان هەڵهێنجراون. ئەمە پێوەری هەڵسەنگاندنی ئێمەیە، نەک دەقێک بە ناوی نووسەرەوە بخەینە ڕوو. لەم ڕوانگەیەوە، گرنگیی باسکردنی قەیرانی میتۆد لەوەدایە کە توێژەر ناچار دەکات پەیوەندیی نێوان پرسیار، بەڵگە و ئەنجام ڕوون بکاتەوە. واتە هەر ناڕێکییەک لەو پەیوەندییەدا هەبێت وەک کرۆکى قەیرانەکە ئاشکراى بکات.

١٣. هەروەها پێویستە جیاوازی لەنێوان کەموکوڕیی میتۆدی و جیاوازیی ڕوانگەدا بکرێت. دوو توێژەر دەتوانن لە هەمان بابەت بکۆڵنەوە و بە دوو لێکدانەوەی جیاواز بگەن، بەبێ ئەوەی بە ناچاری یەکێکیان میتۆدی هەڵەی بەکار هێنابێت. ڕەخنەی زانستی پێویستە پیشانى بدات لە کوێدا سەرچاوە بە نادروستی بەکار هێنراوە، لە کوێدا ئەنجام لە بەڵگەکان دوور کەوتووەتەوە و لە کوێدا گریمانە بە ڕاستیی سەلمێنراو و ناسێنراوە.

١٤. بەهای ئەم وتارە، لە چوارچێوەی گشتیی کتێبەکەدا، لەوەدایە کە پرسیاری دانایی ڕەخنەیی دەخاتە سەرەتای گفتوگۆکەوە. بەڵام حوکمدانی کۆتایی لەسەر ئاستی سەرکەوتنی وتارەکە پێویستی بە پشکنینی هەموو ئەو نموونە و سەرچاوانە هەیە کە لە ناو دەقەکەدا بەکار هاتوون. بۆیە لێرەدا ناتوانین بەبێ ئەو پشکنینە بڵێین نووسەر هەموو قەیرانەکەی سەلماندووە یان هەموو هۆکارەکانی دەستنیشان کردووە. ئەوەی دەتوانرێت بگوترێت ئەوەیە کە وتارەکە پرسیارێکی گرنگ دەخاتە بەردەم لێکۆڵینەوەی کوردناسی و د. لەشکرییش بوێرانە ئەو کارەى کردووە.

سێیەم: وەهمی مرۆڤی ئەکادیمی لە زەمینەی ئێمەدا

١٥. وتاری دووەم، «وەهمی مرۆڤی ئەکادیمی لە زەمینەی ئێمەدا»، لە لاپەڕەکانی ٦٨–١٢١دا هاتووە و لە ڕووی ناوونیشانەوە نزیکترین وتارە لە پرسیاری سەرەکیی کتێبەکەوە. بۆ تێگەیشتن لە مەبەستی ئەم وتارە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو پرسیارانەی نووسەر لە پێشەکیدا دەیانورووژێنێت: ئەکادیمیبوون چی بە مرۆڤ دەدات و ئایا پلەی زانستی بە تەنها بەڵگەی توانای بەرهەمهێنانی دانایییە؟ لە هەڵسەنگاندنی مندا، گرنگیی ئەم پرسیارە لەوەدایە کە بەها و ڕەواییی مرۆڤی ئەکادیمی لە خودی کار و بەرهەمەکەیدا دەپشکنێت، نەک تەنها لە نازناوی فەرمییدا.

١٦. لەشکری لە پێشەکیی کتێبەکەدا پرسیار لەوە دەکات کە ئایا ئەکادیمیا لە هەندێک لە بەستێنەکانی ئێمەدا زیاتر وێنەیەکی کۆمەڵایەتی و دەسەڵاتێکی ڕەمزییە، لەبری ئەوەی پرۆسەیەکی مەعریفی بێت کە بنەماکەی پرسیار و ڕەخنە و پێداچوونەوەیە؟ یان نا؟. ئەم دەربڕینە بە شێوەی پرسیارە و نابێت بگۆڕدرێت بۆ حوکمێکی گشتی کە گوایە هەموو ئەکادیمیای کوردی تەنها وێنە و دەسەڵاتی ڕەمزییە. جیاوازیی نێوان پرسیار و حوکم لێرەدا بنەڕەتییە، چونکە ئەمانەتی زانستی پێویست دەکات نووسەر بەو شێوەیە بخوێنێتەوە کە خۆی بیرۆکەکەی داڕشتووە.

١٧. لە ڕووی ڕەخنەیییەوە، دەتوانین بپرسین بۆچی پێگەی دامەزراوەیی و توانای زانستی هەمیشە یەک شت نین. بڕوانامە دەتوانێت نیشانەی تێپەڕاندنی قۆناغێکی فەرمیی خوێندن بێت، بەڵام هەڵسەنگاندنی توانای توێژەر پێویستی بە خوێندنەوەی بەرهەمەکانی هەیە. لە هەمان کاتدا، نابێت بەهای بڕوانامە و دامەزراوەی ئەکادیمی بە تەواوی کەم بکرێتەوە، چونکە ئەوانیش بەشێکن لە ڕێکخستنی پەروەردە و توێژینەوە. ڕاستە لە کوردستاندا خودى بەدەستهێنانى بڕوانامە بە گرنگتر تەماشاى دەکرێت و چەندین ماف و جیاووک بۆ خاوەن بڕوانامەکە دەستەبەر دەکات، بەڵام هێشتا ئەمە بەڵگە نییە لەسەر پێشگەیشتوویی ئەکادیمیانە و شێواز و ئەتەکێتى خاوەن پلە زانستییەکە، یان خاوەن بڕوانامەکە.

