ژنەفتن ژنەفتن
وتار و بۆچوون

ئایا ئەورووپا دەتوانێت ببێتەوە بە خۆی؟

(خوێندنەوەیەکی تر بۆ وتاری «لەپێناوی ئەورووپا»ی یۆرگن هابرماس)

نووسەر جواد خەلیل
داگرتنی PDF

ساڵی (۲۰۲٥) و ساڵێک پێش مردنی، دوایین فەیلەسووفی قوتابخانەی فرانکفۆرت (یۆرگن هابرماس) لە تەمەنی ۹٥ ساڵیدا، وتارێک بە ناوونیشانی (لە پێناوی ئەورووپا)[1] دەنووسێت، کە تێیدا بەوردی لەبارەی گۆڕانکارییە جیهانییەکان، گۆڕانی سیاسەتی ئەمریکا، شەڕی ئۆکرانیا، داهاتووی یەکێتیی ئەورووپا و مەترسییەکانی لاوازبوونی دیموکراسی و داڕمانی بەهاکانی ڕۆژئاواوە دەدوێت. وتارەکە بەشێوەیەکی گشتی هەڵسەنگاندنە بۆ سیاسەتەکانی دۆناڵد ترامپ و ڕەخنەگرتنە لە شێوازی مامەڵەکردنی ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی؛ هاوکات هەوڵێکیشە بۆ تێگەیشتن لە گۆڕانکارییە قووڵەکانی سیستەمی سیاسیی جیهانی و ئەو قەیرانی واتایەی کە لە پرسی پەیوەست بە پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و دیموکراسی و بەهاکانی ژیاری ڕۆژئاواوە دروست بووە.

هابرماس لەو جێیەوە دەست پێ دەکات کە چۆن ئەورووپا بۆ ماوەیەکی درێژ خۆی بە بەشێک لە ڕۆژئاوای سەرکردایەتیکراو لەلایەن ئەمریکاوە دەزانی. ئەم هاوپەیمانییەتییەش تا ئەم ساڵانەی دوایی(لانی کەم لە ڕووی سەربازی و سیاسییەوە) بنەمایەکی گرنگی سەقامگیریی ئەورووپا بوو، بەڵام ئێستا و دوای چەندین دەیە لەم هاوپەیمانییەتییە کێشەیەکی گەورە سەریهەڵداوە، ئەمریکا کە پێشتر وەک پشتوپەنا و پارێزەری سەرەکیی ئەورووپا سەیر دەکرا، وا خەریکە بە شێوەیەک ڕەفتار دەکات کە بنەماکانی ئەو هاوپەیمانییەتییە دەخاتە ژێر پرسیارەوە. لە دیدی هابرماسەوە، هەڵبژاردنی ترامپ و سیاسەتەکانی ئەم سەرۆکە بازرگانە تەنها گۆڕانێکی ڕووکەشانە نین لە ئاستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا؛ بەڵکوو نیشانەی قەیرانێکی قووڵن کە لە سەردەستی کەسێتییەکی وەکوو ترامپ بەرۆکی دامەزراوە دیموکراتییەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی دەگرێت، لە سایەی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترامپدا ئەوەی پێشتر بەلای ئەورووپییەکانەوە بە بنەمایەکی جێگیر و باوەڕپێکراو دەژمێردرا، ئێستا ئیدی بووەتە مایەی نیگەرانی و نادڵنیایی.

چۆن دەکرێت سیستەمێکی دیموکراسی پێشتر بە جێگیر و بەهێز ناسراوە، بگاتە ئەو خاڵەی کە سەرکردەیەک بتوانێت بنەماکانی و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانی بخاتە نێو زۆنی مەترسییەوە؟ ئەم پرسیارە کە هابرماس لەڕێی وتارەکەیەوە دەیوروژێنێت، زۆر دوورتر لە کەسایەتیی ترامپ دەڕوات و دەگاتە ئاستی گومانی قووڵ لە توانای دامەزراوەکان بۆ خۆپاراستن لە هەر خواستێکی دژەدیموکراتییانەی سەرۆک و ڕۆڵی هاووڵاتییان لە پاراستنی ئازادییە سیاسییەکان و هەڵبژاردنی کەسە شیاوەکاندا.

