داهێنەری ڕیالیزمی سیحری

لە ئینگلیزییەوە: ئالان عه‌توف

تا ئێستاش نهێنییه‌ بۆچی ڕۆمانە مه‌زنه‌كه‌ی میگێل ئانخێل ئه‌ستوریاس به‌ ناوی (جه‌نابی سه‌رۆك) له‌ جیهانی ئینگلیزی‌زماندا كه‌متر ناسراوه‌ به‌ به‌راورد به‌و ڕۆمانە زۆرانه‌ی كه ئه‌م به‌رهه‌مه‌ی ئه‌ستوریاس ئیلهامبه‌خشیان بووه‌.

هێشتا گابرێل گارسیا مارکیز و ماریۆ ڤارگاس یۆسا نه‌هاتبوونه‌ دنیاوه‌ کاتێک میگێل ئانخێل ئه‌ستوریاسی گواتیمالایی لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٢٢ـدا دەستی بە نووسینی یەکەم ڕۆمانی خۆی کرد بە ناوی

(جه‌نابی سه‌رۆك – El Señor Presidente).‌ کاتێک لە تاراوگه‌ی خۆسەپێندا لە پاریس دەژیا، بۆ ماوەی دە ساڵێك ئیشی لەسەر ڕۆمانەکەی کرد، پاشان گەڕایەوە زێدی خۆی له‌و كاته‌دا كه‌ داڕمانی ئابووریی ساڵانی ١٩٣٠ـیەکان له‌ ڕووی دارایییه‌وه‌ ته‌نگی پێ هه‌ڵچنی، به‌ڵام بۆی دەرکەوت کە کارەکانی له‌ زێدی خۆی ئه‌گه‌ری بڵاوبوونه‌وه‌یان نییه‌، چونکە ئەو دیکتاتۆرەی کە له‌ ڕۆمانه‌كه‌یدا فه‌رمانڕاوه‌یییه‌كه‌ی وێنا دەکات، جێگەی خۆی بە یه‌كێكی دڕندەتر و ستەمکارتر پڕ كردووه‌ته‌وه‌. کاتێک دواجار خۆی لە ساڵی ١٩٤٦ـدا ڕۆمانەکەی لە مەکسیک به‌ چاپ گه‌یاند، پڕی بوو لە هەڵەی تایپ و تا ساڵی ١٩٥٢ چاپێکی ته‌واوه‌تیی نه‌هاته‌ ئاراوه‌.

بۆیه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ڕۆمانی (جه‌نابی سه‌رۆك) خاوه‌ن به‌ختێكی باش نه‌بوو. به‌ڵام به‌ یه‌كێك له‌ هه‌ره‌ گرنگترین و كاریگه‌رترین بەرهەمەکانی ئەدەبیاتی مۆدێرن لە ئەمریکای لاتین ڕیزبەند دەکرێت، وه‌ك جۆرێك له‌ ده‌قی یه‌كه‌مینه‌ ‌بۆ ئه‌و نه‌وه‌یه‌ له‌ ڕۆماننووسی به‌ناوبانگ كه‌ له‌ دوای ئه‌ستوریاس ده‌ركه‌وتن و له‌ ساڵانی ١٩٦٠‌ـەكان و ١٩٧٠ـاكاندا وه‌ك ئه‌ندامانی بزووتنه‌وه‌ی (El Boom) ناوبانگیان به ‌ده‌ست هێنا كه‌ ئه‌وانیش بریتی بوون له‌: گارسیا ماركیز، ڤارگاس یۆسا، كارلۆس فوێنتێس، خۆسێ دۆنۆسۆ، گویێرمۆ كابرێرا ئینفانتێ، خولێۆ كۆرتازار، ئاگۆستۆ ڕۆوا باستۆس و چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌.  

تەنانەت خوێندنەوەیه‌كی وردی وەرگێڕانی نوێی ڕۆمانه‌كه‌ی ئەستوریاس كه‌ لەلایەن (دەیڤید ئونگەر)ەوە كراوه‌، ئەوە دەسەلمێنێت کە له‌به‌ر چییه‌ کاریگەرییەکی گەورەی داناوه‌. لەناو لاپەڕەکانیدا مرۆڤ دەتوانێت بە ئاسانی سەرچاوەی دوو دیاردە دەستنیشان بکات کە به ‌هۆیانه‌وه‌ باقیی جیهان په‌یوه‌ست بووه‌ بە ئەدەبیاتی سەدەی بیستەمی ئەمریکای لاتینەوە. یه‌كه‌م: ئەو ژانرەی كه‌ بە ڕۆمانی دیکتاتۆر ناسراوە و دووه‌م: ئه‌و شێوازە‌ش كه‌ پێی دەوترێت ڕیالیزمی سیحری. جیراڵد مارتن، كه لە دونیای ئینگلیزی‌زماندا‌ توێژه‌ری پێشەنگه‌ سه‌باره‌ت بە ئەستوریاس و به‌رهه‌مه‌كانی، لە پێشەکییەکەیدا بۆ (جه‌نابی سەرۆک) تا ئەو شوێنە دەڕوات کە بە “لاپەڕەی یەکەمی بزووتنه‌وه‌ی El Boom” ناوی دەبات و بانگەشەی ئەوە دەکات کە “ئەوە گابرێل گارسیا مارکیز نەبووە کە ڕیالیزمی سیحری داهێناوه‌؛ به‌ڵكوو ئەوە میگێل ئانخێل ئه‌ستوریاس بووه‌”. ڕەنگە ئەمە بۆ ئەوانەی بە ئه‌ستوریاس ئاشنا نین شتێکی نامۆ بێت، بەڵام ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ لە ئەمریکای لاتین زۆر کەم مشتومڕ ده‌ورووژێنێت.

ڕۆمانی (جەنابی سەرۆک) لە وڵاتێکی بێناودا ڕوو دەدات کە لەلایەن دیکتاتۆرێکی بێناوەوە ستەمی له‌ دژ به‌رپا كراوه‌، بەڵام هەم شوێنه‌كه‌ و هەم کاتیش بەبێ كێشه‌ ده‌ناسرێنه‌وه‌‌: ئه‌وه‌ی لە دەقەکەدا حه‌شار دراوه‌ چه‌ند ئاماژەیه‌كی زووتێپەڕه‌ بە (کوێتزاڵ)، باڵندەی نیشتمانی گواتیمالا و به (ڤێردۆن)‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ شه‌ڕه‌كانی جەنگی جیهانیی یەکەم.

