ئاخرزەمانی باپیرم

ئەمشەو باپیرم دەکوژم. یان ڕەنگە چەند شەوێک لەمەوپێش کوشتبێتم، نازانم. بەڵام ئەوەندەم لێ ڕوونە و هەموو بەڵگەکانیش وا دەڵێن، باپیرم بە دەستی من کوژراوە، یان دەکوژرێت.

تومەز باپیری لێقەوماوم، لە پاش ساڵانێکی زۆر تووشی نەخۆشیی فەرامۆشی بوون و هەر نەمردن، چەن شەوێک لەمەوپێش، لە نیوەی هەمان شەودا کە تەپوتۆزێکی خەنەیی بۆ هەزارەمین جار، باڵ دەکێشێت بە سەر کەشوهەوای شاردا، یەکپا لە خەلسە خورمایییەکانی ڕادەبێت و پڕ بە ژوورەکەی و پڕ بە ماڵە بێ ئاوێنەکەیان و پڕ بە گەڕەک و بگرە پڕ بە شاریش دەنەڕێنێت: بۆ نایەیت؟

جا چونکە لەو ئانوساتەدا کە بانگی کردووم، کەسی بە دەورەوە نابێت تا لێی تێبگەن، من ئەو داواکارییەی باپیرم ئەم ئێوارەیە، یان بڵێین ئێوارەی کوشتنەکەی بیستم. بەڵام دەتوانم بڵێم بەوەیدا کە هەمیشە هاوکات لەگەڵ گۆڕانکاری بەسەر حاڵەتەکانی باپیرمدا، خێرا گۆڕانکارییەکیش بەسەر مندا دەهات و بۆ وێنە لەرزێک لە هەموو جەستەم دەگەڕا، یان کاسەی سەرم لە لای چەپەوە تەزوویەکی لە ئاسمان وەردەگرت و دەینارد بەرەو دڵم و لەوێرا بڵاو دەبۆوە بە عازای جەستەمدا، من یەکەم کەس بووم کە دەبوو بزانم نارەتەکەیم پێ گەیشتووە، کەچی وەک هەمیشە دەربایستی نەبووم و خۆم لێ نەبان کردووە تا ئەم ئێوارە کە زانیومە ئەو نارەتەیە، بریتی بووە لە ڕستە سەرماهێنەکە بۆ من و خێرا سەرمایەک دایگرتووم و بردوومی تا لە لێوارە لێڵەکانی شاردا بمکاتە ناو ناخی شەو و بمدات بە کەناری کانییەکدا کە باپیرمی لێ بکوژم.

من دەمزانی، باپیرم، یان خوا ئەزانێ باپیری باپیری کام باپیرم، هەر چاوەڕوانی من بووە کە بچم و بەپێی هەموو ئەو تەکنیکانەی بە نهێنی، فێری خوێندنەوەی مێشکی بەساڵاچووی کردووم، کۆتایی پێ بێنم و پێش –یان ڕەنگە دوای- کۆتاییپێهێنانی، بیگێڕمەوە کە چۆن لەم چەندین سەدەیەدا کە باپیرمان بووە، هەر خۆی، خۆی فێر کردووە ئاوەکانی ژێر زەوی دەستەمۆ بکات و حاکمی کانییەکان بێت. بە ئازار، ڕاهاتووە سواری بوومەلەرزەکان بێت و کە شوویان لێڕاکێشا، بڵێت: “هۆش!”. بۆیە ئاوا نەڕاندوویەتی بچم خاشەی بکێشم، چونکە گوایە لە دوای کارەساتێکەوە کە هەر من لە مێشکیدا خوێندوومەتەوە و دەیزانم، دەسەڵاتی بەسەر هیچکام لەو وزە نهێنییانەی جیهاندا نەماوە و بڕاوەتەوە. زۆر جار لە دڵیدا، گەلێک جار لە مێشکیدا و هەندێک جاریش لە دوایین هەناسەی بڵقەکانی سەر ئاودا، بەسەرهاتی باپیرمم زانیوە و تێگەیشتووم بۆچی لەو سەردەمەوە، تاوەکوو هاتنەدنیای من، لە دنیا ماوەتەوە. گێڕانەوەی هەموو ئەو حاڵەتانەش یەک شێواز بووە، بۆیە دڵنیام هەمووی هەر خۆی بووە و بەستێنی زەمانی وا بۆ خۆش کردووم کە بگەمە ئەو شەوەی بە ئاسانی، دەیکوژم و تەرمەکەی بۆ هەمیشە فڕێ دەدەمە نێو باخەڵی دەردەدارم.