هابرماس هەوڵی جیاکردنەوەی دیموکراسیی ڕووکەشانە لە دیموکراسیی ڕاستەقینە دەدات، ڕوونە بە ڕووکەش دەتوانرێت دیموکراسی بە بوونی هەڵبژاردن و پەرلەمان و دەستوور و دامەزراوە فەرمییەکان نمایش بکرێت. بەڵام بوونی ئەم دامەزراوانە نابێتە بەڵگەی تەواوی ئەوەی کە سیستەمەکە دیموکراسییە و بە شێوەیەکی تەندرووست کار دەکات. هابرماس ئاگادارمان دەکاتەوە لەوەی دەکرێت هەڵبژاردن بەردەوام بێت و دامەزراوە دیموکراسییەکانیش هەبن، لێ دەسەڵاتی سیاسی بەشێوەیەک کۆ بکرێتەوە ڕۆڵی هاووڵاتییان لە دروستکردنی بۆچوونی گشتی و کاریگەریکردن لەسەر بڕیارەکان لاواز بێت. لەم حاڵەتەشدا، دیموکراسی هەر لە ڕووکەشدا دەمێنێتەوە و  بەشداری ڕاستەقینەی هاووڵاتییان و دامەزراوە دیموکراسییەکان بێ هیچ کاریگەرییەک دەمێننەوە.

 ئەم تێڕوانینە ڕەخنەیەکی بنەڕەتیی هابرماسە لە دیموکراسیی هاوچەرخ، ئایا دیموکراسی تەنها ئەوەیە کە خەڵک هەر چەند ساڵ جارێک بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بدەن، یان دەبێت بەردەوام بتوانن چاودێر بن و ڕەخنە بگرن و لە بڕیارە گشتییەکاندا بەشداری بکەن؟ خۆ ئەگەر وەک دیموکراسییەکەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆڵی هاووڵاتی لە دەنگداندا کورت بکرێتەوە، واتە هەڵبژاردن کە سیمایەکی دیموکراسییە لە ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتەوە دەگۆڕێت بۆ ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی هاووڵاتییان بە دەسەڵات و شەرعیەتدان بە دەسەڵاتدارێکی ستەمکار. ئەمەیە ئەو مەترسییەی کە هابرماس بەشێوەیەکی ڕەخنەگرانە لەژێر ناوونیشانی دیموکراسیی ڕێکخراو و ڕووکەش دەیخاتە ڕوو. هەرچەندە لێرەدا پرسیارێکی ڕەخنەگرانەش دێتە پێشەوە: ئایا دەکرێت هەموو لاوازی و کەموکوڕییەکانی دیموکراسی بۆ بە بەشدارینەکردنی کارای هاووڵاتییان بگەڕێنرێتەوە؟ یاخود نەخێر نایەکسانی لە دابەشبوونی داهات، کۆنترۆڵی میدیا و تۆڕەکان، هەژموونی کۆمپانیا گەورەکان و لاوازی دامەزراوە چاودێرەکانیش ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە؟ لە ڕاستیدا، ئەم هۆکارانە لە یەکدی جیا نین. کاتێک پارە و دەسەڵاتی ئابووری و بازاڕ لە دەستی ژمارەیەکی کەمدا کۆ دەبێتەوە، دەکرێت توانای ئەو کەسانە بۆ کاریگەریکردن لەسەر بۆچوونی گشتی و بڕیارە سیاسییەکان زیاتر بێت. لەو حاڵەتەدا، تەنانەت ئەگەر هەڵبژاردنەکانیش بەشێوەیەکی فەرمی بەڕێوە بچن، هوشیاریی سیاسیی هاووڵاتییان و کارتێکردن لە بیرکردنەوە و جیاکردنەوەی بژاردەکان لە مەترسیدا دەبێت. گرنگی ئەم ڕەخنەیەی هابرماس لەوەدایە کە دیموکراسی لە سنووری دامەزراوە فەرمییەکان دەردەهێنێت و پەیوەندییەکەی بە گفتوگۆ و بەشداری و توانای هاووڵاتی بۆ کاریگەریکردن لەسەر بڕیارە گشتییەکان و ئازادبوونی لە بڕیاردان دەبەستێتەوە.

