دەرکەوتەی دیکتاتۆر و ئایین لە دروشمە سیاسییەکۆمەڵایەتییەکاندا

سەرەتا گرنگە بزانین دیکتاتۆر کێیە؟ تایبەتمەندییەکانی دیکتاتۆر چین؟ کاریگەرییەکانی بەسەر ژیانی سیاسی و مەدەنییەوە چییە؟ 

دروشمی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر” لە دەستپێکی شۆڕشی ژینا، ئامادەیییەکی بەرچاوی هەبوو. دروشمەکە هەڵگری ڕەهەندێکی مێژوویییە، دەمانبات بەرەو ئەو پرسیارەی کە دیکتاتۆر لەو سیاقەدا کێیە، ئەو ئایدۆلۆژیایەی لەو پانتایییەدا ئامادەگیی هەیە چۆن کاریگەریی بەسەر ژیانی تاکەوە هەبووە و کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکەی کردووە. ئاشکرایە کە بە درێژاییی مێژوو، ئایین و سیاسەت بۆ بەردەوامیدان بە بنەما ئایدۆلۆژییەکانیان و کۆنتڕۆڵکردنی گشت، کۆمەکیان لە یەکدی وەرگرتووە. دیکتاتۆری، پێش هەر شتێک پایەماڵکردنی بیرکردنەوە و ژیانی ئازادانەیە. سەپاندنی دیدگایەکی تایبەتیی ئایدۆلۆژییانەیە بەسەر کۆمەڵگەدا. دیکتاتۆربوون بە سەپاندنی کۆمەڵێک مەرج و یاسا دەبێت کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە ژیانی خەڵکییەوە هەیە، لەبری بیرکردنەوەی ئازادانەی خەڵکی، یاسا داندراوە ئامادەکراوەکان هەن (خەڵک بەشداریی پێ نەکراوە لە دانانی ئەم یاسایانەدا، ئەمەش بۆ گرفتێکی بنەڕەتیتر دەگەڕێتەوە کە خەڵک بۆچوونی نەبووە لەسەر یاساکان، لێرەوە پرسیار لەسەر چەمکی هاونیشتمانیبوون دروست دەبێت، کە لەنێو سیستەمە دیکتاتۆرییەکاندا هاونیشتمانیبوونی، نییە). هەر لەم ڕێگەیەوە، بە کەڵکوەرگرتن لە هێزی سەربازی، کۆی سیستەم و مەعریفە و زانیارییەکان، لەلایەن دەوڵەتی دیکتاتۆرەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێن. ئەوەی لێرەدا جێی پرسیارە، بابەتی “ئازادی”یە. تاک لە دەرەوەی ئەو بنەما داندراوانە بۆ ژیانی، ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە، چونکە تاک لە سیستەمی دیکتاتۆریدا نەک ناتوانێت مانیفێستی خۆی بێت، بەڵکوو خودی سیستەمەکە باوەڕی بە تاکگەرایی نییە (مەبەستم لە تاکگەرایییەکی تەندروستە، کە تاک بتوانێت لەنێو کۆمەڵدا خاوەنی بۆچوونی خۆی بێت)، لەم کاتەشدا کە بڕیار لە تاک سەندرایەوە و ڕێگە درا کە گشت (کل) لەجیاتی تاک بڕیار بدات، کۆت دەکرێتە دەست و قاچی هەمووان و سەری زنجیرەکەش بە دەستی دیکتاتۆرەوە دەبێت، کە دۆخێکی سادۆمازۆشیی لێوە بەرهەم دێت. ئەم زنجیرەش ناپسێت، تا ئەو کاتەی تاکێک هاوار دەکات “پاشا ڕووتە”.  لە بنەڕەتدا هێزی گشت (خەڵکی پۆپۆلیستپەرست)ـە تەمەنی دیکتاتۆر درێژ دەکاتەوە، لێرەوەیە تاک (تاکی ئازاد) دەبێتە مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتی دیکتاتۆر، بۆیە کۆی سێکتەرەکان لە خزمەت پرەنسیپەکانی دیکتاتۆردایە، تاک ملکەچی دەسەڵاتی دەوڵەت دەکرێت. پەروەردەش لەنێو ئەو سیستەمەدا پەروەردەیەکی چەقبەستووە و لەبەرکردن و گوتنەوەی باوەڕەکانی دیکتاتۆرە. دیکتاتۆر خۆشویستراو نییە، چونکە دیکتاتۆر خاڵییە لە بنەما ئەخلاقییەکان، لەژێر وەهمی پیرۆزیدا بتێک لە حەقیقەت دروست دەکات. ئەم حەقیقەتەش دەدرێتەوە بە خەڵک، تایپێک لەنێو خەڵکە گشتییەکە بەرژەوەندییان لەگەڵ ئەم  حەقیقەتە ساختەیەدا هەیە، ئەمانیش دەبنەوە گچکەدیکتاتۆر، هەر ئەمانیش هۆکاری مانەوەی دیکتاتۆرن.