١٨. جیاوازیی نێوان توێژەر و ڕۆشنبیر، کە نووسەر لە لاپەڕەی ١٣ی پێشەکیدا ئاماژەی پێ دەکات، بۆ خوێندنەوەی ئەم وتارە گرنگە: توێژەر لە کارە پسپۆڕییەکەیدا پابەندە بە پرسیار و بەڵگە و ڕێوشوێنی توێژینەوە؛ بەڵام ڕۆشنبیر دەتوانێت لەبارەی پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسییە هەنووکەیییەکانەوە هەڵوێست و لێکدانەوەی گشتی دەرببڕێت. ئەم دوو ڕۆڵە دەتوانن لە یەک کەسدا کۆ ببنەوە، بەڵام نابێت تێکەڵ بکرێن. کەسێک بەهۆی پسپۆڕییەکەی لە بوارێکدا، بە ناچاری لە هەموو بوارەکانی دیکەش خاوەنی هەمان دەسەڵاتی زانستی نییە. جگە لەوەش هەموو کارێکى پسپۆڕی و ئەکادیمییانە شیاوى لاساییکردنەوە و دووبارەکردنەوەیە، بەڵام لەبەر ئەوەى پرسەکۆمەڵایەتییەکان بگۆڕن و چەقبەستوو نین و ڕۆژانە ڕوو دەدەن، ئەوە کارى ڕۆشنبیر دینامیکیتر و بوونناسانەترە و لە ناو ڕووداوەکانەوە هەڵوێست وەردەگرێت. بە پێچەوانەى کارى ئەکادیمی و پسپۆڕییەوە کە لە نێو کڵێشەیەکى پێشوەختەوە هەنگاو دەنێت کە کەسانیتریش بەو ڕێگەیەدا ڕۆیشتوون و پاساوى بابەتیبوون دەکەنە پاڵپشتى خۆتێکەڵنەکردنبە بابەتەکەیان. ئەم ڕوانگە پۆزەتیڤیستانەیەش بڕبڕە پشتى ئەو قەیرانەیە کە لەشکرى قسەى لەبارەوە دەکات.

١٩. یەکێک لە پرسیارە گرنگەکان بۆ هەڵسەنگاندنی ئەم وتارە ئەوەیە، کە ئایا نووسەر لە هەموو شوێنێکدا جیاوازیی نێوان ڕەخنەی تاکە ئەکادیمییەکان و ڕەخنەی سیستەمی ئەکادیمی دەپارێزێت؟ ئەگەر کەموکوڕییەک لە بەرهەمی تاکێکدا هەبێت، بە تەنها ناتوانێت ببێتە بەڵگە بۆ لاوازیی هەموو دامەزراوەکە!؟ هەروەها، ئەگەر دامەزراوەیەک کێشەی ڕێکخستن و پێوەری هەبێت، ئەمە بۆ خۆی بە مانای بێ‌بەهاییی هەموو بەرهەمەکانی ئەو دامەزراوەیە نییە؟ ئەم جیاوازییە پێوەرێکی پێویستە بۆ هەر ڕەخنەیەکی دادپەروەرانە. بەبڕواى من ئەم دوو ڕوانگەیە یەکترى تەواو دەکەن: لاوازیی دامەزراوەکە و مکووڕبوونى لەسەر سەپاندنى سێتێک ڕێنمایی بە ناوى زانستییەوە بەسەر توێژەردا، توێژەرێکى لاواز و لەق بەرهەم دەهێنن. هەر بۆیەشە کەسانێمکان هەن پێش ئەوەى ببنە کەسى ئەکادیمى زۆر جوانتر و تۆکمەتر و وردتر بیریان کردۆتەوە.

٢٠. لە ڕووی زانستییەوە، پرسیاری «بەرهەمهێنانی مەعریفە» پێویستی بە وردکردنەوە هەیە: بەرهەمهێنانی دانایی تەنها بە مانای داهێنانی تیۆرییەکی نوێ نییە؛ دۆزینەوەی بەڵگە، ڕاستکردنەوەی زانیاریی پێشوو، شیکردنەوەی سەرچاوە و پێشکەشکردنی لێکدانەوەیەکی بەڵگەدار هەموویان دەتوانن بەشداری لە پێشخستنی زانستدا بکەن. بۆیە لە هەڵسەنگاندنی ئەو پرسیارەی لەشکری دەیورووژێنێت، دەبێت پێوەرەکانی بەرهەمهێنانی مەعریفە بەفراوانی و بەوردی دیاری بکرێن.

٢١. لە هەڵسەنگاندنی گشتیی ئەم وتارەدا، بەهێزترین خاڵ بریتییە لە خستنە ژێر پرسیاری ئەو گریمانەیەی کە پلە و پێگەی ئەکادیمی بۆ خۆیان دەبنە بەڵگەی توانای زانستی. ئەمە پرسیارێکی بەجێیە و دەتوانێت گفتوگۆیەکی گرنگ لەبارەی پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنی کار و بەرهەمی ئەکادیمییەوە دروست بکات. بەڵام بۆ ئەوەی ئەم گفتوگۆیە بە ئەنجامی زانستی بگات، پێویستە هەر حوکمێک لەسەر دۆخی ئەکادیمیا بە بەڵگەی دیاریکراو پشتگیری بکرێت و لە حوکمی گشتیی نەپشکنراو دوور بخرێتەوە.

٢٢. ئەگەر ئەم وتارە بەو ئامانجە هەڵبسەنگێنین کە نووسەر لە پێشەکیدا ڕاگەیاندووە، واتە ورووژاندنی پرسیار لەبارەی وێنە و ڕۆڵی مرۆڤی ئەکادیمی، ئەوا خودی بابەتەکە و پرسیارەکانی خاوەنی گرنگییەکی ڕوونن. بەڵام لە هەڵسەنگاندنی کۆتاییدا نابێت گرنگیی پرسیارەکە وەک سەلمێنراوی وەڵامەکە تێکەڵ بکەین، ئەمەش پێوەرێکە کە لە خوێندنەوەی هەموو وتارەکانی کتێبەکەدا پێویستە بپارێزرێت.