خاڵێکی هەرە گرنگی وتارەکە، ڕەخنەی هابرماسە لەو ئاراستەیەی کە دەیەوێت سیاسەت بە شێوازێکی تەکنۆکراتی و کۆمپانیایی بەڕێوە ببات. لەو دیدەوە، کۆمەڵگا وەک دامەزراوەیەکی گەورەی بەڕێوەبردن سەیر دەکرێت؛ کێشەکان دەبێت بە خێرایی چارەسەر بکرێن، بڕیارەکان بەپێی کارامەییی سەرکردە بدرێن و بەشداریی سیاسیی خەڵک تا ئەو جێگایە گرنگ بێت کە ڕێگری لە کارکردنی سیستەمەکە نەکات. ئەم شێوازە لە ڕووی کارگێڕییەوە هەندێک سوودی دەبێت، بەڵام لە ڕووی دیموکراسییەوە کێشەیەکی بنەڕەتی دروست دەکات، کێشەی ئەوەی ئایا کارامەییی سەرکردە بەسە بۆ ئەوەی ڕەوایی بداتە بڕیارێکی سیاسی؟ وەڵامی هابرماس بە واتای گشتی بۆ ئەم پرسیارە، نەخێرە، ئاخر بڕیارێکی سیاسی ڕەنگە لە ڕووی تەکنیکییەوە کارا بێت، بەڵام ئەگەر بەبێ گفتوگۆی گشتی و بەبێ ڕەچاوکردنی مافەکان و بەبێ ڕێگەدان بە هاووڵاتییان بۆ ڕەخنەگرتن و پرسیارکردن بدرێت، کارامەیییەکەی بە تەنها ناتوانێت ڕەواییی سیاسیی بۆ دابین بکات. لەبەر ئەوە، مەترسیی دەسەڵاتی تەکنۆکراتی ئەوە نییە کە کەسانی پسپۆڕ و کارامە دەسەڵات وەردەگرن؛ بەڵکوو لەوەدایە کە پرسیارە ئەخلاقی و سیاسییەکان وەک کێشەیەکی تەکنیکی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و بڕیاردان لەسەریان لە دەستی هاووڵاتییان دەربهێنرێت.[2] هەر لەم چوارچێوەیەشدا، ڕەخنەی هابرماس لە پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و کۆمپانیا تەکنەلۆژییە گەورەکان زەقتر دەبێتەوە. ئەگەر بەڕێوەبردنی گشتی دەوڵەت بە شێوازی کۆمپانیایی ڕێک بخرێتەوە و کۆمپانیاکان توانایەکی زۆر بۆ کۆنترۆڵکردنی زانیاری و پەیوەندییە گشتییەکان بەدەست بهێنن،  ئەوا مەترسی کۆنترۆڵکردنی ڕای گشتی و کەمکردنەوەی پانتایی ئازادییە کەسییەکان و ئازادی ڕادەربڕین دێتە ئاراوە.

لە کۆتاییی جەنگی ساردەوە تا قەیرانی ڕۆژئاوا

هابرماس بەشێکی گرنگی وتارەکەی بۆ گەڕانەوە بۆ ڕابردووی نزیکی ڕۆژئاوا تەرخان دەکات. لەو ڕێیەشەوه ئەوە بەدەردەخات، کە چۆن دوای کۆتاییهاتنی جەنگی سارد، هیوایەکی گەورە لەبارەی پەرەسەندنی دیموکراسی، مافەکانی مرۆڤ و دروستکردنی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی بەهاکان دروست بوو، بەڵام ئەم هیوایە هیچ کات بە تەواوی نەهاتە دی. هێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەر، شەڕی دژی تیرۆر، هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق و ڕێگەدان بە هەندێک کردار کە لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتییدا بەتەواوی ناکۆک بوون، هەموویان پێکەوە ئەوەیان دەرخست کە ڕۆژئاواش لە بەرامبەر مەترسیی پێشێلکردنی بەهاکانی خۆیدا پارێزراو نییە. ئەم گەڕانەوەیە بۆ ڕابردوو لە وتارەکەی هابرماسدا هەر بۆ ئەوە نییە تاکو ببێتە پاشخانێک بۆ تێگەیشتن لە سیاسەتەکانی ترامپ، بۆ ئەوەیشە کە ببێتە زلەیەک لەو باوەڕەی کە گوایە ڕۆژئاوا بە خۆکارانە پارێزەری دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤە.

