ڕەنگدانەوەى “شەپۆلى هۆش” لە ڕۆمانى “ئاى لەڤیلیا لەڤیلیا..؟!”

 پوختە:

مەبەست لە (شەپۆلى هۆش) داڕژانى هەموو ئەو بیرۆکە و دەربڕینانەیە، کە لە ناخ و دەروونى کارەکتەرەکاندا هەیە، بەر لە بوونیان بە نووسین. لەم شێوە گێڕانەوەیەدا ڕۆماننووسان نەوەستاون لەسەر گرێچنییەکى پێشوەختە و قەراربۆدراو مینا گێڕانەوە تەقلیدییەکان، بەڵکوو هەست بە جۆرێک لە بێپلانی، وڕێنە و شێواوى دەکەیت لە گێڕانەوەکانیاندا. ئەم جۆرە لە گێڕانەوە لە ئەدەبياتى جیهانیدا نوێیە و نزیکى سەدەیەک دەبێت دەرکەوتووە، هاوکات جۆرێک لە زاڵبوونیشى بەسەر گێڕانەوەى کۆندا پێوە دیارە. (کاروان عومەر کاکەسوور) لە ڕۆمانى (ئاى لەڤیلیا لەڤیلیا..؟!) لە ڕێگەى تەکنیکە جیاوازەکانى شەپۆلى هۆشەوە توانیویەتى ئەزموونێکى نوێى گێڕانەوەمان نیشان بدات. لەم کارەدا سەروکارمان لەگەڵ چیرۆکێک و گێڕانەوەیەک نییە، بەڵکوو بە هۆى جۆرەیلى تەکنیکەوە بەر زیاد لە چیرۆک و تەکنیکێک دەکەوین، کە هەموویان بەیەکەوە لە تەونى گێڕانەوەکەدا بەرجەستە دەبن. ئەم توێژینەوەیە، هەوڵى داوە بەپێى پێوەرە زانستییەکەى (شەپۆلى هۆش و تەکنیکەکانی) کار لەسەر ئەم ڕۆمانە کوردییە بکات، مەبەست ئەوەیە لە ڕێگەى ئەو کارەوە لە پانتایییە بەرفراوانەکەى ئەم ئەزموونە بکۆڵینەوە. لەگەڵ ئەوەشدا توێژینەوەکە سوودى لە میتۆدى وەسفى-شیکاری وەرگرتووە و لە ڕێگەى کۆنتێکستە وەرگیراوەکان، شیکاریی پێویست و بابەتییانە دەخاتە ڕوو. لە کۆتاییی توێژینەوەکە ئەو ئەنجامانە نیشان دراون، کە توێژینەوەکە هەڵیگۆزیوە، وەک توانراوە ورد و چڕ کار لەسەر ڕۆمانەکە بکرێت و نموونەیەکى نوێی گێڕانەوە نیشان بدات لە ڕێگەی بەکارهێنانى تەکنیکەکانى شەپۆلى هۆش.

  1. پێشەکى:

بە هۆی ئەوەی تەکنیک لە جیهانی گێڕانەوەدا ئامادەیییەکی هەمیشەییی هەیە، بۆیە ڕۆماننووسان بە گرنگییەوە کاری لەسەر دەکەن و دەیانەوێت داهێنەرانە لە دەقەکانیاندا ڕەنگ بداتەوە. ئەدەبی کوردییش دەچێتە ئەو چوارچێوەیە و نووسەران مەبەستیانە بە ئاگایییەوە شێوە تەکنیکەکان بەکار بهێنن. ئەم توێژینەوەیە هەوڵی داوە ڕەنگدانەوەی تەکنیکەکانی شەپۆلی هۆش نیشان بدات و لەگەڵ ئەوەشدا بیر لە نوێگەری و لێزانیی نیشاندانەکە کراوەتەوە. ئاخۆ ڕۆماننووس تا چەند سەرکەوتووانە کاری تێدا کردووە.

سەبارەت بە پێشینەی شەپۆلی هۆش لە ئەدەبیاتی کوردیدا، دەبێت ئاماژە بەوە بدەین لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە ئەم زاراوەیە بەکار هاتووە و ڕەنگی لە چەند دەقێکیش داوەتەوە. وەک ئەوەى (حسێن عارف و عومەر مارف بەرزنجى) باسی لێوە دەکەن. چەندین توێژینەوەی جیاجیاشی لەسەر کراوە لەسەر ئاستی (دکتۆرا، ماستەر و بەکالۆریۆس)، وێڕای هەبوونى چەند بابەت و نووسینی سەربەخۆ، لەوانە: (شەپۆلى هۆش لە ڕۆمانی کوردى، خوڕاوگەى بیر، تاکبێژیى ناوخۆیى، ئیستاتیکاى شەپۆلى هۆش لە ڕۆمانەکانى (فەرهاد پیرباڵ)دا، نواندنەوەى بۆشایى لە کورتەچیرۆکى کوردیدا، تەکنیکى شەپۆلى هۆش لە چیرۆکى کوردیدا، جیهانى ڕاڤەنەکراو، شێوەکانى تەکنیک لە چیرۆکى ساڵانى دواى ١٩٧٠، شێواز لە کورتەچیرۆکى نوێى کوردى و مەنەلۆگى ناوەوە لە چیرۆکى کوردیدا.).

 ئەوەی بۆ ئەم توێژینەوەیە گرنگە ئەوەیە بپرسین چەند توێژینەوە کراوە لەبارەی ڕەنگدانەوەی شەپۆلی هۆش و تەکنیکەکانى لەم ڕۆمانە کوردییە؟ بێگومان بەپێی گەڕانەکان بێت، تا ئێستا زۆر کەم کارى لەسەر کراوە، کە پەنجەکانى دەست تێپەڕ ناکەن، وەک: (شێواز لە ڕۆمانى کوردیدا، ڕۆمانەکانى (کاروان عومەرکاکەسوور) بە نموونە.) لەگەڵ هەبوونى دیمانەیەکى تایبەت بەم کتێبە کە (دانا فایەق) سازی کردووە لەگەڵ نووسەرى ڕۆمانەکە.

کاروان عومەر کاکەسوور، ڕۆماننووسی کورد

ئەم توێژینەوەیە هەوڵى داوە کێشەیەک بهێنێتە پێشەوە و قسەى لەبارەوە بکات، ئاخۆ بۆچى ئەو ڕۆمانە بیست ساڵى تەمەنى تێپەڕ دەکات، کەچى هەمیشە بە ناو زیندووە و لە کایەى ڕەخنەی ئەدەبیی کوردیدا کەمترین ئاوڕى لێ دراوەتەوە؟ ئەو ئاوڕدانەوەیەش بەرۆکمان بۆ چەند پرسیار ڕادەکێشێت، کە پێویستیان بە بەرسڤى گونجاو هەیە، لەوانە: ( بۆچى ئەم ڕۆمانە زیندوویەکى پەراوێزە؟ چۆنیەتیی گێڕانەوە لەو ڕۆمانەدا لە چ ئاستێکدایە؟ چەندە ڕەسەنایەتیی ئەو جۆرە گێڕانەوەیەی پێوە دیارە؟  گرنگى و ماهییەتى ئەو شێوە گێڕانەوەیە چییە بۆ ئەدەبیاتى کوردی؟).

  • 2. ئامانجى توێژینەوە:

          هەر توێژینەوەیەک بۆ مەبەستێکى دیاریکراو ئەنجام دەدرێت و گەرەکیەتى شتێک بخاتە ڕوو. ئامانجى ئەم توێژینەوەیە ئەوەیە، هەژموونى شەپۆلى هۆش و تەکنیکەکانى لە ڕۆمانێکى کوردیی باشووردا نیشان بدات و ئەو ئەنجامە دەربخات، ئاخۆ ئەو ڕۆمانە کارێکی نوێ بووە بە هۆى ئەو تەکنیکانەوە، یان نا.

  • 3. میتۆدى توێژینەوە:

          ئەم توێژینەوەیە، پەیڕەوى لە میتۆدى وەسفى-شیکاری کردووە و تیایدا بە پشتبەستن بە شێوازى شیکاری ناوەڕۆک، لێکۆڵینەوە لە ناواخنى ڕۆمانێک کراوە، بە جۆرێک دەقەکانى ڕۆمانەکە وەک خۆى وەرگیراوە، دواتر لە بونیادیاندا، بە سوودوەرگرتن لە میتۆدەکان شیکارییان بۆ کراوە.

  • 4. ناوەڕۆکى توێژینەوە

4.1. شەپۆلى هۆش وەک چەمک و زاراوە

4.1.1. زاراوە

شەپۆلی هۆش لە ڕووی زاراوەوە ناوی جوداجودای لە بەرانبەردا بەکار هاتووە لەوانە: تەوژمی هۆش، تەوژمی ئاگایی، خوڕاوگەی بیر، شەپۆلی هۆش، مەنەلۆگی ناوەوە، شەپۆلی ئاگایی و شەپۆلی زەین، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو تاکوو هەنووکەیشی لەگەڵدا بێت، لە پانتایییە ئەدەبییەکەدا (شەپۆلی هۆش) جێگیر بووە و لە (فەرهەنگی زاراوەی ئەدەبی و ڕەخنەیی)یشدا هەر ئەم زاراوەیە بەکار هاتووە(ئەسوەد:233.2011 بۆیە ئێمەش ئەوەمان پەسەند کردووە.

