مرۆڤ لە سەردەمی تەکنۆلۆژیادا


(تەکنۆلۆژیا وەک بکوژی پرسیار و لەناوبەری داهێنەران)

ئێمە کاتێک دەڕوانینە ئەو نەریتەی تەکنۆلۆژیا کە لە سەردەمەکەماندا دروستی کردووە، چاکتر و زیاتر پەی بە بەڕۆبۆتکردن و بەئامێرکردنی مرۆڤ دەبەین، چونکە ئەم نەریتە “بوونی مرۆیی” بە سامانێکی سروشتی بۆ بازرگانی و وەبەرهێنان دادەنێت، هاوکات بوونی مرۆیی دەخاتە نێو چوارچێوەی بەسامانکردنی هەبووەکانەوە، هەر ئەمەش وا دەکات لە ڕێی ئەم نەریتەوە زیاتر تێبگەین کە تەکنۆلۆژیا لە سەردەمەکەماندا وا لە مرۆڤ دەکات لە بوونی خۆی و بوون بە گشتی و دەوروبەری، نامۆ ببێت، چونکە ئەوەی بۆ “نەریتی تەکنۆلۆژیا” گرنگ و بایەخدارە، تەنها و تەنها دەستکەوتە مادییەکانە. ئەمەش خۆی لە خۆیدا دامەزراندنی کولتوورێکی بازاڕی سنوور بۆ کێشراوە، لەم کولتوورە بازاڕییەدا مرۆڤ لەنێو کایەی وەبەرهێنان و قازانجدا نامۆ و نغرۆ دەبێت، هونەرمەندان و نووسەران و ڕۆشنیبران و ڕۆژنامەنووسان لەنێو هەمان ئەو چوارچێوەی بەسامانکردنەدا دەبن، ساناترین نموونەش ئەوەیە کاتێک هونەرمەند کارێکی هونەری دەکات بیر لە فرۆشتنی دەکاتەوە، سەرکەوتنی فیلمێک لەوەدایە کە چەند سوود و قازانج بە کۆمپانیایەکە دەگەیەنێت. هەرچەند تەکنۆلۆژیا ناتوانێت کۆتایی بە هونەر و شیعر و ئەدەب بهێنێت، بەڵام بە دڵنیایییەوە دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی بەرهەمی ناکام و کاڵوکرچ ، یاخود ئەو بەرهەمانەی کە ڕاستیی بوون دەرناخەن.