کاتێک دەوڵەتێکی وەکوو ئەمریکا بە ناوی پاراستنی ئازادی، مافە بنەڕەتییەکانی ئەوانی دی پێشێل دەکات، یان بە ناوی بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکی ئەمنییەوە بۆ سەر خۆی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەهاکان پێشێل دەکات، ئەوا پرسیارێکی ئەخلاقیی بنەڕەتی لەم نێوەندەدا سەرهەڵدەدات: ئاخۆ ئامانجێکی سیاسیی ڕەوا دەتوانێت ببێتە پاساو بۆ پراکتیزەکردنی هەندێک کردەی پێشێلکارانە؟ بەلای (هابرماس)ەوە، ئەم کێشەیە لەوە قووڵترە کە دەوڵەتێک یان هێزێکی سیاسی هەڵەیەک دەکات، بەڵکوو ئەوەیە کە دەکرێت ئەو هێزە بەها و بنەماکانی ڕۆژئاوا بەشێوەیەکی هەڵبژێردراو و بە ئاگایانەوە تەنها بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکار بهێنێت، واتا ئەو بەها و بنەمایانە کە دژی ڕکابەرەکانی بەکاریان دەهێنێت و دەیکاتە پاساو بۆ هەژموونداریی خۆی، لە کاتێکدا کە دێتە سەر باسی بەرژەوەندییەکانی خۆی پشتگوێیان دەخات. لێرەدا جیاوازیی نێوان دەوڵەت و هێزی سیاسی و ڕەواییی ئەخلاقی بۆ بەکارهێنانی بەهاکانی ڕۆژئاوا دەردەکەوێت. ڕاستە دەوڵەتێکی وەکوو ئەمریکا ڕەنگە توانای سەربازی و ئابووریی گەورەی هەبێت، لێ ئەو توانایە بەڵگەی ئەوە نییە کە کردارەکانی ئەم زلهێزە جیهانییە ڕەوان یان دادپەروەرانەن. ئەم ڕەخنەیەی هابرماس بۆ هەموو زلهێزەکانی دیکەش ڕاستە، نەک تەنها بۆ ئەمریکا. هیچ دەوڵەتێک نابێت تەنها بەهۆی ئەوەی بانگەشەی پاراستنی ئاشتی و ئازادی دەکات، لە هەڵسەنگاندنی ڕەخنەگرانە بپارێزرێت و پاساو بۆ پێشێلکارییەکانی بهێنرێتەوە.

blank
یۆرگن هابرماس(١٩٢٩-٢٠٢٦) فەیلەسووفی ئەڵمانی

قەیرانی ئۆکرانیا و هەڵوێستی ئەوروپا

یەکێک لە بەشە هەستیارەکانی وتارەکەی هابرماس، شیکارییەکەیەتی بۆ شەڕی ئۆکرانیا و هەڵوێستی ئەورووپا دەربارەی ئەو شەڕه، هابرماس لە لایەکەوە پێداگری لەسەر پێویستیی پاراستنی بوونی ئۆکرانیا و ڕێگریکردن لەوە دەکات کە ئەو وڵاتە ببێتە قوربانیی ڕێککەوتنێکی نهێنی بەبێ ڕاوێژ لەگەڵ خۆی. لە لایەکی تریشەوە، ڕەخنە لەو شێوازە دەگرێت کە شەڕ و بەرگریی سەربازی ئۆکرانیا بەبێ هەڵسەنگاندنی قووڵی مەترسییەکان و بەبێ بیرکردنەوە لە ئەنجامە درێژخایەنەکان بەڕێوە دەچێت.

ئەم دوو هەڵوێستە لە ڕووی لۆژیکییەوە ڕەنگە ناکۆک دەربکەون. چۆن دەتوانرێت ڕەوایی بدرێتە مافی وڵاتێک بۆ بەرگریکردن لە خۆی، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕەخنە لە شێوازی بەرگری و  ئامانجەکان و نەخوێندنەوەی سنوورەکانی توانا و تێچووی مرۆیی و سیاسیی شەڕەکە بگیردرێت. بەڵام لە ڕاستیدا، هابرماس وا لە خوێنەر دەکات خۆی لەبەردەم دوو پرسیاری گەورە ببینێتەوە: چۆن دەتوانرێت لە یەککاتدا هەم مافی ئۆکرانیا بۆ مانەوە و سەروەری خاک و خەڵکەکەی بپارێزرێت و هەمیش مەترسیی فراوانبوونی شەڕ و کوشتار و بەردەوامبوون و زیادبوونی تێچووەکانی شەڕ کەم بکرێتەوە؟

