پشیلە ڕەشەکە

لە ئینگلیزییەوە: ئەحمەد کاوە

سبەینێ دەمرم، بەڵێ سبەینێ دەمرم، هەر بۆیە ئەمڕۆ دەمەوێت بە جیهان بڵێم کە چی ڕووی داوە، بەڵکوو بەم وتنە، ئەم ڕۆحەی من لەو شتگەلە ترسناکە درێژبووانەی ناویدا ڕزگاری ببێت.

بەڵام گوێ بگرە! گوێ بگرە، پێویستە گوێبیستی ئەوە ببیت کە چلۆن من ڕووخاوم، کاتێک منداڵ بووم سروشتێکی باشی لە ڕۆحمدا بوونی هەبوو کە وای لێ دەکردم هەموو ئاژەڵێکم خۆشبوێت – هەموو جۆرە ئاژەڵێک، بەڵام بە تایبەت ئەو ئاژەڵانەی کە پێیان دەڵێین ئاژەڵی ماڵی؛ ئاژەڵگەلێک کە فێربوونە چۆن لەگەڵ مرۆڤدا بژین و ماڵەکانیان لەگەڵ یەکتریدا هاوبەش بکەن. شتێک لە خۆشەویستیی ئەم جۆرە ئاژەڵانەدا هەیە، وەک بڵێی ڕاستەوخۆ بۆ دڵی مرۆڤ قسە بکەن، کە پێ دەچێت لە ئەزموونەوە فێری ئەوە بووبێتن. چەندە ناتەواو و ناجێگیرە خۆشەویستیی مرۆڤەکانی دیکە. کاتێک هاوسەرگیریم کرد زۆر گەنج بووم. دەبێت درک بەو خۆشییە بکەیت کە هەستم دەکرد خێزانەکەم هاوشێوەی من خۆشەویستیی خۆی لەگەڵ ئاژەڵەکاندا بەش دەکرد. ماوەیەکی زۆری نەبرد خێزانەکەم چەند جۆرێک لە ئاژەڵی ماڵیی هێنا بۆ ماڵ کە لە خۆشەویستترین جۆریان بوون. باڵندەمان هەبوو، چەند جۆرێکیش لە ماسی، سەگێکی باش و پشیلەیەک. پشیلەکە ئاژەڵێکی جوان بوو، خاوەن قەبارەییەکی گەورەی ناباو بوو و بە تەواوی ڕەش بوو، ناوی “پلوتۆ”م لە پشیلەکە نا – ئەمەیان ئەم ئاژەڵە بوو کە لە سەرجەمیان زیاتر خۆشم دەویست…

خۆم بە تەنیا خواردنم پێی دەدا، بۆ هەر قوژبنێکی ماڵ ڕۆیشتبام دەهات بەدوامدا. تەنانەت هەندێک جار بە سەختی لە ماڵ دەمهێشتەوە، بگرە تا سەر شەقامەکانیش شوێنم دەکەوت. هاوڕێیەتییەکەمان درێژەی کێشا، بەم شێوەیە، بۆ ساڵانیک. هەر چۆنێک بێت بە درێژاییی ئەم ماوەیە، کەسایەتیی خۆم بە تەواوی گۆڕدرا. دەستم کرد بە خواردنەوە، ڕێژەیەکی زۆر لە شەراب و خواردنەوەکانی ترم دەخواردنەوە. بە تێپەڕبوونی ڕۆژەکان هەستی خۆشەویستی لە ناخمدا لاواز دەبوو؛ زوو هەڵدەچووم، پێکەنین و خەندە دوو شت بوون کە لە بیرم کردبوون. خێزانەکەم و ئاژەڵە ماڵییەکانم، جگە لە پشیلەکە، وایان کرد کە هەست بە گۆڕانێک لە کەسایەتیی خۆمدا بکەم. شەوێکیان زۆر درەنگ لە مەیخانە هاتمە دەرەوە و بۆ ماڵەوە کەوتمە ڕێ، لەکاتێکدا کە من ئێستاکە بە ڕێژەیەکی زۆر لە کاتەکانم بۆ خواردنەوە تەرخان کردووە، هەر بۆیە لە ڕۆیشتندا هەنگاوەکانم ناجێگیر بوون، بە زەحمەت چوومە ناو ماڵەوە، هەر کە چوومە ماڵەوە، بینیم – یان پێم وا بوو “پلوتۆ”م بینی – پشیلەکە، هەوڵی دەدا خۆی لە من دوور بخاتەوە، فەرامۆشم بکات.

