نەرێت و زانست

پوختە:

ئەم توێژینەوەیە باس لە گرنگیی نەرێت و زانست لە پنتێكی هاوبەشدا دەكات، ئەمەش بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو بۆچوونانەی نەرێت وەك دژی زانست پێناسە دەكەن. باسەكە لە سێ بەشدا دەخرێتە ڕوو: یەكەم ڕوانگەی باوی كورد بۆ زانست و نەرێت، كە هیشتاكەش ڕوانگەیەكی كۆڵۆنیاڵیستانەیە و تیایدا زانست وەك چالاكییەكی پێشكەوتوو و نەرێت وەك سێمبوولی دواكەوتوویی دەخرێتە ڕوو. لە بەشی دووەمدا بە نموونەهێنانەوە لە شارستانییەت كورد و پەیوەندیی كورد و سرووشت، باس لە گرنگیی نەرێتی ئەو پەیوەندییە دەكرێت، كە پڕە لە بنەمای بیركردنەوەی زانستییانە و چەند نموونەیەك دەهینرێتەوە. لە بەشی سێیەمیشدا باس لە پێویستی و هاوبەشی نەرێت و زانست دەكەین و لەمەشدا دەگەڕێینەوە ئەو گفتوگۆیانەی زانایان و فەیلەسووفەكان هێناویانەتە پێش و باس لە گرنگیی نەرێت بۆ زانستی ئەمڕۆ دەكەن.

وشە كلیلییەكان: زانست، نەرێت، شارستانییەت، كولتووی دیارگەرا، گفتوگۆ، لیكترفێربوون…

بەشی یەكەم:

ڕوانگەی گشتی بۆ هەردوو چەمكی زانست و نەرێت:

كورد بە گشتی و خوێندەوارەكانیان چەمكی زانست دەبەستنەوە بە ڕۆژئاواوە. واتە لەو باوەڕەدان ئەوە تەنیا خۆرئاوایە سەرچاوەی زانستە. سیستەمی ئەكادیمیی ئێمەش هەر لەسەر ئەم ڕاگواستنەی زانست لە ئەورووپاوە بۆ كوردستان بەندە و ڕۆنراوە. چەمكی زانست لەم تێگەیشتنەدا زۆر سنووردارە و ئەمەش وای كردووە دنیای ئەكادیمیی ئێمە و توێژینەوەیی ئیمە لە هزرین و داهێنان سنووردار بێت و بەردەوامیش خەریكی كۆپیكردنەوە، ڕاگواستن و دووبارەكردنەوەی ئەوە بێت، كە بە زانست لەو چوارچێوەیەدا دەناسرێت: زانست لە سەرچاوە ئەورووپایی و خۆرئاوایییەكانەوە.

چەندە ئەم تێگەیشتنە قووڵ كرابێتەوە، ئەوەندەش نەرێت و ئەوەی لە پێشینەی هزری خۆڕسكی ئێمەدا هەیە، بە پەراوێز و سووك و بێنرخ كراوە، بە جۆرێ وشەی نەرێت، لە ڕوانگەی زانستخوازانەوە تا ئاستی خورافە و شتی پڕوپووچ و بێ مانای بەسەرچوو، چووە. نەرێت شتێكە دەبێت خۆمانی لێ بەدوور بگرین چونكە “وشەی نەرێت ئاماژەیە بە پارزێزخوازی و بەردەوامیدان، لە كاتێكدا زانست شۆڕشگێڕانەترین هێزی جیهانە[1]. لە كاتێكدا “زۆرێك لە نەریتەكانی ئێمە خراپ نین، باشن. ئەوانە باشترین شتە كەڵەكەبووەكانی ئێمەن لە میانەی تێپەڕینی سەدە و ساڵەكاندا[2]. بەم جۆرەش خودی خۆرئاوایییەكان دیدگایەكی كراوەیان بەرامبەر نەرێت لە ئاست زانستدا هەیە، بەڵام ئێمە تەنیا بەشی یەكەمی ئەو دوو گوزارەیەمان وەرگرتووە، یان ئەوەتا نەرێت بەتەواوی خراپە، یان ئەوەتا زانست شۆڕشگێڕی و پێشكەوتوویییە.

لێرەدا من ئەم دوو چەمكە وەك دوو دژ نابینم و بیر لە پەیوەندییەكانیان دەكەمەوە. بۆیە دەتوانم لە جیاتی نەرێت زۆر وشەی دیكەش بەكار بهێنم، وەك دیارگەرایانە (لۆكاڵی)، خۆمانی، ڕەسەن و تەقلیدی و.. بەڵام وشەی نەرێتم پێ پەسەندترە لە بەرامبەر زانستدا، كە ئەمەی دوایییان مانای نوێ، مۆدێرن و تازە و نوێباویشی تێدایە. بەم جۆرەش خۆمان لە پێناسەی دوورودرێژ دەپارێزین و نەرێت/نەریت وەك “زانایی دیارگەرایانە/لۆكاڵی” و زانست وەك “زانایی جیهانی” پێناسە دەكەین و لە جیاتی ئەوەی لە جیاوازییەكانیان بدوێین، باس لە پەیوەندییەكانیان و گرنگییان بۆ یەكتر دەكەین. لە وشەی نەرێتدا هەم ئەزموون و هەم زانین پێكەوە دێن.

بەڵام ئەگەر لەسەر ئەو تێگەیشتنە پێشینەیە بەردەوام بین كە زانست و نەرێت وەك دوو دژ دەبینێت و نەرێت بە “بەشە دواكەوتووەكەی زانین” و زانست “بەشە پێشكەوتووەكەی زانین” لەقەڵەم دەدات، هەڵەیەكی گەورە دەكەین. ئەم تێگەیشتنە كێشەی زۆری هەیە و پێچەوانەی ئەو بەهایەشە كە یۆنسكۆ (1992) بۆ زانستی خۆماڵی، یان ڕەسەنی داناوە[3]. سووربوون لەسەر ئەو تێگەیشتن و جیاكارە پێشینەیە ئەم هەڵانەی لێ دەكەوێتەوە:

یەكەم ئەوەی كە خۆی لە بەردەم بڕیارێكی پێشینەی ڕەهادا دەبینێتەوە. بڕیاری پێشینەش لە زانست و هزردا ڕەتكراوەیە.

دووەم ئەوەی كە زانست دەبەستێت بە جوگرافیایەكی دەستنیشانكراوەوە. بەڵام زانست پابەند نییە بە جوگرافیایەكی تایبەتەوە.

سێیەم ئەوەی كە ئەركی خۆی لە ڕاگواستن و كۆپیكردنەوە و دووبارەكردنەوەی ئەم زانستەدا دەستنیشان دەكات. زانست ئەوە نییە لە كتێب و سەرچاوەكاندایە، ئەوە بەرئەنجامی ڕەوەندی زانستە. بۆیە گواستنەوەی ئەوانە وەك ئەوە نییە زانست بەرهەم بهێنرێت.

سیستەمی نووسینی ئەكادیمیی ئێمەش هەر ئەمە داوا دەكات و باشترین پێوەر لە وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوەیە كە دەمانبەستێت بە خۆرئاوا و وڵاتانی ئەورووپاوە. جگە لەوەش دەبێت هەموو توێژەرێكی كورد دووپاتەكەرەوەی ئەو شێوازی نووسینانە بێت، كە دەمانبەنەوە سەر نەرێتی نووسینی خۆرئاوایی لە بواری زانستەكاندا؛ بە تایبەتی زانستە مرۆیییەكان.

چوارەم: كێشەكەیەكی دیكەشمان هەیە: ئەوەی لێرە بە ناوی زانستەوە دەنووسرێت لە خۆرئاوا وەك زانست تەماشای ناكرێت و لە باشترین دۆخدا وەك هەوڵدان و چنگەكڕێی شێوەزانستی، یان زڕەزانستی تەماشایان دەكرێت[4]. لەگەڵ هەموو هەوڵ و پەلەقاژەی توێژەران و زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی لە ڕووی زانستییەوە ددانیان پێدا بنرێت، كەچی دەبینین ساڵ بەساڵ ئەو دانپیانانەی ئەوانی تر بۆ ئێمە لە كەمی دەدا، یان ڕاستترە بگوترێت: لە ڕێزبەندی و پلەبەندیدا كەم كەم لە هەڵكشاندایە بەڵام هیچ ئەنجام و دەستكەوتێكی ڕاستەقینە و كردەیی نییە. ئەمەش نەك هەر بۆ ئێمە وەك كورد، بەڵكوو ڕوانگە ئامادەكانی خۆرئاوا بۆ خۆرهەڵات بە گشتی و بۆ خۆرهەڵاتی ناوین لەمەدا بڕیاردەرن[5].

بە پێوەرگرتنی خۆرئاوا وەك پێش نموونەی بەرهەمهێنانی زانستی، ئێمەی لە باقی بەشەكانی جیهان دابڕ كردووە. لە سەردەمی ڕێنیسانس بەدواوە[6] و بەتایبەتیش لە سەدەی حەڤدە و هەژدە و تا ئێستاش خۆرئاوا بەرهەمهێنەری زانست بووە و هەیە، وەلێ لە بەشەكانی دیكەی جیهانیشدا زانست بەرهەم هاتووە و بەرهەمیش دێت. ئەم خۆ دابڕكردنەی كورد لە بەشەكانی جیهان و خۆگرێدانەوە ڕەهایەی بە خۆرئاوا و ئەورووپاوە، بەشێكی زۆری وزەی داهێنانی ئێمەی بۆ خۆی بردووە و خستوویەتیە خزمەت دووپاتەكردنەوەی زانستی ئەوانی ترەوە.

ڕاستییەكەی ئەوەیە زانست وەك جۆرێكی بیركرنەوەی ورد، لە هەموو جوگرافیا و لە هەموو زمانێكدا بەرهەم دێت. زانست بەرلەوەی بەرهەمی ڕەهای خۆرئاوا و ئەورووپا بێت، بەرهەمی مرۆڤ و زمانەكانی جیهانە. زانست پێش هەموو شتێك بەرهەمی زمانی دایك و جوگرافیا و ژینگەی خۆماڵییە. بەرهەمی ئەزموونی كردەییی مرۆڤ و دووبارەكردنەوەی ئەزموونەكانی مرۆڤە بۆ بەردەوامی لە ژیاندا. “زانست بەرهەمی داهێنەرانەی مرۆڤێكە پێویستی بە ئازادی و ڕێز و ستایش بێت[7]. چ مرۆڤێك لە جیهاندا نایەوێت ئازاد و ڕێزلێگیراو و ستایشكراو بێت؟ كەواتە بۆ ئەوەی ئەو بەهایە بەدەست بهێنین، كە لە ڕێگەی زانستەوە بەدەستی دەهێنین، پێویستە لەناو زمان و ژینگەی خۆماندا بیر بكەینەوە. ئەوە ڕاستە كە بەرهەمەكانی زانستی خۆرئاوایی لە زۆر شوێنی دیكەی جیهان سوودبەخشن و بوون و هەن، بەڵام جەوهەری زانست بە تەنیا خۆرئاوایی و ئەورووپایی نییە، بگرە مرۆیی  و جیهانییە.

بەشێكی زۆری گەلانی جیهان لە جوگرافیا جیاوازەكانی دنیادا، پێش ڕێنیسانس، پێش سەدەی شازدە، حەڤدە و هەژدە كە زانست لە شێوە مۆدێرنەكەیدا لە ئەرووپا سەر هەڵدەدات، خاوەن هزرینی زانستی و پێش زانستی بوون و ئەمەش لە شێوە ژیانی ئەواندا ڕەنگی داوەتەوە. میللەتێكی وەك كورد كە تەمەنێكی چەند هەزار ساڵەی هەیە، چۆن دەیتوانی لە ژیان بەردەوام بێت ئەگەر زانستیانەش تەگبیری ژیانی خۆی نەكردبێت. لە پشت ئەو شێوەژیانەوە ئەزموون و بیركرنەوە هەیە و ئەوەش لە قووڵاییی خۆیدا جۆرێكە لە بیركردنەوەی داهێنەرانە. بۆیە هیچ میللەتێكی جیهان لەدوای سەدەی حەڤدە و هەژدە و نۆزدەوە و بە پێڕەوكە لە ئەورووپایییەكان بیری زانستی نەپشكووتووە. ئەوە خۆبەكەمزانییەكی ڕووتەڵەیە پێتوابێت پێش ئەورووپایییەكان زانست نەبووە.

زانست پێش هەموو شتێك ئەزموون، بیركردنەوەی داهینەرانە، دووبارەكردنەوە و گواستنەوە و ڕادەستكردنی ئەزموون و دانایییە. دەكرێت ئەو ڕادەستكردنە بە شێوەی زارەكی بێت، یان نووسراو، یان وێنە و كەرەستە و ئامرازە و بەرهەمەكانی ئەو دانایی و ئەزموونە. بیركردنەوەیەكی ئازاد لە پەیوەندی بەو جوگرافیا و شوێنەی لێی دەژین. بۆیە زانست پێش ئەوەی بەرهەمێكی ڕاگوێزراو بێت لە كتێبەكانەوە بۆ ناو پۆل، بەرهەمی بیركردنەوەی داهێنەرانەی مرۆڤە لە ژیان بەبێ بەستنەوەی ئەم بیركردنەوەیە بە جوگرافیایەكی تایبەتەوە. زانست چالاكییەكی مرۆیییە پێش ئەوەی هی گەلێك یان ڕەگەزێك و جوگرافیایەكی دیاریكراو بێت.

بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین زانستییانە بیر بكەینەوە دەبێت خۆمان لە هەر پاشكۆیەتییەك ڕزگار بكەین و لەناو شێوەژیانی هەزاران ساڵەی خۆمانەوە بنەما زانستییەكانی مانەوەمان بدۆزینەوە. من كاتێك بیر لە ماست دەكەمەوە و ئەوەی چ بەرهەمگەلێكی بەدوای خۆیدا هێناوە: دۆ، كەشك، پەنیر، خەستە، شیرێژ و چەندین بەرهەمی دیكە، كە هەموویان لە ڕەوەندێكی زانستیدا ئامادە دەكرێن و ئەوەش بیركردنەوە و ئەزموونی لە پشتەوەیە، تێدەگەم لانی كەم هزری زانستی لە كۆمەڵگە و مرۆڤی ئێمەش ئەوەندە بەدوور نەبووە تا لە ئاست بەرهەمی زانستیی ئەوانی تردا ئەوەندەش خۆبەكەمزانانە لە خۆم بڕوانم. پەیوەندیی قووڕ و كورد، ئەوەندە قووڵە و ئەو بەرهەمانەی لە بواری خانووبەرە، گۆزەگەری، مەركانەسازی و دیزە و ئاگردان و تەنوور و دەرماندا لەم پەیوەندییەوە سوودمەند بوون، كە باس ناكرێت.

كەوایە دەبێت خۆمان لە كۆپیكردنەوە و ڕاگواستن و دووپاتەكردنەوە بپارێزین و بەرەو دۆزینەوەی ساتەوەختە داهێنەرەكانی هزری خۆمان بگەڕیینەوە. واتە بەرەو نەرێت و ئەزموونی كەڵەكەبووی هەزاران ساڵەمان. هیچ شتێك، هیچ بەرهەمێكی خۆماڵی نییە نەچێتەوە سەر ئەزموونێكی كەڵەكەبوو و شێوە بیركردنەوەیەكی زانستییانە، پێشزانستییانە و شێوەزانستییانە. ئەمە بۆ ئەورووپاییەكانیش ڕاستە. كەوایە دەبێت ئێمە ئەو دابڕان و نامۆبوونە بە دیدی نوێ و ڕوانگەی نوێ، نوێ بكەینەوە چونكە كۆپكردنەوە و پابەندبوونەوەی بەردەوام بە كۆپكردنەوە و دووپاتەكردنەوەی ئەوەی ئەوانی تر لە شوێنانی تر بەرهەمیان هێناوە، ناتوانین بە شوناسی زانستییانەی خۆمان بگەین. بۆ تێگەیشتن لە سرووشتی موزیكی كوردی، دەبێت لە شێوەژیانی كورد و فرەجۆری كەرنەڤاڵە موزیكییەكەی تێبگەیت، نەك دووپارە كردنەوەی مێژووی موزیكی ئەورووپا و جیهان.

ئەمە بۆ چاودێریكردنی پرۆسەی زانستیش لە هەرێمەكەماندا ڕاستە. ئێستە دەبینین كەسانێك بە هەمان پێوەری زانستە مرۆیی و كۆمەڵایەتییەكانی ئەورووپا و بۆ بە دەستهێنانی ڕەزامەندیی زانستییانەی ستاندارد و پلەبەرزكردنەوە، لە هەوڵ و تەقەلایەكی عەرەقڕیژدان بۆ هەڵسەنگاندنی بەرهەمی توێژەرانی كورد. ئەمەش هەر دەچێتەوە خزمەت كۆپیكردنەوە و بەهەندنەگرتنی جۆری ژیان و هزرین لە مەرز و بوومی خۆماندا. لە جیاتی ئەوەی لە دنیای خۆمانەوە پێوەرگەلی زانستی دەربهێنین، دیێن بەرهەمی توێژەرانی خۆمان ڕاپیچدەكەینە نێو ئەو چوارچێوانەوە كە لە ئەورووپا و خۆرئاوا بە ستاندارد كراون. زۆرباشە، بەڵام ئەمە هەوڵێكی ڕەنج بەخەسارە و هیچ دانپیانانێك بەدەست ناهێنیت. بە پێوەری ئەوانی تر ڕوانینە بیركردنەوەی خۆماڵی جگە لە سنوورداركردنی بیركردنەوەی ئازاد لە بواری زانستیدا، هیچی دیكەی لێ بەرهەم نایەت و ئەوەش بەرەنجامەكەیەتی كە خاوەنی دەیان نامەی ماستەر و دوكتۆراین و كەچی كەس هیچمان وەك داهێنانی زانستی بۆ حساب ناكات. بۆچی؟ چونكە تۆ شوناسی زانستی و هزرینی زانستییانە و شێوەژیانی خۆت وەك نەتەوەیەك بە هەند ناگریت و یەكسەر دەچیت كۆپی شتێك دەكەیتەوە كە ئەوانی تر لە پەیوەندی بە شێوەژیان و جوگرافیای خۆیانەوە بەرهەمیان هێناوە. بۆیە كاتێك تۆ دێیت لە سەر كانت و هیگڵ دەنووسیت، ئەو ئەمەت وەك داهێنان لێ وەرناگرێت! كاتێك شمشاڵ و نەی دەگۆڕیتەوە بە ئامێرە ڕۆژئاوایییەكان كەس ئەمەت وەك داهێنان  بۆ نانووسێت! كاتێك دێیت خۆت شین و مۆر دەكەیتەوە تا تویژەرەكانت بە تاكە ستانداردی زانستیی ئەوانی تر بنووسن و لێرەشەوە سنوورێك بۆ داهێنان دەكێشیت و ئەوانی تر بە پیرۆز دەكەیت؛ جگە لە لاساییكەرەوەیەك هیچی تر نیت.

پێوستە ئازادیی توێژینەوە و ئازادیی هرز بخەینەوە جێگەی كۆپیكردنەوەی ڕووت و لاساییكردنەوە و دووپاتەكردنەوە.

بەشی دووەم:

شارستانییەتی كورد و هزرینی زانستییانە:

بۆ ئەوەی لەم تەڵزگە و قەیرانە دەربچین، سەرەتا دەبێت ڕوانینێكی ئەرێنییانە لەبارەی ڕۆڵی كوردەوە لە شارستانییەتدا بەدەست بهێنینەوە. دەبێت لە خۆمان بپرسین ئاخۆ چۆنە لە ناو میژوویەكدا، كە بەسەدان نەتەوە و گەل لەناوچوون، كوردەكان لەسەر خاكی خۆیان ماونەتەوە و تایبەتمەندیی كولتووری و كەسایەتیی خۆیان پاراستووە؟ ئەو شارستانییەتە كامەیە كە تایبەتمەندییەكی كوردییانەی هەیە و جۆری شارستانییەتی كورد كامەیە؟

چەمكی شارستانییه‌ت، یان حەزارەت، تەمەدوون و مه‌ده‌نییه‌ت “وشه‌یه‌كی گشتگره‌وه‌یه‌ بۆ وه‌سفكردنی قۆناغه‌كانی پێشكەوتنی كۆمەڵگەیه‌ك، كولتوورێك و ژیانی مادی، ته‌كنه‌لۆژی، هزری و ڕۆشنبیری، ڕێكخراوه‌یی، سیاسی و ئاكاری، بەكار دەهێنرێت. ئەم زاراوەیە بەتایبەتی بۆ ئاماژەدان بە كامڵترین گەشە لە بەرامبەر نزمترین و سەرەتاییترین و دڕندەترین، یان بەربەریزمدا”[8] بەكار هاتووە.

هه‌رچه‌نده‌ له‌م مانایه‌ی چەمكی شارستانییه‌تدا، وشه‌كه‌ به‌ واتای “به‌رزترین” ئاستی كولتووری له‌ ئاست “نزمترین” ئاستدا به‌كار هاتووه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ هیچ له‌وه‌ ناگۆڕێت كه‌ ته‌نانه‌ت له‌ “نزمترین” ئاسته‌كانی شارستانییه‌تیشدا، كولتوور و ژیانی مادی، ته‌كنه‌لۆژی، زانستی، هزری و ڕۆشنبیری، هەن. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی هیچ كۆمەڵگەیه‌ك و قۆناغێكی شارستانیانه‌ نییه‌ به‌بێ ڕێكخستنی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و به‌بێ بوونی ئاكارێكی په‌یڕه‌وكراو و ژیانیكی ئەخلاقی، تیایدا.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌، هیچ كۆمەڵگەیه‌كی خاوه‌ن شارستانییه‌ت نییه‌ ئه‌گه‌ر تیایدا زمان، مێژوو، ئه‌فسانه‌، ئایین، نه‌رێته‌كان، هونه‌ره‌كان و وێناكردنێكی تایبه‌ت بەخۆی نه‌بێت، كه‌ پنتی پێكه‌وه‌ به‌ستنی ئه‌و مرۆڤانه‌یه‌ خۆیان له‌ناو ئه‌و بازنه‌ شارستانییه‌ته‌دا ده‌بیننه‌وه و خۆیانی تێدا پێناسه‌ ده‌كه‌ن‌. هه‌رچه‌نده‌ به ‌شێوه‌یه‌كی گشتی و له‌ چوارچێوه‌ی تیۆریكدا، بۆ نموونه‌ له‌لای (هانتینگتۆن) شارستانییه‌ته‌كان بۆ چه‌ند ده‌سته‌یه‌ك پۆلێن ده‌كرێن، (وه‌ك: شارستانییه‌تی خۆرئاوایی، كۆنفسیۆسی، ژاپۆنی، ئیسلامی، هیندۆسی، سڵاڤی، ئه‌مه‌ریكای لاتین و ئه‌فه‌ریقی..)[9]، به‌ڵام ئه‌م پۆلینكردنه‌ و پاش و پێشخستنیان و ئه‌و شارستانییه‌تانه‌ش، كە ده‌كه‌ونه‌ ده‌ره‌وه‌ی لیستی ئه‌م شارستانییه‌ته‌ پۆلینكراوانەوە‌، ناكه‌ونه‌ ده‌ره‌وه‌ی پێناسه‌كه‌وه‌. چونكه‌ وه‌ك بینیمان بنه‌ماكانی شارستانییه‌ت په‌یوه‌ستن به‌ بوونی مرۆیییه‌وه‌، كه‌ له‌ كۆمەڵگەكاندا ده‌ژین و كۆی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌یان هه‌یه‌ پێناسه‌كه‌ جه‌ختیان له‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌.

ناكرێت دیاردەی شارستانییه‌ت له‌ هیچ كۆمەڵگەیه‌ك و لەلا‌ی هیچ میلله‌ت و نه‌ته‌وه‌یه‌ك، وه‌ك به‌رهه‌مێكی چینێكی باڵا و دەستەبژێرێك له‌ كۆمه‌ڵ، تێبگەین. چونكە شارستانییه‌ت، له‌ هه‌ر ئاستێكیدا بێت، به‌رهه‌می خه‌ڵك و گشت چین و توێژه‌كانی كۆمەڵگەیه‌كی دیاریكراوە، كه‌ له‌ ڕابردوو و ئێستادا به‌و شێوه‌ی ژیان و ته‌گبیره‌ی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی خۆیان ده‌یگرنه‌ به‌ر، ئاستێك له‌ شارستانییه‌ت بەرهەم ده‌هێنن. بیرۆكه‌ی شارستانییه‌ت و به‌ستنه‌وه‌ی به‌ ده‌سته‌ و چینێكی تایبه‌ته‌وه‌، یان بە میللەت و ڕەگەزێكی تایبەتەوە، بیرۆكه‌یه‌كه‌ هه‌وڵ و خه‌باتی گشت خه‌ڵك له‌ به‌ڕێوه‌بردنی ژیانی كولتووری، مادی و ڕۆحیی خۆی، پشتگوێ ده‌خات و ئه‌مه‌ش جۆرێكه‌ له‌ په‌راوێزخستنی هێزه‌ جۆربه‌جۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان. بگرە ئەمە سەپاندنی تێگەیشتنێكی تایبەتە لە شارستانییەت، كە دەیەوێت باڵادەستیی شارستانییەتێكی تایبەت، بەسەر شارستانییەتەكانی دیكەدا بسەپێنێت. لەم ڕوانگەیەوە شتێك نییە بە ناوی شارستانییەتێكی (باڵا) و شارستانییەتێكی (نزم). ئەوەی كە هەیە شارستانییەتی مرۆیییە و كۆمەڵگەكان بە كۆی ئەو مرۆڤانەی لەناویاندا دەژین وەدیهێنەری كولتووری جیاوازن و لە كۆتاییشدا گشت مرۆڤایەتی بەرهەمهێنەری جۆرەكانی شارستانییەتن.

هیچ میللەت، ڕەگەز، چین و توێژێك و دەستەیەكی تایبەتی كۆمه‌ڵایه‌تی پسپۆڕی دروستكردنی شارستانییەت نین. ئەمانە پێكڕا و هه‌ر یه‌كه‌ له‌لای خۆیه‌وه‌، به‌شدارییه‌كی مێژوویی و هه‌نووكه‌یی له‌ به‌رهه‌مێهنانی شارستانییه‌تدا ده‌كەن و كردوویانە. مرۆڤناسیی میژوویی فێرمان دەكات، كە لە وەدیهێنانی كولتوور و شارستانییەتەكاندا، كاریگەری و ڕۆڵی گشت چین و توێژەكانی كۆمەڵگەیەكی تایبەتمان لەبیر نەچێت و ئایدیۆلۆژیا نەكەینە پێوەر بۆ بەخشینی مۆركی شارستانییەت بە دەستەیەك و سەندنەوەی لە چین و توێژێكی دی[10].

