پرته‌قاڵی وه‌ریو
به‌م نیوه‌شه‌وه باراناوییه بۆ بانگێڕان هاتوومه‌ته سه‌ربان. جلەکانم تەواو ته‌ڕ بوون و ده‌سته‌کانیشم ته‌زیون. خه‌یاڵیشم هه‌ر لای هاوژینه به‌دبه‌خت و نه‌خۆشه‌که‌مه: «ده‌بێت په‌له بکه‌م. زوو بانه‌که بپه‌ستمه‌وه و به ته‌نگیه‌وه بچم؛ ئه‌و نابێت به ته‌نیا بێت.»
بله‌ز بۆ خواره‌وه پێ هه‌ڵدێنم و له‌گه‌ڵ ده‌ستمدا چه‌ند کۆتەره‌دارێک ده‌به‌مه ژووره‌وه. به‌ره‌و سۆپا داره‌که ده‌چم، که که‌فته‌کار له نێزیکییه‌وه پاڵکه‌وتووه و هێشتا به‌ئاگایه؛ چ به ئاگایییه‌ک! هێنده سه‌رمایه‌تی له‌ژێر لێفه‌که‌وه خۆی وێک هێناوه‌ته‌وه و هه‌ڵده‌له‌رزێت. خۆم وشک ده‌که‌مه‌وه. ئەویش کزکز لێم ده‌ڕوانێت و بە دەنگێكی لەرزۆكەوە دەڵێت: «خه‌می ئینجانه‌ی گوڵهکانمه. ده‌ترسم بخنکێن.»
«ئازیزه‌که‌م، خه‌مت نه‌بێت، هه‌رگیز نایه‌ڵم گوڵه‌کان بخنکێن.» به‌ده‌م خۆشکردنی ئاگره‌که‌وه، سه‌رم لێی ده‌به‌مه پێشه‌وه و وا دەڵێم.
برۆکانی هێناونه‌تەوە یه‌ک: «ئۆف هه‌نگاو! ئێ خۆ هه‌زار جار پێم گوتوویت به‌م شێوه‌یه مه‌چۆره سه‌ربان.»
«بمبووره، شیرینه‌که‌م! خۆت ده‌زانیت ئه‌و ماوه‌یه هه‌ر به ڕێگه‌ی نه‌خۆشخانه‌وه بووین و نهشپهرژاومهته سه‌ر هیچ کارێک.»
له‌گه‌ڵ هێنانی ناوی نه‌خۆشخانه‌به ئاهێکی سارده‌وه ڕوخساره ماته‌که‌ی له‌بن لێفه‌که‌دا حه‌شار ده‌دات. به توندی لێوه‌کانم ده‌گه‌زم. «نه‌ده‌بووایه ئه‌و قسه‌یه‌م کردبا» لە دڵی خۆمدا وا دەڵێم. لێی نێزیک ده‌بمه‌وه و باوه‌شی پێدا ده‌که‌م.
«ئۆی هه‌نگاو، خه‌ریکه له سه‌رما ڕه‌ق هه‌ڵدێم. ئه‌و جلکه ته‌ڕانه دابکه‌نه!»
به‌په‌له جلکه‌کانم داده‌که‌نم و خۆم ده‌خزێنمه نێو جێگه‌وه. باسکه ڕووته‌کانم دهئاڵێنمهوه ملی. لێوه‌کانم له دهمولێوی مۆربووی نێزیک ده‌که‌مه‌وه. چاوه‌کانی ده‌نووقێنێت. بۆ چه‌ند ساتێک ئاوێزانی سۆزێکی گه‌رم ده‌بین.
هێنده نابات، ههورەبرووسکه نێو ژووره‌که ڕووناک دەكاتەوە. به‌ڕێکه‌وت چاوی ده‌چێته سه‌ر ئه‌و وێنه‌یه‌ی، که به دیواره درزبردووهکهدا هه‌ڵواسراوه. بزه‌یه‌کی نیانی پڕ له ژیان له‌سه‌ر لێوانی ئاڵی دەڕژێن. داوه‌کانی پرچی به‌سه‌ر سینگوبهرۆکیدا شۆڕ بوونه‌ته‌وه. له شوێنی خۆی قیت ده‌بێته‌وه و تاوێک له وێنه‌که ڕاده‌مێنێت. به ئه‌سپایی ده‌ست به پشتیدا دێنم. نیگای له‌سه‌ر وێنه‌که ده‌ترازێت و به‌نێو ژووره‌که‌دا چاو ده‌گێڕێت؛ بانی کاریته‌ی دڵۆپهکردوو، ته‌ونی جاڵجاڵۆکه، که سووچه‌کانی ژووره‌که‌ی داگرتووه، گوێلێبوونی جیکه‌جیکی مشکه‌کانیش وای لێ ده‌که‌ن له‌به‌رخۆیه‌وه بڵێت: «ئاهـ، خۆزگه ئێستا له ژووره گه‌رمه‌که‌ی خۆمدا ده‌بووم، كە هه‌موو ڕازه‌کانی کچێنیمم لێ به‌سه‌ر بردووە. ئای ئه‌وسا چه‌ند خۆش‌بوو له هیچم که‌م نه‌بوو!»
گوێم له‌و دهردهدڵانهیەتی. هەناسەیەكی قووڵ پڕ به سییه‌كانم هه‌ڵده‌مژم، بێ ئەوەی بگاته زارم. دەڵێم: «ئازیزه‌که‌م ده‌مزانی به‌رگه‌ی هه‌ژاریم ناگریت، به‌ڵام دوورکه‌وتنه‌وه له تۆ بۆ من جۆرێک بوو له مردن.»
«گیانه‌که‌م، دره‌نگی کردووه. بۆ ناخه‌ویت؟ تکات لێ ده‌که‌م وه‌ک دوێنێشه‌و مه‌که تا به‌ره‌به‌یان بێ‌دار مابووی و هه‌ر گینگڵت ده‌دا. ده‌زانیت منت زۆر ترساند؟ ده‌ی شیرینه‌که‌م ڕابکشێ و چاو گه‌رم بكه!»
«به‌م هه‌موو ئازاره‌وه چۆن خه‌وم لێ ده‌که‌وێت؟ سه‌رتاپێ جه‌سته‌م ته‌زیوه. هه‌ست به سڕبوون ده‌که‌م. ده‌توانیت بێده‌نگ له باوه‌شم بگریت؟»
چه‌ند سه‌یره ژنان ئه‌گه‌ر له سهرەمهرگیشدا بن ته‌نیا باوه‌شێک به‌سه بۆ ئازارشکانیان! له ئامێزی ده‌گرم و قاچه‌کانمان تێک ده‌ئاڵێن. ده‌ستم به‌ر په‌راسووه ڕه‌قوته‌قه‌کانی ده‌که‌وێت. له تاوان ناوێرم توند له باوه‌شی بگرم، که‌چی ئه‌ویش ده‌ڵێت:
«هه‌نگاوه‌که‌م، توندتر بمکه باوهشتەوە! تا زیاتر ڕامبگوشیت، زێده‌تر ئارام ده‌بمه‌وه.» له باوه‌شمدا خاو دەبێته‌وه و هه‌ناسه‌کانیشی درێژتر.
له بیرمه، دوانیوه‌ڕۆیه‌کی به‌هار بوو. هێشتا تیشکی خۆر نه‌که‌وتبووه ژێر گهواڵەههورهکانهوه. بهدهمڕواندنی گوڵهکانهوهجریوهی په‌ڕه‌سێلکه‌کانی سه‌ر گوێسهوانهکهمان، که له‌وێ هێلانه‌یان چێ کردبوو، ئاوڕێکیان پێ دامه‌وه. هاوژینم له ناندینه‌که به‌دی کرد؛ ڕوو له په‌نجه‌ره. به ماکسییه‌کی شینه‌وه لای ئاگردانه‌که وه‌ستابوو. به‌ده‌م تێکدانی مه‌نجه‌ڵه‌که‌ی به‌رده‌می، سه‌ری بهملاوبهولایدا ده‌جووڵاند. له‌به‌ر خۆیه‌وه وه‌ک بڵێی وڕێنه بکات وشه‌گه‌لێکی ده‌رده‌بڕین. برۆکانی گرژ ده‌کردن و داده‌ما.
بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستم پێ بکات، چوومه پشتیه‌وه. بێ ورته لێوم خسته سه‌ر پشتملی ڕووتی و ڕاممووسی. به ئه‌سپایی ده‌ستم گه‌یانده نێوقه‌دی. لووتمم برده نێو قژه پڕه‌که‌ی و پڕ به سییه‌کانم بۆنیم هه‌ڵمژی. وه‌ک ناڕەزایی شانی به‌رز کرده‌وه. به ساردییه‌كه‌وه ده‌ستێكی گرتم و ده‌ستێكیشی دانایه سه‌ر مه‌نجه‌ڵه‌كه.
لێی کشامه‌وه دواوه. به خۆمم گوت: «خۆ ئه‌مڕۆ به‌ر له‌وه‌ی بچمه سه‌ر کار، ئه‌و له باش ده‌چوو.به هه‌مان ڕووخۆشیی سپێدانی تا ده‌می ده‌رگە له‌گه‌ڵم هات. ده‌ستی بۆ ملوانی کراسه‌که‌م برد و به نازێکه‌وه شانه‌کانی وێک هێنانه‌وه.»
«هه‌نگه گیان، لای ئێواره زوو وه‌ره‌وه. ده‌چینه ده‌ره‌وه!»
«باشه، به‌سه‌ر چاو.»
بیرم هه‌ر لای قسه‌کانی بوو. نه‌مزانی ئه‌و کۆڵانه تهنگهبهرانهم چۆن بڕین. له دڵی خۆمدا ده‌مگوت: «تۆ بڵێی هاوژین مه‌به‌ستی چی بێت؟ بۆ ده‌یه‌وێت بچینه ده‌ره‌وه؟ له‌وه‌ته‌ی هاوسه‌رگیریمان کردووه، ئه‌وه یه‌که‌مجاره داوایه‌کی له‌و جۆره بکات. ئایا ده‌یه‌وێت وازم لێ بێنێت؟ نا، نا باوه‌ڕ ناکه‌م. ئێ خۆ له‌وانه‌یشه دووگیان بێت! ئۆی چه‌ند خۆشه ده‌بمه باوک! نا. ده‌موچاوی وای نهدەگوت. باشه تۆ بڵێی ده‌ستبه‌ردارم ببێت؟»
لای ئێواره به نیگه‌رانییه‌وه هاتمه‌وه ماڵ. له‌لایه‌که‌وه دڵخۆش بووم، به‌ڵام له سه‌رێکیشه‌وه ده‌ترسام. كاتێ قاچمم برده حه‌وشه، ئه‌ویش به‌ره‌و ماڵه‌وه ده‌هاته‌وه. به بینینم شڵه‌ژا و ڕه‌نگ به ڕوویه‌وه نه‌ما. وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌یادی کردبێت پێی گوتبووم: «ئه‌مڕۆ زوو بێره‌وه!» ڕوخساره شڵەژاوهکهی به خه‌نده‌یه‌ک شارده‌وه. بێ هیچ قسه‌یه‌ک چووه لای ئینجانه‌ی گوڵه‌کان.
«ده‌ستخۆش هه‌نگاو گیان، گوڵه‌کان زۆر جوانن. ئومێده‌وارم هه‌رگیز نه‌مرن.»
تاوێک له ڕوخساری ڕه‌نگپه‌ڕیوی ڕامام و ڕووی ده‌مم لێی کرد.
«ئه‌زیزم، ئه‌وه زوو هاتمه‌وه. ده‌ی حه‌ز ده‌که‌یت بچین بۆ کوێ؟»
«نا ئه‌مڕۆ لێیگه‌ڕێ! ناچینه هیچ شوێنێک.»
«چییه، خانم گاڵته‌م پێ ده‌که‌یت؟ هه‌ست ده‌که‌م زۆر گۆڕاویت. ئه‌گه‌ر شتێک بووه، قسه بکه! چیته؟ ده‌ته‌وێ بچیته‌وه ماڵی باوكت و هه‌موو شتێکی نێوانمان کۆتایی پێبێنی، یان چی؟»
به ده‌نگێکی به‌رزه‌وه گوتی:«ئه‌وه تۆ ئاگات له‌خۆته ده‌ڵێی چی؟ ده‌زانم له کار ماندوویت، به‌ڵام هیچ پێویست ناکات خۆت به‌سه‌ر مندا به‌تاڵ بکه‌یته‌وه.»
پاش ساتێک بێده‌نگی، ڕووه‌و ساردکه‌ره‌وه‌که چووم:
«بمبووره گیانه‌که‌م. خۆشم نازانم بۆ وا تووڕه بووم!»
گوێم له هه‌نسکه‌کانی بوو. ئه‌وه‌نده‌ی تر هۆش له سه‌رمدا نه‌ما. هه‌رگیز نه‌ده‌بوو گومانی وای لێ بکه‌م. ئه‌و له‌به‌ر خاتری من ناز و نیعمه‌تی ماڵی باوکی جێ هێشت، ته‌نانه‌ت به‌رانبه‌ر باوکی وه‌ستایه‌وه و گوتی: «یان هه‌نگاو یان مردن.» ئه‌ویش پێی گوت:«ئێ ڕۆڵه گیان، ئه‌و شووکردنهت مردنێکه بۆخۆی.»
«ئازیزه‌که‌م تکا ده‌که‌م بمبووره! باوه‌ڕ بکه بێمه‌به‌ست بوو.»
«ڕاست ده‌که‌یت، بێمه‌به‌ست بوو. ڕاست ده‌که‌یت، خۆ هیچ نەما نه‌یڵێی. ئه‌وه پاداشته‌که‌م بوو؟ زۆر سوپاس.»
نوزه‌ی لێ بڕا وبوورایهوه.
بە پەلە به‌ره‌و نه‌خۆشخانه‌ی شارم برد. له‌وێ داڵغه‌م ڕۆیشتبوو: «ئاخر ئه‌و داینابوو پێم بڵێت: دووگیانم، به‌ڵام من هه‌موو شتێکم تێکدا. به‌ڵێن بێت به‌س ئه‌مجاره چاک ببێته‌وه شه‌و و ڕۆژ کار ده‌که‌م. ده‌بم به باشترین مێرد بۆی و باشترین باوکیش بۆ منداڵه‌که‌م.»
دوای ئه‌وه‌ی پزیشکه‌کان پشکنینیان بۆ کرد، به‌پێکه‌نینه‌وه به‌ره‌و ڕوویان چووم: «زۆر سوپاستان ده‌که‌م، كه به هاوسه‌ره‌که‌مه‌وه ماندووبوون. گرنگ نییه كۆرپەكە کچه یان کوڕ. تەندروستیی خۆی گرینگە.»
پزیشكەكان ته‌ماشایه‌کی ههرووکمانیان کرد. هاوژین ڕوو له بنمیچه‌که ئه‌ژنۆکانی خستبوونه باوه‌شیه‌وه.
«به‌داخه‌وه خاتوو هاوژین. ده‌بێت چاره‌سه‌ره‌که‌ت بۆ ده‌رزیی کیمیایی بگۆڕین. ئه‌و چاره‌سه‌رانه‌ی پێشووترت ئیتر کاریگه‌رییان نابێت و نه‌خۆشییه‌که‌ت ته‌شه‌نه‌ی سه‌ندووه.»
«هاوژین ئەوە چی دەبیستم؟ ئه‌وانه چ ده‌ڵێن؟»
باوه‌ڕم به گوێچکه‌کانم نه‌ده‌کرد. قوڕگم پڕ بوو. دنیا له‌به‌رچاوم تاریک داهات و ده‌سته‌کانم ڕه‌ق بوون. وه‌ک ئه‌وه‌ی له سه‌ربانێکی به‌رزه‌وه فڕێیان دابێتمه خواره‌وه. به خه‌مگینییه‌وه ته‌ماشایه‌کی کردم و توندتر ئه‌ژنۆکانی گرتن. پزیشکه‌که له قسه‌کانی به‌رده‌وام بوو:«به‌داخه‌وه به‌هۆی پیسبوونی ژینگه، گۆڕانی که‌شوهه‌وا و خواردنی ماوه‌به‌سه‌رچووه‌وه ڕێژه‌یه‌کی زۆر له ژنان تووشی ئه‌و نه‌خۆشییه کوشنده‌یه بوون. ئه‌وه‌ی له‌ده‌ست ئێمه هات کردمان.»
ڕووم کرده هاوژین: «هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه بوو، که لێت شاردبوومه‌وه؟ ئاخر شتێکی وا که‌ی هیی شاردنه‌وه‌یه؟ بۆچی زووتر هیچت باس نه‌کرد؟ ها؟»
«سه‌ره‌تا وامزانی هه‌ر نه‌خۆشییه‌کی ئاسایییه و زوو تێ ده‌په‌ڕێت. گریمان زانییشت، چیت پێ ده‌کرا؟» پاش تاوێک بێده‌نگی بە هه‌ناسه‌یه‌کی درێژەوە وای گوت.
«هه‌موو شتێکم پێ ده‌کرا. بۆ تۆ نازانیت چه‌نده له ژیانمدا گرینگیت؟ تۆ هه‌موو شتێکی منی، ئازیزه‌که‌م خانووه‌که‌مان ده‌فرۆشم و بۆ چارەسەری ده‌چینه ده‌ره‌وه‌ی وڵات.»
ده‌سته‌کانی گوشیم و به قورگێکی خڕبووه‌وه، گوتی: «نامه‌وێت بستێک له‌و ماڵ و ژینگه‌یه داببڕێم. ده‌مه‌وێت دواڕۆژه‌کانی تهمهنمیان تێدا به‌سه‌ر ببەم. تازه ئیتر هه‌ڵمژینی هه‌وایه‌کی پاکتر هیچ له چاره‌نووسم ناگۆڕێت.»
کات خه‌ریكه خۆیله به‌ره‌به‌یان نێزیك ده‌كاته‌وه.هێشتا چاوه‌کانی کراونه‌ته‌وه و سه‌ریشی ناوه‌ته سه‌ر سینه‌م. له‌گه‌ڵ ده‌ستبردنم بۆ سه‌ره ڕووتاوه‌که‌ی، که له سێوێکی پاککراو ده‌کات، هه‌نسکی گریان له قوڕگمدا گیر بووه. به زۆر به‌رم به تکانی گرتووه: «ئاخر فرمێسکه‌کانم هیچ له ژانه‌کانی که‌م ناکه‌نه‌وه وا به جه‌سته‌یدا ژه‌هرئاسا بڵاو بوونه‌ته‌وه، ئای چه‌ند بیری قژه ئاڵتوونییه‌که‌ی ده‌که‌م، كه په‌خشان بووبوونه سه‌ر مه‌مکه‌کانی! خودایه ژنێکی بێمهمک چ وێنه‌یه‌کی تراژیدی ده‌نوێنـێ!»
نازانم ئه‌و شه‌وه چۆن خه‌وم لێ که‌وت. له ده‌نگی گۆرانیگوتنی خه‌به‌رم ده‌بێته‌وه، به‌ره‌و ده‌نگه‌که ده‌چم خۆیەتی. وڕێنە ناكەم، كه ئه‌وه. چاوم ئه‌بڵه‌ق دهبێكاتێ ده‌بینم سه‌ر سفره‌که‌ی به‌و جۆره خواردنانه ڕازاندووه‌ته‌وه، که پێشتر مه‌یلی خواردنیانی نه‌مابوو.
سه‌ری به‌رز ده‌کاته‌وه. به نازێکه‌وه قژه زه‌رده‌که‌ی لا ده‌بات و ئاوڕ ده‌داته‌وه: «ئه‌وه هه‌ستاویت ئه‌زیزم؟» به‌ده‌م ته‌ماشایه‌کی تره‌وه: «ئه‌وە هێشتا له‌وێ وه‌ستاویت؟ ده زوو بکه، وه‌ره با نانه‌که‌مان بخۆین!»
له به‌رانبه‌ری داده‌نیشم، هه‌ر وه‌ک جاران به تاموچێژه‌وه خواردنه‌کان ده‌خوات. جارجاره پاروویەکیش ده‌کات به ده‌می مندا. بهرچایییهکهی ته‌واو ده‌کات و ناکات، خێرا به‌ره‌و ژووره‌وه پێ هه‌ڵدێنێت. دوای ده‌که‌وم. په‌رده‌ی په‌نجه‌ره لا ده‌دات و هه‌وایه‌ک هه‌ڵده‌مژێت. به‌ده‌م ئاوڕێکهوه، قووڵتر هه‌ناسه ده‌دات:«وای، ههنگۆی من. هه‌مدیس بارانه!»
له په‌نجه‌ره‌که دوور ده‌که‌وێته‌وه. ده‌رگەی که‌نتۆره‌که ده‌خاته سه‌ر پشت. به هه‌ڵپه‌وه بهرگهکانیو ستیانهکانی به چواردهوریخۆیدا په‌رت ده‌کات. به‌دیار ته‌ماشاکردنیانه‌وه تاوێک هه‌ست له‌خۆی ده‌بڕێت و لێوه‌کانی ده‌کرۆژێت. ده‌ست ده‌بات بۆ عه‌زییه به زه‌نگیانه نه‌خشێنراوه ههڵواسراوهکهیدا، که به‌ر له هاوسه‌رگیریمان چه‌ند جارێک پۆشیبووی.
«خۆشه‌ویسته‌که‌م ده‌توانیت دوو پرته‌قاڵم له ساردکه‌ره‌وه‌که بۆ بهێنیت؟» پرته‌قاڵه‌کان توند ده‌گرمه ده‌ستم و بۆنیان ده‌که‌م. ئینجا دەیاندەمێ. لێی ورد ده‌بمه‌وه. خێرا سەیرم دەكاتەوە: «تۆیش بڕۆ خۆت بگۆڕه، دره‌نگه.»
لێوه‌كانم دهجووڵێنمهوه: «ئه‌ها هێشتا بارانه! حه‌زت به هه‌ر شوێنێک بوو، ئه‌وا تاکسییه‌ک ده‌گرین و ده‌چین.»
«ته‌نیا چه‌ترێک به‌سه. با له‌ژێر بارانه‌که‌دا پیاسه بکه‌ین.»
ده‌ست له‌نێو ده‌ست، له‌ژێر چه‌ترێکدا بەنێو کۆڵانه ته‌ڕ و چۆڵه‌کاندا شۆڕ ده‌بینه‌وه. هێنده نابات، باخچه بچووکه‌که‌ی سه‌ر سووچی ئه‌وبه‌ر دێته پێش چاوم: «به‌ڕاستی سوپرایزێکی جوانه هاوژینم…»
قایمتر بۆ نێو باخچه‌که پێ هه‌ڵدێنین و له‌سه‌ر کورسییه‌ک داده‌نیشین. نه‌رم نه‌رم ده‌په‌یڤێت: «ئه‌و شوێنه‌ت له یاده؟» وه‌ک یه‌که‌م ژوان چه‌تره‌که فڕێ ده‌ده‌م و هه‌موو گیانمان ته‌ڕ ده‌بێت: «هاوژینه‌که‌م، ناکرێت باخچه خنجیلانه‌که‌ی خۆمانم له یاد بچێت، که زۆر تایبه‌ته بۆم!»
سه‌ر ده‌نێته سه‌ر شانم و چاو له باخچه‌که ده‌بڕێت: «لە بیرته جاران به دزییه‌وه ده‌هاتینه ئێره؟ بۆ یەکەم جار ماچت کردم و له شه‌رمدا سوور بوومه‌وه. حه‌زم کرد ئه‌مڕۆمان له‌وسا بچێت.»
ده‌سته‌کانی توندتر ده‌گوشم و ده‌یگرمه باوه‌ش. ماچی ده‌که‌م و چاوه‌کانی داده‌خات.
«ئازیزه‌که‌م تا هه‌نووکه‌یش هه‌موو شتێکم له یاده.»
«خۆشمده‌وێی هه‌نگاوه‌که‌م، سوپاس بۆ هه‌بوونت. ساڵانێک بێ ماندووبوون به هه‌موو شێوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵمدا به‌رده‌وام بوویت و بهرگهمت گرت.» تۆنی ده‌نگی ده‌گۆرێت: «ئاهـ،، به‌ڵام ئیتر له توانامدا نه‌ما و به‌رگه ناگرم، وه‌ک ژنێکی ناشیرین و ده‌رده‌دار له‌گه‌ڵتدا بم. هه‌نگه گیان، تازه گوڵه‌کان ده‌خنکێن و هیچمان پێ ناکرێت.»
له باوه‌شمدا شل ده‌بێت و چاوه‌کانی داده‌خات. به‌لادا ده‌که‌وێت و بارۆکه‌که‌ی بهردهبێـتهوه. پرته‌قاڵه‌کانی سه‌ر سینه‌ی غلۆر ده‌بنه‌وه. فرمێسکه‌کانم له‌گه‌ڵ دوادڵۆپی فرمێسکی تێکه‌ڵ ده‌بن و ده‌ڕژێن. ههورهگرمێن به‌و سپێده ڕووناکه ته‌واوی باخچه‌که تاریک دادێنێت.
٢٠٢١/٢٠٢٢