قومێ کانی

بەبێ هیچ دوودڵییەک، هەموو ئەو پلان و بیرۆکانەی بە درێژاییی ئەو چەند مانگەی ڕابردوو لێرە و لەوێ بۆ نووسینی ئەم چیرۆکە لە موبایل، کۆمپیوتەر و دەفتەرەکان و زەین و یادگەمدا یاداشت و تۆمارم کردبوون، سڕینەوە. بەرەو بیرۆکە و پلانێکی دیکەی زۆر جیاواز ڕۆیشتم، بیرۆکەیەک خەیاڵ و زمانمی ختووکە دەدا، بیرۆکەیەک ئاراستەی کردم، سەرەتا هەموو پلان و بیرۆکە و سەرەقەڵەمەکانی پێشتری پێ سڕیمەوە، هەموو ڕاستییە ئاشکرا و نائاشکراکانی لە یادگە و زەینمدا سڕییەوە، بە جۆرێک سڕینەوە کە ئەگەر خودی ئەو کەسەش کە ئەم چیرۆکە لەبارەی ئەوەوەیە خوێندیەوە، دوای جارێک خوێندنەوە بۆ جارێکی تر قەڵەمێک بەدەستەوە بگرێ هێڵ بە ژێر ئەو ڕستە و دەربڕین و ئاماژانەدا بهێنێ کە پێی وایە لەبارەی خودی ئەون. یان (هەر وەک بە مێشکی ئەو خوێنەرانەی هەموو نووسینێکی کوردی بە زەینێکی ئامادەی ڕەخنە و پەڵپەوە دەخوێننەوە)[1] گەر لە موبایلەکەیەوە خوێندیەوە، بە سکرین و ڕەنگ و هێڵ و بەکار‌هێنانەکانی دیکە دەستنیشانیان بکات و دوایی بڕیار بدات ئاخۆ ئەمە لەبارەی ئەوەوەیە، خودی ئەو کارەکتەری سەرەکیی ئەم چیرۆکەیە. یانژی نا. بیرۆکەیەک کە بە بیرمدا هاتبوو زۆر زووش بەرەو ڕووی چووم، ئەوە بوو کە ئەو لە خەوەکانمدا، لەو خەوانەی هەندێکیان لە دنیای “ئالان پۆ” دەچوون و ‘ئالان پۆ’ خۆیشی لە خەوەکانمدا لە گۆشەی ناندینێک دانیشتبوو و چاودێریی ئەو خەوانەی دەکرد کە لە دنیای ئەو دەچوون. هەندێکیان تێکەڵەیەک بوون لە شیعرەکانی ئەلیۆت و ئەزرا پاوەند، لە شیعرێکی تێکەل و پێکەڵی دووقۆڵی دەچوون، چامەیەک پڕ لە ئیرەیی و تێهەڵکێشێک لە ئایین و ئەفسانە و دنیای لیبرالیزمی نوێ. لاپەڕەیەکی داوای گەڕانەوە بۆ رابردوو و لاپەڕەیەکی بێمانا و بێتام، لاپەڕەیەک پڕ لە هەوراز و لاپەڕەیەکی هیچ کامیان نەبوون. هەندێکیشیان لە چیرۆکەکانی بۆرخیس و دنیا پێچەڵپێچ و سپییەکەی ئەودیوی چاوە زۆربیناکانی خودی بۆرخیس دەچوون. ئەو خەوانەی بە ئینگلیزی لە شەقامەکانیدا، لە کوچە و کۆڵانەکانیدا پیاسەم دەکرد و بە ئینگلیزی تووڕە دەبووم، بە ئینگلیزی شیعرم دەنووسی، بە ئینگلیزی پێدەکەنیم. بە ئینگلیزی سێکسم دەکرد. بە ئینگلیزی قاقا پێکەنیبووم، بە ئەکسێنتی یاکناپاتافە چیرۆکم نووسی، چیرۆکم نووسی بوو، پێشتر بە دەنگی بەرز گێڕابوومەوە، پێشتر بە دەنگی بەرز دەمگێڕانەوە، ئینجا دەمنووسین، دەمنووسین و ئینجا بە دەنگی بەرز دەمخوێندنەوە. لە چیرۆکێکدا