چوارەم: مەرگی زانستە مرۆڤایەتییەکان و ژیانەوەیان

٢٣. وتاری سێیەم، «مەرگی زانستە مرۆڤایەتییەکان و ژیانەوەیان لە بواری ئەکادیمیدا»، لە لاپەڕەکانی ١٢٢–١٦١دا هاتووە. نووسەر لە لاپەڕەی ١٤ی پێشەکیدا ڕوونی دەکاتەوە کە مەبەست لە مەرگی زانستە مرۆڤایەتییەکان، مەرگی تەواو و ڕاستەقینەیان نییە. بەڵکوو ئەو دەربڕینە پرسیارێک دەورووژێنێت کە شیاوی لێوردبوونەوەیە. ئەم ڕوونکردنەوەیە بۆ ئەمانەتی خوێندنەوە گرنگە، چونکە ناونیشانی وتارەکە نابێت وەک ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی زانستە مرۆڤایەتییەکان لێک بدرێتەوە. لێرەدا ئەو سەرنجەش دەردەبڕم کە د. لەشکرى لە دانانى نێونیشانەکاندا هەمیشە نا و وەهم و مەرگ دێنێتە ئاراوە و کاتێکیش ڕوونکردنەوە دەدات دەڵێ مەبەستم ئەوە نییە و ئەوەیە. چاکتر بوو هەر لەسەرەتاوە بەپێى مەبەستەکانى خۆى ناوونیشانەکانیشى دابڕشتنایە.

٢٤. د. لەشکری لە پێشەکیدا پرسیاری ئەوە دەکات کە چی بەسەر ئەو زانستانەدا دێت کە بەهایان پەیوەست نییە بە بەهاکانی بازاڕەوە؟ ئەگەر دانایی تەنها بەپێی سوودی ڕاستەوخۆ هەڵبسەنگێنرێت، ئەمە پرسیارێکی دیاریکراوە دەربارەی پێوەرەکانی بەهای زانین. لە هەڵسەنگاندنی مندا، ئەم پرسیارە زۆر گرنگە چونکە ناکرێت هەموو بەرهەمێکی زانستی تەنها بەپێی داهاتی دارایی یان بەکارهێنانی ڕاستەوخۆی لە بازاڕدا هەڵبسەنگێنرێت. بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە پەیوەندیی زانستە مرۆڤایەتییەکان بە پێویستییەکانی کۆمەڵگە و بازاڕەوە گرنگ نییە.. زانستە مرۆڤایەتییەکان زانستى بەهاخوڵقێنن نەک بازاڕخوڵقێن: ئەمانە ئەو زانستانەن کە مرۆڤ هان دەدەن چۆن بتوانن لە ناو کۆمەڵگە و بازاڕدا بەشێوەیەکى بەهادار ڕەفتار بنوێنن، ڕێکخستن و تێگەیشتن و سەنگینى و ئاسایشى بۆ دابین بکەن، نەک بەشێک بن لە میکانیزمى فروانکردنى بازاڕەکە. زانستە مرۆڤیەتییەکان نەرێت و ئاکارمەندی مرۆڤەکانى نێو بازاڕ بەرهەم دەهێنن، نەک دابینکەرى ئیش و قازانج و نرخى کەلوپەلەکان. بەم پێیەش گرنگییەکەیان لەوەدایە ئەو گەندەڵى و فڕوفێڵ و ساختانە لە هزرى مرۆیەکاندا دەسڕنەوە، کە بازاڕ دەکەنە جەللادى کۆمەڵگە.

٢٥. لە هەمان لاپەڕەدا، نووسەر دەپرسێ ئایا زانستە مرۆڤایەتییەکان دەتوانن بە پێناسەکردنەوەی پەیوەندییەکانیان بۆ کۆمەڵگە و ژیانی گشتی و لەخۆگرتنى ئەو پرسانەی بازاڕ ناتوانێت بە تەنها وەڵامیان بداتەوە، گرنگیی خۆیان بگەڕێننەوە. ئەم دەربڕینە دەریدەخات کە نووسەر تەنها لە قەیرانەکە ناپرسێت، بەڵکوو پرسیاری ئەگەری ژیانەوە و پێناسەکردنەوەی ڕۆڵی ئەو زانستانەش دەورووژێنێت. بەڵام چونکە پرسیارەکە بەشێوەیەکی کراوە داڕێژراوە، نابێت وەک چارەسەرێکی تەواو و سەلمێنراو پێشکەش بکرێت.

٢٦. لە ڕووی ڕەخنەیییەوە، پێویستە جیاوازیی لەنێوان قەیرانی دامەزراوەیی و قەیرانی بەهای مەعریفیی زانستە مرۆڤایەتییەکان بکرێت. ئەگەر بەشێکی زانکۆیی کێشەی بودجە، خوێندکار یان دەرفەتی کارى هەبێت، ئەمە بۆ خۆی نایسەلمێنێت کە ئەو زانستە بەهای مەعریفیی خۆی لەدەست داوە. هەروەها، ئەوەی زانستێک بەهای هزری و کولتووری هەیە، بە تەنها ناتوانێت هەموو کێشە دامەزراوەیییەکانی چارەسەر بکات. بوارى پزیشکى هەتا بڵێى بازاڕخوڵقێنە و بوارى زمانى کوردى هەتا بڵێى دوورەبازاڕە. بەڵام بە ئاشکرا گەندەڵى بوارى ساخلەمى و پزیشکى لە وڵاتەکەماندا دەبنین و پەراوێزبوونى زمانى کوردیش لە بازاڕ، چەند زمانێکى دیکەى جگە لە زمانى کوردى هێناوەتە سەنتەرەوە. ئەم جیاوازییە پێوەرێکی پێویستە بۆ هەڵسەنگاندنی هەر باسێک لەبارەی قەیرانی زانستە مرۆڤایەتییەکانەوە.

٢٧. گرنگیی پرسیاری نووسەر لەوەدایە کە بەهای زانین لە چوارچێوەیەکی فراوانتردا دەخاتە بەرباس: زانستە مرۆڤایەتییەکان دەتوانن لە تێگەیشتن لە زمان، مێژوو، کولتوور، ئەخلاق و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕۆڵیان هەبێت. بۆ ئەوەی بەهای ئەم ڕۆڵانە بەشێوەیەکی زانستی هەڵبسەنگێنرێت، پێویستە لە هەر بوارێکدا نموونە و بەڵگەی دیاریکراو بخەینە ڕوو.

٢٨. لە هەڵسەنگاندنی ئەم وتارەدا، پرسیارێکی گرنگ ئەوەیە کە نووسەر چەندە لە نێوان دۆخی گشتیی زانستە مرۆڤایەتییەکان و دۆخیان لە زەمینەی کوردیدا جیاوازی دەکات. ئەم دوو ئاستە بۆیان هەیە پەیوەندییەکى پتەویان پێکەوە هەبێت، بەڵام یەک شت نین. کێشەیەک کە لە سیستەمی زانکۆییی وڵاتێکدا هەیە، بە ناچاری بە هەمان شێوە لە سیستەمێکی دیکەدا ڕوو نادات. بۆیە هەر بەراوردێک پێویستی بە دیاریکردنی بارودۆخی دامەزراوەیی و کۆمەڵایەتیی خۆی هەیە.

