ئێمە و ئەحمەدی خانی
ئاماژەی وەرگێڕ:
وتارێک لە کۆنفڕانسی ئەحمەد خانی، ژووەنی ٢٠٠٨ دیاربهکر پێشکەش کراوە:
ھەر خوێنەرێک کە ویستبێتی لەسەر ناسیۆنالیزمی کوردی خوێندنەوەی ھەبێت، بێگومان لەگەڵ ئەو پرسیارە ڕووبەڕوو بووهتەوە کە ”ئەحمەدی خانی“ لەم باسوخواسەدا چ ڕۆڵێکی گێڕاوە؟ ھەر بۆیە خۆیشم وەکوو وەرگێڕی ئەم وتارە بە بۆنەی ھۆگری بەو باسەوە، ھەوڵم داوە بەرھەمی توێژەرانی جۆراوجۆر سەبارەت بە ناسیۆنالیزمی کوردی بە گشتی و بە تایبەت دەسپێک و سەرەتای ئەم ئەندێشە یان ئەم ئایدیۆلۆژیایە، بخوێنمەوە. بۆ وێنە “جەمال نەبەز” لەناو چوارچێوەی فیکری خۆیدا کە نەتەوەخوازیی کوردی بە فۆرمێکی جودا لە ناسیۆنالیزمی ڕۆژئاوایی و قەومییەتی عەرەبی لێک دەداتەوە، ڕوانگەی بە ئەحمەدی خانی و ڕۆڵی ئەو لەم پرسەدا جیاوازە و “ئەحمەدی خانی” بە نەتەوەخواز لە ئەژمار دەدات. بەڵام “عەباس وەلی” لە چوارچێوەی قوتابخانەی مۆدێرنیسم لە شیکاری ئەندێشەی ناسیۆنالیستیدا قەڵەمی خۆی دەخاتەگەڕ و خانی بە ناسیۆنالیست نازانێت. لە کوردناسانی دیکەش بۆ وێنە “مارتین ڤهن برۆنسێن” ڕوانینێکی ھاوشێوەی عەباسی وەلی ھەیە. وەرگێڕانی ئەم وتارە ھەوڵێکی چووکەیە بۆ بەرینترکردنی ئەم باسانە و بە جەخت لەسەر ئیپیکی مەزنی کورد واتە مەم و زین کە خانی بیروڕاکانی خۆی لەو مەزنە شیعرەدا ورووژاندووە. کەوایە وەرگێڕانی ئەم دەقە بە واتای ھاوڕایی بە تەواوەتی لەگەڵ بیرەکانی خاوەنی ئەم وتارە نییە و دیارە وەرگێڕیش وەکوو خوێنەرێکی ئەم بوارە گهشتوگوزاریی فێربوونی خۆی لەم باسانەدا ھەر درێژە دەدا و جێگەیەک دەقێکی جیدی وەکوو ئەم وتارەی وەبەر چنگ بکەوێت، تێدەکۆشێت لانی کەمی بە وەرگێڕانەکەی بتوانێت بەشدارییەکی زۆر چووکەی لەم مەجالەدا ھەبێت. ئەوەی کە لەم شوێنکاتەی ئێستادا، قەناعەتم پێ ھێناوە ئەوەیە کە خانی دەسەڵاتی سەربەخۆی بۆ کورد ویستووە، جا فۆرمی ئەو دەسەڵاتە و میکانیزمی شەرعییەت بەو دەسەڵاتە لەو سەردەمەدا چۆن بووبێت، پڕڕوونە لەگەڵ سەردەمی ئێستاکە جیاوازی ھەبووە. بەڵام ئەوەی لە خوێندنەوەی خانی دەردەکەوێت، ئیرادەی بوونی دەسەڵاتێکی سەربەخۆیە بۆ کورد.
دهقی وتار
زۆرێک لەو شتانەی کە دەمویست سەبارەت بە ئەحمەدی خانی بیڵێم، ھاوکارم مارتین ڤەن برۆنسێن باسی لێ کرد، پێویستە من ههندێک سەبارەت بە بابەته پێشکەشکراوەکان بدوێم. لەگەڵ زۆربەی ئەوانەی کە سهبارهت به خانی باسی کرد، هاوڕام. بە ڕای من مارتین بە خاڵێکی گرنگەوە دەستی پێ کرد کە یەک دەق ھەیە و ڕاڤەگەلێکی جۆراوجۆر. ڕاڤەگەلێکی بێسنوور لە یەک دەق که ھەر یەک لە ئهوانە بە ھەڵوێستێکی جیاوازەوە و لەنێو بەرچاوگەیەکی جیاوازەوە یان لە ڕوانگەیەکی جیاواز بۆ ئهم دهقه دهڕوانن.