ئه‌و گوتاره‌ی‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ی ده‌دا شارستانییه‌ت بكاته‌ چالاكییه‌كی تایبه‌ت به‌ چینێكی تایبه‌ت، یان میللەتێكی تایبەت، گوتارێكی كۆڵۆنیاڵیستی بوو له‌ بنه‌مادا خزمه‌تی به‌ چینی بۆرژوازیی ئه‌ورووپایی‌ ده‌كرد، به‌ تایبه‌تی له‌ سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م به‌دواوه‌، كه‌ ورده‌ ورده‌ ئه‌م چینه‌ خه‌ریك بوو لەوێ ڕابه‌رایه‌تیی كۆمەڵگە بگرێته‌ ده‌ست. به‌ستنه‌وه‌ی شارستانییه‌ت به‌و تێگه‌یشتنه‌ی گوایه‌ به‌رهه‌می ده‌سته‌بژێرێكی خاوه‌ن كولتووری باڵایه‌، له‌ بناخه‌وه‌ ڕه‌تكه‌ره‌وه‌ی ئه‌و ڕاستییه‌یه‌، كه‌ پێمان ده‌ڵێت: ئه‌و كاته‌ی چینی بۆرژوازی له‌ ئەورووپا ده‌هاته‌ سه‌ر سه‌كۆی به‌ڕێوه‌بردنی ژیان، ده‌سته‌ و چین و توێژه‌كانی تر به ‌سه‌ختی بۆ به‌رهه‌مهێنانی ئاستێكی دیكه‌ی شارستانییه‌ت تێدەكۆشان، كه‌ چینی بۆرژوازی ده‌كرده‌ چینێكی مشه‌خۆر به‌سه‌ر ڕه‌نج و تێكۆشانی خه‌ڵكی ڕەش و ڕووتەوە‌. ئه‌مه‌ له‌ فه‌لسه‌فه‌، زانست و سیاسه‌تیشدا هه‌ر ڕاسته‌ و پێشئه‌وه‌ی ده‌سته‌یه‌ك، گرووپێك و كه‌سانێك له‌و بوارانه‌دا وه‌ك خاوه‌ن فه‌لسه‌فه‌، مرۆڤی دانا و سیاسیكار ده‌ربكه‌ون، هه‌میشه‌ ڕەشەخەڵكەكە له‌ ئاستێكی تایبه‌تدا و به‌ شێوه‌یه‌كی پێش فه‌لسه‌فییانه‌، پێش زانستییانه‌ و پێش سیاسییانه‌، سیاسه‌ت و فه‌لسه‌فه‌ و زانستیان به‌رهه‌م هێناوه[11]‌.

بەم جۆرەش، هەموو كۆمەڵگەیەكی مرۆیی كولتوورێكی تایبەت بەخۆی هەیە، كە جیای دەكاتەوە لە كولتووری كۆمەڵگەكانی تر. بەڵام هەموو كۆمەڵگەیەكیش هەڵگری چەندین كولتوور ناوەكی و لۆكاڵیی جیاوازە لە ناوەوەی خۆیدا، كە تایبەتمەندیی جیاوازیش دەداتە پێكهاتەكانی. بۆیە هەموو گفتوگۆیەكی كولتووری، گفتوگۆیە لەگەڵ دەرەوە و ئەوانی تر لە كۆمەڵگەكانی دیكەدا، كە هەڵگری چەندین كولتووری جیاوازن. بەڵام لە هەمان كاتیشدا گفتوگۆیە لەگەڵ خۆیدا و لەنێوان پێكهێنەرانی هەمان كۆمەڵگەدا كە هەریەكەیان هەڵگری وردە كولتووری جیاوازن لە یەكتری[12].

لێره‌وه‌یه‌، وه‌ك چۆن ده‌توانین باسی شارستانییه‌تی ئه‌ورووپی بكه‌ین، ئاواش ده‌توانین باسی شارستانییه‌تی كوردستان بكه‌ین، هەروەك چۆن دەتوانین ئەو هەمەڕەنگییە لە كۆمەڵگە ئەورووپایییەكاندا ببینینەوە، كە هەڵگری جیاوازییە لەنێوان پێكهێنەركانیدا، ئاواش ئەو جیاوازییانە دەبینینەوە كە پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی كوردستانی هەڵگریانە. چۆن ده‌توانین باسی ته‌كنه‌لۆژی له‌ شارستانییه‌تی ئه‌ورووپاییدا بكه‌ین، ئاواش ده‌توانین باسی ته‌كنه‌لۆژی له‌ شارستانیه‌تی كوردستانیدا بكه‌ین و به‌و جۆره‌. ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر ته‌كنه‌لۆژیمان ته‌نیا نه‌به‌سته‌وه‌ به‌ جۆره‌كانی مۆبایل و ئامێره‌ پێشكه‌وتووه‌ دیجیتاڵییه‌كانه‌وه‌، به‌ڵكوو له‌وه‌ش تێگه‌یشتباین كه‌ ته‌نانه‌ت دروستكردنی خشتی قوڕیش له‌ هه‌مان كاتدا كه‌ جۆرێكه‌ له‌ ته‌كنه‌لۆژیا، ئاواش ئاستێكی ئیستاتیكی، زانستی، ئه‌ندازیاری، ته‌ندروستی و ته‌لاسازیانه‌ی شێوه‌ژیانی میلله‌تێك بەرجەستە ده‌كاته‌وه،‌ كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ئه‌زموونییانه‌ وه‌ك زانست و كارامەیییەك،  بۆ خۆی ئاستێكی ته‌كنه‌لۆژیایه‌. چونكە جگە لە فۆرمە ئێستاتیكییەكەی، بۆ دروستكردنی خشتێك مرۆڤ پێویستی بە بڕێك دانایی و ئەزموون لە بواری ناسینی جۆری گڵ، خاك، پووش، كا و موو، هەیە كە بە تێكەڵكردنێكی ڕێژەیییان باشترین جۆری كەرپووچ/خشت دروست دەكرێت.

بۆیه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی، هیچ گومان لە شارستانیبوونی میللەتی ئێمە نییە، چونكە ئەگەر وا بوایە ئێستا كۆمەڵگەیەكمان نەدەبوو بە ناوی كۆمەڵگەی كوردستانی و بوونەووەرێكمان نەدەبوو بەناوی مرۆڤی كورد و كوردستانی. هه‌رچه‌نده‌ ده‌بێت چه‌مكی كۆمەڵگە زیاتر توێژینه‌وه‌ی لێ بكرێت و تایبه‌تمه‌ندی و ئامانجی هاوبه‌شی هه‌نووكه‌یی و داهاتوویی گرووپه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌ستنیشان بكرێت.

كەواتە بۆ قسەكردن لەسەر شارستانییەت پێویستە دەستنیشانی بوونی میللەت و كۆمەڵە مرۆیەك و كۆمەڵگەیەكمان بكەین، كە تیایدا هاووڵاتییان ئامادەییی كردەیییان لە پرۆسەی خۆ بەڕێوەبردندا هەبێت بەبێ ئەوەی بۆ ئەم كارە پێویستیان بە سووپایەك هەبێ. شارستانییه‌ت هه‌ر ته‌نیا په‌یوه‌ست نییه‌ به‌بوونی دامه‌زراوه‌ و كتێبه‌ ئاسمانی و مژده‌ میتافیزیكییه‌كانه‌وه‌، هێنده‌ی ئه‌وه‌ی دیارده‌یه‌كی پێش دامه‌زراوه‌یی و پێش میتافیزیكیانه‌ی ئایینی و سیاسییه‌. شارستانییه‌ت سیحری ته‌گبیری گرووپه‌ مرۆڤییه‌كانه‌ له‌ مانه‌وه‌یاندا له‌ناو مێژوودا و گەنجینەیەكە هه‌موو ئه‌و تایبه‌تمه‌ندی و پێویستیانه‌ی تێدایه‌ كه‌ بۆ دروستكردنی دامه‌زراوه‌ و بڕوا و مژده‌یه‌ك پێویستن و مانه‌وه‌ی مرۆڤ له‌ناو مێژوودا ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ن. شارستانییەت كۆمەڵە تایبەتمەندییەكی جیاكەرەوەیی كۆمەڵگەیەكی تایبەت، ناوچەیەكی جوگرافیایی، نەتەوەیەك، گەلێكە لە گشت بوارەكانی كۆمەڵایەتی، دین، ئاكار، سیاسەت، هونەر، ڕۆشنبیری و زانست و تەكنەلۆژیادا، كە بە شێوەیەكی میراتی و لە ڕێگەی پەروەردەكردنەوە، لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی تر دەمێننەوە[13].

به‌م مانه‌یه‌ش، شارستانییه‌ت نەك هەر ئەوەیە، كە هەیە و ماوەتەوە، بەڵكوو ئەوەشە كە بە ڕێگەوەیە و دروست دەكرێت. شتێكه‌ پێویسته‌ مرۆڤ له‌ ژیان و مێژوو و تواناییی خۆیدا كه‌ ئه‌و مانه‌وه‌یه‌ی بۆ ده‌سته‌به‌ر كردووه‌، بیدۆزێته‌وه‌ و  خۆی له‌سه‌ره‌وه‌ بینا بكات بۆ داهاتوو.

هەرگیز شارستانییه‌تێكی یه‌كینه‌ و نمونه‌یی و پێوه‌ر، كه‌ هیچ خه‌وشێكی نه‌بێت و پاكژ و په‌تی بێت؛ له‌ ئارادا نییه‌ و نه‌بووه‌. هه‌روه‌ك چۆن میلله‌تێكمان نییه‌ له‌و كاته‌دا كه‌ چینێكی تایبه‌ت و كه‌سانێكی ده‌سته‌بژێر سه‌رقاڵی دروستكردنی شارستانییه‌ت بووبن، خه‌وتبێت، ئاواش چنێكی تایبه‌تمان نییه‌ كه‌ له‌و كاته‌دا ده‌سته‌بژێرێك سه‌رقاڵی به‌رهه‌مهێنانی كولتوورێكی باڵای شارستانیانه‌ بووبن، ئه‌و چینه‌ خه‌و بردبێتییه‌وه‌. ئه‌گه‌ر شارستانییه‌تی میسر به‌ به‌رهه‌می ده‌سته‌ی باڵای حاكمه‌ فیرعه‌ونییه‌كان بزانرێت، ئه‌وه‌ ڕۆڵی كرێكار و كۆیله‌ و جووتیار و پیشه‌یییه‌كان، له‌م شارستانییه‌تە بكه‌ینه‌ ده‌ره‌وه‌، هیچی لێ نامێنێته‌وه‌. بۆیه‌ هه‌موو ئه‌و ئاست و فۆرم و پێگه‌ شارستانیانه‌ی له‌ ئێستادا و له‌ ئه‌نجامی به‌راوردكارییه‌وه‌، هه‌ناسه‌ساردیمان له‌ ئاست نه‌بوونی شارستانییه‌تییه‌تێك بۆ خۆمان بۆ ده‌هێنن، دیوێكی ناشارستانی و دزێویان هه‌یه‌. ئه‌مه‌ش ئه‌و قسه‌یه‌ی واڵته‌ر بنیامین پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌، كه‌ نووسیبووی: “هیچ بەڵگەنامەیەكی شارستانیەت نییە، ئەگەر لە هەمان كاتدا بەڵگەش نەبێت لەسەر بەربەریزم”[14]‌.

جۆری شارستانییەتی كورد:

وەك پێشتر لە توێژینەوەی دیكەماندا جەختی لەسەر كراوەتەوە، جۆری شارستانییەتی كورد، وەك چەندین گەلی دیكەی جیهان لە جۆری “شارستانییەتی ئازادیی سرووشت“ـە[15]. لەم جۆرەی شارستانییەتەدا هەم ئایینە تاكخوداكان و هەم ئاستێكی ئەقڵانی دەبینرێنەوە، كە خۆی لە دۆزینەوەی هاوسەنگییەك لەنێوان ئەم دنیا ویستی و ئەو دنیا بەدەستهێناندا بەرجەستە دەكات. مرۆڤی ئەم شارستانییەتە هەم دەیەوێ دنیاییانە بژی و هەم ڕۆژی پەسڵانێش بەدەست بهێنێ. هەم ویستی هەیە بۆ بەهەشت و هەم ترسیشی هەیە لە دۆزەخ. هەم ناچارەكیی عەقڵ (زەروورەتی ئەقڵ) هەستی پێ دەكرێ و هەم پێویستیی مرۆڤ بە خودا. بەڵام لەنێوان خودا و ئەقڵدا، سرووشت هەیە و سرووشت نە خودایە و نە ماتریاڵێكی ڕووتیشە.

ئێمەی كورد وێڕای هەر ئایینێك كە لەم سەرزەمینە ماوەتەوە، وێڕای هەر سەرقاڵییەكی ترمان بە مۆدیلەكانی ئەقڵانییەت و نائەقڵانییەتەكانەوە، میللەتێكی بێ ئەندازە سرووشتین. ئازادی لەم ناوچەیەدا ئازادی بووە بۆ سرووشت و بەشداریمان لە شارستانییەتدا لە ڕێگەی ئەو پەیوەندییە پتەوەوە بووە، كە لەگەڵ سرووشتدا دروستمان كردووە. ئەقڵی ئێمە و هەستەكانمان و جیهانبینیمان و كارامەیییە جەستەیییەكانمان؛ لە پەیوەندی بە سرووشتەوە گەشەیان كردووە.

