ئالودەبوون بە شکست

ئالودەبوون لە دیدی لاکانەوە

بەشی دووەم:

لاکانیش هەر وەک فرۆید کارێکی ئەوتۆی لەسەر ئالودەبوون نەکردووە بەڵام سەڕەرای ئەوەیش چەندین نووسەر ئاماژە و تێزە دەروونشیکارییەکانی لاکانیان بەکارهێناوە بۆ قسەکردن لەسەر گرفتی ئالودەبوون هەم لە ڕووی چارەسەری کلینیکیدا و هەمیش لە دەستنیشانکردن و دیاگنۆسکردنی ئالودەبووندا وەک یەکێک لە کێشە ھەرە گەورەکانی مرۆڤی ئەم سەردەمە.

 نووسەرێکی وەک ھوگۆ فرێدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لاکان بە تەنها شەش جار ئاماژەی بە ماددە سڕکەرەکان و ژەهرەواییەکان (تۆکسیکۆمانیا) کردووە[1]. لەوانەیش لە ساڵی (1938)دا لە نووسینەکەیدا بە ناوی ( ئاستەنگەکانی خێزان لە بەردەم دروستکردنی تاک)دا، لاکان پێشنیاری ئەوە دەکات کە ئالودەبوون پەیوەندی بە (لە دەستچوونی ھارمۆنی و سەقامگیری جیھانییەوە ھەیە) و، ئالودەبوون ھەوڵێکە بۆ سەرلەنوێ دۆزینەوەی (وێنای دایک).

لەساڵی (1946)دا لە نووسینێکی تریدا بە ناوی (Propos sur la causalite psychique)، لاکان ئالوەدەبوون وەک ھەوڵێک دەبینێت بۆ جۆرکردن و جڵەوکردنی «ناتەبایی و گرفتی بەر لە ئۆدیپوسی  نێوان ئێگۆ و بوون». ئەم ھەوڵەیش بە (دەستھەڵگرتن لە ئازادی بە شێوەیەکی تەمومژاوی) ناو دەبات.

دواتر لە ساڵی (1960)دا و لە نووسینێکدا بە ناوی (وێرانکاریی سوبێکت و دیالێکتی ئارەزوو لە نەستی فرۆیدیدا) لاکان دەڵێت: (ئەو ئەزموونەی کە لەژێر کاریگەریی وڕێنەکردنی ماددە ھۆشبەرەکانەوە بەری دەکەوین، زیاتر پەیوەندی بە ویستی گەڕانەوەی پاشەوپاش بۆ دواوە هەیە، هەوڵیکە بۆ ڕێگرتن و لەو دابەشبوونەی  کە بە سەر سوبێکتدا دێت»، ئەم خولیایە بۆ ڕێگرتن و خۆ قوتارکردن لە  لەتبوونە ئەزەلیەکە  وا دەکات  سوبێکت بگاتە ئاستی بیرکردنەوەی بێخەوش کاتێک ژویسانس لە خۆی دەکاتەوە و دووری دەخاتەوە لە خۆی).

لە ساڵی (1966)دا جارێکی تر لە بابەتێکییدا بە ناوی (La place de la psychanalyse dans la médecine) لاکان دەڵێت: (گوتاری زانستی پێگەیەکی باش وهاوکات نوێ دەداتە ماددە ھێمنکەرەوەکان و تەنانەت ئەو ماددانەیش کە دەبنە ھۆی وڕێنەکردن). و خودی ئەم بە شەرعیکردن و ڕێپێدانە بۆ بەکارهێنانی ماددە سڕکەر و هۆشبەرەکان و دواجاریش پراکتیزەکردنیان لە ڕووی دەرمانسازییەوە دوو ئامانجی سەرەکی لە خۆی دەگرێت:

یەکەمیان: کۆنترۆڵکردنی بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکانە لەژێر ناو و چەتری دەرمانسازییدا.

دووەمیان: بەکارهێنانی پزیشکی و دەرمانسازی بۆ خودی ژویسانس.

دواتر لە درێژەی ئاماژەکانی سەبارەت بەم مەسەلەیە پێمان دەڵێت کە ژەهراویبوون دوای هەنگاوەکانی گەشەی زانستی دەکەوێت و بەویشەو گرێدراوە بە پەیوەندی (Epistemo Somatic) بە جەستەوە ناوی دەبات.

لێرەدا گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە شکستی کلینیکی بۆ چارەسەری کێشەی ئالودەبوون زۆر جار دەگڕێتەوە بۆ ئەوەی کە خودی سیپتومەکە چارە ناکرێت بەڵکوو دوور دەخرێتەوە یان وردتر بڵێێین لە بریدا ماددەیەکی تر بەکار دەھێنرت بۆ نموونە (مێثادۆن) دەدرێت بەو کەسانەی کە ئالودەن بە ماددەی ھێرۆین کە ئەمەیش ھەر بۆ ماوەیەکی کاتی دەتوانێت یارمەتی کەسەکە بدات تاوەکوو لە بەکارھێنانی ھێرۆین دوور بکەوێتەوە، چونکە خودی ئەم چارەسەرییە هەر وەک ئەوە وایە ئاگر بە نەوت بکوژێنیتەوە!

ئەم ڕاستییەش تێزەکەی فرۆیدمان بۆ پشت ڕاست دەکاتەوە چونکە ئەو ھەر لە سەرەتاوە ئاماژەی بەوە کردووە کە گرفتی  ئالودەبوون بە بەکارھێنانی ماددەیەک لە بری ماددەیەکی تر کرۆکی کێشەکە—سیمپتومەکە چارە ناکات بەڵکوو جۆری ئۆبێکتی ئالودەبوونەکە لە یەکێکەوە دەگۆڕێت بۆ یەکێکی تر.

دواتر لە ساڵی (1973)دا، لە سیمینارێکیدا بە ناوی (Les Non-Dupes Errent)، لاکان دەربارەی حەشیش هەر ئەوەندە دەڵێت کە شتێکی بێسوود و زیادەیە.