لە کۆتاییی ئەو پرۆسەدا خودی دەقەکە لە نێو دەچێت و زۆربەی جار بههۆی گرنگی نەدان بە خودی دەقەکە، ئەو دەقە بزر دەبێت. ئەم ڕاڤەگەلە کە بایەخ و گرنگییەکی زۆر پەیدا دەکەن، دەبن بە سەرچاوەی مانا و شرۆڤە و ڕاڤەگەلی زێدەتر کە لە ڕێگەی ئەوەوە، ڕاستی و ڕەسەنایەتیی دەقەکە هەڵدەسەنگێندرێت و جێگیر دەکرێت. کەواتە ئەو خاڵەی کە خراوەتە ڕوو، ئەوەیە کە گرنگ نییە تۆ بیسەلمێنێت یان ڕەتی بکەیتەوە کە خانی ناسیۆنالیست بووە یان نەبووە. لە ئەنجامدا ئەم باسە لە ڕووی سیاسییەوە ئەوەندە گرنگ نییە. ئەوەی کە لە ڕووی سیاسییەوە بە ڕاستی بەرچاوە و جێگای ئاماژەیە، تێگەیشتنێکی زانستییانە و گشتییە لە خانی. خانی چۆن بوو لە ڕەوت یان قوتابخانەیەکی تایبەتی ئەدەبیاتی کوردیدا واتە ئەدەبیاتی بووژانهوهخوازی یان لە کۆدەقی گەشە و پێشکەوتنی بزووتنەوە نەتەوەخوازییە کوردییەکان وەرگیرا؟ بە هەمان شێوە کە مارتین گوتی: کەمترین شک و دڕدۆنگی لە ئهوەدا نییە کە مەم و زین لە پرۆسەی ژیانەوەی خۆهۆشیاریی کورد، پرۆسەی گەشەسەندنی هۆشیاریی ناسیۆنالیستی کوردی، گرنگایەتییەکی یەکجار زۆری ھەبووە. لێرەدا پێویستە بە خاڵێکی تیۆریک سەبارەت بە سروشتی پێشکەشکردنی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ ئاماژە بکەم. دەمھەوێت بڵێم کە ئەمە هاتە مێشکم کە ئەمڕۆ من لێرە دانیشتبووم و لە باسگەلی جیاواز کە پێشکەش دەکرا، گوێم ڕاگرت و زانیاریی ئێمەی سەبارەت بە خانی زۆر دەوڵەمەند کرد. خودی خۆم بە گوێدان بە ئەم باسانە زۆر فێر بووم، بەڵام ئەم باسانە چ ڕاڤە فیلۆلۆژیکەکان چ شیکاریی دەستەواژە و یان ھەندێک ڕوانگەی مێژوویی، زۆرترینیان له ئاھەنگی ڕێزلێنان لە بەشداری خانی لە زمانی و ئەدەبی کوردیدا دهسووڕایهوه.
بەھەرحاڵ بە باوەڕی من، لە ئهم ڕێزگرتنانە لە پێگەی خانی، دوو بۆشاییی بنەڕەتی ھەیە کە بە تێگەیشتنی من به پێگە و جێگەی خانی لە مێژوو و سیاسەتی کوردیدا زۆر پەیوەندیدارە. یەکەم: دیتم کە ھیچ لێکۆڵینەوە و شیکارییەک لە ئهو ھەلومەرجە سیاسییەی کە خانی تێیدا لەدایک بوو، گەشەونەشەی کرد، ژیانی بەسەر برد، نووسی و کۆچی دوایی کرد، نهکراوه. لەمەڕ بارودۆخی سیاسی و مێژوویی زۆر کەم باس کرا. دووهەم ئەوەی کە به کهمی دەربارەی ئەو کۆمەڵگای کە خانی تێدا ژیانی دەکرد و خەڵکێک کە خانی لەگەڵ ئەوان دەژیا، هەروەها خانی بۆ کێی نووسیوە؟ گوترا. ئەم بۆشایییانە زۆر بەرچاو و ئاشکرایە. لەم ڕووەوە زۆرینەی ئەو ڕێز و وەج لێنانەی لە خانی دەکرێت، ھەرچەند کە گرنگیشن، بەڵام هەرگیز پەل ناکێشن بۆ سەرتر لەو شتەی لە ئاسەواری ئەودا دەبیندرێت. لە ڕاستیدا پێش لە ئهوەی لەبارەی ئاسەوار و بیرۆکەکانی ئەوەوە قسە بکرێت و لێک بدرێتەوە دەبێت بزانرێت کۆمەڵگای ئەو و ژیان و کولتووری خەڵکەکەی چییە و چۆن بووە؟ بە وتەیەکی دیکە، بە دەگمەن هەوڵی ئەوە دهدرێت کە گوتاری خانی لە کۆدەقی مێژوویی، سیاسی و کولتووریی گونجاوی خۆیدا جێگیر بکەن.
ئێستا حەز دەکەم بە خستنەڕووی خاڵێکی تیۆریک، بپەرژێمە سەر پرسی مێژوو و ڕاڤەی مێژوویی. ئەم خاڵەی کە دەمەوێت باسی بکەم، زۆر گرنگە، ڕوو دەکاتە پەیوەندیی نێوان مێژوو و خوێندنەوەی مێژووەوە؛ ڕاڤەگەلی مێژوو وەک فۆرمێک لە نووسین، فۆرمێک لە مەعریفە، فۆرمێک لە مەعریفەی مێژوویی، زۆر جار وا گریمانە دەکرێت کە مێژوو هاوواتای ئەو ڕابردووەیە کە دەینوێنێتەوە یان هەوڵی وێناکردن و ڕوونکردنەوەی دەدات. جگە لە ئهمە وایش گریمان دەکرێت کە مێژوو وەکوو ڕابردوو کاتێک کە بە دروستی بخوێنرێتەوە و فام بکرێت، توانای ئەوەی هەیە کە ئێستا و ڕابردوویش زیندوو بکاتەوە، بۆ ئەوەی ئێمه لە پرۆسە و ڕەوت و دەورە و ئاراستەکانی گەشەی ئێستامان تێبگەین. بە ڕای من ئەوە دروست نییە. مێژوو هیچ کات هاوواتای ڕابردوو