بنەمای شارستانییەتێك، كە ئازادی بۆ سرووشت لە پێش هەموو جۆرەكانی ئازادییەوەیە، وای كردووە زۆر جار سرووشت جێگەی خودا و هەر دەستكەوتێكی مادیی ترمان بۆ بگرێتەوە و كولتوورێك دروست ببێت چەمكەكانی خۆی لەسەر بنەمای تێگەیشتنێكی تایبەتەوە لە سرووشت داڕشتبێ. هەروەكچۆن لە خۆرهەڵاتی دووری ئایینە بێخوداكاندا، لێبووردەیییەكی بەرفراوانی ئایینیمان هەیە و هەروەك چۆن لە خۆرئاواشدا لێبووردەیییەك لەسەر بنەمای ئەقڵانییەت، عورف و ئەخلاقەوە خەمڵیوە، ئاواش لێبووردەیی لە كولتووری ئێمەدا پەیوەستە بە نزیكی و تێگەیشتنمان لە سرووشت و ویژدانی سرووشتپەروەرمانەوە.

هەر لەبەرەبەیانی مێژووەوە ژیانی ئێمە لەناو سرووشتدا بووە و سرووشت لە ژیانی ئێمە، نەك هەر جیا نەبووە، بەڵكوو بەبێ سرووشت و بەخشندەیییەكانی، ژیانی ئێمە مەیسەر نەدەبوو[16]. دوو بەڵگە ئەم بۆچوونە پشتڕاست دەكەنەوە، یەكەمیان بریتییە لە خانووی گوندەكان، بەو پێیەی كۆنترین جۆری فەزای دەستكرد و داهێنەرانەی كوردەكانە لە دوای ئەشكەوتنشینی. دووەمیشیان بریتییە لە ناندێن، یان مەتبەخی كورد، بەو پێیەی بنەماییترین و غەریزەییترین پێویستیی ئەم مرۆڤەیە بۆ مانەوە. شارنشینی دیاردەیەكی تەواو تازەیە و هەتا ئێستاش شارە هەرە مۆدێرنەكانی ئێمە سرووشتێكی گوندیانەیان هەیە. گوند یەكەی سەرەتاییی نیشتەجێبوونی ئێمەیە لەناو سرووشتدا. ئێمە لەڕووی میژوویییەوە و لە دوای وازهێنان لە ژیانی كۆچەری، لە گونددا لەدایكبووین. ماڵی یەكەمی ئێمە گوندەكانن. پێكهاتەی خانووی گوندیی ئێمە لە كەرەستە پێكهێنەرەكانیدا، جگە لەوەی سرووشتین، ئاواش فەزای ناو ئەو خانووانە بە بیرخەرەوەی فەزای ڕەحمی دایك و پاشان زاری ئەشكەوت و فەزا سرووشتییەكانی ترن. بە مانایەكی دیكە دەمەوێت بڵێم: هەر لەو سەرەتایەوە، شێوەژیانی ئێمە ئاراستەیەكی زانستییانەی وەرگرتووە. ئەو دوو نموونەیە خانوو و مەتبەخ ئەمە بە ئاشكرا دەسەلمێنن.

خانووی گوندی كوردی، ڕەنگدانەوەی یەكەمین هەوڵدانەكانی ئەم مرۆڤەن بۆ دروستكردنی شوێنێكی تایبەت بە خۆی، بەبێ ئەوەی زۆر لە مۆدیلە سرووشتییەكانی شوێن، وەك ئەشكەوت، دوور بكەوێتەوە. لە ڕاستییدا خانووی كورد هەمان ئەشكەوت و فەزای ئەشكەوتییە. مەتبەخی كوردیش لە چوارچێوە سەرەتایییەكەی خۆیدا، بە پلەی یەكەم مەتبەخێكی ڕووەكییە. كۆنترین و سەرەكیترین خواردن تیایدا بریتییە لە نان و ماست. نان و ماست دوو خۆراكی هەمیشەییی ناو ئەم مەتبەخەن، كە هەردووكیان بە بیرخەرەوەی پەیوەندیی ئەم مرۆڤەن بە خاك و ئاژەڵەوە: نان بەرهەمی سرووشت و خاك و ماست بەرهەمی ئاژەڵە. ئەگەر مەراسیمی قوربانی یەكێك بێت لە نیشانەكانی سەرهەڵدانی ئایین بە مانا میتافیزیكییەكەی، ئەوە مرۆڤ بۆ بەدەستهێنانی نان و ماست، پێویستی بە قوربانیدان نەبووە. پێویستی بەوە نەبووە بۆ ڕازیكردنی هێزێكی باڵا، یان خودایەك، قوربانی بدات بۆ ئەوەی ڕزق و قووت بەدەست بهێنت، بەڵكوو پێویستی بە (دانایییەكی ئەزموونی) هەبووە لە بەكارهێنانی زەویدا.

دەبوو بزانێت كەی باران دەبارێت، كەی پەڵە دەدات، جۆری خاكەكەی چۆنە، وەزری ڕابردوو چی تێدا چێنراوە و بەو جۆرە. ئەم داناییە ئەزموونییە، كە دەماودەم ماوەتەوە، هۆكاری مانەوەی كورد بووە لە پەیوەندی بە خاكەكەیەوە. بۆیە وا پێ دەچێت كوردەكان توانبێتیان بە درێژاییی هەزاران ساڵ مانەوەی خۆیان بەهۆی ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ خاك و ئاژەڵدا هەیانبووە، لێبووردووانە پێكەوە بژین و پێویستییەكانی دیكەیشیان، وەك جلوبەرگ و جۆرەكانی تری خۆپاراستن هەر لە خاك و بەرهەمە ئاژەڵییەكانەوە، بەدەست هێنابێ. قوربانیی ئایینی و كۆمەڵایەتی و كولتووری، مەراسیمگەلێكی تازەترن، كە بۆی هەیە لە دەرەوە و كۆمەڵگەكانی ترەوە هاتبن و كورد بە ناچاری دووباره‌ی كردبنەوە‌. بۆیه‌ به‌ دیارده‌یه‌كی كوردییانه‌یان نازانم. لە ئایینە دێریینەكانی كوردیشدا قوربانی بە هەمان مانای قوربانیی ئایینە تاكخوداكان نییە.

لەلایەكی ترەوە، كۆنترین دەقەكانی مێژوو كوردیان وەك نەتەوەیەكی سرووشتی و چیایی وەسف كردووە. ئێمە منداڵیی نەتەوەیی خۆمان لەپاڵ چیاكان و لەناو ئەشكەوتەكان و كەنار ڕووبارەكاندا بەسەر بردووە و ئەمەش ئاشكرای دەكات نەك هەر تەنیا سرووشت و چیا و ئەشكەفتەكانی، پەناگەی ئێمە و ماڵی یەكەمی ئێمە بوون، بەڵكوو ئەوەش دەردەخات كە ئەو پەیوەندییە لەسەر بنەمای متمانەی ئێمە بە سرووشتەوە دروست بووە. لە ڕاستیدا سرووشت نەك هەر ئێمەی لە دووژمنەكانمان پاراستووە، بەڵكوو بەرامبەر بە ژیان گەشبینیشی كردووین و ئەمەش هانی داوین بۆ ئەوەی كار لە سرووشتدا بكەین[17]. واتە لە سرووشتێكی خوداكرد و خۆڕسكەوە بیكەین بە شوێنێ بۆ حەوانەوە و بەردەوامبوون و به‌پێی پێویست به‌و جۆره‌ سوودی لێوه‌ربگرین، كه‌ نه‌ ژیانی خۆمان و نه‌ به‌رده‌وامیی ژیان و ژینگه‌ی سرووشتی بكه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌. لە پێشینەی پەیوەندیی ئێمەی كورد و سرووشتدا، بە ئاژەڵەكانیشەوە، سرووشت و گیانداران ئامراز نەبوون و هەمیشە مەبەست بوون. ئەمەش بە ڕوونی لە ماڵییكردن و بەكارهێنانی ئامانجدارانەی ئێمەدا بۆ ئاژەڵ و بۆ سرووشت ڕەنگی داوەتەوە.

بیناسازیی گوندییانەی ئێمەش بەڵگەی ئەو نزیكییە ئامانجدارانەیەمان دەخاتە بەردەست: هێڵی جیاكەرەوەی گەوڕ (وەك شوێنی حەوانەوەی ئاژەڵی ماڵی) و ژوور (وەك شوێنی حەوانەوەی مرۆڤ)، پەرچە (چەپەر) و (حەوشە)یە. (ژێرخان) و (سەرخان)ـە. (تەویلە) و (دیوەخان)ـە. هیچكامێك لەمانە ئەوەندە لەیەكترەوە جودا و دوور نین، كە بەڵگەی خۆ بەگەورەترزانیی مرۆڤمان لە چاو ئاژەڵاندا بداتە دەست. بۆیە گوتم: ماڵی كوردی شێوەیەكی دیكەی ئەشكەوتنشینییە، كە تیایدا مرۆڤ و ئاژەڵ و كەرەستەكان جێگەیان بۆتەوە.

بە هەمان شێوە لە پەیوەندیشیماندا بە سرووشت و پێكهاتەكانییەوە:

باوباپیرانی ئێمە شوێنە بەیار و كەم بەرهەمەكانی سرووشتی وڵاتی خۆیان كردوونەتە شوێنی بەپیت و بەرهەمهێن. كەنەكەبەرد و بەردە وردكە و خاشاكی زەوییەكانیان فڕێ نەداون و لە هەمان شوێن كردوویانەتەوە بە كەڵەك و پەرژین و فۆرمێكی ئەندازیاریی جوانیشیان پێ بەخشیون. ئاوی پەنگخواردووی ژێر زەوییان كردۆتە كانیاو و لە بەراوی كانیدا زەوییەكانیان داچەندوون و بەمەش توانای زەوییان لە بەپیتبوون و بەرهەمهێناندا، بۆ دەركەوتووە. جۆگەڕاكێشان و ئاوبردنەوە سەر شوێنە دوورە دەستەكان و دروستكردنی ئەستێرك/ئەستێڵ بۆ گلدانەوەی ئاو، چاڵاوی بەفر و سەرجەم تەكنەلۆژیای ئاودێری، داهێنانێكی كۆنی ناوچەكەیە[18]. ئەمەش سەرەتای دروستكردنی سیستەمێكی ئاودێرییە، كە پیشانی دەدات زەینی مرۆڤی ئەم ناوچەیە لە مێژە خۆی ڕزگار كردووە لەوەی هەر تەنیا لە چاوەڕوانیی وەرزی بارانباریندا بمێنێتەوە، كە ئەوەش لە ئایینە تاكخوداییەكاندا چاوەڕوانیی مرۆڤ لە بەزەیی و ڕەحمەتی خودا زیاد دەكات و بایی ئەوەش مرۆڤ خۆی پاسیڤ و دەستەوەستان دەكات.

ئەم خۆڕزگاركردنە نیشانەی گەشەیەكی زەینیی مرۆڤی سەرەتایییە لە شوێنێكەوە كە بە تەواوی پابەندی دەسەڵاتی وەرزەكانی ساڵە، بۆ شوێنێ كە بۆ خۆی بیر دەكاتەوە و دەسەڵاتی خۆی دەخاتەكار[19].

بەلایەكی دیكەدا، مرۆڤی كورد، وەك هەر میللەتێكی دیكەی پابەند بە سرووشتەوە، لە دروستكردنی ڕێگەوبان و پردەكاندا، لە سوودوەرگرتنی لە درەخت و بەروبوومە سرووشتییەكاندا، لە ماڵییكردن و ڕاوكردنی ئاژەڵەكاندا، هەرگیز بیرۆكەی قەڵاچۆكردن و گۆڕینی بنەمایی هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی ژینگه‌ی سرووشتی نەكردۆتە به‌رنامه‌ی خۆی، هێندەی ئەوەی هاندەری خۆگونجاندن و هەڵكردنی لەگەڵ سرووشتدا كردۆتە سەرمەشق. شێوازە كۆنەكانی ڕاوكردن لەلای كوردەكان بە ئامرازی ئەوەندە ساكار بوون، كە هیچ مەترسییەكیان لەسەر قڕخستنی گیاندار و پەلەوەران دروست نەكردووە. ئاژەڵە ماڵییەكان، چ لە ژیانی كۆچەری و چ لە ژیانی نیشتەجێبوودا، هاوماڵ و هاوڕێی مرۆڤی وڵاتی ئێمە بوون و مەودای نێوان گەوڕ و تەویلە و دیوەخان، لەناو ژیانی سرووشتیی كورداندا مەودایەكی جیاكەرەوە نەبووە. لێرەدا دەبێت توێژینەوە لە بوونی ویژدانێكی سرووشتی بكەین، كە دەكەوێتە پێش “ترس”، “زەمیر” و “بەزەیی” ئایینییەوە. مرۆڤی ئێمە ویژدانی خۆی لە پەیوەندیی هاوبەرژەوەندی و هاوماڵەتی و پێویستییەوە بە ئاژەڵ و سرووشتییەكان گەشە پێداوە، نەك لە ترسی سزای خودایەكی تایبەت.