ئەو کۆیلەکانی ئازاد دەکردن، لە چیرۆکیکی تردا ئەو خەباتی بۆ ئازادیی خۆی و کۆیلەکانی دەکرد، ئەو هەمیشە یاخی و پاڵەوان بوو. بە پێچەوانەی خۆی، ئەو نەک لەو چیرۆکانە و لەو خەوانەمدا کە بە ئینگلیزی دەمنووسین، لەو داڵغانەش کە لە کاتی پیاسەکانمدا ڕۆژەکانمم پێ جوانتر دەکردن، هەمیشە پاڵەوان و یاخی بوو. لە خەوەکانمدا دەیان چیرۆکم نووسین. من نەک خەوی ئینگلیزی، خەوی بولگاری و پورتوگالیشم بینیوە. ئەمە لەو دەستە و پۆلە بیرۆکانە بوو کە هەمیشە وەک داوێک بۆ خۆمم دادەنانەوە، وەک جۆرێک ئالینگاری کە شەڕی ترس و خەمۆکی و ڕەشبینییەکانی خۆمی پێ بکەم. من ئاوام بە هەموو شێوەیەک شەڕ بە خۆم دەفرۆشم، چۆن چڕنۆک لە ڕوومەتم دەگرم، ئاواش تیژتر و بڕەرتر چڕنۆک لە ڕۆحم و لە هەستەکانم، تەنانەت لە ناسکترین و ڕاستگۆترین هەستەکانم و، لە بەوەفا و بەئەمەکترین هەستەکانم دەگرم. بە گێڕانەوەی هەندێ دیمەنی نێو ئەو خەوانە جگە لەوەی دەمویست خۆم بدەمە بەر چڕنۆک و خۆم بریندار بکەم، دەمویست خۆم بدەمە بەر نەفرەتەکانی خۆم، خۆم جنێوباران بکەم و، زمان لە هەموو دەمپیس و مەلا و مامۆستا و شەقاوە و پۆلیس و قاچاخچییەکان قەرز بکەم و تا بە باشترین شێوەی شیاو خۆم سەرکۆنە بکەم، خۆم سەزنشت بکەم، دەشمویست بە خۆم بسەلمێنم کە جگە لەوەی دەتوانم زمانی کوردی ڕام و ماڵیی نێو نووسینی خۆم بکەم، گێڕەرەوەیەکی زۆر شارەزاشم. گێڕەرەوەیەک کە دەزانم و دەتوانم ناو لە هەموو کابووس و مۆتەکەکانی تاریکی بنێم و لەگەڵیاندا بژیم و لەگەڵیاندا هەڵبکەم، داڵانەکانی نێو زەینم تا ئەوسەری دۆزخ درێژ بکەمەوە، بەڵام کرم یان ڕاستتر بڵێم دەعباکانی نێو زەین و خەیاڵ و زمانم ختووکەیان دەدام تا ‘ئەو’یش بخەمە نێو داوەکە، یانی داوەکە بۆ خۆم نەبێ بەتەنیا، بۆ ئەویش بێت، ئەوێک کە هەم کارەکتەری سەرەکیی چیرۆکەکەیە و هەم خوێنەر و بەردەنگی سەرەکیی چیرۆکەکە. دەمویست چۆن من وەک کارەکتەر بە داڵان و پێچەڵپێچەکاندا دەیبەم و دەیهێنم، لە کاتی خوێندنەوەشی هەر وا بێت و بچێ. بێت و بچێ و بێ و بچێت و بێت و بچێ، هێندە بە دوای خۆیدا بگەڕێ کە دواجار یان بڵێ “ئەمە هەمووی منم” و یان هاوار بکات “ئەمە هیچی من نیم”. بەڵام لە هەردوو بارەکەدا هەم شاگەشکە بێت و هەم ڕابچەنێ. ڕستەیەک بزە بخاتە سەر لێوە تەنکەکانی و ڕستەی دواتر نێوچاوانە زۆر ئینسانییەکەی پڕ بکات لە لۆچ و، لۆچەکان بژمێرێ. کاتێ خەوەکانم بە بیری خۆم دەهێنایەوە، لەم دیمەنەوە