نییە. مێژوو نوواندنەوەی ڕابردوو لە گوتار، لە وتار، لە ئاخافتن، لە ڕوونکردنەوە و ڕاڤەکردندایە. مێژوو ئەوەیە کە ئێمە ڕابردوو بە زانستی ئێستا، دەخوێنینەوە. مێژوو ئەو شتەیە کە ئێمە بە ناسینی زەمەنی هەنووکە، ڕابردوو شرۆڤە دەکەین و دەیگێڕیننەوە. ئەمە خاڵێکی زۆر گرنگە کە بە ڕوانین لە دەقێکە کە لە بیرماندایە، ئەو دەقەی کە دەمانهەوێت خوێندنەوەی بۆ بکەین، باسی بکەین و پرسیار بکەین، واتە “مەم و زین”ی خانی دەمانھەوێت بیخەینە بەر باس. “مەم و زین”ی خانی دەقێکی گرنگ و بنەڕەتییە نە تەنیا لەبەر ئەوەی کە بەرھەمێکی شیعری مەزنە و ھەمووان ئەمە دەزانن و تەنانەت نە بەهۆی ئەوی کە دەقێکی مێژووییی گەورەیە کە لە ڕابردوودا نووسراوە و قسە لە ڕابردوو دەکات. ههروهها نه بە ئهو هۆکارەی کە بە ئێمە دەڵێت کە لە سەدەی حەڤدەیەم کەسایەتییەکی کورد بە ناوی ئەحمەدی خانی، جێگە و پێگەیەکی سیاسیی تایبەتی بوو و جێگەوپێگەی تایبەتی بنەمایی دروست کرد. بەڵکوو ھۆی گرنگایەتیی مەم و زین ئەوەیە کە خاڵێکی بنەڕەتی سیاسی ورووژاند کە زۆربەی ئێمەی بۆ سێ سەدە تووشی سەرسووڕمان کردووە و لە ئێستاشدا هەر بۆ زۆربەمان جێگای سەرسووڕمانە و بەردەوام ئەم پرسیارە دەکەین کە پیاوێک لە ئهم سەردەمە تایبەتە لە مێژوودا چۆن بە ئاوا خاڵگەلێکی گرنگ گەیشتووە کە لە ڕووی سیاسی، تیۆری و فەلسەفی لە چەندین ڕووەوە مۆدێرن و نوێیە. ئەوە زۆر گرنگ نییە کە لە ڕاستیدا ئەندێشەی ئەو مۆدێرنە یان نا؟ بەڵکوو گرنگ ئەوەیە کە چۆن دەیخوێننەوە، دەمانەوێ چ شتێکی لێ وێنا بکەین، چۆن بیرۆکەکانی شرۆڤە دەکەین و واتای پێ دەبەخشین. پێویستە بیزانین کە مانا هەمووکات هۆشەکییە، بێ هۆش هیچ مانایەک نییە و ئێمە وەکوو سوبژێکت بۆ خوێندنەوەکانی خۆمان مانا دادەنێین و ئەم مانایانە هەموو کات هەڵگری ئامانج و خواستەکانی ئێمەن. مانا زەینییەکان بەپێی پێناسە، ھەمیشە زەینین و سەرنجدان و لەبەرچاوگرتنی ئەم خوێندنەوانە کە ئێمە بە ئهم خاڵە تیۆرییانە دەگەڕێنێتەوە، زۆر گرنگە.
کەوایە ئەو خاڵەی کە دەمھەوێت ئاماژەی پێ بکەم ئەوەیە کە ئەو خوێندنەوانە بۆ دەقی خانی دەکرێت و ئەو مانایانەی کە لە وشەکانی ھەڵدەھێنجێنرێت، خانی دەکاتە ناسیۆنالیست یان ئەوەی کە لە ناسیۆنالیست بوونی دەخات. پێش ڕۆچوون لەو خوێندنەوانەدا، حەز دەکەم دژوارهی خانی دیاری بکەم کە دەتوانین بڵێین ئهوه مژاری گوتارەکەی خانییه. هەر لەبەر ئەوە، دەزانم کە هەمووتان لە دژوارهی خانی ئاگادارن. هەر گوتارێک، هەر ئایدیۆلۆژیایەک دژوارهیهکی هەیە. دژوارە چەمکی ناوهندی ئەم گوتار و ئایدیۆلۆژیایەیە. ئەم ئایدیۆلۆژیا و ئەم گوتارە سەرەتا بە دەوری ئەو دژوارەدا دەسووڕێتەوە تا ئەو دژوارە سەنگوسوک بکات، ھەوڵ بدات شرۆڤەی بکات، سەقامگیری بکات، ڕایبگرێت، ھەوڵ دەدات کە بیسەلمێنێت و ڕاستییەت یان گریمانکراوبوونی ئەو بچەسپێنێت. ئەم مژارە ناوەندییە، ئەم چەمکە ناوەندییە، ئەم دژوارەی خانی لای ئێمە زۆر ناسراوە: خواستێکە بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی. خانی بەپێی ئەو دەقەی لە بەر دەستی ئێمەدایە لە دووی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی دەگەڕا. وتنی ئەوەی کە کورد بە ڕزگاری دەگات، دەگاتە ڕزگاریی خۆی، بە بەختی خۆی دەگات، ئەگەر و تەنیا ئەگەر، لە دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆدا سەرکەوتوو بن. خاڵە بنەڕەتییەکان زۆر ڕوونن و ئەویش بریتییە لە ئهوهی که خانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی دەوێت چونکە جگە لەوەی ببێتە ئامرازی ڕزگاری بۆ کورد و هەروەها ئامرازی بنبڕکردنی کاریگەریی سوڵتەی بیانییە کە لە سوێنگە نیگای خانییەوە سوڵتەی بیانی دەبێتە ھۆی تێکچوون و ناتەباییی نێوان کوردان.