ئەگەرچی لە هەندێک شوێندا (خوڕاوگەی بیر) دەردەکەوێت (زادە:76.2019)، بەوەی خوڕاو مانای (بەگوڕ، تەوژمی توند و ئاوی بەخوڕ) دێت، ئەمەش نزیکایەتیی هەیە لەگەڵ لێکدانەوەکەی (ولیەم جیمس) بۆ ئاوی ڕووبار. وێڕای ئەوەی لە ڕووی واتایشەوە نزیکە لە بەکارهێنراوە عەرەبی و ئینگلیزییەکەی، لێ لەوە دەچێت (شەپۆلی هۆش) چاکتر شوێنی گرتبێت لای ئەوانەی کاری ڕەخنە و لێکۆڵینەوەیان کردووە و دەکەن.

ئەم پەسەندکردنەش بە لای ئێمەوە جۆرێک لە کورداندنی چەمکی شەپۆلی هۆشی تێدايه، کە لە زاراوەکەدا ڕەنگی داوەتەوە، چونکە لە زمانی عەرەبیدا (تیار الوعي) بە کار هاتووە، کە بە مانای (تەوژمی هۆش) دێت. هەروەها لە زمانی ئینگلیزییشدا (stream of consciousness) هەمان مانا دەدات.

ئەم زاراوەیە لە دوو بەش پێکهاتووە. “بەشی یەکەمی (شەپۆل) وەکوو ڕووبار وایە، دەتوانین بە شەپۆلی بیرکردنەوە و ژیانی تایبەتی ناو ببەین. واتا ئەو شەپۆلانەی بەردەوام لە هەڵچوون و داچووندان، وەکوو شەپۆلی ڕووبارەکان، یان دەریاکان. هەرچی بەشی دووەمی زاراوەکەیە (هۆش-ئاگایی) دەلالەتە لەو شوێنەی زەین، کە لە ناوچەی پێش هۆشەوە دەست پێ دەکات تا باڵاترین شوێن لە زەین، کە ئاستی بیرکردنەوەی زەین و پێوەندییە بە کەسانی دیکەوه”. (مەنتک:481.2021).

بۆ لێکدانەوەی مانای ئەم زاراوەیە سوود لە (ولیەم جیمس1846_1910) (William James))ى دەروونناسی ئەمریکی وەرگیراوە -کە هەر ئەویش بوو بۆ یەکەم جار (شەپۆلی هۆش)ی بەکار هێنا- “کاتێک بەراوردێک دەکات لە نێوان ئاوی ئەو ڕووبارەی بەردەوام بە هۆی ڕۆیشتنەوە نوێیە و دەگۆڕێت، لەگەڵ ئەو بیرکردنەوە و یادەوەری و هەستانەی لەناو هۆش و ئاگاییی ئێمەدا هەن و بەردەوام دەگۆڕێن” (هەمان سەرچاوە:481).  بۆیە بەپێی ئەم لێکدانەوەیە بێت شەپۆلی هۆش گونجاوتر و نزیکترە، چونکە وەک چۆن شەپۆل لە ڕووباردا هەمیشە نوێیە و دەگۆڕێت، وەهاش لە شەپۆلی هۆشدا بیرەکان دەگۆڕین و نوێ دەبنەوە. بەمەش مانا زاراوەیییەکەیشی تەواو ڕۆشن دەبێتەوە.

  • ٢. ١. ٤ چەمکى شەپۆلى هۆش

شەپۆلى هۆش لە سێ سەرچاوەى جوایێزى گرنگ و پڕ بایەخ سەرچاوەى گرتووە؛ دەروونناسى، فەلسەفە و ڕەخنەى ئەدەبى. ئەمەش واى کردووە پێناسەیەکى یەکگرتووی نەبێت تا تویژەران و ڕەخنەگران کۆدەنگ بن لەسەرى، بۆیە لێردەدا هەوڵ دەدەین هەڵوەستەیەک لەسەر شەپۆلى هۆش بکەین وەک ئەوەى لە سەرچاوەکاندا هاتووە.

blank
ڕووبەرگی ڕۆمانی (ئای لەڤیلیا لەڤیلیا)ی کاروان عومەر کاکەسوور

دەروونناسى بوارێکە چەمکى هۆشى گرتۆتە خۆى مینا (ولیەم جیمس)، کە ئاماژەمان پێی دا. چەمکى هۆش لاى وی “مانایەکى گشتگیرى هەیە، کە تەواوى ئەزموونە هەستەکییەکان دەگرێتەوە. بە بۆچوونى ئەو هەرچى ئەقڵانى و نائەقڵانییە کارتێکەرى هەرچییەک بێت، کە پێوەندى بە ئەقڵ و لەبیرچوونەوە و یادگەوە هەیە، دەگرێتەوە”. (حادي:32.2004). دواتریش (فرۆید) و (یۆنگ) و کەسانى دیکە گرنگى زیاتریان بەم بابەتە دا. بە تایبەتتر (فرۆید) لە ڕێگەى پەڕتووکى (لێکدانەوەى خەون)، لەوێدا پتر دەوەستێت لەسەر نەست، یاخود نائاگایى وەک ناوچەیەکى جێ بایەخ بەسەر هەستەوە.

لە ڕووە فەلسەفییەکەیشەوە چونکە شەپۆلى هۆش پشت بە زەمەنى ئەدەبى و دەروونییەوە دەبەستێت ئەوانیش لە چەمکە فەلسەفییەکەوە وەرى دەگرن، بۆیە فەیلەسووفانیش لە ڕێگەى قسەکردن لەبارەى هۆشەوە ئاماژەیەکیان بە شەپۆلى هۆش کردووە. هەر لە ئەرستۆوە تا دەگاتە هۆسڕێڵ و فەیلەسووفانى دیکەش لەوانە، فەیلەسووفى فەڕەنسى (هێنرى بێرگسۆن) کە پێى وایە “زەمەن بەرهەمێکى ڕاستەوخۆى ویژدان و هەستە”. (مبروک:5.1998). هەر بۆیە فەلسەفەى بێرگسۆن کاریگەریی گەورەى بەسەر ئەدەبەوە هەبوو، چونکە بە بۆچوونى ئەو بێت “(زەمەنێکى بوون)ى تایبەت بە مرۆڤ هەیە جیا لە (زەمەنى گەردوون)، یان بوونى (زەمەنى دەرەوە). ئەم زەمەنەش دژوازە لەگەڵ زەمەنى یەکەم. ئەمەش جەختکردنەوەیە لە زەمەنى دەروونى کە پێوەندى بە ویژدانەوە هەیە، هەر ئەو زەمەنەشە کە ڕۆمانى شەپۆلى هۆشى لەسەر بوونیادنراوە”. (ڕەشید:8.1998).

ئەوەى بۆ ئێمە پتر گرنگە بۆچوونى ڕەخنەکارانى ئەدەبە، ئاخۆ ئەوان چۆن لە شەپۆلى هۆشیان ڕوانیوە و شەپۆلى هۆش چۆن جێى گرتووە لە زۆنە تایبەتەکەى ئەدەبدا. (ڕۆبەرت همفری) لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا (Stream of consciousness in the modern novel) (شەپۆلى هۆش لە ڕۆمانى نوێدا) کە تا هەنووکەیش بە سەرچاوەیەکى بنەڕەتى و سەرەکى دەزانرێت لە ڕووى پراکتیک و تیۆرییەوە بۆ قسەکردن لەسەر شەپۆلى هۆش، دەڵێت: “جۆرێکە لە چیرۆک، تێیدا بە شێوەیەکی سەرەکی باڵ دەخاتە سەر جۆرەکانی ئاستی هۆشیاری پێش قسەکردن و بەر لە نووسین، بە ئامانجی ئاشکراکردنی ناسنامەى دەروونی کارەکتەرەکان”. (همفری:27.2000).

لە لاى عەرەبەکان زۆرن ئەوانەى قسەیان لەبارەى ئەمەوە کردووە وەک (د. لطيف زیتونى) پوخت و چڕ تەنیا بە ڕستەیەک لێیەوە دەدوێت و دەڵێت: “ڕەخنەگرانى ئەدەب بۆ ناولێنانى مۆدێلێکى گێڕانەوەى نوێ بەکاریان هێناوە”. (مەجید:19.2021). یاخود: “شەپۆلى هۆش بریتییە لە دارژانى بێبڕانەوە بیرۆکەکان لەناو زەیندا”. (محمود:30.2021). هەروەها (ئیمان عبدالعزیز) لە توێژینەوەیەکیدا ئاماژە بەوە دەکات: “شەپۆلى هۆش تەکنیکێکی هونەرییە کە نووسەر بە کاری دەهێنێت بۆ ئاشکراکردنی ئەوەی هەیە لە ناوەوەى کارەکتەرەکانیدا، بە ململانێیەکدا تێدەپەڕێت لە نێوان هەست و نائاگادا، لە نێوان ئاگایى و نائاگادا”. (المخیلد:500.2022).  

هەرچى لاى نووسەر، توێژەر و ڕەخنەکارانى ئەدەبى کوردییش هەیە لەوبارەیەوە، بەو جۆرە بووە: “شەپۆلى هۆش، جۆرێکى تەکنیکە لە ڕۆمان و چیرۆکدا کە تێیدا نووسەر تەواوى هەستەکان و بیرکردنەوە و تەداعییەکانى کە لە زەینى کاراکتەردا دروست دەبێت، بەبێ وێنە و ڕوونکردنەوە و ڕاڤە دەیخاتە سەر کاغەز”. (كەسنەزانى:69.2021). یاخود “تەکنیک و شێوازى شەپۆلى هۆش بۆ گرنگیدان بە لایەنى دەروونى و زینیی تاک پەیدا دەبێت. پەیدابوونى ئەم تەکنیکە شۆڕشێک بوو بەسەر کۆى تەکنیک و شێوەکانى گێڕانەوەى کلاسیکدا”. (مەنتک:479.2021).

