خشتەی… لێکدانەکان!

لە بەرامبەر ئاوێنەکەدا وەستا، زوڵفە سپییەکانی دایکی ئالۆزکاو بە لاجانگیدا چنگیان تێ دەکرد، بۆ؟ … بیری کەوتەوە کاتێک دەڕۆشت بۆ قوتابخانە، ئەو کاتەی کە خشتەی لێکدانی لەبەر نەبوو و مامۆستا بە پێنووسەکەی لە سەر دەستی دەدا و دەیگوت: خشتەی لێکدان لەبەر کە! خشتەی لێکدان لەبەر کە! خشتەی لێکدان لەبەر کە! دەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە دایکی دەبینی کە لە سووچێکی مەتبەقدا، چاوەکانی ئاوسا بوون و هەم دیسان خەسووی بە ژاری زاری شیتاڵ شیتاڵی کردبوو. کاتی نانی نیوەڕۆ بوو، ئێستەکە مێردەکەی دەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە. ترسێکی تاڵ زمانی لە پەلوپۆ خست. چاوی قوچا و وەک هەمیشە تەنها گریا بوو. کاتێک دەستەکانی کچەکەی دەبینی کە جێگەی لێدانی پێنووسەکە ئاوساوە، دەیگوت کچم خشتەی لێکدان لەبەر کە! من نەمزانی خشتەی لێکدان چەندە گرنگە. دوو بدەی لە دوو دەبێتە چوار. چاوم قوچاو و کردم بە سێ. ڕۆحم لە ژێر بێدەنگیدا تەزی. چۆڕەم لێکەوت، شیرم نەما، پوورە پیرەت بە گۆچانی نەستەق و توانج چەند جار لێی دام. لە باتی دە پێنجم لە بیست کەم کرد. چاوم قوچا و سەراسێم گرت. کچەکەی تەنها چرپاندی بە گوێیدا پێی مەڵێ نەخۆش بووم و نەمتوانی لەبەری کەم، فەلاقەم ئەکا. چاوت لێم بێت ئەویش لێم ئەدا.

چەند خولەک لەمەوبەر زەنگی تەلەفونەکە لێی دا! زیڵەی تارا… نیڕە و تێخووڕینی … کاکەی. ئەلەو… ئەلەو… دایخستبوو. دەستی وشک بوو. زیڕەی فرمێسک تکایە ئێسقانی. زیڕەی ئیسقان بوو؟ نا زیڵەی تارا… زیڵە یان زیڕە، خشتەی… لێکدان بوو، لێکدان یان لێدان؟ خشتەی… لێییییدان بوو.

چاوی نوقاند و کردییەوە. جلەکانی قوتابخانەی لەبەر کرد. خۆی بوو یان کچەکەی!؟ کتومت خۆی. دەستی ڕاگرت بۆ مامۆستا. سێ جار لێی دا. قژئاڵۆز و چاو ئاوساو و دەست کۆڵەوار.