عەوداڵی جێیەکە پێی بگات
دوگمەیەک دایبگرێت
وەک داگرتنی گڵۆپی حەمامەکە
یان وێنەیەک بیچرکێنێت؛
وێنەی هێڵ و زاویەکانی جەستەی
لە تاریکیدا
.
جەستە دەیەوێت بەرزبێتەوە
بەرەو بۆشایییەک کە تێیدا؛ ئاوێنەی گوناهەکان
بە شکاوی
پرشنگی جوانتر دەخەنە سەر دیوار
ئەوکاتەی خۆر دەکەوێتە سەریان
.
من لە دووانەی جەستە و ڕۆح تێنەگەیشتم
تا کاتێک ئازاری ڕووشانی پێستم
لەژێر لفکەی کەفاویدا ڕایچڵەکاندم.
.
ئەمجارە نەک ئاوێنە
بەڵکوو تیرۆژە کە دەبێت پارچەپارچە بکرێت…