لەساڵی (1975)دا لە بابەتێکیدا بە ناوی (Culture aux journées d’études des cartels)دا، لاکان ئاماژە بە ناوبانگەکەی خۆی سەبارەت بە ماددە ھۆشبەرەکان دەخاتە ڕوو و دەڵێت: (تەنھا یەک پێناسە بۆ ماددە ھۆشبەرەکان هەیە کە  ئەویش شتێکە ڕێگە بە جیابوونەوە ولێکھەڵوەشانەوەی ئەو ھاسەرگیرییە دەدات کە لە گەڵ «ویڵیە چکۆلە[2]دا هەیە).  بە ڕای ئەو کاتێک یەکێک خۆی بە نێر دەبینێت هەر لەبەر ئەوەیە کە کلکێکی بچووکی هەیە، ئەم کلکەیەش ئاماژەیە بۆ زەکەر، ئەمە بە دیوە ئیتومۆلژییەکەیدا ڕاستە، وەلێ  شتێکی تریشی پێویستە تا تەواو هەست بە بوونی خۆی وەک نێرێک بکات ئەویش فالوسە. فالوس خاڵی بە یەکگەشتنی ئەم پاراسیتە/کلکە بچووکەیە بە وەزیفەی  وشەوە-زمانەوە، بەبێ فالوس خودی ئۆرگانەکە دەبێتەوە بە ئامراز لە پەیوەندی بە دالەوە.

ئەم ئاماژانەی سەرەوە  سەبارەت بە ژەهراویبوون بە ماددە هۆشبەرەکان ئەوەمان پێ دەڵێت کە جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان تێزەکانی لاکان و فرۆیدا لەسەر ئەم بابەتەدا نییە. وەک پێشتر لەبەشی یەکەمدا باسمان کرد فرۆید باسی لە پەیوەندیی نێوان ئالوودەبوون و دەستپەڕکردندا کردووە و پێی وایە کە دەستپەڕکردن ناوبڕێکی_شۆرتێکی کورتە لەنێوان ئارەزوو و تێربوون، ئەمەیش وا دەکات کە سوبێکت بگات بە چێژی خۆی بەبێ تێپەڕین بە لای ئەوانی تردا و بێ ئەوەی بەریان بکەوێت.

ژاک لاکان (١٩٠١-١٩٨١) دەروونشیکار و فەیلەسووفی فەڕەنسی

  لاکانیش هەر وەک فرۆید ژەهراویبوون-تۆکسیکۆمانیا بە هەوڵێک بۆ رێگرتن لە لەدەستچوون دەبینێت، بۆ کەمکردنەوەی ناڕەحەتی و گەیشتن بە دۆخێکی لەبارتر لە ڕووی دەروونییەوە. وردتر بڵێین، لاکانیش هەر وەک فرۆید ئالودەبوون  بە پەیوەندییەکی دەستپەڕئاسا بە فالوسەوە بەبێ بەشداری ئەوی تر دەبینێت. وەلێ بە پێچەوانەی فرۆیدەوە بە ڕای لاکان ئالودەبوون جۆرێکە لە  گەشتن بە ژویسانس بەڵام  ئەم گەیشتنە  لە ڕێی فالوسەوە نییە،  بەڵکوو بە دابڕان و شکاندنی پەیوەندی لەگەڵ فالوسدا دروست دەبێت. بە مانایەکی تر، کەسی ئالودە جۆرێک لە ژویسانس بۆ خۆی دروست دەکات کە فالیکی نییە.

 ئەمەی لە سەرەوە باسـمان لێوە کرد کەم تا زۆر، هەموو ئەو ئاماژانەیە کە بە ڕای (هوگو فرێدا)دا، لاکان لە بابەتەکانیدا لێرە و لەوێ سەبارەت بە ئالودەبوون و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان قسەی لە سەر کردووە و سەرنجەکانی خۆی لە بارەیەوە خستۆتە ڕوو. وەلێ یەکێک لە ئاماژە هەرە گرنگەکانی لاکان کە ھوگو فرێدا باسی لێوە نەکردووە بە سەریدا تێپەڕیوە، ئەوەیە کە (جان پێر دوپۆنت) لە مێزگردێکدا سەبارەت بە تۆکسیکۆمانیا ئاماژەی پێ کردووە و دواتریش لە وتارێکدا بە ناونیشانی  (Discourse de la Toxicomanie) بڵاوی کردۆتەوە. دۆپۆنت دەڵێت کە:

(لاکان ئەوەمان بە بیردەهێنێتەوە کە لە (ھەموو حاڵەتێکدا قسەکردن ھەمیشە ئەوانە دەگرێتەوە کە ژەهراویبوون- تۆکسۆمانیکن).  ئەمەش زۆر بەسادەیی پەیوەندیی نێوان زمان و ئالودەبوونمان بۆ بەرجەستە دەکات بەو مانایەی ھەموو بوونەوەرێکی قسەکەر بە سروشتی خۆی کەسێکی-سوبێکتێکی ئالودەیە.

ئەم ئاماژەیەی سەرەوە یارمەتیمان دەدات تاوەکوو زیاتر لە ئاماژەکەی پێشوویش تێبگەین، چونکە کاتێک لاکان دەڵێت کە ماددە هۆشبەرەکان ڕێگە بە لێکهەڵوەشانەوەی ئەو هاوسەرگیرییە دەدات کە  لەگەڵ (ویڵیە چکۆلەدا) هەیە، مەبەستەکەی هەرئەوەیە کە ماددە هۆشبەرەکان یارمەتی کەسەکە دەدەن تا لە ژێر باری ئەو ئاستەنگ و سنوورانەدا -کە یاسا و نۆرمەکانی فالوس بەسەرماندا سەپاندوویەتی- دەرباز بێت.

 بە مانایەکی تر، ماددە هۆشبەرەکان هەوڵیکە بۆ هەڵهاتن لە دەرئەنجام و ئاسەوارەکانی  خەساندن. واتە هەر کات مرۆڤ دێتە ناو نەزمی زمان و دەبێتەوە بە بەشێک لە وەزیفەی زمان ئەوا بیەوێت یان نەیەوێت دووچاری عەشق و سۆز دەبێت بۆ شتگەڵیکی تر کە بە تامی ژەهرن. زمان هەم بەکارمان دەهێنێت و هەم چێژیشمان لێ دەبینێت بە مانا لاکانییکەی. وەلێ کاتێک مرۆڤ بیەوێت لە چنگ سنوور و بەربەستەکانی زمان قوتار بێت ئەوا خۆی لە ناو فەزا و ئەنگێزەی مەرگدا دەبینێتەوە.

لاکان لە کۆتایییەکانی یەکەم وانەی سیمینارێکیدا کەبە (کتێبی XXI[3]) ناسراوە، پێمان دەڵیت: گرنگە کە مرۆڤ فێڵباز و لێزان بێت و بتوانێت خۆی بە بونیادێکەوە گرێ بدات قایم بکات. هەر لە هەمان وانەیشدا ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە کەسە ‌هەڵنەخڵتێنراوەکان ئەوانەن کە نایەڵن و ڕازینابن وەک بوونەوەرێکی قسەکەر لەو فەزایەدا گیر بخۆن و داگیر بکرێن، واتە خۆیان نابەستنەوە بە هیچ بونیادێکەوە.

ھەڵبەت مرۆڤ بە زۆر شێوە دەتوانێت خۆی لە ھەڵخڵەتاندن قوتار بکات. یەکێک لەو ڕێگایانەیش کە مرۆڤ بەکاری دەهێنێت بۆ ئەوەی ‌هەڵنەخڵەتێت ھەست بە گەمژەبوونی خۆی نەکات ئەوەیە کە وەک رێبوارێک بەم ژیانەدا تێپەڕێت و گوزەر بکات. هەموو ئەو کەسانەی باوەڕیان وایە کە ژیان زیاترە لە سەفەرێک لەنێوان بوون و نەبووندا، لەنێوان لە دایکبوون و مردندا. ئەوانەی کە پێیان وایە  ژیان شتێکە گەورەتر لە خودی ژیان خۆی، کە ئەم  ژیانە تەنها سەفەرێکە بۆ گەیشتن بە ژیانێکی تر و باوەڕیان بە بەڵێنی خاکێکی تر و بەهەشتێکی بانزەمینی هەیە. خۆیان بەم ژیانە فانییەوە نابەستنەوە و تیایدا گیرناخۆن. ئەم جۆرە لە ژیان و دونیابینیە وەک ڕێبوارێک وەک  پێشنیاری لاکان بۆ ئێمە گرنگییەکی زۆری هەیە لە سیاقی ئالودەبووندا و لە تێگەشتنمان بۆ بیروبۆچوونەکانی ئەو سەبارەت بەم بابەتە.

بە ڕای لاکان لەنێوان ژیان و مردندا مرۆڤ نەک هەر بە تەنها بەر گەلێک بونیادی جیاواز، بەڵکوو بەر خودی ترۆپکی ژیانیش دەکەوێت، ئەم بەرکەوتنەیشی لە فۆڕمی ژویسانسدا وەک جەستەیەکی زیندوو بەرجەستە دەبێت. واتە سوبێکت لە سەفەری ژیانیدا لەنێوان لەدایکبوون و مردندا هەم بەر بونیادە جیاوازەکان وە هەمیش بەر ژویسانس دەکەوێت. وەلێ بونیادەکان و ژویسانیش خۆیان بەر یەک دەکەون و کار لە یەک دەکەن. لەم بەرکەوتنەیشدا سوبێکت هەمیشە فریو دەخوات و هەڵدەخڵەتێنرێت بە ناوی ژویسانس خۆیەوە. ھەر بۆیە یەکێک لەو ڕێگەیانەی کە سوبێکت بەکاری دەهێنێت بۆ خۆلادان و خۆپاراستن لەم فریودانە، سڕکردنی جەستەیە بە مادە هۆشبەرەکان _ کحولییەکان. بە مانایەکی تر، کەسانی ئالودە ڕازی نین خۆیان ببەستنەوە بە هیچ بونیادێکەوە بەڵکوو دەیانەوێت سنوورەکان ببەزێنن و تێانپەڕینن لە ڕیی بەکارهێنانی ئەم مادانەوە. هەر ئەم هۆکاریشە  دەیانکاتە کەسی  ئالودە و سەرگێژ چونکە درک بەوە ناکەن و نازانن  کە بە ناوی دەربازبوون لە تەڵەی ژویسانس جارێکی تر  خۆیان دەکەنەوە بە کۆیلەی ژویسانس.

بۆ ئەوەی زیاتر لە پەیوەندیی کەسی ئالودەوە بە ژویسانسەوە ڕوون بکەینەوە ئەوا ئاماژە بە پێناسەکەی لوز ڕایک سەبارەت بە ئالودەبوون دەکەین. بە ڕای ئەو ئالودەبوون بریتییە لە هەڵبژرادنی جۆرێک لە ژویسانس کە سەربەخۆ خۆی ڕێک دەخات بەبێ خۆبەستنەوە بەو بونیادانەوە کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دیاری دەکەن. هەڵبەت لێرەدا مەبەست لەوە نییە کە خودی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی ڕۆڵی گەورە و بەرچاوی لە ئەزموون و هۆکارەکانی ئالودەبووندا نییە. بەڵکوو دیسانەوە کاریگەرییەکانی ئالودەبوون بۆ سەر کەسەکە پەیوەندی بە کەسانی ترەوە نییە بەڵکوو شتێکە سەربەخۆ بەڕێوە دەچێت.

ئێمە لە جیهانێک و کەلتوورێکدا دەژین کە چێژ و ژویسانس بۆتەوە بە بەرپرسیارێتی و ئەرک لەسەر شانمان. ئەوەی کە پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان ڕادەگرێت و ڕێکی دەخات وەرگرتنی چێژ و خۆشی شادییە.  فەیلەسووف و نووسەری فەڕەنسی (گیلیس لیپۆڤیتسکی) لە کتێبی (زەمەنی هایپەرمۆدێرن)دا باس لەوە دەکات کە زەمەنی مۆدێرنەی دووەم دەستی پێ کردووە. زەمەنێکە کە بە ناڕێکوپێکی و جیهانگیرییەوە دەناسرێتەوە و بە شیوەیەکی سەرەکیش لەسەر سێ فاکتەر وەستاوە کە ئەمانەن: بازار، کاریگەریی تێکنۆکراتی  و خودی تاکە کەس خۆی. لیپوڤیتسکی دەڵێت: (ئەم مۆدێرنیزەیشنەی جیهان لە ڕێی نیهیلیزمی کاڵای تەکنۆکراتییەوە بۆ خۆی پرۆسەیەکە کە لە بۆشایییەکەدا گێژ دەخوات و دەخولێتەوە بەبێ هیچ ئامانج و مانایەک). ئەو باس لەوە دەکات کە ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە چێژ بۆتە دیکتاتۆر بە سەرمانەوە. بەڵام ئەوەی کە جێی نیگەرانی و ترسە ئەوەیە کە چۆن تا بێت شوناسی مرۆڤەکان لەژیر دەسەڵات و هەژموونی ئەم دیکتاتۆرەدا لاواز و پووچ دەبێت. لە زەمەنێکدا دەژین کە تا بێت زیاتر و زیاتر بەر ناسەقامگیری و ناجێگری مرۆڤەکان دەکەوین، ئێمە شایەتحاڵی زەمەنێکین کە نیشانە و سییمپتومەکانی لاوازی دەروونی مرۆڤ هەر لە خەمۆکی، ترس و دڵەڕاوکێ، خۆکوشتن، ئالودەبوون، ئازاردنی خود و خۆبریندارکردن، ناجێگیری خواردن… هتد، لە زیادبووندایە. بە مانایەکی تر، مرۆڤ لەم سەردەمەدا هێندە تەنیا ماوەتەوە لەگەڵ هەژموون و دەسەڵاتی چێژ وەک سەرسەخترین دیکتاتۆر، ئەمە وای کردووە کە  هەموو میکانیزمە بەرگرییەکانی پێشوو بە جۆرێک لە جۆرەکان لە پەک کەوتووە و دادی نادات تا هارمۆنی و ئارامی بۆ دەروونی خۆی بگەڕێنێتەوە هەست بە بوونی خۆی بکات. بونیاد و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی چیتر ئەو چاڵ و چۆڵی و بەتاڵییە پڕ ناکەنەوە کە مرۆڤ لەژێر سایەی کەلتووری سەرمایەداری و بەرخۆریدا بە دەستیەوە دەناڵێنێت. لەم سەردەمەدا مرۆڤەکان لەژێر باری قورسی ژیاندا هەمیشە هیلاک و پرزە بڕاون، لیپۆڤیتسکی لەم بارەیەوە دەڵێت: (لە کەلتووری بەرخۆریدا دواجار ئەوەی کە مرۆڤەکان لە سەروو هەموو شتێکەوە بە دوایدا وێڵن هەستکردنە بە خۆشی، هەستێکی چڕو پڕ بە خۆشی، هەستێکی سەربەخۆ کە پشت نەبەستێت بە پێگەی ئەوانەوە بەڵکوو تەنها بە ئەزموونی خۆشی و خودی چێژ خۆیەوە).

ئەم عەوداڵی و گەڕانە بە دوای هەستکردن بە خۆشی و ئەزمونکردنی چێژ وای کردووە کە تا زیاتر مرۆڤ هەست بە ئازار و ناڕەحەتی ژیان بکات ئەوا زیاتر و زیاتر مافی خۆشبەختی و هەستکردن بە چێژ لە خۆی داوا دەکات و خۆیشی دەکاتە بەرپرسیاری یەکەمی دەستەبەرکردنی ئەم مافە. هەر بۆیە بۆ ئەوەی بتوانین لەم کەلتوورەدا جێمان بێتەوە و بەردەوام چێژ وەرگرین، پەنا دەبەینە بەر ئەو سییمپتومانەی کە خودی چێژمان بۆ دروست دەکەن یان وردتر بڵێین ئەو سیمپتومانەی کە کاریگەریی ژویسانسمان بۆ بەرهەم دێنین، دیارە ئالودەبوونیش یەکێکە لەو سیمپتومانە.

لە کاتێکدا خودی کەلتووری بەرخۆری هیچ داوایەک و بەرپرسیارێتیەک ناخەتە سەر تاکەکانی تا خۆیان ڕێگەچارە بدۆزنەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و نەهەماتییەکانیان بەوەی کە بتوانن ڕووبەڕووی ببنەوە بەڵکوو بە پێچەوانەوە لە کەلتووری بەرخۆریدا چارەسەری هەموو کیشەکان لە دەرەوەی مرۆڤ خۆیەتی و بۆی ئامادە کراوە و دەتوانێت بە پارە بیکڕێت. کەلتوورەکە بە تۆپزی و بێڕەحمانە چارەسەری دەرەکی دەسەپێنێت بەسەر مرۆڤەکاندا، وایان لێ دەکات لە دەرەوەی خۆیان بە داوی خۆیاندا بگەڕین. یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەم تەڵەیەی کەلتووری سەرمایەداری و بەرخۆریش ئەوەیە کە مرۆڤ زیاتر و زیاتر گیرۆدەی ئەو چارەسەرانە دەکات کە لە دەرەوە بۆی دانراوە، بەمەیش زیاتر وێڵی وەهمی گەیشتن بە چیژ دەبێت.

دیارە لاکان لە یەکێک لە وانەکانیدا ئاماژەی بە هەمان بابەت کردووە و دەڵێت لە جیهانی مۆدێرنەدا گوتاری سەرمایەداری دەبێتە گوتاری زاڵ. گەشەکردن و بەرە و پێشچوونی زانست و بازاڕ هاوکات تێکەڵبوونیان بە دیموکراتی لیبڕاڵ بوونەتە هۆی برەودان و پێشخستنی ئەم گوتارە. ئەو یاسایییەی کە ئێستا خەڵکەکان کۆ دەکاتەوە و یەکیان دەخات قەدەغەکردن و دابەشکردن و ڕیکخستنی ژویسانس نییە بە تەنها بەڵکوو گۆڕاوە بۆ ئایدیاڵێکی تر کە ئەویش ئازادیی تاکەکانە. ئازادییەک کە خاسیەتەکانی کورت کراوەتەوە بۆ داواکردن و هەڵپەکردن بۆ چنگکەوتنی ژویسانسی زیاتر، کە ئەمەیش بۆ خۆی دەتوانیت هێندەی بۆت دەکرێت بیفرۆشیتەوە بە ئەوانی تر و سەواو مامەڵەی پێوە بکەیت. کەواتە گوتاری سەرمایەداری گوتارێکی زاڵتری بە سەری گوتاری ئاغا- سەرداردا هێناوە ئەگەرچی لە هەردوو گوتارەکەدا ئەوەی کە بەڕێوەی دەبات و دەیجووڵێنێت ئارەزووە، بەڵام دوو جۆر لە ئارەزووی جیاوازمان هەیە کە هەر یەکەیان بە ئاڕاستەیەکی جیاواز کار دەکات. لە کاتێکدا گوتاری ئاغا بەرجەستەی ئارەزوویەکە بۆ یەکخستنەوەی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و بە بەردەوامی کار لە سەر بونیادی کۆمەڵایەتی دەکات ئەوا گوتاری سەرمایەداری نوێنەرایەتی خواست و ئارەزووی تاکگەرایی دەکات. پرکردنەوەی ئەم ئارەزووە و هاوکات تێکردنیشی پێویستی بە ئەوانی تر و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی نییە. هەر بۆیە تێگەشتن لە ئالودەبوون وەک یەکێک لە کاریگەرییەکانی گوتاری سەرمایەداری لە کەلتووریی مۆدێرنەدا کارێکی گرنگە.

لاکان لەم بارەیەوە دەڵێت: (هەموو گوتارەکان کاریگەرییان لەسەر مرۆڤ کاریگەرییەکی مەستانەیە.  کاریگەریی گوتارەکان بۆ خۆیان جۆرێک لە پێشنیاریان تێدایە. بەو مانایەی کە گوتار هەمیشە جۆرێک لە مەستبوون خەولێخستن لەگەڵ خۆی دێنێت. تەنها لەو کاتانەدا نەبێت کە مرۆڤ درکی نییە و تێناگات، ئەوا ئەو کاتە بە ئاگا و هۆشی دێنێتەوە). کەواتە خاڵیکی هاوبەش لەنێوان گوتار و خراپ یان زێدە بەکارهێنانی ئەلکهول و ماددە هۆشبەرەکاندا هەیە، ئەویش ئەوەیە لە هەردوو حاڵەتەکەدا مرۆڤ  سەرمەست دەکەن، خەو لێ دەخەن و بێئاگای دەکەن. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا دەتوانرێت ئەم سوبێکتە سەرخۆش و سەرمەستە بە ئاگا بهێنرێتەوە؟

ئالودەبوون و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی 

با کەمێک بگەڕێنەوە سەر  چەمکی ( ڕێبوار_گەڕیدە) کە چەمکێکی گرنگی لاکانییە لەنێو سیاقی ئالودەبووندا و بزانین بۆ کەسی ئالودە مانای سەفەرکردن و گەڕان چی دەگەیەنێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارەیش زۆر بە سادەیی ئەوەیە کە کەسی ئالودە دەگەڕێت بە دوای وەڵامێکی ئەرێنیدا بۆ ئەو نوقسانیەی کە لە ئەوی تردا ئەمی ئالودە ئەزموونی دەکات. هەر بۆیەش زۆر پەیوەست، هۆگر و خولیای ئەو مادەیەن کە ئەوان بە ئایدیاڵی دەبینن وەک وەڵامێک لە سەرگێژی و خولخوارندوەی خۆیان بۆ دروستکردنی مانا بۆ ژیان.

 بۆ کەسی ئالودە  گەڕان بە دوای مانای ژیاندا پێوستی بە دالێکە لە جۆرێکی تر، وەلێ هەر خودی ئەم پەیوەندییە خۆگیرییە بە دالەوە دەبێتەوە بە کیشەو ئاستەنگ بۆ ژیانیان. بەو پێیەی کە دال شتی مادییە و توانای تێپەڕاندن و کەماڵبوونی خۆی هەیە. کەسانی ئالودە ھەمیشە لە گەڕاندان عەوداڵن بە دوای چارەیەکی ئایدیاڵ بۆ کێشەو گرفتەکانی ژیان. کەسانی ئالودە ھەست بە پووچی ژیان دەکەن و پێیان وایە ژیان خەرابات و ئازارێکی قووڵە، ھەر ئەمان خۆشیان جیاواز لە کەسانی تر لەو ئازارە دەگەن و تامی دەکەن. کەسانێکن قبوڵی ژیانیان نەکردوە وەک خاڵی دەستپێکی مردن. ھەر بۆیە پێویستیان بە فریادڕەسێکە، بە مەستبوونە، خۆگێژکردنە و خۆخڵەفاندن بە مەبەستی ڕەتکردنەوە و نکوڵیکردن لە بوون و لەو بونیادەیش کە تیایدا دەژین. مەی و ماددە ھۆشبەرەکان دەتوانن ئەو خەیاڵە لە زهن و هۆشی کەسی ئالودەدا دروست بکات کە چارەیەکی ئایدیاڵ و دانسقەی بۆ پرسی وجودی خۆی دۆزیوەتەوە. بۆ کەسی ئالوودە گرنگ نییە جۆری ئەو چارەیە چییە و چۆن لە سەر خۆی و دەورووبەرەکەشی دەکەوێتەوە. بەڵکوو ھێندە بەسە کە ئەمانە خۆیان دەکەونە وەھمی ڕازیبوون و تێربوونێکی کاتییەوە. بێبکان لەوەی کە چی لە دەست دەدەن لەو ڕێگەیەدا مادامەکی بە خەیاڵی خۆیان بەرەو گەیشتن بە حەقیقەت مل دەنێن و دەڕۆن، گرنگ ئەوەیە ئەوان لەو سەفەرەدا دەتوانن بگەن بە دوا پنتی بوون ئەگەر چی لە ڕێێ فەنابوونەوەیش بێت.

کەسی ئالودە بەردەوام لە سەفەردایە بەردەوام خەریکی پشکنینی خاکێکە کە بە تەنها لە خەیاڵ و زهنی ئەودایە. هەموو دەرفەتێکی مەستبوونی سەفەرێکە بۆ نائاگایی، ڕۆشتنێکی دوورە بەرەو نادیار و ناشوێن. پریاسکەی کەسی ئالودە بۆ ئەو سەفەرە هیچ ترسێکی بۆ نەگەڕانەوە و تیادا نییە، بێباکە لەوەی کە دوا مەنزڵی سەفەرەکەی وەک گەڕیدەیەک هەر گەیشتنە بە مەرگی ڕووت خۆی.

من خۆم چەند ساڵیک لە مەبەر پیش ئەوەی بزانم و ئەوە بخوێنمەوە لەسەر گرنگی چەمکی (گەڕیدە) لای لاکان لە سیاقی ئالودەبووندا. لە دانیشتنیکدا لەگەڵ کەسێکی ئالودە بە ئەلکهول  باسم لەم سەفەرکردنە کرد. هەوڵمدا مانای ئەم سەفەرکردنە بۆ کەسەکە ڕوون بکەمەوە، کە چۆن ئەو بە بەردەوامی لە سەفەر و گەڕاندایە. سەفەرێک کە زۆر بە ئاگاوە خۆی بۆ ئامادە دەکات، وەلێ بەبێ ئەوەی بزانێت و درک بەوە بکات کە سەفەر بەرە و نائاگایی دەکات. هەموو جارێک پریاسکەیەک لەگەل خۆی دەبات. تێشووی سەفەرەکەی جگە لە چەند قاپە ویسکی، چەند بیرەیەک، چەند پاکەتێک جگەرە هیچی تری تیا نییە! هەوڵمدا ئەوەی بۆی روون بکەمەوە کە ئەو زۆر بە ورردی بیر لەو سەفەرە دەکاتەوە بەڵام ئەوەی کە بیری لێ ناکاتەوە و حسابی بۆ نەکات (گەڕانەوەیە) بۆ ئێستا و ئێرەی. بەو مانایەی کە کەسی ئالودە سەفەرێک بەرەو نائاگایی دەکات هیچ بیر لەوە ناکاتەوە بە خەیاڵیدا نایەت کە لە پلانی سەفەرەکەیدا ئەوە دابنێت ئەی ئەگەر نەگەڕایەوە بۆ ژیان و دواجار گەشت بە دوا مەنزڵگەی نەست و نائاگایی خۆی کە مەرگە. هەر ئەم گوێنەدان و بێباکییە بە نەگەڕانەوە وا دەکات کە کەسی ئالودە  سەڕەڕای ئەوەی دووچاری ناڕەحەتییەکانی ([4]Abstinence ، Overdose) دەبێت و زۆر جار لە مردن دەگەڕێتەوە کەچی هەر تەمێ خواردوو نابێت و جارێکی تر  دەگەڕیتەوە لای ئۆبێکتی عەشقەکەی، هەموو جارێکیش لە جاری پیشوو زیاتر لە ئامێزی دەگرێت و پێوەی دەنوسێت.

ئێستا کاتێک سەرقاڵی ئەم نووسینەم درک بە وردکاری ڕۆڵی خۆم لەو پەیوەندییەدا دەکەم. کێشەی من وەک دەروونشیکارێک و شارەزایەک ئەوە بوو کە زۆر زیاترم لەوە دەزانی و درکم پێدەکرد لەوەی کە دەبوو بیزانم. هێندە قووڵ خزابوومە ناو نەستی و نائاگای ئەو کەسەوە کە تەواو ڕووت دەمبینی. لە هەندێ کاتدا بە جۆرێک هاوشوناسی دۆخەکەی بووبووم کە دەمویست بچمە ناویەوە و ڕووبەڕووی کیشەکانی ببمەوە.  هەر ئەم زۆر زانین و هاوئالودەییە  بوو کە وای کرد من وەک شارەزایەک نەتوانم ئەو پەیوەندییەی نێوان ئەو وەک سوبێکت بەو ئەوی ترەوە (کە ئۆبێکتی ئالودەبوونەکەیەوە) بدۆزمەوە. لە بەشێکی تری ئەم نووسینەدا دێمەوە سەر ئەم خاڵە و باس لە کەسی هاوئالودە یان هاوخۆلیا دەکەم کە نیشانە و زیانەکانی گەر زیاتر نەبێت لەوەی کەسی ئالودە ئەوا کەمتر نییە. تراومای کەسی هاوئالودە و گێرۆدەبوونی بە کەسی ئالودە، جەزرەبەیەکی دەروونییە لە جۆرێکی تر، نەهامتییەکانی هەم لە ڕووی دەروونییەوە وە هەم لە ڕووی فیزیکیەوە زۆرن. کەسی هاوئالودە جا چ وەک خەمخۆر، گوناهبار، بەرپرسیار یان ئەوەی پێی دەڵێن ئەوی تری کەسی ئالودە ، بابەتێکە جێی سەرنج و لێکۆڵینەوەیە کە پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بکەین.

وەک پێشتر باسمان کرد گرێی سەرەکیی کەسی ئالودە خولیا و ئارەزوومەندییەتی  بۆ چێژوەرگرتن بەبێ گوێدان بە کۆت و پێوەندە کۆمەڵایەتییەکان. لە کاتێکدا کەسی ئاسایی چێژ و ئارەزووی خۆی بەرتەسک دەکاتەوە تا بتوانن خۆیان بگونجێنن و هاوکات بتوانن وەک تاکیک لە ناو پەیوەندییە کۆمەڵاتییەکاندا بمێننەوە و جێگە و پێگەی خۆیان تۆکمە بکەن، ئەوا کەسی ئالودە ژیانی خۆیان تەرخان دەکەن تا بگەنە ترۆپکی بوون لە ڕێگەی چێژی خێرا و دەمودەستەوە. کاتێک قسە لەگەڵ زۆربەی ئەو کەسانە دەکەیت کە کێشەی ئالودەبوونیان ھەیە ئەوا لە یەکەم دانیشتنەوە ئەوەت بۆ دەردەکەوێت کە ئەمانە بەرگەی داوا و ئەرکەکانی دەرەوەی خۆیان نەگرتووە، نەیانتوانیوە خۆیان لەگەڵ ژیان بگونجێنن و هەمیشە خەتایەک هەیە کە لە دەرەوەی خۆیان کە دەیانچەوسێنێتەوە، نادادییەک هەیە کە تەنها هەڕەشەکەی بۆ ئەم کەسانەیە.  ئەم هەستکردنە بە زوڵم و زۆری ژیان، بە بەدبەختی و نەگەشتن بە شادی کەڵکەڵەی کەسی ئالودە بە ئۆبێکتەکەیەوە زیاتر و توندتر دەکات. فرۆید دەڵێت:

 (کاتێک داوا و ئەرک لەسەر مرۆڤ زیاد دەبێت! یان مەیلی شۆڕشی تیادا دروست دەکات و یان دەیکاتە کەسی نیرۆییکی، یاخود بە بەدبەختی دەمێنێتەوە[5]).  هەر بۆیەش خۆبەستنەوە و ھاوشوناسبوون لەگەڵ ئادیاڵێک، ئایدۆلۆژییەک، یان فیگەرێکی پاڵەوان لە فیگەری سەرۆک و باوکە وەھمییەکان، دەتوانن وەک قەرەبووییەک بۆ ئەو ناشادی و کەموکورتییەی ژیانی مرۆڤ کار بکەن. بەڵام لە حاڵەتی ئالودەبووندا سوبێکت بەر میکانیزمێکی تری بەرگری دەکەوێت کە تەواو جیاوازە. ڕەنگە لێرەدا پێناسەیەکی تری ڕایک لوز سەبارەت بە ئالودەبوون یارمەتیمان بدات تاوەکوو لەم خاڵە تێبگەین، ئەو دەڵێت: (ئالودەبوون بریتییە لە پرۆسەی بەرجەستەکردن و نمایشکردنی ئایدیاڵێک لە شوێنە چۆڵەکاندا كاتێک خودی ئایدیاڵەکە دەبێتەوە بە ئۆبێکتێکی بەکارھاتوو-سواو یان کاتێک ئایدیاڵ دەبێتەوە بە خودی ئەو  نوقسانی و کەموکورتییەی کە لە دوای تێربوون و ڕازیبوونەوە بۆمان دەمێنێتەوە ئەوەی کە لە سەرەتاوە بە ھۆی داوا و فشاری ئەوانی ترەوە دروست بووە..).

ئەگەرچی لە زۆرینەی سیاق و کۆمەڵگەکانی دونیادا مەیلێک بۆ جیاکردنەوەی کەسانی ئالودە هەیە هەم وەک لادەر وە هەمیش وەک کەسانی نەخۆش کە پێویستیان بە یارمەتی هەیە بە تایبەت ئەو کاتانەی کە کەسەکە دەبڵ دیاگنۆسی هەیە. سەرەڕای ئەو ڕاستییەش کە دونیای ئەمڕۆمان خۆی مرۆڤی بێدەرەتان و بێچارە بەرهەم دەهێنیت چونکە مرۆڤی ئەم سەردەمە گیرۆدەی دەستی چێژی خێرایە، وەلێ هێشتا کەسی ئالودە شتێک لە بەرپرسیارێتی لە سەر شانە چونکە ئەو خۆی بە کامڵی ئەقڵی خۆیەوە بژاردەیەک دەکات. ئەم بژاردەیەشی لەسەر ئاستی سوبێکتە بەوەی کە بە خێراترین و کورترین ڕێگە و لە ڕێی بە ژەهراویکردنی جەستەی خۆیەوە دەیەوێت بگات بە تێربوون و ڕازیبوونێکی کاتی. کەسانی مودمن و ئالودە هەموو ئارەزووی خۆیان کورت دەکەنەوە بۆ گەشتنەوە بە یەکەم چێژ، بە یەکەم نەشوەی گەشتن و شادبوونەوە بە ئۆبێکتی لەدەست چوو. یەکەم مەستبوون، یەکەم ختوکەی ڕۆح، یەکەم ساتی گەشتن بە ئۆرگازم. هەتا کەسی ئالودە شکست بێنێت لە تامکردن و گەیشتنەوە بە یەکەم ئەزموونی چێژ، زیاتر بەردەوام دەبێت و بەڵێن بە خۆی دەداتەوە کە ئەم جارەیان بە نەفەسێکی تر، بە پێکێکی زیاتر، یان بە مژێکی زیاتر دەتوانێت ئەو لەزەتە بداتەوە بە ڕۆح و بە جەستەی.

 ئەوەی ئالودەیە بە مەی خواردنەوە، بە لە دەستدانی کەسە نزیکەکان ماڵ و مناڵ، ئیش و شتەکانی دەوروبەری دەستبەرداری بتڵە شەرابەکەی نابێت واز لە ساتەکانی خوماری و مەستی خۆی ناهێنێت هەر لەبەر ئەوەی دەکەوێتە دەرەوەی سیاقە کۆمەڵایەتییەکەی خۆیەوە. چونکە هەموو ئەو شتانەی کە لە دەستی دەدات هێندەی ئەو ئۆبیکتە سەرەتایییە نرخ و بەهای نییە کە ئەم لە گەڵ یەکەم ئەزموونی سەرمەستبووندا لە کیسی داوە و هەرچیەک دەکات ناگەڕیتەوە سەری.

ئەوەی قومارچییە بەردەوام پارە و ماڵ و موڵکی دەدۆڕێنێت، تەنانەت هەندێک جار لەسەر مێزی قومار کار دەگاتە سەر دۆڕاندنی کچەکانیشی، دەستبەرداری قومارکردن نابێت و وازی لێ ناهێنێت هەر لەبەر ئەوەی دۆڕاوە. بەڵکوو هەموو دۆڕانێکی دەبێتەوە بە بەڵێنێک کە جاری داهاتوو سەرەی خۆیەتی قومارەکە بباتەوە وبەمەیش دەگات بە ترۆپکی بوونی خۆی. هەڵبەت ئالودەبوون بۆ کەسی قومارچی جیاوازە لە ئالودەبوونەکانی تر بە ئەلکهول و ماددە هۆشبەرەکان، بەو مانایەی ئەوەی کە کەسی قومارچی لە سەرەتاوە ئالودەیەتی ئۆبێکتێک نییە بتوانیت بە دەست بیگرێت و هەستی پێ بکات و تامی بکات. بەڵکوو قومارچی ئالودەی خودی چانس و ئەگەری بردنەوەیە، یاری بە چانس و بەختی خۆی دەکات. لە دۆخی قومارکردندا کەسی قومارچی خۆی لە بەرکەوتنی ئەوی تر نادزێتەوە و بە دوورناگرێت تا بگات بە چێژی خۆی بەڵکوو قومارکردن واتە ڕیسکردن بە هەل و  فرسەتی بردنەوە. کە ئەمیش  بۆ خۆی جۆرێکی ترە لە ژویسانس. ئەمە مانای ئەوە نییە کە قومارکردن هێندەی ئالودەبوون بە ئەلکهول و ماددە هۆشبەرەکان مەترسیدار نییە یاخود قومارکردن کێشەی ئالودەبوون دروست ناکات. بەڵکوو لەوەیش زیاترە چونکە کەسی قومارچی یاری بە چانسی خۆی دەکات چانسی بردنەوە یان دۆڕان. قومارچی هیچ وانەیەک لە دۆڕانەکانی خۆی وەرناگرێت، هەموو کەوتنێک و دۆڕانێک  بۆی دەبێتەوە بە وچانێکی تر بۆ فرسەتی بردنەوە. وەکچۆنیش کەسی ئالودە بە قومارکردن هەرگیز ناوەستن لە یاریکردن گەر براوەش بن. بردنەوە و دۆڕان یەک مانای هەیە ئەویش ڕیسکی زیاتر و یاری زیاتر. بە مانایەکی تر، تا کەسەکە زیاتر قومار بکات زیاتر دەدۆرێت زیاتر لە وەهمی بردنەوەدای خۆیدا دەژی، خودی ئەو وەهمەیەش جۆش و خرۆشی دەداتێ وایلێدەکات ماڵ و  تەنانەت ژیانی خۆیشی بخاتە خزمەتی ئەو وەهمەوە. لەبەر ئەوە ئاسایییە کە بڵێین دۆڕان و قەرزاری دیوەکەی تری قومارکردنە، کەسی قومارچی تا زیاتر قەرزار بێت زیاتر یاری دەکات. قەرزاری بۆ کەسی قومارچی کێشە نییە بەڵکوو دەبێتەوە بە پاڵنەرێک بۆ خۆبەستنەوە بە وەهمی بردنەوە. لاکان لە سیمیناری (II) دا دەڵێت: (لە یاریکردنی چانسدا گومانی تیادا نییە کە قومارچی بەخت و چانسی خۆی تاقی دەکاتەوە، ھەرئەوەش نا بەڵکوو قەدەری خۆیشی لە خودی یارییەکەدا دەخوێنێتەوە و دەبینێت. باوەڕی وایە کە شتێک خۆی نمایش دەکات کە تەنھا پەیوەندی بە ئەوەوە ھەیە، وەلێ من دەتوانم بڵێم، ھیچ کات، ھیچ شتێکی بۆ ئەوی قومارچی لێ نییە و هیچ شتێکیش چاوەڕێی ناکات) [6].

فرۆید لە وتارەکەیدا دەربارەی دۆستۆڤیسکی دەڵێت: ھەستکردن  بە گوناھ بۆ کەسی نیرۆتیکی_عوسابی فۆڕمێکی دیار و ئاشکرا وەردەگرێت لە جۆری ئەو بار و قورساییە کە قەرزاری دروستی دەکات. لەم بارەیەشەوە فرۆید ئاماژە بە یەکێک لە نامەکانی دۆستۆڤێسکی دەکات کە بۆ فرۆیدی نووسیوە و دەڵێت: (ئەوەی گرنگە خودی یارییەکەیە، سوێند دەخۆم کە ھیچ پەیوەندی بە چاوچنۆکیم بۆ پارەوپوول نییە، ئەگەر چی خوایش دەزانێت کە من چەندە پێویستم بە پارەیە…[7]).

هەر بۆیەش دەتوانین زۆر بە سادەیی بڵیین کە ئالودەبوون واتە چێژی ڕەها، چێژێک بەبێ کەموکورتی.  چیژێکی بێخەوش کە دەتگەیەنێتەوە بە یەکەم لە دەستچوون. کێشەی کەسی ئالودە هەر ئەوە نییە کە دەگەڕێت و عەوداڵە بۆ گەشتنەوە بە یەکەم ئەزموونی چێژ بەڵکوو گرفتەکەی ئەوەیە کە نازانێت و بیری نییە یەکەم تام و چێژی بەریەکەوتنی لەگەڵ ئەو ئۆبێکتە چۆن بووە، چ جۆش و خرۆشێکی داوەتێ؟ چونکە ئاشکرایە کە یەکەمین مژی جگەرە، یەکەم پێکی شەراب، یەکەمین ئۆرگازم و یەکەمین لەزەت و سەرمەستبوون بە  یەکەمین ‌هەڵمژینی خەتی کۆکاکین هیچ کام لەم ئەزموونانە یەکسەر و ڕاستەوخۆ چێژی ڕەهایان نەبەخشیوە بەڵکوو زیاتر ئەو هەستەیان بەخشیوەو زەقکردۆتەوە کە تۆ وەک سوبێکت چێژ نەکردەوە و نەتبووە. هەر بۆیەش ئاساییە ئالودەبوون بە جۆرێک لە جۆرەکان بە تراوماوە ببەسترێتەوە، بەو پێیەی بۆ کەسی ئالودە ئەم ئەزموونە سەرەتایییە تراوماتیکیە بە سروشتی خۆی جۆرێک لە هەستی لەکیسچوون و کەموکورتی لەگەڵ خۆی دێنێت. وەلێ خودی ئەم ئەزموونە تراوماتیکیەش دەبێتە هۆی دروستبوونی ئۆبێکتێکی باڵا کە کەسی ئالودە بە دوایدا دەگەڕێت عەوداڵی دەبێت تا جارێکی تر بیدۆزێتەوە. ئەم تراومایە خۆی دەبێتە هۆی گەڕان بە دوای ئۆبێکتی لە کیسچوودا، بەڵام کەسی ئالودە عەوداڵییەکە و گەڕانەکە لە تراوماکە دەکاتەوە ئەوەی بۆی دەمێنێتەوە خودی بوونێک-ئۆبێکتێکە بەبێ نوقسانی.

کێشەی کەسی ئالودە لەوەدایە کە  ئۆبێکتی عەشقەکەی ئەو شت گەل و کەسانە  نین کە لە دەورین  بەڵکوو ئۆبێکتی عەشقەکەی ئەوەیە کە لە دەوری نییە و دوورەدەستە. کەسی ئالودە عەوداڵ و سەرگەردانانە بە دویدا وێڵە ودەگەڕێت. وەلێ گرفتەکە لەوەدایە کە کەسی ئالودە  پوووچی و بێ بەهایی ئەو شتە نازانن کە نیانە هەر بۆیەش بەها و نرخێکی زۆری دەدەنێ بە جۆرێک کە باکیان نییە بەوەی خۆشیان و دەوروبەریشیان بکەنە قوربانی بۆ گەشتن و شادبوونەوە بەو ئۆبێکتە لە دەستچووە.  زیادەڕۆیی لە بەکارهێنان و چەقبەستنی کەسی ئالودە بۆ ئۆبێکتی لەدەستچوو نابیتە هۆی ئارامکردنەوە و تێربوونیان بەڵکوو بە پێچەوانەوە تا زیاتر زیادەڕۆیی بکەن زیاتر و زیاتر  ئۆبێکتی لە دەستچوو لێیان دووردەکەوێتەوە و تەرە دەبێت ئەمەیش  گەیشتن و شادبوونەوە بە یەکەم چێژ مەحاڵ دەکات. هەر بۆیەیش ئالودەبوون بە یەکێک لە هەرە کێشە و گرفتە دەروونییە ئاڵۆزەکان دەدانرێت و دەربازبوون لێیی گەر کارێکی مەحاڵ نەبێت ئەوا زۆر سەخت و دژوارە.


[1] ئەم شەش ئاماژەیەیش لە لایەن (کارلۆ ڤیگانۆ) لە ووتارێکدا لە ژێر ناونیشانی

(Les nouveaux symptômes et la question préliminaire: lexample de la toxicomanie) کۆکراوەتەوە.

[2] .لێرەدا لاکان زەکەر بە وێلیە چکۆلە ناو دەبات

[3] The Non-Dupes Err/ The Names of the Father( Lacan, 1973-1974, lecture from 13/11/1973).

[4] .واتە لە دۆخی دابڕان و وازهێنان یاخود لە دۆخی بەکارهێنانی دۆزی زیاد لە پێویست لە بەکارهێنانی ئەلکهول یان ماددە ‌هۆشبەرەکان

[5] Freud ,1930a,p.143

[6]  Lacan ,1988a, p. 300.

[7] Frued, 1928b , p. 190.