وڵاتی ئێمە قەڵای كەم و بەندیخانەی مێژووییی كۆن و نیشانەی تەلارسازیی دێرینەی كەمتر بەخۆیەوە بینیوە[20]. بۆیە دەبێت لە شێوازەكانی دیكەی تەلارسازی و “میعماریی سرووشتی”دا بۆ بیركردنەوەی كوردەكان لە “شوێن”، بگەڕێین: لە لێدانی ڕێگەیەكدا بەرەو لوتكەی چیاكان و دوندی كێوەكان، ئەگەر گاشەبەردی هاتبێتە سەرڕێ، لەجیاتی بندكەندكردن و گلۆركردنەوەی، لە جیاتی هەڵكەندن و گواستنەوەی، زیاتر بیری لەوە كردۆتەوە چۆن پێچێ بەدەوریدا بدات. لە جیاتی بڕینەوەی درەختێ، كە بۆی هەبووە هێلانەی مەلێكی بەسەرەوە بووبێ، بیری لە بڕینەوەی و لەڕەگ دەرهێنانی نەكردۆتەوە، بەڵكوو بەلایدا ڕۆیشتووە و لە لێدانی ڕێگەكەی بەردەوام بووە. ڕێگەكانی لە بەردەمی كانیاوەكانەوە لێداون، نەك لە پشتیانەوە نەبا پڕیانكاتەوە. جۆری باوی ئاوخواردنەوەی كوردەكان لە كانی، بریتییە لە داهاتنەوە بۆ ئاوەكە، بە هەمان شێوەی ئاژەڵەكانی تر. ئەخلاقی كوردەكان لە بەرامبەر ئاودا ئەمەیە: شێڵوو، یان قوڕاوی نەكەیت، پەندێكی كوردی هەیە دەڵێت: “مرۆڤ بەرد ناهاوێتە ئەو كانییەی ئاوی لێ خواردۆتەوە”. یان: “كانییەك ئاوت لێخواردەوە بەردی تێ فڕێ مەدە”. كوردەكان هەر تەنیا ئاو ناخۆنەوە، بەڵكوو بە سووجدەوە بۆی دادێنەوە و بینی پێوە دەنێن وەكئەوەی بیپەرستن، یان لەگەڵیدا جووت بن. ئاو و ئاوەدانی و وەبارهێنان و زانەوە، شینبوون و سەوزبوونەوە و ژیانەوە، ژن و ژینگە و ژینوار و زایین؛ لە تێڕوانینی كوردەكاندا كۆمەڵە چەمكێكی پەیوەندار و جمكن[21].

كەوایە لێرەوە پێشبینی هەبوونی بیرۆكە زانستی و پێش زانستییەكان، یان نەرێتییەكان زۆر ئاسانە و بۆ دووبارە سازدانەوە و زیندووكردنەوەیان پێویستیمان بە میتۆدگەلیك هەیە بەرجەستەیان بكاتەوە. لە هەر یەكێك لەو شێوازانەی كورد لە ژیانی خۆیدا گرتوونیەتە پێش بۆ بەردەوامی، بیركردنەوە، شێواز، ئاستی تێگەیشتن، ئەندازیاری، پێشبینی، عەقڵانییەت، كیماگەری، ماتماتیك، سرووشتناسی، زەویناسی و كۆی ئەو زانستانە ئامادەیییان هەیە كە لە ئێستادا بە زانستی فەرمی پێناسە دەكرێن.

بیرۆكەی ئاوەدانكردنەوە سەرمەشقی مرۆڤی ئێمە بووە لە كاركردنیدا لەسەر سرووشت، نەك دەستكاریكردنی و تێكدانی. چیا و دەشتایییەكانی وڵاتی ئێمە نموونەی زۆری ئەو خەت و نیشانەی ئاگربڕ و بەربەستانەیان پێوەیە، كە مرۆڤ بەهۆیانەوە ویستوویەتی سرووشتی ئێمە لە ئاگر و لافاو و جمووتن و هەرەس، بپارێزێ و ڕێگریی بكات لە تەشەنەكردنی كەوتنەوەی ئاگر و كڵەوەی لافاو و ترازانی هەرەس. لێرەشەوە كورد تێگەیشتێكی تایبەت بەخۆی لەسەر سووتان و مەترسییەكانی دیكەی سرووشت، بەرهەم هێناوە.

هەموو ئەمانە ئەوەمان بۆ دەردەخەن، كە مرۆڤی كورد تا ئەو شوێنە سوودی لە سرووشت وەرگرتووە و لە ئاستیدا بەرگری كردووە، كە مانەوەی خۆی لە تەكیدا و لەناویدا، دەستەبەر بكات و ئەمەش هاوكات بووە بەوەی نەك هەر تەنیا سوود لە سرووشت وەربگرێ، بەڵكوو خزمەتیشی بكات و بیشپارێزێت. بەڕاستیی دەتوانین بڵێن: كورد زۆر بەدەگمەن متمانەی خۆی بە سرووشت لەدەست داوە و تەنانەت وێڕای ئاگاییی ئەو بە مەترسییە سرووشتییەكانیش، كەچی ئەمە ڕێگر نەبووە لە بەردەم ئەوەی ئەم میللەتە ماڵ و خانوو و شوێنی حەوانەوەی لەپاڵ ئەو مەترسییانەدا بسازێنێ. بەمجۆرەش بەڵگەیەكی زۆرمان لەبەر دەستە كە دەیسەلمێنن، كورد هەرگیز بەسەر سرووشتەوە مشەخۆر نەبووە. هێندەی ئەوەی بكەرێكی كارایە و لە میانەی كاركردن و بیركردنەوەیدا لە سرووشت، هەم خۆی و هەم سرووشتی گۆڕیوە و هەمیشە دەستی بە پەیوەندیی نێوانیانەوە گرتووە و نەبۆتە هەڕەشە بەسەر سرووشتەوە.

هەموو ئەمانە بنەمای قسەكردن و توێژینەوەیەكی دیاردەناسانە، ڕاڤەكارانە، مرۆڤناسیانە و..  گرنگمان سەبارەت بە لێبووردەییی مرۆڤی ئەم دەڤەرە لە پێشینەی مێژووییی خۆیدا بە سرووشتەوە دەخەنە بەردەست و بۆمان ڕوون دەكەنەوە كە: تێگەیشتن و پەیوەندیی مرۆڤی ئێمە لە سرووشت و بە ژینگەی خۆیەوە، زیاتر لەوەی بە تێگەیشتنە “كانت”ییەكە، ئامرازگەرایانە بووبێت، پەیوەندییەكی ئامانجگەرایانە بووە و مرۆڤی كورد لە قۆناغگەلێكی دوورودرێژی مێژووییدا، هاوكات بە سوودوەرگرتنی لە سرووشت و بەخشندەیییەكانی، وەك ئامانجێكیش سرووشتی بینیوە و بوونی خۆی لە پەیوەست بە سرووشتەوە بینیوە، نەك لە (سەرەوەی) و نەك وەك (خاوەنی).

سرووشت بابەتی یەكەمی بیركردنەوەی مرۆڤی ئێمە بووە و لە ئاستی ئایینێكدا پەرستوویەتی. شیعری ئێمە بەڵگەیەكی ڕوونی ئەم پەرستنەی سرووشتەمان دەداتێ: زۆرینەی وەسفەكانی مرۆڤ بۆ ژن و جوانی و باڵایی (Sublime)، وەسفن بە بەراوورد بە دیمەن و ڕەگەزە سروشتییەكان. پێوەری یەكەم لە جیهانبینیی كوردەكاندا بۆ جوانی و باڵایی و نەمری، بریتییە لە سرووشت و ئەمەش پێویست بە نموونەهێنانەوە ناكات و جوانترین ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م سرووشتنۆڕییه‌ له‌ ئه‌ده‌بیاتی كلاسیكدا نموونەی شیعرەكانی جەزیری، مەولەوی و نالی و لە شیعری مۆدێرنیشماندا، شیعره‌كانی (عه‌بدوڵا گۆران)ن..

زۆرباشە، هەموو ئەمە دەكەوێتە خانەی نەرێت و میراتی كولتوورییەوە. بەپێی تێڕوانینە باوەكەش بێت، نەرێت و میراتی كولتووری، لە ئاست زانستدا بە مانا مۆدێرنەكەی، دەكەونە بەرەی دواكەوتوویی و چەقبەستوویییەوە. بۆیە دەبێت لێرەدا قسەی زیاتر بكەین:

بەشی سێیەم:

زانستی فەرمی و داناییی نەرێتییانە:

لەگەڵ درێژبوونەوەی مێژووی مرۆڤایەتی لەو پنتەوە كە دەتوانین دەستنیشانی سەرەتاكەی بكەین تا ئێستا، كولتوور و ڕوانگە نەرێتییەكان لە هەموو جیهاندا، تێڕوانینی جیاوازیان بۆ سروشت هێناوەتە ئاراوە.. زۆربەی ئەمانەش ڕەگ و ڕیشەیان لە بیروباوەڕی نەریتیدا هەیە، کە خەڵکی ڕەسەن بۆ تێگەیشتن و لێکدانەوەی ژینگەی بایۆفیزیکی خۆیان بەکاری دەهێنن و بە درێژاییی ساڵانی پڕ ئەزموونیان كەڵەكەیان كردوون[22]، ئەم ڕوانگەیە بۆ بەڕێوەبردنی ژینگە بەشێکی دانەبڕاو لە شوناسی کولتووری و یەکپارچەییی کۆمەڵایەتیی زۆربەی دانیشتووانی ڕەسەن پێک دەهێنن. لە هەمان کاتدا، زانیارییەکانیان سامانێکی زۆر لە حیکمەت و ئەزموونیان لەگەڵ سروشت بەرجەستە دەکات، کە لە ماوەی هەزاران ساڵدا لە چاودێری ڕاستەوخۆدا بەدەستیان هێناوە و لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی دیكە بە شێوەی زارەكی دەگوازرێنەوە. لێرەدا مانەوەی كولتووری زارەكی بە درێژاییی هەزاران ساڵ وەك تاكە میدیایەك، گرنگی ئەو ڕۆڵ و كاریگەرییە ئاشكرا دەكات، كە ئەم كولتوورە زارەكییە هەیبووە[23].

لێرەوەیە كە گرنگیی ئەم دانایییە كەڵەكەبووەی مرۆڤایەتی و گەلان وردە وردە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەناسرێتەوە و دانی پێدا دەنرێن. جگە لەوەش زانست و نەرێت وەك دوو ڕووی هەمان دراو دەبینرێن[24]. تەنانەت هەموو پرسیارە گرنگەكانی زانست، وەك ئێمە كێین و بوون چییە و پێگەی سرووشت لە كوێی گەردووندایە، پێشتر هەموویان لە داناییی نەرێتیانەدا پرسیاری گرنگ و زیندووبوون و هەوڵێ وەڵامدانەوەشیان دراوە[25].

لەم ڕوانگەیەوە مادەی ٨ی ڕێککەوتننامەی “جۆراوجۆریی بایۆلۆجی” داوامان لێ دەکات “ڕێز لە زانیاری، داهێنان و چالاكی کۆمەڵگە نەرێتی و ناوخۆیییەکان بگرین، بیانپارێزین بەو شێوەیەی کە شێوازی ژیانی نەریتی بەرجەستە دەکەن کە پەیوەندییان بە پاراستن و بەکارهێنانی بەردەوامی جۆراوجۆری بایۆلۆجیەوە هەیە.”[26] سەرەڕای ئەوە، زانیاریی نەریتی یان ڕەسەن وەک مۆدێلێک بۆ کارلێکی تەندروست لەگەڵ ژینگە و بەکارهێنانی ژینگە وەک سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی سوودبەخش بۆ ئەوەی دیدگای نوێ سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و سروشت بەدەست بهێنرێت، دۆزرایەوە.

بەڵام كێشەی سەرەكیی ئێمە لە ئێستادا بەرامبەر نەرێت ئەوەیە چۆن زانیاری و دانایییان لەبارەوە بەدەست بهێنین لە كاتێكدا زۆربەی ئەو چالاكیی و كردە و داهێنانانە وەك پیشە و پراكتیك نەماون، یان زۆر كز بوون و بگرە بوونەتە جێی شەرم. هیچ پێناسەیەكی گشتگیرمان لەبەر دەستدا نییە و وەك پێشتریش گوترا، زۆر زاراوە و چەمك بەكار دەهێنرێن بۆ وەسفكردنی ئەوەی مرۆڤی خاوەن ئەو كولتوورانە دەیزانن[27]. بۆ نموونە ئێمە شتێكی ئەوتۆ لە بارەی زانیارییە نەرێتییەكان، ژینگەیییەكان، فۆلكلۆر، زانینی جوتیاران، ڕاوچییەكان، شاخەوانەكان، بەرگدرووەكان، مزگەرەكان، خومچییەكان، كارێزكەنەكان، دروێنەكەران، وەستاكانی بینا و شەڕكەران و خواردنە نەرێتییەكانەوە و.. نازانین. لە كاتێكدا هەموو ئەم پیشانە هەریەكەیان زانینێكی هەزاران ساڵەیان لە پشتەوەیە.. زانینمان لەبارەی وشككردنەوەی خۆراك، شیرەمەنییەكان، هەڵگرتنی خۆراك و سەدان جۆری دیكەی زانیاریمان لە ژێر هێرشی دنیای پیشەسازی  ئەلیكترۆنیدا لێ بزر و نامۆبووە، لە كاتێكدا هەموو ئەوانە بە درێژاییی هەزاران ساڵ بونیادی بیركردنەوە و زمانی ئێمەیان پێك هێناوە.