لە سەرەتاى حەفتاکانى سەدەى ڕابردوو (حسێن عارف) بە چەند بابەتێکى جیاواز و ناوەڕۆکى جیاجیا ئاوەڕى جددى لە سەرهەڵدانى ئەمە داوەتەوە و گوتوویەتى: “ئەم رێبازە بەوە بەناوبانگە، کە هەرچەند دیوى دەرەوەى مرۆڤ لە هەڵسوکەوت و کردار و ڕەفتاریدا ناخاتە پشتگوێ، بەڵام پتر بایەخ بە دیوى ناوەوەى دەدا و شۆڕ دەبێتەوە بۆ ناخى و چیرۆکنووس لەگەڵ نواندنى کەسانى بە دیوى دەرەوەدا، جڵەویشیان بۆ شل دەکات کە بێ حیساب لەگەڵ خۆیاندا، لە هەست و نەست و ڕاز و نیاز و خواست و ئاواتیان و… هتد بدوێن، کە مرۆڤى ئاسایی ئەم بابەتە شتانە لە ناخى خۆیدا حەشار دەدات و بۆ کەسیان دەرنابڕێت، چونکە لەگەڵ دەرەوەدا ناگونجێن، یا دژ بەیەکن، یا قەدەغەن، یا قابیلى بەدیهێنان نین، یا عەیبوعان… هتد”. (عارف:111.2011). گەر مانایەک بۆ تێگەیشتن هەڵگۆزین لەبارەى شەپۆلى هۆشەوە ئەوەیە، ئەم چەمکە لە دنیا و پانتاییی گێڕانەوەى چیرۆک و ڕۆماندا، دەگەڕێتەوە بۆ پێوەندیی هەمیشەیی و نەپساوى خودى کاراکتەرەکان بە دەروون و ناوەوەى خۆیان. بە مانایەکى دیکە، شەپۆلى هۆش جۆرێکە لە نووسین بە شێوەیەکى تەواو جودا و دوور لە نووسینى باو لە دنیای گێڕانەوە. بە شێوەیەک بیرکردنەوە و هەستەکانى کاراکتەران نیشان دەدات، بەبێ گەڕانەوە و گوێدانە یاسا لۆژیکییەکانى نووسین، زۆر جار بەر جۆرێک لە تێکدانى ڕێزمانیش دەکەوین لە کاتى پەیڤینی کاراکتەراندا.

  • ٢. ٤: دەرکەوتن و هاتنەکایەی شەپۆلى هۆش

4.2.1.  دەرکەوتنى شەپۆلى هۆش

بە شێوەیەکى گشتى لە دنیاى گێڕانەوەدا، شەپۆلى هۆش وەک مۆدێلێکى نوێ دەرکەوت و نوێگەر بوو بەرانبەر گێڕانەوەى ڕۆمانى کلاسیکى. شەپۆلى هۆش بە تەکنیکێکى نوێ دادەنرێت و دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانى سەدەى ڕابردوو، ئەمەش بەرەوپێشچوونێکى گرنگى گێڕانەوە بوو لە چیرۆک و ڕۆماندا. هەرچەندە “ئەم تەکنیکە لە ئەدەبی جیهانیدا لە چاو تەکنیکەکانى دیکەدا نوێیە و سەرەتاکانى دەگەڕێتەوە بۆ سەدەى بیستەم”. (کەسنەزانى:72.2012). هەروەها “ئەم تەکنیکە باشبوو بۆ نیشاندانى گۆڕانەکانى مرۆڤایەتى، چونکە وەک نووسین و هونەر، چیرۆک لە یەک ڕیتمى دەرەکى ئامادەکراوەوە بەرەو پچڕان و جێگۆڕکێ چوو، وەک ناوەڕۆکیش بابەت لە دەرەوە بەرەو ناوەوە کێش کراو، ڕووداو و بابەت چیدی ئامادەکراو و بەسەرچوو نەبوو حیکاتخوان بیگێڕێتەوە”. (هەمان سەرچاوە:73).  

شەپۆلى هۆش “بۆ یەکەمجار لەلایەن (ولیەم جیمس 1846-1910) (William James)ى دەروونناسى ئەمەریکى دەرکەوتووە، لە ساڵى 1884 و لە گۆڤارى (مایند) (Mind). دواتریش لە کتێبى (بنەماکانى دەروونناسى)دا ئەم زاراوەى بەکار هێناوە”. (مەنتک:2021:480).

هەر لەبارەى بەکارهێنان و سەرەتای ئەم زاراوەیە: ” (واڵتەر ئالەن) (Waltter Alain) لە کتێبى (ڕۆمانى ئینگلیزی)دا دەربارەى سەرەتای بەکارهێنانى ئەم زاراوەیە لە ڕەخنەى ئەدەبیدا دەڵێت: “یەکەم کەسێک زاراوەى شەپۆلى هۆشى لە ئەدەبى ئینگلیزیدا بەکار هێنابێت (ماى سنکلێرە)ە، کاتێک لە وتارێکدا خوێندنەوەى بۆ ڕۆمانەکانى (درۆسى ڕیشاردسۆن) کرد. بە بڕواى ئەم ڕەخنەگرە (ڕیتشاردسۆن) یەکەم ڕۆماننووسە ئەم تەکنیکەى بەکارهێنابێت، ئەویش لە ڕۆمانى (Pointed Roofs )دا لە ساڵى 1915″. (هەمان سەرچاوە:482).

لە لایەکى دیکەوە وەک “(کودۆن) (J. A. Cuddon) ئاماژەى پێ داوە، سەرەتای شەپۆلى هۆش دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆماننووس (ئیدوارد دوجارن) (Edourd Dujardin) کە ئەم میتۆدەى لە ڕۆمانى (گەڵاى دار (غار)ەکەم بڕى) لە ساڵى 1888دا بەرەو پێشەوەی برد و (مارسێل پڕۆست) لە ڕۆمانى (گەڕان بۆ کاتى لەدەستچوو) لە ساڵى 1913 و (دورسى ڕیچاردسۆن) (Dorthy Richardson) لە ڕۆمانى (1915) و (جیمس جۆیس) (James Joyce) لە ڕۆمانى (یۆلێسیس) لە ساڵى 1922 کە پێشتر لە ڕۆمانى (وێنەى هونەرمەند لە تافى لاویێتى)دا لە ساڵى 1916دا”. (مەجید:29.2021).

کاتێک  باس لە چیرۆک دەکرێت لە زۆنە بەرفراوانەکەیدا، بێگومان گەڕانەوەیە بۆ ئەو مێژووە زانراوەى لە بەردەستدا هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا ناکرێت ئاماژە بە ڕۆڵی هەر یەکە لە (مۆپاسانى فەڕەنسى، چیخۆڤى ڕووسی و ئێدگەر ئالان پۆى ئەمریکى) وەک سێ نووسەرى نوێگەر و داهێنەر نەکرێت، بەو پێێەی ئەوان دۆخى چیرۆکیان بەرەو قۆناغێکى دیکەى نوێ برد لە ڕووى هونەرى گێڕانەوەدا. بە هەمان شێوە دەکرێت قسەکردن لەسەر شەپۆلى هۆش جگە لەوانەى ناویان هێنراوە پێویستی بە گەڕانەوە بۆ کارەکانى (کنووت هامسون)یش بێت کە لە کارەکانیدا خوێنەر بەر شەپۆلى هۆش دەکەوێت بە تایبەت لە هەردوو ڕۆمانى (برسیێتى) و (پان). هەروەها گەڕانەوە بۆ (جیمس جۆیس، ویلیەم فۆکنەر، ڤێرجینیا وۆڵف و پڕۆست) کە داهێنەرانە کاریان لە فەزاى شەپۆلى هۆشدا کردووە.

  • ٢. ٢. ٤: هاتنەکایەى شەپۆلى هۆش لە ڕۆمانى کوردى

دەرکەوتنى شەپۆلى هۆش لە ئەدەبیاتى ئێمە، مێژوویەکى ئەوەندە زۆرى نییە و سەرەتاکانى دەگەڕێتەوە بۆ نیوەى دووەمى حەفتاکانى سەدەى ڕابردوو. هەڵبەتە دەشێ لێرە و لەوێ پێشووتریش لە کارێکدا ڕەنگى دابێتەوە، یاخود مومکینە بەبێ ئەوەى نووسەر بەئاگا بووبێت لە شەپۆلى هۆش، کەچى لە نووسینێکیدا ڕەنگى دابێتەوە. “عومەر مارف بەرزنجى پێى وایە مارف بەرزنجى یەکەم کەسە کە تەوژمى هۆشى بەکارهێنابێ لە ناوەڕاستى پەنجاکاندا” لە چیرۆکى (سەرلەبەیانى نەورۆزێک). (کەسنەزانى:76.2021).  لەگەڵ ئەوەى حەفتاکان قۆناغێکى درەوشاوەیە لە ئەدەبیاتى ئێمەدا و پڕ بەرهەمە، لێ هێشتانەکینێ ماناى ئەوە نییە کە قۆناغێک بێت بەدەر لە کەموکوڕى لە گێڕانەوەدا. گەلێ جار بۆ بەکارهێنانى تەکنیکێکى نوێ قوربانییان بە ڕەگەزەکانى دیکەى چیرۆک داوە، وەک ئەوەى (عەتا محەمەد) ئەو نەوەیە بە “نەوەى تەکنیک” ناو دەبات.” (محەمەد:140.2005).

لەو قۆناغە بە دواوە، پاش ڕۆمانى (ئەندێشەى مرۆڤێک)ى (حسێن عارف) کە “بە باشى بەم تەکنیکە نووسراوە”. (کەسنەزانى:79.2021) (شێرزاد حەسەن) دەبێتە ئەو چیرۆکنووسەى لە زۆرێک لە چیرۆک و ڕۆمانەکانى خوێنەر بەر ئەم تەکنیکە دەکەوێت و دەرک دەکات کارەکتەرەکانى شێرزاد لەو جۆرەن، قووڵ دەچنەوە ناوەوەى خۆیان. لە دواى ساڵانى دووهەزار بەولاوە بەر نووسەرێکى دیکە دەکەوین (کاروان عومەر کاکەسوور)، کە بە ئاگایی و لێزانانە بە شەپۆلى هۆش زۆرینەى ڕۆمان و چیرۆکەکانى نووسیوە، لە دیارترین کتێبەکانى (ئاى لەڤیلیا لەڤیلیا..؟!) و (ئەسپیدیلۆن)ە.