هابرماس لە ڕێی ئەم ڕەخنەیەوە، دەیەوێت ئەورووپا لەو دۆخە دەربهێنێت کە تێیدا ستراتیژیی سیاسیی خۆی بەتەواوی بە هەڵوێستی ئەمریکاوە ببەستێتەوە. ئەو پێی وایە ئەورووپا دەبوو زووتر بیر لەوە بکاتەوە کە ئەگەر سیاسەتەکانی واشنتۆن بگۆڕدرێن، چۆن دەتوانێت بەرژەوەندییەکانی خۆی بپارێزێت! ئەورووپایەک کە بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی پێویستی بە بڕیاری زلهێزێکی تر هەبێت، ناتوانێت بەتەواوی وەک هێزێکی سەربەخۆ لە ئاستی جیهاندا ڕۆڵ بگێڕێت و هەڵوێستی سەربەخۆیانەی هەبێت.

یەکێتیی ئەورووپا؛ لە قورساییی ئابوورییەوە بۆ بوون بە زلهێزێکی سیاسی

هابرماس لە بەشەکانی کۆتاییی وتارەکەیدا پێداگری لەسەر پێویستیی بەهێزکردنی یەکێتیی ئەورووپا دەکات، لە دیدی ئەوەوە، ئەورووپا ناتوانێت بە تەنها پشت بە قورساییی ئابووریی خۆی ببەستێت، ئەگەر نەتوانێت ئەو قورسایییە بگۆڕێت بۆ توانایەکی هاوبەشی سیاسی و ستراتیژی. لە جیهانێکدا کە زلهێزەکان خەریکی هاوپەیمانی نوێن، کۆمەڵێک وڵات کە هەر یەکەیان بە تەنها بڕیار دەدات، ڕەنگە نەتوانن بەشێوەیەکی کاریگەر پارێزگاری لە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان بکەن. دیارە هابرماس بە قووڵی درکی بە گۆڕانی هاوسەنگی هێز لە جیهاندا کردووه، هەربۆیە لە چەندین شوێنی دیکەشدا هەمان بۆچوون دووبارە دەکاتەوە  و پێی وایە جیهان لە قۆناغی گۆڕانکاری بنەڕەتیدایە و ئەمریکا چیتر ناتوانێت وەک هێزێکی سەرەکی جەمسەریی ڕۆڵی خۆی بگێڕێت، لە کاتێدا چین و هێزە ناوچەییەکانی تر دەیانەوێت ڕۆڵی گەورەتریان لە بەڕێوەبردنی جیهاندا هەبێت.[3]

هابرماس بۆ بە زلهێزبوونی ئەورووپا و بوونەوەی بەخۆی، گرفتێکی بنەڕەتی دەخاتە ڕوو: چۆن دەکرێت هێزێکی سەربازیی هاوبەش دروست بکرێت، لە کاتێکدا هەر وڵاتێکی ئەندام هێشتا مافی سەروەریی خۆی هەیە و دەتوانێت لەسەر بەکارهێنانی هێزەکانی بڕیار بدات؟ ئەم پرسیارە زۆر بە قووڵی پەیوەستە بە چەندین کێشەی گەورەوە کە دەبنە بەربەست لەبەردەم پێکهێنانی ئەو هێزە سەربازییە هاوبەشەدا. ڕاستە لەوانەیە وڵاتانی یەکێتییەکە بتوانن لەسەر پێویستیی بەرگریی هاوبەش ڕێک بکەون، بەڵام لە کاتی قەیراندا بێگومان لەسەر ئامانج و هەڵسەنگاندنی مەترسی و شێوازی بەکارهێنانی هێز بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان ناکۆک دەبن، لەو دۆخەدا ئەوە دەبێتە کێشەیەکی قووڵ کە ئایا کێ بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدات و ڕادەی بەدەمەوەهاتنی یەکتری تا کوێ و چەندە دەبێت، بڕیارەکان چۆن ڕەوایی وەردەگرن و چۆن بتوانرێت لە دۆخێکی وەهادا دەسەڵاتی سەربازی لەژێر چاودێریی دامەزراوە دیموکراتییەکاندا بپارێزرێت و ڕێگە لە لادانی بگیرێت.

