گفتوگۆ له‌گه‌ڵ پییر پاولۆ پازۆلینی
ده‌یه‌ی دووه‌می هه‌زار و نۆسهدی زایینی
پییەر پاولۆ پازۆلینی له پێنجی ئازاری ساڵی ١٩٢٢ له زادگهكهی باوكی، شاری بۆلۆنیا، له باكووری نیمچه دورگه‌ی ئیتالیا له‌دایك بوو. دایكی، سۆزانا، خه‌ڵكی كازارسای هه‌رێمی فریۆلی بوو له باكووری خۆرهه‌ڵاتی ئیتالیا. گۆیدۆی برای له ساڵی ١٩٢٥ له‌دایك بوو.
شاعیری خۆڵهمێشهكانم، كه‌سێك كه له شارێكی لێوڕێژ له ڕاڕه‌و و كه‌وانه‌كان له ساڵی ١٩٢٢ چاوی به جیهان هه‌ڵهێناوه. تاقه یاده‌وه‌رییه‌كی لهبیرماوهی من له سه‌رده‌می منداڵیم، له شاری بۆلۆنیا… پێداگری و پێچهقێنی منداڵێكه كه وڕكی ده‌گرت تا به دڵنیایییه‌وه به گالیسكه بچێته ماڵه‌وه و گه‌رنا له شوێنی خۆی ناجووڵێ! هیچی دیكه‌م له‌و سه‌رده‌مه له‌بیر نییه، واتا له شه‌قامه‌كان، باڵه‌خانه‌كان و ڕاڕه‌وه به‌رزه‌كانی بۆلۆنیا له‌و سه‌رده‌مه‌دا، هیچ شتێكم له‌بیر نییه. له ته‌مه‌نی سێ ساڵییه‌وه خه‌ونم بینی. له هه‌مان وێنه‌گه‌لی ناخۆشه‌وه كه هه‌ر ماوه‌ماوه‌یه‌ك به شێوه‌یه‌كی زنجیره‌ئاسا هێرش بۆ خه‌ونه‌كانی مرۆڤ ده‌هێنن. له‌م خه‌ونانه‌دا شاری بۆلۆنیام ڕێك به هه‌مان شێوه‌یه‌ك كه هه‌بوو به ڕهنگگهل و ته‌لاره‌كان و ڕاڕهوهكانییهوه ده‌بینی. له‌و قۆناغه، وێنه‌یه‌ك كه زیاتر دێته دووم، ئه‌وه‌یه چما دایكمم ون كردووه و به شوێن ئه‌ودا به هه‌موو لایه‌كدا ڕاده‌كه‌م. ئه‌م ڕووداوه هێنده ترسناك بوو بۆم كه به دوای ئه‌ودا له هه‌موو كۆڵانه به ناویهكداچووهكاندا ده‌گه‌ڕام.
چۆن ڕێم كه‌وته دنیای په‌خشان؟
ئه‌گه‌ر باڵنده‌یه‌ك بوویتایه
یا كڵاوكوڕهیهكی لاڵ له مێژوودا
تاقه گوڵێكی سوور
ئه‌ی دایكی گه‌نج
ئه‌مه ویستی دڵی تۆ بوو؟
ئایا ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه دهرتبڕم
په‌سه‌ندم ده‌كه‌یت؟
باوكم كه ناسیونالیستێك یا تاڕاده‌یه‌ك فاشیستێك بوو، ئایین و سونه‌تێكی ته‌واو فه‌رمی هه‌بوو، به شێوه‌یه‌ك كه به دڵنیایییه‌وه یه‌كشه‌ممان و ته‌واو وه‌ك خه‌ڵكانی دیكه‌ی چینی بۆرژوا، له ڕێوڕه‌سمی ئایینی گرنگی كه‌نیسه به‌شداری ده‌كرد و له‌سه‌ر كورسیی پاكبوونه‌وه‌ی ڕۆح داده‌نیشت. دایكم به پێچه‌وانه‌وه، ئایینی گوندی ساده و ڕاسته‌قینه‌ی هه‌بوو كه له دایك و دایه‌گه‌وره‌ی خۆیه‌وه به میرات بۆی مابۆوه. ئایینێكی ناشاری شاعیرانه و ته‌واو باو.
ته‌مه‌نم حه‌وت ساڵ و نیو بوو به به‌كارهێنانی دیالێكتی خۆجێیی له زمانی ئیتالیدا، یه‌كه‌مین شیعره‌كانی خۆم نووسی. له‌و كاته‌دا له پۆلی دووی سه‌ره‌تایی بووم و له شیعره‌كانمدا له‌بری قسه‌كردن له باره‌ی كڵاوكوڕه و گوڵ و جوانییه‌وه، قسه له بولبولی باغ و چاڵی چه‌ناگه بوو!
ده‌یه‌ی سێیه‌می هه‌زار و نۆسهدی زایینی
ماڵباتی پازۆلینی پاش جێگۆڕكێی بێبڕانه‌وه، كۆتایییهكانی ساڵی ١٩٣٦ له بۆلۆنیا نیشته‌جێ بوون. لێره پییر پاولۆ له ماوه‌ی خوێندنی خۆیدا ده‌ستی كرد به خوێندنه‌وه‌ی فۆسكۆلۆ، كاردۆچی و ئۆنگاریتی، شاعیرانی كلاسیكی ئیتالیا.
ناوه‌ندی گالوانی ڕشته‌ی ئه‌ده‌بیات، پۆلی سێیه‌می له ناوه‌ندی نمره‌كانم خراپ نه‌بوو، نزیكه‌ی هه‌شتێكی به‌دبه‌ختانه‌م له ده ده‌هێنا، به‌ڵام تاقه‌ت و به‌رده‌وامی پێویستم نه‌بوو به شێوه‌یه‌ك كه هه‌ندێكجار له وانه‌ی یۆنانیدا نمره‌ی به‌لاشی وه‌ك هه‌شت و هه‌ندێكجار سێیه‌كی ناشایسته‌م پێ ده‌بڕا. به‌هه‌رحاڵ وانه‌ی لاتینم زۆر زیاتر له یۆنانی خۆش ده‌ویست و زیاتر له‌وه‌ی وه‌رگێڕانی نووسین ئه‌نجام بده‌م، وه‌رگێڕانێكی زاره‌كی باشم هه‌بوو. له پۆلیشدا زیاتر وه‌رگێڕانی وشه به وشه‌مان وه‌ك ئه‌رك ئه‌نجام ده‌دا و من زۆر حه‌زم له‌م كاره بوو. ئوستازی یارمه‌تیده‌ری ئه‌و كاته‌ی ئێمه پڕۆفسیۆر ئا‌نتۆنیۆ ڕیناڵدی بوو و له‌وێوه كه ئه‌ویش وه‌ك ئێمه گه‌نج بوو و نه‌یده‌زانی چۆن ڕه‌فتارمان له‌گه‌ڵ بكات، به یه‌كێك له شیعره‌كانی ڕامبۆ ده‌ستی پێ كرد. ڕێك له‌و چركه‌یه‌دا بوو ئه‌و هه‌سته دژه فاشیستییه له مندا دروست بوو.
سه‌یركه‌ن! ئێره ڕاڕه‌وی مردنه، یه‌كێك له شوێنه دڵخواز و باڵكێشه‌كانی ژیانی من، له‌سه‌ر شه‌قامی نانی. ڕاڕه‌وی مردن من ده‌خاته‌وه بیری ڕۆمانی گه‌مژه‌ی دۆستۆیڤسكی، بیری شكسپیر و ماكبێسهكهی و هه‌موو ئه‌و نووسه‌رانه‌ی من له ته‌مه‌نی پازده ساڵییه‌وه له ڕۆخی شه‌قامه‌كان ده‌ستم كرد به كڕینی كتێبه‌كانیان. قۆناغێكی زۆر سه‌رسووڕهێنه‌ر بوو. به درێژاییی ژیان بیرم نایه‌ته‌وه به‌و هه‌موو چڵێسی و حه‌ز و تاسه‌یه‌وه كتێبم خوێندبێته‌وه.