دەپەڕیمەوە سەر دیمەنی خەوی نیوەشەوێکی تر، لە خەوی دەمەوعەسرێک بازم دەدا بۆ خەوی دەمەوبەیانییەکی کپ و مات. خەوەکان تێکەڵ دەبوون، لێک دەئاڵان، بەشێکی ئەمیان لەگەڵ دیالۆگێکی ئەوی دیکەیان لێکگیر دەبوون، کۆڵانێکی ئەویان لەمسەرەوە دەچێتە سەر شەقامێکی ئەوی تریان و لەوسەرەوە لە کۆڵانێکی خۆیدا سەری دەردەهێنا، تێکەڵ بووبوون لە پەنجەرەیەکی خەوێکی خۆشەوە سەیری کۆڵانێکی خەوێکی ناخۆشم دەکرد، تا ئەوەی نەک بەس سەرم لێ تێکچوو، خۆمم لی تێکچوو، هەموو بیر و خەیاڵی خۆم گوشی، هەڵسام و بەلەزتر لە هەمیشە دەفتەرێک و قەڵەمێکم هێنا، یەک بە یەک و زۆر بەپەلە دیمەنەکانم لەژێر هەندێ کۆد و ژمارەدا نووسینەوە، کۆد و ژمارەکان لە پیتەکانی پێکەنین و بزە و ژمارەی تەلەفۆنەکەی ئەو پێکهاتبوون. بەڵام هەندێک لەو دیمەنانە ڕاستی بوون و خەو نەبوون، هەندێکیان ڕووداوی زەینی بوون، لەو ڕووداوانە بوون کە لە سێ تا پێنج چرکە لە زەیندا ڕوو دەدەن و کە بەئاگا دێیتەوە ناتوانی باوەڕ بهێنی کە ئەو هەموو ڕووداوانە لە سێ چوار پێنج چرکەدا لە زەیندا ڕوویان داوە و، هەم بە ڕاستی ڕوویان داوە و هەم ڕوویان نەداوە، ڕوویان داوە و ڕوویان نەداوە، ئەو هەموو ڕووداوە، ئەو هەموو خوێنە، ئەو هەموو جارە خۆکوشتنە، خۆفڕێدانە، حەب خواردنە، تەق گوللەیەک بە کەللەی خۆتەوە نانە، بە قورگتدا نانە، خۆهەڵدانە بەر لۆری و خۆخستنە خوارەوەیە، ئەو هەموو خوێنە، فرمێسکە، ئەو هەموو هەستە تێکەڵوپێکەڵە، لە یەک کاتدا ترس و بێباکییە، ئەو هەموو چی و چییە، ئەو هەموو خەون و خەوە، ئەو هەموو چی و چییە پێکەوە لە سێ چوار پێنج، تۆ بڵێ شەش چرکەدا ڕوویان داوە، ئەو هەموو خزم و کەس و هاوڕێ و هاوسێ، ناسراو و نەناسراوە، ئەو هەموو هاوخوێن، هاووڵاتی، هاوکۆڵان، هاوشەقام، هاوخەون و هاوخەوەی لەسەر گۆڕەکەتن. چۆن دەکرێ ئەو هەمووە لە سێ چوار پێنج شەش، ئێوە بڵێن حەوت چرکەدا ڕوو دەدەن. ئەو هەموو ڕووداوە، ئەو هەموو دیمەنە، ئەو هەموو سیمایە، ئەو هەموو گۆشەنیگایە، خەوە، خەونە، ئەو هەموو هەمووە. ئەو هەموو هەمووە. ئەو هەموو هەرچی هەیە و نییەیە، لەنێوان خەوەکان و ڕاستییەکان و خەیاڵ و داڵغەکان و ئەو هەموو هەمووەدا، ئەو هەموو حاڵەتە زەینییانەدا و نووسینی چیرۆکێک لەبارەی ئەودا پەشۆکاو و سەرگەردان بووم. بیرم کردەوە چۆن خۆم دەرباز بکەم، چۆن خۆم لەم تاریکستانەی بە دەستی خۆم، بە زەین و خەیاڵی خۆم، بە ویستی خۆم بۆ خۆمم دروست کردووە، دەرباز بکەم. بیرم