خانی دژایەتی لەگەڵ دۆخی سوڵتەی بیانی، نایەکگرتوویی و ململانێ دهکات و چارەسەری ئەو دۆخەش به دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی دهزانێت. دەوڵەتی کوردی دەیەوێت ئەو ناکۆکی و یەکنەگرتووییە بنبڕ بکات و کۆتایی بە سوڵتە و زۆڵم یان سەرکوتی بیانی بهێنێت. ئەمە ئەو ماکە سەرەکییەیە کە ئایدیاکانی خانی وەکوو یەک ئایدیۆلۆگ و نووسینەکانی وەکوو گوتارگەلێکی ئایدیۆلۆژیک بە دەوری ئەودا دەسووڕێنەوە. ئێمە له خانی وەکوو ئایدیۆلۆگێک دەڕوانین نەک وەکوو شاعیرێک یان کەسێکی ئەدەبی یان وهکوو ئهوهی که وێنا بکرێت کە باوکی ناسیۆنالیزمی کوردی بێت. ئایا ئەمە راڤەی خانییە کە لەلایەن ناسیۆنالیستهکان وەرگیراوە، پیرۆز کراوە و بەرز کراوەتەوە و هەموو جۆرە بەرھەم ھێنراوەتەوه؟ بەھەرحاڵ، پرسیارەکە ئەمەیە. مارتین پێشتر ئاماژەی بە ئەمە دا بەڵام من ھەوڵ دەدەم بە شێوەیەکی تیۆریکتر بیڵێم. چۆن دەکرێت کەسێکی وەک خانی کە لە سەدەی ١٧دا ژیاوە، بیرۆکەیەکی لەو شێوەیەی هەبێت و بە تایبەتی لە دەرەنجامدا زۆر کەسی ڕازی کرد کە وەک ناسیۆنالیستێکی کورد پێناسەی بکەن. به ڕوانین به دهور و پشتی خۆمان وێنهیهکی ئاوا له وڵاتانی دراوسێدا نابینین. لە ئێراندا “فێردەوسی” هەیە کە ھەرگیز تا ئەو ڕادەیە پەل ناهاوێژێت بۆ باسەکان. ئەو بەڵگاندنێکی باش و بەرچاوی بۆ کولتووری ڕەسەنی ئێرانی و کولتووری ڕەسەنی فارسی، بۆ پاککردنەوە و بێخەوشکردنی کولتوور و زمان و هتد دێنێتە ئاراوە، بەڵام هیچ کات بیرۆکەی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کە لەسەر ئیتنیک تەوەرەی ڕۆ نرابێت، نەیھێناوەتە ئاراوە. ئەمە گرنگی ڕۆڵی خانی و بێهاوتاییی ئەو دەردەخات. سنووری ئەو دەوڵەتەی کە خواستی خانییه، لە ڕووی ئەتنیکییەوە پێناسە کراوە. ئەمە بڕیار وایە دەوڵەتێکی کوردی بێت. بەڵام ئەوەی خانی دەیڵێت وەکوو دەربڕیننامەیەک دەمێنێتەوە و ھیچ کات ھەوڵ نادات لە نووسراوەکانیدا ئەوە ھەڵبسەنگێنێت و ڕاستی بکاتە. تا ئەو جێگەی من دەزانم ئەمە ئاوایە. (بەڕێزان لێرەدا دەبێت جەخت لە ئهوە بکەمەوە کە کاتێک دەڵێم، تا ئەو جێگایەی کە دەزانم، من وەک تیۆریستێکی سیاسی، وەک زانایەکی کۆمەڵایەتی خوێندوومەتەوە، من بەو جۆرە پسپۆڕی خانیناسی نیم. من خانیم خوێندووەتەوە، ڕاڤەم کردووە و لە زانکۆکان لەسەر خانی قسە دەکەم بەڵام نە وەکوو پسپۆڕێک.) وەکوو زانایەکی کۆمەڵایەتی کە هۆگری خانییە بە هۆکارگەلێکی تایبەت، وەک زانایەکی کۆمەڵایەتی کاتێک دەقەکە دەخوێنیتەوە و ئەم دژوارە دەبینیت لە گەڕان بەدوای دەوڵەتی سەربەخۆدا، کۆمەڵێک پرسیار دەست پێ دەکات. تۆ پێویستە ئەم پرسیارانە بپرسیت ئەگەر ڕەوایی بدەی بە خوێندنەوە و تێگەیشتنت و لە ئاکامدا ڕاڤەکانت. یەکەم پرسیار ئەمەیە: با بڵێین لە پێناو ئەم ئارگیومێنتەدا، ئەگەر کەسێک یان ئایدیۆلۆگێک داوای دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دەکات، بریکار و بکەری ئەم گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە سیاسییە چییە؟ بڕیارە کێ دروستی بکات؟ بڕیارە کێ ئەم دەوڵەتە کوردییە ساز بکات؟
