دایکی هەموومان هەمینە

نابێ بزانین لە درەنگانی کام شەوەوە بۆ پەتێک دەگەڕام تا بۆشایییەک، کونێکی پێ بڕەخسێنم لە نێوان دوو بارستای لێکنراودا. لێک نرابووم، لەمێژ بوو، نەمدەزانی لەگەڵ چی، لەگەڵ کوێی جیهان لێکنراوم. سەرم دەکردە هەر پانتایییەک، لە شتێک، لە بارستایەک دەدرام کە بیناییی تێدا نەدەهێشتم، کوێراییم دادەهات، نەدەبووم. نەدەبوو بزانم بۆ لە درەنگانی ئەو شەوەوە، ئاوا بۆ پەتێک دەگەڕام، بۆ لە درەنگانی هەموو شەوانەوە، ئاوا قامکە گەورەم دەکردە ئەردێک بۆ سەمای قامکی ئاماژەم، بە شوێن پەتێکدا لە پەراوێزم.

سەرەتا هیچمان ناویمان نەدەزانی و تەنانەت بە مێشکیشماندا نەدەهات، بە جۆرێک دایکی هەموومان بێت؛ دایکی هەموو ئەو سکاڵاکەر و سکاڵالێکراوانەی لە ژووری ڕائیدی پۆلیسی شار کاتیان بۆ دانرابوو تا هەریەکەو دۆسیەی خۆی لەگەڵ پێشمەرگەیەک ببات بۆ دادگای هەولێر. بە منداڵێکەوە هاتە ژووری ڕائید و دوایی زانیمان تەمەنی خۆی چل ساڵە و تەمەنی منداڵەکەی نێو باوەشیشی چل ڕۆژە. لای خوارووی ژوورەکە و لەبەر پەنجەرەکەدا، ڕێک لە بەر دیمەنی دووری قەڵادا کە تا ئەوکات کەس سەرنجەی نەدابوو، ڕاوەستا و بە قوڕگێکی گریاوەوە، سڵاوی کرد، ئەوسا ڕائید، لەبەری قنجەپێ هەستا.

پێم وابێ چوار کەس دەبووین لە ژوورەکەدا، من و دوو پیاوی دیکە و ژنێک کە پێیان دەگوت “سابات” و پێش ئەوەی “هەمین” بێتە ژوور، بە قسەکردنی گەرموگوڕی لەگەڵ فەرمانبەرێکی ژووری ڕائید، سەرنجی هەموومانی بۆ خۆی ڕاکێشابوو. هەر ئەوەش وای کرد، کەس گرنگی بە هاتنی هەمین نەدات. سابات هەر لە فەرمانبەرەکە دەپاڕایەوە مۆبایلەکەی بداتەوە. فەرمانبەرەکەش دەیگوت “ئەمن ناتوانم، بە ڕائیدی برێ”.

-بەو بێ هەر ناهێڵێ چاویشـم پێی بکەوێتەوە.

-ئیدی ئەوە موشکیلەی خۆتانە، ئەمن حەقم بەسەر وەی نییە.

سابات بە نازێکەوە سەیری ڕائیدی کرد، دەنگی کز کرد و لەبن قوڕگەوە، گوتی: “مامۆستا بەس یەک دەقە مۆبایلەکەم دەوێ، پارەم پێ نەماوە دەبێ ژمارەی هاوڕێیەکم بدۆزمەوە، پێی بڵێم بێت، پارەم بۆ بێنێت.”

ڕائید هەندێک کاغەزی لە بەردەستدا بوو، خەریک بوو دانەدانە واژۆی دەکردن. دوایی زانیمان دۆسیەی “هەرمان” ناوێک بووە کە سکاڵای لەسەر براکەی کە هاوسێشی بوو، تۆمار کردبوو. دەتگوت هەر گوێشی لە قسەکانی سابات نییە.

-مامۆستا… توخوا!

هەمین کە تا ئەوکات هیچمان نەمانزانیبوو ئەوە ناوێتی، لە سابات نزیک بووەوە و کۆرپەکەی لە باوەشی دوور خستەوە، کەمێک داینەواند کە بگاتە ئاستی نیگای سابات لەسەر کورسییەکە و گوتی: “تەماشاکی ناکەی؟ بزانە چەند لۆم جوان کردی!”. سابات بێ ئەوەی سەیری کۆرپەکەی باوەشی هەمین بکات، گوتی: “توخوا لایبە لە بەرچاوم، خۆم خەفەتم کەمە…” و ڕووی کردەوە ڕائید و بە هەمان نازی پێشووەوە گوتی: “دە دەی توخوا مامۆستا، هەر دوو دەقە…”

تابلۆی (دایکمردوو)ی هونەرمەند (ئێگۆن چیلێ ١٨٩٠-١٩١٨)ی ئەڵمانی

هێشتاش نازانم دەبێ چەندە نزم ببمەوە بۆ بینینی سەرەتا، نازانم هۆی بینینی سەرەتا، کاتێک دەنگێک لە پەنامدا پاڵم تێوە دەنێت لە سەرەتا بمێنمەوە و نەبمەوە بۆ تۆزاڵی ئەم ڕۆژانە؛ کاتێک تۆزاڵێک بە سەرمەوە چەماوەتەوە کە هەڵینەبڕم بۆ ئاوڕدانەوەیەک لەو داهاتووەی سەرەتام لە بیر دەباتەوە. چی لە داهاتوومدا دابین کراوە بۆ لێکنران؟ نازانم. چی لە لێکنرانمدا هەیە بۆ سەرەتا؟ ناتوانم بیزانم…