تۆ باش ده‌زانی چه‌نده پاك و بێگه‌رد بووم
چه‌نده شه‌یدای ئه‌و بوونه پاكه پاڵێوراوه بووم…
و تا چ ڕاده‌یه‌ك ئاماده بووم به‌رگری لێ بكه‌م و خۆشم بوێت…
پرسیار: تۆ پێشتر وتووته باوك و دایكت سازانیان نه‌بوو؛ ئه‌م بابه‌ته تا چ ڕاده‌یه‌ك كاریگه‌ری له‌سه‌ر تۆ و براكه‌ت داناوه؟
به بۆچوونی من له باره‌ی براكه‌مه‌وه، هه‌روه‌ك له زۆربه‌ی كاته‌كاندا بۆ منداڵان ڕوو ده‌دات، جیابوونه‌وه‌ی باوك و دایكم بابه‌تێكی تاڕاده‌یه‌ك ئاسایی وه‌رده‌گیرا، به‌ڵام بۆ من ڕێك وه‌ك به‌ڵایه‌ك وابوو، تراژیدییه‌كی ڕاسته‌قینه.
تۆیش وه‌ك من وا بوویت
پۆشاكی خاوێن و پێڵاوی نوێ
له‌و یه‌كشه‌ممه شیرین و پڕ یاده‌وه‌رییانه.
دایكت چه‌ندین جار له‌گه‌ڵ تۆ ئه‌ی بچكۆل، ئه‌ی گه‌نج
ڕوخساری گۆڕی
به قورسی ده‌توانم له باره‌ی باوكمه‌وه قسه بكه‌م، چونكه ئه‌و پیاوێك بوو ته‌واو له‌گه‌ڵ من جیاواز بوو. به شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ من جیاواز بوو، چونكه په‌یوه‌ندییه‌كه‌مان تووشی كێشه بوو. له‌و په‌یوه‌ندییه گشتی بووه و ئاڵۆزه له‌نێوان باوك و منداڵان، له كاتگهلێك كه به قورسی له یه‌كتری تێده‌گه‌ن. ئه‌مه به هۆكارگه‌لی زۆره كه ڕه‌نگه زیگمۆند فرۆید باشتر له من ڕوونی بكاته‌وه، و كاتێك ڕوو ده‌دات كه دیدگایه‌كی ئایدۆلۆژیك و تیۆریی جیاوازی زۆر له‌نێوان منداڵ و باوكدا هه‌بێت. هۆكارێكی دیكه‌یشی ڕه‌گه‌زی كه‌سێتییه. باوكم پیاوێك بوو به دیدێكی داخراو و سوپایی، ڕێك به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و شته‌ی كه من له‌و كاته‌دا و له ئێستادا پێم وایه. ڕێك له ڕوانگه‌ی تێفكرین و كه‌سێتییه‌وه پێچه‌وانه‌ی یه‌كتری بووین. له لایه‌ك ڕه‌نگه وتنی ئه‌وه به‌م شێوه‌یه‌یش هێنده دادوه‌رانه نه‌بێت، چونكه به‌هه‌رحاڵ ئه‌و بوو له به‌ره‌و پێشبردنی كار و بۆچوونه‌كانمدا هانی ده‌دام و كۆمه‌كی ده‌كردم. من له ناخودئاگای خۆمدا ڕه‌نگه دوژمنی ئه‌و بووبم و ئه‌ویش به‌م شێوه‌یه ڕه‌فتاری له‌گه‌ڵ ده‌كردم؛ به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌و پاڵی به منه‌وه نا به‌ره‌و كارێك كه ههڵمبژاردبوو.
ده‌یه‌ی چواره‌می هه‌زار و نۆسهدی زایینی
سۆزانای دایكی پازۆلینی له ساڵی ١٩٤٢ له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانی گوێزایانه‌وه بۆ زادگهكهی، شارێك كه هاوینانی له‌وێ به‌سه‌ر ده‌برد.
پییر پاولۆ پازۆلینی له سرووده‌كانی كازیرسا:
كازیرسا، له‌و ڕووناكییه‌ی هاویندا كه ته‌واوبوونی نییه
سپی و وشك، وه‌ك قسڵ
به باشی له پاڵ خۆمه‌وه هه‌ست به‌وه ده‌كه‌م
منی بچكۆله و پوخت
به پانتۆڵ و كراسێك له‌سه‌ر له‌شێكی له‌رزانی كشێنراو.
ڕاستییهكهتان بوێ یه‌كه‌مین نووسینه‌كانم به دیالێكتی خۆجێیی فریۆلی نووسی. له‌و كاته‌دا گه‌نجێكی حه‌ڤده ساڵه بووم و ئارایشت و شێوه‌گیری من زۆر به توندی له جۆری ئه‌ده‌بی و له ئاراسته‌ی وشه‌ناسی و مێژوو بوو. ئه‌ملاو ئه‌ولای لێكۆڵینه‌وه‌كانی من به‌تایبه‌ت له ئاراسته‌ی ئارمیتسمی ئیتالیا (ڕه‌وتێكی مۆدێرن كه له شاعیرانی سه‌ده‌ی بیستی ئیتالیا دروست بووبوو) دروست بوو.
ئه‌ی ئه‌و كانیاوه‌ی له گونده‌كه‌ی مندایت
تۆ زووڵاڵ و تازه‌ترین شه‌هدی
له ناخی دیوارگه‌لی كۆنه.
به دیاریكراوی ڕوانگه‌ی من لگۆڕ به دنیای چوارده‌ور ڕوانگه‌یه‌كی تایبه‌ته كه ڕوانگه‌یه‌كی سروشت و لائیك نییه و له‌م ڕاستایه‌دا به سه‌رسووڕمانه‌وه سه‌یری دنیای ده‌وروبه‌رم ده‌كه‌م و تاك تاكی شته‌كان وه‌ك به‌دیهاتنی په‌رجوویه‌ك ده‌بینم. به زمانێكی نه هێنده ددانپێدانانانه و كه‌مێك فه‌رمیتر، ڕوانگه‌یه‌ك كه ئه‌مڕۆكه پێی ده‌ڵێن ڕوانگه‌یه‌كی خه‌یاڵی بانواقعی (ئایدیالیسم)، واتا هه‌ستێك كه بۆ هه‌موو ژیان و نووسینه‌كانی من شاعیرانه په‌رچ بۆته‌وه.
به‌ره‌و تۆ هاتبووم
له تێپه‌ڕین له سرووده‌كان و گۆرانییه‌كانی كۆڵانه‌كانی ئه‌سینا
له ده‌سته‌كانمدا ئه‌وانه وه‌ك ڕازگه‌لی گوندی
سووره‌وه‌بوو، ده‌گوشم
ئارام و خامۆش وه‌ك هاوینی ساڵی ١٩٤٣
له‌نێوان ئاوایی و ڕه‌زه‌كان و لقگهلێك له ڕووباری تالیامنتۆ
ڕه‌نگه له جێیه‌ك له ناوه‌ندی ئاسمان و زه‌وی و
له‌وێ به گه‌روو و دڵێكی كراوه
له گوزهرگایهكی دوور
كاتێك مرۆڤ و هه‌موو ڕۆژێكی گه‌نجی
به شوێن عهشقگهلێكی شیرینی ئه‌وانه
ئه‌مڕۆكه‌یش ئه‌سرین له چاوانم سه‌رڕێژ ده‌كات
تێده‌په‌ڕاند.
له لایه‌ك من له فریۆلی له جۆرێك دوورخراوه‌ییی خه‌مین و هاوكات، خۆشدا ده‌ژیام. جۆرێك زیندان كه له‌وێدا بیركردنه‌وه خۆپهرستانهكانی خۆم له نێوان ڕهزهكاندا، دارتووهكان و چیمه‌نی سه‌رسه‌وزی، ده‌كرده كردار و هاوكات شوێنێكی خه‌مین بوو چونكه له‌وێدا له پرسه‌ی براكه‌مدا دانیشتم كه ڕێك به‌ر له كۆتاییهاتنی جه‌نگ، به ده‌ستی فاشیسته‌كان كوژرا. براكه‌م گه‌ریلایه‌ك بوو[1].
پرسیار: له‌گه‌ڵ براكه‌ت سازانی ته‌واوتان هه‌بوو؟
به‌ڵێ، ئاسایی زۆرمان شه‌ڕ پێكه‌وه ده‌كرد، هه‌روه‌ك چۆن له زۆربه‌ی كاته‌كاندا له نێوان براكاندا ڕوو ده‌دات، به‌ڵام له ناخه‌وه یه‌كتریمان خۆش ده‌ویست و سازانی ته‌واو له نێوانماندا هه‌بوو.