پرسیاری دووهەم کە زانای کۆمەڵایەتی/ تیۆریستی سیاسی دەبێت بیکات ئەمەیە: بڕیارە چ فۆرمێک لە دەسەڵاتی سیاسی لە دەوڵەتی پێشنیارکراوی کوردیدا لە کاردا بێت؟ بڕیارە چ جۆرە دەسەڵاتێکی سیاسی حوکمڕانی ئەم دەوڵەتە بکات؟ پرسیاری سێیەم کە بە مێشکی زانایانی کۆمەڵایەتی/ تیۆریستی سیاسی دەگات، پەیوەندی بە فۆرمی شەرعیەت و شەرعییەتی دەسەڵات لە دەوڵەتی پێشنیارکراوی کوردیدا دەبێت؟ بۆیە بە شوێنکەوتنی ئەم هێڵە ئارگیومێنتە حەز دەکەم ئەم پرسیارانە لە دەقی خانی بکەم و مەرجەکانی ئیمکانی ئەم دژوارە بە ئهم شێوەیە بخەمە ژێر پرسیارەوە: بکەری گۆڕانکارییەکە کێیە؟ فۆرمی دەسەڵاتی سیاسی چییە؟ فۆرمی شەرعییەتی سیاسی لە دەوڵەتی پێشنیارکراوی کوردیدا چۆنە؟ لەو دەوڵەتە پێشبینیکراوە یان با بڵێین، وەک ئایدیالێک لەلایەن خانییەوە داڕێژراوە، فۆرمەکانی چییه؟ ئایا خانی دەتوانێت شتێک سەبارەت بە ئەوانە بڵێت؟ ئایا ئێمە دەتوانین شتێک سەبارەت بە ئهوانە لە نووسراوەکانی هەڵینجێنین؟ بەڵام ئەم پرسیارانە، پرسیارگەلێکن کە لەسەر بنەمای مەعریفەی سیاسیی هاوچەرخی خۆم، مەعریفەی سیاسیی ھەنووکەم وەکوو بیردۆزێکی سیاسی دەیپرسم. ئایا خاڵی لێکۆڵینەوەکەم دەبینن؟ ئەو خاڵەی کە هەوڵ دەدەم بە پرۆبلماتیزهکردنی ئەم جۆرە پرسیارانە بیخەمە ڕوو. ئەگەر ئێوە سەیری نووسینەکانی خانی بکەن وەکوو ئەوەی من کردوومە و دڵنیام لێرەدا کەسانێکی زۆر ھەن کە زۆر باشتر و قووڵتر لە من خانییان خوێندووەتەوە، ئەم باسە بۆیان زەق دەبێتەوە. بە ڕای من بکەری گۆڕان لە گوتاری خانیدا خەڵکی کورد نییە. ئایا تەنیا دەتوانن یەک ئارگیومێنت دەربهێنن کە خانی ئاواتەخوازە بۆ دەوڵەت و سیستەمێکی سیاسی لەسەر بنەمای پاشایەتیی ڕەهاییخواز، کە پاشایەکی کورد فەرمانڕەوایی بکات و دژایەتی غەیرە کوردێک یان بێگانەیەک بکات؟ بیرۆکەی خەڵک وەک بکەری ئەم گۆڕان و گۆڕانکارییە سیاسییە گرنگە، لە گوتاری خانیدا غایبە. هەروەها خەڵک وەک سەرچاوەی دەسەڵاتی سیاسی و شەرعیەت لە گوتاری خانیدا دهناسرێت. بەڵام لە هەمان کاتدا دەتوانین بڵێین کە جەختکردنەوەی خانی لەسەر زەروورەتی پاشایەتیی کورد بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکی و ناتەبایی و نایەکگرتووی سیاسی لەنێوان کورددا، بەو مانایەیە کە ئەو دەوڵەتی کوردی وەک پێشمەرجێک بۆ یەکڕیزی و دروستبوون یان سەرهەڵدانی هۆشیاریی نەتەوەیی لەنێوان کوردەکاندا سەیر دەکات کەواتە جەختکردنەوەى خانى لەسەر یەکڕیزی و یەکدەنگی، ئەگەر بە ئەو شێوەیە سەیر بکرێت و لێک بدرێتەوە، لەوانەیە بەو مانایە بێت کە ئەو پرۆسەیەکى درێژخایەنى بەرزکردنەوەى هۆشیارى لە کۆمەڵگەى کوردیدا پێشبینی دەکات و پاشایەتییە دڵخوازه کوردییهکەی دەبێتە مەرجێک بۆ ئەگەرى سەرهەڵدانى هۆشیاریی نەتەوەیی لە کۆمەڵگەی کوردیدا کە پاشایەکی کورد فەرمانڕەوایی دەکات. لە لایەکی دیکەوە، سەرهەڵدانی هۆشیارییەکی دروستی نەتەوەیی بنەمای هاتنی گوتار و پراکتیکێکی تەواو ناسیۆنالیستی پێک دەهێنێت کە سەروەری و فەرمانڕەواییی جەماوەری نیشان دەدات.
پڕڕوونە خانی، پیاوێک بووە کە بە پەروەردەیەکی زۆر نەریتی گەورە بووە و زانستێکی بەرچاوی لە ئایین و کاروباری ئایینیدا و ھەروەھا شارەزایییەکی باشی لە ئیلاهیات و فۆرمەکانی پەیوەست بە لۆژیک و فەلسەفە و هتد هەبووە. لە نووسینەکانیدا دیارە، ئەو بە شێوازی خۆی موسڵمان و باوەڕدارێکی ڕاستەقینە بوو. بە زمانی هاوچەرخ دەتوانرێت زیاتر وەک عارفێک یان سۆفییەک بناسرێت نەک زانایەکی موسڵمانی ئاسایی، بەڵام ڕەنگە ئەگەر پێتان باش بێت دەکرێت وەکوو زانایەکی موسڵمان پێناسە بکرێت. ئەمە هیچ جیاوازییەک لە پێگە و ناسنامەی خانی لە پەیوەندی لەگەڵ ئەوەی کە من دەمەوێت بیڵێم دروست ناکات. ئەگەر ئەمە ڕاست بێت ئەوەی من دەیڵێم ئەمەیە و ئەو شێوازەی کە باسی دەوڵەتی کوردی و شێوازی دروستبوونی دەکات و سەرۆکی ئەم دەوڵەتە کە پاشایەکی کوردە، زۆر گرنگن بۆی و هەر لەبەر ئەوەیە کە پەیتا پەیتا جەخت لە ڕەگەزی کوردی ئەم پادشایە دەکات و ئەو کاتەی کە دەوڵەتی کوردی دروست بێت، ئەو فەرمانڕەوا کوردە دەبێت پاشا بێت، ئەم پاشایەتییە لە سیستەمێکی شەرعیەتدا بنیات دەنێت کە پەیوەندی بە تێگەی سەرەکی و هەبووەکانی پاشایەتییەوە هەیە. ئەمە چ لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا بێت یان لە دەوڵەتی سەفەویدا، هەردوو جۆری هەبووی دەوڵەتە ئیسلامییەکان لەسەر بنەمای فۆرمەکانی ئیسلامی حوکمڕانی، لە هەر حاڵەتێکدا کە سەیری دەکەیت دەگەیتە هەمان ئەنجام سەبارەت بە سیستەمی شەرعیەت، واتە سیستەمێکی شەرعیەت کە لەسەر بنەمای نەزمی ئیلاهی دەسەڵات دامەزراوە. بەھەرحاڵ پێویستە ئاماژە بە ئەوە بکەم کە بنچینەی هەموو پاشایەتییە ئیسلامییەکان ئێرانییه و لە دەوڵەتی ساسانی ئێرانی پێش ئیسلامەوە هاتوون. تێگەیشتنی ساسانییەکان لە پاشایەتی کە دواتر لەلایەن زانایانی ئیسلامییەوە وەکوو ئیبن موقەفەع و ئیمام محەمەد غەزاڵی و ناسرەدین تووسی وەرگیراوە، باوەڕی بە یەکایەتیی ئایین و سیاسەت و جۆرێک لە ڕەواییبوونی دەسەڵاتی سیاسی هەیە کە بە شەرعییەتی ئیلاهی ناسراوە، و بەو پێیە وا دانراوە کە پاشا سێبەری خۆدا لە سەر زەوییە و پاشایەتییەکەی بە ڕەحمەت و لوتفی خودا دەسەڵاتگێڕی دەکرێت. ئیرادە و هێزی پاشاکان ڕەهان، ناکەونە بەر پشکنین و پرسیار مەگەر بە یاساکانی شەریعەت. شەرعییەتی ئیلاھی دەسەڵات تایبەت بە تێگەیشتنی ئیسلامی لە پاشایەتی و فەرمانڕەوایی نییە، بەڵکوو لە سەدەکانی ناڤینی ئەورووپاشدا پێش سەرھەڵدانی مۆدێرنیتی باو بوو و بەکار دەھێنرا. له دەڤەرە ئیسلامییەکان ھەر وەکوو سەدەکانی ناوەڕاستی ئەورووپا، دەسەڵاتی فەرمانڕەوا ڕەها و بێسنوور بوو، هیچ سنوورێکی تر نەبوو جگە لەوەی کە بە ئیرادە و وشەی خودایی دەتوانرا بسەپێندرێت، واتە بە یاسا و کۆدەکانی ئایین، جا چ مەسیحیەت بێت یان ئیسلام. ڕێک وەک چۆن لە ئەورووپاشدا ئەوە ھەیە. لە ئێرەدا کێشەیەکی بنەڕەتی هەیە، کێشەیەک کە دەبێت لە بارەیەوە بزانین. واتە هیچ سنوورێک بۆ دەسەڵات نابینێت جگە لە ئەو دەسەڵاتەی کە بە فەرموودەی خودا دەیسەپێنێت. ئاشکرایە کە لە نموونەی خانیدا تاکە سنوور بۆ هێز و دەسەڵاتی پاشای پیشنیارکراوی کورد، ڕاڤەکانی ئایین و شەریعەتی ئیسلامە. بە ڕای من، پاشایەتییە پێشنیارکراوەکەی کورد پێویست بوو لە سیستەمی ئیقتدار و مەشرووعیەتی دەسەڵاتی داڕێژراو لە ئیرادەی ئیلاهی، بەردی بناغەی دابنرێت. پڕڕوونە کە هیچ جێگەیەک بۆ ئیرادە و سەروەری جەماوەری لە ئەم سیستەمی مەشرووعیەتە نییە. دەسەڵات وەکوو بابەتێکی ڕەھا، دابەشنەکراو و بێسنوور لەبەرچاو دەگیردرێت.