٣. ٤: تەکنیکەکانى شەپۆلى هۆش لە ڕۆمانى “ئاى لەڤیلیا لەڤیلیا..!!”ى  “کاروان عومەر کاکەسوور”دا.

ئەوەى واى کردووە شەپۆلى هۆش جیا ببیندرێت و پتر جێى بایەخ بێت، ئەو خۆسەرقاڵکردنەیەتى بە دنیا بچووک و پەراوێزخراوەکەى ناوەوەى مرۆڤ.  بۆیە وا لە شەپۆلى هۆش ڕواندراوە “خۆى سەرقاڵ دەکات بە شتە بچووک و دیاردە لاوەکییەکان کە ڕۆدەچنە قووڵاییەکانى خودى مرۆڤ”. (مەجید:26.2021).  لە سۆنگەى ئەم تێگەیشتنەوە بەر کۆمەڵێک تەکنیک دەکەوین، کە تایبەتە بە گێڕانەوەى شەپۆلى هۆش و ڕەخنەکاران ئاماژەیان پێ کردووە، لەوانە: (مەنەلۆگى ڕاستەوخۆ، مەنەلۆگى ناڕاستەوخۆ، مۆنتاژى سینەمایى، وەسفى هۆشەکى، خۆدواندن، بەدواداهاتنى ئازاد و فلاش باک). وەلێ ئێمە هەوڵ دەدەین لە پانتایىی کارەکەماندا جەخت لەسەر چەند تەکنیکێک بکەینەوە کە لە دیدى (همفری)یشدا لە دیارترین تەکنیکەکانى (شەپۆلى هۆش)ن، ئەوانیش بریتین لە تەکنیکى مەنەلۆگ (Monologue)،تەکنیکى فلاش باک (Flash back) و تەکنیکى خۆدواندن (Soliloquy).

4.3.1. تەکنیکى مەنەلۆگ (Monologue)

مەنەلۆگ گفتوگۆکردنە لەگەڵ خۆدا، قسەکردنێکى بێدەنگ و ڕۆچوون لەگەڵ زەینى خۆتدا. همفری دەڵێت: “مەنەلۆگ گەڕان و باسکردنە لە هەریەک لە ئاستەکانى هەست و نەستدا” (مەجید:50). وەک تەکنیک “مەنەلۆگ بە یەکێک لە کۆنترین فۆڕمەکانى گوزارشتى ئەدەبى دادەنرێت”. (هەمان سەرچاوە:41). هەر بۆیەشە ئەگەر چاوێک بخشێنین بە گێڕانەوەى نوێدا بە تایبەت چیرۆک، لە هەمووان زێدەتر ئەم تەکنیکە بەکار هاتووە. هەڵبەتە مەنەلۆگ وەک تەکنیک لەلایەن ڕەخنەگرانەوە بە دوو جۆرى سەرەکى دیاریکراوە:

_ مەنەلۆگى ڕاستەوخۆ

_ مەنەلۆگى ناڕاستەوخۆ

 مەنەلۆگى ڕاستەوخۆ، ئەو دەربڕینانەن لە زەینى کارەکتەر لە بارى بەئاگابووندا بێ دەنگ و  بە شاراوەیى دەریان دەبڕێت. یان جۆرێکى گێڕانەوەیە، گرنگى و بایەخ بە دەستتێوەردانى نووسەر نادات، وا دادەنێت کە گوێگرێکیش لە ئارادا نییە. واتا ئەوەى لە زەینی کارەکتەردا هەیە ڕاستەوخۆ بەبێ دەستتێوەردانى نووسەر دەگاتە خوێنەر. “ئەم جۆرە لە تەکنیک گۆشەنیگاى کەسى یەکەمى تاکى (من_ م) دەگێڕێتەوە (مەستور:66.2014). لە (رۆبەرت همفری)یەوە بۆمان دەردەکەوێت، “مەنەلۆگى ڕاستەقینەى ناوەخۆ ئەوەیە، کە ئەو شتانەى لە ناخى قارەماندا دەگوترێن نەگەیشتبنە ڕادەى ئەو پێگەیشتنەى بوو بن بە قسە و بتوانرێت بە زمان دەر ببڕدێن، واتە لە ناخدا لە پلەى پێش قسەکردندا بن” (عارف:115.2011).

زۆر جار ئەوەندە بە گرنگییەوە لە مەنەلۆگ ڕوواندراوە وەک ئەوەى خودى شەپۆلى هۆش بێت، یاخود دیارترین و بەکارهاتووترین تەکنیک بێت لە شەپۆلى هۆشدا. “شەپۆلى هۆش دەتوانین مەنەلۆجى ناوکییشى پێ بڵێین، تێیدا کاراکتەر بەبێ بەربەست و بژار و سانسۆر قسەى  دڵى خۆى دەکات، بەبێ ئەوەى گوێ بداتە ئەوەى کەسێک هەیە، گوێى بۆ ڕادەدێرێت یان نا”. (حەسەن:17/1/2023).

هەرچى مەنەلۆگى ناڕاستەوخۆیە، لە وشەى ناڕاستەوخۆکەدا دیارە، لەوەیە هەست بە بوونێکى دیکە بکرێت لە نێوان کارەکتەر و خوێنەر. ئەمەیان جۆرێکى قسەکردنە لەگەڵ خۆدا، کە تێیدا هەست بە گێڕەرەوەى هەمووشتزان دەکرێت. بە جۆرێکى دیکە، لەم جۆرە مەنەلۆگەدا “خوێنەر بە بەردەوامى هەست بە بوونى نووسەر دەکات لە کاتى خۆ تێکەڵکردن لە زەینى کارەکتەر و خوێنەردا” (مەجید:2021:53). واتە بە پێچەوانەى مەنەلۆگى ڕاستەوخۆ، لێروکانى دەرک بەوە دەکەیت لە نێوان خوێنەر و کارەکتەر (ڕۆماننووس) بوونى هەیە. لەکاتێکدا لە مەنەلۆگى ڕاستەوخۆ، زانیارییەکان ڕاستەوخۆ لە (زەینى کارەکتەر) دەچێت بۆ زەینى (خوێنەر).

لە لایەکى دیکەوە گۆشەنیگاى ئەم مەنەلۆگە لە ڕێگەى “جێناوى کەسی دووەم وسێییەمى نادیارى (ئەو_ ی)” دەگێڕدرێتەوە(عبدولقادر:37.2021). (ڕۆبەت همفرى) وا باسى لێوە دەکات: “ئەو جۆرە مەنەلۆگەیە کە لە برى ڕاناوەى کەسى یەکەم، ڕاناوى کەسى دووەم و سێیەمى تێدا بەکار دەهێندرێت. واتە بەپێچەوانەى ڕاستەوخۆوە، ئەمیان ئەو ئیحایە دەدات بە خوێنەر، کە خۆشى و نووسەریش  لە کایەدان. جگە لەوەى وەسفکردن و لێکدانەوەى پەیوەندى نێوان شتەکان یەکێتییان و هۆیەکانیان و هەستکردن بە واقیع تیایاندا بەکار دەهێرێت” (عارف:148.2021). لەگەڵ ئەوەشدا خوێنەر بەر کۆمەڵێک دەربڕین دەکەوێت، کارئاسانى و هاوکاریی خوێنەر دەکات تا دەرک بە گێڕانەوەی مەنەلۆگى ناڕاستەوخۆ بکات، لەوانە: (لە دڵى خۆیدا گوتى و بیرى لەوە دەکردەوە).

ئەگەرچى (کاروان کاکەسوور) لەم ڕۆمانەیدا پتر تەکنیکى فلاشباکى بەکار هێناوە، وەلێ سەرباری ئەوەش توانیویەتى سوود لە تەکنیکەکانى دیکەى شەپۆلى هۆش وەربگرێت و بە کاریان بهێنێت. تەکنیکى مەنەلۆگ بە هەردوو جۆرەکەى بە کار هاتووە، بەپێى ئەو پێوەرەى بۆ تەکنیکەکە ڕوون بۆتەوە. لە ڕۆمانى (ئاى لەڤیلیا لەڤیلیا..؟!) بەر چەندین بڕگە و دەربڕینى زیندوو دەکەوین، کە تەکنیکى مەنەلۆگن. لێرەدا بەپێى ئەو باسەى بۆ مەنەلۆگ خراوەتە ڕوو، چەند نموونەیەک بۆ ئەم توێژنەوەیە نیشان دەدەین:

“سەرنجى کەوتە سەر کەمانجە سپیەکەى سەر مێزە ڕەش و شەقوشڕەکەوە و بە ئەسپایى لێى نزیککەوتەوە.. وەکوو مناڵ کردیە باوەشى و دەستى کرد بە گریان.. بیرى لەوە دەکردەوە چۆن و بە چ شێوەیەک هەواڵى لەبارچوونى مناڵەکەى پێ بگەیەنێت و چۆن باسى پاڵە قایمەکەى (نازەنین خان) و  کەوتن و بوورانەوەکەى خۆى بۆ بکات..” (کاکەسوور:12.2000).