ئەم کردارە، لەلایەن ئاژەڵێکەوە کە هێشتا لام وا بوو خۆشی دەوێم، نائاسایی منی تووڕە کرد، خەریک بوو ڕۆحم لە بەدەنم دەربێت. چەقۆیەکی بچووکم لە گیرفانی چاکەتەکەمدا دەرهێنا و کردمەوە. دواتر گەردەنی ئاژەڵە بەستەزمانەکەم بە توندی گرت، ئینجا بە جووڵەیەکی خێرا چاوێکی تەژی لە ترسی ئەوم دەرهێنا! دوای ماوەیەك، هێواش هێواش پشیلەکە باشتر بوو. ئەمە ڕاستییە، ئەو کونەی سەر ڕوخساری کە پێشتر چاوەکەی تێدا بوو، ئێستا شوێنێکی جوان نییە بۆ سەیرکردن؛ بەڵام پشیلەکە چیدی ئازاری پێ نەگەیشت، چونکە ون بوو. وەک ئەوەی پێشبینی دەکرا، هەر چۆنێک بێت، هەندێک جار کە دەمبینی و لێی نزیک دەبوومەوە، بە بینینی من ڕایدەکرد، ئەی پێویست نییە ڕابکات؟ هێشتا تووڕەی نەدەکردم. درکم بە دەرکەوتنی هەستێکی نوێ دەکرد لە ناخمدا. کەسێک کە بۆ سەدەها جار درکی بەوە نەکردووە کە کارێکی هەڵە دەکات، ئێستاش ئەنجامدانی چەند کارێکی خراپ بەبێ هۆکار کە دەزانێت پێویست ناکات بە ئەنجامدانیان؟ ئایا ئێمە ئەو بوونەوەرە (مرۆڤ) نین کە بە هێزەوە هەنگاو دەنێین؟

ڕۆژێکیان، زۆر بێبەزەیییانە، پەتێکی بەهێزم بە گەردەنی پشیلەکەمەوە بەست و بردم بۆ ژێرزەمینی ماڵەوە بە یەکێک لە دارەکانی بنمیچەکەدا لەسەر سەرمەوە هەڵمواسی. بە هەڵواسراوی هێشتمەوە تاکو مرد. بە هەڵواسراوی سەیرێکیم کرد کە مردبوو، چاوم پڕ بوون لە فرمێسک، هەڵمواسی لەبەر ئەوەی دەمزانی خۆشی دەوێم، چونکە هەستم دەکرد هیچ هۆکارێکم پێ نادات تاکو ئازاری بدەم، چونکە دەمزانی ئەو کارەی من تەواو کارێکی هەڵە و خراپە؛ گوناهێکی مەرگئاسا بۆ ئەبەد تەواوی ڕۆحمی گرت، مەزنتر لە خۆشەویستیی خودا. هەمان شەو، هەر کە ڕاکشام تا بخەوم، لە پەنجەرە کراوەکەمەوە گوێبیستی هاوار و ناڵەی دراوسێکانم بووم. لەسەر جێگاکەم هەستام و بینیم کە تەواوی خانووەکە تەژی بووە لە ئاگر، ماڵەکەم وا دەسووتێت، بە سەختییەکی زۆر خۆم و خێزانەکەم ڕزگارمان بوو. کاتێکیش هاتینە دەرەوە لە خانووەکە، هەموو ئەوەی لە تواناماندا هەبوو، ئەوە بوو کە ڕابوەستین و سەیری دیمەنی خانووەکەمان بکەین کە گڕ دەگرێت. تێبینیی پشیلەکەم کرد کە دەسووتا، ئەو پشیلەیەی کە بە مردوویی و هەڵواسراوی لە ژێرزەمینەکەدا بە جێم هێشت. وا پێ دەچوو کە ئەمە کاری پشیلەکە بووبێت، بە شێوەیەکی نادیار خانووەکەی سووتاندبێت وەک تۆڵەکردنەوەیەک بەرامبەر بە کارە قێزەوەنەکەم.