زۆرێک لە دانیشتووانی وڵاتی ئێمە بۆ بەڕێكردنی بژێوی ژیان و مانەوەیان، بە درێژاییی هەزاران ساڵ، پشتیان بەو ژینگەیە بەستووە كە ڕاستەوخۆ تێدای ژیاون. ئەمە بۆ زۆربەی شوێنەكانی دیكەی جیهانیش ڕاستە.. ئەم خەڵكە، كە ژیانیكی نەرێتییان هەبووە، بە تێپەڕبوونی کات، ڕێگەیەکیان پەرە پێداوە بتوانن بەكاری بهێنن بۆ خۆپاراستن و بەردەوامی. بۆیە ئەم كۆمەڵگە و جۆرە مرۆڤانە گرنگییان بە زۆری بەرهەمهێنان نەداوە، هێندەی ئەوەی دەستیان بە سرووشت و سەرچاوەكانییەوە گرتووە و سەقامگیری و مانەوەیان بۆ گرنگتر بووە. بۆیە بیرۆكەی بەكارهێنانی سرووشت، یان بەهەڵەبەكارهێنانی و دەستدرێژیكردنە سەر سرووشت، نامۆیە بەم جۆرە ژیانە. بە پێچەوانەوە شێوازی ژیانیان لەسەر بنەمای هەستێكی هاوبەشی پەیوەندارەوە كە ڕیشەكەی ئەوەتا لە بنەمای “پێویستبوون بەیەكتری”دایە، نەك هەستی گوناه، یان ترس و قوربانیدان. كەوایە پێش سەرهەڵدانی ئایینەكانیش ئەم هەستە هاوبەشە مرۆیەكانی دنەداوە بۆ مانەوە لەگەڵ سرووشت و بەكارهێنانی ئاكارێكی هاوسەنگ.

بۆیە بەڕێوەبردنی كۆمەڵگە و بەكارهێنانی سەرچاوەكانی ژیانیش هەر لەم ڕوانگە ئاكارییەوە تەماشایان كراوە، چونكە هەموو لێی سوودمەند بوون و هەمووانیش پێویستیان پێی هەبووە. واتە زانینێكی هاوبەشیشیان لەم بارەیەوە هەبوەوە و گێل و گەمژە نەبوون. دەكرێت لە ئێستاشدا سوودی پراكتیكی لەم زانینە وەربگیرێت[28].

كەواتە زانستی نەریتی، یان شارەزایی و لێزانین، جۆرێكە لە زانستی خۆماڵی، چەمکگەلێكی ڕەسەن و ڕەگاژوون لەو كۆمەڵگەیانەدا، كە جەخت لەسەر هاوژیانی مرۆڤ و گیانداران و سرووشت دەكەنەوە. ئەم چەمكانە ڕوانگەیەك پێشكەش دەكەن بۆ مانەوە، كە جێگرەوەی نییە. دانایی نێو ئەم ڕوانگەیە لەسەر بنەمای پێكەوەژیان و هەستپێكردن بە (سرووشت و ئاژەڵان و باڵندە و ڕووەكەكان و ئاو و زەوی و بگرە شتەكانیشەوە بەندە). مرۆڤ لە كۆمەڵگەی نەرێتییدا بە هەمان ئەو شێوەیەی پێشبینی مەترسی لەسەر كەمبوونەوەی خۆراكی بۆ خۆی كردووە، بۆ ئاژەڵانیشی كردووە. كاتێك بەرگ و زین و كورتانی بۆ كەر و وڵاخ درووە، بیر و هەستی خۆی بەو پیشەیە داوە تا پێویستییەكانی ئەو ئاژەڵانە بۆ سەرما و گەرما و خۆپارێزی دابین بكات، بە هەمان شێوەی كە جلوبەرگی بۆ خۆی درووە. لەگەڵ دروستكردنی كەوش و كڵاشدا بۆخۆی ناڵی بۆ گوێدرێژ و وڵاخەبەرزەش دروست كردووە.

هەموو ئەمانەش ئەنجامی پێكەوەگونجان، (تێبینكردن)، (ئەزموون) و (تاقیكردنەوە)ی ژیانێكەوە لەگەڵ ئەو زیندووانە بووە. تێبینیكردن، ئەزموون و تاقیكردنەوەش لە بنەما جیگیرەكانی زانستی مۆدێرنن. هەر ئەم بنەمایانەن كە وایان كردووە، خەڵكە نەرێتییەكە بە درێژاییی هەزاران ساڵ خۆیان لەگەڵ گۆڕانكاریی ژینگەیی (قات و قڕی، پەتاكان، وشكەساڵی، لافاو و زەویلەرزەكان)، بگونجێنن. هەر لە ژێر گوشاری ئەم گۆڕانكارییانەشدا بووە، كە بیر و هزریان جووڵاوە و ئەو كەرەستە و تەكنەلۆژیانەیان بەرهەم هێناون كە ژیانیان بۆ ئاسانتر كردوون. ئەمە جگە لەوەی بڕیاری ستراتیژییان لەبارەی ساخلەمی و چارەی پزیشكی، بەخێوكردنی ماڵات، ئیدارەی ئاو، دابینكردنی جلوبەرگ و خۆپاراستن لە دەستدرێژییەكان داوە[29]. فەلسەفەی ئەم ڕوانگەیە ئەوەیە: كە هەموو شتێكی خۆماڵی و ئێرەیی، دەرمانی دەرد و چارەسەری كێشەكانمانە.

ئەوە سرووشتی گشت كولتوورەكانە، كە بە ناولێنان و چەمكاندنی تێبینی و ئەزموون و تاقیكردنەوەكانیان لە ناو ئەو كەشی ژیانەدا كە تێیدا ژیاون، زانیارییان كەڵەكە كردووە و باشتر لە خۆیان و ژینگەیان تێگەیشتوون[30]. ئەوەش ڕاستە كە ناتوانین ئەوەی ئەوان وەك دانایی و زانین و باوەڕ كەڵەكەیان كردووە، بەهۆی دووبارەكردنەوەی ئەزموون و تاقیكردنەوەكانیانەوە فێر ببین، ئەگەر لە هەمان كاتیشدا جیهانبینییەكەیان شارەزا نەبین و لە ناویدا نەژین. ئەگەر بە دووبارە كردنەوەی میكانیكیانەی ئەو شتانە بێت كە لەوانەوە بۆمان ماوەتەوە، كارەكە ئاسان بوو، وەلێ بەبێ لەخۆگرتنی جیهانبینی و باوەڕەكەیان ئەستەمە ئەوە دووبارە بكرێتەوە. بۆ نموونە سیستەمی ماتماتیكی ژماردن بە دەست لە كاتی گوێز و بەرووبووم ژماردندا، شتێك نییە هەروا بە ئاسانی دووبارە بكرێتەوە. مەسەلەكە هەر تەنیا پەیوەندی بە بەكارهێنانی دەستەوە و لێكدان و كۆكردنەوە و لێدەركردنی ژمارەكانەوە نییە، هیندەی ئەوەی پەیوەندیشی بە بڕواوە هەیە. لەو سیستەمەدا جار هەیە پێش ژماردن، پێشبینیی ژمارەكانی جۆرە بەرووبوومێك دەكرێت و لەگەڵ ژماردنیشدا وێك دێتەوە. جووتیار لەسەر خەرمان دەزانێت چەند تەنەكە بەرهەمی هەیە و چەند هەزار گوێزی دەستكەوتووە! وڵاخدار بە تەماشاكردنی ددانی وڵاخ و ئاژەڵەكانی دەزانێـت تەمەنیان چەندەیە و بەپێی ئەوەش نرخ و هێز و توانایان دەستنیشان دەكات. تێكەڵكردنی قووڕ، كا، موو و ئاو شارەزاییەكی زۆری دەوێت و هەڵبژاردنی گڵ بۆ گۆزەگەری هەر پەیوەندی بە جۆری گڵەوە نییە، ئەگەر تام نەكرێت. بە هەمان شێوەش هەڵبژاردنی گوڵ و ڕووەكەكان و جۆری خواردنەوە و شۆرباكان بۆ دەرمان و چارەسەر هەر تەنیا ناوەستێتە سەر ناسینی جۆری گوڵ و ڕووەكەكان. هەموو ئەمە چیمان پێ دەڵێت؟ پێمان دەڵێت كە هەر كولتوورە بەپێی ژینگەی خۆی جیهانبینی بۆ كەسانێك دروست كردووە، كە لەو ژینگەیەدا ژیاون. بۆیە هیچ كولتوورێك ناكرێتە پێوەر بۆ تێگەیشتن لە كولتوورێكی دیكە. هەر كولتوورە ستاندارد و پێوەری خۆی لە خۆیەوە بەدەست دەهێنێت، ئەمە بۆ زانستیش ڕاستە.

كەواتە زانستی خۆرئاواش ناتوانرێت بكرێتە پێوەری ڕەها بۆ تێگەیشتن لە هەموو كولتوورەكان و بۆ تیگەیشتن لە هەموو ڕاستەقینە. زانستی فەرمی لایەنگیرێكی سەرسەختی میتۆدی شیكاری و تاقیگەیی و گشتاندنە. لە كاتێكدا زانستی نەرێتی، لەسەر ئەزموون و دووبارەكردنەوە بەندە و هیچ پشت بە تاقیگە و ماتەریالیزم نابەستێت[31] و پشت بە “پیرۆزی” و پێشبینی و خەمڵاندن دەبەستێت.

زانستی ڕۆژئاوا بابەتی و چەندایەتییە بە پێچەوانەی مەعریفەی نەریتییەوە کە بە شێوەیەکی سەرەکی خودییانە و چۆنایەتییانەیە. زانستی ڕۆژئاوا لەسەر بنەمای گواستنەوەی ئەکادیمی و خوێندەوارییەوە دامەزراوە، لە کاتێکدا زۆرجار زانستی نەریتی بە شێوەی زارەکی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر لەلایەن گەورەکانەوە دەگوازرێتەوە بەبێ ئەوەی هیچ خوێندەوارییەكیان هەبێت.. زانستی ڕۆژئاوا بابەتی لێکۆڵینەوەی خۆی لە چوارچێوەی ژیانی خۆی جیا دەکاتەوە و دەیسپێرێت بە تاقیگە و ئامێری چاودێری و شیكاری. ئەمەش بەو مانایەیە کە زاناکان خۆیان لە سروشت جیا دەکەنەوە، کە بابەت و سەرچاوەی لێکۆڵینەوەکانییەتی[32].

لەگەڵ ئەوەشدا كە مێژووی زانست لە خۆرئاوا هەموو زانینێكی دەرەوەی خۆی خستۆتە پەراوێز و وەك دواكەوتوو، سەرەتایی و (پێشزانست) پێناسەی كردوون، كەچی لە کولتوور و فەلسەفەی هاوچەرخی ڕۆژئاوادا هەندێک بیرۆکەی سەرنجڕاکێش و واقیعییانە گەڵاڵە كراون، كە جێی ئاوڕدانەوەی پێویستن.

فەیلەسووفی نەمسایی پۆڵ فایرابەند (١٩٢٤-١٩٩٤) یەكێكە لەوانە، كە بوێرانە ئەو گریمانە جێگیر و بەپیرۆزكراوەی خستە ژێر پرسیارەوە کە دەڵێت: تەنیا زانستی ڕۆژئاوا پێوەرەکانی دیاریکردنی ڕاستییەکانی لە دەستدایە. وەک فایرابەند ئاماژەی پێ کردووە، هەر جۆرە زانینێک تەنیا لە چوارچێوەی کولتووری خۆیدا مانای هەیە. بەلای ئەم بیرمەندەوە، هیچ ڕێسایەكی جێگیر و پێوەرێكی دەستنیشانكراو نییە ڕەوتی زانست ڕێنوێنی بكات: “كۆی ئەو ڕێسایانەی زانا و فەیلەسووفەكان بەرگرییان لێ دەكەن بەو بەهانەیەی ئەوانە شێوەیەكی ڕێكخراوی میتۆدی زانستین، یا ئەوەتا بێسوودن، یانژی لاوازن[33]. بە بڕوای فایرابەند “گشت ئەو مێتۆدۆلۆژیانەی فەلسەفەی زانست ناسیونی پێوەرگەل و ڕێسای جیگیر و گشتمەند، دەسەپێنن، ئەویش بەهۆی باڵادەستكردنی میتۆدێكی تایبەتەوە. ئەمەش دەبێتە هۆكاری بەرتەسك كردنەوەی پانتاییی زانست و خنكاندنی توانا عەقڵییەكان و كپكردنی هێزی خەیاڵ و سنوورداركردنی تواناكانی داهێنان[34].

فایرابەند لەو بڕوایەدایە، كە یاسا زانستییەكان پێویستە لە كردەی واقیعییانەوە دەربهێنرێن، چونكە مرۆڤ بكەری نێو واقیعە و خۆیشی سەرچاوەی زانستە نەك میتۆدە پێشتر ئامادەكراوەكان. بۆیە دەنووسێت: “زانست هیچ نییە لە بەرەئەنجامی توێژینەوە زیاتر، بە هیچ شێوەیەك پەیگیریكردنی یاساگەلیكی دەستنیشانكراو نییە. لێرەشەوە ناتوانین بەوە حوكم بەسەر زانستدا بدەین تاكوو یاساگەلیی مەعریفییانەی ڕووت بەكار بهێنێت،  ئەگەر ئەو یاسایانە بەرەنجامی پەیڕەوكردنی ئەو چالاكییە مەعریفیانە نەبن، كە هەمیشە لە گۆڕاندان”[35].

بەم جۆرەش فایرابەند ڕێگەخۆش دەكات بۆ ئەوەی بڵێت: “كەسانی نێو كولتوورە جیاوازەكان هەردەم ڕێگاچارەیان بۆ كێشەكانی خۆیان دۆزیوەتەوە. ئەگەر ئەوانە بەم كارانەیان پەیوەندیی نێوان ئاراستەكانی وەك زانست و ئایین، بەشەكانی وەك فیزیا و كۆمەڵناسی..، یان تێكشاندبێت، شتێكی سەرسووڕهێن نییە، ئەوە ڕێك كاری ئەوانە. هاواركردن لە دەست “نەمانی هاوسەنگی” لەنێوان بەشە جیاوازەكانی زانستی مرۆییدا، بە مانای عەیبداربوون و بێسوودی ڕێكخستن و زەبت و ڕەبتێكە، كە بە ماوەی هەزاران ساڵ پێگەیشتووە تا گەیشتۆتە ئێستا. ئەوانەی دەم لە ڕێكخستەوە دەدەن، بە شێوەیەكی گوماناوی لەو حاكمە ستەمكارانە دەچن كە دەیانەوێت گشت ئەو هەمەڕەنگییەی (لە جیهاندا)، دەیبینن لە سێبەری حوكوومەتە هاوسەنگ و گونجاوەكەی خۆیاندا ڕكێف (لغاو)، بكەن”[36].

كەوایە فایرابەند دەستپێشخەری دەكات بۆ جێكردنەوەی جیاوازیی مەعریفی لە بواری زانستدا و سەندنەوەی سەنتەریزم لە گوتاری زانستیی خۆرئاوا، بۆ جێكردنەوەی گوتارە زانستییەكانی دیكەش. چونكە كاتێك لە تاكڕەهەندی زانستی ڕزگارمان دەبێت، هەمەڕەنگی دەگەڕێتەوە بوارەكە و ئەمەش “بواری گفتوگۆ”كردن دەدات. لێرەشەوە فایرابەند داوای فرەمیتۆدی لە بواری پەروەردەدا دەكات بۆ ئەوەی قوتابی بكەوێتە بەردەم كۆمەڵێك زانیاری هەمەڕەنگ. واتە لە كەنار زیندەوەرزانی و گەشەی گەردوون و پێشكەوتنی فیزیا و زانست، كەمیكیش جادووگەری و ئەستێرەناسی و ئەفسانەش بخوێنێت[37].

بەم جۆرەش، زەمینە خۆش دەكرێت بۆ دەرچوون لەژێر دەسەڵات و گشتاندنی كۆڵۆنیاڵیستانەی ئەورووپایی، كە بە هۆی گشتاندنی تێگەیشتنە كولتووری و پەروەردەییەكانی خۆرئاواوە بەشێكی زۆری نەرێتە ڕەسەنەكانی كۆمەڵگەكانی سڕیوەتەوە، كە بە ماوەی هەزاران ساڵ ڕەگوڕیشەیان داكوتاوە. پێناچێت كولتووری گڵۆباڵیزم و تۆڕی كۆمەڵایەتیش لەم ڕیشەكێشكردنە كەم بكاتەوە، بگرە دۆخەكە خراپتر دەكات. چونكە لە بنەمادا درووشمی ئەم كولتوورە بەرەو یەكسانكردن و چوونیەككردنە، لە كاتێكدا كولتووری نەرێتی لەسەر بنەمای فرەیی و جیاوازییەوە دروست بووە.

هەڵبەت من بانگەشەی ئەوە ناكەم، كە زانستمان بە مانا مۆدێرنەكەی پێویست نییە، یان گرنگ نییە، چونكە داناییی زانستییانەی مۆدێرن سێسەد ساڵ زیاترە ڕۆڵێکی سەرەكی هەیە و لە كۆمەڵگە پێشکەوتووە و پەراوێزییەكانیشدا پێگەیەکی باڵادەستی لە چارەسەركردنی زۆرێك لە كێشەكاندا هەیە.

بەڵام ئەوەش لۆژیكی و عاقڵانە نییە بگوترێت لە دەرەوەی ئەم زانستە هیچ زانستێكی دیكە نییە، یان ئەوەی كە هەیە زانستانە نییە. ئەم ڕوانگەیە هەمەچەشنەیی و جیاوازیی مەعریفەی مرۆیی دەكاتە شتیكی یەكپارچە و تاكڕەهەند. لە كاتێكدا لە هەر كولتوور و وڵاتێكی ئەم جیهانەدا نەرێتێكی زانستی و ژیرانەی سەربەخۆمان هەیە، كە نابێت بیربچێتەوە چونكە ئەم كولتوورە بەرئەنجامی خۆگونجاندنی هەزاران ساڵەی مرۆڤەكانی ئەو كۆمەڵگەیەیە لەگەڵ ژینگەكەی و بە درێژاییی هەزاران ساڵیش چارەسازی كێشە و دەردەكانی ئەو شوێنە خۆماڵیایی و كۆمەڵگەیانە بووە، كە تێیاندا سەری هەڵداوە.

بۆیە گرنگە بگەڕێینەوە سەر بنەما داناییناسییەكانی ئەم زانستە نەرێتییانە و خۆمان لە تاكڕەهەندی زانستی ئەورووپایی بپارێزین. ئەمەش بە مانای ڕەتكردنەوەی سیستەمی داناییی ئەورووپایی نایەت، هێندەی ئەوەی بۆ ئەوەیە ئەو دانایییە بخەینە پێگەیەكی مشتومڕئامێزەوە لەگەڵ داناییی نەرێتی. بەتایبەتیش كە ئەمڕۆ لە هەر كات زیاتر دەزانین ئەم دوو جۆر بیركردنەوەیە، ئەوەندەش دژ و ناكۆك نین، وەكئەوەی خراوەتە مێشكمانەوە. ئەمڕۆ زیاتر لە هەر سەردەمێك بۆ زانایان دەركەوتووە، كە زۆر شت لە ڕوانگە نەرێتییەكاندا هەیە، كە شیاوی سوود و گونجاندنە لەگەڵ زانستی مۆدێرن. بگرە تەواوكەری یەكتریشن. ئەوەی گرنگە دۆزینەوەی زەمینەی هاوبەشە نەك ڕەتكردنەوە و یەكتری سڕینەوە، كە میراتی كۆڵۆنیاڵیزم بوو. گرنگە ئەوەش بزانین كە ئێستا خودی ئەورووپایییەكان و فەیلەسووفەكانی زانستیش لەو هەرێمە تا ڕادەیەكی زۆر دەستیان لەو میراتە گشتێنەرەی زانست شتووە لە هەوڵی ڕاستكردنەوەیدان، لە كاتێكدا سیستەمی پەروەردەیی و خوێندنی ئێمە تووند خۆی پێوە شەتەك داوە و وەك میراتێكی پیرۆز تەماشای دەكات.

ئێمە لە هەریمی كوردستاندا بەوەی بە تووندی خۆمان بەیەك نەرێتی زانستییەوە ببەستین، گرنگە میراتی زانستی و هزری كردەییی خۆشمان زیندوو بكەینەوە و بایەخی پێ بدەین، چونكە كولتووری ئێمە زۆر شتی تێدایە كە چارەسەری كردەیی بۆ كێشە ناوخۆیییەكانمان پێیە و دەشتوانێت بۆ كولتوورەكانی دیكەش پێویست و سوودبەخش بێت. ئەزموون و میراتی جووتیاری لە وڵاتی ئێمەدا لەسەر داناییەكی كردەیی و ئەزموونی و تاقیكاری گرنگ و دەوڵەمەندەوە دامەزراوە و شارەزایانی ئەم بوارە دەتوانن مامۆستای گەورەی ئەم بوارە بن. ئەزموونی ئەم بیست ساڵەی دوایی جووتیارانی ئێمە ئەوەی دەرخستووە، كە زانستێكی بەرز و دەگمەنیان پێیە.

قسەی كۆتایی:

یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی جیهانی ئەمڕۆ گواستنەوەی ئەزموون و لیكترەوە فیربوونە. بۆ ئەمەش گرنگە خۆمان بۆ پەیوەندییەكی دیكە لەگەڵ جیهاندا ئامادە بكەین و لە پەیوەندیی ملكەچانەمانەوە بە ئەورووپا خۆمان قوتار بكەین.

پێویستە ئێمە دیدەگای خۆمان هەم لە ئاست زانست و هەمیش لە ئاست نەرێتدا بگۆڕین. بە گۆڕینی ئەم دیدەگایە ڕێگای دیكەی فێربوون و زانینی نوێ دەدۆزرێتەوە. گەڕانەوە بۆ ئەو میراتە دەوڵەمەندەی مرۆیەكان لە هەگبەی ئەزموون و ژیانی خۆیاندا پاراستوویانە، دەریچەی نوێمان لەسەر زانستە نەزانراوەكان بۆ دەكاتەوە. گرنگە چەندە خۆمان بەرەو ڕووی زانستی مۆدێرندا بكەینەوە، ئەوەندەش لە ئاست جۆرەكانی زانینی نەرێتیدا كراوە بین. هیچ ئاسۆیەكی ڕوانین بەتەنیا بێ سنوور و بێ كەموكوڕی نییە، ئەوەی كەموكوڕی ئاسۆكانی ڕوانین و كەلێنەكان پڕ دەكاتەوە، گۆڕینەوەی ئەزموونەكان و لێكترەوەفێربوونە.

هەر سیستەمێكی زانین، هەڵگری سنوورەكان و ڕوانگەی خۆیەتی و نابێتە جێگرەوەی سیستەمەكانی تری زانین و دانایی. ئەمە بۆ سیستەمی داناییی ئەورووپاش ڕاستە و ئەو سیستەمەش كە ڕۆژگارێكی زۆر بەهۆی میتۆدە ئەزموونی و شیكارییەكەیەوە گەیشتبووە لوتكە، پێویستی بە خۆگونجاندن لەگەڵ جۆرەكانی دیكەی زانین هەیە و ڕاستەقینە بە تەنیا لە یەك ڕوانگەدا نییە. زانست هەر بەتەنیا ئەوە نییە كە بەرهەم هاتووە، بەڵكوو ئەوەشە كە بەرهەم دێت و لەمەشدا هەموو گەلان و كولتوورەكان بەشدارییان هەیە.

خودی زانایانی ئەوروپایی و فەیلەسووفانی زانستیش لەو بڕوایەدان ئەگەر زانست لە ئەورووپا بیەوێت بەرەو داهاتوو بچێت پێویستی بە گوێگرتن و چوونە دایالۆگ لەگەڵ سیستەمەكانی دیكەی زانست و تێگەیشتن هەیە[38]. وەك بینیمان زانستی نەرێتی ئەوەندەش دژ و ناكۆك نییە لەگەڵ زانستی فەرمی لە ئەورووپاوە هاتوو. یەكێك لە گرنگییەكانی زانستی نوێ دەوڵەمەندبوونیەتی لە بواری زاراوەكانیدا كە بە هۆیانەوە ڕوانگەكانی خۆی ڕوون و پوختە دەكاتەوە، بۆیە گەڕانەوە بۆ زانستی نەرێتی لەمەشدا كاریگەریی زۆری هەیە و زمانی زانستیمان دەوڵەمەند دەكات. ئەمە جگە لەوەی لە ڕووی میتۆدییەوە چڕتر دەبێتەوە[39].

زانستی ڕۆژئاوا و مەعریفەی نەریتی ڕێگای جیاواز بۆ بەدەستهینانی زانین دەگرنەبەر، بەڵام ڕەگیان لە یەک واقیعدا داکوتاوە. تەنها لە گرنگیدان بە مێژوو و دەوڵەمەندی کولتووریمان دەتوانین قازانج بکەین[40].