ئەگەر ورد بینەوە دەبینین مەنەلۆگ لێرەدا لە جۆرى ناڕاستەوخۆیە، واتە خوێنەر دەزانێت دەنگێک هەیە لە پشتى کارەکتەرەوە، بە واتایەکى دیکە جێناوى کەسى سێییەم لێرە بە کار هاتووە، کاتێک نووسراوە (وەکوو مناڵ کردیە باوەشى و دەستى کرد بە گریان.. بیرى لەوە دەکردەوە) بێگومان ڕوون دەبێتەوە کە کەسى سێییەمە دەپەیڤێت. لە لایەکى دیکەوە بە بوونى (بیرى لەوە دەکردەوە) دەزانین کەسێک دەیەوێت باسى ناوەوەى کەسێکى دیکەمان بۆ بکات. ئەمەش جگە لە حیکایەتخوان/ڕۆماننووس کەسى دیکە نییە.

“بیرى لەوە دەکردەوە بەیانى لە شاردا هەواڵى کوشتنى دایکێک بە دەستى کچە هەرزەکارەکەى خۆى بڵاودەبێتەوە و خێرایى ئەم زار و ئەو زار دەکات. ئەژنۆى دەلەرزى و ترس ئابڵووقەى دەدا..” (کاکەسوور:74.2000).

        یاخود لە هەمان لاپەڕەدا هاتووە:

“وێنەکەى خستە ژێر لێفەکەوە و بیرى لەو کورتەچیرۆکەى خاڵى کردەوە، کە لەگەڵ کۆمەڵەیەکى تردا لە کتێبێکى بەرگ ڕەشوسپیدا چاپى کردووە و ئەم جار خوێندوویەتیەوە..کوڕیکە و دەیەوێت دەزگیرانە ناپاکەکەى خۆى بکوژێت، کەچى چەند دەکات و دەکۆشێت، دەستى تێى ناچێت و چەقۆکەى بۆ بەرزناکرێتەوە..” (کاکەسوور:74.2000).

یان:

“لە دڵى خۆیدا دەڵێت: (چۆن دڵمدێت ئازیزترین کەسى خۆم بکوژم و دەستى بە خوێنى سوورکەم..؟! نا.. نا.. مەحاڵە ئەوە بکەم.. ئەگەرچى ناپاکیشى لەگەڵدا کردووم بەڵام من و کوشتنیان نەوتووە)” (کاکەسوور:74.2000).

ئەگەر ورد سەرنجى ئەو لاپەڕەیە بدەین، دەرک بە هەردوو جۆرى مەنەلۆگ دەکەین، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ. نووسەر بە وریایییەوە مامەڵەى لەگەڵ ئەو تەکنیکەدا کردووە و لە ڕێگەیەوە ناخى کارەکتەرەکەمان بۆ کەشف دەکات. ئەمەش کاتێک ڕوونتر دەبێتەوە، کە دێتە سەر باسى بیرکردنەوە لە چیرۆکى کوشتى دەستگیرانە ناپاکەکە و کوشتنى ئازیزترین کەسى خۆى. لە یەکەمدا کەسى سێییەم (ئەو) قسە دەکات و لە دووەمیشدا کەسى یەکەم (من) دەپەیڤێت.

“لچێکى هەڵقورتاند و سەیرێکى کتێب و دەفتەرەکانى دەکرد، کە لە جانتاکەوە هاتبووە دەرێ و بەو ناوەدا بڵاوبووبوونەوە.. بیرى لەوە کردەوە بگەرێتەوە قوتابخانە و تەختەسڕەکە لەگەڵ خۆیدا بێنێتەوە.. شەو بیخاتە سەر سنگى، یان نێوان هەردوو ڕانى و بچیتە خەیاڵى قوول قوولەوە..” (کاکەسوور:189.2000).

تەکنیکى مەنەلۆگ دەیەوێت بە شاراوەیى و بە بێدەنگی، هەموو ئەو وشە و ڕستانەى ناو زەینى کاراکتەر، کە لە دۆخى بەئاگابووندایە بخاتە ڕوو، تاکو پڕۆسەی گفتوگۆ خودییەکە بە تەواوەتى نیشان بدات. لەم بڕگە وەرگیراوەى (ئای لەڤیلیا لەڤیلیا)دا دووبارە خوێنەر بەر دەربڕینى (بیرى لەوە کردەوە) دەکەوێت، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ تەکنیکى مەنەلۆگ بە شێوەى ناڕاستەوخۆ، کاتێک دەپرسین کێ بیرى دەکردەوە، بێگومان دەبێت بڵێین (ئەو) بیرى دەکردەوە. ئەمەش ماناى وایە نووسەر لە بەکارهینانى ئەم تەکنیکەدا سەرکەوتوو بووە و توانیویەتى مەنەلۆگ بە هەردوو جۆرەکەى لەو ڕۆمانەیدا بەرجەستە بکات.

“ژنەکەى لە حەژمەتى مەرگى تاقە براکەیدا شێت بووە و وا بە زنجیرێکى سپی لە ژوورە تاریکەکەدا بەستوویانەتەوە.. بیرى لەوە دەکردەوە بەیانى هەرکە ڕۆژبووەوە و هەموویان لە خەو هەستان، لەجیاتى قوتابخانە بچێت بۆ (ستۆدیۆى ئەربیل) و بەبێ پرسى دایکى بانگێشتى ماڵى خۆیانى بکات.. پر بە دڵ حەزى دەکرد دایکى شووی پێبکات و ببێت بە باوکى….” (کاکەسوور:76/77. 2000) .

نووسەر بە بەکارهێنانى ئەم تەکنیکە قووڵاییی ناخى کارەکتەرەکان و ئەوانیش، ئازاد و بەبێ هیچ گرێوگۆڵێک ئەوەى لە ناخیاندا هەیە لە ڕێگەی مەنەلۆگەوە دەردەبڕن. لێرەدا کارەکتەر دەیەوێت بەم تەکنیکە بمانباتەوە سەرەتاى دروستبوونى ئەو پەیوەندییەى کە لە نێوان دایکى و (سیامەند) لە لایەک، شێتبوونى ژنەکەى (سیامەند) بە هۆى مەرگى تاقەبراکەیەوە لە لایەکى دیکەوە هەیە.

٢. ٣. ٤: تەکنیکى فلاشباک (Flash back)

فلاشباک تەکنیکێکى نوێ نییە و مێژوویەکى دوورودرێژى هەیە لە دنیاى گێڕانەوەدا، هەر لە چیرۆک و ڕۆمان بگرە تا دەگاتە دەقێکى شیعری. هەر ئەم مێژووەشە کارئاسانیمان بۆ دەکات تا دەستمان بگات بەوەى کە فلاشباک لە هەریەکە لە داستانى (ئەلیادە)ى (هۆمیرۆس)ەوە، تا دەگاتە شیعرى (دەنگى پێى ئاو)ى (سوهراب سپهری) ڕەنگى داوەتەوە (کەسنەزانى:72.2021). “بەڵام وەکو زاراوە، زاراوەیەکى نوێیە و بۆ یەکەم جار لە هونەرى سینەمادا بەکار هێنراوە” (مەجید:63.2021).

فلاشباک وەستانى زەمەنى گێڕانەوەیە لە ساتى ئێستایدا و گەڕانەوەیە بۆ دەسپێکى ڕووداوێک لە ڕابردوودا، یان پێشکەشکردنى زانیارییە لەسەر خودى ڕووداوەکە و کەسەکان. “حیکایەتخوان، زەمەنى بەرەوپیشچوونى ئیستاى گێڕانەوەکان ڕادەگرێت و دەگەڕێتەوە بۆ ناو زەمەنى ڕابردوو، بۆ ئەوەى ڕووداوێک یان کۆمەڵێک زانیاری سەبارەت بە ڕووداو و کەس و شوێنەکان، کە پێش ئێستاى گێڕانەوە دەکەون، پێشکەش بکات” (هەمان سەرچاوە:64).

فلاشباک وا وێنا دەکرێت هێنانەپێشچاوە، واتە ڕووداوێک لە ڕابردوو ڕووی داوە و وەگێڕ لە ڕێگەى ئەم تەکنیکەوە دەیگێڕێتەوە، کە جیاوازیی نییە لەگەڵ ئەوەى ڕووداوێک لە ڕابردوو ڕووی داوە و دەیهێنیتەوە بەرچاوی خۆت. “فلاشباک هیچ جیاوەازییەکى لەگەڵ هێنانە پێش چاودا نییە، بەڵکوو هەردووکیان هەر یەک تەکنیکن” (لبنا:52.2009).

فلاشباک هاوشێوەى زۆرێک لە تەکنیکەکانى دیکە، زیاتر لە یەک شێوە دەرکەوتنى هەیە و بە ڕێگەى جودا نووسەر سوود لەم تەکنیکە وەردەگرێت. ئەمەش بە شێوازى خۆتێهەڵقورتاندنى نووسەر لە لایەک و سەربەستکردنى کارەکتەرى ناو دەقەکە لە لایەکى دیکە، دەبێت. “نووسەر ڕاستەوخۆ خۆى یان لە ڕێى بیرکردنەوەى کارەکتەرەکانەوە بەسەرهاتێک لە ڕابردووە دەهێنێت و پێشکەشى دەکات” (مەجید:65.2021). لەگەڵ ئەوەشدا جیاوازى هەیە لە ڕۆمانى نوێ بە بەراورد لەگەڵ ڕۆمانى کلاسیک. لەوێدا زۆربەى کات گێڕانەوە بە تەکنیکى فلاشباک تەقلیدییە و ڕووداوەکان زنجیرەیى بە دواى یەکدا دێن تا خاڵى کۆتا، بەڵام لە ڕۆمانى نوێدا جۆرێکى دیکەیە، بە شێوەیەک بەو سادەیییە نامێنێت و توشى ئاڵۆزى دەبێت. بە تایبەت لە ڕووى کاتەوە خوێنەر هەست دەکات کات تێکشکاوە و هەڵوەشاوەتەوە.

بۆیە دەتوانرێت بگوترێت فلاشباک لە شەپۆلى هۆشدا ئاڵۆزە و تەکنیکى سادە نییە، زمان تێدا ڕوون نییە و خوێنەر ماندوو دەکات. “فلاشباک لە ڕۆمانى شەپۆلى هۆشدا ئاڵۆزى و ئاوێتەکارى و بگرە نا ڕوونى زمانەوانى لێ دەکەوێتەوە و خوێنەر جەنجاڵ و ماندوو دەکات، کە ئەمەش خۆى بۆ خۆى یەکێکە لە ئامانجەکانى ڕۆمانى نوێ، کە پێى وایە دەبێت خوێنەر سەبارەت بە ڕوانینى بۆ ڕووداوەکان و زنجیرەى گێرانەوە چالاک بکرێت” (هەمان سەرچاوە:69).

بێگومان ئەم تەکنیکەش هاوشێوەى ئەوانى دیکە، جگە لەوانەى لە سەرەوە ئاماژەمان بۆیان کرد، هەندێک سیما و ناسینەوەى هەیە، کە لە شەپۆلى هۆشدا فلاشباکى پێ دەناسرێتەوە و خوێنەرى هۆشیار دەرک بەوە دەکات ئاخۆ نووسەر بۆ گێڕانەوەى ڕۆمانەکەى، یان چیرۆکەکەى چ تەکنیکێکى بەکار هێناوە، لەوانە: (پێش ئێستا، ماوەیەک لەمەو پێش، فیسار بە بیریدا هات و فلان ڕۆژانێکى کەوتەوە یاد) یان هەبوون و ئاماژە بۆ ساڵ، وەک: (سەرەتاى ساڵى 1990 بوو، ساڵى 1980 و پێش دوو ساڵ) بەکار هێنراون.

لە ڕۆمانى (ئاى لەڤیلیا لەڤیلیا..؟!) فلاشباک ڕووبەرێکى زۆرى داگیر کردووە و وەک تەکنیکێکى سەرەکى دەبیندرێت. بێگومان ئەمەش پشت بە شەپۆلەکانى هزرى کارەکتەر دەبەستێت و دەیەوێت لە ڕێگەى ناوەوەى کارەکتەرەکە شتمان پێ بڵێت، هەر لە دەسپێکى ڕۆمانەکەدا هاتووە:

“(مەهاباد)ى (نەخشە خان) هەرچەند دەچێتە ئەو ژوورەى ئازووقە و لە بنمیچ و دیوارەکانى دەڕوانێت، ئێوارە تەمومژاویەکەى چەند ساڵ لەمەوبەرى بیردەکەوێتەوە و دەچێتە خەیاڵى قووڵ قووڵەوە، کە تیایدا (نەوال جابر)ى گۆرانیبێژ بە دزیی خەڵکەوە دوانە لەیەکچووەکەى بوو و دایکى بە پەڕۆى سپیى نەرمى وەکوو سەرتوێژى گامێش پێچاینى.. ئەوسا (مەهاباد) دەستى ڕاستى خستبووە سەر دڵیەوە و بیرى دەکردەوە: ئاخۆ لەم دووانە کامیان زیندەبەچاڵ دەکرێت و کامیان دەمێنێتەوە..؟!” (کاکەسوور:9.2000).

 ئاشکرایە ئەوە سەرەتاى ڕۆمانەکەیە و گومان ناهێڵێتەوە لەوەى ئەم خاڵە گەڕانەوەیە بۆ ڕابردوو، بە هۆى چوونى مەهاباد بۆ ژوورى ئازووقە، کە وا دەردەکەوێت دەلالەت بێت لە بیرهاتنەوەى ڕۆژانى زووى ئەو، وا دەکات خەیاڵ بیباتەوە بۆ بەقوربانیبوونى یەکێک لە دوانەکان. دەبینین نووسەر ئەتمۆسفێرى ئەو ژوورەی وەک بەهانەیەک بەکار هێناوە بۆ ئەوەى زەمەنى ڕووداو بباتەوە بۆ ڕۆژگارى پێشوو لە ڕێگەى تەکنیکى فلاشباکەوە.

“کاتێ هاتەوە ماڵەوەش و لە بەرامبەر پەنجەرەکەدا وەستا، دەستەکانى لەملا و لەولاوە گرت بە قژیەوە و بەدەم ئاخ و هەناسەهەڵکێشانەوە سەیرى ناو حەوشەکەیانى کرد.. جارێکیان لە خەونیدا سەرى بە تەڕیى خستبووە سەر سنگى (مامۆستا هاوار) و ئەویش پەنجەکانى خستبووە قژیەوە.. جار جار بە سووکى دەیچپاندە گوێچکەى چەپیەوە و پێى دەوت:

-دەڵێى چى ئەو قژە ڕەش و خاوەت بە فرمێسکەکانم بتوێنمەوە و لە شوێنیا بە خەونەکانم پەلکەزێرینەیەکت بۆ سازکەم..؟!

ئەمە قسەى ئەو کوڕە کوردە چاوسەوزە بوو و رێک لەسەر نەغمەى ئەویش دەیوتەوە، کە ماڵیان لەسەرى کۆڵانەکەى خۆیان بوو و ئەو جارە لەسەر ڕێگاى قوتابخانە واى پێ وت.. سەرى هەڵبڕى و سەیرى چاوەکانى (مامۆستا هاوار)ى کرد، رێک لە چاوە سەوزەکانى ئەو دەچوون و بە موو جیاوازییان نەبوو..” (کاکەسوور:14.2000)

لێرەدا حیکایەتخوان لە ڕێگەى فلاشباکەوە وێنایەکمان بۆ دەنەخشێنێت، کە دەستبەرداربوونە لە ئێستاى گێڕانەوە بە شێوەیەکى کاتى و هێنانى وێنەیەکى ڕابردووە بۆ ئێستاى گێڕانەوە. هەڵبەتە ئەم گەڕانەوەیەش دەبێتە مایەى لێکدانەوەى ئەو ڕووداوەى بەر باس دراوە، بە لایەنى کەم ئاخۆ دەبێت حیکایەتخوان چ هەستێکى هەبووبێت کاتێ کوڕە چاوسەوزەکەى بینیوە. 

“ئەو ئێوارەیەشى بیرکەوتەوە و دڵى داچڵەکى، کە قوڕگى دەیەشا و دایکى بردى بۆ لاى (دکتۆر فازیل)ى ئامۆزاى خۆى.. ئەو ڕۆژەش داکى بۆ یەکەمجار دواى مردنى باوکى کراسە ڕەشە گوڵسپیەکەى فڕێدا و دانەیەکى سپى گوڵڕەشى لەبەرکرد..” (کاکەسوور:72.2000).

فلاشباک کە لە ڕێى ناوەوەى کارەکتەرەکانەوە نیشان دەدرێت، وەک پڕۆسەیەکى قووڵ و ئاڵۆز دەردەکەوێت. تەماشا دەکەین بە هۆى بیرکەوتنەوەى ئەو ئێوارەیە، خوێنەر تووشى دۆخێکى جودا دەبێت، بەوەى زەمەنى ئێستاى حیکایەتخوان دۆخێکى بێتاقەتى و خەماوییە، کەچى کاتێک ئاراستەی گێڕانەوە دەچێتەوە ڕابردوو، بە هۆى پەیوەندیی نێوان دایکى (نەوال) لەگەڵ (سیامەند)دا، خوێنەر هەست بە ئەوینێکى شاراوە دەکات. پێ بە پێ لەگەڵ دایکى (نەوال) دەچێتە ناو (ستۆدیۆى ئەربیل) و وێناى ئەو دەستبازییە دەکات، کە لە نێوانیاندا ڕوو دەدات. 

“(سەلیمە) دەواییش هەمیشە باسى ئەو ڕۆژەى بۆ دەکرد و بیرى ئەمى دەخستەوە، کە بۆ یەکەمجار لە ماڵى (شازە)دا چاوى پێیکەوت و تێر تێر بۆى گریا، کەچى هەرچەند (نەوال) داواى لێدەکرد و لێى دەپارایەوە، هۆى گریانەکەى پێبڵیت و لەو مەراقە دەربازى بکات.. ئەو ڕازیى نەدەیوو” (کاکەسوور:100.2000).

یان لە هەمان لاپەڕەدا هاتووە:

“(نەوال) هەرچەند سەیرى دەکردن و لێیان ورد دەبووەوە، ئەو ناڵبەندە ڕەشپۆشانەى بیردەکەوتەوە و دەچووە خەیاڵى قووڵ قوولەوە، کە جارێکیان بینینى قاچى ئەسپە سپییە ناوچەوانڕەشەکەیان ناڵکرد و دواییش نەرم نەرم غاریان پێدا.. ئەمە ئەوجارە بوو کە (شازە) لە حەمامە کەمێ تاریکەکەدا شتى و (سیامەند) لەگەل خۆیدا بردى بۆ ناو ئەو جامبازانەى، جلى ڕەشیان لەبەر و جەزمەى سپیی درێژیان لە پێدەکرد.. بردى و لەسەر ئەسپى ڕەشى پیاوە سپیپۆشەکە وێنەى گرت..” (کاکەسوو101.2000).

دەبینین لە هەردوو پەڕەگرافەکەدا نووسەر لێزانانە زەمەنى گێڕانەوەى ڕاگرتووە و گەڕاوەتەوە بۆ چیرۆکێک کە پیشووتر ڕووی داوە و لە ڕێگەى بیرهێنانەوە لەسەر زارى وەگێڕ بۆ ئێمەى گێڕاوەتەوە.

“ئەو ڕۆژەش هەرچەند سەیرى پەنجە بچکۆلە و ئێجگار باریکەکانى (شەماڵ) و (شارا)ى دەکرد و لە بینۆکە زۆر زۆر سپیەکانیان ورددەبووەوە، کە لە ژێر دەسرازە سپییەکاندا هاتبوونە دەرێ و لەودیوى کوللە شەفافەکاندا جوان جوان دیاربوون، سەنووقە فیشەک و سەربازەکانى بیردەکەوتەوە و خەیاڵى بەملا و بەولادا دەڕۆیشت..” (کاکەسوور:228.2000).

 وەک دیارە لێروکانەشدا نووسەر پەنجە وردیلەکانى ژێر دەسرازەى (شەماڵ) و (شارا)ى کردۆتە بەهانەیەک تا لەوێوە زەمەنى ئێستامان بۆ ڕاگرێت و بگەڕێتەوە ڕابردوو لە ڕێگەى فلاشباکەوە، کە وێناى جەنگ و سەرباز و فیشەکەکانمان بۆ دەکێشێت.

“هەر جارێکیش بچێتە گۆڕەپانەکەى ئەوبەرى ماڵیان و سەرنج لە خاکوخۆڵەکەى بدات، کە جارێکیان لەوێدا دوو پیاوى سپیپۆش ورچێکى ڕەشى سەماکەریان بە پارە پیشانى خەڵک دەدا و ئێوارانیش قازە گۆشتنەکانى گۆمەکەى ئەولا خۆیان لێ وشکدەکەنەوە، نیوەڕۆ کەمێ گەرمەکەى ئەو بەهارەى بیردەکەوێتەوەوە  دەچێتە خەیاڵى قووڵ قووڵەوە، کاتێ تەرمى (ئەم) و هى (نەخشە)ى دایکى و دوو پیاوە ناپاکەکەیان لێ فڕێدابوو و تا شەویش هەر لەوێیان هێشتنەوە.. چیرۆکێکە و هەموو کەسێ دەیزانێت: (نەوال)ى گۆرانیبێژ، دایکى دوانەیەکى لەیەکچوو، سەرپیچیى لە یاساى ژمارە (یەک)ى ساڵى (چوار)ى (کوردى) کرد و دەستەى ژمارە (هەزارونۆسەدونەوەدونۆ)ى… (حەسەن خوداداد) بوو”. (کاکەسوور:498.2000).

لە پەڕەگرافى کۆتایی، بە هەمان شێوەى دەستپێکى ڕۆمانەکە، لە ڕێگەى فلاشباکەوە دەمانگەڕێنێتەوە کۆتاییی یەکەم ڕووداوى ئەم ڕۆمانە و چارەنووسى دوانەکەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، (بڕوانە تەواوى پەڕەگرافى کۆتاییی ڕۆمانەکە).

٣. ٣. ٤: تەکنیکى خۆدواندن (Soliloquy)

خۆدواندن یەکێکى دیکەیە لە تەکنیکەکانى شەپۆلى هۆش، کە لە ڕێگەى خۆدواندن (ئاخاوتن)دا پێشەکەش دەکرێت. “خۆدواندن پڕۆسەى گواستنەوەى ناواخنى کێشە و گرفتە دەروونییەکانى کارەکتەرە، کە بە هۆى فشارى دەرەکى قەیرانەکانى ئەو کۆمەڵگەوە دروست دەبێت کە کارەکتەرەکە تێیدا دەژی و دەبێتە هۆکارى پچڕانى پەیوەندییەکانى لەگەڵ دەرەوەى خۆیدا. حیکایەتخوان وەکو خۆى بێ دەست تێوەردان ئەم ناواخنە بۆ خوێنەر دەگوێزرێتەوە” (ئەڵوەنى:166.2017).

مەبەست لە خۆدواندن گفتوگۆکردنى تاکە لەگەڵ خۆیاندا، یان “خۆدواندن ئەوەیە کە کارەکتەر بە دەنگێکى بەرز دەریان دەبڕێت بێ ئەوەى گوێ بەوە بدات کە کەسانێک لەدەوروبەرى هەن، وەک: منداڵێک کاتێک گەمە لەگەڵ بووکەڵەکەى دەکات بێ ئەوەى گرنگى بەوە بدات کە لە نزیک دایک و باوکیەوەیە و گوێیان لە قسەکانى دەبێت” (محەمەد:219.2023). “خۆدواندن: تەکنیکێکە تەنیا بۆ چیرۆک و ڕۆمان دروستکراوە، بەڵام وەک هەبوون لە ژیانى ڕۆژانەماندا، لەگەڵ خۆقسەکردنى پیرەژن و پیرەمێرد و منداڵ و قسەکردن لەسەر گۆڕى ئازیزان و قسەکردن لەگەڵ خوادا بوونى هەیە” (مەجید:54.2021). هەروەها “خۆدواندن لە هەموو شێوەکانى دیکەى گفتوگۆى ناوەوە ڕێکوپێک و پێکەوەگرێدراوترە، چونکە لە ئاگاییەوە نزیکترە” (سەعید:123.2010). بۆیەشە وتراوە “زمانى خۆدواندن نزیکە لە زمانى دیالۆگەوە” (مەجید:55.2021). بێگومان ئەم تەکنیکەش مێژوویەکى دوورى هەیە و دەگەڕێتەوە پێش سەرهەڵدانى ڕۆمانى نوێ. خۆدواندن “لە هونەرى شانۆوە هاتۆتە ناو ئەدەبیاتى گێرانەوە، بە تایبەتیش شانۆى سەردەمى ئەلیزابێسى” (عبدولقادر:36.2021).

کەواتە خۆدواندن، پەیڤگەلێکى ناخى کەسەکانە لە چوارچێوەى ڕۆماندا. “بە ڕاى هەندێک لە ڕەخنەگران و لێکۆڵەرانى بوارى ڕەخنە و تیۆرى ڕۆمان، خۆدواندن بەشێکە لە مەنەلۆگ و جیاوازیی خۆدواندن لەگەڵ مەنەلۆگ ئەوەیە، کە لە خۆدواندندا کارەکتەرى چیرۆک بە دەنگى بەرز بۆ گوێگرێک، دوێندراوێک قسە دەکات و ئەو قسانەى کارەکتەر لە مەنەلۆگدا دەیان کات گوێگر و دوێندراوى نییە و مەبەستى خۆدواندن گەیاندنى سۆز و بیرى پەیوەست بە چنین و کارى هونەرییە لە کاتێکدا مەنەلۆگ پێش هەموو شتێک گەیاندنى ناسنامەى زەینییە” (هەمان سەرچاوە:38).

لەگەڵ ئەوەشدا بۆچوونى جوداتر هەیە لەوەى بەردەستە لەبارەى تەکنیکى خۆدواندان “تەکنیکێکە تێیدا پێکهاتە و کردەى زەینى بەڕاستەوخۆیى لە کارەکتەرەوە و بەبێ ئامادەبوونى گێڕەرەوە، بەڵام بە گریمانەى هەبوونى جەماوەر بە بێدەنگى دەخرێتە ڕوو، لەگەڵ خۆقسەکردنێکە کارەکتەر هەست و بیرى خۆى بە دەنگهەڵبڕین دەردەبڕیت. کەواتە دەدوێت بۆ ئەوەى گوێگر لە مەبەستەکانى بگات، خۆدواندن ئەوەى هەیە دەیخاتەڕوو، بەڵام مەنەلۆگ خوێنەر بۆ ناو زەینى خۆى ڕادەکێشێت، واتە: ئەم خۆدواندنە پێچەوانەى مەنەلۆگە” (هەمان سەرچاوە:37).

خۆدواندنیش وەک تەکنیکەکانى دیکە، کۆمەڵێک دەستەواژەى ناسراوى هەیە بۆ ئەوەی سانا و بێئەزیەت لە ڕۆمانێکدا بناسرێتەوە، لەوانە: (لەژێر لێویەوە گوتى، لە دەمى هاتەدەر، بە خۆمم گوتەوە، قسەکردن لەسەر گۆڕ، قسەکردن بۆ ئاوێنەى حەمام و وڕێنەکردن بەدەم ڕێگەوە).

ڕۆماننووس ناچار نییە و سەربەستە لە بەکارهێنانى تەکنیکەکانى شەپۆلى هۆش و دەتوانێ هەموویان بە کار نەهێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا (کاروان کاکەسوور) بە وریایییەوە کارى لە شەپۆلى هۆشدا کردووە و ویستوویەتى لە ڕۆمانەکەیدا زۆربەى تەکنیکەکان ڕەنگەوان بکات و دەرکەون، ئەوەشى کردووە. تەکنیکى خۆدواندن وەک دوو تەکنیکەکەى دیکە لە ڕۆمانى (ئاى لەڤیلیا لەڤیلیا..؟!)دا ڕەنگى داوەتەوە:

“کاتێ لە حەمامەکە جامە سپیەکەى هەڵگرت و خستیە ناو مەنجەڵە ڕەشەکەى سەر پرێمزە سپیەکەوە، تا چۆڕێ ئاو بکات بە قاچەکانیدا و بزانێت گەرم بووە، هەناسەیەکى قووڵى هەڵکیشا و بە خۆى وت: (باشتر لێرە گریام و لەوێ لەبەر چاوى (مامۆستا هاوار)ى مێردى (ڕازیە خان)…….) ئینجا (سەوسەن)ى هاوڕێى بیر کەوتەوە” (کاکەسوور:13.2000).

لەو پەڕەگرافەدا خوێنەر ئاسان بۆى دەرکەوتووە، کە تەکنیکى خۆدوان بەکار هاتووە کاتێک دەڵێت (بە خۆى وت) ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کارەکتەر لەگەڵ خۆیدا قسە دەکات. هەروەها دیارە نووسەر ئامادەکاریی بۆ ئەوە کردووە، کە کارەکتەر خۆدواندن ئەنجام بدات بۆ ئەوەى کۆژان و نائارامیی ناواخنى خۆى بەیان بکات.