ناسنامەی “سەرۆکی دەستووری کۆمار، خێرخوازی وڵاتەکەمان، سەرۆکی پارتی لیبڕاڵی گەورە، پارێزەره‌ دڵ‌لیبڕاڵه‌كه‌ی گەنجە زاناکانمان” بە هەمان شێوە بە ئاسانی ده‌مانگه‌یه‌ننه‌ ده‌ره‌نجامێك كه‌ ئەم کەسایەتییە به‌رمه‌بنای‌ مانوێل ئیسترادا کابرێرا داڕێژراوه‌‌ کە هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر گواتیمالادا  لە ساڵی ١٨٩٨ تا ١٩٢٠ لە ڕێگەی تۆقاندن و تیرۆر و گەندەڵی و هەڵبژاردنی ساخته‌وه‌ سه‌پاند.

لە توێكاریكردنێكدا بۆ دیکتاتۆر و دەسەڵاتە سته‌مكاره‌كه‌ی، ئه‌ستوریاس کە ساڵێک دوای هاتنه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی كابرێرای دیكتاتۆر لە دایک بووە، لە پێگەیەکی ئیمتیازدارەوە ئه‌م ڕۆمانه‌ی نووسیوه‌. دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٢٠ـدا له‌سه‌ر كورسیی ده‌سه‌ڵات لا ده‌برێت ئه‌ویش دوای دەنگدانێک له‌لایه‌ن کۆنگرێسی وڵاته‌وه‌ کە بە ناكامڵی عه‌قڵیی داده‌نێن، ئیسترادا کابرێرا دەستگیر ده‌كرێت و دادگایی ده‌كر‌ێت و سزای زیندانی هەتاهەتاییی بەسەردا ده‌سه‌پێنرێت كه‌ هه‌ر لەوێ لە ساڵی ١٩٢٤ـدا کۆچی دوایی ده‌كات. ئه‌ستوریاس بەشداریی لەو ڕاپەڕینه‌ جەماوەرییه‌دا ده‌كات کە ده‌بێته‌ هۆی ڕووخانی كابرێرا و بۆ ماوەیەکی کورت زیندانی ده‌كرێت؛ پاشان وەک خوێندکارێكی یاسا ده‌بێته‌ سکرتێری ئەو دادگایەی کە ئیسترادا کابرێرا مه‌حكه‌مه‌ ده‌كات. لەو پێگەیەدا، ئه‌ستوریاس بۆ یەکەم جار ئەو چیرۆکە ترسناکانەی نادادپەروەری و ئەشکەنجەدان و کوشتنی تۆمار ده‌كرد کە زۆری نەخایاند بۆ ڕۆمانەکەی سوودی لێ وەرگرتن. مارتن دەڵێت‌ ئه‌ستوریاس خۆی شایه‌تیی كابرێرای دیکتاتۆریشی وه‌رگرتووه‌ كاتێك له‌ ژووری به‌ندیخانه‌ ماوه‌ی زیندانییه‌کەی به‌سه‌ر بردووه‌‌.

تەنانەت لەو چاوپێکەوتنانه‌دا كه‌ نزیک لە کۆتاییی ژیانیدا ئه‌نجامی داون، ئه‌ستوریاس ستایشی ئیسترادا کابرێرای دیكتاتۆر دەکات كه‌ كارای یاریده‌ده‌ر بووه‌ بۆ دۆزینەوەی پیشەکەی وەک نووسەرێك. لە چاوپێكه‌وتنێكی ساڵی ١٩٧٠ـدا ده‌ڵێت: “کاتژمێر ١٠:٢٥ـی شەوی ٢٥ـی کانوونی دووەمی ١٩١٧، بوومەلەرزەیەک شارەکەمی وێران کرد. بیرمە شتێکی وەک هەورێکی یه‌كجار گه‌وره‌م بینی کە مانگی داپۆشیبوو. لە ژێرزەمینێکدا بووم، کونێک بوو لە زەویدا یان ئەشکەوتێك بوو، یان شتێکی لەو جۆرە. هەر لەوێ و دواتر یەکەم شیعرم نووسی، گۆرانییەکی ماڵئاوایی لە گواتیمالا.”

دواتر، کاتێک پیتاكی فریاگوزاریی کارەسات لە وڵاتانی دەرەوەوه‌ ده‌گات‌ و بەڵام ڕاستەوخۆ ده‌چێته‌ گیرفانی ئیسترادا کابرێرا و كه‌سه‌ نزیكه‌كانیه‌وه‌، “ئیدی بەڕاستی توڕە بووم لەو دۆخه‌ی كه‌ داروپه‌ردووی‌ شاره‌كه‌ی تێدا پاك ده‌كرایه‌وه‌ و له‌و نادادپەروەرییە کۆمەڵایەتییەی کە له‌و کاتەدا بە ڕاستی سه‌ری هه‌ڵدا.” لە کۆتاییدا ئەو ڕووداوە نووسەری ئاواته‌خوازی هان دا بۆ هەوڵدان بۆ نووسینی پارچەیەکی خەیاڵی، کە سەرەتا ناوی نا “سواڵکەرانی سیاسی”.