لەنێو کولتووری بازاڕیدا بەرهەمەکانی وەک چیرۆک و نووسینی جددی و گوتار و ڕۆمان و کاری هونەری زۆر دەبن و بانگەوازی بۆ دەکرێت، وەک چۆن شیعر باسی ڕووداوەکانی ڕۆژانە دەکات بۆ ئەو مەبەستە سۆزی جەماوەری پێ ڕادەکێشن، هاوکات بازاڕ پڕ دەبێت لە بەرهەمی هونەری و سۆشیال میدیا و تیڤییەکان پڕ دەبن لە ئەدیب و فیلم و نووسەر و پسپۆڕ و شاعیر، بەڵام هیچ کات هەست بە ئامادەبوونی ئەدەب و هونەر ناکرێت. بەرهەمە هونەرییەکانی نێو کولتووری بازاڕی پێچەوانەی هونەر و دەقی ڕەسەن، هەموو بەرهەمی کورتمەودا و کاتی و کورتنەفەسن، چونکە توانای خۆڕاگرتن و مانەوەیان نییە و ناتوانن ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکان و لەمپەرەکان ببنەوە، بۆیە ئەم جۆرە لە بەرهەم لەنێو ئێستادا دەژین و توانای خۆڕاگرتنیان نییە و ناتوانن هەنگاو هەڵێنن بۆ داهاتوو، بۆ ئەم مەبەستەش ناتوانن بە شکۆمەندی و زیندووێتی بمێننەوە و لەنێو دەچن. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا کەم نین ئەوانەی نەیانتوانی بەردەوام بن لە مانەوە و لە بەرچاو ون بوون و نغرۆ بوون، ئەمەش بە هۆی ئەوەی بەرهەمەکانیان ئاستێکی زۆر نزمیان تۆمار کرد و هیچ وێنە و پەیامێک، یان هیچ فیکر و ڕووداوێکی ڕاستییان لە پشت خۆیانەوە هەڵنەگرتبوو، ئەمەش وا دەکات هەر زوو کۆتایییان پێ بێت و لە بەرچاوان نەمێنن، بەڵام ئەمە بۆ مرۆڤ و بەرهەمی ڕەسەن پێچەوانەیە و کردەیەکی داهاتوویییە، چونکە لەسەر بنەمای ڕاستیبوون دادەمەزرێت، بۆیە دەتوانین بگەینە ئەو دەرئەنجامەی بڵێین تەکنۆلۆژیا لەگەڵ سەقامگیریی کولتووری بازاڕیدا کۆتایی بە بیرکردنەوەی داهێنەرانەش دەهێنێت، وەک چۆن دەبینین ئەمڕۆ ئەم کولتوورە هەموو شتێکی کردووەتە خواردنی خێرا و خوێندنەوەی ڕووکەشانە و سەرپێیییانە، ئێستا دەبینن بانگەشە بۆ ئەوە دەکرێت کە چەند کتێبگەلێک لەسەر فەلسەفە نوسراون، وەها دەدرێت بە گوێی خوێنەراندا کە چۆن لە چەند خولەکێکدا فێری فەلسەفەیان دەکەن، وەکوو ئاشکراشە هەمووان دەزانین فەلسەفە پێویستی بە ئارامی و خەڵوەت و شەونخوونی هەیە، بەڵام تەکنۆلۆژیا هەموو شتێکی کردووەتە خێرا، ئەمە دیاردەی ئەم کولتوورە بازاڕییەیە کە لەنێو هونەر و ئەدەبیشدا ڕەنگی داوەتەوە.
بۆیە سەرهەڵدانی کولتووری بازاڕی لە سەردەمی تەکنۆلۆژیادا نەهامەتی و ماڵوێرانییە، کوشتنی پرسیارەکان و کۆتاییی بیرکردنەوەی ڕەسەنانەیە، شاردنەوەی ڕاستی و نامۆبوونی مرۆڤە، بەرهەمی کولتووری بازاڕی، ئۆنتۆلۆجییانە ڕاستیی بوون دەرناخەن، ناتوانێت سەردەمەکەی خۆی تێپەڕ بکات، ئەمەش پێچەوانەی مرۆڤی ڕەسەن و بەرهەمی ڕەسەن کە خۆڕەتکەر و ئایندەیین.

ئەوەی لێرەدا باس دەکرێت، سەبارەت بە کێشەی پێشکەوتنی زانست و پیشەسازی نییە، بەڵکوو هەوڵدانێکە بۆ ناسینی ناوەڕۆکی تەکنۆلۆژیا و لێوردبوونەوەیە لە ماهییەتی تەکنۆلۆژیا، ئەم لێوردبوونەوەیەش لە ناوەڕۆک یان ماهییەتی پرسێک بە ئۆنتۆلۆجیا یان بیرکردنەوەی میتافیزیکیمانەوە گرێ دەدات، ئەمەش وا دەکات تەکنۆلۆژیا بە نەریتێکی زاڵبووی سەردەم دابنرێت.

بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر، باشتر وایە چەمکی تەکنۆلۆژیا کەمێک وردتر بکەینەوە: تەکنۆلۆژیا لە وشەی تەکنەی یونانییەوە وەرگیراوە، بۆ یۆنانییەکانیش ئەم وشەیە تەنها بۆ پیشەسازی و کارکردن بە کار نەهێنراوە، بەڵکوو کار و بەرهەمی هونەرییشی گرتووەتەوە. هایدیگەر لەمبارەیەوە دەڵێت: «یۆنانییەکان هەتاکو سەردەمی ئەفڵاتوون، تەکنەیان بۆ زانینیش بە کار هێناوە، کە واتای زانینێکی بەرفراوانی بەخشیوە، ئەم جۆرە زانینەش بوارەکان دەکاتەوە و شتە شاراوەکانیش دەردەخات.»[1] ئیتر لێرەوە لەوە تێدەگەین کە “تەکنە” شێوازێکی دەرخستنی ڕاستیی بوونە و پەیوەندیی بە هەموو چالاکییەکی مرۆڤانەوە بۆ دەرخستنی ئەو ڕاستییەوە هەیە، بەڵام ئەمڕۆ ئەو واتایەی تەکنە شاردراوەتەوە و  بووە بە داردەستێک بە دەستی مرۆڤەوە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی بەسەر سروشتدا، ڕەوایەتییش بەو دەسەڵات و سنوورە دیاریکراوەی خۆی دەدات کە بە ئارەزووی خۆی بە خواستی خۆی مامەڵە لەگەڵ سروشتدا بکات، بۆیە هەمیشە مرۆڤ هەوڵی داوە سروشت بۆ ئەو جیهانە بگۆڕێت کە خۆی دەیەوێت.
تەکنۆلۆژیا نەک هەر ئەوەی بوون بە هیچ دادەنێت، بەڵکوو بە لایەوە بوون زەمینەی وەبەرهێنانە، بۆ نموونە: دارستانێک سامانێکی تەختەیە بۆ پیشەسازی، منداڵانی ئەمڕۆ نەوەی داهاتوون بۆ بەرهەم زیادکردن، بۆیە میتافیزیکی تەکنۆلۆژیا بوون بە گشتی دەخزێنێته نێو چوارچێوەی وەبەرهێنان یان بەگەنجینەکردنی سامان بۆ سوودلێوەرگرتن و بە کاری دەهێنێت،
هەر بۆیە میتافیزیکی تەکنۆلۆژیا مامەڵە لەگەڵ بووندا بە شێوەی قازانج و سوودلێوەرگرتن دەکات.

تەکنۆلۆژیا بوونی مرۆیی بە ڕاستەقینە دانانێت کە هەموو شتێکی لەسەر دامەزراوە، ئەم تێگەیشتنە لە ڕاستیی بوون هۆی شێواندن و ڕووخاندنی ژینگەیەکی تەندروستە بۆ مرۆڤ، لە هەمان دەمیشدا، میتافیزیکی تەکنۆلۆژیا بە خزانی بوون بە گشتی لەنێو چوارچێوەی وەبەرهێنان جیاوازییەکانی نێوان بوونی مرۆڤ و هەبووەکانی تری سڕیوەتەوە. بوونی مرۆڤیش خزێنراوەتە نێو هەمان چوارچێوەوە، وەک گەنجینەیەکی سامان مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، لەسەر دەمی تەکنۆلۆژیادا، مرۆڤ، نامرۆڤ کراوە و بووە بە کەلوپەل، هەر بۆیەشە بەها و نرخی مرۆڤ بەپێی سوودگەیاندنی بە سیستەمە تەکنۆلۆژییەکە دەخەمڵێنرێت و دەپێورێت. کۆمپانیایەکی نەوت پشکنین و لێکۆڵینەوە لە زەوییەک ناکات ئەگەر بزانێت نەوتی تێدا نییە، بە هەمان شێوەش کۆمپانیایەکی کار یان کارگەیەک مرۆڤەکان لە خۆ ناگرن ئەگەر بزانن سوودیان بۆیان نابێت، ئەگەر نا کەنارگیر دەخرێن و دەبرێنە پەراوێزەوە.

مرۆڤ لە سەردەمی تەکنۆلۆژیا و جیهانی سەرمایەداریدا هێندە بێبەها و بێنرخ کراوە، وەک کاڵایەک کار بۆ بەکۆیلەکردنی دەکرێت، لەنێو ئەم نەریتە ڕێز لە مرۆڤەکان ناگیرێت وەک کائینێکی خاوەن بیر و ئازاد و خاوەنڕوئیا و سەنتەر، بەڵکوو هەمووی لەوەدا کورت کراوەتەوە کە تا چەند دەتوانێت کار بۆ زیادکردنی داهاتی کۆمپانیاکە بکات، ئیتر لێرەوە زیاتر تێدەگەین ئەم نەریتە زاڵبووەی سەردەم زۆر بێڕەحمانە و زۆر بێویژدانانە کار دەکەن بۆ بەسامانکردنی مرۆڤەکان، لای خاوەن کارێک گرنگ نییە تۆ کێی و چەند بیرێکی هۆشیار و ڕەسەنانە و داهێنەرانەت هەیە و گرنگیش نییە پێگەی کۆمەڵایەتی و توانستە عەقڵییەکانت چەندە، بەڵکوو ئەم خاسیەتانە هەتا ئەو کاتە جێگەی خۆیان دەگرن ئەگەر بخرێنە خزمەتی کارەوە، ئیتر لێرەوە ئەو قسە باوەمان بیر دێتەوە، کە یەکێک لە کارمەندانی کۆمپانیایەک دڵخۆشیی خۆی دەردەبڕێت لە بەرانبەر کڕینی ئۆتۆمبیلێکی گرانبەهای خاوەنکارەکەی، ئیدی لەو دەمەدا خاوەنکارەکەی وەڵامی بۆ کارمەندەکەی ئەوە دەبێت کە تۆ ئەمساڵ چاکتر و باشتر کار بکە تاوەکو مۆدێلەکەی بەرزتر بکەمەوە. ئەمەی لەم چیرۆکەوە دەیبینین، مەبەستمان گێڕانەوەی چیرۆکەکە نییە، بەڵکوو ئامانج و ستراتیژ خوێندنەوەی پشت ئەم چیرۆکەیە، ئەمە واقیعێکی تاڵ و ڕاستەقینەیە کە دەتوانین لەم ڕێگەیەوە کۆدی ئەو هەموو لایەنە شاراوەیەی نەریتی تەکنۆلۆژیا بکەینەوە، کە چۆن بێڕەحمانە لەسەر شان و ملی مرۆڤ بەو ئاکامە دەگەن کە خۆی لە ئاکامی ژمێریاری یان کەڵەکەکردنی سەرمایەی زۆر دەبینێتەوە، ئیتر لێرەوە مرۆڤ لە مرۆڤبوون دەخرێت و دەبێتە بەردەباز بۆ پەڕینەوە بەرەو سامان و داهاتێکی زۆرتر.
ئیتر لێرەوە زیاتر درک بەو موئامەرەیە و ئەو مەترسییە گەورەیەی تەکنۆلۆژیا دەکەین، کە لەم سەردەمەدا بووەتە ئەمری واقیع، ئەمەش ئەوکاتە دەست پێ دەکات کە مرۆڤەکان وەک سامانێکی گەنجینەیی تەماشا دەکات و  تاکو ئەوپەڕی سنووری بێبەهاکردن و بێنرخکردنی مرۆڤەکان دەچێت. لەنێو کەلتوری تەکنۆلۆژیادا مرۆڤ بە نەناسراوی جێ دەمێنێت، تەکنۆلۆژیا ماتماتیک بە تاجی سەری زانستەکان دادەنێت و بیرکردنەوەی ژمێریاری بەسەر مرۆڤەکاندا دەسەپێنێت و بوونی مرۆڤ و بیرکردنەوەی دەگۆڕێت و ڕاستیی بوونی مرۆڤ بە شێوەیەکی ناڕاست دەردەبڕێت، بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر “مارتن هایدیگەر” لە ڕێگەی شیعرێکی شاعیری ئەڵمانی “فریدریش هۆڵدەرلین”ەوە زیاتر پرسەکەمان بۆ ورد دەکاتەوە کە دەڵێت:

(ئێمە هێمای نەبینراوین،
لە خاکی بێگانەدا بە ژان فێر بووین،
لە زمان کەوتووین).[2]

هێمای نەبینراو، بوونی نەناسراوی مرۆڤە، بوونێکە دوورە لە ڕاستیی بوونەوە و لە خاکی بێگانەدا دەژێت، ڕێگەی پێ نەدراوە خۆی بناسێت و ببێت بەو کەسەی کە خۆی دەیەوێت، ئەمەش تووشی نامۆبوونی دەکات، وا دەکات لەنێو ئەو ژینگە نامۆیەدا زمان و بیرکردنەوەی ڕەسەنانەش گۆڕانی بەسەردا بێت. ئەگەر بێتو ئێمە گریمانەی ئەوەی بکەین مرۆڤێکی خاوەنبیرکردنەوە و ڕەسەن گەر دەربازی کۆبوونەوەیەک بێت کە تەکنۆلۆژیا هەمووی بە نامۆ کردووە، لەنێو ئەو جۆرە ژینگە نامۆکراوەدا هەرگیز ڕێگە نادرێت بیرکردنەوەی ڕەسەنانە خۆی پێناسە بکات، چونکە لەو جۆرە ژینگەیەدا هەرگیز بیرکردنەوەی ڕەسەنانە ناتوانێت ئەدای خۆی بکات؛ ڕوبەڕوووی هێرش و ناوزڕاندن و تیرۆری کەسایەتی زۆرینە دەبێتەوە، ئەوکات زمان لە کار دەکەوێت و لە گۆش دەکەوێت، ئیتر لێرەوە زیاتر تێدەگەین مرۆڤ لە سەردەمی تەکنۆلۆژیادا بیر ناکاتەوە، چونکە لە وڵاتی بێگانەدا دەژی و بیر ناکاتەوە و زانست بیر ناکاتەوە.
دوای ئەو باسانەی لەسەر تەکنۆلۆژیا خرایە ڕوو، ئیتر بە تەواوەتی لەوە تێدەگەین، کە تەکنۆلۆژیا لەبیرەوەچوونی بوون و شاردنەوەی ڕاستیی بوونە، چونکە تەکنۆلۆژیا ڕێگە نادات بوون ڕاستیی خۆی بەیان و بە دیار بخات، مادامیش لەنێو نەریتی زاڵبووی تەکنۆلۆژیادا ڕاستییەکان ون دەبن، ئیتر مرۆڤ لەو ڕاستییە نامۆ دەبێت. تەکنۆلۆژیا خەسڵەتێک دەهێنێتە کایەوە کە بەسەر سەردەمەکەماندا دەیانسەپێنێت، کە هایدیگەر بۆ دوو خەسڵەت پۆڵێنی دەکات ئەوانیش:
یەکەم: هەڵهاتنی خوداکانە، کە هایدیگەر وەک هێما بۆ مرۆڤی داهێنەر بە کاری دەهێنێت. خودا لەنێو ئەفسانە و لەنێو ئایینەکانیشدا، داهێنەرە و جیهانی ئافراندووە. بوونی مرۆڤ لەنێو جیهاندا ئاگامەندانە و داهێنەرانەیە، بەڵام لە نەریتی تەکنولۆژیادا ڕێگە بەو داهێنانە نادرێت و لهبری ئەوە نەریتێکی باوی بازاڕی جێگەی دەگرێتەوە.
دووەم: ڕێگرتن لە داهێنان، یاخود خەفەکردنی دەسەڵاتی داهێنانی مرۆڤ، دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی شێوازی ناڕەسەنانە.[3]

ئیتر لێرەوە لەوە تێدەگەین کە داهێنان ڕەسەنێتیی مرۆڤ دەپارێزێت، بەڵام کاتێک داهێنان سڕ دەکرێت یان خەفە دەکرێت، ئیدی مرۆڤ ئەو پلەوپایەیەی کە هەیەتی ونی دەکات و لە دەستی دەدات، ئیتر وەکو باقیی مرۆڤەکانی تر بیر دەکاتەوە، که بیرکردنەوەیەکی ناڕەسەنانە و نالۆجیکانە و ناجۆرە، ئیتر ئاخاوتنەکانی وەک ئەوانی دی سواو و نەزۆک و لەرزۆک دەبن، بەردەوام وەکوو ئەوانی دی بیر دەکاتەوە و ڕاستییەکان ون دەکات، ئیدی ئەودەم شێوازی بوونی باز دەدات بۆ نێو شێوازی ناڕەسەنێتی و دەبێتە بەشێک لە ئەوان؛ بوونی خۆی ناناسێت.
لێرەوە دەتوانین ئەوە هەڵبهێنجێنین، کە مادامەکێ نەریتی تەکنۆلۆژیا ڕاستییەکان دەشارێتەوە و هەموو بیرێک بەرەو ناڕەسەنێتی دەبات و هەمووی لە سامان و گەنجینەدا کۆ دەکاتەوە، ئیتر لێرەوە دەبێت لەوە تێبگەین کە دەبێت دەست بە تێپەڕاندن بکەین و لە بیرکردنەوەی ژمێریارییەوە کە ئامانجی سڕینەوەی جیاوازییەکان و مامەڵەکردنە لەگەڵ ئاکامەکاندا، باز بدەین بۆ بیرکردنەوەی فەلسەفی و هونەری کە ئەمیان پێچەوانەی بیرکردنەوەی ژمێریارانە خۆتێپەڕاندن و داهێنەرانە و ڕەسەنانەیە، هەوڵی دەرخستنی ڕاستییەکان دەدات و ڕاستیی بوون دەردەخات، لەگەڵ دەربڕینی ڕاستییەکانیشدا بیرەکان فراوان دەکات و دەیانورووژێنێت، لایەنە شاراوەکانی بوون بە دیار دەخات و ئێستا تێدەپەڕێنێت و بەرەو ئایندە هەنگاو دەنێت و هەوڵی بیناکردنی داهاتوویەکی گەش و ڕوون دەدات، ئەم جۆرە لە بیرکردنەوە -چ هونەری یان فەلسەفی- زیاتر پەی بە شتە نادیارەکان و شتە شاراوەکان دەبەن و ڕاستییەکان ئاشکرا دەکەن. زۆر بەئاسانی دژ بەو نەریتە تەکنولۆژییانە ڕادەوەستن، کە لەپێناوی ساماندا بەهای مرۆڤەکانیان لە بەدەستهێنانی سوود و قازانجدا کورت کردووەتەوە. ئەم جۆرە لە بیرکردنەوەی ڕەسەنانە دەیەوێت مرۆڤ سەربەخۆ بێت و نەبێتە پاروویەکی ئاسان بە دەست ئەو نەریتە بازاڕییەی کە تەکنولۆژیا دروستی کردووە. بۆ ئەوەی زیاتر پەی بەم جۆرە بیرکردنەوە داهێنەرانە ببەین، چاکتر وایە ئاکتەکەمان بە هۆنراوەیەکی “فریدریش هۆڵدەرلین” شاعیری دیاری ئەڵمانی  پشتڕاست بکەینەوە کە دەڵێت:

(کاتێک زریان هەڵدەکات
تەنیا هەڵۆکان بەرز دەبنەوە
چونکە ئەوان بەر لە هەڵکردنی
پێشبینیی ڕوودانی دەکەن.)[4]

کاتی هەڵکردنی زریان بریتییە، لە سەردەمی عەدەمییەت، بریتییە لەم سەردەمە، تەنیا بوونە ڕەسەنەکان و خاوەنبیرەداهێنەرەکان، زیاتر لە کاتی نەهامەتی و کوێرەوەری و تەنگانە، درک بە شتەکان دەکەن، چونکە ئەم جۆرە دەزانن فەزیڵەت و چاکە لە چیدایە و توانای زانینیان زیاترە، زیاتر چاکە و خراپە لە یەکتر جیا دەکەنەوە و لە هەمووان زیاتر ڕاستییەکان دەناسێنن. ئەم جۆرەی بوون هەمیشە بوونە نووستووەکانی دی بێدار دەکاتەوە، بانگهێشتیان دەکات بۆ ئاشنابوون بە ڕاستیی بوون،  بە ئاگایان دەهێنێتەوە لەو خەڵوەت و تاریکییەی تێیدا ون بوون، هەروەکوو هایدیگەر دەڵێت: «بوون هێشتا چاوەڕوانی ئەو زەمینە دەکات، کە تیایدا دەبێتە بیرێکی بەسام بۆ مرۆڤ.»[5]
کەواتا ئەرکی بیرکردنەوەی داهێنەرانە ئەرکی هەڵکێشانی ڕیشەی بوونە لە خاکی بزربوون و لەیادچووندا، سەرلەنوێ ناشتن و نەشونماکردن و ڕواندنێتی لە خاکی یادگە و ئامادەگیدا، ئیتر لەوێ دژ بەو نەریتەش دەوەستێتەوە کە پێی وایە بیرکردنەوەی فەلسەفی و هونەری ئاوێنەی واقیعن و لەگەڵ سەردەمدا هەڵدەکەن و مامەڵە لەگەڵ ئەمری واقیعدا دەکەن، بەڵکوو بە پێچەوانەوە واقیع شتێکی چەواشە و نامۆیە، تێیدا مرۆڤ نوقمی شتە ڕوکەشییەکان و سواوەکان بووە، خۆی داوە بە دەست کەلوپەل و کەرەستە ڕۆژانەیییەکانەوە، بۆیە بیری ڕەسەنانە و داهێنەرانە توانای هەڵکردنی لەگەڵ ئەم جۆرە ژینگە و بەنامۆکردنەی ئادەمیزادی نییە، بەڵکوو دەستی بە شۆڕشێکی کۆنکرێتی کردووە. ئەرک و بەرپرسیارێتیی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە دادڕان و هەڵدڕانی هەموو ئەو بیرە نامۆیانەیە.


[1] دکتۆر محەمەد کەمال، هایدیگەر و شۆڕشێکی فەلسەفی، چاپی یەکەم، سلێمانی -٢٠٠٧

[2] دکتور محەمەد کەمال، هەمان سەرچاوە، لاپەڕە ٢١٣.

[3] دکتۆر محەمەد کەمال، فەلسەفەی هونەر، چاپی یەکەم، سلێمانی – ٢٠١٧.

[4] فریدریش هۆڵدەرلین، نان و شەراب، و: دلاوەر قەرەداغی، چاپی یەکەم، ٢٠٢٠-سلێمانی.

[5] فریدریش هۆڵدەرلین، هەمان سەرچاوە، لاپەڕە، ١٨.