٢٩. لە ڕووی بەهێزییەوە، ئەم وتارە پرسیاری بەهای زانستە مرۆڤایەتییەکان لە پەیوەندی بە کۆمەڵگە و ژیانی گشتییەوە دەخاتە بەردەم خوێنەر. ئەمە کارێکى زۆر بەجێیە، چونکە دامەزراوەی ئەکادیمی ناتوانێت بەتەواوی لە پرسیار و پێویستییەکانی کۆمەڵگە داببڕێت. بەڵام لە ڕووی هەڵسەنگاندنی زانستییەوە، پێویستە لەنێوان دیاریکردنی کێشە و پێشکەشکردنی چارەسەردا جیاوازی بکرێت. ئەوەی نووسەر پرسیارێکی گرنگی ورووژاندووە، لە خۆیدا نایسەلمێنێت کە وەڵامی کۆتایی بۆ دۆزیوەتەوە.

٣٠. ئەگەر وتاری سێیەم لەگەڵ دوو وتاری پێشوودا بخوێنینەوە، پەیوەندییەکی بابەتی لەنێوانیاندا دەبینین: یەکەم پرسیاری میتۆد، دووەم پرسیاری مرۆڤی ئەکادیمی و سێیەم پرسیاری بەهای زانستە مرۆڤایەتییەکان دەورووژێنێت. ئەمە لێکدانەوەیەکە بۆ ڕێکخستنی بابەتەکان، نەک بانگەشەی ئەوەی نووسەر سێ وتارەکەی وەک قۆناغەکانی یەک تیۆری داڕشتووە. بەو سنوورەوە، دەتوانین بڵێین ئەم سێ وتارە یەکتر تەواو دەکەن لە ورووژاندنی پرسیاری زانین و دامەزراوەی ئەکادیمی و ئەمەش خاڵێکى زۆر باشى کتێبەکەیە.

پێنجەم: ناسنامە و مێژوو لە سەردەمی دیجیتاڵیدا

٣١. وتاری چوارەم، «ناسنامە و مێژوو لە سەردەمی دیجیتاڵیدا؛ لە خۆنواندنەوە بۆ وەرچەرخان لە کۆیادی کوردەکان»، لە لاپەڕەکانی ١٦٢–٢٢٢دا هاتووە. نووسەر لە پێشەکیی کتێبەکە، لاپەڕەکانی ١٥–١٦، ڕوونی دەکاتەوە کە کۆیاد چیتر تەنها لە ڕێگەی دەق، قوتابخانە و دامەزراوە فەرمییەکانەوە دروست نابێت؛ بەڵکوو تۆڕە دیجیتاڵییەکانیش بوونەتە فەزایەک بۆ گێڕانەوەی وێنە، ڕەمز و حیکایەتەکانی پەیوەست بە ڕابردوو. ئەمە بنەمایەکی ڕوونە بۆ تێگەیشتن لە پرسیاری سەرەکیی وتارەکە.

٣٢. لەشکری لە پێشەکیدا ئاماژە بەوە دەکات کە لە فەزای دیجیتاڵیدا ناسنامە و بیرەوەری تێکەڵ بە یەکتر دەبن و سنووری نێوان ڕابردوو و ئێستا کاڵ دەبێتەوە. ئەم تێبینییە گرنگە، چونکە پەیوەندیی کۆمەڵگە بە ڕابردووەوە، تەنها لە ڕێگەی خوێندنەوەی کتێبی مێژوویییەوە دروست نابێت. وێنە، دەنگ و گێڕانەوەی دیجیتاڵی دەتوانن ببنە بەشێک لە ئەزموونی ڕۆژانەی ڕابردوو. بەڵام لە هەڵسەنگاندنی گشتییدا، پێویستە جیاوازیی لەنێوان بڵاوبوونەوەی بیرەوەری و دروستیی زانیاریی مێژوویی بکرێت.

٣٣. گرنگیی ئەم بابەتە بۆ کۆمەڵگەی کوردی لەوەدایە کە گێڕانەوەی ڕابردوو بەشێوەیەکی فراوانتر دەچێتە ناو ژیانی گشتییەوە. بەڵام ئەوەی زانیارییەک بەئاسانی بڵاو دەبێتەوە، بە مانای ئەوە نییە کە بەڵگەیەکی مێژووییی پشتڕاستکراوەیە. لە ڕووی ڕەخنەیییەوە، دەبێت بپرسین سەرچاوەی زانیارییەکە چییە، چۆن دەستکاری کراوە و ئایا لە چوارچێوەی مێژووییی خۆیدا پێشکەش کراوە؟ یان نا؟ ئەمانە پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنی ئێمەن، نەک دەربڕینی ڕاستەوخۆی نووسەر.

٣٤. لە خوێندنەوەی ئەم وتارەدا، چەمکی کۆیاد پێویستی بە جیاکردنەوە لە مێژوونووسی هەیە. بیرەوەریی هاوبەش دەتوانێت پەیوەست بێت بە هەست، ڕەمز و ئەزموونی کۆمەڵایەتییەوە، بەڵام مێژوونووسیی ئەکادیمی پێویستی بە شیکردنەوەی سەرچاوە و پشتڕاستکردنەوەی بانگەشەکان هەیە. ئەم جیاوازییە بە مانای بێ‌بەهاییی بیرەوەری نییە؛ چونکە بیرەوەریش دەتوانێت ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ توێژینەوە. بەڵام پێویستە بە پێوەرەکانی ڕەخنە، سەرچاوە هەڵبسەنگێنرێت، نەک یەکسەر خۆیان بەدەستەوە بدەین. ئەوەى لە زمان کەسێکەوەیە، تەنێ ئەو کاتە ڕاستە، کە بە پرۆسەى پشکنینى ڕەخنەکاریدا تێپەڕێت. چونکە ڕاستى وەک بەهایەکى ڕووتەڵ و کامڵ تەنیا لەلاى یەک کەس نییە و ڕاستیى بابەتێکى دابەشکراوە بەسەر ڕوانگە جیاوازەکاندا.