ئەو دەیەیه‌ی ئەستوریاس لە فەرەنسا بەسەری برد، كه‌ دوای وەستانێکی کورت و ناڕه‌زامه‌ند بوو بۆ خوێندنی ئابووری لە لەندەن، سروشتی ئەو کتێبەی کە دەستی کردبوو به‌ نووسینی بە شێوەیەکی ڕیشەیی گۆڕی. تێزه‌كه‌ی له‌ كۆلێژی یاسا بۆ “کێشەی کۆمەڵایەتی هیندییە [ڕه‌سه‌نه‌كان]” تەرخان کرد، بەڵام دەستی کرد بە خوێندنی ئێتنۆلۆژی لە زانكۆی سۆربۆن لەژێر دەستی (جۆرج ڕینۆد)ی توێژه‌ردا کە هانی دا سه‌رنجی بخاته‌ سه‌ر کولتوور و ئەفسانەی (مایا)؛ کاتێک بەرهەمی ئەو هەوڵە ئەکادیمییە، كه‌ بریتی بوو له‌ دووباره‌نووسینه‌وه‌ی گێڕانەوە فۆلکلۆرییه‌كانی پێش (كریستۆفه‌ر كۆڵۆمبس) بە ناوی (ئەفسانەكانی گواتیمالا)، لە ساڵی ١٩٣١ بە زمانی فەرەنسی بڵاو کرایەوە و بە پێشەکییەکی درەوشاوەی (پۆڵ ڤالێری)یه‌وه هاته‌ ئاراوه‌‌.

لە پاریس، ئەستوریاس لەگەڵ خه‌ڵكه‌ ئەدەبییە ئاڤانگاردەکاندا هه‌ڵسوكه‌وتی ده‌كرد له‌وانه‌ش شاعیرەکانی وه‌ك ئەندرێ بریتۆن، تریستان تزارا، سیزار ڤایێخۆ، لوی ئاراگۆن و ڕۆبەرت دێنسۆس و خۆشی بوو بە سوریالیستێکی پابەند؛ هەروەها سه‌رنجی بەرەو پیکاسۆ رۆیشت، کە به‌ یادی دێتەوە کاتێك لە کافێیەکی مۆنپارناسدا كۆڕی گه‌رم ده‌كرد و ڕایدەگەیاند: “من جیهان دەشێوێنم، چونکە حەزم لێی نییە.” بۆیە لە بری ئەوەی ئەو جۆرە ڕۆمانە کۆمەڵایەتییە ڕیالیستییە بنووسێت کە ئەوکات لە ئەمریکای لاتین مۆدی بوو، ئه‌ستوریاس شتێکی زۆر گەورەتر و ئاڵۆزتر و ناتەقلیدیتری داهێنا.

پڵۆتی ڕۆمانی (جەنابی سەرۆک) بە شێوەیەکی فریودەر سادەیە، زۆربەی چالاکییەکان لە ماوەی یەک هەفتەدا ڕوو دەدەن. کاتێک سواڵکەرێکی نیوەشێت بە هەڵە لە توڕەییدا عەقیدێکی دڕندە دەکوژێت، سەرۆک بڕیار دەدات تاوانەکە بخاتە ئەستۆی ژەنەڕاڵێک و پارێزەرەکەی، کە دەستی کردووە بە گومانکردن لە دڵسۆزی سیاسییان. ئەمەش زنجیرەیەک پیلان و فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌ی‌ پێكه‌وه‌بەستراو دەخاتە گه‌ڕ کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی زیندانیکردن، ئەشکەنجەدان، مردن، کۆیله‌كردن و له‌ناوبردنی گشتیی کەسانی باڵای حکوومەت، کە ده‌ستیان كردووه‌ به‌ گومانكردن له‌وه‌ی کە خه‌ریكه‌ ڕوو دەدات و ئه‌و هاوڵاتییه‌ ئاسایییانه‌شی کە هیچ گومانێكیان نه‌كردووه‌‌. زیندانییەک بە گریانەوە دەڵێت: “ئێمە وڵاتێکی نەفرەتیین.” ئاماژە بەوەش ده‌كات كه‌ “سەدان پیاو بە فیشەک مێشکیان‌ پژاوه‌ به‌سه‌ر دیواری زیندانەکاندا. مەڕمەڕه‌كانی کۆشک بە خوێنی مرۆڤی بێتاوان خوساون. ته‌ماشای كوێ بكه‌ین بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئازادی؟”

ئەوەی وای کردووە ڕۆمانی (جەنابی سەرۆک) هێند شۆڕشگێڕانه‌ بێت ئه‌و شێوازه‌یه‌ كه تێیدا‌ ئه‌ستوریاس‌ چیرۆكێك پێشكه‌ش ده‌كات کە زۆرێک لە توخمەکانی میلۆدرامای کلاسیکی ئەمریکای لاتین لە خۆ دەگرێت؛ به‌ نموونه‌ خۆشەویستییەکی مەحکووم به‌ شكست له‌نێوان نزیکترین ڕاوێژکاری سەرۆک و کچە جوانەکەی ژه‌نه‌ڕاڵی گومانلێكراو‌دا، كه “دوو چاوی سه‌وزی یه‌شمئاسا‌ی پێوه‌ بوو كه‌‌ له‌ توانایاندا هه‌بوو كه‌شتییه‌كان نوقمی ده‌ریا بكه‌ن.”

بەڵام له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌ستوریاس چه‌ندباره‌ هه‌ڵده‌ستێت به‌ كاڵكردنه‌وه‌ یان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بەربەستی نێوان واقیع و فانتازیا، خەون و به‌ئاگاهاتنه‌وه‌، ڕەسەن و ساخته‌، ڕابردوو و ئێستا، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ خوێنەران ده‌سپێرێت به‌ تێگه‌یشتنه ‌سەرلێشێواوەکان و ترس و ئه‌ندێشه‌كانی گاله‌رییه‌كی به‌دبه‌ختان و خراپه‌كاران.

میگێل ئانخێل ئه‌ستوریاس(١٨٩٩-١٩٧٤) ڕۆماننووسی گواتیمالایی

باڵندەیەکی به‌ جریوه‌ له‌ دارسنەوبەرێکەوە له‌ كاتی یه‌كێك له زیاده‌ڕۆترین هه‌لوه‌سه‌كانی ‌سواڵكه‌رێكدا ده‌چڕێت: “نیوەی جەستەم درۆیە، نیوەکەی تریشی حه‌قیقه‌ت”. “من هەم گوڵم و هەم سێو. چاوێکی شووشەیی و چاوێکی ڕاستەقینە پێشکەش بە هەمووان دەکەم. ئەوانەی چاوی شووشەیی من دەبینن، دەیبینن لەبەر ئەوەی خەون دەبینن؛ ئەوانەی چاوی ڕاستەقینەی من دەبینن، ده‌یبینن چونکە بە ڕاستی دەتوانن ببینن. من ژیانم، گوڵەسێوی باڵندەی بەهەشتم. من درۆم لە هەموو ڕاستییەکدا، ڕاستیی هەموو چیرۆکە خەیاڵییەکانم.”

وەک ئەم په‌ره‌گرافه ئاماژەی پێ دەکات، ئەو تێڕوانینە مه‌زنه‌ی کە ئه‌ستوریاس لەو ماوه‌یه‌دا له‌ فەرەنسا پێی گەیشت و بۆ نووسینی (جەنابی سەرۆک) بە کاری هێنا، پێمان ده‌ڵێت كه‌‌ سوریالیزمی ئەوروپی و ئەفسانەكانی (مایا) لە دوو جیهانی جیاوازەوە سەریان هەڵنەداوە، بەڵکوو وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێ دا، هەردووکیان لەلایەن ناخودئاگا (نه‌ست)ەوە دروست کراون و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ ده‌كرێت له‌ یه‌ك یه‌كه‌دا بتوێنرێنه‌وه‌ و “تێکەڵه‌یه‌ك دروست بكه‌ن، وه‌ ئەمە ئەو بەشە سیحرییه‌یه‌، کە لە چیرۆکەکانمدا به ‌كارم هێناوه‌ و سوودم لێ وەرگرتووە.” لە کۆمەڵەچاوپێکەوتنێکدا کە دوای مردنی بڵاو کرایەوە، ئەو تێڕوانینەی فراوانتر کردووە: “كاتێك [میلله‌ته‌] ڕەسەنەکان باس له‌ ناڕاستەقینە ده‌كه‌ن، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ ورده‌كاریی خه‌ونه‌كانیان و هه‌لوه‌سه‌كانیان هه‌مووی یه‌كانگیر ده‌بن تاكو خه‌ون و ڕوئیاكه‌یان وا لێ ده‌كه‌ن كه‌ واقعیتر بێت له‌ واقع خۆی. ئه‌مه‌ش وه‌ك بڵێی كه‌ ناتوانیت باس له‌ “واقعی سیحری” بكه‌یت به‌بێ بیركردنه‌وه له‌ عه‌قڵیه‌تی به‌راییی هیندیی ڕەسەن، له‌ شێوازی هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ ده‌ركه‌وته‌كانی سروشت و له‌ بیروباوه‌ڕه‌ قووڵه‌كانی باووباپیرانی.”‌   

ئه‌ستوریاس لە بنەڕەتدا ده‌یویست ڕۆمانەکەی ناو بنێت (تۆهیل – Tohil) کە ناوی خوداوەندێکی بەهێز و بیانووگر و تۆڵەسێنی (مایا)یه‌. لە (پۆپۆل ڤوهـ) (Popol Vuh)ـدا، کە گێڕانەوەی پیرۆزی خه‌لیقه‌ته ‌لای‌ گەلی (كیش – K’iche’)، تۆهیل ئاگرهێنه‌ کە لە بەرامبەر پێشکەشکردنی گەرمی و ڕزقدا، پێداگری لەسەر به‌ده‌ستهێنانی دڵسۆزیی ڕەها لە شوێنکەوتووانی سوپاسگوزاری خۆی دەکات. پێیان دەڵێت: “لە ڕاستیدا من خودای ئێوه‌م؛ هەر واش دەبێت.” “من ئاغای ئێوه‌م؛ هەر واش دەبێت”.  بۆ ئارامکردنەوەی ئیگۆ پڕ ئیرەیییه‌کەی، داوای قوربانیدانی مرۆڤیش دەکات و کاتێکیش ناڕازی دەبێت، شەڕ ده‌ورووژێنێت. بە کورتی تۆهیل هەم وەبیرهێنانەوەی ئیسترادا کابرێرای دیكتاتۆره‌ و هەم مێتافۆڕێکە بۆ هەموو ئەو دیکتاتۆرە میزاجییانه‌ی کە گواتیمالا و باقیی ئەمریکای لاتینیان ته‌نیوه‌ته‌وه‌‌ له‌و كاته‌وه‌ی له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مه‌وه‌ سه‌ربه‌خۆیییان به ‌ده‌ست هێناوه‌.

له‌ یه‌كێك له‌ دوابه‌شه‌كانی ڕۆمانی (جه‌نابی سه‌رۆك)دا به‌ ناوونیشانی “سەمای تۆهیل”، شاعیرێكی ماستاوچی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ به‌ ئاراسته‌یه‌كی مۆدێرنتردا ده‌بات كاتێك له‌ شه‌وێكی ئاهه‌نگئامێزدا له‌ باڕێك به‌ ئاماده‌بوونی هه‌موو كاسه‌لێسان و به‌رده‌سته‌كانی سه‌رۆك، ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌م سه‌رۆكده‌وڵه‌ته‌‌ی كه‌ هاوشێوه‌ی (تۆهیل)ـە، له‌ ڕاستیدا “ئه‌و نموونه‌یه‌یه‌ كه‌ نیتشه‌ باسی ده‌كات، سوپه‌رمان” كه‌ “شكڵ به‌ جۆرێكی نوێ له‌ حكوومه‌ت ده‌به‌خشێت: سوپه‌ر دیموكراسی.” له‌ “گۆرانییه‌كی”‌ پێكه‌نیناویی بێمانادا له‌سه‌ر “سی مه‌یجه‌ر بۆ سوپه‌ر-دوپه‌رمان [ئاماژه‌یه‌ بۆ ماستاوكردن بۆ سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت]”‌،‌ كه‌ دوابه‌شی‌ درێژكراوه‌ی وتارێكه‌ و ئونگه‌ر له‌ وه‌رگێڕانه‌كه‌یدا یه‌كجار كورتی كردووه‌ته‌وه‌، شاعیره‌كه‌ ده‌ڵێت “نیتشە هه‌ر به ‌ڕاستی هه‌ستی به‌وه‌ كردبوو كه‌ یه‌كه‌م سوپه‌رمانێك كه‌ تا ئێستا بوونی هه‌بووبێت له‌ هه‌ناوی ئه‌مریكاوه‌ له‌ باوكه‌گه‌ردوون و دایكه‌سروشته‌وه‌ له‌ دایك ده‌بێت.”

چه‌ن فۆڕمێكی جیاوزی ئه‌م قاڵبه‌ له‌ نووسین، كه‌ له‌ گه‌ڵ بارودۆخه‌ ناوخۆیییه‌كاندا گونجێنراوه‌، به‌ نزیكه‌یی له‌ هه‌موو ئه‌و ڕۆمانانه‌ی ئه‌مریكای لاتیندا دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر دیكتاتۆره‌كان نووسراون، به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌ دوای ڕۆمانی (جه‌نابی سه‌رۆك)ه‌وه‌ نووسراون و زۆر به‌ دیاریكراوییش ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا بڵاو كراونه‌ته‌وه كه‌ بزووتنه‌وه‌ی (El Boom) له‌ لووتكه‌دا بووه‌، له‌وانه‌ش ڕۆمانه‌كانی وه‌ك: (هۆکارەکانی دەوڵەت – ئەلیخۆ کارپێنتێر – ١٩٧٤)، (باڵا – ڕۆوا باستۆس- ١٩٧٤)، (پاییزی پاتریارک -١٩٧٥ و ژەنەڕاڵ لە لوولپێچی خۆیدا – ١٩٨٩ – گارسیا مارکیز)، (کلکی کۆترەکە – لویزا ڤالێنزوێلا – ١٩٨٣) و (جەژنی بزن – ڤارگاس یۆسا – ٢٠٠٠) و چەندانی دیکە. تەنانەت درەنگ داخلبوونی نووسەرێکی زۆر گەنجتری دوای بزووتنه‌وه‌ی (El Boom) كه‌ ئه‌ویش ڕۆبێرتۆ بۆلانۆی خاوه‌نی (ئەستێرەی دووری)یە لە ١٩٩٦، نكوڵی لە کاریگەریی ئەستوریاس ناکات و بە “نووسەرێکی زەبەلاحی وڵاتێکی بچووک و به‌دبه‌خت” ده‌یشوبهێنێت.

سه‌رباری دره‌وشاوه‌یی و كاریگه‌رییه‌كه‌ی، هێشتا پرسیاره‌ کە بۆچی ڕۆمانی (جه‌نابی سه‌رۆك) له‌ دونیای ئینگلیزی‌زماندا كه‌متر ناسراوه‌ له‌چاو ئه‌و هه‌موو ڕۆمانه‌ی كه‌ ئیلهمابه‌خشیان بووه‌. ڕەنگە هۆکارێک ئەوە بێت کە زیاتر لە پانزە ساڵ تێپەڕیوە لەنێوان بڵاوبوونەوەی بە زمانی ئیسپانی و دەرکەوتنی بە زمانی ئینگلیزی لە ساڵی ١٩٦٣ـدا بە هەمان ناونیشان کە بە زمانی ئیسپانی پێی بڵاو بووه‌وه‌. هەروەها ئونگەر ئاماژە بە کەموکوڕییەکانی ئەو وەرگێڕانەی یەکەم دەکات كه‌ لەلایەن نووسەری ئینگلیزی فرانسیز مارشال پاتریجەوە ئه‌نجام دراوه‌: “هەرچەندە [وه‌رگێڕانه‌كه‌ی] گۆرانیئامێز بوو بەڵام تا ڕادەیەک زمانێكی كۆنی به ‌كار هێنابوو، پڕی بوو له‌ ‌ئینگلیزاندنی ده‌ربڕینه‌كان و وەرگێڕانی هەڵە و ناوبەناو لابردنی پەرەگراف و زیاده‌ڕه‌ویكردن‌ لە دانانی پێكهاته‌ی ڕستەییی یه‌كجار لاتینی کە ڕەنگە خوێنەر وا لێ بكات سه‌ری خۆی بۆ بخورێنێ.”

وه‌ك به‌رگرییه‌ك له‌ پاتریج، پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ بكرێت كه‌‌ چه‌نێك حه‌ماسه‌تی بۆ ئه‌و ڕۆمانه هه‌بووه‌‌ هێنده‌ش په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكای لاتین لاواز بوون. ئه‌و زیاتر وه‌ك به‌شێك له‌ گرووپی بلومسبێری ناسراوه‌ (دوای ئه‌وه‌ی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ راڵف پاتریج ده‌كات پاش ئه‌وه‌ی دۆرا كارینگتن په‌یوه‌ندیه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ [راڵف] و لیتۆن ستراچی [نووسه‌ریش] تێك ده‌چێت) و زیاتر بەهۆی یاداشتنامه‌كانی و بیره‌وه‌رییه‌كانی ژیانی [نووسه‌رانی] ئه‌و بازنه‌یه‌ ده‌ناسرێته‌وه. وه‌ك وه‌رگێڕێك زیاتر سه‌رنجی له‌سه‌ر نووسه‌رانی به‌ناوبانگی ئیسپانیا بوو، وه‌ك ڕۆماننووسان: ڤیسێنتی بلاسکۆ ئیبانێز و مێرسیدس بالێستیرۆس و فەیلەسووف خۆسێ لویس لۆپێز-ئارانگورێن. بۆیه‌ به‌ دڵنایی كه‌سێكی داهێنه‌ری وه‌ك ئه‌ستوریاسی له‌ خه‌یاڵدا بووه‌. هه‌رچییه‌ك بووبێت كه‌ خه‌یاڵی له‌و كاته‌دا داگیر كردبێت، به‌ نموونه‌، بۆ وه‌رگێڕانی (پێلێلێ) –كه‌ نازناوی سواڵكه‌رێكی شێته‌-‌ بۆ (لێبووك) له‌كاتێكدا وشه‌ی (بێمێشك) بژارده‌یه‌كی زۆر گونجاوتر ده‌بوو.   

ئونگەر خۆی -کە ئەو کارەکتەرە بە “ده‌به‌نگ – the Dimwit” ناودەبات– كه‌ زۆر گونجاوتره‌ بۆ ئەو ئەرکە قوڕسەی کە ئەستوریاس و وشەسازییە تایبەتەکەی و گۆڕینی تۆنەکانی زۆر جار له‌ خۆی ده‌گرێت. هەرچەندە ئونگه‌ر بە زمانی ئینگلیزی دەنووسێت، بەڵام لە گواتیمالا لە دایک بووە و ڕۆمانەکانی خۆی کە بریتین لە (ژیان لە ناوچە گەرمە نەفرەتییەکاندا – ٢٠٠٢)، (نرخی هەڵهاتن – ٢٠١١) و  (ماستەرمایند – ٢٠١٦)، زۆر جار لەوێ له‌ گواتیمالا ڕوو دەدەن.  

هەروەها ئونگەر وەرگێڕی (پۆپۆل ڤوه) و لە (City College of New York) وانە دەڵێتەوە، لەوانه‌ش وانه‌ی وەرگێڕان. لە ساڵی ٢٠١٤ـدا خەڵاتی ئەدەبیی نیشتمانیی میگێل ئەنخێل ئەستوریاسی بە دەست هێنا كه‌ خەڵاتی سەرەکیی کولتووری ئه‌و وڵاته‌یه‌. خۆشی دەنووسێت: “وەک گواتیگرینگۆیەک كه‌ خۆبەخۆ ئه‌م ناوه‌م له‌ خۆم ناوه‌‌، ئیشه‌كه‌م وەک وەرگێڕ و نووسەری ئه‌ده‌بی، هەوڵێکی تەواوی ژیانم بووە بۆ گەڕانەوە بۆ ڕەگوڕیشەی خۆم، بۆ خاکی لەدایکبوونم.”

ئونگەر پێمان دەڵێت کە ئامانج له‌ وەرگێڕانی جەنابی سەرۆک:

“دامه‌زراندانی پەیوەندییەکی دروسته‌ لەنێوان وشە و ڕستە و پەرەگرافەکان له‌ناو زمانی عامیی ئەمریکیدا بۆ ئەوەی وێنە و مێتافۆڕ و وزەی گێڕانەوەی سەرسوڕهێنەری نووسەر ڕاستەوخۆ لەگەڵ خوێنەری تاکزماندا قسە بکات.”

blank
گابرێل گارسیا مارکیز (١٩٥٨-٢٠١٤) ڕۆماننووسی کۆڵمبیایی

بۆ نموونە، ئەستوریاس کە له‌و كاته‌دا ڕەنگە لە تاراوگه‌ نۆستالژیای هه‌بووبێت‌ بۆ ئاسوودەییی ژیانی ڕۆژانەی ناوچە گەرمە كه‌مه‌ره‌یییه‌كان، وەسفێکی تایبه‌تی و جوانی بۆ هەردوو دیمەنی گوندنشین و دەنگ و به‌رامه‌ی ژیانی شارەکان نووسیوە. ئونگەر ئەم ده‌ربڕینانه‌ بە شێوەیەکی شایستە بەرهەم دەهێنێتەوە، هه‌روەک لە سەرەتای چاپته‌رێكدا، پایتەخت كه بۆ ژیان له‌‌ دوای شەوێکی درێژ ئارامیی لێ بڕاوه‌، پیشان دەدات: “كازیوه‌ بوو‌، تیشكی تازه‌ی مانگی نیسانی ده‌دایه‌وه‌‌- میچ و کێڵگەکانی بە ڕووناکی ده‌نه‌خشاند و شەقامە تاریکەکانی ده‌هێنایەوە بەرچاو. هێستره‌كان کە ته‌نه‌كه‌شیری به‌ده‌نگوزه‌نگیان هەڵگرتبوو، وه‌خت بوو چوارناڵه‌ بۆی ده‌رچن بەهۆی هاوار و قامچیی خاوه‌نه‌كانیانه‌وه‌. تیشکی خۆر دەگەیشتە ئەو مانگایانەی کە لەناو دەرگای ماڵە دەوڵەمەندەکان و لە گۆشەی شەقامەکاندا کە هەژاران تێیدا دەژیان، ده‌دۆشران. کڕیاران –كه‌ هه‌ندێك زۆر پڕ وزه‌ و هه‌ندێكیشیان وه‌خت بوو له‌ هۆش خۆ بچن بە چاوه‌ خەواڵووه‌ شووشەیییەکانیانه‌وه‌- چاوەڕێی شیری مانگا دڵخوازەکانیان دەکرد. شووشەکانیان هونەرییانه‌ وه‌رده‌چه‌رخاند بۆ ئەوەی شیری زیاتر و کەفی كه‌متریان به‌ر بكه‌وێت. ئەو ژنانەی کە نانی گه‌رمیان لە سەبەتەدا هەڵگرتبوو، کەمەریان گوشراو و قاچەکانیان ڕەق هه‌ڵگه‌ڕابوو، سەریان لە سنگدا نوقم بوو، بە لاڕێدا تێدەپەڕین. پێی ڕووتیان لەژێر کێشی سەبەتەکانیاندا لەنێوان هەنگاوی جێگیر و خلیسکدا جێگۆڕكێیان ده‌كرد، وەک (باڵاخانه‌ی په‌رستگایه‌كی بوودایی)، سه‌به‌ته‌كان یەک لەسەر یەک هه‌ڵچنرابوون. به‌رامه‌ی كولیچه‌ی کونجیی شیرین به ‌دوایانه‌وه‌ بوو.”

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ڕۆمانەکە ئه‌و شێوازه‌یه‌ كه‌ ئه‌ستوریاس ئەم ده‌ربڕینه‌ گۆرانیئامێزانه‌ تێكه‌ڵ به‌ زنجیره‌كانی هه‌لوه‌سه‌ و خەونبینین ده‌كات کە هەندێکیان لە ئەفسانەی (مایا)وه‌ وه‌رگیراون. ئونگەر بە سەرکەوتوویی ئەو دوانەیەش دەگەیەنێت، هەروەها تۆنی تەنزئامێزی هێمنانەی چاپته‌رێكیش بە ناوی “ڕاپۆرتی سەرۆک”ه‌وه‌ کە پێکهاتووە لە زنجیرەیەک یاداشت کە تێیدا هاووڵاتییانی ئاسایی بە زمانێکی بیرۆکراتیی تەخت ڕاپۆرت له‌یه‌ك ده‌ده‌ن و یەکتری سه‌ركۆنه‌ دەکەن. چه‌ند به‌شێكی نه‌گۆڕیش له ‌خۆ ده‌گرێت، له‌وانه‌: گەشتێکی پشووی کچەکەی ژەنەڕاڵ كه‌ لەگەڵ ئامۆزاکانیدا دەیکات بۆ کەنار دەریا و وەسفی سه‌فه‌رێكیش به‌ شەمەندەفەر بەناو جەنگەڵدا، كه‌ هێند زیندوو وه‌سف کراون، لێت تێك ده‌چێت و وا ده‌زانی‌ ئه‌م وه‌سفانه‌ له‌ پرۆژێکتۆرێکی فیلمەوە هاوێژراونه‌ته‌‌ ده‌ره‌وه‌.

بەڵام ئونگەر هەندێک کێشەی لەگەڵ دیالۆگدا هەیە. بڕگەگەلێک هەن، [كه‌ زمانی وه‌گێڕانه‌كه‌یان] بە تایبەت ئەوانەی کە پەیوەندییان بە شه‌قاوه‌كانی سەرۆکەوە هەیە، له‌ دیالۆگی نێو فیلمە چەتەگەرییەکانی ساڵانی ١٩٣٠ ده‌چێت. بۆ نموونە کاتێک ئەندامێکی پۆلیسی نهێنی یەکێک لە هاوڕێ بێسومعه‌كانی نائومێد دەکات و ئاگاداری دەکاتەوە کە ئەو کارەی ئه‌م هاوڕێیه‌ی پێویستی پێ بووه‌ دراوه‌ به‌ (کوڕی ته‌عمیدیكراوی) مودیر، وەک دڵنەوایییه‌ك بۆ ئه‌و هاوڕێ په‌سته‌ی، پێی ده‌ڵێت: “گوێ بگرە، ئه‌وه‌نه‌ ده‌موچاو مه‌یه‌ به ‌یه‌كا. كه‌ ئیشێكی تری بێسه‌رئێشه‌ په‌یدا بوو ئاگادارت دەکەمەوە. سوێند به‌ گیانی دایکم، شتێکی نوێ په‌یدا ئه‌بێت. لە شاره‌مێرووله‌یه‌كدا، ئیش لە مێروولە زیاترە.” کاتێکیش هاوڕێکەی هێشتا ناڕازییه‌، پۆلیسەکە وەڵامی دەداتەوە: “هەی، برا، به‌ ڕاستی تۆ یه‌كجار هه‌ستیاریت.”

هەروەها هۆشدارییەكی ئونگەر هه‌یه‌ كه‌ جێگەی مشتومڕه‌ كاتێك دەڵێت: “هه‌موو خوێنەرێکی هاوچەرخی ئەم ڕۆمانە ته‌زوو به‌ له‌شیا دێت کاتێک ڕووبەڕووی قسەی ناشرین دەبێتەوە دژی جوولەکە، عەرەب، چینی، خه‌ڵكی ڕەسەنی گواتیمالا و هاوڕەگەزخواز و ڕەگەزگۆڕەکان، کە جارجارە ده‌كرێن.” [به‌ڵام] دان بەوەدا دەنێم کە خۆم تەنانەت چاوم بۆ نەترووکاند، ئه‌وه ته‌زوو‌ هه‌ر زۆر كه‌متر، کاتێک ئەو بڕگانەم خوێندەوە کە قسەیان لەسەر دەکرێت و كه‌ خۆشم ئه‌ندامی یەکێک لەو گرووپانەم کە بێڕێزییان پێ دەکرێت. سووکایەتییەکان تەواو بێوه‌ی و ناڕاستەوخۆن بە بەراورد بەو شتانەی کە ڕۆژانە لە شەقامەکانی شیکاگۆ دەمبیستن لەو ده‌مه‌دا كه‌ گه‌وره‌ ده‌بووم. وەک ئونگەر خۆشی دانی پێدا ده‌نێت: “ئەو ماوەیەی کە ئه‌ستوریاس وه‌سفی ده‌كات، [ئه‌و جۆره‌ قسانه‌] به‌ربڵاو بوون.” بە ڕاستی پێویست ناکات داوای لێبوردن بکرێت یان هۆشدارییەک له‌ سه‌ره‌تادا دابنرێت: هیچ مانایه‌ك نادات به‌ ده‌سته‌وه‌ كه ڕۆمانێكی ‌وه‌ك (جه‌نابی سه‌رۆك) پاكسازی بۆ بكرێت له‌م باره‌یه‌وه‌ گه‌ر به‌راوردی بكه‌ین به‌ ڕۆمانێكی وه‌ك (هه‌كلبێری فین). [هه‌كلبێری فین ڕۆمانێكی سه‌ركێشیئامێزی مارك توه‌ینه‌ كه‌ باس له‌ هه‌ك فین ده‌كات، كه‌ هه‌رزه‌كارێكی به‌ ئاستەم خوێنده‌واره‌ و مه‌رگی خۆی ساخته‌ ده‌كات بۆ ڕاکردن له‌ ده‌ست باوكه‌ خراپه‌ توندوتیژه‌كه‌ی].

بەڵام سەبارەت بە دیالۆگ، ڕەنگە کێشەکە تەنیا ئەوە بێت کە ڕۆمانی (جه‌نابی سه‌رۆك) به‌ چه‌ند بژارده‌یه‌كی مه‌حاڵه‌وه‌ و تەحەدای چارەسەرنەکراوه‌وه‌ ڕووبەڕووی هەر وەرگێڕێک دەبێتەوە. ڕۆمانەکە ئەوەندە پڕە لە وشە و دەربڕینی تایبەتی گواتیمالا کە تەنانەت چاپەکانی زمانی ئیسپانییش فەرهەنگێکی دەیان زاراوەییی لەگەڵدایە کە لە شوێنەکانی دیکەی ئەمریکای لاتین بە کار نەهێنراون. سەرەڕای ئەوەش، ئه‌ستوریاس هەوڵی دەدا تاموبۆی ئه‌و زمانه‌ ئیسپانییە بگوازێته‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌‌ زیاتر لە سەدەیەک لەوه‌وبەر لە سەردەمی گەنجیدا لە وڵاتەکەی قسەی پێ کراوه‌. بۆیه‌ سەختیی وەرگێڕانی ئەم ئیدیۆمانە بۆ زمانی ئینگلیزی بهێنە پێش چاوی خۆت لەكاتێكدا ده‌بێت‌ هەردوو تۆن و فرەماناییش بپارێزیت.

به‌ نموونە، لە دوابه‌شه‌كانی ڕۆمانەکەدا، سەرۆکه‌ بێناوه‌كه‌ سەرخۆشە و دوای ئەوەی بەسه‌ر‌ هەموو ڕاوێژکارە نزیکه‌كانیدا ده‌ڕشێته‌وه‌، ئەو توڕەیی و زەلیلییەی بیر ده‌كه‌وێته‌وه‌ کاتێك وەک پارێزەرێکی لاو لە “نوسینگەیه‌كی پارێزەریی پلە سێدا کاری كردووه‌، لەنێو سۆزانی و قومارچییاندا،” و له‌ناو ئه‌وانه‌ی کە ئه‌ستوریاس لە بنەڕەتدا ناوی لێ نابوون (cholojeras). ئەمانە ژنانی بازاڕن، زۆرینه‌ی كات له‌ خه‌ڵكه‌ ڕەسەنه‌كانن، کە ڕیخۆڵەی مانگا و بەراز و بەرخ دەفرۆشن بۆ لێنان لەناو شۆربا یان له‌ناو‌ جۆره‌ گواتیمالایه‌كه‌ی چێشتی (چیتەرلینگ). پارتریج ئەم وشه‌یه‌ی بە “فرۆشیارانی ڕیخۆڵه‌” وه‌رگێڕاوه‌، لەکاتێکدا ئونگەر “فرۆشیارانی پیسایی”ی پێ باشترە، هەرچەندە “فرۆشیارانی ورگ” ڕاستتره‌. بەڵام بیرمە ناسیاوه‌ گواتیمالایییە مایایییه‌كانم‌ پێیان وتم کە (cholojeras) زاراوەیەکه‌ پڕه‌ له‌ سووکایەتی و زۆر جار ڕەگەزپەرستانەیە، کە به‌ نزیکەیی مانای (چین یان کاستی)ی هه‌یه‌ كه‌ له‌ هیندستان بوونیان هەیە. چۆن بۆچوونی ئه‌و هەموو لایه‌نانه‌ بە وەرگێڕانێکی سادەی یەک وشەیی بگه‌یه‌نین؟

دوای ڕۆمانی (جەنابی سەرۆک)، ئه‌ستوریاس پیشەیەکی بەرچاوی بۆ خۆی دروست كرد، چ ئەدەبی و چ سیاسی، لە کۆنگرێسی گواتیمالا و وەک دیپلۆماتکارێکیش خزمەتی كرد. لە ساڵی ١٩٤٩ـدا (پیاوانی گەنمەشامی)ی بڵاو کردەوە، کە مارتن پێی وایه‌ له‌ تێکەڵکردنی سوریالیزم و فۆلکلۆری ڕەسەندا “تەنانەت بوێرانه‌تر و دیدگادارتره‌” و لە ماوەی دەیەیەکی دەگمەنی دیموکراسیدا له‌ (١٩٤٤-١٩٥٤) لە باڵیۆزخانەکانی ئەمریکای لاتین و فەرەنسا كاری كرد. بەڵام دوای ئەوەی کودەتایەکی ڕێکخراو لەلایەن ئەمریکاوە سوپای خستەوه‌ سەر دەسەڵات، ئەستوریاس مافی هاوڵاتیبوونی لێ سەندرایەوە و ناچار کرا بگه‌ڕێته‌وه‌ تاراوگه‌ و لەوێ (سیانه‌ی مۆزەکە)ی تەواو کرد، کە زنجیره‌یه‌ك ڕۆمانە سەبارەت بە ئازاری کرێکارانی ڕەسەن لە کێڵگەکانی کۆمپانیای میوەی یەکگرتوو له‌ گواتیمالا. زیاتر لە دەرەوەی وڵات مایه‌وه‌ و بەردەوام بووە لە نووسینی ڕۆمان و شانۆنامە و شیعر تا لە ساڵی ١٩٧٤ لە مەدرید کۆچی دواییی کرد. لە ساڵی ١٩٦٧ بووە یەکەم ڕۆماننووسی ئەمریکای لاتین کە خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی بە دەست بهێنێت.

بۆیە سەرەڕای ئه‌و ڕێگا دوور و سەختەی كه‌ ڕۆمانی (جه‌نابی سەرۆک) بڕی بۆ بڵاوکردنەوە، دواجار ئه‌ستوریاس سەرکەوتنی ڕەخنەیی و بازرگانی بۆ خۆی بە دەست هێنا. بەڵام هەرگیز درەنگ نییە بۆ ئەوەی ناوبانگەکەی بگه‌شێنرێته‌وه‌. وەک مارتن دەڵێت: “گەڕاندنەوەی ڕۆمانی ئەستوریاس بۆ شوێنی شایستەی خۆی لە گەشەسەندنی کلتووریی ئەمریکای لاتین و چڕکردنەوەی دەستکەوتەکانی زۆر دره‌نگ كه‌وتووه‌، چ وەک کردەوەیەکی دادپەروەری و چ وەک بەشداریکردنێک لە ڕاستی مێژوویی و ئەدەبیدا.”

بەهۆی وەرگێڕانه‌كه‌ی ئونگەرەوە، دواجار خوێنەری ئینگلیزی‌زمان دەتوانێت بچێتە ناو ئەو نهێنییەی کە ئەمریکییە لاتینییەکان، بە تایبەت نوخبەی ئەدەبییان، هەمیشە زانیویانە كه‌ (جه‌نابی سه‌رۆك) بەرهەمێکی خاوه‌نده‌سه‌ڵاته‌، مەحکوومە بە هه‌نووكه‌ییبوون و په‌یوه‌ندیداربوونی‌ تا ئەو كاته‌ی ئه‌و بارودۆخەی کە بووه‌ته‌ مایه‌ی دروستبوونی دواجار نه‌مێنێت.

سەرچاوە