“هەرچۆنێ بوو ئەو هەستەى خۆى بەدرۆخستەوە و ئۆباڵەکەى خستە ئەستۆى خەنەکەیەوە. هەناسەکى قووڵى هەلکیشا و بە خۆى وت: (ئەمە تەنها شتێکى کاتییە و نامێنیت.. (مامۆستا هاوار) وەکوو براى گەورەم وایە و …..)…” (کاکەسوور:16.2000).

دەبینین لەم خۆدواندنەدا دەربڕینەکان پتر بە ئاگایییەوە وتراون و دەرخەرى ئەو ڕاستییەن، زمانى خۆدواندن نزیکە لە زمانى دیالۆگەوە. نەویستراوە تەنیا بۆ بەکارهێنانى تەکنیکێک زیادەگۆیى بە قسەکاندا هەبێت. بۆیە نووسەر لەم تەکنیکەشدا تەواو سەرکەتوو بووە.

“کە هەستى دەکرد هێشتا مناڵە و تواناى کوشتنى نییە.. پەنجەکانى خۆى دەنووشتاندنەوە و ڕق و بێزاریەوە دەیوت: (من هیشتا هەر مناڵە داماو و بێدەسەڵاتەکەى جارانم.. کاتێ دەتوانم بڵێم گەورەم، کە تواناى کوشتنى خۆم، یان کەسێکى ترم هەبێت.. ئێستا لە مشکێکى ترساو و زارەترەک زیاتر، هیچى تر نییم)” (کاکەسوور:74.2000).

لە خۆدواندندا قسەکەرى تاک دەردەکەوێت و شێوە دیالۆگێک لەگەڵ خۆیدا دروست دەکات. هەر لەم بڕگەیەى سەرەوە بە هۆى بەکارهێنانى دۆخێکى نالەبارى دەروونییەوە ناچار بوو کارەکتەر ڕووى قسەکانى لە خۆى بکات و بە خۆى بڵێت (من هێشتا هەر مناڵە…) تەماشا دەکەیت لەم جۆرە دەربڕینەدا کە دیالۆگى دەنوێنێت، پرسیار و وەڵام دروست دەبێت، هەمووشى تاکەکەسێکە لە ڕێگەى تەکنیکى خۆدواندنەوە ئەنجامى دەدات.

“کە کەمێ هەراشبوو چاکتر تێگەیشت، دڵنەوایى خۆى دەکرد و دەیوت (وانییە.. وانییە.. چاوەکانم بەڵایان لێ نییە و لە چاوى خەڵکى تر چاکتر شت دەبینن.. ئەى ئەوجارە پیاوە باڵابەرزەکەى هاوڕێى مامە سیامەندم، کە ئێستا… هەر دەم بینێ)کەچى هەرچەند ئەو ڕۆژەى بیردەکەوتەوە و جنێوەکانى (شازە) لە گوێچکەیدا دەنگیان دەدایەوە” (کاکەسوور:105.2000).

دووبارە لێرەشدا خۆدواندنێکى ڕوون هەیە و بە شێوەیەکى پوخت و ڕێک و دیالۆگئاسا، کەسەکە پرسیارى بۆ دروست بووە، ئینجا بیرى کردۆتەوە، دواتر دڵنەواییی خۆى کردووە و بە خۆى گوتووە (وانییە.. وانییە.. چاوەکانم بەڵایان لێ نییە). خۆدواندن لە شەپۆلى هۆشدا گرنگیی تایبەتى هەیە، چونکە دۆخى ناواخنى کارەکتەر نیشان دەدات، لە کاتێکدا شەپۆلى هۆش خۆى نیشاندەرى دۆخى ناواخنی کەسەکانە.

5. دەرئەنجامى توێژینەوە:

لە کۆتاییی ئەم توێژینەوەیە، کە سەرجەم بەڵگەکان خراونەتە ڕوو و نموونە پێویستەکانیش لە کتێبەکەدا وەرگیراوە، دەگەینە ئەم ئەنجامەى بڵێین:

  • لە ڕووى چەمک و زاراوەوە (شەپۆلى هۆش) بە کار دێت بۆ گێڕانەوەیەکى نوێ لە پانتاییی ئەدەبدا، کە ڕەنگی لە بوارە جیاجیاکانى (دەروونناسى، فەلسەفە و ڕەخنەی ئەدەبی) داوەتەوە.
  •  (شەپۆلى هۆش) لە ڕێگەى تەکنیکەکانى تەرکیز دەکاتە سەر دەرخستنى ناوەوەى کارەکتەرەکانى ڕۆمان و چیرۆک بۆ نیشاندانى دۆخە شاراوەکان، هەروەها بۆى گرنگە ئاخۆ ئەوەى گێڕدراوەتەوە چۆن و بە چ شێوەیەک پێشکەش کراوە.
  •  لە نێوان تەکنیکەکاندا نزیکیی زۆر هەیە، ئەمەش ئەگەر خوێنەر زۆر ورد نەبێت تێکەڵبوونى بۆ دروست دەبێت، بە تایبەت لەناو یەک تەکنیک، کاتێک دێتە سەر باسى (ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ)، یاخود لە نێوان دوو تەکنیک، وەک تەکنیکەکانى (مەنەلۆگ و خۆدواندن).
  • وێڕاى ئەوەى لە (ئاى لەڤیلیا لەڤیلیا..!!) شەپۆلى هۆش بە کار هاتووە لێرە و لەوێ، یاخود تەکنیکێک لە تەکنیکەکانى دەرکەوتووە، بەڵام دەکرێت بڵێین ئەم ڕۆمانەى بەردەستمان زۆرترین تەکنیکى تێدا بە کار هاتووە و بە سەرکەتوویى توانراوە بەرجەستەیان بکات و نیشانیان بدات.
  • زیندوویەتیی ئەم ڕۆمانە و پەراوێزخستى، بە تێگەیشنى ئێمە دەگەڕێتەوە سەر دوو هۆکار؛ یەکەم: ئاستى هۆشیاریى خوێنەرەکان و ئاڵۆزیی تەکنیکەکانى گێڕانەوە بە شەپۆلى هۆش. دووەم: لاوازیى ڕەخنەکارانى ئەدەبى کوردى، کە پتر دەورى کارە تەقلیدییەکانیان داوە لەپێناو جەماوەر.

سەرچاوەکان:

سەرچاوەکان بە زمانى کوردی:

 ئەسوەد، نەوزاد ئەحمەد.2011. فەرهەنگى زاراوەى ئەدەبى و ڕەخنەیی، چ1، سلێمانى، چاپخانەى بینایی.

 حەسەن، حەمەسەعید، (2023/5/18)، (17/1/2023).

ڕەمەزانى، محەمەد.2016. هەراوتووڕەیى، ویلیام فۆکنەر، چ1، سەقز، چاپ و بڵاوکردنەوەى گوتار.

زادە، هاشم ئەحمەد.2019. هونەرى داستان، دەیڤد لاج، چ1، بانە، چاپخانەى مانگ.

 سەعید، جەلال.2010. گفتوگۆ لە ڕۆمانى کوردیى کرمانجى خوارودا (1991_2003)، تێزى دکتۆرا، زانکۆى سلێمانى.

صابرـ مسعود خورشید.2014. موستەفا مەستور، بنەماکانى کورتەچیرۆک، چ١، هەولێر، چاپخانەى ڕۆژهەڵات.

عبدولقادر ، نیاز محمود.2021. ئیستاتیکاى شەپۆلى هۆش لە ڕۆمانەکانى (فەرهاد پیرباڵ)دا، نامەى بەکالۆریۆس، زانکۆى گەرمیان، (چاپ نەکراو).

عارف، حسێن.2011. نووسینەکانم لە بارى ڕەخنە و لێکۆڵینەوەدا،چ١، هەولێر، دەزگاى چاپ و بڵاوکردنەوەى ئاراس.

فایەق، دانا.2008. منداڵێک بە دزیەوە کتێ دەخوێنێتەوە، کاروان عومەر کاکەسوور، چ1، سلێمانییە، چاپ و پەخشى سەردەم.

کاکەسوور، کاروان عومەر.2000. ئاى لەڤیلیا لەڤیلیا..؟!، چ1، سلێمانى، چاپ و پەخشى سەردەم.

كەسنەزانى، بوشرا.2012. ئاستانەى سبەینێ، چ١، سلێمانى، دەزگار چاپ و پەخشى سەردەم.

مەنتک، حەمە.2021. ئارکیۆلۆژیاى پۆلێنى ڕۆمانى کوردى، چ١،سلێمانى، دەزگار چاپ و پەخشى سەردەم.

 مەجید، دیار فایەق.2021. شەپۆلى هۆش لە ڕۆمانى کوردیى،چ١، هەولێر، ناوەندى خاک.

 محەمەد، ئامینە.2023. مەنەلۆگ و جۆرەکانى لە کۆمەڵە چیرۆکى (تەنیایى) شێرزار حەسەندا، گۆڤارى ئەکادیمیاى کوردى ژمارە 55.

سەرچاوەکان بە زمانى عەرەبى:

المخيلد، إيمان(2022)، تيار الوعي في رواية لغط موتى ليوسف المحيميد، مجلة الآداب، العدد14.

 بخلیل، سلیم(2011)، تیار الوعی الإرهاصات الأولى للروایة الجديدة، مجلة المخبر، العدد 7.

 ريان، فاطمة(2019)،قراءة لرواية تيار الوعي في لوهز المهز، مجلة المجمع، العدد4.

لبنا، البنا(2009)، الفواعل السردية: دراسة في الرواية الاسلامية المعاصرة، لبنان، عالم الکتب الحدیث.