دەگێڕنەوە: ئەو وزانە وەها بە ئەسپایی، ئەسپێکیان لە تەپوتۆزەکانی داهاتوو بۆ چێ کردووە، هیچ کەس پێی نەزانیوە. هەر ئەو ئەسپەش گەیاندوویەتیە ئێرە و ئێستا و خوا دەزانێ لە کام سووچی شار، هەوساری پچڕاندووە و بەری داوەتەوە، ئەوسا بە ئاسۆی شاردا بڵاو بووەتەوە و بووەتە بەڵا لێمان. هەر لە ئێوارەیەکی قانگدراو بە ئەسپە خەنەیییەکەی باپیرمدا، گوێم لە نارەتەی بوو کە داوای دەکردم و چاوەڕێی خاشەکێشانی تەمەنە تەماوییەکەی بە دەست منەوە بوو. منیش خێرا خۆم گەیاندە ماڵە کەونینەکەیان کە لەمێژ ساڵ بوو دەتگوت مەحف بووەتەوە وا کەس سەردانی ناکات. کاغەز و قەڵەمم لەگەڵ خۆم بردبوو، چونکە دەمزانی چیتر بیریم لەبیر نامێنێت لە ساتە دوایییانەدا. بە دڵمدا هات: بۆ دەبێ من کۆتایی پێ بێنم؟ لە دڵمدا وتی: ژنێکی پوختەکراو لە ئەنگوستە ئاسنێکدا، هەزار ساڵە دوعای ئەوەی لێ کردووە بە دەست نەبیرەکەی بکوژرێیت. پێدەکەنم. پێکەنینێک کە بۆنی گریانی لێ دێت. دەگریم، گریانێک کە لەبری قینە و بە قینەوە دەستم لەسەر کاغەزەکە وێڵ دەکەم تا بە قسەی بڵقە نادیارەکەی سەر ئاوێک بکەم کە چەنای چەن ساڵە وشک بووە؛ گوێ لە دەنگی دڵێک دەگرم کە چەندین هەزارەیە چیایەکی لەسەرە و کپی کردووە بۆ هەمووان؛ چاو بە مێشکێکدا دەخشێنم کە دەڵێی ملیۆنان ساڵە مەیلەو مەرگە. دەڵێ سەرەتا، ئەسپە خەنەیییەکەم بانگ بکە، وا چەن شەوە هاتۆتەوە و لە کەشوهەوای شاردا بڵاو بۆتەوە، با بێتە نێومان و لە مەیدانانمان، غارغارێنی خۆی ببرێنێتەوە هەتا پەرشوبڵاو دەبێتەوە. دوایی هەستە لە جێی خۆت و کاغەزەکەت بخە سەر دەمارێکی گرژی زەمین و غاردە.