٣٥. لە ڕووی زانستییەوە، پرسیارێکی گرنگ ئەوەیە کە ئایا دیجیتاڵبوون تەنها شێوازی بڵاوکردنەوەی گێڕانەوەکان دەگۆڕێت، یان کاریگەری لەسەر خودی چۆنیەتیی تێگەیشتن لە ڕابردووش هەیە؟ ئەم دوو ئاستە پەیوەندییان هەیە، بەڵام نابێت بەبێ بەڵگە وەکیەک دابنرێن. بۆ سەلماندنی کاریگەریی فەزای دیجیتاڵی لەسەر ئاگاییی مێژوویی، پێویستە لە چۆنیەتیی بەکارهێنان و وەرگرتنی گێڕانەوەکان بکۆڵرێتەوە. ئەمە ڕەخنەیەکی میتۆدییە کە لە هەڵسەنگاندنی بابەتەکەدا دەیخەمە ڕوو کە پێویستە نووسەر وەڵامى بداتەوە.

٣٦. هەروەها پێویستە لەنێوان زیادبوونی دەرفەتی بەشداری و یەکسانبوونی دەسەڵاتی گێڕانەوەدا جیاوازی بکرێت. فەزای دیجیتاڵی دەتوانێت دەرفەت بدات بە کەسانی زیاتر بۆ بڵاوکردنەوەی بیرەوەریی خۆیان، بەڵام ئەمە بە ناچاری واتاى ئەوە نییە، کە هەموو دەنگەکان بە یەکسانی دەبینرێن. لە هەڵسەنگاندنی مندا، ئەم جیاوازییە گرنگە بۆ ئەوەی نەکەوینە ناو ئەو گریمانەیەی کە فراوانبوونی ئامرازی پەیوەندی بۆخۆی دەبێتە هۆی دیموکراتیزەبوونی زانین و دانایی.

٣٧. پرسیارێکی دیکە ئەوەیە کە چۆن دەکرێت لە فەزای دیجیتاڵیدا لەنێوان پاراستنی بەڵگە و بەرهەمهێنانی مانادا هاوسەنگی بپارێزرێت. ئەرشیڤکردنی وێنە و دەنگ و بەڵگە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ پاراستنی ڕابردوو، بەڵام کۆکردنەوەی زانیاری بە تەنها تێگەیشتنی مێژوویی دروست ناکات. پێویستە بەڵگەکان لە چوارچێوەی کاتی، کۆمەڵایەتی و سیاسیی خۆیاندا بخوێندرێنەوە.

٣٨. لە ڕووی هەڵسەنگاندنی وتارەکەوە، بەهای پرسیاری سەرەکی لەوەدایە کە پەیوەندیی ناسنامە و مێژوو بە فەزای دیجیتاڵییەوە دەخاتە بەرباس. ئەمە بوارێکی گرنگە بۆ توێژینەوەی کوردی. بەڵام ئاستی سەرکەوتنی وتارەکە لە سەلماندنی کاریگەرییە دیاریکراوەکاندا دەبێت بە پشکنینی بەڵگە و نموونەکانی خودی دەق دیاری بکرێت. نابێت بەبێ ئەو پشکنینە بانگەشەی ئەوە بکەین کە نووسەر هەموو لایەنەکانی گۆڕانی کۆیادی کوردی لە سەردەمی دیجیتاڵیدا ڕوون کردووەتەوە.

٣٩. لە چوارچێوەی گشتیی کتێبەکەدا، ئەم وتارە بابەتی گێڕانەوەی ڕابردوو لە ئاستی دامەزراوە و نووسینی ئەکادیمییەوە دەباتە ناو فەزای فراوانتری ژیانی کۆمەڵایەتی. ئەمە لێکدانەوەی ئێمەیە لە شوێنی وتارەکە لەنێوان پێنج وتارەکەدا. بەو مانایە، پرسیاری مێژوو چیتر تەنها پەیوەست نییە بەوەی مێژوونووس چۆن دەنووسێت، بەڵکوو پەیوەستە بەوەش کە کۆمەڵگە چۆن ڕابردوو دەبینێت و دەگێڕێتەوە.

شەشەم: بۆچی هەمووان دەیانەوێ ڕابردوو قۆرخ بکەن؟

٤٠. دوا وتاری کتێبەکە، «بۆچی هەمووان دەیانەوێ قۆرخی ڕابردوو بکەن؟ ئەو دەمەی مێژوو دەبێتە گوتار نەک زانین»، لە لاپەڕەکانی ٢٢٣–٣٠٣دا هاتووە. ئەم وتارە بەڕوونی پرسیاری پەیوەندیی نێوان مێژوونووسی و گێڕانەوەی ڕابردوو دەورووژێنێت. نووسەر لە لاپەڕەی ١٦ی پێشەکیشدا دەڵێت گەڕانەوە بۆ مێژوو بۆخۆی کێشە نییە؛ چونکە کۆمەڵگەکان پێویستیان بە ڕابردووی خۆیانە بۆ تێگەیشتن لە ئێستایان. کێشەکە ئەو کاتە دەست پێ دەکات کە ڕابردوو لە بوارێکی لێکۆڵینەوە و شرۆڤەوە ببێتە سەرچاوەی ڕەوایەتیدان، یان مێژوو ببێتە گوتارێکی داخراو.

٤١. ئەم جیاوازییە یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی کتێبەکەیە: د. لەشکری خودی پەیوەندیی کۆمەڵگە بە ڕابردووەوە ڕەت ناکاتەوە؛ بەڵکوو ئەو شێوازە دەخاتە ژێر پرسیار کە تێیدا ڕابردوو دەبێتە ئامرازی ڕەوایەتیدان بە هەڵوێستێکی پێشوەختە. لە هەڵسەنگاندنی ئێمەدا، ئەمە جیاوازییەکی بنەڕەتییە لەنێوان ناسینی ڕابردوو و بەکارهێنانی ڕابردوو بۆ پشتڕاستکردنەوەی بانگەشەیەکی ئێستا. یەکەمیان پێویستی بە پرسیار و بەڵگە هەیە، دووەمیان دەتوانێت هەڵبژاردنی بەڵگەکان بەپێی ئەنجامێکی پێشوەختە ئاراستە بکات.

