سەرەتایەک بۆ چەمکە بنەڕەتییەکانی جێندەر و ڕەگەز (Sex)
چەمکەکان بریتین لەو زاراوانەی کە زانایان و توێژەرانی کۆمەڵایەتی وەک پۆلی شیکاری بۆ لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵگا و ڕەفتاری کۆمەڵایەتی بەکاری دەهێنن. لە توێژینەوە جێندەرەکاندا چەندین چەمکی لەو جۆرە هەن کە چوارچێوەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕەفتارەکان دیاری دەکەن. مێژووی چەمکی جێندەر درێژ نییە بە پێچەوانەی چەمکی چینایەتی. چەمکی جێندەر بۆ یەکەمجار لە ساڵانی چلەکانی سەدەی ڕابردوودا لەلایەن جۆن مۆنی لە گوتارێکدا بەکار هێنرا کە مەبەست لێی شەرعیەتدان بە گۆڕینی ڕەگەزی بوو، و لە کۆتایییەکانی شەستەکانەوە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەکار دەهێنرێت. لەو قۆناخەوە، پرسی جێندەر بووەتە ناوەندی باسەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی. سەرهەڵدانی ڕاستەقینەی جێندەر وەک چەمکێک تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بە شەپۆلی دووەمی فێمینیزم کە سەرنجی بۆ دابەشبوونە ڕەگەزییەکان لە کۆمەڵگادا ڕاکێشا و بۆ ئەو شێوازانەی جیاوازی و نایەکسانیی کۆمەڵایەتی دروست کردووە. توێژەرانی فێمینیست دەستیان کرد بە پەرەپێدانی تیۆریی جیاواز سەبارەت بە چۆنیەتیی دروستبوونی «ژن» و هەروەها بەکارهێنانی جێندەر، نەک ڕەگەز، وەک ڕێگەی سەرەکیی باسکردن لە پەیوەندیی نێوان ژن و پیاو. هەندێک لە فێمینیستەکان پێیان وایە ژن جگە لە ‘ئۆبژەیەک(بابەتێک)ی سێکسی بۆ پیاوان’ هیچی تر نییە و لەم ڕێگەی بەشتبوونەوە دەبێتە ژن. بۆیە ئامانج بۆ زۆرێک لە چالاکوانان و توێژەران ئازادکردنی ژن بوو لەناو ئەم کاتیگۆرییانە. توێژەرانی فێمینیست پێشنیازی ئەوە دەکەن کە پێویستە لە گوتار و نووسینە ئەکادیمییەکاندا لەنێوان دوو زاراوەی «جێندەر» و «ڕەگەز» تێ بگەین و جیا بکرێتەوە. پێ دەچێت مشتومڕ لەسەر ئەوەی کامیان گرنگترە، ڕەگەز یان جێندەر، یان باسکردن لەوەی کە چۆن مرۆڤەکان تێ بگەن ڕەگەز چییە، باسکردنی جیندەر زۆر گرنگ بێت.
ڕەگەز (Sex)
بە شێوەیەکی زۆر فراوان، «ڕەگەز» ئاماژەیە بۆ جیاوازییە بایۆلۆژی و فیزیۆلۆژییەکانی نێوان ڕەگەزی نێر و مێ. زاراوەی ڕەگەز بریتییە لە جیاوازییەکی جەستەیی لەنێوان نێری بایۆلۆژی و مێی بایۆلۆژیدا. بە شێوەیە کاتێک کۆرپەیەک لەدایک دەبێت، کۆرپەکە بەپێی ڕەگەز بە «کوڕ» یان «کچ» ناوزەد دەکرێت. جیاوازی کۆئەندامی سێکسی نێوان نێر و مێ بنەمای ئەو جۆرە تایبەتمەندییەن. جیاوازی بایۆلۆژی لەنێوان ڕەگەزەکاندا هەیە و زۆربەی مرۆڤەکان (جگە لە چەند حاڵەتێکی کەم) ئەوانی تر وەک یەک ڕەگەز لەدایک دەبن، بەڵام دواتر بەپێی چاوەڕوانی و ڕۆڵی تایبەت بە جێندەر کۆمەڵایەتی دەکرێن. نێرە بایۆلۆژییەکان فێر دەبن ڕۆڵی پیاوانە بگرنە ئەستۆ. ئەوان کۆمەڵایەتی دەکرێن بۆ ئەوەی بە شێوازی پیاوانە بیر بکەنەوە و مامەڵە بکەن. مێیینە بایۆلۆژییەکان فێر دەبن ڕۆڵی ژنانە بگرنە ئەستۆ. ئەوان بەکۆمەڵایەتی کراون بۆ ئەوەی بە شێوازی ژنانە بیر بکەنەوە و ڕەفتار بکەن. وەک نووسەری فێمینیست، سیمۆن دو بۆڤوار دەڵێت «کەس بە پیاوی لەدایک نابێت بەڵکوو دەبێتە پیاو»، و «کەس بە ژنی لەدایک نابێت بەڵکوو دەبێتە ژن». جیاوازییە بایۆلۆژییەکانی نێوان ڕەگەزەکان تا ڕادەیەک هەندێک جیاوازیی دەروونی و کۆمەڵایەتی بنیاتنراو ڕوون دەکەنەوە. ئەم بۆچوونە لەلایەن هەندێک نووسەری فێمینیستی وەک جودیس باتلەرەوە ڕەخنەی لێ دەگیرێت.
باتلەر دەڵێت ڕەگەز سروشتییە و لە پێش هەموو شتێکەوەیە. جێندەر وەک بنیاتێکی لاوەکی هەست پێ دەکرێت کە بەسەر لووتکەی ئەم جیاکارییە سروشتییەدا سەپێنراوە. هەروەها دەڵێت ڕەگەز «سێکس» خۆی دەبێتە پۆلێکی کۆمەڵایەتی. ئەمەش بەو مانایەیە کە جیاوازیی نێوان «نێر» و «مێ» جیاکارییەکی کۆمەڵایەتییە کە کۆمەڵگا کردوویەتی و شێوازێکی تایبەتە بۆ هەستکردن و دابەشکردنی جیاوازییەکانی نێوان «نێر» و «مێ». نیگەرانی باتلەر ئەوەیە کە خودی «بایۆلۆژی» وەک دیسپلینێکی زانستی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی نوێنەرایەتیکردنە و لەوە گرنگتر کۆمەڵێک جیاوازی لەنێوان مرۆڤەکاندا هەیە، بەڵام تەنیا هەندێکیان دەبنە بنەمایەک بۆ دابەشکردنی مرۆڤ بۆ جۆرە جیاوازەکان. بە واتایەکی تر، تەنانەت ئەگەر قبووڵ بکەین کە جیاوازیی بنەڕەتی لەنێوان «ڕەگەزەکان»دا هەیە، هیچ هۆکارێکی لۆژیکی یان عەقڵانی بۆ بەکارهێنان نییە. ئەمەش بنەمای دابەشکردنی مرۆڤە بۆ دوو گرووپ یان ڕەگەز. باتلەر زیاتر ڕوونی دەکاتەوە کە ڕەگەز «سێکس» تەنیا پۆلێکی شیکاری نییە. هەروەها پۆلێکی نۆرماتیڤە. دیاری دەکات کە ژن و پیاو چین. هەروەها دیاری دەکات کە ژن و پیاو دەبێت چی بن. ڕێساکان دادەڕێژێت بۆ ڕێکخستنی ڕەفتاری ژن و پیاو. باتلەر بەو ئەنجامە دەگات کە سێکس هەروەها پۆلێکی کۆمەڵایەتییە. هەندێک نووسەری فێمینیست هەن کە لەگەڵ باتلەر هاوڕا نین و «سێکس» بە سروشتی بایۆلۆژی لە بنەڕەتدا دەزانن.
جێندەر:
بە زاراوەیەکی سادە، جیندەر جیاوازیی نێوان ژن و پیاو لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ڕوون دەکاتەوە، بۆیە جێندەر پۆلێکی شیکارییە کە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە بۆ جیاکردنەوەی جیاوازیی بایۆلۆژیی نێوان ژن و پیاو بنیات نراوە. هەروەها جێندەر بۆ وەسفکردنی جیاوازیی ڕەفتاری نێوان ژن و پیاو بەکار دێت کە بە «پیاوانە» و «ژنانە» وەسف دەکرێن. فێمینیستەکان تیشک دەخەنە سەر ئەم لایەنە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەم جیاوازییانە بایۆلۆژی نین بەڵکوو بنیاتنانی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەیەکی پیاوسالارین. هەندێک لە تیۆریستەکان باس لەوە دەکەن کە جیاوازییە بایۆلۆژییەکانی نێوان ژن و پیاویش لە ئەنجامدا جیاوازیی دەروونی و جەستەیییان لێ دەکەوێتەوە. ئەوان دەڵێن لە ڕووی بایۆلۆژییەوە پیاوان لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە لە ژنان باڵاترن. تیۆریستەکانی تریش باس لەوە دەکەن کە جیاوازی بایۆلۆژیی نێوان ژن و پیاو زیادەڕۆی تێدایە. جیاوازییەکان لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە لەلایەن سیستەمی پیاوسالاری کۆمەڵگاوە بنیات دەنرێن کە بە هۆیەوە پیاوان بە باڵادەست لە ژنان وەسف دەکرێن. بۆیە ژنان لە کۆمەڵگادا دەبنە ژێردەستەی پیاوان. بەڵام مرۆڤ پێویستە لەوە تێ بگات کە ڕۆڵی کۆمەڵایەتیی مرۆڤ بۆ هەمیشە نییە و دەتوانرێت بگۆڕێت.
چەمکی جێندەر بەبێ فێمینیزم نەدەکرا بەم شێوازە پەرە بستێنێت، هەوڵ و داواکاری فێمینیستەکان بۆ ئەوەی ژنان تێ بگەن کە چۆن ڕۆڵەکانیان لە کۆمەڵگادا بە درێژاییی مێژوو دروست بووە کارێکی گرنگ بوو. بەرهەمەکانی سیمۆن دو بۆڤوار و هەروەها ڕەنگدانەوەکانی میشێل فوکۆ لەسەر سێکسوالێتی پشتگیرییان لەو بیرۆکەیە کرد کە ڕەگەز پەیوەندی بە سێکسەوە نییە و ئەم بۆچوونە لە ماوەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، بە تایبەت لە کۆمەڵناسی و ئەنترۆپۆلۆژیای کولتووریدا زەمینەی پەیدا کرد. ڕوانگەیەکی لەو جۆرە بانگەشەی ئەوە دەکات کە مرۆڤ دەتوانێت بە ئەندامی سێکسی نێرەوە لەدایک بێت بەڵام هێشتا ڕەگەزی مێیینە بێت.
لە بیرکردنەوە لە پۆلێنکردنە جێندەرەکاندا پێویستە سەیری ڕەگەز و جێندەر بکرێت کە لە ڕووی چەمکییەوە جیاوازن. هەر یەکەیان لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە بە شێوازی جیاواز بنیات نراون. جێندەر پۆلێکی سەرتاسەرییە_پێگەیەکی کۆمەڵایەتیی سەرەکییە کە نزیکەی هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی ڕێک دەخات. جیاوازی جێندەر/ڕەگەز پرسەکانی نێر-مێ دەورووژێنێت؛ پیاوانە و ژنانە. لەگەڵ هەر بنیاتنانێکدا جیاوازییە بایۆلۆژییەکانی نێوان ژن و پیاو دەگۆڕێن بۆ زاراوە و وەسفە کۆمەڵایەتییەکان. نووسەرانی فێمینیست دەڵێن جیاوازییە بایۆلۆژییەکان لە ڕێگەی وەسفە کۆمەڵایەتییەکانی پیاوسالاری و مێیینەیییەوە بەرزتر دەبنەوە. شێوازەکانی جیاوازی بەپێی جێندەر کاتێک دەبینرێن کە کارەکتەرەکە نێرینە یان مێیینە بێت. بۆ نموونە، پەمەیی و شین ڕەنگی ڕەگەزین، یەکەمیان وەک «مێیینە» و دووەمیان وەک پیاوانە سەیر دەکرێت. زیاتر «بەهێز» و «توند» پیاوانەیە. «لاواز» و «نەرم» پەیوەستن بە کارەکتەری ژنان. چەند سیفەتێکی تریش هەن کە بە پیاوانە و مێیینە پۆلێن دەکرێن. پیاوێتی و ژنێتی چەمکگەلێکن کە دەرئەنجامە کۆمەڵایەتییەکانی نێربوون یان مێیینەبوون دەردەخەن ئەو سیفەت و تایبەتمەندییانەی کە باس لە ژن و پیاو دەکەن، پیاوان سوودێکیان پێ دەبەخشن بەسەر ژناندا.
پیاوێتی یان ژنێتی بەهای نییە مەگەر ئەو کاتەی لەلایەن ڕەگەزی بایۆلۆژییەوە ئەنجام بدرێت و پەرەی پی بدرێت. پیاوانە/ژنانە، نێر/مێ ئەو پۆلێنانەن کە خزمەت بە شاردنەوەی ئەو ڕاستییە دەکەن کە جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکان هەمیشە سەر بە نەزمێکی ئابووری، سیاسی، ئایدیۆلۆژین. لێکۆڵینەوەی ڕیشەیی لەو گریمانەیەی کە لە کاتێکدا جێندەر لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە دیاری کراوە، ڕەگەز بایۆلۆژییە و لێرەوە ڕەگ و ڕیشەی لە سروشتدا هەیە.
تێبینی/ بۆ نووسین و ئامادەکردنی ئەم بابەتە سوود لەم سەرچاوانە گیراوە:
- https://www.academia.edu/33049366/BASIC_CONCEPTS_SEX_AND_GENDER_MASCULINITY_AND_FEMININITY_PATRIARCHY_Unit_Structure.
- https://www.apa.org/pi/lgbt/programs/safe-supportive/lgbt/key-terms.pdf.
- Francis, B., 2010. Re/theorising gender: Female masculinity and male femininity in the classroom?. Gender and education, 22(5), pp.477-490.
- https://www.academia.edu/33402276/50_Key_Concepts_in_Gender_Studies