زیندانی بەرد

بە دکتۆر موئەیەد پێشکەشە


چۆن ئەم داهۆڵانە پاسەوانی گەنمەجاڕەکانمانن؟ ئەو ئێوارەیەی باوکم بە نەرمییەکەوە ئەو قسەیەی بە گوێمدا چرپاند با یاریی بە کراسی داهۆڵەکان دەکرد و گوڵەگەنمەکانی بە سەما خستبوو، خۆر کەوتبووە خوارەوەی گردەکەوە و ڕووناکییەکی پرتەقاڵی لە ئاسۆوە تێکەڵی هەورە قاوەیییەکان ببوو. خۆم لە پەنا شەڕواڵەکەی باوکم شاردەوە و بە تیلەچاو سەرنجم لە گەورەترین داهۆڵ دەدا گڤەی با و “من پاسەوانی مەزراکەتانم” تێکەڵ دەبوون، وام هەست کرد باکە ئەو قسەیەی گەورەداهۆڵی بە دەشتەکەدا پەخش دەکرد و لەوسەرەوە لە نێوان گردەکان دەنگی دەدایەوە. زیاتر خۆم خستە پشتی باوکم و چاوانم لە ڕانی گیر کرد و دامخستن. باوکم گوتی: چی بووە کوڕەکەم؟ لە چی دەترسیت؟

بیرمە، باوکم داهۆڵەکانی یەک یەک دروست کردن.

تا ئێستاش کە دەستم لە ملی ئەو پەیکەرەیە و هەست بە ساردیی جەستەی و گەرماییی خۆم دەکەم ئەو قسەیەی باوکم لەبارەی پاسەوانی داهۆڵەکانەوە لە مێشکمدا دەنگ دەداتەوە! بە لامەوە سەیر بوو چۆن داهۆڵێک باوکم خۆی دروستی کردووە دەتوانێت پاسەوانی مەزراکەمان بێت؟ ئێستا ئاسانتر دەتوانم ئەو پەیکەرە بدوێنم و ڕایمووسم چونکە پەشتەماڵێکم بە پەیکەری مەستوورە داداوە و پارچەقوماشیشم لە ئەوەکانی تر ئاڵاندووە و ڕووشیانم سووڕاندووە. رۆژی یەکەم  ویستم بە کامی دڵ باوەشی پێدا بکەم چاوم کەوتە سەر مەستوورە، هەستم کرد لێم مۆڕ بووەتەوە و تەماشام دەکات، کشامەوە و بەرانبەری پەیکەری خۆشەویستەکەم دانیشتم، پشتم کردە مەستوورە، لەسەر زەوییەکە چوارمشقی دانیشتم و چاوم لە چاوانی  بڕی. گوێم هەڵخست بۆی، هیچی نەگوت، تەنیا بە غەریبی تەماشای دەکردم، منیش لە شەرمان نەمتوانی دەم بکەمەوە، لە دڵی خۆمدا دەستم بە قسان کرد. هەوڵم دەدا لە ناوەوەدا پێوەندیی پێوە بکەم. هەر قسەیەکم بۆی دەکرد بە جووڵەی چاو و برۆ و لێوی تێدەگەیشتم وەڵامەکەی چی بووە و لەگەڵی پێدا دەچووم و درێژەمان پێ دەدا…

باسی شەوی هاتنی داهۆڵەکانم بۆی کرد، ئەو شەوەی لەبن بەتانییەکەوە هەڵدەلەرزیم و گوێم بۆ باوبۆران و هەورەگرمە ڕاگرتبوو…

جێی من لە تەنیشت خوشکەکەمەوە بوو بە دەستی ڕاستیشمەوە دایکم بوو دواتر باوکم، بەتانیەکەم لە ڕاستی چاوم لوول کردبوو و کونێکم دروست کردبوو، لێیەوە جارجار تەماشای پەنجەرەکەم دەکرد. گەڵاکان وەک سێبەرێکی تاریک دەجووڵانەوە و هەرجارەو شێوەیەکیان دروست دەکرد، سەرم دەخستەوە ژێر بەتانیەکە. لقی دارەکان بە خێرایی دەجووڵانەوە و دەستێک لە پەنجەرەکە دەخشا لە پڕ دەنگی بەربوونەوەی کەپرە جەمەلۆنەکەی دەرەوە هات، ڕاپەڕیم! هەموومان ڕاپەڕین، باوکم بە پەلە قەمسەڵەکەی لەبەر کرد و دەرپەڕییە دەرێ، دایکیشم بەبێ ئەوەی چاوەڕێی وەڵاممان بکات گوتی: «لەوانەیە کەپرەکە ڕمابێت، دەچم یارمەتیی باوکتان دەدەم ئێوە نەیەن لە دەرەوە تۆفانە!»

ئەویش ڕایکردە دەرەوە. خۆم لە باوەشی خوشکمدا گرمۆڵە کردبوو، خوشکم ئەوەندە لە من گەورەتر نەبوو، هەمووی سێ چوار ساڵ گەورەتر بوو. من تازە پۆلی یەکم تەواو کردبوو حەوتساڵان بووم. خوشکم توند بە خۆیەوەی دەگووشیم و دەیگوت: «چیتە؟ بۆ ئاوا هەڵدەلەرزیت؟» دەنگی قیژەی دایکم هات، خوشکیشم ڕایکردە دەرەوە، منیش بە دوایدا بە گریان ڕامکرد، دایکم لەسەر زاخەکەوە* تەماشای ناوی دەکرد و هاواری دەکرد: «پیاوەکە سەلامەتیت؟» زاخەکە بەسەر باوکمدا رمابوو… ویستم ڕاکەم، دوو دەستی پووش قۆڵیان گرتم و بەرەو ژوورەوە ڕایانکێشام، لەبکاتی ڕاکێشانیاندا دەستم لە شەڕواڵی یەکێکیان خشا، شەڕواڵە کۆنەکەی باوکم بوو، ئەوەی لە ڕۆژی دروستکردنی داهۆڵەکان لەبەر گەورەکەیانی کرد. دەمویست خۆم ڕاپسکێنم لەدەستیان، نەمدەتوانی. دەمویست هاوار بکەم، دەنگم دەرنەدەهات. 

شەوی یەکەم لەگەڵ پەیکەری یاردا بەبێ قسە تێپەڕی، هەرچیمان هەبوو تەنیا لە ڕێگەی چاو و دڵدوێنییەوە گوتمان. دەستم دایە پەڕۆیەک بەو نیازەی تۆزی سەر جەستەی بسڕم، خۆم سەرقاڵ کرد، وام پیشان دەدا مەبەستم سڕینەوەیەتی، خۆم لە چاوی مەستوورە دەدزییەوە. پەڕۆکەم بە لاملی بەردینیدا دەهێنا و سەری پەنجەکانم دەگەیاندێ تەزووی خۆشی هرووژمیان بۆ دەهێنام و خەمێک دڵی پڕ دەکردم. لە چاوانی ڕادەمام و دەستم بە ڕوخساریدا دەهێنا، لە دڵەوە دەمگوت: «ئازیزم بۆچی قسەیەک ناکەیت؟ بۆ ئاوا کزۆڵە دیاریت؟» دڵۆپێک فرمێسکم بینی لە چاویەوە ڕێچکەی بەست، هەتا پەنجەم گەیاندێ لەسەر گۆنایدا وەک یاقووتێکی سوور ڕەق بوو، پەنجەم لێی دا تەڕ نەبوو، لەجێی فرمێسک ئەو مادە ڕەقە بوو کە من پێم وا بوو یاقووتە، کە ڕەنگەکەی لە نێوان سوور و قاوەییی تۆخدا بوو. لێوم لە فرمێسکە ڕەقەکەی نزیک کردەوە، بەڵام پێش ئەوەی بیگەمێ چاوی ئەوانی دیم بیر هاتەوە و چەند جارێک پەنجەم پێیدا هێنا تا وای پیشان بدەم خەریکی پاککردنەوەیم. دڵنیا بووم پێشتر نەبووە و لەو دەمەدا هاتووەتە خوارەوە و لەوێدا گیرساوەتەوە، بۆیە ئەو هیوایەی لە دڵمدا بوو زیاتر بوو، دڵنیاتر بوومەوە لەوەی ئەو پەیکەرە شتێکی نائاسایییە و لەوانەیە نهێنییەکی گەورەی لەناو خۆیدا حەشار دابێت!

یەکەم جار کە بینیم ئەو ڕۆژە بوو لەگەڵ هاوڕێکانم لە قەڵا سەرکەوتین، لە دەرگای سەرەکی بە دەستی چەپ سووڕاینەوە لە ئەنتیکەخانە کەمێک خۆمان سەرقاڵ کرد، دواتر یەک لە هاوڕێکانم گوتی: «مۆزەی بەرد کراوەتەوە پێتان چۆنە سەرێکی لێ بدەین؟» گاڵتەجاڕترینی ئێمە بە تەنزەوە گوتی: «مۆزەی بەرد یان مۆزی بەرد؟ ها ها ها.»