کردەوە زمان چ کەتنێک بە مرۆڤ ناکات، بیرم کەوتەوە خەیاڵ مرۆڤ بەرەو کوێ نابات. بیرم کەوتەوە کە من چەندە ڕقم لە گێڕانەوەی خەوە، لەگەڵ ئەوەی هەمیشە ویستوومە ببمە چیرۆکنووس و چیرۆکنووسیش دەبێ چەند گوێی تر قەرز بکات بۆ گوێگرتن لە چیرۆک و خەون و خەو و خەیاڵ و فانتازیا و تەنانەت درۆکانی ئەوانی دیکە، بەڵام من هەمیشە گێڕانەوەی خەو وەڕسی کردووم، نەک گوێم نەگرتووە تەنانەت بە درۆشەوە سەرم بە نیشانەی گوێم لێتە، نەلەقاندووە. بیرم هاتەوە کە هەر خەو بووبووە هۆی تاریکی و دووری نێوانمان، نێوانی من و ئەو. گێڕانەوەی خەوێک. یەک خەوی حیز. بیرم کەوتەوە ئەوەش کە گێڕامەوە سەرچاوەکەی خەو نەبوو، هەستێکم بوو لە شێوەی خەو بۆم گێڕایەوە، هەستێکی حیز، ئەویش بە پێکەنینەوە بۆ ئەوەی بە درۆم نەخاتەوە، درۆی خستە سەر درۆکەی من. بیرم کەوتەوە ڕۆژێ زۆر بە لەخۆبایییانەوە وتبووم من هێند شاعیرم خەوەکانم دێنە دی. بیرم کەوتەوە درۆ و خەو، درۆکردن بەدەم خەوەوە، یان ڕاستتر بڵێم بە درۆکردن بەدەم ئەو و خەوەوە هەموو شتێکم تێک دا، هەموو شتێک، زۆر باش دەمبینی چۆن تێکم دا، کوێر نەبووم زۆر باش دەمبینی چۆن تێکم دا، چۆن ڕووخاندم. ئەمەیانم هەمیشە لەبیرە. بڵێی نەڵێی هەمیشەیییە، پێم خۆش بێ یان نا هەمیشەیییە، هەمیشە لە هەر ڕووخاندن و خاپوورکردنێکدا من دەستم هەبووە، هەمیشە دەستێکم لە هەموو ڕووخاندن و خاپوورکردن و تێکدانێکدا هەبووە، ڕاستییەکەی خۆم ئەو دەستەی خۆمم کە بەشداربووە لە خاپوورکردن و تێکدان و ڕووخاندا خۆش ویستووە و خۆش دەوێ، هەر ئەو دەستەش بووەتە کۆڵەکەی پشتم و منی هێشتووەتەوە، منی بە دژی هەموو سیستەمەکان، هەموو مامۆستا و پۆلیسەکان یاخی و سەرکێش بە پێوە هێشتووەتەوە، هەر ئەو دەستەم هاوکاری هاوڕێکانمی کردووە. لەگەڵ ئەوەی زۆرینەیان نەیاندەزانی بەڵام هەموو یارەکانم عاشقی ئەو دەستەم بوون. هەر ئەو دەستە بووە فریادڕەسم و منی برد بەرەو لەخۆڕا تۆران و بیانووگرتن، بێ هۆ تێکدانی هەموو شتێ، هەموو سفرەیەک، هەموو سەیران و گەشتێک، هەموو هاوڕێیەتییەک، هەموو ناشیرینییەک. هەموو جوانییەک کە ماسک بوو. هەموو ماسکێک کە خۆم بووم. هەموو خۆمێک کە ماسک بوو. بەڵێ تا گەیشتە ئەویش، من ئەویشم ڕووخاند، ئێستاش زۆر باش بۆنی ئەو وێرانەیە دێت بە لووتمدا، بە زەینمدا، بە یادەوریمدا. بیرم کەوتەوە چۆن بە دەنگی ئەو وێرانکردنە خەبەرم دەبوویەوە، چۆن ئەو کاولکردنە لە گوێیەکانمدا دەزرگانەوە، چۆن