هابرماس بەرگری لەو ڕاستییە دەکات کە ئەورووپا بۆ ئەوەی ببێتە هێزێکی کاریگەر، پێویستی بە یەکگرتووییی زیاتر هەیە؛ بەڵام بەلایەوە ئەوەش گرنگە ئەم یەکگرتوویییە نەبێتە پاساوێک بۆ کەمکردنەوەی بەشداریی هاووڵاتییان لە بڕیاردان و کۆکردنەوەی دەسەڵات لە دەستی چەند سەرکردەیەک و زیندووکردنەوەی عەقڵیەتی سەربازیی کۆن، بە بیانووی هەبوونی مەترسییەوە. بەو واتایەی ئەورووپا دەبێت لە ڕوویەکەوە توانای بەرگری و کردەی سەربازیی هاوبەشی خۆی بەهێز بکات و لە ڕوویەکی دیکەشەوە بەها و بنەما دیموکراتییەکانی خۆی بپارێزێت. هابرماس بۆیە داوا دەکات ئەورووپا توانای بەرگری سەربازیی خۆی بەهێز بکات، چونکە پێی وایە کە نابێت بۆ هەمیشە پشت بە ئەمریکا ببەسترێت، هاوکات جەختیش دەکاتەوە لەوەی دووبارە چەکدارکردنەوەی ئەورووپا نابێت ببێتە هۆی زیندووکردنەوەی عەقڵیەتی سەربازی و بیرکردنەوەیەک کە شەڕ و توندوتیژی وەک چارەسەری ئاساییی ناکۆکییەکان ببینێت و پێویستە توانای بەرگری لەگەڵ دیپلۆماسی، ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی، چاودێریی دیموکراتی و سنووردارکردنی بەکارهێنانی هێزدا هاوتەریب بکرێت. هابرماس لە مەترسی خۆپڕچەککردن تێدەگات، بۆیە ئەم ئاگادارکردنەوەیە دەخاتە بەردەم ئەورووپیەکان: سەربەخۆییی سیاسی و خۆپڕچەککردن نابێت بە تێچووی لەدەستدانی ئەو بەهایانە بەدەست بهێنرێت کە ئەورووپا بانگەشەی پاراستنیان دەکات.

ئایا ئەورووپا دەتوانێت لەژێر سێبەری ئەمریکا دەربچێت؟

یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی وتارەکە ئەوەیە کە ئەورووپا دەبێت لە باوەڕی پێشووی خۆی دەربچێت؛ ئەو باوەڕەی کە پێی وابوو هاوپەیمانیی ئەمریکا هەمیشە وەک بنەمایەکی جێگیر دەمێنێتەوە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ئەورووپا. لەو سۆنگەیەوە کە گۆڕانکارییە جیوپۆلیتیکییەکان، هەڵکشانی چین و هیندستان، بەهێزبوونی هێزە مامناوەندەکان و گۆڕانی ئاراستەی سیاسەتی ئەمریکا، پێویستیی ئەورووپا بۆ دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی شوێنی خۆی لە جیهاندا زیاتر کردووە.

بە بڕوای هابرماس، سەربەخۆییی سیاسیی ئەوروپا تەنها بە خۆجیاکردنەوەی لە ئەمریکا بەدەست نایەت. ئەورووپا دەبێت بتوانێت بەرژەوەندییەکانی خۆی بناسێت و بڕیاری هاوبەش دەربارەی پرسە گشتییەکان بدات و لە کاتی ناکۆکیدا هەڵوێستی خۆی بە شێوەیەکی ڕوون دیاری بکات، ئەمەش بە مانای دوژمنایەتی لەگەڵ ئەمریکا نییە و سەربەخۆیی و هاوپەیمانی دەکرێت پێکەوە هەبن، بە مەرجێک هاوپەیمانێتیی ئەوروپا لەگەڵ ئەمریکا لە پاشکۆبوون و ملکەچبوون جیا بکرێتەوە. لە ڕوویەکی تریشەوە، ئەگەر ئەورووپا دەیەوێت ببێتە هێزێکی سەربەخۆ، پێویستە پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین، ڕووسیا و هێزەکانی تری جیهان بەشێوەیەکی واقیعی هەڵبسەنگێنێت، نەک تەنها بەپێی دابەشبوونی کۆنی جیهان بۆ دوو بەرەی ڕکابەر و لایەنگیریی بێ چەندوچوون بۆ بەرەی ئەمریکا.