بە خوێندنەوەی من، هەر چالاکییەکی ڕزگاریخوازی لە ناوچەکە دژ بە سیاسەتەکانی دیکتاتۆر، چالاکییە دژ بە ئیسلام، دەربازبوونە لە ستەمی ئەو حوکمڕانییە ئایینییە، چونکە ئیسلام چووەتە سیاسەتەوە و حوکمڕانیی پێ دەکرێت. دەتوانم بڵێم هەموو بنەماکانی دیکتاتۆری لەگەڵ ئیسلامدا گونجاون، لێرەوە دروشمی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر” لە جێبەندە ئێرانییەکەیدا، تەواو یەکسانە بە دروشمی “مەرگ بۆ ئیسلام”. دیکتاتۆر دژی ئازادییە، ئیسلامیش دژیەتی. دیکتاتۆر لە جێی هەمووان بڕیار دەدات، ئیسلامیش هەمان شت دەکات. بنەماکانی مافی مرۆڤ، لای دیکتاتۆر، بایەخی نییە، لای ئیسلامیش بە هەمان شێوەیە، چونکە خۆی خاوەنی بنەمای داندراوی خۆیەتی. دیکتاتۆر خۆسەپێنە، خودی مێژووی ئیسلامیش شایەدی لەسەر بەربەرێتی و خۆسەپێنیی ئایدۆلۆژیاکە دەدات. مرۆڤ وەک بوونێکی ئازاد لە چوارچێوەی بنەماکانی دیکتاتۆربوون و ئیسلامبووندا جێی نابێتەوە. لە هەر شوێنێک ئیسلام بوو بە هەیمەنە، لەوێدا پۆلیسی ئەخلاق وەک پەتا بڵاو دەبێتەوە. بنەماکانی دەسەڵاتی ئێرانی بە خودایی کراوە، دەرئەنجامیش، دیکتاتۆری لێوە بەرهەم هاتووە (وەکوو ویلایەتی فەقییە). دروشمی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر” وەکوو دروشمێکی سیاسی-ئایینی خۆی بەیان کردووە. لە هەر شوێنێک ئایدۆلۆژیا باڵادەست بوو، لەوێدا ستەمکاری هەیە، “بۆ ستەمکاری گەورەترین کێشە و مەترسی ئەو کاتە سەر هەڵدەدات کە خەڵکی پرسیاری سیاسییانە بخەنە ڕوو، ئەو کاتەی سیاسەت لە دەستەیەک بسێننەوە و بیگەڕێننەوە ژێر ڕکێفی هاونیشتمانییان، ئەمەش بەو مانایە نا کە شەڕ لەسەر دەسەڵات بکەن، بەڵکوو بە مانا فەلسەفییەکەی سیاسەت واتە پرسیارکردن لە عەدالەت و ژیانی چاک و هەبوونی فەرمانڕەوای دادپەروەر و ئینجا فەحسکردنی دەسەڵات”. بە بۆچوونی من هەڵەیە دابەشکاری بۆ ئیسلام بکرێت، پێمان وا بێت ئەم ئیسلامە ئیسلامێکی سیاسییە. بەشێک لە نووسەرانی ئێمە کەوتوونەتە ئەو هەڵەیەوە. کاتێک باوەڕت بە بنەماکانی ئیسلام هێنا ئیدی دەستەواژەی وەکوو: ئیسلامی سەلەفی و ئیسلامی سیاسی و ئیسلامی میانڕەو و ئیسلامی دایکم… هیچیان لە بیرۆکەی ئیسلامیبوون دانابڕێت، بەرهەمهێنانی ئەو ڕەوت یان دەستەواژانە لە خزمەت ئیسلامدایە بۆ بەردەوامیدان بە خۆی و خۆمەڵاسدان لە بەرگی میانڕەویدا. بە باش زانینی یەکێکیان و بە خراپ زانینی ئەوی دیکەیان هەڵەیە ولۆژیکی نییە شتێک لە هەمان کاتدا باش بێت و خراپیش بێت.