نەمزانی دوای چوونم بۆ ئەو مۆزەیە ئاوا گیرۆدە دەبم.

لە دەستەچەپی ئەنتیکەخانەوە سەت مەترێک لە ڕێڕەوێکی باریکەوە ڕۆیشتین، لە دەستی چەپمان دەرگایەکی بچووک و نزممان بینی تابلۆیەکی بەردینی لەسەر هەڵواسرابوو بە خەتێکی تێکشکاو لەسەری نووسرابوو: (مۆزەی بەرد). درزێک کەوتبووە نێوان وشەی مۆزە و بەردەکەوە.

گوتم: «باوکە منیش یارمەتیت دەدەم.»

گوتی: «باشە، من ئەو دوو کۆتەرەدارە دەهێنم تۆیش بڕۆ لە هۆوێ هەندێک لقەدار خڕکەوە و دواتر هەتا من ئەوان لێک دەدەم بڕۆوە ماڵێ هەندێک جلەکۆنەم بۆ بێنە.»

بە ڕاکردن چوومەوە ماڵەوە و هەندێک شڕەشەڵوار و کراسەدڕاوی باوکم و کراسی کوردییەکی کۆنی دایکم لەگەڵ خۆمدا هێنا و هاتمەوە. باوکم لە شێوەی خاچێک دارەکانی لە یەک بەستابوو، هەندێک پەڕۆوپاڵی لە شێوەی تۆپێک تێک خستبوو لەسەری یەکیانی دانابوو یەک یەک جلەکانم دەدایە دەستی و ئەویش لەبەر خاچەکانی دەکردن. شڕەشەڕواڵە خاکییە کۆنەکەی خۆی لە بەر گەورەترینیان کرد، لەگەڵ چۆغەیەکی ڕەشی کۆن سەرشانەکانی دڕابوون و گیرفانەکانی پێشەوەی لێ ببوونەوە. کراسە کوردییەکەی دایکیشمی لە بەر یەکێکی تر کرد، کە لەچاو ئەوەکانی تر گەورەتر بوو. بیرم دێتەوە ئەو ڕۆژەی باوکم قسەکەی کرد بۆ ئێستێک چاوم کەوتە سەر  ئەنگوچکی کراسە کوردییەکەی دایکم لە هەوادا دەشەکایەوە و ڕەنگە مۆرەکەی لەپێش چاوم تێکەڵی ڕەنگی نارنجیی خۆرە گەورەکەی پشتەوەی دەبوو…

بە گاڵتەوگەپەوە بە لای پەیکەرەکانی ڕێڕەوی شاعیراندا تێپەڕین. پەیکەری زۆرێک لە شاعیرە کۆنەکان لەمسەری ڕێڕەوەکەوە بۆ ئەوسەر لەمبەر و ئەوبەر ڕیز کرابوون. هیچ یەک لە پەیکەرەکان سەرنجیان ڕانەکێشام بە هاکەزایی تەماشام دەکردن و بە لایاندا تێدەپەڕیم. لەوە نەدەچوو هاوڕێیانیشم شتێکیان بە لاوە گرنگ بێت، زیاتر لەوە دەگەڕان شتێک لە پەیکەرەکان بدۆزنەوە تا بە یەکێک یان شتێکی بچوێنن و بیانخەنە نێو قەشمەریاتەکانی خۆیانەوە، تەنانەت گەیشتە ئەوەی بز بە هەندێکیانەوە بکەن و بتریقێنەوە…

باوکم قاچی ڕاستی شکا و لە گەچیان گرت. منیش دوای ئەو شەوەی داهۆڵەکان ڕایانکێشامە ژوورەوە تا هەفتەیەک لە جێدا کەوتم و لەشم داهێزرابوو، هیچم پێ نەدەخورا. دایکم شۆربای بۆ دروست دەکردم، لە چەند کەوچکێک زیاترم پێ نەدەخورا، ئەو چەند کەوچکەش بە زۆری دەرخواردیان دەدام.

دەمم تاڵ بوو و بەردەوام خەوی ناخۆشم دەبینی. شەوێکیان لە مۆتەکەیەک بە ئاگا هاتمەوە، لەسەر برا بچووکەکەمەوە کە لە نێوان من و دایکم ڕاکشابوو خۆم هەڵدایە ئەودیو و باوەشم بە دایکمدا کرد، دایکم هیچ کاردانەوەیەکی نەبوو، دایکەداهۆڵ بوو ڕایکێشامە باوەشی خۆیەوە، خۆم لە دەستی ڕادەپسکاند و دەکشامەوە ئەویش بە دەنگێکی هێواش و ترسناکەوە دەیگوت: «ڕۆڵە بۆ وا دەکەیت؟» دەستە ڕەقەکانی بە سەرمدا دەهێنا. خۆم دادەپسکاند و دەمقیژاند، تا ئاگام لە خۆم نەما. لە باوەشی دایکم بە ئاگا هاتم چرایەکیان پێ کردبوو، لە دەورم زنجیرەیەکی بازنەیییان دروست کردبوو، دایکم هەر دەگریا و لەبەر خۆیەوە قسەی دەکرد: «خوایە گیان شیفای کوڕەکەم بدە!» لێکدا لێکدا قسەی دەکرد: «پیاوەکە بە خوای ئێمە و شینایی کوجا مەرحەبا، هەر خوا ڕوحمی کرد تۆ بەوەندە دەرچووی و گیانت سەلامەت بوو، ئەوەتا ئەو کوڕەشمان چەند ڕۆژە تایەکی گەرمی لێیە و بەردەوام وڕێنە دەکات!»

«ئێ ژنەکە بە خوای دەزانم ئەوە ئیشی ئێمە نییە و هیچی لێ نازانین، بەس چارێکی ترمان نەبوو، لەوە باشترم شک نەدەبرد بۆ خۆدزینەوە لە بەرچاوی ئەو کافرانە! بە خوای ئەمجارە بمگرن» دەستی بە سینگی خۆیەوە گرت و بە دوو پەنجەی فشاری خستە سەر پەراسووی، ماوەیەک دەنگی نەما دواتر درێژەی پێ دا: «دەمکوژن.»

لە گەرمەی شەڕی ناوخۆدا کاتێک حیزبەکەی دیکە شاری ئێمەیان گرت، ماڵمان لە باداوا بوو. لە کەلێنی دەرگاوە تەماشای دەرێم دەکرد، پیاوێک شەقەیەکی لەژێر باڵی بوو، کلاشینکۆفێکی بە شانەکەی تریەوە  بوو ڕایدەکرد، خوێن لە قاچە ناتەواوەکەی دەچۆڕایەوە… لەو کاتەی تەماشای ئەو دیمەنەم دەکرد دایکم ڕایکێشامە ژوورەوە و دەرگەکەی بەسەرمدا داخست. گوێمان لە چەند دەستڕێژێکی گووللە بوو تێکەڵ بە چەند هاوار و ناڵەناڵ دەبوون. دایکم دەستی بە گوێمەوە گرت و لە باوەشی کردم. دەیان خەیاڵات بە سەری مندا گوزەری دەکرد، دەیان دەنگ و ڕووداوی تریش بە دوایاندا…

لە گەڕانێکی چەند پێشمەرگەیەک کە پەڕۆی ڕەنگزەقیان لە نێوچەوان بەستبوو چەند کتێبێک لە حەوشەی پشتەوەماندا دۆزرانەوە کە هیی مامم بوون، بەو هۆیەوە باوکمیان لەگەڵ خۆیاندا ڕاپێچا… دوای ئەوەی باوکم ئازاد کرا گوتی دەبێت ماوەیەک خۆمان لە چاوی ئەو بێویژدانانە بدزینەوە، بۆیە زەویەکمان بە کرێ گرت و خەریکی شینایی بووین…

لە زیندان پەراسووێکیان شکاندبوو، جارجار لە کاتی قسەکردندا هەناسەی دەگیرا، دەبووایە دەستی پێوە بگرێت، فشاری بخاتە سەری تا بیخاتەوە شوێنی خۆی و هەناسەی بۆ بگەڕێتەوە…