٤٢. لە کۆتاییی وتارەکەدا، لاپەڕەی ٢٩٨، نووسەر دەڵێت گرفتی پانتاییی کولتووریی ئێمە تەنها زۆریی قسە و باسی مێژوویی نییە، بەڵکوو کەمیی هزری مێژووییە. ئەم دەربڕینە تێزی ڕەخنەیییەکی ڕوون لەخۆ دەگرێت: زۆر قسەکردن لەبارەی ڕابردوو بە ناچاری بە مانای بوونی تێگەیشتنێکی قووڵی مێژوویی نییە. لە ڕووی هەڵسەنگاندنی منەوە، ئەم جیاوازییە گرنگە، چونکە لەنێوان بەکارهێنانی ناو و ڕەمزە مێژوویییەکان و توانای شیکردنەوەی ڕووداوەکاندا مەودایەک هەیە.

٤٣. لە هەمان لاپەڕەدا، لەشکری دەڵێت تا ئەو کاتەی ڕابردوو بکرێتە ئامرازی سەپاندنی هەڵوێستێکی دیاریکراو و لەلایەن ئایدیۆلۆژیاکانەوە قۆرخ بکرێت، توانای کۆمەڵگە لە ڕەخنەگرتن لە خودی خۆی لاواز دەبێت، ئەمە حوکمێکی ڕوونی خودی نووسەرە. بەهای ڕەخنەییی ئەم بیرۆکەیە لەوەدایە کە قۆرخکردنی ڕابردوو تەنها بە کێشەیەکی مێژوونووسی ناناسێنێت، بەڵکوو بە توانای کۆمەڵگەوە بۆ پێداچوونەوە بە باوەڕ و هەڵوێستەکانی خۆیەوە دەیبەستێتەوە.

٤٤. لەشکری لە لاپەڕەی ٢٩٨دا داوای بنیاتنانی ڕۆشنبیرییەکی مێژووییی ڕەخنەیی دەکات کە گوێ لە دەنگە جیاوازەکان بگرێت و بیرەوەری لە لێکۆڵینەوەی زانستی جیا بکاتەوە. هەروەها داوا دەکات ناسنامەسازی و زانستخوازی لە یەکتر داببڕدرێن. ئەم داواکارییە بۆ تێگەیشتن لە ئامانجی دوا وتارەکە گرنگە، چونکە نووسەر بە تەنها ڕەخنە لە قۆرخکردنی ڕابردوو ناگرێت، بەڵکوو پێوەرێکیش بۆ مامەڵەیەکی ڕەخنەییی لەگەڵ مێژوو دەخاتە ڕوو.

٤٥. لە ڕووی ڕەخنەیییەوە، پێویستە ئەوە ڕوون بکرێتەوە کە جیاکردنەوەی ناسنامەسازی لە زانستخوازی بە مانای ئەوە نییە کە توێژینەوەی مێژوویی هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ناسنامە نییە. ئەوەی دەبێت جیا بکرێتەوە، ئامانجی توێژینەوەیە لە کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکانی. توێژەر دەتوانێت بەڵگەیەکی مێژوویی بخاتە ڕوو کە کاریگەری لەسەر تێگەیشتنی کۆمەڵگە لە ناسنامەی خۆی هەبێت، بەڵام نابێت بەڵگەکان تەنها بۆ بەرهەمهێنانی ئەنجامێکی ناسنامەییی پێشوەختە هەڵبژێرێت.

٤٦. لە لاپەڕەی ٢٩٩دا، نووسەر جەخت لە گەڕاندنەوەی بەها بۆ مێژوونووسی دەکاتەوە: ئەو ڕەخنە لەو شێوازە دەگرێت کە مێژوو دەبێتە ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنانەوەی ناسنامە و پاساوهێنانەوە بۆ ڕەوتی دەسەڵات. لە هەڵسەنگاندنی ئێمەدا، ئەم خاڵە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە پرسیاری سەربەخۆییی توێژینەوەوە هەیە. ئەگەر ئەنجامی توێژینەوە لە پێشدا دیاری کرابێت، ئەوا مەترسیی ئەوە هەیە کە سەرچاوەکان تەنها بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو ئەنجامە بەکار بهێنرێن.

٤٧. لە لاپەڕەکانی ٢٩٩–٣٠٠دا، لەشکری ئەرکی بنەڕەتیی مێژوونووسیی ئەکادیمی بە بەرهەمهێنانی ڕەخنەیی زانینی مێژوویی دەناسێنێت، ئەویش بە پشتبەستن بە بەڵگە و سەرچاوە ماددی و غەیرەماددییەکان. ئەم پێناسەیە گرنگە، چونکە مێژوونووسی لە تەنها گێڕانەوەی ڕووداوەکان جیا دەکاتەوە. لە ڕووی زانستییەوە، بەڵگەی مێژوویی نابێت تەنها وەک ماددەیەک بۆ پڕکردنەوەی گێڕانەوەیەکی پێشوەختە بەکار بهێنرێت، بەڵکوو دەبێت بتوانێت خودی گێڕانەوەکەش بخاتە ژێر پرسیارەوە.

٤٨. د. لەشکری لە کۆتاییی وتارەکەدا دژی ئەوە دەوەستێتەوە کە مێژوونووس ببێتە وەستای دروستکردنی ناسنامە. ئەو پێیوایە ئەم ڕۆڵە توانای مێژوونووس بۆ خستنە ژێر پرسیاری تێگەیشتنە جێگیرەکان سنووردار دەکات. ئەمە ڕەخنەیەکی دیاریکراوە لە ئامانج و ڕۆڵی مێژوونووسی، نەک ڕەتکردنەوەی ئەوەی مێژوو لە ژیانی ناسنامەییی کۆمەڵگەدا کاریگەری هەیە. لە هەڵسەنگاندنی ئێمەدا، پاراستنی ئەم جیاوازییە پێویستە بۆ ئەوەی مەبەستی نووسەر بە هەڵە نەگوازرێتەوە.