هەر ئەو کات قریشکە و نووزانەوەی خۆمم دەبیست. بیرم کەوتەوە یەک خەوی درۆ، دیارە دیسان بیرم چوو هەر لە سەرەتاوە بڵێم من قەت خەوم نەگێڕاوەتەوە مەگەر بە درۆ، هەستەکانم بە درۆ حکایەتی خۆیانیان پێ دەگێڕامەوە، هەمیشە وا بووە، هەستەکانم پلانداڕێژەری هەموو درۆکانمن، هەستەکانم خەوی سەیر و سەمەرەیان پێ داتاشیوم، هەست و خەیاڵەکانم نەک خەو، واقیعیشیان بە کەیفی خۆیان پێ داتاشیوم و منیش بە دەنگی بەرز نمایشم کردوون و گێڕاومنەتەوە. بەڵام ئەم خەوەیان بووە هۆی دەیان خەوی تاریک و ترسناکی ڕاستەقینە، بووە هۆی ڕووداوگەلێکی زەینی سێ چوار پێنج چرکەییی ئاڵۆزی پڕ پێچەڵپێچ. بیرم کردەوە گەر دیسان درۆ هەڵبەستم چی، بیرم کەوتەوە ترسام خودی خەوەکانیشم لێ تێک بدا، خەوەکانیشم لێ تێک دەدات هیچ، نە خۆم لە ئالینگارییەکان دەردەچم، نە ئەو، بیرم کەوتەوە و ترسام، بیرم کەتەوە و لەرز هەموو جەستەمی داگیر کردبوو. بیرم لەوە دەکردەوە کاتیەتی بەڵێنێك، بڕیارێک بدەم، بەڵێنم بە خۆم دا ئیتر جارێکی تر درۆی وا هەڵنابەستم درۆی وا داناتاشم، بیرم کردەوە ئەم بەڵێنە چۆن هەموو کردەوەکانی ئەو دەستەشم بە فێڕۆ نادا، ئەو دەستەم دەڵێم کە دەستی لە پشتمە، ئەوەی ڕقی لە پۆلیسە، پۆلیسی پاریس بێت یان تاران، بەرلین بێت یان هەولێر. ئەو دەستەم کە هەموو مامۆستاکان ناتوانن ڕازیم بکەن ئەوان و پۆلیسەکان لە یەک بەرە نین. بیرم کەوتەوە هێندەی خەیاڵم سەرقاڵی داتاشینی درۆیەکی وا بکەم، دەتوانم چیرۆکێک بگێڕمەوە، ئاسانتریشە بەڵێ ئاسانترە، هیچ چیرۆکێک لە سێ چوار پێنج چرکەدا هێندە مۆتەکە و جنۆکە و مرۆڤ و مشەخۆر و سیستەمە جۆراوجۆرەکان تێیدا تەراتێن ناکەن و تاریکی و شەو و خەوزڕان و دڵەکووتە و خەم و خەفەت تێیدا ڕوو نادەن. بیرم کردەوە لەگەڵ ئەو بەس یەک خەوم داتاشیوە، هەر ئەو خەوە، یەک خەو و بەس. بەڵام پێشتر دەیان خەوم بە درۆ گێڕاونەتەوە. دەیان خەوی دیکەشم لە زەینمدا داتاشیون بەڵام نەمگێڕاونەتەوە، گەر بمەوێ ڕاستی بڵێم، کە ئیتر ناچارم ڕاستی بڵیم، گەر ڕاستییەکەش تۆمار نەکرێت و بەس زەینی بێت یان وەک ئەوە وا بێت کە بەس بۆ خۆمی بڵێمەوە، دەبێ بڵیم وا بزانم نەمگێڕاونەتەوە. ئێستا کە بیری لێ دەکەمەوە شەو هەبووە بەر لەوەی بخەوم دەیان خەوم بەس بۆ ئەو شەوەی کە هێشتا نەخەوتووم داتاشیون تا سبەینێ کە بەخەبەر هاتم یەکێکیان بۆ کەسێك بگێڕمەوە. ڕقم لە گێڕانەوەی خەو بوو و بەڵام هەموو شەوێک بەر لە خەوتن دەیان خەوم