ڕەنگە مرۆڤ بپرسێت ئێستا، بۆ چی سەیری سێ پرسم کرد، پرسی بریکاری گۆڕان و گۆڕانکاری، و کێشەکانی دەسەڵاتی سیاسی و شەرعییەتی سیاسیی پەیوەست بە دژوارەکەی خانی. ئەمە مەبەستدار و بەئەنقەست بووە. من دەمویست بپەرژێمە سەر پرسی ھەرەگرنگی مەرجەکانی ئیمکانی گوتار و کردەی ناسیۆنالیستی و بوونی ئایدیۆلۆژی و سیاسەتی ناسیۆنالیستی. بە مانایەک دەمویست ئێوە بگڕێنمەوە بۆ پێناسەی باو و زاڵی ناسیۆنالیزم چییە و مانای چییە. ناسیۆنالیزم یەکەمین ئایدیۆلۆژی مۆدێرنە لە تەواوی مێژووی مرۆڤایەتیدا کە پێشنیاری ئەوە دەکات دەسەڵاتی سیاسی و مەشرووعیەتی سیاسی، یەک سەرچاوەی یەکپارچەیی هەبێت و ئەو سەرچاوەی یەکپارچەیییە خەڵکە. ئەمە ئیلاهی نییە و لەلایەن خودا یان سەرچاوەیەکی دیکە بێجگە لە خودی خەڵک نییە. ئهمه لە ھیچ شوێن و سەرچاوەیەکی دیکەوە نەھاتووە و لەلایەن خەڵک و نەتەوەوە هاتووە. ئەگەر ئەم پێناسەیە وەکوو پێوەرێک لەبەرچاو بگرین، کەوا بوو هەر خوێندنەوەیەکی سیاسی و تیۆری لە خانی، یان بگرە ھەموو خوێندنەوە کۆمەڵایەتییە زانستییەکان لە خانی، ڕەنگە نەتوانیت ئەو وەکوو ناسیۆنالیستێک پەسەند بکات. ھەروەھا گوتاری ئەو لەسەر خواستی دەوڵەتی کوردی ناتوانرێت وەک ئارگیومێنتێکی ناسیۆنالیستی بناسێنرێت. جگە لە ئەمەش ناسیۆنالیزم وەکوو ھەر گوتارێکی دیکە پێویستی بە ھەلومەرجێکی تایبەت لە ئیمکانەکانە تا بتوانێت ھەلومەرجێکی تایبەتی سیاسی، فەرھەنگی و ئابووری برەخسێنێت. هەر ئایدیۆلۆژیایەک دەربڕیننامەیەکی سیاسی-کەلتوورییە و بۆ ئەوەی بەکردەیی بێت، پێویستی بە ھەلومەرجی ئیمکانەکان هەیە، مەرجی ئەگەرەکان بریتین لە: ئیمکانی یاسای بنەڕهتی، ئیمکانی سیاسی، ئیمکانی کولتووری، ئیمکانی مافی و هتد. مەرجەکانی ئیمکانی گوتاری ناسیۆنالیستی وەک گوتارێک کە سەودای ئەو بیرۆکەیە کە دەبێت سنوورە کولتووری و سیاسییەکانی نەتەوە هاوتەریب بن، دەبێ هاوسنوور بن، ئاواتەخوازن بۆ ئەو بیرۆکەیەی کە نابێت جگە لە خەڵک/ نەتەوە هیچ سەرچاوەیەکی دەسەڵاتی سیاسی و شەرعییەت بوونی ههبێت، خوازیاری ئەو بیرۆکەیە کە دەبێت سیستەمێکی ماف و ئەرکەکان هەبێت کە لە سیستەمی شەرعییەتدان بە دەسەڵاتەوە سەر هەڵبدات، واتە لە دەسەڵاتی خەڵک/ نەتەوە وەک سەرچاوەی دەسەڵاتی سیاسی و هتد. ئەگەر گوتار و پراکتیکی ناسیۆنالیستی ھەبێت ئەم ھەلوومەرجە مێژوویی و سیاسی و ئایدیۆلۆژیک و فەرھەنگییە پێویستە. لێرادا من لەگەڵ ئەوەی کە مارتین دەڵێت کە هەلومەرجی ئیمکانی ناسێونالیزم لە سەردەمی خانیدا نەبووە، هاوڕام.
گوتاری خانى پێشگریمانەى ئەو جۆرە مەرجانەى نەدەکرد، نەیدەتوانی پێمان بڵێت ئەو جۆرە مەرجانە پێویست بوون بەڵام لەڕووى مێژوویى و سیاسییەوە بەردەست نەبوون. من دەمەوێت ئارگومێنتەکەم بە ئهم ئاراستەیەدا بەرەو پێشەوە ببەم و بگەمە ئەو خاڵەی کە مارتین پێشتر ئەمڕۆ باسی کرده، جارێکی دیکە داکۆکی دەکەمەوە کە ئەوەی ئێمە وەکوو ڕاستییەک ھەمانە، “مەم و زین”ی خانی وەکوو یەک دەقی تاک نییە بەڵکوو ئێمە ڕووبەڕووی ڕاڤەگەلێکی جۆراوجۆری ئەو دەقەین. ئەوە ڕاڤەکان، زیادکردنەکان، نووسینەکان، ڕوونکردنەوەکانی “مەم و زین”ە کە ئێمە لێرەدا مامەڵەی لەگەڵ دەکەین و زۆربەی ئەم زیادکردنانە، ئەم ڕاڤانە، ئەم شیکارییانە کە زیاد کراون بۆ دەقەکە زۆر مۆدێرن بوون، ئێمە مامەڵە لەگەڵ دەقێکی مێژووییدا دەکەین کە لە یەک مانادا دەقێکی مۆدێرنە، چونکە لەسەر بنەمای زانستی ھەنووکە خوێندراوەتەوە و شرۆڤە کراوە. بەم مانایە مۆدێرنە، ئەوە ھەنووکەیە کە ڕابردوویش دەبزوێنێت و ژیان و مانا و ئامانج بە ئەم دەقەی سەدەی حەڤدەیەم دەبەخشێت. ئێمە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان و لە زانستی سیاسیدا بەدوای حەقیقەتدا ناگەڕێین، ڕاستی دەقەکە لانی کەم بە ئهو ڕادەیەی کە لە خودی دەقەکەدا ھەیە لە دەرەوەی دەقەکەیشدا بەدی دەکرێت، واتە لە ھەلومەرجی ئیمکانی ئەوە وەکوو گوتارێک. بە ئهم واتایە ڕاستی وەکوو هاوشێوەسازی وایە، ڕونووسێکە هیچ ڕەسەن نییە، کەوابوو هەموو ڕاستییەکان ڕونووسێکن، تەنیا ڕوونووسێکە لە ئەو ئەسڵە و ئەسڵەکە نییە. هیچ ڕاستییەکی ئەسڵ بوونی نییە. کەوا بوو هیچ خانییەک ڕاستەقینە نییە، ئێمە نابێت بە دوای ئەو نووسەرە ڕەسەنەی سەدەی حەڤدەیەم لە ئهو دەقانەی کە لە بەردەستن، بگەڕێین، بەڵکوو ئەوەی کە گرنگە پەیوەندارێتیی سیاسی و کولتووری و ھاوچەرخی دەق و دژوارەکەیە. کەواتە لەباتی گەڕان بە شوێن ئەسڵی ڕەسەنی خانی دەبێت بپرسین بۆ چی لە ئێستادا ئەم دەقە لە ڕووی سیاسییەوە بۆ ئێمە زۆر گرنگە. ئەم دەقە دەتوانێت چ شتێک بە کولتووری سیاسیی ئێمە زیاد بکات؟ و دەتوانێت چ ڕۆڵێکی لە پێکهاتە و گەشەکردنی هۆشیاری ببێت؟ ئەوە پرسیارە هەرەگرنگەکەی ئێستایە.
بگەڕێینەوە سەر باسەکە و دەمھەوێت چەند خاڵی کۆتایی باس بکەم و زێدەتر لەمەڕ ئەو شتەی بە دژوارەی خانی ناوزەدم کردووە، بدوێم. ئەگەر ئێستا خانی لێرە بوایەت و دەست لە گیرفان لە دیاربەکردا پیاسەی بکردایە، ئێمە لێی نزیک دەبووینەوە و سەبارەت بە دۆخی ئێستامان پرسیارمان لێدەکرد: مامۆستا خانی ئێستای کورد و دۆخی ھاوچەرخی چۆن دەبینن؟ پاش سێسەد ساڵ بە کوێ گەیشتوون؟ باوەڕم وایە کە خانی سەری بە نیشانەی داخەوە دەجووڵێنێت و دەڵێت زۆر دوور نەڕۆیشتوون. ئێمە زۆر دوور نەڕۆیشتووین، بۆچی ئێمە ھەنگاومان زۆر دوور ھەڵنەگرتووە؟ ئێمە هێشتا بەدوای دەسەڵاتی سیاسیدا دەگەڕین، بەڵام بەبێ ئەوەی بیر بکەینەوە و زۆر لەبارەیەوە بزانین. دەسەڵاتی سیاسی بەرباس، دڵخوازە لەبەر ئەوەی دەسەڵاتێکی کوردییە، بەڵام ئەگەر ئەم دەسەڵاتە کوردییە گەندەڵ و بێیاسا و زۆردارانە بێت، تەنیا دەبێت شانازی بەوەوە بکەین کە لە ڕووی ئەتنیکییەوە کوردە و فەرمانڕەواکانمان بە زمانی فەرمانبەرەکانمان قسە دەکەن. نزیک بە سێسەد ساڵە فەرمانبەرەکان واتە خەڵک، واتە کارگێڕانی ناسیاوی مێژوویی و سیاسەتی نەتەوەیی، ھێشتا لە گۆڕەپانەکەدا تارێندراوان و دوور خراونەتەوە. ئێستا، ڕەنگە ئاسانتر تێبگەین بۆچی تەنانەت خانی بە زاراوەی نوێنەرایەتی باسی خەڵکی دەکرد، لە ڕووی نوێنەرایەتیکردنیان و لە ڕێگەی هۆشیارییان و ئەو ھەلومەرجە سیاسییانەی کە دەتوانن سەرهەڵدانی هۆشیارییەکی لە ئهو شێوەیە دابین بکەن. ئەگەر ئەم هەلومەرجە سیاسیی مێژوویییە لە کۆمەڵگای کوردیدا بێتە ئاراوە، ئەگەر کوردەکان خۆسەریی خۆیان ھەبێت، هەلی سەرهەڵدان و گەشەونەشە هۆشیاریی ناسیۆنالیستی کورد هەڵدەکشێت و ڕەنگە خەڵک ببنە بکەری گۆڕان، سوبژێکت و ئوبژێکتی سیاسەتێکی نوێ. کەمێک دڕدۆنگی سەبارەت بە ئهوە ھەیە. ئەگەر ئەم هۆشیارییە سەر هەڵبدات، گۆڕان دێتە ئاراوە. ئەجێندا بۆ سیاسەتێکی نوێ لەلایەن ئەم سووژە مێژوویی و سیاسییە نوێیەوە دەنووسرێت. جێگەی گومان نییە کە ئەم ھۆشیارییە تەنیا لە دۆخی دێموکراتیکدا دەتوانێت سەر هەڵبدات و گەشە بسێنێت. ئێوە ناتوانن سیاسەتی ناسیۆنالیستی دێموکراتیکتان ھەبێت، ئێوە ناتوانن ناسیۆنالیزمی مەدەنی گەشەکردووتان لە دۆخگەلی دێموکراتیکدا ببێت، لە کاتێکدا ڕۆشنبیری کورد خەریکی ئاهەنگێڕانی گەندەڵی و حکوومەتی بێ یاسا و دەسەڵاتی سەرەڕۆیە. مێژووی ئێستامان فێرمان دەکات کە زۆر بە سەرنجەوە بیر لە دژوارەی خانی بکەینەوە کە لە هەمان کاتدا کێشەی ئێمەشە و ھەنگاوەکانمان بەبێ ڕامان لە دوو شت ھەڵنەگرین، یەکەم سروشتی تێکۆشانەکانمان بۆ ئازادیی سیاسی و دووھەم وەبیرھێنانەوەی ئەوەی کە ناتوانین ھەنگاوێکی دووربڕشت ھەڵبگرین مادامێکە لە سیاسەتمان، خەبات و قوربانیدانەکانمان دەروەستی و ڕێزگرتنێکی ڕاستەقینەمان بۆ دیموکراسی نەبێت.