٤٩. لە لاپەڕەی ٣٠١دا، نووسەر دێتە سەر ئەوەى کە مێژوونووسیی ئەکادیمی نابێت لەسەر گریمانەی بێخەوشیی کۆمەڵگە یان ڕاست و دروستیی بەردەوامی کردارەکانی دەست پێ بکات. ئەو دەیەوێت مێژوونووس بتوانێت هەم دەستکەوت و هەم شکست، هەم هێز و هەم لاوازی بخاتە ژێر لێکۆڵینەوە. ئەم پێوەرە بۆ خوێندنەوەی مێژوویی گرنگە، چونکە ڕابردوو نابێت تەنها لە ڕێگەی شانازی یان سەرزەنشتەوە بخوێندرێتەوە.

٥٠. لە هەمان لاپەڕەدا، لەشکری بەهای مێژوونووس بە توانای بەرهەمهێنانی شرۆڤەی زانستییەوە دەبەستێتەوە، نەک بە ئاستی دڵسۆزیی بۆ گێڕانەوە نەتەوەیییەکان. ئەم خاڵە یەکێک لە ڕوونترین پێوەرەکانی کتێبەکەیە. لە ڕووی هەڵسەنگاندنی منەوە، دڵسۆزیی نەتەوەیی و پابەندبوون بە میتۆدی زانستی بە ناچاری دژ بە یەکتر نین، بەڵام کاتێک بەڵگەکان دژ بە خواست و باوەڕی توێژەر دەردەکەون، ئەوە پابەندبوون بە میتۆدە کە دەبێت ئەنجامی توێژینەوە دیاری بکات.

٥١. لە لاپەڕەکانی ٣٠٢–٣٠٣دا، نووسەر ڕوونی دەکاتەوە کە بوونی مێژوونووسیی ئەکادیمیی بەهێز بە مانای نەمانی گێڕانەوە سیاسی، نەتەوەیی و ئایینییەکان نییە. ئەو دان بەوەدا دەنێت کە ئەو گێڕانەوانە ئەرکی کۆمەڵایەتی و ناسنامەییی خۆیان هەیە، بەڵام مێژوونووسیی ئەکادیمی دەبێت بیانخاتە ناو فەزای ڕەخنەیییەوە. ئەمە جیاوازییەکی گرنگە، چونکە نووسەر داوای سڕینەوەی گێڕانەوە جیاوازەکان ناکات؛ بەڵکوو داوا دەکات هیچ گێڕانەوەیەک بەدەر نەبێت لە پرسیار و پشکنینی زانستی.

٥٢. لە هەڵسەنگاندنی مندا، بەهێزترین خاڵی دوا وتارى کتێبەکەى لەشکرى، ئەوەیە کە جیاوازیی لەنێوان گێڕانەوەی ڕابردوو و زانینی مێژوویی دەخاتە ناوەندی باسەکەیەوە. ئەم جیاوازییە دەتوانێت ببێتە بنەمایەکی گرنگ بۆ گفتوگۆ لەبارەی مێژوونووسیی کوردییەوە. بەڵام پێویستە لە هەڵسەنگاندنی خودی وتارەکەشدا هەمان پێوەر بەکار بهێنرێت: هەر حوکمێک دەربارەی گێڕانەوەی مێژووییی کوردی دەبێت بە نموونە و بەڵگەی دیاریکراو پشتگیری بکرێت و سنووری ئەو حوکمەش ڕوون بکرێتەوە.

حەوتەم: بەهای زانستی، کەموکوڕییەکان و ئەنجامی کۆتایی

٥٣. ئەگەر پێنج وتارەکە بە یەکەوە بخوێنینەوە، دەبینین پرسیارەکانیان لە چەند ئاستێکی جیاوازدا دێن و دەچن: میتۆدی توێژینەوە، ڕۆڵی مرۆڤی ئەکادیمی، بەهای زانستە مرۆڤایەتییەکان، گۆڕانی کۆیاد لە سەردەمی دیجیتاڵیدا و پەیوەندیی نێوان مێژوونووسی و گێڕانەوەی ڕابردوو. ئەم پەیوەندییە بابەتییە لەگەڵ ئەو چوارچێوە هاوبەشەدا دەگونجێت کە نووسەر لە پێشەکییدا دیاری کردووە. بەڵام نابێت لەوەوە ئەنجام وەربگرین، کە کتێبەکە خاوەنی یەک تیۆریی تەواوە؛ چونکە نووسەر خۆی ئەو بانگەشەیە ناکات و ڕەتی دەکاتەوە.

٥٤. لە هەڵسەنگاندنی گشتییدا، یەکێک لە بەهاکانی کتێبەکە ئەوەیە کە خوێنەر بۆ جیاکردنەوەی چەند ئاستێکى زانین هان دەدات: بڕوانامە لە توانای زانستی، وتاردان لە توێژینەوە، بیرەوەری لە مێژوونووسی و ناسنامەسازی لە لێکۆڵینەوەی ڕەخنەیی. ئەم جیاوازییانە بەشێوەیەکی ڕوون لە پرسیار و ئەنجامەکانی کتێبەکەدا دەردەکەون. بەهایان لەوەدایە کە یارمەتیدەرن بۆ تێگەیشتن لەوەی بۆچی هەموو گوتارێکی پەیوەست بە زانست و مێژوو، بە ناچاری زانینێکی پشتڕاستکراوە نییە.

٥٥. بەڵام لە ڕووی ڕەخنەیییەوە، پێویستە جیاوازیی لەنێوان بەهای پرسیار و بەهێزیی بەڵگەدا بکرێت. نووسەر دەتوانێت پرسیارێکی زۆر گرنگ بوورووژێنێت، بەڵام ئەوە بۆخۆی نایسەلمێنێت کە هەموو ئەنجامەکانی لەسەر بنەمای بەڵگەی تەواو دامەزراون. هەروەها، کەموکوڕیی بەڵگە لە بانگەشەیەکی دیاریکراودا نابێت ببێتە هۆی ڕەتکردنەوەی هەموو بەهای هزریی کتێبەکە. هەڵسەنگاندنی دادپەروەرانە دەبێت هەر بانگەشەیەک بەپێی جۆر و بەڵگە و سنووری خۆی بخوێنێتەوە.