پرسیار: تۆ وتت ئه‌و گه‌ریلایه‌ك بوو، تۆ گه‌ریلا نه‌بوویت؟
به‌ڵێ، ئه‌و گه‌ریلایه‌كی تێكۆشه‌ر و دژەفاشیست بوو، به‌ڵام من گه‌ریلایه‌كی ئامانجگه‌را (ئایدۆلۆژیك) بووم. به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ئه‌و له په‌یوه‌ندیدا بووم و بۆ ڕۆژنامه خه‌باتگێڕه‌كان كه ئه‌و كاری لێ ده‌كردن، وتارگه‌لی زۆرم ده‌نووسی. ئه‌و تێكۆشه‌رێكی چه‌كدار بوو و له‌وێوه كه له ئه‌و كاته له سه‌ربازی بوو، له‌م ڕێگه‌یه‌وه چالاكی ده‌كرد.
ئه‌وم له كاتی دووركه‌وتنه‌وه به جانتاكه‌ی خۆیه‌وه كه له‌وێدا كتێبێكی مۆنتالهی له نێو پۆشاكه‌كانیدا شاردبۆوه بینی. له‌و جانتایه‌دا چه‌كێكیش جێی كرابۆوه. ئه‌وم له بیره كه له بوومه‌لێڵی به‌یانیدا له ماڵ دوور ده‌كه‌وته‌وه. شانه‌كانی له ناو چاكه‌تێكی به‌كارهاتوودا كه سه‌رده‌مێك هیی من بوو، گوشرابوو. پشت كه‌لله‌سه‌ری له دواوه…
به‌م شێوه‌یه له كه‌شێكی له‌م شێوه‌یه‌دا، ململانێكان له‌نێوان دوو چینی كۆمه‌ڵگه، واتا ئاغایان و زه‌حمه‌تكێشاندا دروست بوو. ئه‌م ململانێیانه له فریۆلی كه له‌و كاته‌دا به شێوه‌ی ده‌ره‌به‌گی به‌ڕێوه‌ده‌برا، كاریگه‌ریی زیاتری هه‌بوو و ڕێك له‌وێ بوو كه من، ڕێگه‌ی خۆم به شێوه‌یه‌كی ئاتاجی، له ته‌نیشت و ده‌ست له ده‌ستی زه‌حمه‌تكێشان دییه‌وه و له كۆتاییدا ڕێگه‌یه‌ك بوو كه منی به‌ره‌و بیركردنه‌وه‌ی ماركسیسم ڕێنوێنی كرد. ڕێگه‌یه‌ك كه ئه‌مڕۆكه‌یش شوێنی ده‌كه‌وم، واتا ئه‌م ڕێگه‌یه‌ی كه له ناكۆكی و به‌رگریی ته‌واو له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی فه‌رمانڕه‌وادا، كورت ده‌بێته‌وه.
من له‌گه‌ڵ جۆرێك فه‌رهه‌نگی ئایینی له ژینگه‌یه‌كی گوندی ئه‌زموونی ژیانم هه‌بووه، و ئه‌وه‌م له زادگه‌ی دایك، دایه‌گه‌وره و ئهژدادم ده‌ستكه‌وتووه. له‌م گونده‌دا ده‌توانی بڵێی ئایین له ڕاستیدا دیارده‌یه‌كه به ژینگه‌ی گوندییه‌وه گرێدراوه و ناوكی بڕاوه. ڕه‌نگه له گوندی ئه‌مڕۆكه‌دا ئه‌م بابه‌ته كاڵتر بێته به‌رچاو، به‌ڵام به دڵنیایییه‌وه، به شێوه‌یه‌ك، په‌یوه‌سته به مێژوو دێرینی كشتوكاڵی و پیشه‌گه‌ریی گوندی. له ئێستادا ئه‌م چاخه، واتا چاخی مێژووییی زه‌حمه‌تكێش و پیشه‌گه‌ریی گوندی به هۆكاری چوونه ناوه‌وه و گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی بۆرژوازی و سه‌رمایه‌داری، له لێواری كۆتایییه. پێمخۆشه جه‌خت بكه‌مه‌وه مرۆڤ به حاڵی خۆیه‌وه به‌ره‌ڵا كراوه، له ئێستادا، ئه‌م وه‌رزێڕه له زه‌وی دابڕاوه، چونكه سیمای بۆرژوازیی گۆشه‌گیری نییه، به‌ڵكوو یه‌كێك له بنه‌ماكانی ئه‌و ژیانی جه‌ماوه‌ری و چڕگهرایییهیه له شاره گه‌وره‌كاندا. له گونده‌كانی ئه‌مڕۆكه‌دا ئایین كاڵ بۆته‌وه؟ ئایا ئه‌مه باسی بۆچوونی منه كه ئایین به ته‌واوی دیارده‌یه‌كی په‌یوه‌ست به جیهانی گوندییه و به له‌نێوچوونی گوند، ئه‌ویش فه‌نا ده‌بێ. ئه‌گه‌ر ئایین یه‌كێك له‌و مهتهڵگهله مرۆییانه‌یه كه له ئه‌زه‌له‌وه هه‌بووه و تاههتایهیش به‌رده‌وام ده‌بێ و وه‌ك ده‌ڵێن له‌گه‌ڵ نه‌ناسراوه‌كان و دڵه‌ڕاوكێكانی مرۆڤ، خۆی وه‌ك مه‌ته‌ڵێك ئاوێته كردووه، كه‌واته ڕوونه نابێ نیگه‌رانی ئه‌وه بین به مۆدێرنبوونی جیهان له نێو بچێت.
پازۆلینی به‌م شێوه‌یه درێژه‌یدا به نووسینی شیعر و په‌خشان تا به‌ر له كۆچكردنی یه‌كجاره‌كی بۆ ڕۆما، له ته‌مه‌نی بیست و حه‌وت، بیست و هه‌شت ساڵیدا.
ساڵانی ده‌یه‌ی پێنجه‌م- شه‌شه‌می هه‌زار و نۆسه‌د
پازۆلینی ڕۆما و گه‌ڕه‌كه كۆنه‌كانی ده‌دۆزێته‌وه و به‌م شێوه‌یه په‌ی به هه‌ژاری و دواكه‌وتووییی ناوچه كوێستانی و گوندییه‌كانی ئیتالیا ده‌بات.
هه‌موو كاره نیوڕیالیستییهكان (واقعگهراییی نوێ) له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه گشتییه‌ن كه داهاتوو، هه‌میشه باشتر ده‌بێ له ئێستا. ئه‌م باشبوونه به دوای شۆڕشێكدا دێ كه ئه‌سڵه‌ن زانیارییه‌ك له ناوه‌رۆك و چۆنێتییه‌كی نییه. ئه‌م بابه‌ته له ئیتالیا به نیگای بۆ دڵته‌نگییه‌كانی ڕابردوو و به‌یانی هونه‌ری، له‌گه‌ڵ ڕاستگۆییی ته‌واو و بێ دووڕوویی توانای كریستاڵیزهبوون كه له هه‌رحاڵدا له‌گه‌ڵ چێژی گه‌ڕان و كنهوكۆڵین له ده‌روونی خود و نكۆڵی عه‌یبه‌كانی خۆت یاوه‌ر ده‌بێ. ئه‌م خوده پێتڤییهكی مێژوویییه.
من كتوپڕ له ساڵی ١٩٥٢ له بیركردنه‌وه‌دا تاكانه بازم دا:
ته‌نها ئه‌م خه‌ڵكه‌ن كه هه‌ستی ڕاسته‌قینه‌یان هه‌یه
شتێك كه هه‌رگیز له‌گه‌ڵ كات پیر نابێ
جێیه‌ك كه مۆدێرنیته و تازه‌گه‌ری تیشك ده‌پژێنێ
سرووده كۆنه‌كان كه
دووباره ده‌بێته‌وه
خه‌ڵكه كه
تێپه‌ڕیوه‌كان دووباره ده‌كاته‌وه
یه‌كه‌مین گه‌رمای شیرینی هه‌تاوی ساڵ
له‌سه‌ر تاقنماكانی ڕۆخ
گیان ده‌سووتێنێ
به بان ڕاڕه‌وه‌كانی شارانی بچووكی چوارده‌ور
شارۆچكهگهلێك كه هێشتا به‌سه‌ر شاخهكانیانهوه
به‌فری زیاتر باریوه، به‌رجه‌سته‌یه
له جامخانه‌ی دووكانه‌كانی ئاوایییه گه‌وره‌كان
ڕه‌نگگه‌لی شادی په‌رده‌كان و ئاوێزهكان
پۆشاكی نوێ
به ڕه‌نگئامێزی تیواری خۆی
په‌یامی تازه‌گه‌ری جیهانێكی نوێ
به خرۆش و دۆخێكی گۆڕاو
به وێنه‌ی و كه‌ڕه‌نا كردووه.
كێشه‌ی زمانگه‌لی ناوچه‌یی و دیالێكته‌كان هه‌میشه له هونه‌ری واقعگه‌راییدا جێگه‌ی باس بووه. بۆ نموونه له فیلمی پایسكیل دزی دی سیكا، كه‌سێتییه‌كانی فیلمه‌كه به چ زمانێك قسه ده‌كه‌ن؟ هه‌موویان به زمان و دیالێكتی ڕۆمایی قسه ده‌كه‌ن. به‌م شێوه‌یه یه‌كه‌مین بابه‌ت بۆ هونه‌ری واقعگه‌رایی دروست ده‌بێ، ئه‌مه‌ی كه چۆن دیالێكته‌كان له زمانی نه‌ته‌وه‌یی و فه‌رمی خۆماندا به‌كار بهێنین، هه‌مان كێشه و خه‌سڵه‌تی ڕه‌وانی زمانه. ئه‌م كێشه‌یه دواتر له چۆنێتیی مامه‌ڵه و به‌كاربردنی زمانی خۆجێیی و زمانی فه‌رمیدا دروست بوو.
ئێستایش بینه‌ری دیاردهیهكین، بۆ نموونه گه‌نجێك كه سه‌ر به یه‌كێك له گه‌ڕه‌كه‌كانی ڕۆمایه و به ته‌واوی به دیالێكتی ڕۆمایی قسه ده‌كات، هه‌ندێكجار له گوفتاری ڕۆژانه‌ی خۆیدا سوود له ده‌سته‌واژه‌گه‌لێك وه‌رده‌گرێ كه سه‌ر به شوێنه‌كانی دیكه، بۆ نموونه مارسیلیا یا نیس هاوڕێ له‌گه‌ڵ ده‌سته‌واژه‌گه‌ل و پلارگهلی تایبه‌ته و له بنه‌ڕه‌تدا سه‌ر به شوێنێكی جوگرافیایی دیكه‌یه، له‌م جۆره كاتانه‌دا ده‌بێ چی بكه‌ین؟ ئه‌م جۆره ڕاهاتن و به‌كاربردنی ده‌سته‌واژه‌كان و به‌یانه ده‌توانین زیاتر له هه‌ر شتێك په‌یوه‌ستی بزانین به زانیاریی گه‌یاندنی كۆمه‌ڵ، به‌تایبه‌ت به ڕادیۆوه. هه‌ندێكجار ده‌توانی ئه‌وه له كاری ئه‌ده‌بی یا هه‌ر ڕێگه‌یه‌كی دیكه‌یشه‌وه وه‌ربگری و به شێوه‌یه‌كی گشتی، ئه‌م پێكهاته‌یه به تایبه‌ت جۆری ده‌ربڕینگه‌لی جیاوازه كه من هه‌وڵ ده‌ده‌م پیشانی بده‌م.
له‌نیوان گیاجاڕی تاریك
له‌ژێر هه‌تاوی ته‌وه‌زه‌ل و كه‌م
هه‌رزه‌كارانی ئیوریا
به ئادالبێر تۆس، كومیس، كۆرتیس، بانگ ده‌كه‌ن
له‌سه‌ر گرد و دۆڵه‌كانی تۆسكانی به هه‌راوزه‌نای پهڕهسێلكهئاسا:
Hor atorno frat Helya
ده‌ستدرێژی ڕاهیبانه‌ی قه‌دیسان بۆ دڵه ناقۆڵاكان
منداڵێكی نه‌گونجاو له شاره په‌راوێزییه‌كان
قه‌ڵه‌مڕه‌وی خودایانی سه‌پاندووه.
خه‌ڵك ده‌چڕن
بێ‌وچان.
كۆنسێرتی گه‌وره‌ی قه‌ڵه‌مه كۆڵهرهكان و چه‌كوشه‌كان
ده‌ژه‌نێ
له كامپی دولی یۆ[2] و له گهردنهكانی ئاپیننۆی[3] تازه
له كوچه سپییه‌كانی دامێنی ئاڵپ و
هه‌وره‌برووسكه‌ی به‌ردی خارا و تراورتن
له بارودۆخێكی نوێ له كه‌نار مرۆڤێكی ڕاسته‌قینه بوو
كرێكاری زه‌حمه‌تكێش
بتڵێكی شه‌و تێپه‌ڕیوه
به له‌شێكی تێكشكاو
ده‌روونێكی كفت
دنیایه‌كی داخراو
داخراو له كۆیله‌ییی خۆی
دووباره ده‌بێته‌وه
جیهانی “كرێگرته‌یی”یه كه له ناخی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكدا
به‌جێماوه و
خه‌ڵك ده‌چڕن
بێ‌وچان.
ئه‌م جاده خلیسكه كه له‌وێدا دۆخی ڕۆیشتنداین، به هه‌موو وردهبهردهكان و ناسافییهكان و ههورازونشێوهكانییهوه زۆر ناچیز و سووك ده‌بینرێ و به هیچ كلۆجێك ناتوانی ئه‌وه له‌گه‌ڵ كارگه‌لی هونه‌ری زۆر و جوانی هه‌بوو له ئیتالیا به‌راورد بكه‌یت. سه‌رباری ئه‌مه‌یش، به بۆچوونی من ده‌بوو به هه‌مان توندی و حه‌زه‌وه كه پشتیوانی له كارێكی گه‌وره‌ی هونه‌ری ده‌كرێ، پشتیوانی و پاسه‌وانی له‌و بكه‌ین. ئه‌م كاره ڕێك ده‌بوو به هه‌مان ئۆخژن و عه‌شقه‌وه له باره‌ی گۆرانییه‌كان و شیعری فۆلكلۆریشهوه ئه‌نجام بده‌ین، ڕێك به هه‌مان شێوه كه له كاری ئه‌ده‌بی به‌نرخی وه‌ك نووسینه‌كانی پتراركا، دانتێ و هیتر ئه‌نجام ده‌درێ.
به بۆچوونی من ئه‌م جووڵه نوێیه هاوكات و به ته‌ریبی حه‌ماسه‌ی به‌رگری، واتا به دۆزینه‌وه‌ی ئیتالیای ڕاسته‌قینه ده‌ستی پێ كرد. ته‌نانه‌ت ده‌توانین بڵێین ده‌ستپێكردنی ئه‌و له‌گه‌ڵ واقعگه‌رایی بووه، وه‌ك بڵێی له‌گه‌ڵ كاره به‌نرخه‌كانی ئه‌م قۆناغه، ته‌نها كه‌مێك دره‌نگتر مامه‌ڵه ده‌كه‌ین و به‌جه‌رگانه ده‌توانین ددانی پێدا بنێین كاری به‌نرخ له‌م به‌ستێنه‌دا ته‌نها پاش دامه‌زراندنی گۆڤاری ئۆفیچینا ده‌بینین. ئێمه له‌م گۆڤاره‌دا هه‌وڵمان بۆ خستنه‌ڕووی شیعر و په‌خشان دا و شیعرمان به شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ په‌خشان كرده یاوه‌ر و ته‌واوكه‌ری یه‌كتری. له گۆڤاری ئۆفیچینا هه‌وڵ بۆ ئه‌وه ده‌درا شیعر له ناوه‌رۆكی نوێ پڕ بكه‌ین كه نه‌ك شیعر به مانای كلاسیك (باو) خۆی بێ و نه‌ك بۆته‌یه‌كی گشتی بۆ ده‌ربڕین و گفتوگۆگه‌لی ڕووكاری كۆمه‌ڵگه وه‌ربگیرێ، به‌ڵكوو تێفكرینێكی گشتی و قووڵ له‌گه‌ڵ ڕوانگه‌یه‌كی نوێ له جیهانی ئه‌مڕۆ هه‌ژمار بكرێ.
ئه‌م هه‌وا داخراوه
هه‌ناسه‌دانه‌وه‌ی به‌هار نییه
كه ڕه‌شاییی باخی نامۆ
ڕه‌شتری ده‌كات
یا دره‌وشانه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تی پێده‌به‌خشێ
به كڵاوڕۆژنهگهلی ڕووناك…
تفی ئه‌م ئاسمانه
به‌سه‌ر كهوانگهلی ژێرشێروانی ڕه‌نگ زه‌رد
ڕه‌وانه[4]
له پێوه‌ند له‌گه‌ڵ ڕیز و سه‌روا ده‌بێ بڵێم له زمانگه‌لی لاتیندا نه‌بووه و ئه‌وان سه‌روایان نه‌ده‌ناسی. ئێمه‌ی نیولاتینهكان به‌هه‌رحاڵ كاتێك قسه له‌سه‌ر شیعر ده‌كه‌ین، به ناچاری له سه‌روا هه‌ڵنایه‌ین.
ئه‌ی نۆگوڵی له عه‌وام هه‌ستاو
ئه‌ی سروودخوێن
لێره
له كه‌ناراوی ڕووتی ئانیهنه[5]
بۆ هۆنینه‌وه‌ی سروودێكی نوێ
له‌گه‌ڵ ئه‌م خۆشی و باڵسووكییه سادهدڵانه
خۆهه‌ڵكێشانه
به كام گرده‌بڕی له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه
له قووڵاییی نه‌زانی تۆدا
مه‌شخه‌ڵی زانایی
به زوویی له‌نێوان ئه‌م هه‌وربڕه بێبه‌رهه‌مانه
نوتفه‌ی به‌خته‌وه‌ری له دڵی خه‌ڵكی خه‌مین
به‌وجۆره‌ی كه ویستی مێژووه
داگیرسێنێ؟
مێژوویه‌ك كه له‌وێدا ئیدی مرۆڤ
هێرشبردنی پێویست و ده‌سه‌ڵاتی له یادگه‌ی مێژوو نه‌بووه و
ڕه‌نگه ئیدی هه‌ڵبژاردنێكی نه‌بێ جگه له‌وه‌ی كه
توندی و خۆڕاگری به‌خته‌وه‌ری تۆ
به په‌رێشانی و دادویستی خۆی باڵا بكات و
له ئاستانه‌ی چاخێك كه له سه‌ره‌تایداین
ڕووناكی هیی ئه‌و كه‌سه‌یه كه خۆی نازانێ.
خه‌ڵكانێك كه زیاتر كه‌یفم پێیان دێ، كه‌سانێكن كه به ئه‌گه‌ری زۆر تا پۆلی چواره‌می سه‌ره‌تاییش نهیانخوێند، واتا بێئه‌وه‌ی بمه‌وێ لاف لێبده‌م، به‌و مرۆڤانه ده‌ڵێم ته‌واو ساده. له‌و ڕووه‌وه كه فه‌رهه‌نگی بۆرژوازی و ورده بۆرژوازی لێره و ته‌نانه‌ت له فه‌ڕه‌نسا و ئیسپانیایش هه‌میشه هاوواتا بووه له‌گه‌ڵ گه‌نده‌ڵی و ئالووده‌یی له حاڵێكدا كه كه‌سێكی نه‌خوێنده‌وار خاوه‌ن ناسكییه‌كی ڕۆحی تایبه‌ته كه ورده‌ورده له پرۆسه‌ی وێكهاتنه‌وه له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگی كۆمه‌ڵایه‌تیی مۆدێرنتری ئه‌و له‌ده‌ست ده‌دا و ده‌گۆڕێ بۆ شتێكی دیكه. هه‌ڵبه‌ته له‌م گرووپه ساده بیركهرهوهیهدا كه‌سانێك هه‌ن كه له ڕیزی فه‌رهه‌نگێكی زۆر باڵان.
ده‌یه‌ی شه‌شه‌می هه‌زار و نۆسهدی زایینی
هێشتا له ساڵانی شیعردا ده‌ژین، به‌ڵام به‌رله‌وه ساڵانی سینه‌ما ده‌ستی پێ كردووه. پازۆلینی به سینه‌ما ده‌ڵێ “ئینجلیی هه‌ژاران”. له‌م ساڵانه‌دا پازۆلینی كاری شانۆیشی ده‌ستپێكرد.
له‌و كاته‌دا ڕووم له سینه‌ما كرد و تا ڕاده‌یه‌ك وازم له كاری ئه‌ده‌بی هێنا. ده‌توانم بڵێم له‌م قۆناغه‌دا وازم له ڕۆماننووسیش هێنا، وه‌لێ درێژه‌م به نووسینی شیعردا، به‌ڵام تاڕاده‌یه‌ك هه‌موو كاته‌كه خه‌ریكی سینه‌ما بووم. ئه‌م بابه‌ته له ده‌یه‌ی شه‌شه‌می هه‌زار و نۆسه‌د ڕوویدا و ئه‌مه‌یش بێ هۆكار نه‌بوو، چونكه ئه‌و ساڵانه لووتكه‌ی قه‌یرانی ڕۆشنبیری ئیتالیا بوو. له‌و كاته‌دا ئیتالیا له دۆخی په‌ڕینه‌وه له قۆناغی سه‌رمایه‌داریی مێژوویی بوو بۆ جۆرێك سه‌رمایه‌داریی تازه.
هه‌ندێكجار له ناخی ئێمه‌دا شتێك دروست ده‌بێ
كه تۆ باشی ده‌ناسی
چونكه شیعره
شتێكی تاریك
كه بریقه ده‌داته ژیان
گریانێكی ده‌روونی
دڵته‌نگییه‌كی لیپاولیپ ئه‌سرینی سوێر بوو.
تێپه‌ڕین له نووسین و شیعر بۆ دنیای سینه‌ما له خۆمدا به شێوه‌گه‌لی جیاواز شیم كردۆته‌وه. یه‌كه‌مین و سروشتیترین هۆكار ئه‌مه بوو به شوێن گۆڕینی شێوازی ده‌ربڕینه‌وه بووم. ئه‌م بابه‌ته واتا گۆڕینی شێواز له شیعر و نووسینه‌كانی مندا كه سینه‌ما ڕێگه و شێوازێكی نوێ و هه‌مه‌گیره، به‌ڵام دواتر هه‌ستم كرد ئه‌م بابه‌ته ڕاست نییه، چونكه سینه‌ما هونه‌رێكی تازه‌ی ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیری نییه، به‌ڵكوو له بنه‌ماوه زمانێكی دیكه‌یه. ئه‌م هونه‌ره بریتییه له كۆمه‌ڵێك نیشانه كه له هه‌موو جێیه‌كی دنیا شایه‌نی پێشكه‌شكردن و تێگه‌یشتنه. یه‌كێك له دیارترین خاسێته‌كانی ئه‌مه‌یه وه‌ك شیعر و ئه‌ده‌بیات، سوود له سیمبوڵهكان وه‌رناگرێ كه هه‌مان وشه‌كان بن، به‌ڵكوو سوود له پیشاندانی واقعیه‌ت به‌ش به حاڵی خۆی و بێ ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ست، وه‌رده‌گرێ.
به‌م پێیه ئه‌مه ڕاست نییه ته‌كنیكی ئه‌ده‌بی خۆم گۆڕیوه، به‌ڵكو ده‌توانم بڵێم زمانی خۆم گۆڕیوه و ئه‌مه‌یش به ئه‌گه‌ری زۆر به مانای ناڕه‌زایی شاراوه‌ی من بوو لگۆڕ به زمانی ئاساییی ئیتالیایی و ته‌نانه‌ت دژه كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه له ڕێگه‌ی ئه‌م زمانه‌وه خۆی به‌یان ده‌كرد. به ده‌ربڕینێكی دیكه به هه‌نگاونان بۆ بواری سینه‌ما، مه‌به‌ستم گۆڕینی نه‌ته‌وه‌یی خۆم بوو.
“مه‌گه‌ر تۆ نازانی مرۆڤێكی تا ئه‌وپه‌ڕ ئاسایی چۆن مرۆڤێكه؟ ئه‌و خێوێكه، دێوێكه، شێتێكی مه‌ترسیدار، كه‌سێك كه خۆی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵ ده‌گونجێنێ (كۆنفۆرمیستێك)، یه‌ك لایه‌نگری نه‌زمی داڕووخاو، ئیمپریالگهرێك، یه‌ك داگیركه‌ر، نهژادپهرستێك، كۆیلهفرۆشێك و مرۆڤێكی بێ‌باك و نێرهمووكه”[6].
شوێنێك هه‌یه له فیلمی مه‌سیح كه له ده‌وروبه‌ری پاوانێكی گه‌وره‌ی ئه‌وێ به ئه‌گه‌ری به‌هێز كۆمه‌ڵێكی زۆر بۆ بیستنی قسه‌كانی حه‌زره‌تی مه‌سیح كۆ بووبوونه‌وه، كهنیسهیهكیش به گومبه‌زی ڕه‌ش له‌و ده‌وروبه‌ره ده‌بینرا، مه‌سیح خه‌ریك بوو قسه‌ی بۆ خه‌ڵك ده‌كرد. خاڵێكی باڵكێش كه سه‌رنجی منی ڕ‌اكێشا، ساده‌یی و بێ ئارایشتی به‌رچاوی ئه‌م شوێنه بوو و ڕێك له‌به‌رئه‌مه ئه‌وێم بۆ یه‌كێك له دیمه‌نه گرنگ و ڕه‌نگه جوانترین دیمه‌نه‌كان كه له فه‌ڵه‌ستین وێنه‌ی گیرا، هه‌ڵبژارد. دیتنی ساده‌یی و پاكی له‌م شوێنه و جێبه‌جێكردنی ئه‌م دیمه‌نه هه‌ستیاره، ئه‌زموون و فێركارییه‌كی زۆر ڕاچڵه‌كێنه‌ر بوو له ژیانی مندا:
“نه‌بادا پێت وابێ من بۆ هێنانی ئاشتی هاتوومه‌ته سه‌ر زه‌وی؛ من بۆ هێنانی ئاشتی نه‌هاتووم، به‌ڵكوو شمشێرم به دیاری بۆ هێناون، چونكه هاتووم تا پیاوان له باوكان، و كچان له دایكان، و بووكه‌كان له خهسووهكانی خۆیان جیا بكه‌مه‌وه. به‌م شێوه‌یه دوژمنانی مرۆڤ، نزیكترین كه‌سانێك، واتا ده‌بنه ئه‌ندامی خێزانی ئه‌و. هه‌ر كه‌سێك باوك و دایكی خۆی و هه‌ر كه‌سێك خوشك و كوڕی خۆی له من زیاتر خۆشده‌وێ، لێره جێی نابێته‌وه. هه‌ر كه‌سێك ژیانی خۆی دیوه‌ته‌وه، له ده‌ستی ده‌دات و هه‌ر كه‌سێك له ڕێگه‌ی من گیانی خۆی له‌ده‌ست بدات، دووباره زیندوو ده‌بێته‌وه.”
ئه‌مه دیمه‌ن و ڕوانگه‌یه‌كی دیكه‌یه له شاری ئۆرشه‌لیم كه به ئه‌گه‌ری به‌هێز دیمه‌نێكه زۆر هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی له‌و سه‌رده‌مه‌دا مه‌سیح و شه‌یتان له تاوه‌ری په‌رستگه‌كه‌وه بینه‌ری بوون. ئه‌م یه‌كه باخی جیستمانهكان (ئاش و شوێنی گوشینی زه‌یتوون)ه، سه‌رنج بده‌نه دارزه‌یتوونه‌كان و هه‌یبه‌تی سروشتییان. ئه‌مه ئه‌شكه‌وتێكه كه سه‌رباری هه‌بوونی شێوه‌ی مۆدێرن، ده‌بوو هاوشێوه‌ییه‌كی زۆر له‌گه‌ڵ ئه‌شكه‌وتێكدا هه‌بێ كه مه‌سیح له‌وێ له‌دایك بوو و له ئێستادا له‌وێدا چه‌ندین ماڵباتی بێنه‌وای عه‌ره‌ب ده‌ژین، مرۆڤانێك كه هێشتا باوه‌ڕیان به په‌رجووی پاره‌یه‌كی زێڕ هه‌یه.
ڕێگه‌ی خۆمان به‌ره‌و ناسره درێژه پێ ده‌ده‌ین و جه‌لیله[7] له باكووره‌وه تێده‌په‌ڕێنین. یاده‌وه‌ری و یاداشتگه‌لی زۆرم به درێژاییی ئه‌م سه‌فه‌ره نووسیوه:
ڕه‌نگه له‌م شوێنه، پێشتر شتێك هه‌بوو
كه تۆ ئه‌وه‌ت به بوونی ته‌مومژاویت
له دیمه‌نی بوون، سڕیوه‌ته‌وه و
ئه‌وه‌ت هه‌روه‌ك خۆڵه‌مێشێك
له ئاگری خۆتا به‌جێ هێشتووه
ئه‌و منداڵانه ببینه، جوان سه‌یریان بكه. ئه‌وانه منداڵانی خه‌ڵكانی ئاسایین یا له‌وانه‌ی كه تۆ پێیان ده‌ڵێی منداڵانی بێتام و به‌ناز و بیانووگر؟
نا من كه‌یفم به مانه دێ.
به‌دبه‌ختانه من له‌وانه‌م كه به بۆچوونی تۆ بیانووگر دێنه به‌رچاو: باوكم پله‌دارێكی له‌شكر و دایكم مامۆستایه‌ك بوو؛ هه‌ینێ كتوپڕ هاتمه شاری ڕۆما و ئاشنای دنیایه‌كی نوێ بووم كه پێشتر ناسینێكم لێی نه‌بوو. لێره دنیای زه‌حمه‌تكێشان ده‌بینی، جێهانێكه كه له‌وێدا كرێكاران زه‌حمه‌ت ده‌كێشن و هه‌واڵێك له خۆشگوزه‌رانان و به‌ناز په‌روه‌رده‌كراوان نییه. له میلان كرێكاران گۆڕاون بۆ پڕۆلیتاریا، له ڕۆما و ناپۆلی و شاره‌كانی دیكه له هه‌مبه‌ردا كرێكاران هه‌مان زه‌حمه‌تكێشانن، چونكه له‌م شارانه‌دا كارگه و پیشه‌سازی هێشتا به ڕاده‌ی میلان نیییه. ده‌توانی ئێره له‌گه‌ڵ جیهانی سێیه‌م به‌راورد بكه‌یت كه دنیایه‌كی تایبه‌ته. تۆ ده‌زانی جیهانی سێیه‌م واتای چی؟ ڕاست بڵێ ده‌زانی واتای چی؟ باشه من پێت ده‌ڵێم، جیهانی سێیه‌م چاخی پێش پیشه‌سازییه، وه‌ك ئاسیا، ئه‌فریقا و ئه‌مریكای باشوور. ئه‌م منداڵانه ده‌بینی؟ جیهانی سێیه‌م ڕێك لێره‌وه ده‌ست پێ ده‌كات و من كه منداڵێكی بیانووگری خۆشگوزه‌ران بووم كاتێك هاتمه ڕۆما، ئه‌م جیهانه‌م ناسی كه تازه بووم بۆم و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شاعیر و نووسه‌رێكم سه‌باره‌ت به ژیان و كێشه‌كانی ئه‌م خه‌ڵكه ده‌نووسم.
گورزێكی دیكه له جوانی
بۆ شێوه‌دان به جۆره‌كانی دیكه
نه‌خشگه‌لی دیكه له‌سه‌ر ناوچه‌وان و
سهرگهلێك كه هه‌ر یه‌كه‌یان شێوه‌یه‌كی تایبه‌تیان هه‌یه
به‌ڵام جوانی هه‌میشه جوانه و
هه‌میشه ڕاستگۆیه
جوانی لێره جارێكتر
له‌نێوان قژی لوول و پێچاوپێچ
پێستی جوانی هه‌روه‌ك ئاوریشم و
سكگهلێك به چه‌ماوه‌یی خۆش هێڵ و جوان
به‌ستێنی گه‌شه‌ی خۆیان ده‌دۆزنه‌وه.
زمانی ئیتالیایی له ڕاستیدا زمانێكی ته‌واو ئه‌ده‌بییه و ئه‌م بابه‌ته له تیۆردا بۆ سه‌ده‌كان و له كرداردا تا ده یا بیست ساڵی ڕابردوو چۆته پێشێ؛ له حاڵێكدا كه زمانی فه‌ڕه‌نسی له هه‌مبه‌ردا له بۆته‌ی یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌ییدا به شێوه‌یه‌كی دیكه له جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكدا كاری كرد. میدیای ئیتالی ڕێك له چوارچێوه‌ی ئه‌ده‌بی یه‌كێتی و یه‌كانه‌یی خۆی پاراستووه. ئه‌م شایسته‌ییه‌ی به نۆره‌ی خۆی له فلۆرانس و له ژێر هه‌لومه‌رجی تایبه‌تی زمانی خۆیدا دروست بوو كه له‌نێوان گه‌وره‌كانی ئه‌ده‌بیاتی ئه‌و زمانه‌دا ده‌توانین له دانتێ، پتراركا و بۆكاچیۆ باس بكه‌ین كه به جۆرێك، به هۆكاری سه‌رتری ئه‌ده‌بی خۆیان سه‌پاون به‌سه‌ر باقی كۆمه‌ڵگه‌دا. مه‌به‌ست ئه‌مه‌یه له ئێستادا بینه‌ری زمانێكی تاقانه‌ی ئیتالیایین له ئه‌ده‌بیاتدا كه بۆ نموونه له ڕۆژنامه‌كاندا له میلانه‌وه بیگره تا پالێرمۆ تاڕاده‌یه‌ك به یه‌ك شێوه به‌كار ده‌برێ، له حاڵێكدا كاتێك ئیتالیایییهكان زار هه‌ڵدێننه‌وه، هه‌ر یه‌كه‌یان به زمانی خۆجێیی خۆیان قسه ده‌كه‌ن كه له‌م حاڵه‌ته‌دا ده‌توانین بڵێین ناوه‌ندی زمانی ئه‌ده‌بی ئیتالی ئیدی فلۆرانس نییه، به‌ڵك ناوه‌ندێكی ته‌كنیكی زمانمان هه‌یه كه گوێزراوه‌ته‌وه بۆ شاری میلان. مه‌به‌ست ئه‌مه‌یه زمانی ئیتالیای هه‌ر ئێستا له ڕێگه‌ی جۆرێك زمانی ته‌كنیكی یه‌كی گرتووه، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر وشه‌ی به‌فرساز له به‌رچاو بگرین، له ژنێكی ناوماڵی پالێرمۆوه تا كارمه‌ندێكی میلانی، هه‌موویان پێی ده‌ڵێن به‌فرساز و لێره‌دایه ده‌توانین بڵێین وشه‌گه‌لی ته‌كنیكی وه‌ك توێژاڵێك هه‌موو ئیتالیا ڕووماڵ ده‌كات و له‌م ڕاستایه‌دا به شێوه‌یه‌ك یارمه‌تیی یه‌كێتیی ئه‌و ده‌دات.
ئۆتیلیۆی ئازیز! ئه‌ی به‌نده‌ی گرێبه‌سته پیشه‌سازییه‌كان
له به‌رامبه‌ر تۆدا هیچ شتێك توانا و به‌رگه‌گرتنی نییه
نابینی چۆن له پشتیوانی له هاوڕێیانی لائیك و
كۆمۆنیستت
له به‌رامبه‌ر هه‌واڵی ناڕاست، ده‌سته‌وه‌ستان بوویت!
بیركردنه‌وه‌ی گشتی خه‌ڵك قه‌ت و قه‌ت
هۆش و زیره‌كی
له حوكمدانی خۆیاندا به‌كار نابه‌ن
تۆ ته‌نانه‌ت له شوێنكه‌وتنی خوێنه ڕژاوه‌كان له لاگرنیز
حوكمێكی گرده‌بڕ و بڕنده
له یه‌كێك له ملیۆنان هاونیشتمانی، ناچێت به گوێتدا!
هاوارگه‌لێك كه به هه‌موو بوونه‌وه جه‌خار و دڵ‌سارد
خۆیان به‌یان ده‌كه‌ن
بۆ جه‌ماوه‌رێك كه له پاش سه‌ده‌گه‌لێك بێده‌نگی و گۆشه‌گیری هاتوو
زهینیهتێك پتر نییه
واقعیه‌ت
عه‌شقێكه لێوڕێژ له تامه‌زرۆیی
كه زاناییی خۆی به ته‌واوی بۆ
درێژه‌دان به ژیان به‌كار بردووه
ژیانێك كه خۆی له به‌نددا ماوه‌ته‌وه.
پێمخۆشه كه‌سێتیی ئۆدیپ بناسێنم كه كه‌سێتییه‌كی ڕاسته‌قینه و مێژوویی و ته‌نانه‌ت هۆڤی و یاخییه، له‌م پێوه‌نده‌دا پۆشاكه‌كانی شانۆ به‌رله‌وه‌ی بیرخه‌ره‌وه‌ی یۆنانی دێرین بن، سۆمه‌رییه‌كان و ئازتكهكان و ته‌نانه‌ت خۆجێییه‌كانی ئه‌فریقای ڕه‌ش په‌رچ ده‌كه‌نه‌وه. ئێستا ئه‌م پرسیاره دێته پێشێ كه بۆچی به‌م شێوه‌یه كه‌سێتیی ئۆدیپ له مێژوودا ده‌گێڕنه‌وه بۆ دواوه؟ ئه‌مه به كارێكی خۆشی وه‌ڵام ده‌ده‌مه‌وه تا خه‌ڵك وه‌رگرتنێكی گشتییان هه‌بێ: ڤیپۆ كه‌سێتییه‌كه زۆر باڵكێشه بۆم وه‌ك بڵێی كه‌سێكه سه‌ر به سه‌رده‌می منه و ئه‌و دوور له ژیانی خۆم ده‌زانم و ئه‌و له ته‌نز و حه‌ماسه‌دا پێناسه ده‌كه‌م، چونكه ئه‌م دووه به ئه‌وزاری دووركه‌وتنه‌وه له واقعیه‌ت ده‌زانم و له‌م ڕێگه‌یه‌وه له كه‌سێتیی ئۆدیپیدا له شوێنی خۆم ناوه‌ستم و ئه‌و به شێوه‌یه‌كی ئه‌مڕۆیی و نزیكتر له خۆم پیشان ده‌ده‌م:
ڕووخساری نامۆ و ئێسكنی خۆم پیشان ده‌ده‌م
ئیدی هاوارم به ده‌نگی لاڵ بێ به‌رهه‌مه
چه‌ند بێ‌باك له نه‌زانی له مه‌رگی ئه‌وانی تر ده‌ڕوانن
من ده‌مرم و ئه‌م نهزانییهیشیان ئازارێكی دوو هێنده‌یه له‌سه‌ر من
ناوه‌رۆكی بنه‌ڕه‌تی كاره‌كانی من كه فۆرتینی پێی ده‌ڵێ ناودژ، هه‌مان ناودژگهراییه كه هه‌موو شتێك به دژه‌كه‌ی خۆی به‌یان ده‌كات، بۆ نموونه كچێكی قژزه‌ردی ڕه‌ش. له‌م حاڵه‌ته‌دا كاره‌كانی من به خاوه‌ن بوونی ئه‌م ناودژییه، دوێنه‌ر و بهركابردنێكی جیاوازیان ده‌بێ.
له پێستی شێردا ده‌مبینن
كه به‌دحاڵیبوونێك زیاتر نییه
ئه‌مه سه‌ر به چیرۆكێكی دیكه‌یه
داوام لێ ده‌كه‌ن له به‌رامبه‌ر گاڵۆك به ده‌ستان و زۆر بڵێیان و
ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌شی ئیمپریالیستان، پێستی دێوی به‌نه‌ڕه هه‌ڵبدڕم.
ئاه… به‌ڵام عه‌شق و مه‌یله‌كانم پیس و ژاراوی نییه
تووڕه‌ییی ڕاستگۆیانه‌ی من بۆ شه‌ڕ ناگه‌ڕێ.
من باوه‌ڕم به گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه، به‌ڵام باوه‌ڕێكم به گه‌شه و ده‌روازه‌ی شارستانێتی نییه، به‌تایبه‌ت به‌م جۆره گه‌شه‌كردنه. ئه‌مه گه‌شه‌كردنه ناوه‌رۆكێكی كاره‌ساتبار ده‌داته سروشتی من، چونكه من كۆمه‌ڵناسێك یا پڕۆفسیۆرێك نیم و پیشه‌یه‌كی زۆر سه‌یرم هه‌یه كه نووسه‌رییه. من به هۆكارگه‌لێكی پیشه‌یی ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ری له ئاڵوگۆڕه مێژوویییه‌كان وه‌رده‌گرم.
ئه‌مڕۆ، واتا نیسانی ساڵی ١٩٦٧، بابهتهكان زۆر گۆڕاون. كۆمه‌ڵگه ئیدی ئه‌و كۆمه‌ڵگه پێش پیشه‌سازی، گوندی و ئاییینییه نییه. ئه‌مڕۆكه بینه‌ری ژیاری پیشه‌سازی و ژیاری جه‌ماوه‌رین كه به شێوه‌یه‌كی ته‌واو جیاواز و دوور له سروشت خۆی ده‌نوێنێ. به ئاگاداربوون له‌م بابه‌ته، شاعیر ئه‌م پرسیاره ده‌كات كه ئایا توانای ئه‌مه هه‌یه درێژه به نووسینی شیعر بده‌ین؟ من به نۆره‌ی خۆم نزیكه‌ی دوو یا سێ ساڵه شتێك به ناونیشانی شیعر یا نه‌زم نانووسم. په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ واقعیه‌ت له خاڵێكدا به‌ستوێتی كه له‌وێوه توانای دروستكردنی ئه‌م په‌یوه‌ندییه به هیچ كلۆجێك نییه. لێره‌دا پێمخۆشه دوو دێڕ شیعرتان بۆ بخوێنمه‌وه كه پیشانده‌ری دژواریگه‌لی فره‌یه له پیشاندانی واقعیه‌تی زاڵ:
په‌یامهێنه‌رێك كه توانای كوشتنی مێشێكی نییه
ده‌توانی ئه‌م هاواره شاعیرانه‌یه بكات
چونكه ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و له تۆز تۆزه پووكانه‌وه‌یه
به‌م شێوه‌یه، هاوارم كرد:
“به‌ختی من ده‌توانێ ئازاد بێ!”
و به‌م شێوه‌یه گۆرانیی خۆم وت
هاوشێوه له‌گه‌ڵ حه‌قیقه‌ته به‌رجه‌سته‌كان.
ئێمه ده‌ست له كینایهكانی گوندی ئینجیل ده‌ده‌ین، به‌ڵام گه‌نجێك كه له‌م ساڵانه‌دا له هه‌ر كوێیه‌ك له‌دایك بووه و په‌روه‌رده كراوه، به دژواری تێگه‌یشتنێكی له فه‌رهه‌نگ و سیمبوڵه‌كانی كشتوكاڵی ده‌بێ. پێویسته ئه‌م فه‌رهه‌نگه‌ی به جۆرێك بۆ به‌یان و وه‌ربگێڕین. به ئاگاداربوون له‌مه ده‌مه‌وێ بڵێم ئینجیل و مه‌سیح به‌یانی جیهانی گوندی دێرینن و مرۆڤی ئه‌مڕۆكه ههڵكڕانێكی نییه لێی. ئه‌م بابه‌ته له‌م بیست ساڵه‌ی دواییدا توند بووه و تا بیست ساڵ پێشتر گۆڕانكاریی بنه‌ڕه‌تی له بنه‌مای ئه‌م فه‌رهه‌نگه‌دا دروست نه‌بووبوو: وه‌رزێڕان له مه‌زراكانی خۆیاندا سه‌رقاڵی كار بوون، له چاوه‌ڕوانی به‌هاردا داده‌نیشتن، كێشه‌ی هه‌میشه‌یی مرۆڤ، واتا خراپ و باش به‌رقه‌راربوو و به شێوه‌یه‌كی گشتی جیهان هه‌روا له‌سه‌ر ته‌وه‌رێك به دووباره‌یی ده‌چووه پێشێ. به‌ڵام له‌م پێنج، شه‌ش ساڵه‌ی دواییدا له ئیتالیا و له وڵاتانی دیكه زۆر به‌ر له‌وه هه‌موو ئه‌م بناغانه به شێوه‌یه‌كی گشتی گۆڕاون. له‌م حاڵه‌ته‌دا زه‌وی ئیدی به‌رهه‌مهێنه‌ر نییه، به‌ڵكوو ئه‌مه پیشه‌سازییه ڕۆڵی به‌رهه‌مهێنان ده‌گێڕێ. باوه‌ڕه‌كان و پێكهاته‌كان گۆڕاون.
سه‌رده‌مێك بوو كه له گه‌نجیدا باوه‌ڕم به شۆڕش هه‌بوو، هه‌روه‌ك چۆن گه‌نجانی ئه‌مڕۆ باوه‌ڕیان پێیه‌تی. له ئێستادا ئیدی باوه‌ڕم به‌و شێوه شۆڕشه نییه و له به‌رامبه‌ر خۆمدا جیهانێك ده‌بینم كه هه‌موو ڕۆژێ له ڕۆژی پێشتر زیاتر به‌ره‌و چه‌په‌ڵی و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه ڕاده‌كێشرێ.
ڕوخسارهكانی ئێوه هه‌روه‌ك بیانووگره خۆشگوزهرانهكانه، كه‌واته ئه‌مه ڕاسته نه‌ژادی سه‌رتر خۆی ده‌نوێنێ! هه‌مان نیگای تووڕه‌ی ئه‌وان ئێوه‌ی نهژادپهرستانیش هه‌تانه دوێنێ كه له واله جولیا له‌گه‌ڵ پۆلیسه‌كان پێكدا هه‌ڵپژان، من دڵم بۆ پۆلیسه گه‌نجه‌كان سووتا، چونكه پۆلیسه‌كان ڕۆڵه‌ی هه‌ژارانن و له ده‌وروبه‌ره‌كان یا گونده‌كانه‌وه دێن. ئه‌وان وه‌ك تۆ ته‌مه‌نیان بیست ساڵ زیاتر نییه. ئازیزانی من له سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر پۆلیسه نهگبهتهكاندا شانازی به خۆتانه‌وه مه‌كه‌ن، چونكه ئه‌وانیش له‌م بارودۆخه ناله‌باره‌دا ناچاری كرێگرتهیین.
نووسه‌رێك به‌رده‌وام له كاتێكدا كه شه‌وق و تامه‌زرۆییه‌كی بێ مه‌به‌ستانه‌ی هه‌یه، ناڕازییه‌كی زیندوو و هه‌میشه‌ییه. هه‌ر كه زار هه‌ڵێنێ، ناڕه‌زایی له شتێك ده‌رده‌بڕێ، له هه‌رچی ده‌وڵه‌ته، له هه‌رچی كرێگرتەیییه، به هه‌رچی سه‌رمایه‌داری یا وێكاتنهوهیییه، به هه‌رچی كارگێڕی یا نه‌ته‌وه‌یی و ته‌نانه‌ت ئیمانییه… به‌م پێیه هونه‌رمه‌ندێك هه‌ر به كردنه‌وه‌ی ده‌می، مرۆڤێكی به‌رپرس و ده‌رگیر و خاڵی ئامانجه.
پێشكه‌وتن شتێكی نوێیه، شتێكی ناقۆڵا و ناحه‌ز و ناشیرین بۆ مرۆڤ. له ڕاستیدا ڕازیبوونهكان و خۆشگوزه‌رانی بچووك و خۆنوێنی و پێشدانهوهیه و له كۆتاییدا كاتێك به ده‌ست هات، شتێكی ناشیرینه له ده‌ستی مرۆڤدا. به‌هه‌رحاڵ له‌م پرۆسه‌یه‌دا دنیای ئانتیك و واقعی له هه‌موو جێیه‌ك له‌نێوده‌چێ و دنیای سه‌رمایه‌داری و كۆیله‌ییی جیهانی و سوود و قازانجی تایبه‌تی جیهانی دێرین، ده‌گۆڕێ بۆ شتێك كه ناونیشانه‌كه‌ی (سه‌خیف و كه‌م مایه)یه.
ڕژێمی ئێستای ئیتالیا دیموكراتیك و چی و چییه، به‌ڵام دنیای بهركاربهره كه ژیان له واقعیه‌ته‌كانی خاڵی ده‌كاته‌وه.
پرسیار: له جێیه‌ك وتووته پیربوون ڕه‌هایییه. بۆچی؟
چونكه ئومێدی له كیسچووی داهاتوو و چاولهڕێییان كۆتایی دێ. ڕههایییهكی گه‌وره‌ییه پیر بوون.
سه‌رچاوه:
مذهب زمان من؛ اشعار، یادداشت ها و گفت‌وگو
پیر پاوئلو پازولینی؛ ترجمه، سیروس شملو، مجید راسخی
انتشارات مازیار، چاپ اول ١٣٩٢
[1] – براكه‌ی پازۆلینی له ساڵی ١٩٤٧ له كاتی خه‌باتی گه‌ریلایی له یۆگۆسلاڤیا كوژرا.
[2] – Campidog Lio، كۆشكی ده‌وڵه‌ت.
[3] – Apenneino، زنجیره‌چیاكانی ناوه‌ندی ئیتالیا.
[4] – له كۆمه‌ڵه‌ی میراتی گرامشی Le ceneri di Gramsci له نووسینی پازۆلینی.
[5] – ڕووبارێكی خوڕ له ڕۆما.
[6] – كه‌سێك كه له‌گه‌ڵ سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وا هاوشێوه و هاوفۆرم و هاوئاهه‌نگ ده‌بێ. له به‌رامبه‌ردا، وشه‌ی ئه‌نتی كۆنفۆرمیسته به مانای كه‌سێكی نه‌گونجاو له‌گه‌ڵ سیسته‌م.
[7] – یه‌كێك له ناوچه مێژوویییهكانی فه‌ڵه‌ستین كه ئه‌مڕۆكه له‌نێوان ئیسرائیل و ئه‌رده‌ن دایه.