ده‌رباره‌ی ئیلحاد له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا
ئه‌وانه‌ی باسی جیاوازی و هه‌مه‌چه‌شنه‌یی ده‌که‌ن؛ باسی چی ده‌که‌ن؟
عه‌بدولڕه‌حمان به‌ده‌وی که بیرمه‌ندێکی ناسراوه له ناوه‌نده ئه‌کادیمییه‌کانی جیهانی عه‌ره‌بی و ئه‌وروپیدا، له ساڵی ١٩٤٥دا کتێبێکی بڵاو کردۆته‌وه به ناوی ‘له مێژووی ئیلحاده‌وه له ئیسلامدا’. کتێبه‌که سه‌ره‌ڕای گرنگییه‌که‌ی له لێکۆڵینکاری و شرۆڤه‌ی تێکسته ئه‌ده‌بی و ڕه‌وانبێژی و سیۆلۆجییه‌کانی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستی ئیسلامی‌دا؛ هه‌ڵگری دوو گرفته: گرفتی یه‌که‌میان ئه‌وه‌یه که به‌ده‌وی تاڕاده‌یه‌ک ته‌سلیمی ئه‌و دیده باوه بووه که له سه‌رده‌می ئه‌و ‘مولحیدانه’دا گوتاری فه‌رمی ئایینی داڕشتووه و ئه‌و که‌سانه‌ی وه‌ک مولحید ناوزه‌د کردووه. گرفتی دووه‌م؛ گرفتێکه که محه‌مه‌د ئه‌رگۆن سه‌رنجی داوه و له په‌ره‌گرافی کتێبێکیدا جه‌ختی لێ ده‌کاته‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی ناوی به‌ده‌وی بهێنێت، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی ئاگاداری ئه‌و دیبه‌یتانه‌ن ده‌زانن که مه‌به‌ستی ئه‌رگۆن ڕه‌تکردنه‌وه‌ی دیدی به‌ده‌ویه له‌سه‌ر ئیلحاد له مێژووی ئیسلامی.
*****
سه‌باره‌ت به گرفتی یه‌که‌م؛ ئه‌وانه‌ی له مێژووی ئیسلامدا به مولحید “نا-خوداباوه‌ڕ، بێخوداباوه‌ڕ” ناو براون و زیندانی کراون و هه‌ندێکیان کوژراون و هه‌ندێکیان که‌وڵکراون بۆ نموونه ‘ئیبنولموقه‌فه‌ع’ که وه‌رگێڕی کتێبێکی نایابه بۆ عه‌ره‌بی ‘که‌لیله و دیمنه’، له ڕاستیدا هیچیان مولحید نه‌بوون، به‌ڵکوو گوتاری زاڵ و فه‌رمی دینی وه‌ک کافر و زه‌ندیق له‌وانی ڕووانیوه. بۆ نموونه موحه‌مه‌د بن زه‌که‌ریای ڕازی بڕوای به توانا و ڕۆڵی عه‌قڵ هه‌بووه له شرۆڤه‌کردنی دنیا و تێکست و ده‌قه‌کان، له نووسینه‌کانیدا عه‌قڵی شکۆدار کردووه، جابری کوڕی حه‌یان بایه‌خێکی زۆری داوه به زانستی سروشتی و بۆ تێگه‌یشتن له دیارده سروشتییه‌کان پشتی به چاودێریکردن و هه‌ڵێنجانی ده‌رئه‌نجام له خودی دیارده‌کانه‌وه به‌ستووه، ڕاوندی له قوڵبوونه‌وه‌دا تا ئه‌و جێگایه ڕۆیشتووه که گومانی له نبووه‌ت و وه‌حی هه‌بووه. تێڕوانینی ئه‌و زانا و بیرکه‌ره‌وانه ڕه‌نگه له‌گه‌ڵ دید و ڕوانینی سه‌ره‌کی فڵان فیرقه‌ی ئیسلامی و فیسار خه‌لیفه و حاکمی ئیسلامی، ئه‌و گروپی دینی و ئه‌م فهقیهو موته‌که‌لیم، مه‌زهه‌بێک لێره و ته‌فسیرێک له‌وێ یه‌کی نه‌گرتبێته‌وه یان ناکۆک بووبێت، به‌ڵام ئه‌و ناکۆکبوونه نایانکات به مولحید، به‌ڵکوو ئه‌وه تۆمه‌ت و تاوانبارکردنی ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمی بووه ئه‌وانی کردۆته ده‌ره‌وه‌ی ئیمان و سزای داون، ئه‌مڕۆ زۆر که‌س حه‌لاج به ئیماندارتر ده‌زانن له بکوژه‌کانی.
گرفتی دووه‌م؛ گرفتی مۆدێرنێتی و ترادیسیۆنه که موحه‌مه‌د ئه‌رگۆن له په‌ره‌گرافێکدا به قووڵی گوزارشتی لێ کردووه. ئه‌رگۆن پێی وایه که ئیلحاد یاخود نا-خوداباوه‌ڕی، بێخوداباوه‌ڕی، دیارده‌یه‌که په‌یوه‌ندی به مۆدێرنێتییه‌وه هه‌یه، ئه‌بستیمی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست له توانایدا نه‌بووه مرۆڤێک به‌رهه‌م بهێنێت که نا-خوداباوه‌ڕ بێت، نا-خوداباوه‌ڕی بابه‌تێک بووه له ده‌ره‌وه‌ی مه‌نزومه‌ی مه‌عریفی و له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌ی که مرۆڤی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست بیری لێ کردوونه‌ته‌وه. له دوای ڕێنیسانسه‌وه ورده ورده قه‌له‌ق و گومانی مرۆڤی نوێ په‌ره‌ده‌سه‌نێت، هاوشان به‌وه زانست و فیکر به ڕه‌تبوون به‌ناو شۆڕشی پیشه‌سازی و سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ریدا گورزی گه‌وره له ئایین و جیهانبینیی ئایینی ده‌ده‌ن، تا ده‌گات به سه‌ده‌ی نۆزده و سه‌ده‌ی بیست که ئیتر مرۆڤێک سه‌ر هه‌ڵده‌دات که چیرۆکی ئایینی ناتوانێت وه‌ڵامگۆی خواسته مه‌عریفی و ژیاری و وجودییه‌کانی بێت. مرۆڤی ناخوداباوه‌ڕ که‌سێکه که بڕوای به بوونی هێزێکی میتافیزیکی پیرۆز نییه، واته مرۆڤی مولحید جیاوازه له مرۆڤی عیلمانی، چونکه ئیلحاد هه‌ڵوێست و شوێنگه‌یه‌کی فیکری و وجودییه، به‌ڵام عیلمانییه‌ت دۆکترینێکی سیاسییه، به‌و مانایه که‌سێکی عیلمانی ده‌کرێت بڕوای به خوا هه‌بێت، بڕوای به هێزێکی میتافیزیکی سه‌ره‌وه‌ی مرۆڤ و ده‌ره‌وه‌ی گه‌ردوون هه‌بێت، به‌ڵام بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگا و ئابووری و سیاسه‌ت، عیلمانی بێت و بڕوای به پێوه‌ری ئایینی نه‌بێت. واته په‌روه‌ردگارێکی ههمهتوانای پیرۆز، مه‌رجه‌عی کۆزمۆلۆجی و میتافیزیکی که‌سی خوداباوهڕه، به‌ڵام ده‌کرێت هه‌ر هه‌مان که‌س، مه‌رجه‌عه سیاسی و دۆکترینهکهی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگا، ئایین نه‌بێت و خودی هه‌ڵسوکه‌وت و جیهانبینییه‌که‌ی ئایین ئاراسته‌ی نه‌کات. کارل پۆپه‌ر یه‌کێکه له بیرمه‌نده دیاره‌کان که عیلمانییه و لایه‌نگری سه‌رسه‌ختی کۆمه‌ڵگای کراوه‌یه و خۆیشی به مه‌سیحی زانیوه و کۆزمۆلۆجیاکهی کۆزمۆلۆجیای ئینسانی ئیمانداری مه‌سیحی بووه. له ژیانی تایبه‌تی خۆیدا مه‌سیحی و وه‌ک دۆکترینێکیش بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگا مرۆڤێکی عیلمانی و کراوه. بۆیه له ڕووی تیۆرییه‌وه هیچ کێشه‌یه‌ک له‌وه‌دا نییه مرۆڤ موسوڵمان بێت و له ژیانی تایبه‌تی خۆیدا پراکتیزه‌ی بکات، هاوکات له ژیانی گشتیدا به‌رگری له عیلمانیه‌ت بکات. مۆرکردنی هه‌ر که‌سێکی عیلمانی به مولحید و ناخوداباوه‌ڕ ستراتیجێکی دهستئهنقهسته که هه‌ندێک فیگه‌ر و ته‌وژمی دینی په‌نای بۆ ده‌به‌ن که خواستی ئایدیۆلۆجیای دینی ئاراسته‌یان ده‌کات ئامانجه‌که‌شیان لێدانه له هه‌ر ڕه‌وتێکی ده‌ره‌وه‌ی نه‌خشه ئایدیۆلۆجییه‌که‌ی خۆیان. به‌شی زۆری ئه‌و که‌سانه‌ی له مێژووی ئیسلامدا وه‌ک مولحید ناسێنراون و ئازار دراون و هه‌ندێکیان کوژراون له ڕاستیدا مولحید نه‌بوون، به‌ڵکوو هه‌ڵگری دید و تێڕوانینێک بوون که له‌گه‌ڵ هێڵی سه‌ره‌کیی ڕوانینی بکوژه‌کاندا یه‌کی نه‌گرتۆته‌وه. له ناوه‌ندی کوردیش‌دا ئه‌وانه‌ی ته‌وژمی دینی یان هه‌ندێک فیگه‌ری دینی به مولحید ناویان ده‌به‌ن، مولحید نین، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه هه‌ندێک جار هه‌ر ئه‌و فیگه‌ر و ڕه‌وته دینییانه که‌سانی تری دینداری ناکۆک به ڕوانگه‌که‌ی خۆیان به بێ‌دین و ناخوداباوه‌ڕ و مولحید ناو ده‌به‌ن. میرزا موحه‌مه‌دین مه‌نگوڕی کتێبێکی نووسی بوو “گه‌شتی ئه‌ستێره‌ی مه‌ریخ” که زاده‌ی خه‌یاڵی ده‌وڵه‌مه‌ندی خۆی بوو و په‌یوه‌ندی به خوداباوه‌ڕی و ته‌نانه‌ت په‌یوه‌ندی به ئایینیشه‌وه نه‌بوو، به‌ڵام مه‌لاکان ساڵی ١٩٧١ خه‌ڵکیان لێ هان دا و که‌سانی پڕکراو به ڕق و کینه‌یان نارده سه‌ر ماڵه‌که‌ی و له ڕانیه ده‌ربه‌ده‌ریان کرد. عه‌بدولخالیق مه‌عرووف ته‌کنیکارێکی خوێنده‌وار بوو به باکگراوندێکی ڕۆشنبیریی ئایینییه‌وه؛ دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی کتێبه‌که‌ی “ئاده‌میزاد له کۆمه‌ڵی کورده‌واریدا” له مزگه‌وته‌کانی کوردستانه‌وه که هیچ مه‌لایه‌ک ئازایه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌بوو ڕه‌خنه له به‌عس و قورئانسووتاندنه‌که‌ی بگرێت، ته‌کفیری ئه‌و پیاوه‌یان کرد و ساڵی ١٩٨٦ تیرۆریان کرد. ڕه‌ئوف زوهدی کتێبێکی نووسی “بۆ له هه‌قه که‌وتنه ته‌قه” که باسی ته‌ریقه‌تێکی دیاریکراوی ده‌کرد، دیسانه‌وه ساڵی ١٩٩٠ تیرۆر کرا. مه‌لا جه‌میلی ڕۆژبه‌یانی که له پاڵ ده‌یان کتێبی تردا وه‌رگێڕی شه‌ره‌فنامه و یاداشته‌کانی ڕه‌فیق حیلمییه بۆ سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی، ساڵی ٢٠٠١ تیرۆر کرا. ئه‌و ناوانه نه له کتێبه‌کانیاندا و نه له ژیانی تایبه‌تی و قسه و کرداریاندا ڕۆژێک ناخوداباوه‌ر نه‌بوون.
*****
به‌ڵام ئه‌ی ئه‌گه‌ر که‌سه‌که خۆی ڕایگه‌یاند که ناخوداباوه‌ڕه؟ بڕوای به هیچ هێزێکی سه‌روو-سروشتیی موقه‌ده‌س نییه؟ بڕوای به هیچ خودا و خوداکان و سوپریم پاوه‌رێک، دیتییه‌ک یان بوونێکی موقه‌ده‌س، ئافه‌ریده‌کارێکی پیرۆز نییه؟ ئه‌و کاته چی؟ کێشه‌که چییه؟ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به وه‌ڵامی ئیسلام وه‌ک ئایین و سیۆلۆجیا و ئیسلام وه‌ک ڕه‌وتی دینی و ته‌وژمی ئایدیۆلۆجییه‌وه هه‌یه واز لێ دێنم بۆ ئه‌وان با وه‌ڵاممان بده‌نه‌وه حوکمی ئینسانی مورته‌د، ناخوداباوه‌ڕ، موشریک، بێ‌دین و هه‌موو زاراوه‌سازییه‌کانی تریان چییه؟ هێنده هه‌یه من هیچ ته‌وژمێک یان موجته‌هیدێکی موسوڵمانم نه‌بینیوه ئه‌و مه‌نزومه سکۆلائیه‌ی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستی تێپه‌ڕاندبێت سه‌باره‌ت به ئینسانی مولحید، هه‌موویان مرۆڤی مولحید به مرۆڤ نازانن و به شێوه‌یه‌ک وێنای ده‌که‌ن که له ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو پێودانگێکی ئه‌خلاقییه، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه هه‌تا ئێستاش حوکمی ئینسانێک که پێشتر موسوڵمان بووه و دواتر باوه‌ڕی به بوونێکی پیرۆز نامێنێت هه‌ر کوشتنه. به‌ڵام له‌م سه‌رده‌مه‌دا که ژماره‌یان تا دێت زۆرتر ده‌بێت، چاره‌سه‌ر چییه؟ به دانپێدانانی زاکیر نایک ژماره‌ی که‌سانی ناخوداباوه‌ڕ له سعودیه و کوه‌یت و ئیمارات و قه‌ته‌ر له به‌رزبوونه‌وه‌دایه.
*****
پرسی بڕوابوون به خودا و ناخوداباوه‌ڕی پرسێکی جدییه و جێ بایه‌خی چه‌ندان بوار و لقی زانستییه. میتافیزیکا که لقێکی سه‌ره‌کی فه‌لسه‌فه‌یه تایبه‌ته به جووڵاندنی پرسیار و شرۆڤه و ئه‌رگومێنتکاری ده‌رباره‌ی خودا، بوونه‌که‌ی، چییه‌تییه‌که‌ی و سیفه‌ته‌کانی، لاهوت و خوداناسی به‌شێکی سه‌ره‌کیی زانستی به‌راودکاریی ئایینه‌کانه و هیچ زانکۆیه‌کی موعته‌به‌ری دنیا نییه به‌شێکی بۆ ته‌رخان نه‌کردبێت. سایکۆلۆجیا زانستێکی دیکه‌یه که له‌ناو بابه‌ته بایه‌خداره‌کانی تری‌دا سایکۆلۆجیای ئینسانی ئیماندار و ئینسانی بێئیمان ده‌کاته بابه‌تی شرۆڤه و لێکۆڵینه‌وه‌کانی. سۆسیۆلۆژیا به خۆی و ئامار و توێژینه‌وه مه‌یدانییه‌کانی له دیارده‌ی ئایین و گرووپی ئایینی و گرووپی بڕوادار و بێ‌بڕوا ده‌کۆڵێته‌وه و به‌شێکی گرنگی له ته‌نیشت خۆیه‌وه گه‌شه پێ داوه که سۆسیۆلۆژیای ئایینه. زانست به گشتی و زانستی فیزیا به تایبه‌ت به ناڕاسته‌وخۆش بێت سه‌رێکی ده‌چێته‌وه سه‌ر باسکردن له هێزێک که جووڵه‌ی گه‌ردوون ئاراسته ده‌کات و له‌م په‌نجا ساڵه‌ی دواییدا فیزیای کوانته‌م بازی سه‌رنجڕاکێشی داوه، هه‌موو ئه‌وانه‌ش به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان و له بڕگه‌یه‌ک له بڕگه‌کاندا ده‌چنه‌وه سه‌ر باسکردن له خودا و خوداباوه‌ڕی. لێره‌وه پرسیارێکی گرنگ سه‌ر هه‌ڵده‌دات ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که‌سانێک که له کوردستان خۆیان سه‌رقاڵی دروستکردنی سه‌نته‌ر و ناوه‌ندی ڕۆشنگه‌رین؛ له بۆنه‌ی جیاوازدا ده‌ڵێن ‘خودا هێڵی سووره’، ئه‌م قسه‌یه چۆن پاساو ده‌ده‌ن؟ که خودا و خوداباوه‌ڕی و بێ‌خودایی بابه‌تی گرنگی ئه‌و هه‌موو زانست و بواری توێژینه‌وانه بن هێڵی سوور مانای چییه؟ ئه‌مه چۆن بزووتنه‌وه‌یه‌کی ڕۆشنگه‌رییه خودا و قورئان و پێغه‌مبه‌ر به هێڵی سوور بزانێت؟ ئه‌ی چی هێڵی سوور نییه؟ بزووتنه‌وه‌ی ڕۆشنگه‌ری به‌و هه‌موو هێڵه سووره‌وه چۆن ده‌توانێت ڕێ بکات؟
*****
بۆ مرۆڤی عیلمانی که بڕوای به فره‌یی و کۆمه‌ڵگای کراوه هه‌بێت، خوداباوه‌ڕی و ناخوداباوه‌ڕی پرسێکی که‌سییه. له دیموکراسی و عیلمانیه‌تدا هه‌موو مرۆڤه‌کان هاووڵاتیی یه‌کسانن به‌چاوپۆشین له جیاوازییه‌کانیان له ناویشیاندا جیاوازیی دید و تێڕوانینیان سه‌باره‌ت به خودا. خوداباوه‌ڕی، که‌س ناکات به مرۆڤێکی چاک یان خراپ، پێوه‌ری ئه‌خلاقی چاک و خراپ پێوه‌رێکه له ده‌ره‌وه‌ی خوداباوه‌ڕی و ناخوداباوه‌ڕی. ئه‌وانه‌ی پێوه‌ری ئه‌خلاقی و چاکه ده‌به‌ستنه‌وه به خوداباوه‌ڕییه‌وه له باشترین سیناریۆدا ئه‌و که‌سانه‌ن که ئاگایان له فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاقی نوێ نییه و له خراپترین دۆخیشدا ئه‌و ئایدیۆلۆجیستانه‌ن که ئه‌جێندایه‌کی هه‌ژموونگه‌رای ترسناکیان هه‌یه. ئه‌وه‌ی له ناوه‌ندی کوردی‌دا ده‌گوزه‌رێت و هه‌ندێک مه‌لا و بانگخواز وشه‌ی ئیلحادیان کردووه به جنێو و ئینسانی مولحید یه‌کسان ده‌که‌ن به هه‌موو خراپه‌کارییه‌کانی گه‌ردوون، له کاتێکدا ده‌کرێت ڕێک پێچه‌وانه‌که‌ی ڕاست بێت و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی ئینسانێک ئینسانێکی به‌رپرسیار و ئه‌خلاقی و سه‌لامه‌ت و دڵسۆزی ده‌وروبه‌ره‌که‌ی بێت، له دۆخی ناباوه‌ڕیدا زۆر زیاتره وه‌ک له دۆخی خوداباوه‌ڕیدا و ئه‌و ئامارانه‌ی جه‌خت له‌م ڕاستییه ده‌که‌نه‌وه که‌م نین. ناخوداباوه‌ڕی شوێنگه‌یه‌کی فیکری و ئۆنتۆلۆجییه، به هه‌مان شێوه‌ی خوداباوه‌ڕی، چاکی و خراپی که‌سێک به شێوازی هه‌ڵسوکه‌وت و به‌رخوردی له‌گه‌ڵ فه‌زای گشتی و که‌سانی دیکه‌دا ده‌پێورێت نه‌ک به تێڕوانینه ئۆنتۆلۆجییه‌که‌ی. لێره‌وه هیچ مرۆڤێکی خوداباوه‌ڕ مافی نییه خۆی به که‌سێکی باشتر و ئه‌خلاقیتر بزانێت له مرۆڤێکی ناخوداباوه‌ڕ. ئه‌و پێوه‌ره بۆ کۆمه‌ڵگاکانیش ڕاسته، کۆمه‌ڵگایه‌ک که ڕێژه‌ی مرۆڤی ناخوداباوه‌ڕی زیاتر بێت له خوداباوه‌ڕ مه‌رج نییه که‌متر ئه‌خلاقی بێت، له زۆر دۆخدا پێچه‌وانه‌که‌ی ڕاسته، له ئه‌مستردام که ڕێژه‌ی مرۆڤی مولحید زۆرتره ئینسان زیاتر هه‌ست به سه‌لامه‌تی و ئه‌مان ده‌کات له ڕیاز و تاران و مانێلای پایته‌ختی فلیپین که مرۆڤی ئیماندار و خوداباوه‌ڕی زیاتر تێدایه، ڕێژه‌ی تاوانکاری که‌متره و که‌رامه‌تی مرۆڤ زیاتر پارێزراوه.
*****
ڕاستییه‌ک هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که ستراکتۆری کۆمه‌ڵگای کوردستانی له سی ساڵی رابردوودا گۆڕانکاری زۆری به‌خۆوه بینیوه. وه‌ک هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کی تر ڕێژه‌ی مرۆڤگه‌لێک که چیرۆکی ئایینی و کۆزمۆلۆجیای دینی ناتوانێت ڕازییان بکات، ناتوانێت وه‌ڵامی نیگه‌رانییه فیکری و ئۆ‌نتۆلۆجییه‌کانیان بداته‌وه له زیاد بووندایه. دیاره من مه‌به‌ستم ئه‌و مرۆڤانه نییه که عیلمانین وه‌کو دۆکترینی سیاسی به‌ڵام خوداباوه‌ڕن، چونکه ئه‌و جۆره مرۆڤانه‌ی له ژیانی تایبه‌تییاندا بڕوادارن، به‌ڵام پێودانگی ئایینی ڕه‌فتاریان ئاراسته ناکات هه‌میشه هه‌بوون، به‌ڵکوو من مه‌به‌ستم ئینسانی ئاته‌یسته، مرۆڤی ناخوداباوه‌ڕ. له‌و ساڵانه‌ی له کوردستان بووم که‌سانێکم بینیوه که ناخوداباوه‌ڕ بوون و ڕێژه‌که‌شیان له ئاستێکی سنوورداردا له زیادبووندایه.
به پێوه‌ری مۆدێرن فره‌یی و هه‌مه‌چه‌شنه‌یی له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا هێنده‌ی دروشمێکه؛ هێنده ڕاستی نییه.
