سترانی لۆرێلای (١٨٢٤)

لە ئەڵمانییەوە: پێشڕەو محەمەد

نازانم دەبێ مانای چی بێ

هێندە هزرم غەمگین بێ؛

حیکایەتێک لە ڕۆژگاران کەوناراوە دێ،

لە خەیاڵمدا لانەی کردووە و ناچێ.


هەوا سارد دەبێ و تاریکایی دێ،

و ڕووباری ڕاین ئارام ئارام بەخوڕ دێ؛

ڕۆشنایی لە لوتکەی کێوانەوە

لەنێو تیشکی خۆری بەرەو ئاوابوونەوە دێ.


شۆخترین کەنیشک لێرە

بە جوانیی سەرسوڕهێنەرەوە دادەنیشێ،

خشڵە زێڕینەکانی دەدرەوشێنەوە،

قژە ئاڵتوونییەکەی نەرم نەرم دادەهێنێ


قژی بە شانەیەکی زێڕین دادەهێنێ

و لەگەڵ شانەکردندا ستران دەچڕێ؛

جادوو لەو ناوە دەکا

ئاوازی ئەفسانەیی و بەهێزی.


دەنگەکەی بەلەمەوانێک لە بەلەمە چکۆلەکەیدا ڕاو دەکا

ئازارێکی دڕندانەی لەگەڵ دێ؛

بەلەمەوانەکە تاشەبەردی ناو ئاوەکان نابینێ،

چاوانی تەنها دەتوانێ لوتکەی بەرزایییەکان ببینێ.


پێموابێ، شەپۆلەکان

بەلەمەوان و بەلەمەکەی نوقم دەکەن؛

و کارەساتەکە بەهۆی سترانێکەوە بوو

کە لۆرێلای چریکەئاسا دەریبڕیبوو.

تێبینییەکی وەرگێڕ:

شیعری «لۆرێ-لای» (١٨٢٤: شیعری سەردەمی ڕۆمانتیکی هاینریش هاینە) لە شەش چوارینەی چوار دێڕیی پێکهاتووە. شیعرەکە باس لە بەلەمەوانێک لە ساتی خۆرئاوابووندا دەکات کە بە ڕووباری ڕایندا تێپەڕ دەبێت. لەسەر تاشەبەردێکی ناو ڕووبارەکەوە بەلەمەوان کەنیشکێک دەبینێت خاوەن جوانییەکی جادوویییە و لەسەر یەکێک لە بەردەکان دانیشتووە و ستران دەچڕێت. چاوی بەلەمەوانەکە تەنها بەرزایییەکان دەبینێ نەک بەردەکان و گوێچکەکانی تەنها دەنگی ستران دەبیستێت نەک شەپۆلەکان؛ هێندە سەرنجی پەرت دەبێت، بەلەمەکەی بەنێوان بەردەکاندا دەڕوات و دەشکێت و نوقم دەبێت. لێرەدا پەیوەندیی نێوان بێباکی، لەخشتەبران و ڕاگوزەربوون ئاماژەیە بە زیندووبوونەوەی پاڵنەرە کۆنەکەی نێو شیعری ڕۆمانتیک.


لۆرێلای جۆرێک تەڵاشەبەردە (١٣٢ مەتر بەرز) و یونیسکۆ وەک جۆرێک لە میرات و کەلەپووری جیهانی پۆلێنی کردووە کە لە ڕووباری ڕاینی ئەڵمانیدا هەیە بەتایبەت لە ناوچەی سان گۆراسهاوزن، لە ڕاینلاند-فالتز. یەکەمجار ساڵی ١٨٠١ کلێمێنس برێنتانۆ، شاعیر و ڕۆماننووسی ئەڵمانیی لە ڕۆمانەکەیدا بەناوی «گۆدڤی» لە فۆرمی ستراندا دەیکاتە بنچینە و پاڵنەری هونەر و ئەدەب و شیعر و ڕۆمانی سەردەمی ڕۆمانتیک. جگە لە شیعرە بەناوبانگەکەی هاینە، کە ئێستا لەسەرجەمی ناوچەی ڕاینلانددا شیعرەکە کراوەتە چەندین بەرهەمی هونەری، پەیکەر و لە فۆرمی جۆراوجۆردا بەرهەمهێنراوەتەوە، فریدریش شیلەری ڕۆماننووس، شانۆنووس و شاعیریش میلۆدییە بەناوبانگەکەی لە ١٨٣٧دا بۆ هەمان مەبەست دەنووسێت.

جگە لەو پەیکەرە زۆر و زەوەندانەی لەم ساڵانەدا بۆ بەرجەستەکردنی شیعرەکەی هاینە دروست کراون، ڕۆژی ٧ی نیسانی ٢٠٢٣ جارێکی دیکە پەیکەرێکی برۆنزیی پەردەی لەسەر هەڵماڵرا کە زیاتر گوزارشت لە شیعرەکە و باڵایەتییەکەی دەکەن.

Mittelrhein_Loreley

سەرنجێک بنوسن