منیش وەک هاوڕێیانم خەریکی گاڵتەوگەپ و تەماشاکردنی پەیکەرەکان بووم. لەوسەری داڵانەکەوە کچێک تەماشای دەکردم، تەماشام کردەوە، خەندەیەکی بۆ کردم منیش کردمەوە، ئیشارەتێکی بۆ کردم، خۆم لە هاوڕێیانم دابڕی و بە پەلە خۆم گەیاندێ، بەڵام کاتێک گەیشتمە لای دەبینم ئەویش هەر پەیکەرێکە وەک ئەوانی تر، سەرنجم لێی دا ئەویش تەماشای دەکردمەوە. چاوانی بەرەبەرە ڕەنگیان دەگۆڕا و تەڕتر و زیندووتر دەبوون، تا نزیکتر دەبوومەوە ڕەنگی تریان وەردەگرت، بە لامەوە سەیر و سەرنجڕاکێش بوون! شەقاوێکم مابوو بگەمە لای، چاوم بە چواردەوری خۆمدا گێڕا جگە لە هاوڕێکانم لەوسەری داڵانەکە سەرقاڵی فشقیاتی خۆیان بوون و ئاگایان لە من نەبوو هیچ کەسی تری لێ نەبوو. دەستم لێی نزیک کردەوە و پەنجەم لە لۆچی کراسە ئاودامانەکەی خشاند، سارد و ڕەق بوو. دەستم بۆ سەرێ بزواند، گەیاندمە ملی، کە کەمێک قژی بەسەریدا پەخش کرابوو و باقییەکەی تری لە دواوە بە پشتیدا شۆڕ ببووەوە. ملی ڕووتی هەستی بزواندم چاوانم داخستن و لێوم لێی نزیک کردەوە… گوتی: «مەکە!» تۆقیم! دڵم تەپەتەپی بوو تەماشام کرد، هیچ جوولەیەکی نەبوو، هەمان پەیکەرەکەی چەند دەقەیەک پێشتر بوو. وام لێک دایەوە گوێم زرینگاوەتەوە… هاوڕێیانم بانگیان کردم، ویستم بڕۆمە لایان، گوتی: «تکایە جێم مەهێڵە!»

بە پەلە ئاوڕم دایەوە، بەڵام ئەو هەر هەمان پەیکەری بێجووڵە بوو. باشتر دیقەتم لێی دا تێبینیی ئەوەم کرد ئەمجارە کەمێک لێوی قەوستر کردووەتەوە وەکوو ئەوەی ویستبێتی خەندە بکات، زیاتر لێی چوومە پێشەوە، دڵنیا نەبووم لەوەی شتێکی وا ڕووی دابێت، بەڵام پێم وا بوو وایە. بە دزێوی بانگیان دەکردم و قسەیان دەکرد: «ها چییە؟ دەڵێی عاشقی ئەو بەردە بوویت ئاوا لێی نابییەوە؟ ها ها ها»

پێکەنینیان زۆر دزێو بوو، بەو دەنگەیان سەرمیان دەکوتی… ئیدی نەمتوانی گوێ بەو نایە بدەم کە لە پشتمەوە دەهات، چوومەوە لای هاوڕێکانم. یەکیان بە لاقرتێوە گوتی: «با بڕۆین. ئەوە چییە ئەو مۆزە ڕەق و بێتامە! هەموویان قاقایان لێ دا…»

لە دەرچوونمان بە لای پیرەمێردی چاودێری مۆزەخانەکەدا تێپەڕین، سەیر تەماشای دەکردم. ترسم لە دڵی نیشت. خۆم لە نیگا تیژەکانی دزییەوە.

شۆڕمان کردەوە. بە کۆڵانە تەسک و بەرزەکانی قەیسەریدا دەڕۆیشتین، خۆم لە خەڵکی لا دەدا و سەیری داڵانی بەرزی خشتی بازاڕەکەم دەکرد، کە تازە لەسەر شێوازە کۆنەکەی نوێ کرابووەوە… هاوڕێکانم هەر خەریکی گەپی خۆیان بوون، من بە تەواوی لە دونیای ئەوان دابڕابووم و بیرم لەو پەیکەرە دەکردەوە. تا دوورتر دەکەوتمەوە زیاتر دڵم بۆی تەنگ دەبوو. بەرەبەرە کۆڵانەکانی قەیسەری تەسکتر دەبووەوە و دەروونی منیش تەنگتر! دڵم پڕ ببوو، لەبەر هاوڕێکانم نەمدەتوانی هەڵیڕێژم. کەمێک خۆم خافڵاند تا ئەوان پێشم کەون، هەر کەمێک دوورکەوتنەوە خۆم بە قەیسەری بەزازەکاندا کرد و خۆم لە چایخانە بچووکەکەی سەری کۆڵان هاویشت.

کاتێک باوکم داهۆڵەکەی بەرز کردەوە و ویستی بیچەقێنێت، بەو شەڕواڵە شڕەوە بە پێشمەرگە بریندارەكه‌ دەچوو، شەقەیەکی له‌ بنباڵی بوو، غاری دەدا. کەمێک لێی دوورکەوتمەوە، دووبارە سەرنجم لێی دایەوە، قیافەی لەبەر ڕووناکییە کزە‌كه‌ی ئێواره‌ تاریک دەچووەوە، لە بەرچاوم زیاتر بە پێشمەرگەکە دەچوو کە لەگەڵ بایەکەدا دەلەنگی.

دەلەرزیم، چۆقەی ددانم دەهات. باوکم چۆغه‌كه‌ی خۆی داکەند و پێی دادام، گوتی: «کوڕم ئەمڕۆ ڕۆژێکی خۆشە ساردیش نییە، بۆ ئاوا دەلەرزی؟»

«نازانم بابە!» چۆغه‌كه‌م لە خۆمەوە پێچا. باوکم لە تەنیشتمەوە دانیشت: «کوڕی خۆم ئەوە ئیشەکانمان تەواو کرد. ئێستا شیناییەکەمان پاسەوانی تایبەتی خۆی هەیە و ئیدی هیچ باڵندەیەک ناتوانن توخنی کەوێت.»

کاتێک گوتی پاسەوان، خۆنەویستانە چاوم چووەوە سەر پێشمەرگە شەلەکە. خۆرەکە لەودیویەوە وەک پرتەقاڵێک بە ئاسمانەوە بووە، سەری داهۆڵەکەی لە بەرچاوم تاریک دەکرد. لێی ترسام، چاوم گواستەوە سەر دایکەداهۆڵ، تەماشای دەکردم. چاوم لێی کەلی کرد لچکی فەقیانەکەی بە خاوی لە هەوادا دەجووڵایەوە. سەرم لە پەنا شەڕواڵەکەی باوکم شاردەوە، لەو کاتەدا هەڵسابووەوە و دەستی خستبووە سەر چاوانی و تەماشای ئەو پیاوانەی کرد کە لێمان نزیک دەبوونەوە. لە دواوەی داهۆڵەکانەوە ئەوانیش وەک چەند داهۆڵێکی جووڵاو بوون…

سەرنجم لەو وێنانەی بە دیواری چایخانەکەدا هەڵواسرابوون دەدا. وێنەی کۆن و نوێ، ڕەشوسپی بە تەنیشت یەکەوە هەڵواسرابوون. گومەزەکەی بە زەخڕەفەی شین ڕازێندرابووەوە. پیرەچایچی بە خەندەیەکەوە چایەکی لە پێشم دانا و بە شەلەشەل گەڕایەوە لای سەماوەرەکەی. ویستم بە شێنەیی چاکەم بخۆمەوە و بیرم کۆ بکەمەوە، بەڵام نەمتوانی. بە پەلە چاکەم خواردەوە و ملی ڕێگای قەڵاتم گرتە بەر. خۆم گەیاندەوە مۆزەی بەرد. بڕیاری خۆم دابوو، دەبوو یەکلایی بکەمەوە. لە بەرانبەر پیرەی چاودێردا دانیشتبووم و لێی دەپاڕامەوە وەک پاسەوانی شەوان لەو مۆزەیە وەرمگرێت. ئەو دەیگوت: «ئەم شوێنە هیچ شتێکی بەنرخی لێ نییە تا پێویست بە پاسەوانی شەوانە بکات.»

دەمگوت: «ئەی ئەو هەموو پەیکەرە بەنرخانە؟»

دەیگوت: «کوڕی خۆم لێرە کێ پەیکەری لا بەنرخە و هەوڵی دزینیان دەدات؟ ئەو پەیکەرانە مێژووی دروستکردنیان هێندە لەمێژ نییە تا وەک شتی ئەنتیکە و کولتووری لەمێژینە پارەی زۆر بکەن و شیاوی ئەو مەترسییە بن! گریمان دزیشی چی لێ دەکات؟ کێ پارەیەکی وای پێ دەدا شیاوی ئەو ماندووبوونە و مەترسییەی بێت؟» من هەر بۆم ڕوون دەکردەوە و ئەو هەر ملی نەدەدا… ناچار بووم درۆی بۆ بکەم، چیرۆکێکی درۆینەم بۆی ڕێک خست. باسم لەوە کرد بێکەسوکارم و شوێنی حەوانەوەم نییە، ئەگەر ڕێم بدات شەوان لەوێ بنووم. بە هەر جۆرێک بێت ڕازیم کرد.