لە کۆی گشتی وتارەکەی هابرماسدا دەتوانین ئەوە هەڵێنجێنین کە ئەمە بانگەوازێکە بۆ ئەورووپایەکی سەربەخۆ، یەکگرتوو و خاوەن توانای گەورەی سیاسی. لێ ئەوەی وەک گومانێک و پرسیارێکی جدی لە پشتی ئەم بانگەوازەوە دەمێنێتەوە، ئەوەیە کە ئاخۆ ئەورووپا بە کردەوە نوێنەرایەتیی بەهاکانی ڕۆژئاوا لە دیموکراسی و ئازادی و ڕێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکات؟ لە ڕاستیدا ئەگەر ئەورووپا دەیەوێت خۆی وەک هێزێکی جیاواز لە سیاسەتی ئەمریکا و ڕوس و چینییەکان بناسێنێت، پێویستە لە کردارەکانی خۆیدا ئەم جیاوازییە بسەلمێنێت. بۆ ئەمەش بتەنێ بانگەشەکردن بۆ مافەکانی مرۆڤ و ئاشتی و دیموکراسی بەس نابێت، لەبری ئەوە ئەو بەهایانە دەبێت لە سیاسەتی دەرەوە و مامەڵە لەگەڵ پەنابەران و پەیوەندییە ئابوورییەکان و هەڵوێست لە بەرامبەر پێشێلکارییەکانی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا بەشێوەیەکی هاوسەنگ بپارێزرێت. خۆ ئەگەر ئەورووپا تەنها کاتێک بەرگری لە بەهاکان بکات کە لەگەڵ بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانیدا بگونجێن، ئەوا چ جیاوازییەکی بنەڕەتی لەگەڵ زلهێزەکانی تردا هەیە؟

ناڕەزایەتییەکانی پاریس؛ ئەوروپا بە شوێنپێی هابرماسدا

ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی ئەم دوایییەی پاریس و چەندین شاری دیکەی ئەورووپا، دەرفەتێکی باشن بۆ تێگەیشتن لە قووڵاییی ئەو قەیرانەی کە هابرماس ئاماژەی پێ دەکات. ئەم ناڕەزایەتییانە، سەرەڕای فرەییی هۆکارەکانیان، بەشێوەیەکی گشتی پەیوەندییان بە نالەباریی گوزەران و لاوازیی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و کێشەکانی سیستەمی پەروەردە و قەیرانی نیشتەجێبوونەوە هەیە، لە فەرەنسادا ئەوەی سەرەتا بە ناڕەزایەتیی خوێندکاران و مامۆستایان دەستی پێ کرد، ئێستا ئیدی فراوان بووە و بووەتە ناڕەزایەتییەکی گشتگیرتر دژ بە گرانبوونی نرخی شمەک و خراپبوونی خزمەتگوزارییەکان و سیاسەتی گشتی حکومەت، لە ئیتاڵیا و ئیسپانیا و پرتوگالیشدا، هەمان هۆکارگەل بوونەتە هەوێنی چەندین خۆپیشاندانی گەوره و ئەورووپا لەنێو دووکەڵێکی گەورەی ئاژاوەی ناوخۆییدایە.

هابرماس لە (لەپێناوی ئەوروپا)دا، کاتێک ڕەخنە لە دیموکراسیی ڕووکەشگەرای هاوچەرخ دەگرێت، جەخت دەکاتەوە لەوەی کە بوونی هەڵبژاردن و دامەزراوە فەرمییەکان بەتەنها بەڵگەی هەبوونی سیستەمێکی تەندرووستی دیموکراسی نین، بەڵکوو دیموکراسی پێویستی بە بەشداری بەردەوامی هاووڵاتییان لە گفتوگۆکانی فەزای گشتی و توانای کاریگەریی دروستکردن لەسەر بڕیارە سیاسیەکان هەیە، بەم پێیە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان دەتوانن ببنە نیشانەی ئەوەی کە بەشێک لە کۆمەڵگە هەست دەکات داواکارییەکانی لە ڕێگەی ئاساییی دامەزراوە سیاسییەکانەوە نابیسترێن.