ڕائید بە تووڕەیییێکەوە سەیری ساباتی کرد و بە ڕێزەوە بە هەمینی گوت: “ئەوە چییە هەر قسەشی لەگەڵ بکەیت خات هەمین، فەرموو دانیشە، فەرموو…”

هەموو ژوورەکە بۆ چەند چرکە بێدەنگ بوو. هەموومان دەتگوت بە بیستنی ناوی هەمین نهێنییەکی گەورەمان بیستووە. سەیری باڵای کورت و ئارامیم دەکرد کە خەریک بوو بە هێمنی دەخزا بەرەو پەنجەرەکەی لای خوارووی ژوورەکە تا لەسەر یەک لە مۆبلەکانی بەر پەنجەرەکە ڕۆنیشێت، لەبەر دیمەنی بە خۆڵ پواوی قەڵا کە لە دوورەوە ئارام ڕۆنیشتبوو لە چەقی چەوری هەولێردا.

تا کەی ئەوەندە ئەو جووتەئەستێرە پواوە لە یەک نزیک دەکەیتەوە و بە یەکیان ناگەیەنیت؟ بۆچی ئەوەندە بە دوورڕاگرتن، پواندووتن؟ چۆنە نازانی ئەو هامشۆیە بۆ گەردوونت خراپە، وەڕەزی دەکات لە وزەت؟

سەری بۆ نێو باوەشی دانەواند و لەگەڵ کۆرپەکەی کەوتە دووان. ئازای ئەندامی دەتگوت بە دووان دەشێوێت، شی دەبێتەوە و وێک دێتەوە؛ کتوپڕ سەر بە جەستەیەوە نەما و یەکسەر بوو بە شان و باوەش، بوو بە قەڵا، ئەو قەڵایەی سوبح و ئێوارە خەڵک پێیدا سەردەکەون تاوەکو لە چینەکانی داوێنییەوە سەر بکەون، خۆ بکەن بە تڵیشی مەمکی مەییویدا و لەوێوە سەردانی شوێنە کەونینەکانی بکەن، کانییە کاولکراوەکانی، ئافاقی پڕ لە شەڕوشۆڕی، درەختە چیرۆکبێژەکانی.

بە دەنگی ڕائید وە خۆم هاتمەوە. هەرمان سەری کێشابووە سەر مێزەکەی ڕائید و خەریکی خوێندنەوەی دۆسیەکەی بوو. جاروبار پرسیارێکی لە ڕائید دەکرد و ئەویش بە هێمنی وەڵامی دەدایەوە.

-باسی ئەوەت تێدا کردووە کە تا ئێستا چەند جار نیوەشەوان بەسەر دیوارەکەماندا هەڵگەڕاوە و هاتووەتە نێو ماڵەکەم؟

-بەرێ، بەرێ. هەمووی نووسرایە.

-شایەتیشم هەیە.

-شایەتەکانت دێن؟

-بێگومان، ناویان نووسرایە. نەتنووسییە؟

-بەیچۆن، هەر سێیان ئەوەتان…

لاپەڕەکانی هەڵدایەوە و یەکیانی لە بەرچاوی هەرمان گرت و ناوی شایەتەکانی یەک بە یەک بۆ خوێندەوە.

-تەواوە. ئەو ئەبووبەکرەیان ئاگای لەوەش بووە کاکم چەند جار لە کۆرانیش دەستی بۆ تەنوورەکەی هاوژینم بردووە. دەرێ بێمە دادگای ئەوەش دەرێم.

لە دەرگاکەوە پێشمەرگەیەک بە جگەرەیەکەوە وە ژوور دەکەوێت، پێیەک لە عەرز دەکوتێت و دەڵێت: “من ئامادەم، دۆسیەکە تەواو بووە؟”

ڕائید سەیرێکی دەکات.

-ڕاوەستە ئەوە تەواو دەبیتن.

هەمین لە سووچی خوارووی ژوورەکە، لە نزیک دەرگاکەوە سەیری هەرمان دەکات و چاوی تەڕاییی تێ دەزێت. لەبەر خۆیەوە دەناڵێنێت: “هەی ماری وێرانم، ئاخرزەمانە” و سەیرێکی من دەکات کە چاوم بڕیوەتە نیگاهی پیری و دەپرسێت: “برای خۆی بووە؟ بە براژنەکەی فێر بووە؟”

بە نیگاهم پێی دەڵێم “ئەرێ” و دەڵێت: “هەی کۆرە بم هەیش”.

فەرمانبەری نێو ژوورەکە، بیست خولەک دەبێ لەنێو دۆسیەکاندا دەگەڕێت، دەنەڕێنێت: “بیلال، بیلال مستەفا” و کۆتایی بە قسەکانی هەرمان دێنێت. هەمین سەر دەکاتەوە بەنێو باوەشیدا و لەگەڵ کۆرپەکەی نێو باوەشی، سرتەسرت دەکەوێتەوە قسان. بیلال مستەفا دێتە ژوور و بەدواشیدا، مێرمنداڵێک. بیلال یەکسەر تاوەکو بەردەم فەرمانبەر ناوەستێت، بەڵام مێرمنداڵەکە قوتوویەک شیری پێیە و دەچێتە بەردەم هەمین، قوتووەشیرەکەی بۆ ڕادەگرێت. هەمین بە ئەسپایییەک پێی دەڵێت: “نامهەوێت، تێرە”. ئەوسا بە دەستێکی کورسییەکەی پاڵ خۆی نیشان مێرمنداڵەکە دەدات و دەڵێت: “دانیشە”.