یەکەم شەو کاتێک پیرەچاودێر خەندەیەکی خەمگینانەی بۆ کردم و دەرگەی لەسەر داخستم دڵم پەلەپەلی بوو، چۆکم دەلەرزی، ویستم  خۆم بگەیەنمە لای و لە نهێنییەکەی تێبگەم. چۆکم شل ببوو لە دوام نەدەهات، بە هەنگاوی لەرزۆک و خاوەوە  ڕۆیشتم… ماوەیەکی درێژ لە بەرانبەریدا وەستام و لە چاوانیم ڕوانی بێ ئەوەی هیچ بکەم و بیر لە هیچ شتێک بکەمەوە. زەنگی مۆبایلەکەم ڕایچڵەکاندم! تووڕم هەڵدا بە دیوار کەوت و شکا، ئیدی هەستم بە ئازادی کرد. ئیتر هیچ کەسێک نەیدەتوانی لەوم دابڕێت. دەمتوانی بە کامی دڵ تەماشای بکەم و لێی نزیک بمەوە. دەستم لێی نزیک کردەوە. قژی خاویم بە سەرەپەنجەکانم دەلاواندەوە و لە چاوە گەشەکانی ڕامام. بە برۆی ئاماژەیەکی بۆ پشتەوەم کرد، ئاوڕم دایەوە، مەستوورە زەق زەق سەیری دەکرم. شەرم دایگرتم. خۆم کۆ کردەوە و مەترێک لە یار دوورکەوتمەوە، پشتم کردەوە پەیکەرەکەی مەستوورە و ڕوو لە یاری شیرینم. تەماشای یەکتریمان دەکرد و لە ناوەوە یەکتریمان دەدواند. قسەم بۆ دەکرد و بە نازەوە وەڵامی دەدامەوە. ستایشی جوانییەکەیم دەکرد. ڕوخساری دەگۆڕا خەت و لۆچە ناسکەکانی سەر ڕوخساری بەخۆنازین و نازیان پیشان دەدام، خەت و خاڵی کە باسی کەوتە گوڵزار کە چ ئەستۆ ما وەنەوشە خونچە بێدەنگ!*  هانی دەدام و زیاتر لە پیاهەڵدانی ڕۆدەچووم…

پەنجەرەکەمان بە نایلۆن گرتبوو، شتەکانی ئەودیوی بە لێڵی پیشان دەدا. باوەداهۆڵم بە لێڵی بینی، لوولەی کڵانشیکۆفێکی  ڕوو لە ئێمە کردبوو ژماردی: سێ دوو یەک… چاوانم داخستن، حەپەحەپی سەگەکانی ماڵی مام نەجات ڕایانچڵەکاندم! سێبەری داهۆڵەکە بەسەر دیوارەکەوە خشی و دیار نەما. سەگەکان کردبوویانە هەرا، هەموومان بە ئاگا هاتین… باوکم ڕایکردە دەرەوە، ئێمەش لە دوای ئەوەوە. داستۆنێک لە بەردەم ماڵی مام نەجات ڕایگرتبوو، گریان و قیژەی ژنەکان تێکەڵی حەپەی سەگەکان دەبوون… خۆمان گەیاندە لایان، تەرمی دوو کوڕیان بۆ هاتبووەوە، کە کەوتبوونە نێو کەمینەوە و تێدا چووبوون…

مام نەجات وەک پەیکەرێکی نیوەمردوو لەسەر تەرمی کوڕەکانی بە چۆکدا هاتبوو و متەقی لێ بڕابوو، چاوانی زەق زەق و بێجووڵە. دایکم دەستی بە چاوی منەوە گرت و بردمیەوە ماڵێ…

ڕۆژانەش لە مۆزەخانەکە نەدەچوومە دەرێ. ژوورێکی بچووکی هەبوو لە دیوی پشتەوەی وەک ناندێن بە کار دەهات، دەلاقەیەکی بچووکی هەبوو لە بەرزیی دوو مەترێکەوە بۆ ناو مۆزەخانەکەی دەڕوانی. زۆربەی کات دەچوومە سەر چارپایەک و لەوێوە دیقەتم لە پەیکەری یاری نازدارم دەدا، هەر کاتێک سەردانیکەرێک لە بەرانبەر پەیکەری یارمدا بوەستایە و زیاتر تەماشای بکردایە، دڵم دادەخورپا و ئۆقرەم لێ هەڵدەگیرا.  ئەگەر یەکێک دەستی بەری کەوتبا لەودیو دەلاقەکەوە شێت و هار دەبووم و مستەکانم دەگووشین و لێکم دەدان. شەوێ خۆم دەگەیاندە کنی، گلەییم لێ دەکرد چۆن سەرنجی ئەو کوڕە، یا ئەو پیاوەی ڕاکێشاوە و ڕێی داوە کاتێکی زیاتر لای بمێنێتەوە. بە نازەوە تەماشای دەکردم و دەنگی لێوە نەدەهات…

لە شەوی دووەمەوە چارەسەرم بۆ مەستوورە و پەیکەرەکانی تر دۆزییەوە، هەر کە پیرەمێرد دەیویست کەلوپەلەکانی کۆکاتەوە و بڕواتەوە ماڵێ، بە بیانووی پاراستنیان لە تۆز، یەکی قوماشێکی ڕەشم لە دەوریان دەپێچا. لەگەڵ نازداری خۆم تەنیا دەمامەوە. ئەو دەرگای دادەخست و من بۆ لای دەخشام. سەرەتا بە چاوچاوانێی کورت و لە ناکاو دەستمان پێ دەکرد، دواتر لێک قووڵ دەبووینەوە، دواتر خۆم پێ نەدەگیرا و باوەشم پێیدا دەکرد و ڕامدەمووسی. تا ماندوو دەبووم بۆنی لاملیم دەکرد. دەستم بە کەمەر و چاڵایییەکانی سەر سمتی دادەهێنا و لێوم لە ئێسکە دەرپەڕیوەکانی چەڵەمەی نزیک دەکردەوە، دواتر بە کامی دڵ بەسەر شانیدا دەگریام. چاوانم گران دەبوون، بە شەکەتی و لۆژەلۆژ دەکشامەوە، بەرانبەری لەسەر ئەو بەڕەیە ڕادەکشام و بە هەناسەی قووڵەوە سەرنجم لێی دەدا، بەرەبەرە چاوانم لێڵ دەبوون و قوڕس دەبوون. خەو دەیبردمەوە. چەندین شەو لە خەو هەڵیساندووم و بە کووچە تاریک، باریک، چۆڵ، هۆڵ، ڕووخاوەکانی قەڵادا پیاسەمان کردووە و قسەمان بۆ یەک کردووە. جارجار لە دەرگای پێشەوەی قەڵا دەهاتینە دەرەوە و لەسەر سەکۆ درێژەکە دادەنیشتین و تەماشای ڕەنگاوڕەنگیی گلۆپەکانی شارمان دەکرد، سەری دەخستە سەر شانم و پرچی بەسەر شانمدا پەخشان دەکرد. جارجار لێوی لە شانم دەخشاند و ماچبارانی دەکرد… لەسەر ئەو سەکۆیە چۆڵە کە عەسران و دەمەوئێواران بە حاڵ جێت دەبێتەوە وێنەیەکی لێ بچرکێنی دەردەدڵمان بۆ یەک دەکرد و باسی چیرۆکەکانی ژیانی خۆمانمان بۆ یەک دەکرد. ئەو باسی چیرۆکی خۆی و پەیکەرتاشێکی سەرشێتی دەکرد، ئەو چیرۆکە زۆر ئازاری دەدام بۆیە لێی دەپاڕامەوە تەواوی نەکات. دەیگوت: «من هەر ئەو چیرۆکەم هەیە، دەتوانم چی دیکەت بۆ بگێڕمەوە؟» دەمگوت: «دەتوانیت چیرۆکی خۆم و خۆت بگێڕیتەوە.» لێیم دەپرسی: «چیرۆکی ئەو عیشقەی من شیاو نییە بگێڕدرێتەوە؟ ئایا تۆیش ئەوت خۆشدەویست؟» بە گریانەوە وەڵامی دەدامەوە: «کێ گوتوویەتی چیرۆکی عیشقی تۆ شیاوی گێڕانەوە نییە؟ تخوا با واز لەو باسە بێنین و کاتمان بە ئەزیەتدانی یەکتری نەبەینە سەر!»

بەرەبەرە گڵۆپەکانی شار دەکوژانەوە و دەنگەدەنگ و ژاوەژاوی شار کەم دەبووەوە و تاکوتەرا ئۆتۆمبێل بە شەقامەکەی خوارەوەدا هاتوچۆیان بوو، ئێمە دەبووایە پێش ئەوەی دونیا تەواو ڕوون بێتەوە بچینەوە شوێنی خۆمان. دەبوو ئاگاشمان لەو پاسەوانانە بێت کە جارجار لە نوقتەکەی خۆیانەوە سەردەکەوتن و خولێکی خێرایان بەناو قەڵادا لێ دەدا، تا بزانن هیچ کەسێکی نامۆ جێ نەماوە…

ساڵێک بوو ئەوە ژیانی من بوو، پێی ڕازی بووم، بەڵام ترسی لەدەستدانی یار ئۆقرەی لێ بڕیبووم. بەردەوام بیرم لە نەخشەڕێگایەک بۆ بردنی پەیکەری یار، دوورخستنەوەی لە چاوی خەڵکی و دروستکردنی ژیانێکی هاوبەشی ئارام پێکەوە دەکردەوە. گەیشتبوومە بنبەست و دەبوو ئەو نەخشەیە جێبەجێ بکەم کە دامڕشتبوو. ڕۆژێکیان لە دەلاقەکەوە لە گەردەنی یار ڕامابووم کە پشتی کچێک گەردنی یاری لێ ون کردم، لە یار ورد دەبووەوە، دەستی بە جەستەی دادەهێنا و دەستی بۆ لووتی دەبرد. لووتی لە لاملی نزیک دەکردەوە و بۆنی کرد. کەمێک دوورکەوتەوە و سەرنجی لێ دا، دووبارە نزیک بووەوە، لووتی لە جەستەی نزیک کردەوە و بۆنی دەکرد، دواتر چووە لای پەیکەرەکەی تەنیشتی و ئەوی بۆن کرد و گەڕایەوە لای ئەمەیان و دیسان بۆنی کردەوە. ئەو هەڵسوکەوتەی ئەو کچەم بە لاوە سەیر بوو، بۆیە دیقەتم لێ دا لەو کاتەی تەماشام دەکرد هەستم کرد منی بینی، سەرم کێشایەوە دواوە. دوای ئێستێک بە حاڵ سەرم بەرز کردەوە و تەماشام کردەوە، لەگەڵ پیرەمێردەکە قسەی دەکرد. تەنیشتی لە من بوو. سەرم هەڵبڕییەوە و دیقەتم لێی دایەوە…

گوێم لە هانکەهانکێک بوو، بەتانییەکەم کەلی کرد و لە کەلێنەکەوە تەماشام کرد، بینیم بەتانییەکەی دەجووڵیتەوە و ئاهـ و ناڵە و مڕەمڕێکی ترسێنەری لێوە دەردەچێت، خۆم گرمۆڵە کرد و بەتانییەکەم زیاتر لە خۆمەوە لوول دا. دەنگەکە بەرەبەرە هێواش دەبووەوە، دوای خامۆشبوونی دەنگەکە کەلێنەکەم دروست کردەوە و تەماشام کردەوە، بەتانییەکە جووڵا و لەسەر دایکم لاچوو، باوەداهۆڵ هەڵسایەوە، هەڵسایەوە و بەسەر بەتانییەکەی مندا خشی. دەنگی خشەخشەکەی لە گوێمدا زرینگایەوە، دەستم برد، مەچەکی دایکم گرت، بەڵام پووشوپەڵاشی دایکەداهۆڵ کەوتە بەردەستم، دەستم کشاندەوە و قیژاندم…

لەو کاتەدا ئەویش سەری خۆی سووڕاند و دیقەتی لێ دام، ماوەیەک لە چاوی یەک ڕامابووین، فرمێسک لە چاوم زا، بەرەبەرە لە دەلاقەکە نزیک دەبووەوە، بە پشتدا کەوتم. تیک تاک تیک تاک لە دیوارەکە نزیک دەبووەوە، تەپ تەپ تەپ لە سینەی مندا زیادی دەکرد. هەناسەم لە خۆم بڕیبوو و گوێم هەڵخستبوو. خولەکێک بێدەنگی زاڵ بوو… تیک تاک تیک تاکی دوورکەوتنەوەم دەژنەوت، کەمێک ئۆقرەم گرت. هەوڵم دا ئەو ڕووداوە لە بیر خۆم ببەمەوە و بڕوا بە خۆم بهێنم کە ڕێکەوت و ئاسایی بووە، بەڵام بە دووبارەبوونەوە و چەندبارەبوونەوەی هاتنی ئەو کچە و سەرنجدانی لە دەلاقەکە، هەستێکی سەیرم بۆ دروست بوو، شتێک لە ناوەوەڕا پاڵی پێوە دەنام بچمە دەرەوە و ڕووبەڕوو بیبینم، چەند جارێک هەوڵم دا بچم و جورئەتم نەبوو. ڕۆژێک لە پیرەپیاوم پرسی: «ئەو کچە کێیە و چی دەوێت؟» بە زەردەخەنەیەکی گاڵتەجاڕانەوە وەڵامی دامەوە: «ئەو کچە خۆشی نازانیت بە دوای چییەوەیە! لەوانەیە عیشقێکی قوڵ تووشی نەخۆشییەکی سەیری دەروونیی کردبێت، ئەوەی ئەو باسی دەکات جۆرێکە لە خوڕافە!» پرسیم: «باسی چی دەکات؟ »

وەڵامی دامەوە: «باسی ونبوونی خۆشەویستەکەی دەکات، ڕۆژێک بە نیازی خەڵوەت* شار جێ دەهێڵێت، هیچ کەسێک نازانێت بۆ کوێ! ماوەیەک پێوەندییان بەردەوام بووە و ڕۆژانە تەلەفۆنیان بۆ یەک کردووە و باسی دۆخی خۆی بۆ کردووە. باسی کێو و کانی و خاکوخۆڵ و داروبەرد و با و گیانلەبەرانی ئەو شوێنەی بۆ کردووە، بەڵام ناوی شوێنەکەی پێ نەگوتووە. گوتوویەتی پڕۆسەی پاکبوونەوەم تەواو بێت دەگەڕێمەوە شار و (گۆرانیی شار*) درێژە پێ دەدەم. لەناکاو خۆشەویستەکەی دەنگی نامێنێت، چەندی پێوەندیی پێوە دەکات، داخراوە! ئەوە پەرێشانی دەکات، بە دوایدا دەگەڕێت. سەرەتا دەچێتە ماڵیان و دواتر ئەو ماڵانەی، کە وەک ماڵی دۆست و ناسیاوەکانی دەیزانی، هیچیان خەبەرێکیان لێی نییە و هیچ سەرەداوێکی دەست ناکەوێت، دواتر بە دوای وێنەی سروشتدا دەگەڕێت و هەموو ئەو وێنەگرانە پەیدا دەکات کە وێنەی سروشتی و ناوچە گەشتیارییەکانیان چرکاندووە و یەک یەک وێنەکان بەو وەسفانە بەراورد دەکات کوڕەکە بۆ ئەو شوێنەی کردبوو لێی بوو، سەردانی هەموو ئەو شوێنانە دەکات، کە کەمترین نزیکایەتییان لەگەڵ وەسفەکانی ئەودا هەیە، بەڵام دیسان هیچی چنگ ناکەوێت…»

لێیم پرسی: «جا ئەو پەیکەرە چ پێوەندییەکی بەو چیرۆکەوە هەیە؟»

پیرەمێرد سەرێکی بادا: «داماوە دەڵێت ئەو پەیکەرە بۆنی یارەکەمی لێ دێت، دڵنیام ئەو پەیکەرە پێوەندیی بەوەوە هەیە!»

لێیم پرسی: «واتە چۆن پێوەندیی بەوەوە هەیە؟»

«دەڵێت خۆشەویستەکەی پەیکەرساز بووە و هەمیشە خەیاڵی بە دروستکردنی پەیکەرێکەوە بینیوە، بتوانێت هەموو هونەری خۆی تێیدا بە کار بهێنێت! دەیگوت هەمیشە پێیم گوتووە هیواخوازم ئەو ئیلهامی دروستکردنی پەیکەرە لە منەوە وەرگریت. دەڵێت ئەو پەیکەرە هەمان ئەو پەیکەرەیە ئەو لەسەر شێوەی مندا دروستی کردووە! دەڵێت شایەدم ئەوەیە تەنانەت بۆنی جەستەی خۆی لەو پەیکەرەدا شاردووەتەوە و من دەتوانم هەستی پێ بکەم، مەگەر دەکرێت بەرد بۆنی هەبێت؟ ئەگەر بەرد بۆنی نییە وەرە بۆنی ئەو پەیکەرە بکە بزانە ئەو بۆنە تیژە چییە لێی دێت؟ ڕێک بۆنی ئەوە کاتێک بە تەواوی لە دروستکردنی یەکێک لە کارە هونەرییەکانی شەکەت بووە و ئارەقە بەسەر پێستییەوە ویشک بووەتەوە.»

پیرەپیاو سەری با دا و درێژەی پێ دا: «ئەوەندە بە باوەڕەوە ئەو قسانەی کرد و ئەو چیرۆکانەی دەگێڕایەوە، منیشی تووشی هەڵوەسە کرد و ڕۆژێکیان دوای ڕۆیشتنی خۆم لە پەیکەرەکە نزیک کردەوە و بۆنم کرد، بەڵام جگە لە بۆنی خنک کە تێکەڵ بە بۆنێکی تیژ بووبوو لووتی دەچوزاندییەوە، هیچ بۆنێکی ترم لێی نەکرد! ئەو کچە سەرەتا مامەڵەی پەیکەرەکەی لەگەڵدا کردم، دەیگوت هەرچەندت دەوێت دەتدەمێ و پێمی بفرۆشە، بەڵام دوای ئەوەی زانی من مل نادەم، ئەو پەیکەرانەی ئێرە موڵکی من نین و بۆ فرۆشتن نین، داوای لێ کردم ڕێگەی بدەم ڕۆژانە بێت و سەردانی ئێرە بکات، بەو هیوایەی ڕۆژێک ئەو کوڕە سەردانی ئەو مۆزەخانەیە بکات بۆ بینینەوەی پەیکەرەکەی و لێرە بە یەکتر شاد ببنەوە.»

چیرۆکەکەی کاریگەر بوو، حەزی ئەوەی لا ورووژاندم ئەمجارە ئەگەر هات لە ژوورەکەم بێمە دەرەوە، خۆمی لێ نزیک بکەمەوە و لە نزیکەوە بیبینم.

ڕۆژی دواتر لەودیو دەلاقەکەوە چاوەڕێی بووم، وێنەیم دەهێنایەوە پێشچاوی خۆم، هەرچەندە لەبەر کۆنیی پەنجەرەکە بە تەڵخی بینیبووم، بەڵام کاتێک بە پەیکەرەکەم بەراورد دەکرد زۆر پێی دەچوو. دڵم لەسەر ئاو و ئاگر بوو، تا لە نزیکەوە بیبینم.

هەر بەیانییەکی زوو بوو لە دەرگای مۆزەخانەکە هاتە ژوورەوە، ملپێچێکی سەوزی بە دەستەوە بوو، جارجار لە لووتی خۆی نزیک دەکردەوە و بۆنی دەکرد. کە دەرگام کردەوە دەیویست ملپێچەکە لە ملی پەیکەرەکە بئاڵێنێت. هەنگاوێکم هەڵنەهێنابوو کە بە پەلە ڕووی خۆی سووڕاند، کاتێک منی بینی دەمی داپچڕی و چاوانی زەق زەق کردنەوە، لەوانەیە منیش بە هەمان شێوە بووبم. بە سەرسامییەوە لێم نزیک بووەوە دەمی تەتەڵەی دەکرد، ناوێکی بە زاردا هات و نێوچەوانی گرژ کرد: «بۆچی وات لێ کردم؟» لەگەڵ ئاوای گوت فرمێسک لە چاوانی قەتیس بوو، لێوی دەلەرزی.

پێیم گوت: «چیم لێ کردوویت؟»

بە لێوەلەرزە وەڵامی دامەوە: «خۆت باش دەزانیت چیت کررر…» قوڕگی گیرا…

من و خوشکم خۆمان لە پەنای دایکم و باوکمدا گرمۆڵە کردبوو و دەستمان بە گوێکانمانەوە گرتبوو. لە دەرەوە دەنگی تەقە و گرمەی تۆپ و هاوەن دەهات، بەرەبەرە دەنگەکان گەورەتر دەبوون، من و خوشکیشم دەگریاین و هەڵدەلەرزین…

لەژێر سەرم هەستم بە شتێکی ڕەق کرد، بە ترسەوە دەستم لە سکی باوکم خشاند هەستم بە هیچ نەکرد، زیاتر دەستم بە قەمیسەکەیدا بردە ژوورەوە تەختەدارێکی ڕەق کەوتە بەردەستم، سەرم هەڵبڕی باوکەداهۆڵ بوو منی لە باوەش گرتبوو، خۆم ڕاپسکاند و غارم دایە دەرەوە، باوکم بوو هاواری دەکرد: «کوڕم بۆ کوێ دەچیت؟» چوومە دەرەوە، هەمووی سەت مەترێک دوور نەکەوتبوومەوە باوکم لە پشتەوە بنباڵی گرتم و لە باوەشی گرتم. دونیا ڕوون بووبووەوە بەڵام هێشتا خۆر هەڵنەهاتبوو. لەسەرمانەوە ئاگر داباری تۆپێک لەولاوە بەر زاخەکەمان* کەوت و ئاگری لێ هەڵساند. بۆنی دووکەڵی تووتنی سووتاو قانگی داین. باوکم لە باوەشی گرتم و بە ڕاکردن دوور کەوتینەوە، بەڵام زۆر نەڕۆیشتین تۆپێکی تر خشتی خانووەکەمانی بە ئاسماندا برد. قاووقیژەی دایکم و خوشکم و گریانی منیش تێکەڵ بووبوون. خۆمان خستبووە پەنای گردێک و تەماشای دەشتەکەی ئەوبەرمان دەکرد. چەند پێشمەرگەیەک کە پەڕۆیان لە نێوچەوانیان بەستبوو ڕایاندەکرد. باوکم دەستی خستە سەر چاوم، لەبەر پەشۆکاوی ئاگای لەوە نەبوو کەلێنێک کەوتۆتە نێو پەنجەکانی، لەوێوە سەرنجم لە پێشمەرگەکان دەدا، یەکیان شانی خستبووە بنباڵی یەکێکی تر و بە شەلەشەل دەڕۆیشتن. ڕێچکەیەکی خوێن بە دوایانەوە ڕەش دەچووەوە. جارجار یەک دوانێکیان هەڵدەگەڕانەوە تەماشای دووریان دەکرد. چەند دەبابەیەک لە دوورەوە بە دەر کەوتن، پێشمەرگەکان بە قوڕگێکی لەرزیوەوە جنێویان دەدا و دەیانگوت دەبابەکان هاتن پەلە بکەن…

لە دوامانەوە دووکەڵ بەری ئاسمانی گرتبوو لە پێشمانەوە دەبابەکان وەک کیسەڵی زەبەلاح بەرەو ڕوومان دەیانهاژووشت، داهۆڵێک لەسەر یەکێکیان چەقێندرابوو قات و شەڕواڵی لە بەر بوو، داهۆڵێکی تر لەسەر ئەوەکەی ترەوە جیزداشەیەکی ڕەشی لە بەردا دەشەکایەوە. لە دوایانەوە خۆر  لەنێو تۆز و دووکەڵ بزر ببوو… باوکم نەیدەزانی دەممان بگرێت یان چاومان، ئێمەش تۆقابووین! هاوارمان دەکرد و دەگریاین…

نەخشەکەم ئەوە بوو، شەوێک ئەو پەیکەرە بدزم، بڕۆمە شوێنێکی دوورەدەست، لەوێ لە کوخێکدا پێکەوە بژین و دەستی هیچ کەسێکمان پێ نەگات.

ئەو کچە مەترسیی بۆ سەر پلانەکەم دروست کرد. لە ناوەوەم شتێک گۆڕابوو، بەڵام نەمدەوێرا دانی پێدا بنێم. شەوانە کە دەچوومە بەرامبەر یارپەیکەر دەستم لە ملی دەئاڵاند خەیاڵم بۆ ئەو کچە دەچوو، هەوڵم دەدا لە خەیاڵی خۆم دەری بکەم، زیاتر خۆی دەچەسپاند و دەچەسپاند و قووڵتر ڕۆدەچوو، بیر و هۆشمی داگیر کردبوو. ڕۆژانە فێری ئەوە بووبووم لەگەڵ ئەو کچەدا بچمە دەرەوە، دەیگوت: «تۆ هەمان خۆشەویستەکەمی و بە ئەنقەست ئەو یارییەم لەگەڵدا دەکەیت» دەیگوت: «هەرچەندە ئەو یاریی خۆنەناسکردنەت ئازارم دەدات، بەڵام چێژیشم پێ دەبەخشێت. بە خۆم دەڵێم ببینە لەپێناوی من چ قوربانییەک بە خۆی دەدات و چۆن بەرگەی ئازاری خۆگۆڕین و ئەو هەموو نمایشە دەگرێت!» پێیم دەگوت: «بەڕاستی من ئەو کوڕە نیم کە باسی دەکەیت و هەر ناشیناسم.» دەیگوت: «من تۆ باش دەناسمەوە و هەرگیز ناتوانیت خۆت لە من بگۆڕیت!» گفتوگۆکانمان بەو جۆرە بەردەوام بوون. گۆڕانێکی سەیر لە ناوەوەی مندا ڕووی دابوو، ئەگەر ڕۆژێک نەهاتبا ئۆقرەم لێ هەڵدەگیرا، وەک گێژان لە مۆزەخانەکە دەهاتمە دەرەوە و بە شاردا دەگەڕام، دەتگوت شتێکم لێ ون بووە و بە دوایدا وێڵم. پێیم گوت: «وای دانێ لەمەودوا من خۆشەویستەکەتم، چی دەگۆڕێت؟»

وەڵامی دامەوە: «وای دانێین نا، بەڵکوو تۆ هەویت! ئەگەریش وامان دانا ئەوا دەبێت پلانێک دانێین بۆ ڕزگارکردنی خۆت و شاکارەکەت لەم بەندیخانە پەڕپووتە!»

پلانەکەی بۆ ڕوون کردمەوە، کە سەرتاپای نەخشەکەی منی شێواند…

شەوی جێبەجێکردنی، خۆم گەیاندە لای پەیکەری ئازیزم، سەرەتا چەند خولەکێک لە چاوانی ڕامام، چاوانی بەرەبەرە بچووک دەبوونەوە و قەترەیەک ڕۆندک لە نێوانیان قەتیس ببوو نەدەڕژایە خوارەوە. دیمەنێکی سەیری هەبوو، وەک ئەوە وا بوو لێم بپاڕێتەوە. کزۆڵە و خەمگین تەماشای دەکردم و فرمێسکەکەش بەرەبەرە سوور هەڵدەگەڕا وەک یاقووتێکی سوور لەجێی خۆیدا قەتیس. لەو کاتەدا چەند پرسیارێک ورووژاندمیان: ئەو پەیکەرە بۆچی هێندە خەمگینە؟ ئایا ئەو درکی بە شتێک کردووە من نەمزانیبێت؟ ئایا من ئەو کوڕەم کە ئەو کچە باسی دەکات؟ ئایا بە ڕاستی ئەو کچە من بەو تێگەیشتووە؟ ئایا من خۆم بخەمە قالبی کەسێکی ترەوە؟ ئایا من واز لە یارپەیکەرم بێنم بۆ کچێکی تر کە بە تەواوی نایناسم؟ ئایا دەتوانم واز لە کامیان بێنم؟ کامیانم زیاتر خۆشدەوێت؟

سەرم لێ شێوابوو، دەستم لە ملی یارپەیکەرم کرد و بەسەر شانیدا گریام، حەزم لێ بوو بتوانێت بە پەنجەکانی پرچم بلاوێنێتەوە… هێندە گریام سەرشانەکانیم تەڕ کرد، چەند قەترەیەک فرمێسک بەسەر شانیدا هاتنە خوارەوە، شوێنەواری چەند پیتێک لەسەر سینگی بە دەر کەوت، بەڵام نەدەخوێندرانەوە. بە سەری پەنجەکانم فرمێسکەکانم بڵاو کردنەوە، چەند پیتێکی بچووک بە تەنیشت یەکەوە دەرکەوتن. سەری پەنجەکانم بە چاوانم تەڕ کردنەوە و لە تەنیشت پیتە هەڵکۆڵڕاوەکانم خشاندن. چەند جارێک ئەوەم دووبارە کردەوە تا شوێنەواری دێڕێکی هەڵکۆڵڕاوی بچووک بە تەواوی دەرکەوت، ئاسانتر دەخوێندرایەوە، نووسرابوو:

“درزت خستە بەردی سینەمەوە

گوڵ چرۆی کرد و بوومە گوڵستان.“*

ماوەیەک ئەو وشانە لە دەممدا دەنگیان دەدایەوە، باوەشم لە یارپەیکەری ئازیزم دا و لە جێی خۆی بەرزم کردەوە…

ئەفسانەی بەرد

خۆرئاوابوون دوای خەڵوەتێکی چەندکاتژمێری و ڕامان و بیرکردنەوە لە سروشت لە کێوەکە هاتمە خوارەوە، بە لای گاشەبەردێکی زلدا تێپەڕیم، چەند هەنگاوێک لێی دوور نەکەوتبوومەوە دەنگێکم ژنەوت، سەرەتا گوێم پێی نەدا، وام زانی گوێم زرینگاوەتەوە، بەڵام کاتێک ئەمجارە بە کڕووزانەوەوە دووبارەی کردەوە: «تکایە گوێم بۆ بگرە!»

ئێستێکم کرد و ئاوڕم دایەوە. جگە لە گاشەبەردێک هیچی ترم نەبینی! بە دەوریدا سووڕامەوە، بەڵام ئەو کەسەم نەدۆزییەوە. کە سێبارەی کردەوە دڵنیا بوومەوە دەنگەکە لە گاشەبەردەکەوەوە دێتە دەرێ. وام زانی خەون دەبینم، چاوانم هەڵگڵۆفی، دەستێکم بە بەردەکەدا هێنا، لەو کاتەدا بیستمەوە: «بەڵێ ئەوە من بووم بانگم کردیت، تکایە ڕزگارم کە!»

چەند جارێکی تر چاوانم هەڵگڵۆفت و دیقەتم لێی دایەوە، لەبەر خۆمەوە گوتم: «مەگەر دەبێت؟» بەردەکە بە نەرمییەکی تێکەڵ بە گریانەوە وەڵامی دامەوە: «بەڵێ، دەبێت!» ئەوەی گوت و دەنگی هەنسکێکی خنکاو لە ناوەوەی هاتە بەر گوێم. بە ترسەوە وەڵامم دایەوە: «تۆ کێیت؟ پێویستە من چی بکەم؟ چۆن ڕزگارت بکەم؟»

هیچ دەنگێکی دی لەوەوە دەرنەچوو… نەمزانی دەبێت چی بکەم، ماوەیەک لێی ڕامام، دواتر دەستم کردەوە بە پرسیارەکانم، بەڵام ئێوە قسەتان کرد و گاشەبەرد قسەی نەکرد.

حەوت شەو و حەوت ڕۆژ تێپەڕی و هەمیشە دەگەڕامەوە لای و بەرد وەک ئەوەی بەردێک بێت نوتقی لێوە دەرنەهات، بەڵام کاتێک دەمویست ئەو ڕووداوە فەرامۆش بکەم دەهاتەوە خەونم، بە هەمان سەداوە بانگی دەکردم و داوای ڕزگاریی دەکرد… شەوێک لە خەو ڕاپەڕیم! لە ئارەقەدا خوسابووم. ویستم کۆتایی بەو مۆتەکەیە بهێنم و خۆم ڕزگار بکەم. کوتکێکی گەورەم دەست دایە و بە نیازی شکاندنی بەردەکە لە کوخەکەم هاتمە دەرەوە… کوتکەکەم بەرز کردەوە و بە هەموو هێزی خۆم ڕاموەشاندێ، بەری کەوت و هەڵبەزییەوە بەبێ ئەوەی بەردەکە بشڕووشێت. دیسان ڕاموەشاندەوە و ڕاموەشاندەوە، تا شەکەت بووم، چۆکم کەوتە سەر زەوی و ئارەقە لە باڵام دەچۆڕاوە، بەردەکەش لەسەر سەرم وەستابوو، لە جێی خۆی نەجووڵابوو، بە لادا هاتم. لە گەرمای خۆم بە خەبەر هاتم، تیشکی خۆرەکە گەیشتبووە سەرم و باقیی جەستەشم لەژێر سێبەری بەردەکەدا ڕاکشابوو. لەو کاتەدا بیرۆکەیەکم بۆ هات، بە پەلە گەڕامەوە کوخەکەم و کەلوپەلەکانی پەیکەرتاشیم لەگەڵ خۆمدا هێنا و دەستم پێ کرد.

ڕۆژانە لە کوخەکەم دەهاتمە دەرەوە و تا خۆرئاوابوون خەریکی تاشینی گاشەبەردێکی هاوباڵای خۆم بووم، سەرەتا تەنیا کەللــەسەرێکم لێی تاشی. پێیم گوت: «فەرموو قسەکانت تەواو بکە…» بەڵام ئەو هیچ وەڵامێکی نەدامەوە. تەنیا بە چاوە قووڵ و بێڕەنگەکەی لێم ڕامابوو. ئەو سێ لۆچەی خستبوومە نێوان برۆکانییەوە لەگەڵ ئەو لارییەی کەوتبووە کۆتاییی چاوەکانییەوە خەمگینیان پیشان دەدا. لێوی سەرەوەی لە کۆتایییەکانیدا قەوس ببووەوە، لە کۆتایییەکانی لێوی خوارەوەی بە قوڵدا چووبوو، کۆتاییی پێ هاتبوو، وا دەردەکەوت دەیەوێت شتێک بڵێت و لێوی پێکدا گرتووە کە نەیڵێت، ویستبوویان سەرەتای گریانێک ڕابگەیێنن و بێدەنگ ببوون. ڕۆژانە هاوڕێکانم تەلەفۆنیان بۆ دەکردم و لە ئەحواڵیان دەپرسیم، لێیان دەپرسیم بۆ دیار نیم و کەی دەگەڕێمەوە، ئەو بڕە خواردەمەنی و وشکەیەش  لەگەڵ خۆمدا هێنابووم بەرەو تەواوبوون دەچوون. بەڵێنم پێیان دابوو دوای تەواوبوونی گەشتەکەم بگەڕێمەوە لایان. سەرەتا بەو نیازە هاتبوومە ئێرە کە ماوەیەک تەنیا لەنێو سروشتدا بمێنمەوە و دەروونم لە خڵتوخۆڵی جەنجاڵی پیسی هەوای شار پاک بکەمەوە و خەریکی خەڵوەت و ڕامانەکانم بم، ڕۆحی خۆم لەگەڵ سروشتدا تێکەڵ بکەم، هێند لە ڕەگەزەکانی سروشت ورد ببمەوە تا لە ماهییەتیان نزیک دەبمەوە و باشتر دەیانناسم، بەڵکوو بتوانم لە یەکێک لەوانە پەیکەرێکی جیاواز بخوڵقێنم. خۆشەویستەکەم بەردەوام نامەی بۆ دەناردم و پێوەندیی پێوە دەکردم. دەستم بە دروستکردنی پەیکەرەکە کرد، پێیم گوت ماوەیەک مۆبایل دادەخەم تا بەو کارەم ڕابگەم کە خەریکیم و هەموو بیر و هۆشمی بۆ تەرخان بکەم، باسی دروستکردنی پەیکەرەکەم بۆ کرد، بەڵام بە هیچ شێوەیەک بە لای ڕووداوەکەی ئەو ڕۆژەدا نەڕۆیشتم.

هەرچەندە وردەکاریی دەموچاوی پەیکەرەکە بەرەو پێش دەچوو، زیاتر لە ئاشنا دەچوو، منیش زیاتر گیرۆدەی دەبووم. لە بەرەبەیانەوە دەستم بە تاشینی دەکرد، ڕۆژی وا هەبوو تەنانەت یەک دوو جەمیشم بیر دەچوو، کاتێک لە تەنیشتیەوە بە لادا دەهاتم…

وردەکارییەکانی سەری پەیکەرەکە تەواو بوو، ترس دایگرتم و دڵم ختوورەی پێدا هات، لە خۆمم پرسی ئەگەر کەسێک بەوێدا تێپەڕێت و بیبینێت چی ڕوو دەدات؟ دەستم  بە هەڵوەشاندنەوەی کوخەکەم کرد. ئەو بەردانەی ڕێک بوون و دەتواندرا سوودیان لێ وەرگرم گواستمنەوە بۆ لای گاشەبەردەکە و لە دەوری ئەودا دەستم بە هەڵچنینیان کرد. ڕۆژانە هەتا ماندوو دەبووم ئیشی دروستکردنەوەی کوخەکەم ئەنجام دەدا، کاتێکیش ماندوو دەبووم خەریکی وردەکارییەکانی پەیکەرەکە دەبووم. ئازووقەشم بەرەو تەواوبوون دەچوو، بیرم لەوە کردەوە لە سروشتەوە خۆراکی خۆم پەیدا بکەم. جارجار ماسیم ڕاو دەکرد و جارجار کوارگ و بەڕوو و خۆراکی ترم پەیدا دەکرد. ژیانم لە نێوان دروستکردنەوەی کوخەکەم و تاشینی پەیکەرەکە دەخولایەوە. سەری پەیکەرەکە بە وردەکارییەکانیەوە تەواو بوو، گیرۆدەبوونی منیش زیاتر پەرەی سەند، دەستەکانی خۆم دایاندەتاشی و دەکەوتمە ژێر دەستەکانییەوە. بە تەواوی پێوەندیم لەگەڵ دونیای دەرەوەدا پچڕی و لەگەڵ پەیکەرەکەدا خەریکی ڕازگۆڕینەوە بووم. بە ویستی خۆم دامدەتاشی و دەردەدڵم بۆی دەکرد، ماندوو دەبووم لە باوەشم دەگرت، لە بەرپێیدا درێژ دەبووم، هێشتا پێیم دروست نەکردبوو، تەنانەت بیریشم لەوە نەکردبووەوە پێی بۆ دروست بکەم، بەڵام تا وردەکارییەکانی دەموچاوی زیاتر ئەو شکڵەی وەردەگرت کە لە خەیاڵمدا بوو، زیاتر بیرۆکەی داکشانەخوارەوەی پەیکەرەکەم لا گەڵاڵە دەبوو. بە ملیدا چوومە خوارەوە پێش ئەوەی بگەمە شانەکانی بە چەندین ماچ و ڕامووسین لاملیم تاقی دەکردەوە بزانم تا چەند دەتوانێت هەستم پێ بدات و تەزووم لا دروست بکات… تەواوم کرد، تەواو تەواو نا، هیچ جوانییەک تەواو تەواوە؟ دەتوانم ناوی بنێم قۆناغی پێنەوێران نەک تەواوبوون، گەیشتمە قۆناغێک لە تاشینی ئیتر دەستم نەیدەهێنا چەکووشکاری و قەڵەمکاریی تێدا بکەم. هەستم دەکرد ئەگەر زیاتر دەستکاریی بکەم لەوەیە ناشیرینی بکەم، یان ئازاری بدەم…

خۆشم دەویست، خۆشی دەویستم؟ ئەو پرسیارە ئازاری دەدام. بە دەردی خۆمەوە دەتلامەوە، تا زیاتر عاشقی دەبووم زیاتر قسەم بۆ دەکرد، تا زیاتر قسەم بۆ دەکرد زیاتر بەرد دەبوو، زیاتر بێوەڵام لە چاوانم ڕادەما و هیچ هەستێکیان پیشان نەدەدام…

نازانم چەندێک خۆشم ویست و لەگەڵیدا مابوومەوە، کاتێک گەیشتمە ئەو بڕیارە، بێئومێد بووم هەستم بە لاوازیی خۆم دەکرد، ڕۆژ بە ڕۆژ بێورەتر و دەستوپێبەستراوتر خۆم دەبینی، دەبوو ئەو بڕیارە بدەم و خۆم لە تەلیسمی ڕزگار بکەم. هێندەم خۆشدەویست کە ئیدی خۆم نەمابووم، هیچ شتێکم بە ویستی خۆم نەدەکرد. ئایا بە ویستی ئەو دەمکرد؟ ئەگەر دڵنیا بوومایە بە ویستی ئەوە لەوە بوو هەتا مردن ئەنجامم بدایە و بێزاریش نەبوومایە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکم نەبوو ئەو ئەوەی بوێ، یان ئەسڵەن ئەو ویستی هەبێت! ئایا ئەو مەعشووقە وەهمی خۆم دروستی کردبوو؟

دوو ڕێم لە پێش بوو: چەکووشێک هەڵگرم  و بۆ دەربازکردنی خۆم ئەو بشکێنم، یان لەگەڵ ئەودا لەوەش دەستەپاچەتر بم کە تا ئەوکات هەبووم.

ئایا لەو دۆخەدا توانای بڕیاردانم هەبوو؟ ئایا ڕێی تر هەن؟

چەکووشەکەم هەڵگرت، بەرانبەری یارپەیکەری ئازیزم وەستام، سەرەتا لە چاوانی ڕامام، دیسان بێهەست و بێجووڵە تەماشایان دەکردم. بەسەریدا هاوارم کرد: «دە شتێک بڵێ! دە یەک وشە بڵێ! تا هەتا مردن بەو وشەیە بژیم!»

بەرد قسەی کردبێ ئەو نەیکرد! چاوانم گەرم داهاتن، بەرەبەرە تەڕ دەبوون، تاکو ڕێ لە لاوازیم بگرم، خێرا چەکووشەکەم بەرز کردەوە، چاویشم لەناو چاوی، هەستم کرد پێڵووی خوارەوەی دەجووڵێتەوە، حەپەسابووم و دیقەتم لێی دەدا، دەستیشم بە چەکووشەکەوە ڕەق ببوو…

دڵۆپێک فرمێسک لە چاویەوە خزی بە تەواوی سنووری چاوی تێنەپەڕاندبوو، وەک یاقووتێکی سوور لە نێوان گۆنا و چاویدا بە هەڵواسراوی مایەوە…

……

*له‌ شیعرێكی مەحوییەوە

*زاخه‌: شوێنێكه‌ بۆ هەڵگرتنی تووتن به‌ كار دێت، له‌ شێوه‌ی ژوورێكه‌ له‌ ژێرزه‌وی هه‌ڵده‌كه‌ندرێت و سه‌ره‌كه‌ی ده‌گیرێت، تاكو تووتنه‌كه‌ له‌ژێر سێبه‌ر ویشك بكرێته‌وه‌ و به ‌باشی بمێنێته‌وه‌…

*خه‌ڵوه‌ت: به‌شێكه‌ له‌ (كتێبی نا)

* گۆرانیی شار: به‌شێكه‌ له‌ (كتێبی نا)

* له‌ (كتێبی نا)

* كتێبی نا: كتێبێكی شیعرییه‌ له‌ نووسینی دابان عه‌تار‌.