٥٦. پرسیارێکی دیکەی ڕەخنەیی ئەوەیە کە ئایا هەموو چەمکە سەرەکییەکانی کتێبەکە بە ئاستێکی یەکسان ڕوون کراونەتەوە؟ چەمکەکانی وەک وەهم، میتۆد، مرۆڤی ئەکادیمی، کۆیاد، ناسنامە و گوتاری مێژوویی هەر یەکەیان مێژوو و بەکارهێنانی تیۆریی خۆیان هەیە. بۆیە لە هەڵسەنگاندنێکى زانستیدا پێویستە بزانین لە هەر وتارێکدا ئەم چەمکانە بە چ مانایەک بەکار هاتوون و ئایا ماناکەیان لە درێژایی باسەکەدا پارێزراوە یان نا؟ ئەمەش پرسیارێکی پشکنینکارییە، نەک حوکمێکی پێشوەختە لەسەر هەڵەی نووسەر.

٥٧. لە ڕووی بەرهەمی تیۆرییەوە، نابێت ئەوەی کتێبەکە پرسیاری گرنگی ورووژاندووە بەو مانایە وەربگیرێت کە تیۆرییەکی سەربەخۆ و تەواوی بەرهەم هێناوە. خودی نووسەر لە پێشەکیدا بەرهەمەکەی بە کۆمەڵێک وتار و تێڕامانی ڕەخنەیی دەناسێنێت. بۆیە پێوەری دادپەروەرانە ئەوەیە کە بپرسین ئەم وتارانە چەندە توانیویانە پرسیارەکان بە ڕوونی بخەنە ڕوو و چەندە خوێنەر بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر ئامادە دەکەن. بەڵام ئەگەر بانگەشەیەکی دیاریکراو بە شێوەی حوکمی زانستی پێشکەش کرابێت، ئەوا پێویستە بە پێوەری بەڵگە و سەلماندن هەڵبسەنگێنرێت.

٥٨. یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی کتێبەکە ئەوەیە کە ڕەخنەى لە ئاستی تاکە کەسدا ڕاناوەستێت، بەڵکوو پرسیاری پەیوەندیی زانین بە دامەزراوە و کۆمەڵگە و گێڕانەوەی ڕابردووەوە، دەورووژێنێت. لە هەڵسەنگاندنی مندا، ئەمە بوارێکی گرنگە بۆ گفتوگۆی زانستیی کوردی. بەڵام بۆ ئەوەی ئەم گفتوگۆیە بەرهەمی دیاریکراوی هەبێت، پێویستە لە ئاستی حوکمە گشتییەکانەوە بگوازرێتەوە بۆ لێکۆڵینەوەی ورد لە دامەزراوە، بەرهەم و گێڕانەوە دیاریکراوەکان.

٥٩. ئایا نووسەر ئامانجەکەی پێکاوە؟ وەڵامەکە دەبێت بە پێی ئەو ئامانجە بدرێتەوە کە خۆی لە پێشەکیدا ڕاگەیاندووە: ئەگەر ئامانج ورووژاندنی پرسیار، پێشکەشکردنی تێبینیی ڕەخنەیی و خستنە ژێر پرسیاری هەندێک وێنە و گێڕانەوەی جێگیر بێت، کتێبەکە چوارچێوەیەکی ڕوونی بۆ ئەو گفتوگۆیە خستۆتە ڕوو. بەڵام ئەگەر پێوەرەکە سەلماندنی ئەزموونیی هەموو بانگەشەکان و بەرهەمهێنانی تیۆرییەکی تەواو بێت، ئەوا ئەمە ئامانجێک نییە کە نووسەر لە سەرەتاوە بەڵێنی دابێت. ئەم جیاوازییە دەبێت لە هەر حوکمێکی کۆتاییدا ڕەچاو بکرێت.

٦٠. لە کۆتاییدا، «وەهمی مرۆڤی ئەکادیمی» کتێبێکی ڕەخنەیییە کە پرسیاری گرنگ دەربارەی بەرهەمهێنانی زانین، ڕۆڵی مرۆڤی ئەکادیمی، بەهای زانستە مرۆڤایەتییەکان و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕابردوودا دەورووژێنێت. بەهای سەرەکییەکەی، لە هەڵسەنگاندنی ئێمەدا، لەوەدایە کە خوێنەر هان دەدات جیاوازیی لەنێوان ناونیشان و توانایی، گوتار و زانین، بیرەوەری و لێکۆڵینەوەی ڕەخنەییدا بکات. بەڵام ئەو داواکارییە ڕەخنەییەی کتێبەکە دەیخاتە ڕوو، دەبێت بەسەر خودی کتێبەکەشدا جێبەجێ بکرێت. ئەگەر نووسەر داوا دەکات هەموو گێڕانەوەیەک بخرێتە ژێر پرسیار، ئەوا گێڕانەوە ڕەخنەیییەکەی خۆیشی لەو پشکنینە بەدەر نییە. ئەمە نە کەمکردنەوەی بەهای بەرهەمەکەیە و نە پاساوهێنانەوە بۆ کەموکوڕییەکانی؛ بەڵکوو پابەندبوونە بەو بنەمایەی کە ڕەخنەی زانستی لەسەری دامەزراوە: هیچ بانگەشەیەک نابێت لە بەڵگە و پێداچوونەوە بەدەر بێت.

پیرۆزبایى لە پڕۆفیسۆر د. لەشکرى دەکەم بۆ ئەم کارە نایابەى.


[1] د. لەشکرى لە سەراپاى کتێبەکەیدا بەدواى شوناسى مرۆڤی ئەکادیمیدا دەگەڕێت، کەچى هەر وشەى ناسنامەى بەکار هێناوە، کە ئەمەش ناکۆکە لەگەڵ ئامانجەکەى: ناسنامە بەڵگەنامەیەکى پیشەیییە و شوناس بەردەوامییەکى مرۆیییە بۆ بوونە ئەوەى دەیەوێت ببێت.

blank
دەربارەی نووسەر
ڕێبوار سیوەیلی

ڕێبوار سیوه‌یلی (١٩٦٨) rebwarsiwayli@yahoo.com بۆ پەیوەندیكردن بە (كۆڕەك، تیلگرام، واتسئاپ): 07504452560

هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە