گێڕانەوەی کرۆکی مرۆڤ، بۆ مرۆڤ،

لەژێر ڕۆشناییی "پێداگۆگیی ستەملێکراوان"

مەدرەسە، مەحبەسەیە، مەبحەسەیی وەسوەسەیە

کەسی تێدا هەیە، ئەمما خۆش و خورسەندی نییە

                  نالی

سەرەتا کاتێک باس لە دۆخی پەروەردە دەکەین، واقیعێک دەخەینە ڕوو کە ڕەخنە لەخۆیدا هەڵدەگرێت، ئەو دۆخەیە شایستەی گۆڕانکارییە، دۆخێکی بێگیان نییە کە نەتوانرێت دەستکاری بکرێت.

پاولۆ فرێری، ڕەخنەی زۆر ئاڕاستەی پەروەردەی باو دەکات، بەو پەروەردەیە ناوی دەبات کە هۆکارە بۆ لەمرۆڤخستنی مرۆڤەکان، داماڵینی بەها مرۆیییەکان لە مرۆڤ. کاری لەسەر ئەوە کردووە، کە چۆن ئەو مرۆڤە لە مرۆڤخراوە ببێتەوە بە مرۆڤ و بەرەو ڕزگاری هەنگاو بنێت.

سیستەمی پەروەردە لە کوردستان، هەمان ئەو سیستەمەیە کە فرێری ناوی لێ ناوە “پەروەردەی بانکی” ئەم پەروەردەیەش بەدەرە لە هۆشیاریی ڕەخنەیی، میتۆدێکە لەسەر شێوازی تەڵقین کار دەکات، تیایدا هەر بیرکردنەوەیەکی جیاواز، هەر چالاکییەک و خودی مەعریفە خەفە دەکرێت. لەم میتۆدەدا پەروەردە لەسەر ئاستی پەیوەندییە ستوونییەکان بەڕێوە دەچێت.

ئەوەی کە فرێری کردوویەتی هەوڵێک بووە لەپێناو شووناسی مرۆڤدا، مرۆڤ وەکوو بوونەوەرێکی مێژوویی و سەیرکردنی وەکوو پڕۆژەیەک بە ئامانجی گۆڕانکاری. پرۆسێسی درووستکردنی تاک (لێرەدا مەبەستم لە دروستکردنی تاک، پیشەسازیی مرۆڤ نییە، بەڵکوو ڕزگارکردنیەتی لەو بیرۆکەیەی مرۆڤ بە پیشەسازی بکرێت، دروستکردنی تاک واتە خۆی بەشدار بێت لە پێگەیاندنی خۆیدا) پرۆسەیەکی درێژمەودایە، گرنگیی ئەم پرۆسەیە لەوەدایە بیرکردنەوە دەبێتە سەنتەر، تاک لەوێوە درک دەکات و پەی بە ژیان دەبات بە ویستێکی ئازادانە. بە بڕوای من ئەم پرۆسەیە کارکردن نییە لەسەر ئەوەی “مرۆڤی چاک” دروست بکرێت، ئەم مرۆڤە گۆڕانکاری ناهێنێتە دی، چونکە چەمکی چاکبوون بەپێی کۆمەڵێک بنەمایە کە “گشت” لەسەری ڕێک کەوتوون و دەیسەپێنن بەسەر تاکێکدا بەبێ ڕەچاوکردنی واقیع. لێرەوە تاک دەبێتە ڕەنگدانەوەی گشت و تاکبوونی خۆی لەبیر دەکات. ئەمەش بەشێکە لە میتۆدی بانکی.

لێرەدا کۆمەڵێک پرسیار دروست دەبێت: پەروەردەی ئێمە تا چەند مرۆڤی بەرهەم هێناوە؟ مرۆڤی نێو ئەو دوو جۆرە پەروەردەیە (پەروەردەی باو و پەروەردەی نوێ) کێن؟ پەروەردەکراو و پەروەردەکار کێن؟

سیستەمی پەروەردەی ئێمە، پەروەردەیەکی ستەمکارانەیە، تیایدا دوو جۆر کارەکتەری سەرەکی هەیە؛ یەکێکیان، باوەڕی بە زانیاریی ئامادەکراو هەیە، ئەم کارەکتەرە مامۆستایە، بەردەوام ورووژمی زانیاری دەدات بە گوێی کارەکتەری دووەمدا.

دووەمیان، کارەکتەرە بێدەنگکراوەکەیە کە بەردەوام بار دەکرێت بە زانیارییە ئامادەکراوەکە، لەنێو ئەو سیستەمە بوونێکی چالاکانەی نییە، زانیارییەکانی کارەکتەری یەکەم دەڵێتەوە و دەیداتەوە بە مامۆستا، بەمەش دەڵێن خوێندکار. ئەم دوو کارەکتەرە ئاڵوگۆڕی یەک جۆر زانیاری دەکەن، درک بەوە دەکەین لەم سیستەمەدا دوو کارەکتەری لەمرۆڤخراو هەن.

بە بڕوای من ئەو جۆرە لە پەروەردە داڕێژراوی هەمان ئەو تەلقیندانەیە کە فێرکردنە ئایینییەکە جێبەجێی دەکات، لەسەر بنەمای ملکەچی بۆ دەقێکی نووسراو، سەریکێشاوە بۆ بەپیرۆزکردنی دەقی ئایینی و کەسانی ئایینیش. تەلقیندان، واتە بێئاگاکردنی مرۆڤ. پەیوەندیی نێوان خوێندکار و مامۆستاش هەمان ئەو پەیوەندییە ساردوسڕەیە کە لەنێوان مامۆستایەکی ئایینی و فەقێکەیدا هەیە، مەلا بەپێی بنەما ئایینییەکەی وەعز دەدات، فەقێش کە بەبێ بوونی گومان وەرگرە، دەبێتە کۆپیی مامۆستاکەی. لە سیستەمی فێرکردنی خوێندکاریشدا هەمان شت پەیڕەو دەکرێت، مامۆستا ئاخێوەرە، خوێندکاریش وەرگر و ئەرکی دەبێتە ئەزبەرکردن، وەک چۆن لە قورئاندا گوتراوە: قورئانی عەرەبیمان بۆ دابەزاندوون لەسەرتانە پەیڕەوی بکەن(یوسف/٢). مامۆستای ئایینی ئەوەی لە کتێبە ئایینییەکەیدا هەیە، بە فەقێکەی دەڵێتەوە، مامۆستای نێو سیستەمی پەروەردەش بەو زانیارییەی لە چوارچێوەی بەرنامەی خوێندندایە، خوێندکار گۆش دەکات!

سیستەمی پەروەردەی باو، تاکێک پێشکەش بە کۆمەڵگە دەکات کە دەستەمۆ کراوە، هیچ ئایدیایەکی دەربارەی ژیان نییە، ئەم تاکە لەبەر ئەوەی بەردەوام چاوەڕێی مامۆستاکەی بووە زانیاری بداتێ، لەدەرەوەی ئەو سیستەمە و لەسەر ئاستی سیاسی چاوەڕێی کاریزمایەک دەکات ئاڕاستەی بکات. توانای گۆڕانکاری نییە و زۆر جار گۆڕانکارییەکان بە دژ بە ژیانی خۆی لێک دەداتەوە. کەواتە تاکی ئەو سیستەمە بەشدار نییە لە گۆڕانکاریی پرۆسێسە کۆمەڵایەتییەکان و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگەکەی، بۆیە بوونێکی واقیعی لێ دەستێندرێتەوە. لێرەدا ڕووبەڕووی پرسیارێک دەبینەوە کە؛ ئایا نامرۆڤبوون هەستپێکراوە؟ هەڵبەت ئەو دۆخەی نامرۆڤبوون دەڕسکێنێت، بەپلەی ئیمتیاز دۆخێکی خەوشدار و خراپە، خودی ئەو خەوشدارییە پاڵنەرە لە بەدیهێنانی چرکەساتێک لەپێناو وەستانەوە دژ بەو لەمرۆڤخراوانەی نامرۆڤبوون بەرهەم دێنن. گەرچی مرۆڤبوون و نامرۆڤبوون لەسەرەتادا بژاردە نییە، بەڵام کاتێک لەنێو پرۆسەی پەروەردەکردندا تاکی لەمرۆڤخراو بەرهەم دەهێنرێت، نامرۆڤبوون دەکرێتە بابەتێکی ئیختیاری، لەمرۆڤخراوەکە بەرپرسیارە لەوەی هەوڵ بدات بۆ ئازادی و گێڕانەوەی مرۆڤبوونی خۆی، چونکە لە سەرەتادا مرۆڤە، بەڵام لەو بوونە دەخرێت.

پەروەردەیەک کە لەسەر بنەمای دیالۆگ و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بەڕێوە دەچێت، تاکی سەربەخۆ و ئازاد بەرهەم دەهێنێت. ئەم تاکە ئاسان دەستەمۆ ناکرێت لەلایەن ئایدۆلۆژیستەکانەوە کە دەیانەوێت ئاڕاستەی کۆمەڵگە بەرەو ئایدۆلۆژیاکەیان ببەن و مرۆڤ بخەنە خزمەتی بنەما ئایدۆلۆژییەکانیان، چونکە ئەو تاکە خاوەن بڕیارە، ڕەخنە لە هەر دۆخێک دەگرێت کە ئازادییەکانی و تاکبوونی سنووردار بکات.

کێماسیی پەروەردەکار

هەڵبەتە چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ تاکەکاندا، پەیوەندی بە مەعریفەی پەروەردەکارەوە هەیە، بەڵام پەروەردەکار لەنێو چوارچێوەی بەرنامەی خوێندندا سنووردار کراوە، تەنیا پەروەردەکار سەرچاوەی زانیارییە، زانیارییەکەش خودی بەرنامەداندراوەکەیە، بۆیە مامۆستای نێو ئەو سیستەمە مامۆستا نییە، بەڵکوو گەیەنەرە. ئەو بەرنامەیەش لەلایەن نوێنەرانی دەسەڵاتەوە نووسراوە، کەواتە لەو سیستەمەدا، پەروەردەکار گەیەنەری ئایدیاکانی دەسەڵاتە، خوێندکاریش بریتییە لە وەرگر. پەروەردەکار وەکوو داگیرکەر ڕۆڵ دەبینێت، پێی وایە خوێندکار ژێردەستەیە، لێرەدا بیرۆکەی داگیرکردن کار دەکات بەبیانووی بێدەسەڵاتی خوێندکار، کاری ئەم پەروەردەکارە بووە بە کۆتاییهێنان بە پرسیاری خوێندکار، کە ئەمە دەبێتە پاکتاوکردنی بیرکردنەوە، کاتێک مامۆستا “تێئاخنەر” بێت و خوێندکار “تێئاخنراو” بێت، لەوێدا ستەمکاری دەژیێتەوە. لە خوێندنگەکاندا کاتێک زەنگی تەواوبوونی وانەیەک لێ دەدرێت، خوێندکارەکان تا هێزیان تێدابێت ڕادەکەن، ئەو ڕاکردنە بەشێکە لەو تەوژمە چەپێنەرە کە لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا پەروەردەکار لێی بەرپرسە. کاتێک خوێندکار مافی نەبێت لە پرسیارکردن و لە هەڵبژاردنی چالاکییەکان، هیچ بنەمایەکی مەدەنی و یەکسانی لەو سیستەمەدا بەدی ناکرێت. لێرەوە مامۆستا کە داگیرکەرە و خوێندکاریش داگیرکراو، هەردوو کارەکتەرەکە لە مرۆڤبوون داماڵراون، چونکە سنووردار کراون، ئەم سنووردارییەش خزمەت بە بەردەوامبوونی ستەم دەکات. دەچێتەوە خزمەتی ستەمکار، بەو هۆکارەی پەروەردە هەڵگری ڕەهەندی سیاسییە، واتە پەروەردە بێلایەن نییە، فرێرییش پێی وابووە کە لەنێو ئەو پرۆسەیەدا؛ یان ستەمکاری بەرهەم دێت، یان ئازادی. خودی ئەو دوو چەمکەش چەمکی سیاسین.

کتێبی: پێداگۆگیی ستەملێکراوان؛ نووسینی: پاولۆ فرێری؛ وەرگێڕانی: جیهاد محەمەد. دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم ٢٠١٥

بابەتێک کە بەردەوام ئەوانەی لە بواری پەروەردە کار دەکەن دەیڵێنەوە ئەویش: “پێویستە مامۆستا هۆشیاری هەبێت” بەبێ ئەوەی ئەرک بکێشن ناوەڕۆکی ئەو ڕستەیەمان بۆ ڕوون بکەنەوە. مامۆستایەکی زانکۆ کە پێی وایە چینایەتی نەگەیشتووەتە لای ئێمە، وەک بڵێی چینایەتی بە فڕۆکە بۆمان بێت و هێشتا نەگەیشتبێت! کەواتە گرنگە پەروەردەکار هۆشیاری هەبێت لە بارودۆخی کۆمەڵگەکەی، هۆشیارییەکی کۆمەڵناسانە، مامۆستایەک کە ئیدراکی نەبێت چۆن دەبێتە پەروەردەکار؟ مامۆستا گرنگە هەڵگری ڕۆحییەتی ئازادی و مەدەنی و شۆڕشگێڕی بێت، بەڵام زۆرێک لە پەروەردەکارانی ئێمە، ناتوانن یان نایانەوێت یان ناوێرن کتێبێک دەربارەی جێندەر بخوێننەوە، ئەم بوونەوەرە چۆن دەبێتە پەروەردەکار؟ جێی باسە: ترس لە جێندەر ڕەهەندێکی ئایینی هەیە، جێندەر وەکوو چەمکێکی مۆدێرن دەبێتە مەترسی بۆ پێگەی ئایین، بۆ نموونە هەر چەمکێک لەنێو قورئاندا نەبێت مەترسییە بۆ ئایینەکە؛ سەربەخۆبوونی تاک، شرۆڤەکردنی پاڵنەرە کولتوورییەکان، هاوسەنگیی نێوان ژن و پیاو، بەشداریکردنی ژن  لە بەڕێوەبردنی ژیانیدا وەکوو ئەرک و ماف، کاتێک کەسێک بێت باسی ئەو هاوسەنگییە بکات گوێی لێ ناگیرێت و بەر توانج دەدرێت، هەزار ساڵ بەم بیرۆکەیە ژیان بەڕێوە چووە بۆیە ژیانی نوێ ترس لای دۆگماتیستەکان دروست دەکات. پرۆسەی پەروەردەش ترس بەرهەم دەهێنێت، مادام لەنێو ئەو پرۆسەیەدا تاکی سەربەخۆ و ئازاد نییە، ترس باڵ دەکێشێت بەسەر ژیانی تاکەکاندا. ئەم تاکە دەچێتەوە خزمەتی ئایدۆلۆژیا (ئایدۆلۆژیای ئایینی و ئایدۆلۆژیای حیزبی). تاکی لە ئازادیی ترساو دەچێتەوە خزمەتی ستەمکار (مەلا، سەرۆک، باوان)، هەر ئەو تاکە وەهمی لەسەر ئازادی بۆ دروست کراوە، هیچ دەربارەی ئەو چەمکە نازانێت. بۆیە هەڵە تێگەیشتنێکی سەیر هەیە سەبارەت بەو چەمکە ئەزموون نەکراوە، چەمکی تاکگەرایی و سەربەخۆیی، بەو هۆکارەی دەبێتە مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتی ستەمکار، دەشێوێنرێن و ستەملێکراو ستەمبارتر دەکرێت. ئەم تاکە ستەملێکراوە، لەنێوان خەباتی ڕزگاری و بەدەستهێنانی ئازادی و تەماشاکەر کە ڕەوتی ژیانی چۆن ڕێ دەکات، ئەمەی کۆتایی هەڵدەبژێرێت، کاتێکیش بزاوتێک سەر هەڵدەدات لەپێناو ئازادیدا، بەشدار نابێت، چونکە هەست بە بێتواناییی خۆی دەکات. ستەملێکراو، مرۆڤێکە لە هەمان کاتدا پاسیڤە و ئەکتیڤیشە؛ لەلایەک پاسیڤ کراوە لە ژیان، لەلایەکی دیکە وەک بکەرێک ئامادەیی هەیە لە بەردەوامیدان بەو دۆخەی کە لێیەوە ستەمکار شوێنی خۆی قایمتر دەکات. ئەمە کورتەی ئەو لەمرۆڤخستنەیە کە پرۆسەی پەروەردە کاری لەسەر کردووە.