دەبێ چ شیرێک بمکاتەوە بە وجوود، کاتێک هێشتا لە شیری کەشکەشانێ ڕانەپسکاوم؟ دەبێ کامە مەمکی مەییو پەیوەستم بکاتەوە بە زەمین، کاتێک هێشتا هیچ بارستایەکیم لێ ئاشکرا نەبووە؟ بڵێی لەگەڵ کامە باوەش پێکدا بلکێین تاوەکو لێکنران؟

دەنگی بیلال و فەرمانبەر بەرز دەبێتەوە و دەمگەڕێنێتەوە نێو ژوورەکە. فەرمانبەر بەسەریدا دەنەڕێنێت: “خۆ قەردارت نینە برام، پارەی ساختەی پێ بووە، ئەوەش 20 ملیۆن دینار”.

-بە خودای هیی خۆی نەبووە، برادەرێکی لە جانتاکەی ناوە.

-ئێمە کارمان بەوەی نییە، ئەوە کاری دادوەرە لێکۆڵینەوەی لۆ بکاتن. ئێمە دەزانین پارەکە بە دەست ئەو بووە و کاتێک ویستووێتی لێی خەرج بکاتن خاوەن فرۆشگەیەک گرتووێتی.

-ئەمنیش نارێم بەو نەبووە، بەس دەرێم ناوی ئەو کەسەش بنووسن کە پارەکەی دایتێ.

-ئەوە کاری ئەمە نییە، ئەوەیان دەبێ لای دادوەر بنووسرێت و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەربکاتن. ئەوەختە ئێمەش دەستگیری دەکەین.

دۆسییەی براکەی بیلال دەخاتە بەردەستی ڕائید و دەڵێت: “سەیدا! ئەوە واژۆ بکە، با بینێرم بۆ دادگە”.

ڕائید بێ ئەوەی سەیری نووسراوەکان بکات، واژۆی دەکات و دەیداتەوە. فەرمانبەر هاوار دەکات “سۆران، سۆران… وەرە ئەوە دۆسییەکە ئامادەیە، بە ڕێ بکەون”.

کاتێک سۆران دێتە ژوور و دۆسیەکە وەردەگرێت و لەگەڵ بیلال دەردەچن، فەرمانبەر ڕوو دەکاتەوە سابات و دەڵێت: “ئێ…”

سابات بە نازێکەوە دەڵێت: “ئێ… تەواو بووی. دە ئەمجار مۆبایلەکەی من بێنە”.

فەرمانبەر بە تیزێکەوە دەڕوانێتە سابات و سەیری ئێمە دەکات، دەڵێت: “سەعاتێکە لێرەیە، داوای منداڵەکەی ناکات لە تەنیشتێتی، داوای مۆبایلەکەی دەکات، هەی داوەشێی…”

-منداڵم بۆ چییە؟ خۆمم بە حاڵێکی خۆش بۆ بەخێو دەکرێت، منداڵێکیش لە خۆم بار بکەم؟”

هەمین لەولاوە بە ئەسپایی دەڵێت: “ئەوجە خۆ نارێین بەخێوی کە، هەر تەماشایەکی کە، بزانە چەند جوانە دەرێی خۆرە…”

ئەوسا باوەشی دەکاتەوە و کۆرپەکەمان نیشان دەدات.

دەڵێی خۆرە لە تاریکاییی چارشێوەکەی هەڵدێت و ژوورە چڵکنەکە ڕووناک دەکاتەوە. دەڵێی خۆرە، تیشکەکەی لەگەڵ تیشکی ئەو خۆرەی لە دەرەوەڕا، خزاوەتە نێو ژوورەکە تا لە تەپوتۆزی شار خۆی ڕاپسکێنێت، یەک دەگرنەوە و دەبنە بارستایەکی نوورانی لەسەر بارستای ڕزیوی ئەوێ. کتوپڕ دەڵێی شتێک لەنێو ژوورەکەدا دەشڵەقێت، تومەز بە بەریەککەوتنی دوو وزە، تەکانێک لە مەکانێک دەدرێت.

ڕائید سەیرێکی من دەکات و لەبەر لێوەوە، وەها کە کەس گوێی لێ نەبێت، دەڵێت: “ئەوە منداڵی ئەوەیە” و بە گۆشەبرۆیەک ئاماژە بە سابات دەکات. کتوپڕ وەک هەموو ئەوانەی لەنێو ژوورەکەدان، بیستبێتیان؛ بارستای ژوورەکە جووڵەیەکی تێ دەکەوێت و هەمووان تێکڕا سەیری سابات دەکەن. شەرمێک دەیگرێت و بۆ چەند چرکە مۆبایلەکەی لە بیر خۆی دەباتەوە و ڕوو دەکاتە هەمین.

-هەر نامەوێ بیبینم، ئەترسم سۆزم بۆی بجووڵێت. توخوا چارشێوەکەتی پێیا بیەرەوە، خەوتووە با هەڵنەستێت.

کۆرپەکە پەنجەتووتەی خستووەتە نێو دەمی و نوستووە. هەمین سەری دەخاتە نێو باوەشی و بە هێمنی پشتەدەستی ماچ دەکات.

-نەنووستییە، چاوی لێک نایە…

جا چارشێوەکەی دەداتەوە بەسەریدا و ڕوو لە سابات دەڵێت: “بە خودای ئەوهات فڕێ نەدایە سۆزت لەبۆی بجوورێ”.

دڵۆپێک فرمێسک کە لەمێژ بوو لە کونجی چاوی چەپیدا قەتیس ببوو، بە گۆنایدا دێتە خوار و ناهێڵێت بکەوێتە سەر کۆرپەکە، بە پشتەدەستی کە لەسەر دەستی کۆرپەکەیە، دەیگرێتەوە و بە ئەسپایی فڕێی دەدات. سەیرێکی من دەکات و هەناسەیەک هەڵدەکێشێت، وەک بیهەوێت دەست بە گلە و گازندە بکات، سەری قسان دەکاتەوە.

-حەفتەک بوو مندارم لە بار چووبوو، شەوان هەر گێم لە دەنگی گریانی دەبوو لە کۆرانێوە. دەمگۆ خەیارە، بە بابی مندارانم دەگۆ گێم لە دەنگی مندارەکەمە دەگریێ، شێت بوویمە. مارێیان بێدەنگ دەکرد، هەر یەکەی گێی دەنا بە جێیەکی مارێوە و پاش قیچەک دەیانگۆ: “خەیارە”. شەوەکیان سەعات چەند بوو نازانم، دەنگەکە لە خەوی راچرەکاندم، هەمووانم بە خەبەر هیناوە، گۆتم خەیار نییە. ئەم کوڕەم بەری هەمووان گێی لێ بوو.

بە دەست ئاماژە بە کوڕەکەی دەکات کە لەو کاتەوە هاتووەتە ژوور، بە جانتایەک و بەتانییەک، بەسەر دایکییەوە، دەستەونەزەر وەستاوە. لە شەرمان سوور دەبێتەوە و تەنیا سەیری کۆرپەکەی نێو باوەشی دایکی دەکات.

-گۆتی ئۆدە ئەو دەنگە لە کۆرانێوە دێت و ڕایکرد. هەر کەس نەیزانی کو دەرکەی کردەوە و کو گەیشتە کۆرانێ، نەڕاندی…

سابات قسەکەی پێ دەبڕێت.

-توخوا باشە بیری ئەو شەوەم مەخەرەوە.

ئەوسا ڕوو دەکاتەوە فەرمانبەرەکەی ڕووبەڕووی و بە چاو داوای مۆبایلەکەی دەکاتەوە. فەرمانبەریش سەیرێکی ڕائید دەکات و دەڵێت: “جا توخوا حەقە بیدەنێ؟”

دەبێ چ شەوێک گونجاو بێت کە تێیدا بکەویتە نێو جیهان، دەبێ کامە سات لە کامە شەودا، ئامادەی پێشوازی لە گرمۆڵەزامێک بێت کە لەم گۆمەی بنێت؟ ئاوارەیەک لە پەنای پەرژینی پاڕکێک، نووستووە؛ لێقەوماوێک لە پاڵ دیوارێکی نیوەڕماو، پەکی کەوتووە؛ یا نە مەستێک لە لێواری شەقامێکدا، ڕێگەی ون کردووە… دەبێ چ کاتێک بێت کە زەوی هێشتا لە ئازارێک ڕزگاری نەبووبێت، ئازارێکی دیکەیان بۆ بە ڕێ کردووە؟

هەمین سەیرێکیان دەکات و بێدەنگە. تومەز چاوەڕێی بڕیاری ڕائیدە. پۆلیسێک دێتە ژوور و دوای ئەوەی پێیەکانی لە عەرز دەکوتێ دەڵێت: “سەیدا ئەمە ئەو پیاوەیە کە دوێشەو بە مەستی سەیارەی لێخوڕیوە و داوێتی لە سەیارەی ئەم پیاوە”. دەستی بەرەو من دەکێشێت. سیمای دەناسمەوە و حەز دەکەم شتێک بڵێم، بەڵام هێشتا قسەکانی هەمین بەری نەداوم. ڕائید دەڵێت: “بە مەستی لە سەیارەی خەڵک دەدەیت و بە چەک هەڕەشەشی لێ دەکەیت؟ نایخۆی”. ئەوسا بە تووڕەیییەکەوە دەرگاکە نیشان پۆلیسەکە دەدات و دەڵێت: “با بڕواتە دەر، چاوەڕێ بکات.” کاتێک پۆلیسەکە تاوانبار دەباتە دەر، ڕائید سەیری من دەکات و دەڵێت: “نەمگوت دەگیرێت، داروبەردی ئەم شارە کامێرای چاودێرییە.”

هەمین لەولاوە هەڵدەداتێ و دەڵێت: “خۆزیا لە بەردەرکەی مارێ مەش کامێرای لێ دەبوو.”

سابات قسەکەی پێ دەبڕێت و بە تووڕەیییەکەوە دەڵێت: “جا کامێرای چاودێریت بۆ چییە، ئەوە نییە خۆم ددانم پێ داناوە و دەتدەمێ.”

-ئەمن هەوڵمە نەیدەیە من، بەخۆت بەخێوی بکەی، کچم. چەندەم پارە لێ دەستێنیت کە بمدەیێ، سێ هێندەت دەدەمێ، بەخۆت بە سەرییەوە بی…

دەنگی کز بووەوە و ئانەو گریان بێدەنگ بوو. ئەوەندەی نەخایاند، لەبەر خۆیەوە گوتییەوە: “کامێرام لۆ ئەو قۆدییەبیبسییە دەوێ کە ناوکیت پێ بڕییە، بزانم کو تانیتت…”

بۆچی ناوکم لە کەشکەشان دەبڕیت، لە ئاسمانم دەکەیتەوە؟ ئەم جیهانە چی هەیە وا بێبەزەیییانە لە خۆتم هەڵدەکەنیت و لە بارستایەکی ساردم دەنێیت کە پێی دەڵێن زەمین؟ بۆچی نەدەبوو بزانی حەزم لە دەرپەڕین لەو هێشووە وزەیە نەبووە؟ ئەم کەنارە کەی دەتوانێت بەرگەی ئەو بەلەمانە بگرێت کە لە شانی چەپمەوە ڕەوانەی حەیات کراون، حەیات بێ…

لە دەرگاوە پیرەژنێک بە چێوشەقێک بەبن باخەڵێکییەوە دەردەکەوێت و کوڕێکی گەنج خۆی داوەتە ژێر ئەو باخەڵەی وا بەتاڵە. لێوی، گووپی، برۆی، تەنانەت لووتی وا دەنوێنێت زۆر تووڕەیە وا سڵاوی کەس ناکات و یەکڕاست دەچێتە سەر مۆبلە چۆڵەکەی پەنای هەمین، ڕۆدەنیشێت. چێوشەقەکەی دەخاتە حاستی نێوان قاچەکانی و بە چەناگەی، خۆی بەسەردا شۆڕ دەکاتەوە. هاتنەکەی وایە ئەوەی لەنێو ژوورەکەدایە، قڕوقەپ دەبێت. بۆ چەند خولەکێک تەنیا دەنگی هەناسەی ئەو چەند کەسە دەهات کە لەوێ بوون. دوایی وردە وردە بێدەنگیی شکاند و زانیمان، ناتوانێت بە لێو قسان بکات. ئەو دەستەی بەرز دەکاتەوە کە دەیتوانی واز لە چێوشەقەکەی بێنێت، ڕێک بەرەو گەرووی دەیبات و شتێک دەخاتە سەر کونێک. هاڕەی دێت.

-هەمە سی هەتنێهە هۆ هوڕی مهنتانهـ نهاوهەتەوهە؟

ڕائید وەک بڵێی تێنەگەیشتبێت، سەیرێکی هەموو دانیشتووانی نێو ژوورەکە دەکات و دەڵێت: “ها؟” فەرمانبەرەکەی بۆی وەردەگێڕێتەوە و دەڵێت: “مەقسەدی ئەوەیە کەتنێکمان بۆ کوڕەکەی ناوەتەوە.”

-وەڵا دایکی من هیچ تەقسیری مە نییە، ئەم خاتوونە لە سکاڵاکەیدا ناوی چەند کەسی هێناوە کە بەگومانە لەوەی باوکی منداڵەکەی بن، یەکیان کوڕی تۆیە. داوای فەحسیشی کردووە و فەحسەکەشی دەبێ بچتەوە بەغدای، لێرە فەحسی لەو جۆرەمان نییە.

-هەی هووی هەش بهێ..

-ها؟

-دەڵێ رووی ڕەش بێ قوربان.

سابات لەولاوە بە لێوەقرچەیەک سەیری پیرەژن دەکات و دوایی ڕوو دەکاتە کوڕەکەی کە شانبەشانی کوڕەکەی هەمین، بەسەر دایکییەوە وەستاوە، دەڵێت: “پێت نەگوتووە شەوانە لە کوێ ڕۆژ ئەکەیتەوە وا پێی وایە کەتنیان بۆ ناویتەوە؟”

کوڕی ژنەکە بێ ئەوەی سەیری بکات و نیگاهی لەسەر ڕائید هەڵبگرێت دەڵێت: “ئەمن ئەتوم هەر نەدیتییە خاتوون، نازانم باسی چ دەکەی.”

-ئا ئا ئەزانم من ناناسیت، با فەحسەکەو بێتەوە ئەوەختە بیرت ئەکەوێتەوە.

-بە خوای دەزانم کۆرێک خەرجم پێ دەکەیت و دەمنێرییە بەغدای، بەرام بە مەقسەدی خۆت ناگەی. دەتەوێ منداری خەرکی بەسەرە من ساغ بکەیەوە.

هەمین هەناسەیەک هەڵدەکێشێت و دەڵێت: “بە خوای تازە منداری کەس نییە، هیی خۆمە. خوا دەیزانی شەوان هەموومان تا بەیانی ئێشکی دەدەین”. جا دەست بۆ کوڕەکەی دەکێشێت و دەڵێت: “ئەو شێرەکوڕەت دیتییە، بیستوچوار سەعات ئاوا بەسەریەوە وەستایە نەوەکو برسیی بی. دەرێم جەرگۆ، لە مەمکێ خۆمی تێر شیر دەکەم، خۆ ئەوەتانی مەمکەکانم هێشتا ڕسقی براکەی خۆتانی لێوە دێت. خوا دەیزانی ئەوە دەچتە چل ڕۆژ لای مەیە، هێشتاکە نەیهێشتییە کەس حەفازەکەی بگۆڕیتن، هەر بەخۆی…”

کوڕەکەی دیسان سوور دەبێتەوە لە شەرمان و دەستێک دەخاتە سەر شانی هەمین، وەک بیهەوێت بێدەنگی بکات. بەڵام هەمین واز ناهێنێت.

-سەد ناوی لۆ دیتیتەوە تا هەنووکە. تاوەک دەرێ ناوی دەنێین زم زم چی؟ ئادی، زمناکۆ، تاوەک دەرێتن ناوی دەنێین زاموا… چوزانم بە خوا. ئەمن هەر پێی دەرێم بوەستە با حکوومەت بەرگەکمان لۆ بنووسیتن، ئەوەختە ئیی خۆمانە هەر ناوەکی لێ بنێین هەوە”.

دیسان لە سیلەی چاوەکانییەوە قەڵا دەبینمەوە، ئا، ڕێک لە سیلەی چاوەکانییەوە، خشتە کەونینەکانی دەست پێ دەکەن و دەبنە باوەشێک ئەوەندەی گڕ و گەرمای شار. بە هەر ئەم جیهانە دەتوانی ڕستەیەک بدۆزیتەوە کە پڕە لە ئەندەهوو، پڕە لەو ئەندووهە دوورەی تەنیا لە ئادەمیزاد نزیکە. ڕێک وەک قەڵا، زیاتر خۆی کۆم دەکاتەوە کە کۆرپەکەی لە سابات و کوڕی پیرەژنە گەرووکونەکە بشارێتەوە. تومەز پێی وایە بە زوویی مشتومڕەکانیان دەبێتە هۆی لێسەندنەوەی کۆرپەکەی و دوورخستنەوە لە ئامێزی ئەندازەی.

بۆچی ئەندازەی ئەو ئامێزەت لە بەرچاو نەگرت کە دەبوو منی لێ بنێیت، چۆن نەتزانی هیچ فەحسێک نامهێنێتەوە سەر تۆ؟

ڕائید دەڵێت: “ئەمە کاری خۆمان دەکەین و ئێوەش کاری خۆتان بکەن. ئێستا با پۆلیسی تایبەتی دادگا بێتن، کوڕەکەت، ناوی چ بوو؟ -لاپەڕەی کاغەزەکانی بەردەستی هەڵدەداتەوە و بەردەوام دەبێت لە قسەکانی- ئا، کاکە دەشتی، دەچێت بەڵگەی فەحسەکەی لە دادگا وەردەگرێتن، نموونەی خوێنەکەی لێ دەستێنن و دەینێرنە موختەبەر لە بەغدا. دوو هەفتەی پێ ناچێت، جواب دێتەوە و هەموو شتێک دەردەکەوێت.”

دەشتی بە دەست، دەستی هەڵدێراوی دایکی دەگرێت کە خەریکە لە گەرووی نزیک دەبێتەوە تاوەکو شتێک بڵێت و دەڵێت: “کێشەمان نییە، حازرین.”

هەمین وەک وەڕەز بووبێت لەو هەموو کاتەی کە لێی بە فیڕۆ چووە، دەڵێت: “ئەی بابە، دوو حەفتەی پێ دەچی؟”

-ڕەنگە زیاتریش، دوو هەفتە بەس بۆ جوابی موختەبەری بەغدا کاتی دەوێت، تا دەگاتەوە دەستی ئێمە، زۆرتریش کات دەبات.

سابات لەولاوە هەڵدەداتێ و دەڵێت: “ئەی مۆبایلەکەی من؟”

دیسان هەموو ژوورەکە بێدەنگ دەبنەوە، دەڵێی تووڕەیییەک دەبێتە هۆی وەستانی زەمین و زەمان. لە دەرگاوە حاجییەکی پیر وە ژوور دەکەوێت و پۆلیسێک و گەنجێکیش بەدوایدا دێنە ژوور. گەنجەکە لاواز و لەرزۆک مەچەکی چەپی بە مەچەکی ڕاستی پۆلیسەکەوە کەلەپچە کراوە و دەستی ڕاستیشی بە دەمووچاویەوە، خەریکی لووتسڕین و سڕینی ئارەقەی تەوێڵ و گەردنێتی. هاتنەژوورەوەی حاجی، بێدەنگیی نێو ژوورەکە دەشکێنێت و وا دەکات هەموو چاوەکان بەرەو وی بسووڕێنەوە. بە دەنگێکی لەرزۆک دەڵێت: “ڕائید جەبار ئەتوی؟” ڕائید لەبەری هەڵدەستێت و فەرمووی دەکاتە لای سەرووی من، جێگە بە هەرمان چۆڵ دەکات و دەڵێت: “ڕێگەی بکە کاک هەرمان، دۆسیەکەی تۆ هیندەی نەمایە.” هەرمان دەچێتە کورسییەکی لای چەپی من و هێشتا حاجی نەگەیشتووەتە جێگەکەی ئەو، ڕۆدەنیشێت.

-ئەم پیاوەم بۆ تەحویلی دادگا بکە، حەیفیشە پێی دەڵێم پیاو.

-بە چاوان حاجی. ئێستا تەرتیبی دەکەم. دیتت گۆتم هیندەی نابا دەستگیری دەکەین. هیندەمان کامێرای چاودێری هەن، کەسمان لێ بزر نابیتن.

هەمین سەیرێکی من دەکاتەوە و بە بزەیەکەوە و بە ئەسپایییەکەوە دەڵێت: “ئەگەر کامێرا لە بەردەرکەی مارێ من دەبوو ئێستاکە ئەم خاتوونە ئۆندە دەنگی دلێر نەدەبوو.”

خۆم پێ ناگیرێت و جێگەکەم لەگەڵ هەرمان دەگۆڕمەوە. “سڕەی تۆیە، جارێ کاری من ماوێتی، وەرە ئێرە.” ئەویش بە قسەم دەکات و لە هەمین نزیکتر دەبمەوە، ئەوەندەی کە تەنیا کوڕە گەورەکەی لە نێوانماندایە.

-بە خوای کە کوڕەکەم لە کۆرانێوە هەرای کرد و گۆتی: “مندارەکیان کوشتییە” چۆکم شل بوون. نەمدەزانی خەوە، ڕاستە؟ ئەوە حەفتەک نابیتن مندارێ خۆم لە بار چووە، هێشتا لەسەر جێیان کەتبووم، بەردەوام هەر وەم بە خەیارێدا دەهات بابی منداران تەرمەکەی نەناشتییە و لە بەردەرکەی فڕێ دایتن. هەراتم، نەمزانی کو خۆم گەیاندە بەردەرکەی. دیتم حاستەمەک گیانی بە بەرەوە مایە. گازێکم دیت مێشکی بەردام و بەسەریەوە شل بوومەوە. گرتمە باوەشم. لەو شەوەوە لە باوەشم دامنەگرتییە، ئەوە چل شەوە…”

-لەوێ فڕێ درابوو؟

-خۆزیا هەر فڕێدرابا، ناوکیان بە قۆدییەبیبسییەکی دڕای بڕیبوو، لە عەلاگەکیان خستبوو، لێی گەڕابوون بە ئامانێ خودای، عازای گیانی خوێن بوو، هێشتا قۆدییەکە بە ناوکییەوە چەقیبوو.”

دەنگەدەنگی حاجی لەگەڵ ڕائید، قسەکانمان پێ دەبڕێت. وا دەردەکەوێت هاتووە ئەو کوڕەی لەگەڵێتی، ڕادەستی بکات و جاروبارێک لە قسەکانیدا، بێ ئەوەی ڕووی تێ بکات، دوعایەکی لێ دەکات و بێدەنگ دەبێتەوە و گوێ بۆ ڕائید دەگرێت.

هەمین هەموومانی لە بیر دەچێتەوە و ڕوو دەکاتە حاجی.

-جارێ دیار نییە تاوانبارە حاجی گیان لەخۆڕا لۆ لەعنەتی لێ دەکەیت؟ کێ نارێ کابرا دوژمنایەتییەکی لەگەری هەبووبیتن؟

-تاوانیشی نەکردبێت نەدەبوو شتی وا ڕووی دابا، بەم تەمەنەوە من کەی بۆ هاتووچۆی مەوزوعی وا دەبم؟

-وازی لێ بینە، گەنجە با نەشکێتن…

هەموومان پێمان خۆشە بزانین چی ڕووی داوە، بەڵام هیچیان، درێژە بە قسەکانیان نادەنەوە. سابات لەگەڵ فەرمانبەرەکە کەوتووەتە سرتەسرت و لە بێدەنگیی ژوورەکەدا، سرتەکانیان دەبیسترێن، بەڵام کەس تێناگات چی دەڵێن. ڕائید، بانگی موزەفەر ناوێک دەکات و حاجی و کوڕەکەی لەگەڵ دۆسیەکەیان، ڕادەستی دەکات بۆ دادگا و بە ڕێیان دەکات. دیسان خۆمان دەمێنینەوە. ژنە گەرووکونەکە، سەری داخستووە و دیار نییە لە نیگارەکانی سەر چێوشەقەکەی ورد بووەتەوە کە پێ دەچێت نەوەیەکی کێشابێتنی، یان لە گوڵی کاشییەکانی عەرزەکە. کوڕەکەی خەریکە چەند کاغەزێک واژۆ دەکات و هیچ ناڵێت. کە لێ دەبێتەوە لە واژۆکردن، ئاوڕێک لە هەمین دەداتەوە و دەڵێت: “باشە دۆسیەی ئێوە چ پەیوەندیی بە منەوە هەیە؟”

-وەرا برام ئەمن نازانم، ئاگام لە هیچ نییە. دەرێن لۆ ئەوەی نامەی بەخشینی کۆرپەکە واژۆ بکرێتن، دەبی داک و بابی کۆرپەکە دیار بن.

-من باوکی نیم، لەخۆڕا خۆتان سەرقاری من دەکەن. خۆشی دەزانێت.

سابات بە لێوهەڵقرچانێکەوە لێی بە دەنگ دێت:

-ئەی خۆ باوکم نییە، کە سەرخۆشن ئاگاتان لە خۆتان نییە، دوایی بە ده کەس دەبێ پیسایییەکەتان کۆ بکەنەوە.

هەمین هەناسەیەک هەڵدەکێشێت و دەڵێت: “بە خوای پیساییی نییە و جارەکی دی باوەشی دەکاتەوە و کۆرپەکەمان نیشان دەداتەوە.”

-خۆم هەر حەزم لێیە ناوی لێ بنێم جوان، سەیر کە…

قژی کاڵی لە تاریکاییی چارشێوەکەیەوە دەدرەوشێتەوە، ئەو ڕۆژە. ئەو خۆرەتاوەی کەس بەرگەی نزیکبوونەوەی ناگرێت هەمین نەبێ، ئەوەندە ئازایانە قۆڵەکانی بۆ کردووە بە هەرێمێک بە دەوری بێدەرەتانییەکەیەوە، پەلەوەری کڕکەوتووت بیر دەخاتەوە. هەرکەس بە جۆرێک باسی کۆرپەلەی باوەشی دەکات، خێرا هەڵدەچێت و گرژ دەبێتەوە. بۆچی خۆت لەسەرم ئاوا گرژ نەدەکردەوە لە جیهان، بۆچی بەسەر دانیشتووانی بێبەزەییی زەمیندا، هەڵنەدەپڕژایتەوە لەسەرم؟

-بۆیە پێم خۆشە زوو ڕزگارم بێ لەم بەزمەی. دەترسم نەگەینە دوو هەفتەی دی، خۆم و جوانی جوانم، کەس و پەنام.

دەنگی جەڕەسی مۆبایلێک، هۆشمان لە هەمین دەستێنێتەوە. مۆبایلەکەی ساباتە، کەس نازانێ کەی هەڵیکردووەتەوە و هەر هەڵیشبووەتەوە، جەڕەسی بۆ هاتووە. ڕائید خۆی لێ تووڕە دەکات و دەڵێت: “ئەوە نەمگۆ تا کارتان تەواو نەبێ، نابێ هەڵبکەیتەوە؟”

کەس ئاگای لە ڕێککەوتنەکەیان نەبووە، بەڵام خێرا سایلێنتی دەکات و بە عیشوەیەکەوە دەڵێت: “بەخوا وەعد بێ، ئەوە بەس ئەو برادەرەمە پێی دەڵێم پارەم بۆ بێنێت، خۆت ئەزانی من لێرە کەسم نییە…”

-پارەت بۆ چییە؟ لێرە تەواو بووی دەچیتەوە بەرەو شێڵتەر.

-نا توخوا، شێڵتەر نا، بەخوا خۆم جێگەم هەیە بێخەم بە.

-بێخەمی چی؟ یاسایە دەبێ تاوەکو تەواو دەبێت و ئەنجامی دۆسیەکەت دێتەوە، لەژێر چاودێریی ئێمەدا بیت.

دەکەونە مشتومڕ و کەس حەزی لێ نییە چاوەڕوانی ئەنجامی مشتومڕەکەیان بێت. هەمووی سەیری هەمین دەکەن. بەسەر “جوان”ـەوە کەوتووەتە وەنەوزدان و کوڕەکەی دەستێک لە شانی دەدات کە وە هۆش خۆی بێنێتەوە. بە گوێیدا شتێک دەچرپێنێت و هەر کە تەواو دەبێت، هەمین ڕوو دەکاتە ڕائید و دەڵێت: “ئەدی مە چبکەین کاک…”.

-ئێوە هەر ئەم واژۆیەمان بۆ بکەن کە بزانین بە جددی کۆرپەکەتان دەوێتن، ئیدی خوداتان لەگەڵ بێت تاوەکو لە ئەنجامی فەحسەکە ئاگادارتان دەکەینەوە.

هەڵدەستێ کە بچێتە لای ڕائید بۆ واژۆکردن.

-پێویست ناکا عەزیەت بکێشی، با مندارەکەشت لە خەو هەرنەستێ…

-نەنووستییە.

بە لاچاوێک سەیری من دەکات و دەڵێت: “هەر با وابزانن نووستییە” و دەچێتە سەر مێزەکەی ڕائید بۆ واژۆکردن.

مێشک ئەوەندەی نامێنێت هەرکات ڕووبەڕووی ئەو هەموو سەمەرەیییە دەبێتەوە، مێشک دەتوێتەوە لە خۆیدا و هیچی لێ نامێنێت. چۆنە هێشتاش نازانیت؟ کەی ئادەمیزاد بەرگەی ئەو هەموو سەمەرەیییو دەگرێت لە وجوود؟ کەی دەتوانێت بە شڵەژان، ئاوا ژان نەکات؟ دە ئەو قەڵاتەم لێ ون بکە وا لە تارماییی چارشێوەکەی هەمینەوە، دەبریسکێتەوە، ئەو دیوارە کەونینانەم لێ بشارەوە. کوا زەمین ئەوەندە ئەندازەیە؟

هەمین لەگەڵ ڕائید لەسەر چی ڕێکدەکەون، نازانین. بەڵام کاتێک دەیەوێت لە دەرگای ژوورەکە بچێتە دەر، ئاوڕێک لە هەموومان دەداتەوە و دەڵێت: “کۆرە بم، نابینایە شکور…” و لە چوارچێوەی دەرگاکەدا نامێنێت.

سابات سەری لەنێو مۆبایلەکەیەتی و خەریکی نووسینە؛ ڕائید جگەرەیەکی بە لێویەوە ناوە و واقوڕماو ئامادەی داگیرسانە؛ پیرەژنە گەرووکونەکە بە دەمی کراوەوە، دەستی ناوەتە سەر کونەکەی گەرووی و هەر هاڕەهاڕی دێت؛ کوڕەکەشی ئارەقەیەک بە تەوێڵیەوە چۆڕاوگەی بەستووە. فەرمانبەر بەرزەپێ هەڵدەستێت و بەدەم گواستنەوەی کۆمەڵێک دۆسیە بۆ نێو کەوەنتەرەکە، دەڵێت: “دە بڕۆ دەی، بە خودا بابم، مادەم کۆر بێت، کەس خۆی ناکاتە خاوەنی…”

بۆ کەس خۆی ناکاتە خاوەنم، ئەو پەتە کوا؟ ئەو پەتە دڕندەیەی کە دەتوانێت بارستاکان لێک بکاتەوە، بۆشایی بڕەخسێنێت؟ بۆ لەوەتای لەو هێشووەوە فڕێ دراوم، ئەو پەتەم بە دەستەوە نەماوە، هەرچەندە بە سەمای قامکی شایەتمانەشم بۆی بگەڕێم لەسەر قامکە گەورەم؟ ئەو پەتە بۆ لە دەستم دەرچووە کە نەتوانم لێکنرانی بارستاکانی پێ بکەمەوە، ئەی چۆن ببینم؟ چۆن لابەلای پێڵووم، بە چی لێک بترازێنم. تا کەی ناتوانم کەمێک بۆشایی، کونێک، درزێک بڕەخسێنم بۆ نیگاهم؟ خۆ لەوەتای دەرت کردووم لە خۆت، من هەر عەڤداڵی خاوەنم. کوێر بم، ئامێزت کوا؟

بەهاری 2022