نووسین

لە ئیسپانییەوە: ژیار هۆمەر

گەر وشەم لێ بسەننەوە بە بێدەنگی دەنووسم.

گەر ڕووناکیم لێ بسەننەوە بە تاریکی دەنووسم.

گەر بیرەوەری لە دەست بدەم،

بیرچوونەیەکی دی بۆ خۆم دادەهێنم.

گەر خۆر و هەور و هەسارە ڕابگرن،

خۆم هەڵدەسووڕێم.

گەر مۆسیقا کپ بکەن،

خۆم کڕومات دەچریکێنم.

گەر کاغەز بسووتێنن،

گەر مەرەکەب وشک بکەنەوە،

گەر شاشەی کۆمپیوتەر بتەقێننەوە،

گەر دیوار بڕمێنن،

بە هەناسەم دەنووسم.

ئەو گڕەی ڕووناکم دەکاتەوە بکوژێننەوە،

بە دووکەڵ دەنووسم. 

کاتێکیش دووکەڵ نامێنێتەوە،

بەو ڕوانینانەی بەبێ چاوم دەزێن دەنووسم.

گەر ژیانم لێ بسەننەوە بە مردن دەنووسم.

سەرچاوە:

Escribir, Ángel Guinda, Poemas para los demás, Olifante Ediciones de Poesía – 2009 (Traducido al kurdo por Jiyar Homer)

ئانخێل گیندا شاعیر و وتارنووس و وەرگێڕی ئیسپانی، ساڵی ١٩٤٨ لە شاری زەرەگۆزا هاتووەتە دنیاوە، ١٨ دەفتەرەشیعری بڵاو کردووەتەوە، ساڵی ٢٠١٠ خەڵاتی وێژەی ئاراگۆنییەکانی وەرگرتووە. پاش ساڵانێک ململانێ لەگەڵ شێرپەنجە، ساڵی ٢٠٢٢ دواکۆچی کردووە. «نووسین» لە شیعرە هەرە دیارەکانیەتی.

photo_2023-03-20_09-18-54

سەرنجێک بنوسن