هەڵدەبەستن. لەو خەوە داتاشراو و هەڵبەستراوانەی زەینم زۆرن کە بەر لەوەی بیانگێڕمەوە هاتوونەتە دی، یان کەسێکی تر نیوە یان بەشێکی زۆری گێڕاونەتەوە. من قەت خەوێکی ڕاستی خۆم نەگێڕاوەتەوە. بیرم کەوتەوە یان بیرم هاتەوە کە شەوێک پاش دەیان تەپاوەتل و گینگڵ لە نوێنەکەم هەڵسام و دەستم بە نووسینی نامەیەک کرد تەنیا لە ڕستەی یەکەمدا هەواڵ پرسین و دڵتەنگی بوو، هەموو ئەو نامە دوورودرێژەی کە تا سپێدە بێوچان دەمنووسی هەمووی خەوی هەڵبەستراو بوون. هەرگیز خەوێکیم نەگێڕاوەتەوە کە پێشتر لە خەودا بینیبێتم. دوای سێ چوار پێنج تۆ بڵێ شەش چرکە. بیرم کەوتەوە دەبێ من شتێکی تر بگێڕمەوە خەوی تیا نەبی، شتێ هەستەکان ڕێگەیەکی تریان دۆزیبێتەوە بۆ خۆنواندن. وتم با بچم، یانی بە خۆمم وت با بچم جگەرەیەک بکێشم بەڵکوو بتوانم بگەڕێمەوە دەستپێکی چیرۆکەکە. هەر زوو بیرم کەوتەوە، من هەر لێرە جگەرە دەکێشم، هەر لەسەر ئەم کورسییە و لەپشتی ئەم مێزە جگەرە دەکێشم، بە دیار ئەم خەم و خەفەتەوە جگەرە دەکێشم، هەر ئەوەم بۆ ماوەتەوە. مژێک دوو سێ، تۆ بڵێ پێنج مژم لە جگەرەکە دا، بڵێ دە مژ، واش دانێین دە جاریش کۆکیوم، ئەسڵەن هەر جگەرە ناکوژێنمەوە و جگەرە بە جگەرە دادەگیرسێنم. قونگە جگەرەکانی نێو تەپڵەکەکە دەژمێرم، دوانزە سیانزە چورادە. بیرم کەوتەوە من دەتوانم چواردە جۆر، بە چوارە شێواز، وەك کەسێک بە شەوێک چواردە خەوی پچڕ پچڕی بە جارێک بینیبێت. وەک هەموو پەنجەرەکانی دنیا بە ڕوومدا کرابنەوە دەتوانم لە چواردە گۆشەنیگاوە ئەم چیرۆکە بگێڕمەوە، بە چواردە شێوازی جیاواز، تەنانەت گەر خەو و خەوەکانیش یەکێ لە خۆراکەکەی نەبن. بیرم کەوتەوە تا ئەو خووە تەرک نەکەم من ناتوانم هیچ بنووسم. بەڵام دەمتوانی بنووسم، چیرۆک چییە دەمتوانی ڕۆمانێک لەسەر ئەو سێ چوار پێنج چرکەی ڕووداوەکانی زەینم بگێڕمەوە. ئەو ڕووداوە زەینییەی من یانژی با بڵێم ئەو ڕووداوە زەینییانەی من دەکرا بۆ هەر ڕۆماننووسێکی پۆلیسی ببێتە هەوێنی ڕۆمانێک و ئەو ساڵە بە ئیسراحەت پاڵ کەوێ. سێ چرکەی زەین یەک ڕووداو نییە، چوار چرکە زۆر درێژتر و پڕڕووداوتر و مەزنترە، دەڵێم پێنج چرکە، تا تۆ دڵت شتێ نەکا، ئاخر من وتم سێ، وتم نەکا تۆ دڵت شتێ بکا، وتیشم چوار، وتم با دڵت شتێ نەکا، وتیشم پێنج، نا وتم تۆ بڵێ شەش.. بیر دەکەمەوە دەڵێم بۆ من ترسناکە سێ بکەمە شەش، تۆ وا دەزانی باسی سێ مانگ و شەش مانگ، سێ ساڵ و شەش ساڵ دەکەین، بەڵام سێ چرکە زۆر