بەم شێوەیە و بە یاریدەی هابرماس دەکرێت لە دوای بینینی خۆپیشاندانەکانی پاریس و شارەکانی دیکەی ئەورووپا، بپرسین: ئەورووپا چۆن دەتوانێت لە دەرەوە و ناوەوەیدا سەربەخۆ و بەهێز بێت، لە کاتێکدا هێشتا نەیتوانیوە ڕەواییی سیاسیی خۆی لە بەشداریپێکردنی هاووڵاتییەکانی و پاراستنی مافەکانیان و چارەسەرکردنی قەیرانە ئابوورییەکانی خۆیەوە بەدەست بهێنێت؟ ئەوەی ئەمڕۆ لە شەقامەکانی ئەورووپا دەگوزەرێت، دەرفەتێکە بۆ دووباره ‌بیرکردنەوە لە دیموکراسیی ناوخۆییی ئەورووپی و ئەو پەیوەندییەی کە دەبێت لەنێوان دەسەڵات و هاووڵاتییاندا هەبێت‌، کارێک کە هابرماس بە هەنگاوی یەکەم بۆ بەهێزبوونەوەی ئەورووپای دەزانی.

 ئەگەر وتارەکەی هابرماس لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکانی ئەم دوایییە بخوێنینەوە، ئەوا دەبینین گرنگییەکەی بەتەنها لەوەدا نییە کە ئەوروپا ئاگادار دەکاتەوە لە مەترسییەکانی پشتبەستن بە ئەمریکا، بەڵکوو گرنگییەکەی لەو هۆشداریدانە بەردەوامانەشیدایە بەوەی کە ئەورووپا مەحکومە بەوەی ببێتە چ جۆرە زلهێزێک و بە چ بەهاگەلێکەوە دەبێت بوونی خۆی لە جیهاندا بسەلمێنێت! ئەورووپایەک کە لە مێژووی نوێی جیهاندا، هەمیشە هەوڵی داوه خۆی وەک ناوەندێک بۆ دیموکراسی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و سەروەری یاسا بناسێنێت، ناکرێت لە ڕێی پشتگوێخستنی بەهاکانی خۆیەوە، جیهان بەرەو نائومێدی ببات، ئەورووپا نابێت ببێتە کۆپییەکی ئەوانی دی، بەڵکوو دەبێت ببێتەوە بە خۆی و وەک نموونەی دیموکراسی و ژیان لە بەرامبەر جیهانێکی لێکترازاو و شەڕەنگێزدا بوەستێتەوە.


[1] هابرماس، یورغن: لاجل اوروبا، ترجمة و تقديم: عبدالحمید محمد، مجلة حكمة، ۲۹ ماییو/ایار ۲۰۲٥.

[2] هابرماس لە کتێبی (زانست و تەکنیک وەک ئایدۆلۆژیا) کە کۆمەڵە وتارێکە و لە ساڵی ۱۹٦۸ بڵاو کراوەتەوە، باس لەوە دەکات کە کاتێک زانست و تەکنیک دەبنە هێزی ڕێکخەری کۆمەڵگە، بڕیارە سیاسییەکان لەژێر کاریگەریی هێزە ئابووری و تەکنیکیەکاندا دەدرێن، نەک بە ڕەچاوکردنی گفتوگۆ لەگەڵ هاووڵاتییان و پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی، ترسی هابرماس لەوەدا بوو کە عەقڵانیەتی تەکنیکی ببێتە ئامڕازێک بۆ پاراستنی دەسەڵات نەک ئازادکردنی مرۆڤەکان و ڕێگەدانیان بە بەشداری کارا لە بڕیارەکانی حکومەت، دوای زیاتر لە نیو سەدە، دەبینین هێشتا هەمان مەترسی خۆی دەخاتەوە ڕوو. بڕوانە: (هابرماس، یورغن: العلم والتقنية ك “ایدولوجيا”، ترجمة : حسن صقر، منشورات الجمل، المانیا، ۲۰۰۳).

[3] هابرماس، یورگن: از این جا به بعد باید تنها ادامه دهیم، ترجمه: جلال رستمی گوران، رادیو زمانه، ٢٧ ازر ۱۴۰۴.

blank
دەربارەی نووسەر
جواد خەلیل
هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە