وەهم

دره‌نگانی شه‌و بوو، دالیا لای‌ ژوورسه‌ری مێرده‌كه‌یه‌وه‌ دانیشتبوو و كوڕه‌ تاقانه‌كه‌شی، كه‌ هه‌ر هه‌شت ساڵانێك ده‌بوو له‌سه‌ر كۆشی خه‌وی لێ كه‌وتبوو. بێده‌نگ و په‌رێشان ده‌ستی به ‌نێو قژه‌ كورت و نه‌رمه‌كه‌یدا ده‌هێنا، سه‌ری شۆڕ ده‌كرده‌وه‌ و ته‌وێڵی ماچ ده‌كرد. جارجاره‌ش پشته‌ده‌ستی به‌ ڕووخساره‌ بێگه‌رد و نه‌رمه‌كه‌یدا ده‌خشاند. كوڕه‌كه‌ی لەژێر په‌تووه‌ ئه‌ستووره‌كه‌دا خۆی گرمۆڵه‌ كردبوو و هه‌ردوو ده‌ستیشی خستبوونه‌ نێوانی ڕانه‌ گه‌رمه‌كانییه‌وه.

به‌ریكرد به‌لای دیواره‌كه‌وه‌، به‌خه‌مبارییه‌وه‌ نیگایه‌كی درێژی گرته‌ ڕووخساری‌ مات و مه‌لوولی مێرده‌كه‌ی، هه‌ناسه‌یه‌كی قووڵی هه‌ڵكێشا و لێی ورد بووه‌وه‌ كه‌ مردووئاسا، ‌‌بێ هیچ جووڵه‌یه‌ك له‌سه‌ر گازه‌رای پشت ڕاكشابوو. كامیل هێشتا خه‌و نه‌چووبووه چاوه‌كانییه‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ فیلمێك بنواڕێت‌ له‌ بنمیچه‌كه ورد ده‌بووه‌وه‌. بێده‌نگییه‌كی خه‌مناك باڵی به‌سه‌ر ژووره‌كه‌دا گرتبوو. دالیا ئه‌و ڕۆژه‌ شوومه‌ی بیر‌كه‌وته‌وه‌، كه‌ ئه‌وی تێدا ئیفلیج بوو.

سپێده‌یه‌كی گه‌رمی هاوین بوو، كامیل له‌گه‌ڵ كرێكاره‌كانی به‌رده‌ستی، له‌ نهۆمی سێیه‌می باڵه‌خانه‌یه‌كه‌وه‌ كاریان ده‌كرد. كامیل و كرێكاره‌كان له‌ سوچێكی نهۆمی سه‌ره‌وه‌ی باڵه‌خانه‌كه‌وه‌ له‌ باره‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی بنمیچ و ژووره‌كانی باڵه‌خانه‌كه‌وه مشتومڕیان بوو. له‌و ساته‌دا به‌ده‌م قسه‌كردنه‌وه سه‌ری شۆڕ كردبووه‌وه‌ و له‌ پان و به‌رینی بیناكه‌ی ده‌نواڕی، له‌ پڕێك وه‌ك ئه‌وه‌ی خودا ویستبێتی، بلۆكێك له‌ژێر قاچیدا ترازا و كه‌وته‌ خواره‌وه.‌ بێگومان كه‌وتنێك له‌و به‌رزییه‌وه‌ بۆ پیاوێكی به ‌ته‌مه‌ن و كه‌ته‌ی وه‌ك ئه‌م ئه‌سته‌م بوو به زیانێكی كه‌م بۆی ده‌ربچێت. بۆیه‌ ئه‌و ڕووداوه‌ ناهه‌‌مواره هه‌رچوار په‌لی له‌ جووڵه‌ وه‌ستاند، ئیدی له‌سه‌ری بترازێ نه‌یتوانی هیچ ئه‌ندامێكی جه‌سته‌ی ببزوێنێت و بۆ هه‌میشه‌ به‌ ئیفلیجی مایه‌وه‌.

كات هێواش هێواش دره‌نگی ده‌كرد، دالیا له‌نێو جێوبانه‌كه‌یدا ددانی به‌خۆیدا نه‌ده‌گرت، وه‌ك ئه‌وه‌ی كێچ كه‌وتبێته‌ كه‌وڵی هه‌ر گینگڵی ده‌دا، ڕووی وه‌رچه‌رخاند و ته‌ماشا‌یه‌كی مێرده‌كه‌ی كرد، خه‌وی لێ كه‌وتبوو. نه‌ك ته‌نیا ژووره‌كه‌، به‌ڵكوو ته‌واوی دونیا نوقمی بێده‌نگی ببوو. به‌ ئه‌سپایی له‌ پێخه‌فه‌كه‌ی هاته‌ ده‌ره‌وه، گه‌ره‌كی بوو بچێته ئه‌و ژووره‌ی، كه‌ شتومه‌كی زیاده‌ی ماڵه‌وه‌ی لێ هه‌ڵگیراوه‌ و كه‌وتووه‌ته‌ لای ڕاستی حه‌وشه‌ و ده‌رگایه‌كیش له‌ ناندینه‌كه‌وه ده‌چێته‌وه‌ ناوی. لەبەر خۆیەوە گوتی: “ئه‌مێستا قانع له‌وێ چاوه‌ڕێم ده‌كات، ئارامی لێ هه‌ڵگیراوە، ده‌سته‌كانی توند له ‌یه‌كتر ده‌ئاڵێنێت و له‌مسه‌ر بۆ ئه‌وسه‌ری ژووره‌كه‌ دێت و ده‌چێت.” له‌و ساته‌دا هه‌ستێكی توند ناخی داگرت، هیچ كاتێك وه‌ك ئه‌و شه‌وه‌ هه‌ستی به‌ ئازاری ده‌روون نه‌كردبوو: “نا، ناچمه‌ ئه‌ودیو‌، دونیا كاول بێت ناچم.” هاته‌وه لای كوڕه‌كه‌ی، نیگایه‌كی‌ قووڵی‌ تێ گرت، بە غەمگینییەوە گوتی: “گه‌ر له‌ ئاینده‌دا به‌م په‌یوه‌ندییه‌ی زانی، چۆن وه‌ڵامی بده‌مه‌وه؟” چووه‌ به‌ر په‌نجه‌ره‌كه‌، چمكێكی په‌رده‌كه‌ی لادا، ته‌ماشایه‌كی ده‌ره‌وه‌ی كرد و پاشان له‌ ئاسمان و ئه‌ستێره‌كانی ده‌ڕوانی: “ده‌چم، بۆ نه‌چم، خۆ منیش گه‌نج و جوانم، پێویستم به‌وه‌یه‌ خۆشی له‌ ژیانم  ببینم. خۆم و به‌ختی خۆم، بزانه‌ تووشی چی بووم! خراپ گیرم خواردووە بە دەست ئەم دەنگانەی ناو سەرمەوە، تا کەتنێکم پێ نەکەن بێدەنگ نابن، تەنانەت دەرمانەکانیش ناتوانن بێدەنگیان بکەن. له‌وه‌ته‌ی كامیل ئیفلیج بووه‌، خۆشییه‌ك به‌‌ دڵمدا نه‌هاتووه. خۆ به‌ ناشوكریش نه‌بێت هیچی به‌به‌ره‌وه نه‌ماوه‌، ته‌نانه‌ت له‌و ساته‌وه‌ی هه‌ستی به‌وه‌ كردووه‌، كه‌ قانعی برای ده‌وروخولم ده‌دات، ئیتر وه‌كو جاران به‌ ڕووشمه‌وه‌ ناخه‌نێت. ئێستا قانع له‌ودیو هه‌ر چاوه‌ڕێمه، ڕه‌نگه‌ وا بزانێت براكه‌ی هێشتا نه‌خه‌وتووه‌، بۆیه‌ خۆم نه‌گه‌یاندووتێ.”

ڕۆیشته‌ لای ژوورەكه‌ و چه‌شنی دزێك ده‌ستی خسته‌ سه‌ر ده‌سكی ده‌رگاكه‌، به‌ڵام هه‌رچه‌ند‌ زۆری له‌ خۆی ‌كرد نه‌یتوانی ده‌سكی ده‌رگاكه له‌نێو ده‌ستیدا بجووڵێنێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له ‌ناخه‌وه‌ هێزێكی نادیار تین و تاوی له‌به‌ر بڕیبێت، ده‌رگاكه‌ی بۆ نه‌كرایه‌وه‌ ‌و كشایه‌وه‌ دواوه‌. هاته‌وه‌ نێو پێخه‌فه‌كه‌ی و ڕاكشایه‌وه، ته‌ماشایه‌كی به‌رپه‌نجه‌ره‌كه‌ی كرده‌وه‌، قانعی به‌دی كرد، كه‌ به ‌تووڕه‌یییه‌وه له‌ودیوی په‌نجه‌ره‌كه‌وه‌ وه‌ستا بوو و سه‌یری ئه‌می ده‌كرد، ئه‌م تۆقی و به‌ هه‌ردوو ده‌ستی چاوه‌كانی هه‌ڵگڵۆفی، له‌ دڵی خۆیدا گوتی: “نه‌ء، ئه‌و نه‌بوو، هه‌ر ته‌نیا تارمایییه‌ك بوو هاته‌ به‌ر چاوه‌كانم”.

به‌ڵام ئه‌ی چی ده‌بێت ئۆقره‌ی لێ هه‌ڵبگیرێت و خۆی بكات به‌ ژووردا؟ تۆ بڵێی شتی وا بكات؟ ئه‌گه‌رچی هه‌ردووكمان له‌ ناپه‌سه‌ندی په‌یوه‌نیدییه‌كه‌مان تێده‌گه‌ین، به‌ڵام چی بكه‌م؟ خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و ئاگری ترس و ئازاره‌ی ناخم نه‌بێت، كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ هه‌ناوم ده‌سووتێنێت، دڵم بۆی لێ ده‌دات.”

خه‌یاڵی ده‌یباته‌وه‌ بۆ ئه‌و ڕۆژانه‌ی، كه‌‌ قانع ده‌هاته‌ بن كڵێشه‌ی و به‌ قسه‌ لووسه‌كانی هه‌ستی ئه‌می به‌لای خۆیدا كێش ده‌كرد.

دوای نیوه‌ڕۆیه‌ك ئاسمان ڕووناك و خۆریش ده‌دره‌وشایه‌وه‌، ئه‌م له‌ حه‌وشه‌ دانیشتبوو و خه‌ریكی پاككردنه‌وه‌ی چیمه‌نه‌كه‌ بوو، له‌و ساته‌دا گوێی له‌ ته‌قه‌ی ده‌رگا بوو كرایه‌وه‌، قانع هاته‌ ژووره‌وه‌، ئه‌م جاره‌ش وه‌ك جاره‌كانی تر به‌ پۆشینی به‌رگه‌ كوردییه‌ تازه‌ و بۆنخۆشه‌ تایبه‌ته‌كه‌یه‌وه‌ به‌ده‌ركه‌وت، ئه‌م تا ڕاده‌یه‌ك به‌ بۆنه‌كه‌ی  ئاشنا بوو. ته‌نیا بۆنه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی نا، به‌ڵكوو ڕه‌شكردنه‌وه‌ی قژه‌ پڕ و ماشوبرنجییه‌كه‌ی، كه‌ به‌لایه‌كدا شانه‌ی ده‌كرد و هه‌روه‌ها ئه‌و نیگا مانادارانه‌ش، كه‌ تێی ده‌گرتن و‌ تۆوی حه‌زێكی نه‌خوازراوی تێدا شین ده‌كرد.

ئێستاش ئه‌و ڕۆژه‌ی له‌بیره‌ کە ڕۆیشت به‌ره‌و ناندینه‌كه، كاتێ ئه‌م چایییه‌كی بۆ هێنا، له‌ به‌رده‌میدا داینا و گه‌ڕایه‌وه‌ ناندینه‌كه. كه‌چی قانع به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی گوایه‌ چایییه‌كه‌ تۆخه،‌ هه‌ر له‌دوای ئه‌وه‌وه‌ خۆی به‌ ناندینه‌كه‌دا كرد، لێی نزیك بووه‌وه‌ و ده‌ستی هێنا به‌ پشتمله‌ نیمچه‌ ڕووته‌كه‌ی و ئه‌میش ته‌زوویه‌ك به‌ گیانیدا هات. قانع هه‌ردوو ده‌ستی له‌ كه‌مه‌ری ئالاند و سه‌ری خسته‌ بن گوێی و به‌ چپه‌ پێی گوت: “ئه‌م كراسه‌ په‌مه‌یییه‌ت جوان لێ هاتووه‌، وا بڕوات شێتم ده‌كه‌ی، هه‌ر ئه‌م ڕه‌نگه‌ بپۆشه‌ با شێتتر ببم.” له‌و ساته‌دا ئه‌م هیچ نیشانێكی ناڕه‌زایی ده‌رنه‌بڕی، ‌گه‌رچی ئه‌و ڕه‌فتاره‌یشی به‌لاوه به‌‌جێ نه‌بوو.

‌ئه‌م ئه‌و شه‌وه‌ی به‌ یادهاته‌وه‌، كه‌ له‌نێو پێخه‌فه‌كه‌ی ڕاكشابوو، هه‌ر له‌وه‌ دڵنیا بووه‌وه‌‌ كامیل نوستووه‌، به‌ پێدزكێ خۆی گه‌یانده‌ ئه‌و ژووره‌ی‌ قانع تێیدا چاوه‌ڕێی بوو. كه‌ ده‌ر‌گای ژووره‌كه‌ی كرده‌وه ‌و قانعی بینی خۆی خزاندبووه‌ سو‌چێكه‌وه. ڕووناكی ژووره‌كه‌ی داگیرساند. هه‌ردووكیان بۆ ساتێك ته‌ماشای یه‌كدییان كرد، قانع به‌ بزه‌یه‌كه‌وه: “ئه‌وه‌ هاتی؟” ئه‌م بێ هیچ وه‌ڵامێك یه‌كسه‌ر لێی نزیك بووه‌وه‌ و هه‌ردوو ده‌ستی له‌ ملی ئاڵاند. قانع لێوی نا به‌ لێویه‌وه و هه‌ردووكیان بۆ ماوه‌یه‌ك لێوی یه‌كدییان مژی… قانع ده‌ستی به‌نێو قژه‌ درێژ و پڕه‌كه‌یدا ده‌گێڕا. ته‌زوویه‌كی گه‌رم هه‌ردووكیانی داگرت، ئه‌م ماكسییه‌كه‌ی له‌به‌ری خۆی داكه‌ند و له‌سه‌ر  پارچه‌ دۆشه‌كێك به‌ ته‌نیشت یه‌كترینه‌وه‌ ڕاكشان و ڕوویان له ‌یه‌كدی كرد. قانع ده‌ستی خسته‌ سه‌ر‌ مه‌مكه‌ نه‌رمه‌كانی، كه‌ هه‌ر له‌ دوو هه‌رمێی گه‌یو ده‌چوون، ده‌یگوشین. ئیدی تێكئاڵان.

له‌وده‌مه‌دا ده‌نگی شكۆ له‌و خه‌یاڵانه‌ی دابڕی كاتێك به‌ ده‌م خه‌وه‌وه‌ ده‌یگوت: “دایه‌، میزم دێت.” له‌ شوێنی خۆی قیت بووه‌وه‌، گڵۆپه‌كه‌ی داگیرساند و سه‌یری كاتژمێره هه‌ڵواسراوه‌كه‌ی كرد، كات له‌ نیوه‌شه‌و تێپه‌ڕیبوو. بن پیلی شكۆی گرت و بردیه‌ سه‌رئاوه‌كه، ته‌ماشایه‌كی ئه‌و ژووره‌ی كرد، كه‌ زۆرینه‌ی شه‌و ئه‌م و قانع ده‌چوونه‌ ئه‌وێ، به‌ڵام دەرگاکه‌ی کرابووەوە، دالیا لە شوێنی خۆی وەستا و کسپەیەک ناخی هەژاند و تۆقی، سەرەڕای ئەوەش هێواش هێواش لە دەرگاکە نزیک بووەوه، دەستێکی گەیاندێ و لای کردە لاوە، ژوورێكی چۆڵ… “ئای خودایە! تۆ بڵێی کەی ڕۆیشتبێت؟ بۆچی من ئاگام لێ نەبووە؟ خۆ تا هه‌نووكه‌ بەخەبەر بووم.” نیگه‌رانی ئه‌وه ‌بوو‌ چۆن وه‌ڵامی قانع  بداته‌وه و سێ و دووی دڵی خۆی ده‌كرد.

چێشتەنگاو بوو، له‌ سه‌ر كورسییه‌ك پاڵی دایه‌وه‌، لەبەر ئەوەی خانووەکەیان لە شەقامی سەرەکییەوە نێزیك بوو، به‌رده‌وام دەنگی ئۆتۆمبیل و لۆریە زەبەلاحەکان دەهاتن، گەڕەکەکەشیان لەو جۆرە گەڕەکانە بوو، کە هەر بەیانی خوا ڕۆژی دەکردەوە، دەبوو بە هەڵا و منداڵان کۆڵانیان بەرنەدەدا، دەستێگێڕەکانیش په‌یتا په‌یتا دەهاتن… به‌ڵام ئه‌و له‌ ته‌واوی جموجۆڵ و ژاوه‌ژاوی ده‌وروبه‌ری دابڕابوو، هەستی دەکرد، جەستەی وەک هەویر شل و داهێزراوە. خۆشی نەیدەزانی نەخۆشە، یان نا، هیچ شوێنێکی ئازاری هەیە، یان نا. هیچ کام لە ئەندامەکانی جەستەیشی ژانیان نەدەکرد، بەڵام هەر وەک ته‌واوی له‌شی کوترابێ، هه‌ستی به‌ ماندوویه‌تی ده‌كرد. چاوەکانی داخستن. به‌ یادی هاته‌وه‌، كه‌ قانع پێی گوتبوو: “هه‌ر كاتێك بیری منت كرد، ئه‌وا سه‌‌رێك له‌ ژووری یه‌كتربینینەکەمان بده‌.”

كه‌ چاوه‌كانی هه‌ڵهێنان قانعی بینی به‌ كراسێكی بۆر و شه‌رواڵێكی ڕه‌شی چڵكن و سه‌روقژێكی ئاڵۆسكا‌وه‌وە له ‌به‌رده‌میدا قیت بووه‌وه‌.

بە چاوە دەرپۆقیوەکانیەوە لەمی دەڕوانی، بەڵام هەر دەتگوت ئەو قانعەی جاران نییە و بگرە کەسێکی ترە، كه‌سێك ئه‌م هه‌رگیز به‌و شێوه‌یه‌ نه‌یبینیبوو. ئەم زارەتره‌ک بوو، نەیدەزانی ئه‌و لە دەرگاکەوە هاتووه‌تە ژوورەوە، یان لە فڕۆکەیەکەوە بەر بووه‌تەوە خواره‌وە.

هەردووکیان بە بێدەنگییەوە بۆ یه‌كدییان ده‌نواڕی. ئه‌م خەریک بوو دڵی له‌ سینه‌یه‌وه‌ ده‌رچێت، قانع بێدەنگییەکەی شكاند و گوتی: “دوێنێ شەو تا بەیانی چاوەڕێم کردی، بۆ نەهاتی؟” ئەم نەیتوانی یەک وشەش بڵێ، ته‌نیا وڕوکاس لە بەردەمیدا وەستابوو.

له‌وده‌مه‌دا ده‌نگی هۆڕنی لۆرییه‌ك به‌ ئاگای هێنایه‌وه‌. ئه‌میش هه‌ستا و به‌ره‌و ناندینه‌كه ڕۆیشت.‌ هه‌ستی كرد‌ تارمایییه‌ك به‌ دواوه‌یه‌تی. سەرەتا وای بە خەیاڵدا هات شکۆ بێت، چونکە زۆر جار شكۆ ئەو یارییەی لەگەڵدا دەکرد، له‌وساته‌دا ده‌نگی قانع هاته‌ به‌رگوێی: “دوێنێ شه‌و بۆ نه‌هاتی؟ ئه‌مشه‌و دێی؟” به‌ خهن‌ده‌یه‌كه‌وه‌ وه‌لامی دایه‌وه‌: “دێم ئه‌ی چۆن نایه‌م!” ئیدی هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی چاوترووكانێك ئه‌م ڕۆیشت و له‌به‌ر چاوی ون بوو. هەر، كه لە ونبوونی قانع دڵنیا بووەوە، چووه‌ حه‌وشه‌ و لەژێر پلیکانەکان دەبەیه‌ک نەوتی هێنا، بردی بۆ ژووری یه‌كتربینینەکەیان و بەسەر کەلوپەلەکانیدا ڕشت. دەبە نەوتەکەشی، کە کەمێک نەوتی لە بنی مابووەوە هەر لە ژوورەوە، بە تەنیشتی زۆپا کۆنەکەوە داینا، دەرگاکەی پێوەدایەوە و گه‌ڕایه‌وه‌ ناندینه‌كه‌.

ئەگەرچی لە ناخەوە هەستی بە شپرزەیی دەکرد، بەڵام لەبەردەم کامیل و شکۆدا هیچ نیشانێکی وای دەرنەده‌خست، کە هەستی پێ بکەن. خۆ لە ڕاستیدا ئەو تەنیا بە جەستە لەوێ بوو، ئەگینا بە دڵ و بە گیان لەوێ نەبوو و هەزار ختورە بە مێشکیدا دەهات. ته‌نانه‌ت به ‌درێژاییی شه‌و یه‌ك وشه‌یشی له‌گه‌ڵ نه‌گوتن. كاتێكیش قانع هات، ئەم لە ناندینەکە بە بیانوی شووشتنی قاپەکانەوە لە چاوەڕوانیدا بوو، وەک جارەکانی پێشوتر دەرگای حەوشە و دەرگای هۆڵەکەی پێوە نەدابوو. دالیا دەیزانی هەر لەگەڵ چوونە ژوورەوەدا و لە دوای كڵۆمدانی دەرگاکه‌، دەبێت زوو کارەکە ئەنجام بدات. كه‌ خۆی كرد به‌ ژووردا قانع ڕوخساری پێده‌كه‌نی و ببووه‌ یه‌ك پارچه‌ حه‌ز. دالیا بە زۆر لەخۆکردنێکەوە زەردەخەنەیەکی بۆ کرد. ئه‌و ویستی باوەشی پێدا بکات، بەڵام ئەم كشایه‌ دواوه‌ و خۆی به‌ كلۆمدانی ده‌رگاكه‌وه‌ خه‌ریك كرد. پاشان دەستی خستە گیرفانیەوه‌، وەک ئەوەی بیەوێ لەوە دڵنیا ببێتەوه‌، کە ئاخۆ چەرخەکەی لەگەڵ خۆیدا هێناوە یان نا؟ قانع لووتی گرت و به‌ ده‌نگێكی نزم و گنه‌وه‌ پرسی: “ئەو بۆنە چییە، دەڵێی نەوت لێرە ڕژاوە؟!”

_ ئه‌مڕۆ شکۆ و منداڵەکان له‌ حه‌وشه‌ یارییان ده‌كرد، بۆیه‌ نه‌وته‌كه‌م هێنایه‌ ئێره‌. دالیا وای گوت. له‌گه‌ڵ گوتنی ئه‌مه‌دا فرسەتی هێنا، چەرخەکەی لە گیرفانی دەرهێنا و چەخماخەیەکی لێ دا، هەڵیدایە نێو کەلوپەلە نەوتاوییەکانەوە و ئیدی هەموو شوێنیک بووە یەک پارچە ئاگر.

٢٠٢١