درێژترە لە شەش ساڵ. بیر دەکەمەوە بۆ ترسم لە تێنەگەیشتنی بەردەنگ هەیە، بیرم دەکەوێتەوە ئەو بە تەنیا خۆی کارەکتەری سەرەکیی ئەم چیرۆکەیە و هەر خۆیشی بەردەنگی سەرەکییەتی. بیرم دەکەوێتەوە من چیرۆک دەگێڕمەوە یان نامە دەنووسم، نە دەمەوێ چیرۆک بگێڕمەوە نە نامە بنووسم، نامە بنووسم، نامەکە پڕ دەبێ لە خەوی هەڵبەستراو و بەخۆداهەڵدان. ئێستا چیرۆک دەگێڕمەوە یان وەک یەکێ لە حەزە هەمیشەیییەکانم بە دەنگی بەرز چامەیەک لە چامەی یەکێ لە شاعیرەکانمان دەخوێنمەوە. بیرم دەکەوێتەوە من بە دەنگی بەرز شیعر بخوێنمەوە پڕ دەبمەوە لە خەو و خەون، پڕ دەبمەوە لە فانتازیا و درۆ، وشە بە وشە ڕاڤەی دەکەم، قسەی لەسەر دەکەم، خوێندنەوەی بۆ دەکەم، دەبزوێم و هەر جارێک لە گۆشەیەکەوە لێی دەڕوانم. پشوویەک بە بەردەنگەکانم دەدەم، پشوو دەدەن و ڕادەمێنن. دەست دەکەم بە قسە، دەڵێم سەیرکەن، ئەم وشەیە مەبەستی لەوەیە، ئەم ڕستەیە دەیەوێ وا بڵێ، ئەمەش دەڵێ، گەر باشتر لێ وردبینەوە ئەمەش دەڵێ و، ئەوە هەڵەی نژوە نییە و شاعیر بە ئەنقەست ئەو هەڵەیەی کردووە. بۆ شیعرێکی وا دەگەڕێم لێرە لەبریی هەموو شتێک داینێنم. بیرم کەوتەوە من ناتوانم سکێچێ، فیگۆرێ، وێنەیەک لەو پیشان بدەم، بەڵام دەبێ لە کوێوە دەست پێ بکەم. کاتێ باشتر بیر دەکەمەوە، کە قەت ناتوانم باشتر بیر بکەمەوە، من بەس بیر دەکەمەوە و باش و خراپی بیرکردنەوەم بۆ جیا ناکرێتەوە. بەڵام هەمیشە هەوڵێکم هەبووە بۆ ئەوەی کەمێک باشتر بیر بکەمەوە. ئێستا کە کەمێک باشتر بیر دەکەمەوە، هەمیشە ئەو کاتەی کە بڕیارم داوە کە کەمێک باشتر بیر بکەمەوە خۆم لەنێو داتاشینی خەوەکاندا دۆزیوەتەوە. خەو گەر داتاشراویش نەبێ هەر درۆیە، گەر درۆش نەبێ هەر هەڵبەستراوە. دەست بە دەموچاومدا دەهێنم و بیرم کەوتەوە پێم وتبوو دابڕێین ئەم قومی کانییە دەمکوژێ. ئەو بە پێچەوانەی خەوەکانم “پرۆست”ییە. بە پێچەوانەی نووسینەکانی خۆی، ئەو “پرۆست”ییە. بیرم کەوتەوە ئەو پرۆستی خوێندووەتەوە، پرۆستی خوێندبوویەوە، بیرم دەکەوێتەوە وتبووی پرۆستم خوێندووەتەوە، بیر دەکەمەوە ئەو پڕ بوو لە کاتی پرۆستی، لە ساتی پرۆستی، لە بۆنی پرۆستی.

بەهاری ٢٠٢٢


[1] پێم وایە ئەمە سێندرۆم(کۆنیشان)ە، سێندرۆمە هەر دەستت کرد بە خوێندنەوە بۆ ڕەخنە و پەڵپ بگەڕێی، بۆیە دەگمەنن ئەوانەی کە کتێبی کوردی دەگرن بەدەستیانەوە و بە کوردی دەخوێننەوە باسی چێژی خوێندنەوە بکەن. بۆیە ئەمە ناو دەنێم سێندرۆمی پەڵپ.