مانگەکان تێدەپەڕین، نەمدەتوانی خەیاڵی ئەم پشیلەیە لە هزرم دەربهێنم. شەوێکیان لە مەیخانە دانیشتبووم، وەک هەمیشە دەمخواردەوە، لە گۆشەی مەیخانەکەدا شتێکی ڕەشم بینی کە پێشتر هەرگیز نەمبینیبوو. ڕۆیشتم سەیری بکەم  ئاخۆ ئەمە دەبێ چی بێت. پشیلەیەک بوو، پشیلەیەک تەواو هاوشێوەی “پلوتۆ”. دەستێکم بەسەر لەشیدا هێنا و ماڵیم کرد. دەستم بە نەرمی بەسەر پشتیدا تێپەڕ دەبوو. پشیلەکە ڕابوو و پشتی خۆی بە پێچەوانەی ئاراستەی دەستم سووڕاند. لە ناکاو تێگەیشتم لەوەی کە من ئەم پشیلەیەم دەوێت. ڕۆیشتم تا لە خاوەنمەیخانەکەی بکڕم، بەڵام ئەو بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە هەرگیز ئاژەڵێکی وای لێرە نەبینیوە. هەر کە مەیخانەکەم جێ هێشت، شوێنم کەوت، منیش ڕێگەم پێی دا بۆ ئەوەی شوێنم بکەوێت. لە کاتێکی کەمدا بووە ئاژەڵە ماڵییەکەی خۆم و هاوسەرەکەم.

بەیانییەک دوای ئەوەی کە هێنامە ماڵەوە، بینیم ئەم پشیلەیە وەک “پلوتۆ”یە، تەنها چاوێکی هەیە. ئەرێ ئەمە چۆن دەکرێ من شەوی پێشتر تێبینیی ئەوەم نەکردبێ؟ ئەم ڕاستییە وای لە خێزانەکەم کرد کە زێدەتر پشیلەکەی خۆشبوێت. بەڵام من بە پێچەوانەوە، هەستم بە هەستگەلێکی ڕقاوی دەکرد کە لەناو لەشمدا تەوژمی دەدا. بەرزبوونەوەی ڕق و کینەکانم دژ بەم ئاژەڵە تەنها وای لەو پشیلەیە دەکرد کە زێدەتر و زێدەتر منی خۆشبوێت. شوێنم دەکەوت، هەمیشە بۆ هەموو جێیەک بەدوامدا دەهات. کاتێک دادەنیشتم، خۆی لەژێر کورسییەکەی مندا درێژ دەکرد. کاتێکیش کە هەڵدەستامە سەر پێ، دەهاتە نێوان قاچەکانم، هەندێک جار وای لێ دەکردم کە بکەوم. بۆ هەر شوێنێک ڕۆیشتبام، هەمیشە لەوێ بوو. شەوانە خەونم پێوە دەبینی. ئەمە وای دەکرد کە ڕقم لەم پشیلەیە ببێتەوە! ڕۆژێکیان خێزانەکەم بانگی کردم بۆ ژێرزەمینی خانووە سووتاوەکەمان کە بە ناچاری لەوێ دەژیاین. هەر کە چوومە خوارەوە، پشیلەکە وەک هەمیشە دوام کەوت، بە ژێر قاچەکانمدا ڕایکرد، خەریک بوو بمکەوێنێت. لە ناکاو تووڕەیی و هەڵچوونێک دایگرتم، دەستم دایە چەقۆیەک و ڕاستەوخۆ بۆ ئاراستەی پشیلەکە وەشاندم. بە خێرایی، خێزانەکەم دەستەکانی لە بەرامبەرم دەرهێنا و قۆڵمی گرت. ئەمەیان زیاتر منی تووڕە کرد و بەبێ بیرلێکردنەوە، چەقۆکەم سووڕاند خستمە ناو دڵیەوە؛ چەقاندم بە سنگیدا! کەوتە خوارەوە و بەبێ ئەوەی دەنگێکی لێوە بێت، مرد. چەند ساتێکم تەرخان کرد بۆ دۆزینەوەی پشیلەکە، بەڵام ڕۆیشتبوو. هەندێک کاری تر هەبوو کە دەبووایە ئەنجامیان بدەم، چونکە دەمزانی پێویست بوو خێرا چارەیەک بۆ ئەم لاشە مردووە بدۆزمەوە. لە ناکاو تێبینیی شوێنێکی ژێرزەمینەکەم کرد؛ دیوارەکەی، دیواری ژێرزەمینەکە بە بەرد پڕ کرابوو بۆ ئەوەی شوێنی ئاگردانە کۆنەکە بگرێتەوە. دیوارەکە زۆر بە پتەوی دروست نەکرابوو و هەستم کرد زۆر بە ئاسانی دەتوانم ئەو بەردە ڕیزکراوانە بهێنمە خوارەوە. لە پشتەوەی بەردەکان، وەک ئەوەی کە دەزانم پێویستە شوێنێکی لێ بێت، کونێکی گەورەی لێ بێت کە توانای شاردنەوەی لاشەیەکی هەبێت. بە هێزێکی زۆرەوە لاشەکەم بردە ناو کونەکەوە و بە هۆشیارییەوە بەردەکانم بە ڕیزکراوەیی لەسەر یەک و لە هەمان شوێنی خۆیان دانایەوە. زۆر دڵخۆش بووم بەوەی کە تەنانەت یەک کەسیش هەست بەوە ناکات کە بەردێک لەم بەردانە جووڵابێت. ڕۆژەکان تێدەپەڕین. هێشتا هیچ پشیلەیەک دیار نەبوو. خەڵکانێکی کەم دەهاتن و پرسیاری خێزانەکەی منیان دەکرد، منیش زۆر بە سادەیی وەڵامیانم دەدایەوە. پاشان ڕۆژێکیان چەند ئەفسەرێکی پۆلیس هاتنە ماڵەکەم. دڵنیا بووم لەوەی کە هیچیان پێ نادۆزرێتەوە، داوام لێ کردن کە بێنە ژوورەوە و کاتێک پشکنینیان دەکرد، لەگەڵیان ڕۆیشتمە ژوورەوە. لە کۆتاییدا ڕۆیشتن بۆ ژێرزەمینەکە و هەموو کون و قوژبنێکیان پشکنی. بە بێدەنگییەوە تەماشای ئەوانم دەکرد و هەر وەکوو پێشگۆییم کردبوو، هیچیان نەدۆزییەوە. بەڵام هەر کە خەریک بوو دووبارە بڕۆن بۆ سەرەوە، هەستم دەکرد چەند هێزێکی شاراوە لە ناخمدا وام لێ دەکەن کە نهێنییەکە بۆ ئەفسەرەکان باس بکەم، تاکو بیزانن، کە من براوە بووم لەم شەڕەدا.

وتم: “دیواری ئەم ژوورە، زۆر بە باشی چێ کراوە؛ کۆنەخانوویەکی دڵگیرە.” هەر کە قسەم دەکرد بەو دارەی دەستمەوە لەو دیوارەم دەدا کە لە پشتەوەیڕا لاشەی خێزانەکەمی لێ بوو. لە ناکاو درکم بە هەستێکی ساردوسڕ کرد کە لە پشتەوە، قیژەیەکی بەرز لە دیوارەکەوە هات. بۆ چەند ساتێکی کەم ئەفسەرەکان سەیری یەکتریان کرد. بە خێرایی دەستیان کرد بە هێنانەخوارەوەی بەردە ڕیزکراوەکان و لە چەند کاتێکی کەمدا لە پێش خۆیاندا لاشەی خێزانەکەی منیان دۆزییەوە. لاشەیەک دەرکەوت ڕەشئاسا و خەڵتانی خوێنی وشک ببوو. بۆنەکەی وەک ئەوە وا بوو کە دە ساڵان لە پشت ئەم دیوارەوە بووبێت. لەسەر سەری لاشەکە، چاوێکی تەژی لە ئاگری لێ بوو، دەمە کراوە گەورەکەی خوێنی لێ دەهات، پشیلەکە بوو کە لەسەر سەری لاشەکە دانیشتبوو، هاواری بۆ تۆڵەسەندنەوەی خۆی دەکرد!