ژینا نا، بەڵکوو خودی مەرگی ژینا هاواری ئەو منداڵە بوو کە گوتی “پاشا ڕووتە”، لە پاڵ مەرگی ژینا، لە ژیانی ژینا و ژیناکاندا تەنیا دەتوانین دیکتاتۆربوون ببینین. لە ژیانیدا دیکتاتۆری و لە کوشتنەکەیدا بەربەرییەت.

سادیستبوون (وەکوو شوناسی دیکتاتۆر) ناگۆڕێت، بەڵام دۆخی مازۆشی (وەکوو شوناسی خەڵکی حوکمکراو) هەمیشە وەستاو و نەبزۆک نییە، بەڵکوو دەکرێت شۆڕشگێڕی لێوە بێتە دەر. لەنێو ستەم و عەزێتدان و توندوتیژیدا، کاتێک ئایین و کولتوور، پەروەردە، لەپێناو بەردەوامیدان بە دۆخی باو پاڵپشتیی یەکتری دەکەن، مرۆڤە داگیرکراوەکە بێدەسەڵاتتر دەکەن، کە دواتر ئەو تەقینەوە کۆمەڵایەتییەی لێ بەرهەم دێت کە هەموومان شایەدی بووین. یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی ناڕەزایییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش بە گشتی کە خودی ناڕەزایییەکان بۆ من دەرئەنجامی ئەو ستەمکارییە بوو کە لەوێ حوکمی دەکرد، ئەوە بوو کە لە سەرەتای سەرهەڵدانیدا خەڵک بزوێنەری دروستبوونی ئەو بەناو شۆڕشە بوون، درککردنی خەڵکی بوو بە ستەم، دواتریش وەستانەوە و بەرهەڵستیکردن بەرانبەر بەو ستەمە دیکتاتۆری و ئیسلامییە. ئەم خاڵە لە سەرەتادا ئەرێنی خۆی پیشان دەدات، بەڵام لە دواتردا وا ناکەوێتەوە، چونکە هەر ناڕەزایییەک بۆ بەردەوامیدان بە خۆی پێویستی بە کۆمەڵێک پرەنسیپ و ئامانج هەیە، کە خەڵکە ناڕازییەکە لەنێو خۆیاندا لەسەری ڕێک دەکەون، ئەم بنەمایانەش هەم جێ بە بنەماکانی دیکتاتۆر لەق دەکات، هەم هۆکاری بەردەوامیدانە بە شۆڕش. دروشمی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر”، شکاندنی سنووری ئەو حەقیقەتە ڕەهایەیە کە دیکتاتۆر و ئایدۆلۆژیاکەی پێیان وا بوو حەقیقەتن.

لێرەدا بە دەرفەتی دەزانم بە کورتی باس لە پرسێک بکەم، ئەویش بابەتی هونەرە، بە تایبەت هونەر لە دەستپێکی ناڕەزایییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا. لەو هونەرەدا عیشقێک بۆ ژیان دەبینین، عیشقێک کە تامەزرۆی ئازادییە… هونەر شۆڕش دروست ناکات، بەڵکوو شۆڕشە هونەر دەخوڵقێنێت و هونەریش گوزارشتە لە شۆڕش و دەبێتە بزوێنەری بەردەوامیدان بە شۆڕش. کەواتە هونەر و شۆڕش (لە زۆربەی حاڵەتەکاندا) بەبێ یەکدی ناتەواو دەبن. هونەر پێویستی بە ئازادییە و شۆڕشیش هیی مرۆڤە ئازادەکانە. بەشێک لەو هۆنراوانەی کراون بە گۆرانی لە ناوەڕۆکدا دژی ئەو ئایدۆلۆژیایەن کە لەو ناوچەیە حوکم دەکات.

با دێڕێک بە نموونە وەربگرین:

“لەپێناو هەڵهاتنی خۆر دوای شەوگارێکی درێژ – برایخورشید پس از شبای طولانی”، لەم دێڕەدا کۆمەڵێک هێما و نیشانە هەن، بۆ نموونە/ شەو: ئەو تاریکییەیە کە باڵی بەسەر جیهانی ئیسلامیدا کێشاوە. هەڵهاتنی خۆر: دەرکەوتنی ڕۆژێکی نوێ لەپاش شۆڕش دژ بە تاریکی. کەواتە لە ڕێی ئەو وشانەوە کە لە هونەری گۆرانیدا خۆی مانیفێست کردووە، دەچینە نێو ماناوە، خودی ئەو واتایانەش کە لە هەناوی وشەدایە، هەڵگری ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و مێژووییی گرنگن.

نیشتمان یان ئایین؟

نیشتمان، ئەو شوێنە جوگرافییەیە کە تیایدا دێینە بوون. بوون لەنێو نیشتماندا بژاردەی خۆمان نییە و ئازاد نین لە دیاریکردنیدا، بەڵام هەر لەنێو نیشتماندا دەرگیر دەبین لە تەک پرسی زمان، کولتوور، فەرهەنگ… هتد. 

ئایین، دیاردەیەکی مرۆیییە، لە سەرەتادا بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی مرۆڤ دروست بووە، دواتر دیدگاکانی بۆ ژیان داڕشتووە. لە سەردەم و هەلومەرجێکدا کۆمەڵێک بنەمای بۆ ژیان داناوە کە قابیلی گۆڕان نین؛ لێرەوە دۆگمای ئایینی دروست بووە و ئایین وەکوو ئایدۆلۆژیا خۆی سەپاند. ئایینی ئیسلامیش بە درێژاییی مێژووی خۆی ئەوەی سەلماندووە کە مرۆڤی مەسخ دروست دەکات. بەو واتایەی کە تاکێک بە پەروەردەی ئیسلامیدا بڕوات لە توندترین حاڵەتی ئایینداریدا دەبێتە توندڕەو، لە سادەترین حاڵەتیدا دەبێتە مرۆڤێکی بیرنەکەرەوە.

مێجەر نوئێل لە یاداشتەکانیدا ئەوەی تۆمار کردووە کە کاتێک لە قزلباشێکی لادێنشین دەپرسیت لەسەر چ ئایینێکن، وەڵامی هەمیشەیی ئەوەیە: ئێمە کوردین. “ئێمە کوردین و ئەمەش نیشتمانی ئێمەیە، بۆ نەگبەتی تووشی ئەم تورکە ئێسکقوڕسانە بووین -بۆ سووکێتی و تانووتلێدان پێیان دەگوتن ڕۆمیەکان- کەی ڕەوای حەقە ئێمە ژێردەستەی ئەوان بین؟ گەلێکی زۆردار و دڵڕەقن، ئێمە دەیانبوغزێنین، هیوادارین لە چنگی چەپەڵیان خۆمان ڕزگار بکەین”. واتە بە جۆرێک بڕوادار بوون پەیوەست بووە بە نەتەوەییبوونەوە نەک ئایینێکی دیاریکراو. بە بڕوای من گرفتی ئێستای ناسیۆنالیستەکان ئەوەیە بیر ناکەنەوە، بە ڕادەیەک کە ڕووداوێکی سروشتی ڕوو بدات (هاوشێوەی بوومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان) ئیدی لە خەفەتدا غەرق دەبن و وتاری “لەبەر ئەوەی کوردم بۆیە بوومەلەرزە لە خاکەکەمدا ڕوو دەدات” دەڵێنەوە.

نیشتمان پیرۆزترە لە ئایین، بەڵام پیرۆزتر نییە لە مرۆڤ. ئێمە لە نێوان نیشتمان و ئایین، نیشتمان هەڵدەبژێرین، لەنێوان نیشتمان و مرۆڤ، مرۆڤ هەڵدەبژێرین. مرۆڤ لە ئایین و نیشتمان پیرۆزترە (ئەگەرچی من دژی بەپیرۆزکردنم، بەڵام ناتوانین خۆمان لەو ڕاستییە قوتار بکەین کە هەموو داهێنانێکی مرۆڤ لەپێناو خۆیدایە، تەنانەت ئێمە کە دێین ڕەخنە لە ئایین و دیکتاتۆرییەت دەگرین، لەپێناو مرۆڤدا ئەوە دەکەین). ئایین دەبێتە بکەر و بەردەوام تاکەکان جۆش دەدات لەپێناو پرەنسیپەکانی خۆی، تاکی ئایینداریش دەکرێتە بووکەڵە و لەسەر تەختەی شانۆکە بە پەتی ئایین دەجووڵێنرێت. لە باسی تیرۆریزمدا ئیسلام ناوێکی ئامادەیە. توندوتیژی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ئیسلامەوە هەیە. نەک ئایینێک نییە بۆ مرۆڤ و لەپێناو مرۆڤدا، بەڵکوو ئایدۆلۆژیایەکی مشەخۆر و داپڵۆسێنەرە و تا دوائەندازە دژەمرۆڤە. دنیابینییەکی عەرەبییە و لە جێبەندێکدا چەقی بەستووە، لەژێر وەهمی پیرۆزیدا هەموو دەرەوەی خۆی بە نەفرەت و ناشرین دەکات. “وەک زانراوە هەرکام لەو ئایینانەی لە خۆوە ناو نراون بتپەرستی (وەسەنی)، پانتایییەکیان بۆ ئایینە (وەسەنی)ـیەکانی تری جیاوازتر لە خۆیان هێشتووەتەوە. لە مێژوودا نەمانبیستووە ئەو بتپەرستانە ڕۆژێ لە ڕۆژان لەنێو خۆیاندا، لەپێناو باڵادەستیی ئایینێکی بتپەرست، بەسەر ئایینێکی تری بتپەرستدا بە شەڕ هاتبن، وەک ئەوەی بۆ نموونە جووەکان کردوویانە، ئەویش لە شەڕەکانی خودادا کە جێنشینی موسا پێغەمبەر یەشوعی کوڕی نوون، بۆ دەرکردنی دانیشتووانی فەڵەستین (کەنعانییەکان) ئەنجامی دا و وەک تەورات باسی دەکات، لەو شەڕە پیرۆزەیدا دەیان مەملەکەتی لەناو برد”.

گەر نیشتمان بریتی بێت لە زمان و کولتوور و فەرهەنگ، ئەوا ئایین هەر ئەو چنگە چەپەڵەیە وەک هێزێکی داپڵۆسێنەر، بە لەناوبردنی زمان و کولتوور و… هتد، دەیەوێت خۆی بسەپێنێت. کاتێک جەستەمان تووشی ڤایرۆسێک دەبێت، خانەکانی لەشمان نامۆیە بەو ڤایرۆسە، ڕاستەوخۆ دەست بە بەرگری دەکات. جەستەمان نیشتمانە و ئایین ڤایرۆسەکەیە، ئەمە لەکاتێکدا کە ئایینەکە بە نیشتمانەکە ڕەسەن نەبێت. لەنێو نیشتماندا بە کۆی جیاوازییەکانەوە دەتوانین بژین، بەڵام لەنێو ئاییندا جیاوازبوون ناجۆر و کوفرە (موعتەزیلە بە نموونە، کە بیرکەرەوانی نێو ئەو ئایینە بوون، بەڵام هەر زوو لەلایەن ئیسلامییەکان خۆیانەوە کۆتایییان پێ هێنرا).

نیشتمان و ئایین (ئایینێک کە دژ بە سروشتی بوونی ئەو نیشتمانەیە) پێکەوە ناسازێن. کاتێک ئایین ئامادەگیی هەبوو، نیشتمان پاشەکشە دەکات؛ بەو هۆکارەی ئایین وەک ئایدۆلۆژیا پابەندێتی (ئینتیما) بۆ نیشتمان لاواز دەکات. لە ئاییندا خودی نیشتمان تووڕ هەڵدەدرێت، بەڵام نیشتمان هەمووان لە خۆ دەگرێت. نیشتمان ئەو کاتەی یادی قاسم سولەیمانیی تێدا دەکرێتەوە، لە مەترسیدایە. کاتێک خواستی ئیسلام، بە ئیسلامیزەکردنی کۆی کۆمەڵگە و نەتەوەکانە، ڕەنگڕێژکردنی هەمووانە بە ئیسلام، ئیدی نیشتمانێک بوونی نامێنێت و نیشتمانیبوونیش دەبێتە وەهم. نیشتمان زۆر دوورە لەوەی پەیوەستی بکەینەوە بە ئایینەوە، ئایینیش نابێتەوە بە نیشتمان. ئێمە لەنێو نیشتمانێکدا دەتوانین بەرگری لە ئازادیی تاک بکەین، بەڵام لەنێو ئاییندا ناتوانین، چونکە مرۆڤ لە ئاییندا پەیڕەوکارە .هەڵبەت ئەوەی گرنگ بێت لەنێو نیشتمانێکدا، لەکاتێکدا کە هەم دیکتاتۆر و هەم ئایین هەڕەشە بن بۆ سەر ژیانی تاک، بوونی ڕۆشنبیرەکانە. گەرچی ئیسلامی و نەریتپارێزەکان لە ئێستادا ئەم چەمکە وەک تەنز بە کار دەهێنن و لە قسەکانیاندا بەر پێناسەیەک بۆ ئەم چەمکە دەکەوین، وەک بڵێی ئەرکی ڕۆشنبیر ئەوە بێت دڵی ئەوان ڕابگرێت. ئەمە زوڵمێکی گەورەیە لە ڕۆشنبیر، چونکە ئەرکی ڕۆشنبیر ئەوەیە بەرگری لە ئازادی بکات و ڕێگە نەدات بە ناوی ئایین و خوداوە سنوور بۆ ژیان دابنرێت. دەی هەر ئیسلامییەکانن لەم جۆرە ڕۆشنبیرییە دەترسن، بۆیە هەموو هەوڵێکیان ناشرینکردنی ڕۆشنبیرانە. لەم دۆخەدا و لەنێو ئەم نیشتمانەدا چیتر ئایین داینەمۆی هیچ جووڵانەوەیەک نییە و نەبووە (لە مێژووشدا نەمانبیستووە ئایین هۆکاری هەڵگیرسانی شۆڕش بووبێت لەپێناو چاکتربوونی دۆخێکدا، چونکە ئایین بەردەوام تاکی بەقەناعەت دروست دەکات)، بەڵکوو هەر جووڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتی دروست ببێت دژ بە ئایین و بنەماکانیەتی.