به‌ڵام بۆ دیار نین؟ بۆ ده‌نگیان نییه؟ بۆ ناتوانن گوزارشت له خۆیان بکه‌ن؟ لێره‌دا پرسی جیاوازی و هه‌مه‌چه‌شنه‌یی دێته ناوه‌وه. ئایا کۆمه‌ڵگای ئێمه جیاوازی و هه‌مه‌چه‌شنه‌یی قبوڵ کردووه؟
سه‌باره‌ت به هه‌مه‌چه‌شنه‌ییی ئایینی و که‌لتووریی کۆمه‌ڵگای ئێمه ئه‌گه‌ر به پێوه‌ری کلاسیک سه‌یری بکه‌یت؛ به که‌موکورتییه‌کی زۆره‌وه، خاوه‌نی جۆرێک له هه‌مه‌چه‌شنه‌یی بووه، به‌ڵام به پێوه‌ری مۆدێرن فره‌یی و هه‌مه‌چه‌شنه‌یی له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا هێنده‌ی دروشمێکه؛ هێنده ڕاستی نییه. له سه‌دان و هه‌زاران گوندی ئه‌رمه‌نی و کلدانی و ئاسوورییه‌کان له کوردستاندا چه‌ند گروپێکی په‌رته‌وازه‌یان ماونه‌ته‌وه، له شه‌قڵاوه و هه‌رمۆته و عه‌نکاوه و هه‌ندێکی سلێمانی. جووه‌کان دوای دروستبوونی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل و شه‌پۆلی دژه-سامی له عێراق و کوردستانیشدا هه‌موویان وڵاته‌که‌یان جێهێشت. ئێزیدییه‌کان ماونه‌ته‌وه له گوند و شارۆچکه‌کانی خۆیاندا و هێشتا زیندوون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێرش و کۆکوژی میرمحه‌مه‌دی میری سۆران دژی داسنییه‌کان ڕووداوێکه له‌وه به‌ناوبانگتره بیر بچێته‌وه. په‌لاماری دڕندانه‌ی داعش له‌به‌رچاوی خۆماندا ڕووی دا، هیچ موسوڵمانێک و به‌دیاریکراویش موسوڵمانی به ئایدیۆلۆجیکراوی کورد ناتوانێت شانی خۆی له‌و به‌رپرسیارێتییه ئه‌خلاقییه بته‌کێنێت که ده‌که‌وێته سه‌ری. ئێزیدییه‌کان زیندوون و له گوند و نیشته‌نییه‌کانی خۆیان به سه‌رکزی دانیشتوون و له ڕووی یاساییه‌وه هاووڵاتیی یه‌کسانن، به‌ڵام له مێنتاڵیتیی گشتی و له‌ناو فه‌زای گشتیدا هه‌رگیز هه‌مان ماف و ده‌رفه‌تی موسوڵمانێکیان نییه. ئه‌و قسه و وته ناشیرینانه‌ی مه‌لا و بانگخوازی دینی دژی ئێزیدییه‌کان ده‌یکه‌ن هیچ ئێزیدییه‌ک ناتوانێت له ماڵه‌که‌ی خۆیشیدا دژی موسوڵمانه‌کان بیری لێ بکاته‌وه. زه‌رده‌شتییه‌کان هه‌ن به گروپ و فیگه‌ری په‌رته‌وازه، به‌ڵام له ته‌له‌ڤیزیۆنی به ناووده‌نگی کوردستانه‌وه مه‌لای زۆر دیاری کورد قسه و شێواندنکاری وایان له‌سه‌ر ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر زه‌رده‌شتییه‌ک له کوردستان دژی موسوڵمانه‌کان بیڵێت ئه‌وا ئیسلامییه‌کان زه‌وی هه‌ڵده‌گرن و داینانێنه‌وه. ئه‌و گرووپ و ده‌سته و فیرقه دینییانه هه‌ن، زیندوون به‌ڵام ده‌بێت بزانن و قایل بن که ئه‌وان که‌مترن، مه‌لوول دانیشن و مه‌منوون بن زیندوون.
ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به هه‌مه‌چه‌شنه‌ییی سیاسییه‌وه هه‌یه بارودۆخه‌که دیاره چۆنه و من قسه‌ی لێ ناکه‌م چونکه ڕۆشنبیرانی کورد قسه‌یان زۆر لێ کردووه و ئه‌و بابه‌ته به ئه‌ندازه‌یه‌ک مێشکی ئه‌وانی به خۆیه‌وه خه‌ریک کردووه که هه‌موو خه‌یاڵدانی ئه‌و ڕۆشنبیرانه بۆ هه‌مه‌چه‌شنه‌یی و جیاوازی له‌وه تێناپه‌ڕێت مه‌به‌ستییان ئه‌وه بێت لقێکی پارتی له هه‌ڵه‌بجه هه‌بێت و کۆمیته‌یه‌کی یه‌کێتی له زاخۆ. کاتێک بابه‌ته‌که له‌سه‌ر هه‌مه‌چه‌شنه‌یی و جیاوازی و لێکبووردن وردتر بووه‌وه ڕۆشنبیرانی کورد نه‌ک هه‌ر به‌رگرییان له جیاوازی نه‌کرد، به‌ڵکوو بۆ نموونه له‌سه‌ر بابه‌تی جێنده‌ر هه‌ندێک ڕۆشنبیر قسه‌ی وایان کرد که به خوێندنه‌وه‌یان ئینسانی ئازادیخواز شاخی لێ ده‌ڕووا. ئه‌و هه‌موو قسه نازانستییه کرا، ئه‌و هه‌موو شێواندنکارییه، ئه‌و شه‌پۆلی هۆمۆفۆبیایه، ئه‌و هه‌موو کۆنه‌پارێزه په‌لاماری کۆمه‌ڵگایان دا و په‌لاماری هه‌موو به‌هایه‌کی مۆدێرن و مرۆڤانه‌یان دا ڕۆشنبیران یان بێده‌نگ بوون یان خه‌ریکی مه‌عزه‌ره‌تخوازی و به‌رائه‌ت زیممه بوون که ئه‌وان له بابه‌تی جێنده‌ر مه‌به‌ستیان فڵان شت و فیسار شت نییه. ته‌نانه‌ت ئه‌و خانمانه‌ی که پێشتر شه‌ڕیان له‌سه‌ر خاوه‌ندارێتیی بیرۆکه‌ی سێنته‌ره‌کانی جێنده‌ر له زانکۆکانی کوردستان ده‌کرد، له‌و هه‌موو هه‌ڵا و هه‌نگامه‌یه چوونه ماڵه‌وه و بێده‌نگ بوون و سه‌نگه‌ره‌کانی به‌رگریکردن له مرۆڤ و که‌رامه‌تی مرۆڤانه‌یان چۆڵ کرد. ئه‌ی به‌رگریکردن له جیاوازی؟ ئه‌ی به‌رگریکردن له هه‌مه‌چه‌شنه‌یی؟ ئه‌ی به‌رگریکردن له ئازادی؟ ئه‌ی به‌رگریکردن له مافه‌کانی مرۆڤ؟ هه‌مووی غایب بوو.
*****
هه‌رچی په‌یوه‌ندی به جیاوازیی عه‌قیده و ویژدانه‌وه هه‌یه، ئه‌وا ئینسانی ئیماندار و خوداباوه‌ڕ به ته‌واوی له شوێنگه‌ی هێز و ده‌سه‌ڵاتدایه، چی له ڕووی سیاسی، چی له ڕووی کولتووری و ئایینی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، له به‌رامبه‌ردا که‌سی ناخوداباوه‌ڕ که‌سێکه نه‌ک هه‌ر ژێرده‌سته‌یه، بگره که‌سێکه نابێت ببینرێت، بێزراو، گوێلێنه‌گیراو، په‌راوێزکراو، به‌شه‌یتانیکراو و داماڵراو له هه‌موو به‌ها و نرخێک. زیاد له جارێک گوێم لێ بووه مه‌لا له‌تیف و مه‌لا ئه‌حمه‌د به‌رزنجی هه‌رچی سیفه‌تی خراپی ئه‌م دنیایه‌یه داویانه‌ته پاڵ مرۆڤی ناخوداباوه‌ڕ، نه‌ک هه‌ر ئه‌و مه‌لایانه به‌ڵکوو جارێک ڤیدیۆیه‌کی که‌ریم قه‌ره‌چه‌تانیم بینی که کابرایه‌کی واعیزمه‌زهه‌به ده‌ڵێت “ئینسانی ناخوداباوه‌ڕ عه‌قڵی ته‌واو نییه”! ئه‌وه به جدیته؟ واته مارک زوکه‌ربێرگی دامه‌زرێنه‌ری فه‌یسبووکه‌که‌ت بێنین بۆ لای تۆ چاره‌سه‌ری بکه‌یت؟ ئه‌ی عومه‌ر شه‌ریفی ئه‌کته‌ر چی لێ بکه‌ین؟ سه‌لمان روشدی و ئۆمبهرتۆ ئیکۆ و ئارسه‌ر میله‌ر و هه‌مه‌نگوای بۆ کوێ به‌رین؟ سیگمۆند فرۆید چی لێ بکه‌ین که باوکی سایکۆلۆجیایه و تۆ هیچی لێوه فێر نه‌بوویت، بیهێنین بۆ لات بیکه‌یت به ئه‌ندامی مه‌جلیسی موحاکه‌ماتی ته‌فتیشی جانتای کچان؟ ڕیچارد داوکینزی بایۆلۆجیست و ستیڤن هاوکینزی زانای فیزیا ببه‌ین بۆ لای چی شێخێک؟ بێرتراند ڕه‌سڵ، ده‌یڤید هیوم، پیته‌ر سینگەر ‘ئه‌خلاقناسێکی گه‌وره که پرۆژه‌ی ئه‌خلاقناسییه‌که‌ی په‌یوه‌ندی به مافی ئاژه‌ڵانه‌وه هه‌یه’، نیتشه، جۆن ستیوارت میڵ، سارته‌ر، مارکس و ئه‌نگڵس به‌یه‌که‌وه، ژیژه‌ک، هۆڵباخ، ئۆگه‌ست کۆمت، هه‌زاران زانا و فه‌یله‌سووف و نووسه‌ری دیکه‌ی نا-خوداباوه‌ڕ چی لێ بکه‌ین و بیانبه‌ین بۆ سه‌ر کام شه‌خس و مه‌زار؟ خاکه‌سار خۆمان! ده‌بێت ئایندهی میله‌تێک چه‌ند تاریک و نوته‌ک بێت تۆ له تەلەڤیزیۆنهوه پێیان بڵێیت چۆن منداڵه‌کانیان په‌روه‌رده بکه‌ن؟
له کوردستاندا هه‌ر ئه‌وه‌ی که‌سێک ڕایبگه‌یه‌نێت ناخوداباوه‌ڕه؛ ئه‌گه‌ر به زیندوویی سه‌ری ده‌ربکات، به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ده‌رفه‌ت و چانسێکی ئیش‌کردن، پاراستنی شکۆ، ده‌رفه‌تی چوونه‌پێشه‌وه له ئیش و کار و وه‌زیفه، پێگه و ڕێز و ئیعتیباری کۆمه‌ڵایه‌تی له ده‌ست بدات.
له کوردستاندا هه‌ر ئه‌وه‌ی که‌سێک ڕایبگه‌یه‌نێت ناخوداباوه‌ڕه؛ ئه‌گه‌ر به زیندوویی سه‌ری ده‌ربکات، به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ده‌رفه‌ت و چانسێکی ئیش‌کردن، پاراستنی شکۆ، ده‌رفه‌تی چوونه‌پێشه‌وه له ئیش و کار و وه‌زیفه، پێگه و ڕێز و ئیعتیباری کۆمه‌ڵایه‌تی له ده‌ست بدات. ئه‌وه‌ش هۆکاره‌که‌یه که ده‌بینین ناخوداباوه‌ڕه‌کان زیاتر له ده‌ره‌وه‌ی کوردستان خۆیان ئاشکرا ده‌که‌ن. بۆیه ئه‌وانه‌ی باسی جیاوازی و هه‌مه‌چه‌شنه‌یی له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا ده‌که‌ن له ڕاستیدا نازانم باسی چی ده‌که‌ن؟ جیاوازی هه‌ر ئه‌وه نییه هه‌بێت به‌ڵکوو ده‌بێت به ماف و که‌رامه‌ته‌وه هه‌بێت، دیار بێت، ببینرێت، ببیسترێت، پێگه و ئیعتیباری وه‌کوو مرۆڤی یه‌کسان پارێزراو بێت، مافی هه‌بێت گوزارشت له خۆی و جیهانبینییه‌که‌ی بکات و ئه‌و گوزارشتکردنه نه‌بێته هۆی له‌که‌داربوون و فه‌وتانی چانسی پێگه‌یشتن و سه‌رکه‌وتنی.
جیاوازی و هه‌مه‌چه‌شنه‌یی و تۆلێرانس به ساده‌یی، مانای ئه‌وه‌یه ئێمه هه‌موومان وه‌ک مرۆڤ، ته‌نیا له‌به‌ر مرۆڤبوونهکهمان یه‌کسان بین، خاوه‌ن ماف بین، ده‌رفه‌تی یه‌کسانمان پێ بدرێت، وه‌کوو یه‌ک بۆمان هه‌بێت گوزارشت له ئایدیا و جیهانبینییهکانمان بکه‌ین. یه‌کسان بین له ئه‌رک و ماف‌دا به چاوپۆشین له‌وه‌ی موسوڵمانین یان نا-موسوڵمان، ئیماندارین یان بێئیمان، خوداباوهڕین یان ناخوداباوه‌ڕ یان ئه‌گنۆستیک “که‌سێک که گومانداره و دڵنیا نییه خوداباوه‌ڕ بێت یان ناخوداباوه‌ڕ و پێی وایه هیچ لایه‌کیان ناتوانن بیسه‌لمێنن شوێنگه‌ی کامیان ڕاستتره”، یه‌کسان بین به چاوپۆشین له‌وه‌ی مه‌یلی سێکسوالیتیمان چییه، جێندهرمان چییه، ژنین یان پیاو یان ناوهندڕهگهز، ئینتیمای ئیتنی و کولتووری و کۆمه‌ڵایه‌تیمان چییه، ئینجا به چاوپۆشین له‌وه‌ی ئینتیمای سیاسی و گرووپیمان چییه. باسکردن له هه‌مه‌چه‌شنه‌یی و لێکبووردن، جیاوازی و یه‌کترقبوڵکردن، ئه‌گه‌ر که‌متر له‌وه بێت؛ ئه‌وا بریتییه له زه‌یف و درۆ، دووڕوویی و خۆهه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی جه‌ماعی، خۆنوواندن و ئاهه‌نگگێڕان بۆ شانازییه‌کی ساخته.