بۆیە ئەو شەوە هەر بەسەر ئەو کانییە وشکەوە ماقم وڕما و بە چاوە چڵکنەکانم خەریکی تەپوتۆزە خەنەیییەکانی دەوری شار بووم کە ڕازییان بکەم  بێن و خۆ بکەن بە بیرەوەریی دایرە وردەکانی ئاوی کانییەکەدا و لەنێو بچن. سەرەتا بە گوێیان نەدەکردم، بەڵام دوایی بە کەمێک لاڵانەوە ڕازیم کردن مەحف ببنەوە. ڕەنگە ساڵانێکی پێش ئەو شەوە، باپیرم فێری کردبووم چلۆن لەنێو چەقی گەمارۆی دووکەڵەکانی شەڕێکدا، ئاوەکانی دەستم بگرمەوە بۆ چنگاڵە تاریکەکانی دووکەڵ و هەر هێواش و لە سەرەخۆ، بانگی ڕەشایییەکانی جیهان بکەم بۆ ناو داییرەی ئاوەکانی هەر ئەو کانییە کە باپیرم نەخۆشیی خەمۆکی تێدا لە ئەستۆ گرتبوو و چەندین سەدە پێش ئەوە، بە خەڵکی شاری گوتبوو: “لە ئاخرزەماندا تەپوتۆز زیاد دەکات و نەخۆشییەک لەگەڵ تەپوتۆزەکە بەسەر ماڵاندا بڵاو دەبێتەوە کە پێکەنین لەبیر لێوانی مرۆڤ دەباتەوە و فێری داخزان بەنێو بەندەنەکانی خۆیدا دەکات، بۆیە من لەم کانییە، مرۆڤە خەمۆکەکان لە ئەستۆ دەگرم، بێن و سێ جار وسڵی تێدا بگرن و دوایی دانیشن بە دەم خوێندنەوەی وێردێک بە ڕووتی، لێگەڕێن خۆیان وشک ببنەوە، هەتا بە تەکاندنی پەنجە، نەخۆشییەکەیان لێ هەڵدەپروێت”. لەم ساڵانەدا کەس وێردەکەی لەبیر نەمابوو، تەنانەت باپیرم خۆشی، بەڵام شەوێک لەنێو لاپەڕەکانی کتێبە دێرینەکەی باپیرمدا کە دەگوترا لە چواردە پشتەوە بۆی ماوەتەوە، کوتەکاغەزێکم بەرچاو کەوت، لەسەری نووسرابوو: “ئوم، ئەی ئەوەندەی دڵی کەون، کۆن”… من لە وێردەکە تێنەگەیشتم، بەڵام کە بۆنم بە کاغەزەکەوە کرد، دیمەن دەهاتنە بەرچاوم، دیمەنی ئەو دەمانەی باپیرم لەنێو ئەو دارستانەی ئەو سەردەمەدا کە ئێستا ڕووتەنە، ئەم کانییەی دیتبووەوە و گۆڕێکی لە کەنار کانییەکە هەڵکەندبوو کە شەوان بخزێتە نێوی و تێیدا ئەو وێردە بخوێنێت؛ کتوپڕ باپیرم لەبەر چاومدا دەیگرماند: “ئوم، ئەی ئەوەندەی دڵی کەون، کۆن”…

 باپیرم وا بوو: بە تافی لاوێتی ڕووی کردبووە هەر گوند و مەڵبەندێکی ئەم وڵاتە، ئاوات و ئاوەدانی لەگەڵ خۆی بردبوو و حەتمەنە شتێکی لە ئەستۆ گرتبوو کە خەڵکەکەی لە دوای ڕۆشتنی ئەو، لەبیریان بمێنێتەوە. بڵێم چی ئیستا نەماون ئەو پیرەمێردانەی حیکمەتەکانی باپیرمیان وەک ئایەت لەبیر بوو، شەوانە بۆ منداڵەکانیان دەگێڕایەوە. ئەگینا خۆتان دەتانبیست کە: چلۆن شەڕی نەگریسی نێوان دوو تایفەی، هەر بە تێپەڕینێکی ئاسایی بە نێوان هەڕەشەکانیاندا، کوژاندووەتەوە و ئاشتی لە نێوانیان دامەزراندووە. دەگێڕنەوە دەیان ناکۆکیی نێوان خەڵکی هەر بە درەخت، چارەسەر کردووە و حەتتا دەیانگوت هەڕەشەی لە جۆگە خوێنی نێوانیان کردووە کە بگەڕێنەوە سەرچاوەکەیان و هەر خێرا بە قسەیان کردووە. دەیانگوت: هەمیشە، تەنها بە ئەسپێکی خەنەیییەوە لێرەو لەوێ بینراوە و ئاوپڕژێنی زەوی کردووە و ئاوەدانی داوەت کردووە بێتە شوێنە بێبەشەکان. هەمیشە هۆشداریی بوومەلەرزە یەک لەدوای یەکەکانی ئاخرزەمانی بە خەڵکی دابوو و گوتبووی: هەتا من هەبم، نایەن، بێخەم بن. بەڵام وای لەو ڕۆژەی کە من نەمام…” و دەڵێن لەو کاتەدا بە هەناسەیەکی قووڵەوە، نەمامێکی دەچەقاندە ئەو عەرزەی لەسەری ئەو قسەیەی کردبوو و لەبەر خۆیەوە دەیگوت “هۆش!”

دەیانگێڕایەوە: داپیرەی باپیرم بۆ خەڵکی وا گێڕاوەتەوە کە گوایە لە دوای تاعوونە گەورەکەی ئەو ساڵەی شار کە دایکوباوکی باپیرم مردوون، باپیرم خێرا زمانی لە گە پساوە و هەر زوو بە یەکساڵی دەستی بە قسەی پیرۆز کردووە. ئەو پیرە پیاو و ژنانەی حەکایەتەکانی ئەو سەردەمەی شاریان لەبیرە، گێڕاویانەتەوە: باپیرم زوو، زۆر زووتر لە کاتی خۆی، پێگەییوە و هەر لە هەڕەتی لاویدا، دایرە وردە نهێنەکانی ناو ئاوی بینیوە و شەوانە قسەکانیانی بۆ داپیرەی گێڕاوەتەوە. داپیرەشی دوای ئەوەی تا کۆتایی گوێی لێگرتووە، سەری ناوە بە سینگی پڕ لە مێخەکییەوە و پێی وتووە “نابێ ئەو قسانە بۆ کەس باس بکات، دایرەکان لێی دەتۆرن”. بەڵام باپیرم ئەوەندە جوان ئەو ئەڵقە نوورانییانەی ناسیوە و لێیان نزیک بووەتەوە کە وردە وردە وتەکانیانی نووسیوەتەوە و لە شوێنی خۆی، بۆ کەسانی دەردەدار و نەخۆش بەکاری هێناون. گوایە هەر بە یارمەتیی ئەو ئەڵقە کڕیستاڵیانە، توانیوێتی ئەسپێکی خەنەیی بە تەپوتۆزەکانی داهاتووی شار دروست بکات و شەوانە بە دەوراندەوری شاردا، بسووڕێتەوە و لە هەر لایەک هەستی بە لێدانی دەمارەکانی زەمین کردبێت بۆ قەوماندنی بوومەلەرزەیەک، گڕکانێک، شتێک، ئەو ئەڵقە کریستاڵیانەی بەسەردا پڕژاندوون و لەبەر خۆیەوە، وێردی پیرۆزی خوێندووە. دەڵێن لە هەر شوێنێکیش نەخۆش و لێقەوماوی بینیوە، بێ ئەوەی بهێڵێت خۆیان ئاگاداری کارەکانی بن، چی دایرەی نادیار‌ی بە دەستەوە بووە، بە ڕێی کردوونەتە نێو کانییە ژەنگاوییەکانی لەشیان، بەڵێنی درەختی بە جەستە دەردەدارەکان داوە و ناچار بە شفای کردوون.

من هەر چی ئەچووم بۆ لای هیچی بە خۆم نەدەوت. بەڵام دەڵێن کاتی خۆی لەنێو خەڵکدا بە پیری بوومەلەرزەکان ناسراوە و وتوویانە دەزانێ چۆن گوێ لە دەماری زەمین بگرێت. کەچی ئێستا تومەز ئەوەندە دایرەی ئاوەکانی داگیر کردووە قسەی لەبیر چووەتەوە. ئەگەرچی لەگەڵ من قسەکانی دەگواستەوە نێو دڵم و بێ ئەوەی پێویستی بە کەلیمە بێت، بە چرپەیەکی نەرم و نەبیس، مەبەستەکەی دەگواستەوە نێو مێشکم تا من بیانکەمە قسە و بۆ خەڵکی بگێڕمەوە. هەر من دەمزانی ئەو هەموو چارەڕەشی و نەمرییەی باپیرم لەو ڕۆژەوە، یاخود لەو نیوەشەوەوە دەستی پێکردووە کە ژن و مێردێکی گرفتار، ڕوو لەم شارە دەکەن و پەنای بۆ دەبەن. لە پێشدا کە ئازارەکەیان دەبیستێ، پێی سەیر دەبێت کە ئەو ژن و پیاوە چلۆن پێیان زانیوە و ئاگەدار بوون کە مرۆڤێکی لەو چەشنە هەیە و ئەو هەموو کارەی لە دەست دێت؟ بەڵام دوایی ژن و پیاوەکە دادەنیشن و بە وردی بۆی دەگێڕنەوە کە ماوەیەکی زۆرە لەشکرێکی سەیر و نادیاری گەرم و چەور، ماڵەکەیانی داگیر کردووە و خۆیان و ماڵ و مناڵیان وەڕەز کردوون؛ بۆی باس دەکەن: نیوەشەوان چ دەنگەدەنگێکیانە، کاتێک دەچنە گیان دەفرەکانی چێشتخانەکەیان و بە تەقەتەقی پێکدادانی دەفرەکان هەڵیاندەستێنن لە شیرینی خەو و هەر کە دەچنە چێشتخانەکە، هیچ نابینن، تەنیا ئەوەندە نەبێ گوێیان لە نەڕەنەڕێکی سەیر دەبێت کە لە دەنگی ڕژانی ڕۆن دەچێت و نەڕەنەڕەکە بەردەوام هەڕەشەیان لێ دەکات تا زووە ماڵیان بۆ جێ بهێڵن. باپیرم هەر ئەو کاتە پەنجەکانی دەخاتە نێو ڕیشی و سەری دادەخات، وەک بیەوێت بانگی وردیلەکانی نێو ئاو بکات بۆ ڕاوێژکردن. ئەوان، ژن و مێردەکە، هەر بەردەوام دەبن لە چیرۆکەکەیان و دەڵێن: پاش ماوەیەکی کەم، منداڵە پاشەبەرەکەیان کە کچێکی چوار پێنج ساڵان دەبێت، بەدەم خۆیەوە دەست بە ورتەورت دەکات و زۆر جار بینیویانە لەگەڵ خۆی کایە دەکات، کە لێشیان پرسیوە ئەوە چی دەکەیت؟ ئاماژەی بە دەوروبەری کردووە و وتووێتی “لەگەڵ هاوڕێکانم کایە ئەکەم، نایانبینن؟” تەنانەت نیوەشەوێکیش ئاگایان لێی بووە منداڵەکەیان لە سەر جێی خۆی نەماوە. کە ماڵەکە دەگەڕێن و نایبینن، ڕوو دەکەنە حەوشەکە و دەرگای دەرەوە بە کراوەیی دەبینن. دایکوباوکی هەڵدێنە دەر. لە دەرەوە مانگ، تیشکێکی خستووەتە سەر کانییە کۆنەکەی بەر پیلکانەی مزگەوتی گەڕەکەکەیان. لەوێ کچەکەیان دەدۆزنەوە کە نانێکی وشکی بە دەستەوە گرتووە و کوتێکی خۆی دەیخوات و کوتێکیش دەخاتە بەردەم تیشکەکە، کەس نازانێ بە کێ دەڵێ: بخۆ! بخۆ! گوایە هەر لە دوای ئەو شەوە، وردە وردە منداڵەکانی دیکەشیان، لەشکرەکە دەبینن و خێرا خێرا دەقیژێنن: دایە دایە! ئەشا ئەو نوورە پێی گرتووە! جا دەستەو دامێنی چی مەلا و پیاوچاک دەبن، هیچیان، هیچیان لە دەست نایات و هەر دێن و زۆر تر دەبن. تا وای لێ دێت نیوەشەوێک کە منداڵەکانی ئەو لەشکرە ئاژاوە دەنێنەوە و هەر بە قسەی گەورەکانیان ناکەن، گەورەیەکیان بە هێنانی ناوی باپیرم، دەیانترسێنێت: داسەکنێن! ئیتر ئاوا دەبێ باپیرم دەناسن و دەگەڕێن تا دەیدۆزنەوە…

دەگێڕنەوە باپیرم دوای ئەوە کە بار و دۆخی ئەو بنەماڵە بەستزمانە دەبینێت، خێرا ڕێ دەکەوێت بەرەو ماڵەکەیان و ئەوان لە ماڵی خۆی دادەنێت و دەڵێت تا خۆم نەنێرم لە دووتان، مەیەنەوە. ئەمە کەس ئاگای لێنەبووە، باپیرم لە مێشکیدا، لە بیرەوەرییەکانیدا نیشانی دام. ئەو شەوە هەر کە دەگاتە ماڵی ژنومێردەکە، دەست بە تۆزتەکێنیی دار و دیواری حەوشەکە دەکات و دوای ئەوەش ناو ماڵەکە بە ئەڵقە کریستاڵییەکان ئاوپڕژێن دەکات. ئەمجار لە چەقی چێشتخانەکەیاندا دادەنیشێت و جگەرەیەکی توتن و پەڕە دەپێچێتەوە و لە گەڵ داگیرساندنی و قانگدانی دووکەڵەکەی، چاوەکانی تیژ تیژ دەکات و نیگاهی بە نێو دووکەڵدا ئەو دیو دەخات. یەکەوڕێ بۆ سەرکردەکەیان دەگەڕێت و هەواڵیشی لە کەس ناپرسێت، خێرا دەزانێت هەموویان خۆیان شاردووەتەوە بەڵام بە ترپەترپی دڵی ئەهوەنی، دەکوتێ بە حەشارگەی تاریکییاندا و وردەوردە ترپەیان لێ دەکاتە گرمە و دواییش بە نارەتە. من هەر ئەوەندەی دەزانم، ئاخر هێشتاش نە لای کەس باسی کردووە چی بووە و نەش هیچی دیکەی لەو بەسەرهاتە گواستەوە نێو مێشکی من. ئەوەندە نەبێ، نیشانی دام، کاتێک سەرکردەی لەشکری نادیار لە تاریکییەوە وەدی دێت، بۆ ئەوەی باپیرم وازی لێ بێنێت، کوتەئاسنێکی دەداتێ کە لە قەبارەیدا، داهاتووی خۆی دەگێڕێتەوە. ڕەنگە هەر ئەو قەبارە ئاسنینە بووە بەردەوام هۆشداری بە باپیرم داوە لەسەر داهاتووی خەڵکی ئاسنپەرەست، وا باپیرم ببووە وێردی سەر زمانی و هەمیشە دەیگوت: هەمووتان بە ئاسن دەمرن، یان هەمووتان بە ئاسن لە ژیان دەردەپەڕێنن… شتێکی وا. ئیتر بێدەنگ دەبوو و دەرگای ماندووی مێشکی لێ دادەخستم.

هەرچەندە لەوە بەدوا، مێشکی هیچی نیشان نەدەدام، کەچی من هەرکات بەو کاتانەدا دەچمەوە، زیاتر دەچمە پێش، تیشکی مانگەکەی ئەو شەوەی سەر کانییە کۆنەکە، خێرا دەکەوێتە سەر بستێکی دیکە لە بەسەرهاتەکەی باپیرم و دەزانم لە دوای چەن ڕۆژێک، بەیانییەکی زوو دەنێرێتە شوێن ژن و پیاوە خاوەنماڵەکە و کە دەگەرێنەوە، دەبینن لە بەر شۆڕەبییەکەی حەوشەکەیاندا کانییەکی ئەوەندە هەڵقوڵیوە و باپیرم شانی داوەتە بەر شۆڕەبییەکە و بە ئاسوودەیییەوە قاچەکانی هەڵماڵیوە و خستوونیە نێو ئاوی کانییەکە و خەریکە شڵپەشڵپ، بە قاچەکانی گوڵ و گیای تازە ڕوواوی دەوروبەری کانییەکە ئاوپڕژێن دەکات. دەزانم کاتێک باپیرم چاوی بە خاوەنماڵەکە دەکەوێت، بە دەم هەناسەیەکی قووڵەوە دەڵێت: ها، ئەوەش کانییەک، بۆ ئەو منداڵانە… بیستیشتان کەسێک دەعبای تاریک زەفەری پێ بردووە، بەم ئاوی کانییە بیشۆن، خوا کەریمە.

من ئێستا دەزانم، باپیرم کانییە نوێیەکەی نێو ئەو ماڵەی بۆ کامە دەرد، لە ئەستۆ گرتووە، بەڵام کەس نازانێت ئەو کانییە لە کوێیە و تەنانەت منیش تەنیا دەتوانم تا سەر کانییە کۆنەکە بچمەوە کە ئێستا وشکی کردووە و ساڵ دوانزەی مانگ، تەنیا چەند شەوێک، ئەویش لە سەعات دوانزەی شەو بەولاوە، چەند دڵۆپە ئاویکی لێ دەچۆڕێت و بەس…

کاتێک ئەو بەیانییە، باپیرم لەو ماڵە دێتە دەر، بێ ئەوەی بیری لێ بکاتەوە و بزانێت چ چارەنووسێک چاوەڕێیەتی، دەگەڕێتەوە بەرەو ماڵی خۆیان و دوای ئەوە ئیتر هیچ کەس، لە دەر و دەشت نایبینێت و کەسیش هیچی لێ نابیسێت. هەتا هەفتەیەک، لەرز دەیگرێت. حەوت ڕۆژی ڕەبەق لەژێر لێفە لێڵەکان نایاتە دەر. تەنیا ناڵەیەکی نهێنی لێ دەبیسترێ لەو ژێرەوە کە دەگرمێنی “ئوم، ئوم، ئوم”. دوای حەوت ڕۆژ بەیانییەکی زوو دەنگی دێت کە لە سەرشۆرکە تاریکەکەی ماڵ خەریکی خۆ خاوێنکردنەوەیە و جارێکیان خۆی لە مێشکیدا نیشانی دام: گەڵکوو هاتنە دەرەوەی لە ژووری سەرشۆرکەکە دەست دەکات بە شکاندنی ئاوێنەکانی ماڵ و هەر ئەو بەیانییە دوای شکاندنی هەموو ئاوێنەکان، بە دەم پێچانەوەی جگەرەیەکی تووتن‌وپەڕە، لە دەم پەنجێرەی دیوەخان، یەکەم قسەی نائاسایی لێ دەبیستن و لەگەڵ مژینی قووڵی دەمنەکەی، بڕیار دەدات: ئیتر ئاوێنە قەدەغە بێت… داپیرم لێی وەدەنگ دێت و تا ماوەیەکی زۆر لە شیشەی پەنجێرەکاندا خۆی دەڕازێنێتەوە. دواییش زانیم: باپیرم، ئەو شەوە لە ماڵی ژن و مێردەکە، هەر کە سەرکردەی لەشکرە نادیارەکەی لەنێو دووکەڵەکاندا لێ وەدیدێت، نەڕاندووێتی و نەیزانیوە سەرکردەکە، ژنێکی هەزار ساڵەی لە باخەڵیدا داگیر کردووە و بە نەڕاندن، خستوویەتیە قەبارەی کوتەئاسنێکەوە ئەوەندەی ئەنگوستێک. بۆیە کاتێک بە نەڕەی باپیرم مەحف دەبێتەوە بە ئاسماندا، ژنەکەی لێ بەر دەبێتەوە و چارەڕەشییەکە ڕێک لەوێوە دەست پێ دەکات کە باپیرم هەڵیدەگرێتەوە و دەیخاتە باخەڵی. دەزانم ئەو شەوە تاوەکوو بەیانیی ئەو شەڕە درێژەی کێشاوە و ئاخری سەرکردەکە ڕازی دەبێ کوتە ئاسنەکەی لێ نەستێنێتەوە، بە مەرجێک باپیرم ڕێگەیان بدات بە خۆی و لەشکرەکەیەوە، شار جێ بهێڵن و چیتر نەگەڕێنەوە. باپیرم لە خۆشیی ئەو ژنە هەزار ساڵە پوختەکراوەی نێو کوتەئاسنەکە، ئامادە دەبێت وازی لێ بێنێت و کاتێک لەشکر بزر دەبن، ڕۆژ بووەتەوە. هەست دەکات باخەڵی چەپی هێندەی چیایەک قورس دەبێت و تازە تێدەگات چی کردووە بە خۆی. خێرا هەڵدێتە دەر لە لای شۆڕەبییەک سەر دەکاتە سوژدەوە. کوتەئاسنەکە لە باخەڵیدا، بە پێکەنینێکی هەراسهێنەوە، خێراخێرا هەڵدێت و دەگەڕێتەوە، هەڵدێت و دەگەڕێتەوە و قیژەقیژ هەر پێدەکەنێت. هەر قیژەیەکیشی ڕستەیەکی لەگەڵە کە باپیرم دەخاتە ترسەوە و سەری لە سوژدە پێ هەڵناگرێت هەتا هەست بە تەڕاییی خاکەکەی ژێر تەوێڵی دەکات. باپیرم سەر هەڵناگرێت و هەر دەگریەت. ئاگای لێ نابێت کە ئاوی چاوی خۆیەتی دەڕژێتە سەر خاکەکە و خاک توانای وەرگرتنی نییە و دەریدەداتەوە هەتا دەبێتە کانییەک لەژێر ئەندامی هێزلێبڕاوی باپیرمدا. دوای ئەوە باپیرم هەمیشە دەیگوت نەریتی ئێمە وەهایە کە شتێکمان بەخشی، وەریناگرینەوە. ئەوسا پێدەکەنی و بە چرپە دەیگوت، نیوەی کانییەکانی زەوی، وا دروست بوون… جارێکی دیکەش بیری ڕستەی ژنە هەزار ساڵە پوختەکراوەکەی نێو کوتەئاسنەکە دەکەوێتەوە و ئەم جارە دەهێڵێت منیش بیری ببینم: کاتێک سینگی لێ دەکوتێت و دەڵێت: یاخوا نەوە و نەتیجە و نەدیدە و نەبیرەت بە دەستی خۆت کفن بکەیت و تاوەکو ئاخرزەمان زیندوو بمێنیتەوە و بینەری حکوومەتی ئاسن و لە خەو ڕاچەنینی دەمارەکانی بوومەلەرزەی نێو دڵی گوشراوی زەوی بیت!

پێم وابێ بۆیە باپیرم کە ڕاستییەکەیتان بوێت، نازانم باپیری باپیری کام باپیرم بووە و کەس لەبیری نەمابوو تەمەنی چەندە، ئەوەندە شەو و ڕۆژ مێشکی نیشانی من دابوو و منیش بەسەرهاتە بێ سەرەوبەرەکانیم بۆ ئەم و ئەو گێڕابووەوە، ئیتر هەموومانی وەڕەز کردبوو. نە چیتر توانای ئەهوەنکردنەوەی دەمارەکانی زەوی مابوو کە نەهێڵێت بوومەلەرزەمان تێ‌بەربدات؛ نە چەنای چەن ساڵ بوو چیتر درەختی چەقاندبوو، کانی دروست کردبوو، دەردەداریی ئادەمیزادی لە ئەستۆ گرتبوو، چووزانم تەپوتۆزی پێ کەوی کرابوو، بە تۆفانی گوتبوو “وست”، مۆڕەی لە هەورەبرووسکە کردبوو، نە توانیبووی ئەنگوستە ئاسنەکەی نێو باخەڵیشی ئازاد بکات و بیگەڕێنێتەوە بۆ نێو کانییە نهێنییەکانی ژێر زەوی، تێکەڵ بە وزەکانیان بکاتەوە. لە هەموو ئەم ساڵانەدا، ئەوەندە نەوە و نەتیجە و نەدیدە و نەبیرەی خۆی کفن کردبوو کە بە قەد ئەنگوستێکی لێ مابووەوە و کەس نە دەیبینی و نە ئەگەریش دیتبای، دەیناسییەوە. زۆر جار دەمیبینی لە باخەڵی دانەدانەی ئەو نەوە و نەتیجە و نەدیدە و نەبیرانەیدا بوو کە ئەمڕۆ و سبەی دەیناشتن و لەبیری دەکردن. بۆیە دوێشەو، یان شەوێک لەم شەوانەدا، بڕیارم دا بیکوژم و فڕێی بدەمە نێو یەک لەو کانییانەی کە لەمێژ بوو وشک ببوون، ئەمە خوایە دیجلەیەک، فراتێک، شتێکی لێ هەڵبقوڵێت و جارێکی تر زەوی ببووژێنێتەوە…

پووشپەڕی ١٣٩١ی هەتاوی