سەرچاوەكان:

  1. جرج سارتن: گفتارهای در تأریخ علم. ت. غلامحسین صدری افشار، تهران: اییژ، 1388، ص: 1
  2. The Secretariat of the convention on biological diversity the convention on biological diversitywebsite: http://www.biodiv.org. 1992.
  3. Glen S. Aikenhead: Science Education: Border Crossing into the Subculture of Science Published in Studies in Science Education, 1996
  4. احسان الاسود: الشرق والغرب في نظرات متبادلة.   25 تشرين الأول/أوكتوبر 2021. https://www.harmoon.org/opinions
  5. Maurizio Iaccarino: Science and culture. Westeren science cuuld a thing or two from the way science is done in other cultures. european molecular biology organization , vol 4, no 3, 2003.
  6. شاذلی هورای: فی فلسفة بول فیرابند، من صرامة المنهج الی التعددیة المنهجیة. الحوار الثقافي، Volume 1, Numéro 1, ، 2012
  7. .http://denstoredanske.dk/
  8. .https://www.dr.dk/studie/samfundsfag/portraet-af-huntington
  9. سامۆئیل هانتنگتۆن: پێكدادانی شارستانییەتەكان. و. فەیسەڵ خەلیل، هەولێر: ناوەندی ئاوێر بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە، 2016
  10. كلیفورد كانر: تاریخ علم مردم. مترجم: حسن افشار. تهران: نشر ماهی، 1390.
  11. الدكتور یونس ولیدی: حوار الحضارات بين الفكر الغربي والفكر العربي الاسلامي، لە: https://www.youtube.com/watch?v=idSCkI53jVI
  12. 12.     ڕێبوار سیوەیلی: كورد و شارستانییه‌ت (هه‌ندێ بیرۆكه‌ بۆ بابه‌تێكی گرنگ). ئەم باسە سەرەتا لە زانكۆی چەرموو (26/6/2021) پێشكەش كرا و پاشان لە كتێبی (سەد وانەی ڕێفراندۆم، 2022).
  13. ڕێبوار سیوه‌یلی: ترسان له‌ فه‌لسه‌فه. هەولیر: ڕێكخراوی زەریاب بۆ خزمەتگوزاری كولتووری و ڕۆشنبیری، چاپی سێیەم: 2020.
  14. پ. میهردادی ئێزەدی: چەردەباسێك لەبارەی كوردانەوە. و. ئەمین شوان، سلێمانی: دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، 2016.
  15. د. ا. س. لمتون: مالك و زارع در ایران. ت: منوچهر امیری، تهران: مركز انتشارات علمی و فرهنگی، چاپ سوم، 1362.
  16. ڕێبوار سیوەیلی: فەلسەفەی ئاكاری ژینگەپارێزی. هەولێر: ڕێكخراوی زەریاب بۆ خزمەتگوزاری كولتووری و ڕۆشنبیری، چاپی یەكەم، 2020.
  17. ڕێبوار سیوەیلی: قەڵای خانزاد لە: https://www.facebook.com/rebwar.siwayli
  18. Maurizio Iaccarino: Science and culture. Western science could learn a thing or two from the way science is done in other cultures. EMBO reports 2003.
  19. ڕێبوار سیوەیلی: میژووی هزری كۆمەڵایەتی. ڕێكخراوی زەریاب بۆ خزمەتگوزاری كولتووری و ڕۆشنبیری، هەولێر، 2013.
  20. Basarab Nicolescu:  Science and tradition Two spokes of a single wheel’; in: TheCourier 1986.
  21. J. P. Singh: United Nations Educational, Scientific and Cultural Organization (UNESCO), Creating norms for a complex world. 2011.
  22. The Convention onBiological diversity10 years ontaking stock,looking forward.https://books.google.iq/. 30. 10. 2022.
  23. Julian T. Inglis: (Edited) Fikret Berkes: Traditional Ecological Knowledge in Perspective. Conceptes and Cases 1993.
  24. Fikret Berkes: Traditional Ecological Knowledge in Perspective. Conceptes and Cases 1993.
  25. Marie Roue and Douglas Nakashima: Knowledge and foresight: the predictive capacity of traditional knowledge applied to enviromental assessment. UNSCO 2002.
  26. جرج سارتن: گفتارهایی در تاریخ علم. ت: غلامحسین صدری افشار. تهران: اییژ، 1388.
  27. جان لینهان: علم در عمل. ت. منیژە مدبر. تهران: 1390.
  28. دانالد گیلیس: فلسفە علم در قرن بیستم. ت: حسن میانداری. ساڵ، شوێن: دیار نییە.
  29. پ. د. حەسەن حوسێن سدیق: زانست و میتافیزیك. زانكۆی ڕاپەڕین، ڕانیە، 2022.
  30. باول فیرابند: العلم فی مجتمع الحر. ترجمة و تقدیم و تعلیق: السید نفادی. المجلس الاعلی للثقافة، قاهرة، 2000.
  31. 31.     ط. د. بوعلام الزهرة: الابستمولوجیة الفوضویة عند بول فیرابند و التفسیر الاعقلانی لتطور العلم. مجڵە الحكمة للدراسات الفلسفیة 10، العدد 2، 2022.
  32. پل فایرابند: استبداد علم. ت: محسن خادمی، تهران: پگاه روزگار نو، چ. أول، 1399.
  33. Milton M. R. Freeman :The Nature and Utility of Traditional Ecological Knowledge. Northern Perspectives. Published by the Canadian Arctic Resources Committee Volume 20, Number 1, Summer 1992. https://www.researchgate.net/profile/Milton-Freeman/publication/269576083_The_nature_and_utility_of_traditional_ecological_knowledge/links/552d546d0cf21acb092172a2/The-nature-and-utility-of-traditional-ecological-knowledge.pdf
  34. Loic Wacquant: Three steps to a historical anthropology of actually existing neoliberalism. Social Anthropology/Anthropologie Sociale (2012).
  35. Fulvio Mazzocchi Western science and traditionalknowledgeDespite their variations, different forms of knowledge can learn from each other: https://scholar.google.com/scholar.

تێبینی: بۆ بەشی سێیەم سوودێكی زۆرم لە زانیاریی و شیكارییەكانی دوایین سەرچاوەی ئەم باسە (سەرچاوەی ژمارە 35) وەرگرتووە.

Abstract:

This paper discusses the importance of tradition and science at a common point, in order to counter the views that define tradition as against science. The discussion is presented in three parts: First, the common Kurdish view of science and tradition, which is still a colonial view, in which science is presented as an advanced activity and tradition as a symbol of backwardness. In the second part, by giving examples of Kurdish civilization and the relationship between Kurds and nature, the traditional importance of this relationship is discussed, which is full of scientific thinking and several examples are given. In the third section, we discuss the necessity and commonality of tradition and science, and in this we return to the discussions that scientists and philosophers have brought forward and discuss the importance of tradition for science today.


[1] جرج سارتن: گفتارهای در تأریخ علم. ت. غلامحسین صدری افشار، تهران: اییژ، 1388، ص: 1.

[2] هەر ئەوێ، ل: 8.

[3]The Secretariat of the Convention on Biological DiversityTHE CONVENTION ON BIOLOGICAL DIVERSITYWebsite: http://www.biodiv.org. 1992.

[4] Glen S. Aikenhead: Science Education: Border Crossing into the Subculture of Science Published in Studies in Science Education, 1996, vol. 27, pp. 1-52.

[5] حسان الاسود: الشرق والغرب في نظرات متبادلة.   25 تشرين الأول/أوكتوبر 2021. https://www.harmoon.org/opinions

[6] Maurizio Iaccarino: Science and culture. Westeren science cuuld a thing or two from the way science is done in other cultures. european molecular biology organization , vol 4, no 3, 2003, s: 1.

[7]شاذلی هورای: فی فلسفة بول فیرابند، من صرامة المنهج الی التعددیة المنهجیة. الحوار الثقافي، Volume 1, Numéro 1, ، 2012.

[8]Michael Harbsmeier: civilisatio, http://denstoredanske.dk/. 1. 11. 2022.

[9]https://www.dr.dk/studie/samfundsfag/portraet-af-huntington.

هەروەها بڕوانە: سامۆئیل هانتنگتۆن: پێكدادانی شارستانییەتەكان. و. فەیسەڵ خەلیل، هەولێر: ناوەندی ئاوێر بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە، 2016، ل: 51-57.

[10] L O IC WACQUANT: Three steps to a historical anthropology of actually existing neoliberalism. Social Anthropology/Anthropologie Sociale (2012) 20, 1 66–79

[11]كلیفورد كانر: تاریخ علم مردم. مترجم: حسن افشار. تهران: نشر ماهی، 1390، ص: 12-34.

[12]الدكتور یونس ولیدی: حوار الحضارات بين الفكر الغربي والفكر العربي الاسلامي، لە: https://www.youtube.com/watch?v=idSCkI53jVI

[13] هەمان سەرچاوەی پێشوو: الدكتور یونس ولیدی: حوار الحضارات بين الفكر الغربي والفكر العربي الاسلامي، لە: https://www.youtube.com/watch?v=idSCkI53jVI.

[14]Walter Benjamin: On the Concepet of History. In: https://www.sfu.ca/~andrewf/CONCEPT2.html.

[15]ئێمە لە توێژینەوەكانی پێشتووترماندا سێ جۆر شارستانییەتمان لەیەكتر جیا كردۆتەوە:1. شارستانییەتی ئازادیی ئایین، 2. شارستاییەتی ئازادیی عەقڵ و 3. شارستانییەتی ئازادیی سرووشت.  بڕوانە: ڕێبوار سیوەیلی: كورد و شارستانییه‌ت (هه‌ندێ بیرۆكه‌ بۆ بابه‌تێكی گرنگ). ئەم باسە سەرەتا لە زانكۆی چەرموو (26/6/2021) پێشكەش كرا و پاشان لە كتێبی (سەد وانەی ڕێفراندۆم، 2022) بڵاو كرایەوە.

[16] ڕێبوار سیوه‌یلی: ترسان له‌ فه‌لسه‌فه. هەولێر: ڕێكخراوی زەریاب بۆ خزمەتگوزاری كولتووری و ڕۆشنبیری، چاپی سێیەم: 2020، ل: 150 و بەرەودوا.

[17] پ. میهردادی ئێزەدی: چەردەباسێك لەبارەی كوردانەوە. و. ئەمین شوان، سلێمانی: دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، 2016.

[18] د. ا. س. لمتون: مالك و زارع در ایران. ت: منوچهر امیری، تهران: مركز انتشارات علمی و فرهنگی، چاپ سوم، 1362، ص: 32- 701 (لەباسی كوردستان)دا.

[19]ڕێبوار سیوەیلی: فەلسەفەی ئاكاری ژینگەپارێزی. هەولێر: ڕێكخراوی زەریاب بۆ خزمەتگوزاری كولتووری و ڕۆشنبیری، چاپی یەكەم، 2020، ل: 53-61.

[20]بەڵام بیناسازییەكی قەڵای زۆر پێشكەوتوومان هەبووە، ئەمەم لە بینینی هەردوو قەڵای پاشای كۆرە لە دووكان و قەڵای خانزاد لە هەریر، هەستپێكرد. بۆ بەدواداچوونی تایبەتمەندییەكانی قەڵای كوردان، بڕوانە ئەم وتارەم: قەڵای خانزاد لە: https://www.facebook.com/rebwar.siwayli

[21] ڕێبوار سیوەیلی: فەلسەفەی ئاكاری ژینگەپارێزی. ڕێكخراوی زەریاب بۆ خزمەتگوزاری كولتووری و ڕۆشنبیری. 2020.

[22]Maurizio Iaccarino: Science and culture. Western science could learn a thing or two from the way science is done in other cultures. EMBO reports VOL 4,  NO 3, 2003. p: 220.

[23]ڕێبوار سیوەیلی: میژووی هزری كۆمەڵایەتی. ڕێكخراوی زەریاب بۆ خزمەتگوزاری كولتووری و ڕۆشنبیری، هەولێر، 2013، بەشی یەكەم.

[24] Basarab Nicolescu: Science and tradition Two spokes of a single wheel’; in:TheCourier 1986,  p: 25- 28.

[25]J. P. Singh: United Nations Educational, Scientific and Cultural Organization (UNESCO), Creating norms for a complex world. 2011.

[26]The Convention onBiological diversity10 years ontaking stock,looking forward.https://books.google.iq/. 30. 10. 2022.

[27] Julian T. Inglis: (Edited) Fikret Berkes: Traditional Ecological Knowledge in Perspective. Conceptes and Cases 1993, p: 3.

[28] Fikret Berkes: Traditional Ecological Knowledge in Perspective. Conceptes and Cases 1993, p:5.

[29] Marie Roue and Douglas Nakashima: Knowledge and foresight: the predictive capacity of traditional knowledge applied to enviromental assessment. UNSCO 2002, p: 340-343.

[30]Maurizio Iaccarino: Science and culture, p: 221-222.

[31]Maurizio Iaccarino: Science and culture, op .cit.

[32] Marie Roue and Douglas Nakashima: opcit, UNSCO 2002, p: 39.

[33]باول فیرابند: العلم فی مجتمع حر. ترجمة و تقدیم و تعلیق: السید نفادی. المجلس الاعلی للثقافة، قاهرة، 2000، ص: 113.

[34] ط. د. بوعلام الزهرة: الابستمولوجیة الفوضویة عند بول فیرابند و التفسیر الاعقلانی لتطور العلم. مجڵە الحكمة للدراسات الفلسفیة 10، العدد 2، 2022، ص: 567.

[35] باول فیرابند: العلم فی مجتمع الحر. 2000، ص: 113-114.

[36] پل فایرابند: استبداد علم. ت: محسن خادمی، تهران: پگاه روزگار نو، چ. أول، 1399، ص: 39-40.

[37] شاذلی هورای: فی فلسفة بول فیرابند (من الصرامة المنهج الی التعددیة المنهجیة. لحوار الثقافي، Volume 1, Numéro 1,  ص: 105. 2012-09-21.

[38] Milton M. R. Freeman :The Nature and Utility of Traditional Ecological Knowledge. Northern Perspectives. Published by the Canadian Arctic Resources Committee Volume 20, Number 1, Summer 1992. https://www.researchgate.net/profile/Milton-Freeman/publication/269576083_The_nature_and_utility_of_traditional_ecological_knowledge/links/552d546d0cf21acb092172a2/The-nature-and-utility-of-traditional-ecological-knowledge.pdf

[39]Maurizio Iaccarino: Science and culture, p: 23- 24.

[40]Fulvio Mazzocchi Western science and traditionalknowledgeDespite their variations, different forms of knowledge can learn from each other: https://scholar.google.com/scholar.