ئایدیای پاولۆ فرێری

کۆی ئایدیای فرێری بریتییە: لە سازدانی دیالۆگ، کرۆکی دیالۆگیش بریتییە لە وشە، وشەش دوو ڕەهەندی سەرەکی لەخۆ گرتووە؛ ڕەهەندی بیرکردنەوە و ڕەهەندی کار. هەریەک لەم دوو ڕەهەندە هۆکارن لە ناولێنانی جیهان، واتە گۆڕانکاری و دروستکردنی جیهانێکی نوێ. کاتێک بیرکردنەوە هەبێت و پراکتیزە نەبێت، گۆڕانکاری مانادار نابێت، کاتێکیش کار هەبێت بەبێ بیرکردنەوە، دۆخی چەقبەستوویی لەو جوگرافیایەدا بەردەوام دەبێت. بۆیە بیرکردنەوە و کار پێکەوە هۆکارن بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری. بەهۆی دیالۆگەوە پەیوەندییەکان لە شێوەی ستوونی؛ جیاکاری و پلەبەندی، دەگۆڕێت بۆ شێوەی ئاسۆیی؛ یەکسانی. هەروەها دیالۆگکاران، پێویستە بەخشینی بەها و مانا بە جیهان مەبەست بێت لایان. دیالۆگ بەبێ بوونی خۆشەویستییەکی قووڵ بۆ جیهان و بۆ خەڵک نایەتەدی. لەپێناو ڕزگارکردنی چەوساوەکان، پێویستە شۆڕشگێڕەکان بکەونە دیالۆگ لەگەڵیاندا، تاکوو ستەملێکراو لەو دۆخەی تێیدا دەژی تێگەشتنی بۆ دروست ببێت. دەتوانین بڵێین تێگەیشتن سەرەتای گۆڕانکارییە، گۆڕانکاریش (بیرکردنەوە و کار) زنجیرەیییە و دوابەدوای یەک دێن. مرۆڤی ستەملێکراو کە مرۆڤێکی گونجێنراو و کارلەسەرکراوە، دەکرێت ئەم مرۆڤە وەک پڕۆژەیەک ببینرێت کە گۆڕانکاری دروست بکات، هەر ئەم مرۆڤانەن شۆڕش بەدی دێنن، ئایدیای گێڕانەوەی مرۆڤبوون بۆ مرۆڤ، لەو باوەڕەوە دێت کە مرۆڤ خوڵقێنەری گۆڕانکارییە. فرێری، ئەرکی پرۆسەی فێربوون بە گێڕانەوەی کرۆکی مرۆڤانە بۆ مرۆڤەکان دەستنیشان دەکات، بۆ ئەوەی لەو ژێردەستەیییە بێنە دەرەوە، بۆ سەربەخۆیی و ڕزگاری پێویستمان بەو پرۆسەیەیە کە دەمانکاتەوە بە مرۆڤ. بوونەوە بە مرۆڤ واتە لەدایکبوونی مرۆڤی نوێ، مرۆڤی نوێ مرۆڤی دوای شۆڕشە. 

کتێبی: پێداگۆگیی ستەملێکراوان؛ نووسینی: پاولۆ فرێری؛ وەرگێڕانی: جیهاد محەمەد. دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم ٢٠١٥