وێرانه‌خاکی ڕۆشنبیران
سه‌رهه‌ڵدانی بیرۆکه‌ی ناسیۆنالیزم له بنه‌ڕه‌تدا ئاراسته‌یه‌کی سیکیۆلاره، ئایدیایه‌کی پێچه‌وانه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی ئایینییه. ئه‌و کاته‌ی که ئایین بڕبڕه‌ی پشتی شارستانیه‌ته‌کانه، ئایدیای ناسیۆنالیزم ئایدیایه‌کی نادیاره. هه‌ڵبه‌ته نه‌ته‌وه و پێکهاته ئیتنییه‌کان له کۆنه‌وه خودهوشیارییهکی سه‌ره‌تایییان به خۆیان هه‌یه، به‌ڵام دیدی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و دروستکردنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه ته‌وژمێکی فیکرییه که ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به گورزخواردنی دیدی ئایینییه‌وه هه‌یه بۆ دنیا. له خۆرئاوادا ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌بنه پێشه‌نگی ناسیۆنالیزمی نه‌ته‌وه‌کان بریتین له ئیلیت و ئه‌نتلجنسیای نادینی. دروستبوونی ناسیۆنالیزم گرێدراوی هه‌لومه‌رجێکی تازه‌یه که ئایین به هێواشی پاشه‌کشه ده‌کات و زانست ده‌بێته کۆڵه‌که‌ی سه‌ره‌کیی شارستانیەتی.
له دۆخی ناسیۆنالیزمی کوردی‌دا ئه‌م خاڵه تۆختره، ئه‌مه‌ش وابه‌سته‌ی ئه‌و ڕاستییه‌یه که ناسیۆنالیزمی کوردی به‌رامبه‌ر دۆخی داگیرکاریی ئه‌و وڵاتانه شێوه ده‌گرێت که کوردستانیان داگیر کردووه و وڵاته‌کانیش موسوڵمانن، ئه‌مه دۆخێک ده‌خولقێنێت که ناسیونالیزمی کوردی له سه‌ره‌تاوه نادینی بێت. هه‌تا ئه‌و کاته‌ی ئیلیتی ئایینی له کوردستاندا ئیلیتی سه‌ره‌کی و دیاریکه‌ری گوتاری باوه، ناسیۆنالیزمی کوردی سه‌ر هه‌ڵنادات. سه‌رهه‌ڵدانی ناسیۆنالیزمی کوردی وابه‌سته‌ی هه‌لومه‌رجێکی تازه‌یه که گروپێکی ده‌سته‌بژێر له‌ناو کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا په‌یدا ده‌بن که ده‌سته‌بژێرێکی نائایینین. جیهانبینییهكهیان، ئاراسته‌ی ئیشکردنیان، ستایڵی ژیانیان ناچێته‌وه سه‌ر دنیای کۆن به‌ڵکوو زۆرتر گرێدراوی دنیای نوێن، به‌دیاریکراویش سه‌رسامن به ئایدیا و بیروبۆچوونه‌کانی خۆرئاوا. بێ هۆکار نییه له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیستدا ئێمه چه‌مکی ڕۆشنبیرمان نییه به‌ڵکوو له‌بری ئه‌وه چه‌مکی ‘مونه‌وه‌ر’مان هه‌یه. مونه‌وه‌ر هه‌ر له ناوه‌که‌یه‌وه دیاره که له ته‌نویره‌وه هاتووه، ته‌نویریش ئاماژه‌یه بۆ سه‌رده‌مێکی دیاریکراوی خۆرئاوا که تیایدا فه‌یله‌سوفانی مونه‌وه‌ر و ڕۆشنگه‌ر ستایشی عه‌قڵ ده‌که‌ن، زانست شکۆدار ده‌که‌ن، پێشکه‌وتن به بزووتنێکی گرنگ ده‌زانن و ئایینیش به هۆکارێکی نێگه‌تیڤ له گه‌شه‌ی نه‌ته‌وه‌کان، له‌وه‌ش واوه‌تر ئایین وه‌ک ڕیگرێک ده‌یبینن له به‌رده‌م پێشکه‌وتن و گه‌شه و فراژووبوونی نه‌ته‌وه‌دا، جگه له‌وه‌ش زالبوونی دیدی ئایینی و نه‌بوونی زانست وه‌کوو هۆکارێکی ژێرده‌سته‌یی و دیلی ده‌بینن. ئه‌گه‌ر سه‌یرێکی ئه‌ده‌بیاتی سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیستی خۆمان بکه‌ین به ڕوونی ئه‌و ئاراسته‌یه ده‌بینین که چۆن شاعیرانی ئێمه خه‌ون به دنیایه‌که‌وه ده‌بینن تیایدا زانست سه‌روه‌ر بێت، هێرش ده‌که‌نه سه‌ر بیروڕا و داب و نه‌ریتی کۆن، دین و ده‌رکه‌وته‌کانی به مایه‌ی پاشکه‌وتوویی ده‌زانن و عه‌قڵ و پێشکه‌وتن و زانست ستایش ده‌که‌ن.
…..
دوای ئه‌وه‌ی میر به‌درخان له هه‌وڵێکدا بۆ دروستکردنی فیدراسیۆنی خێڵه‌کان و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه له سوڵتانی عوسمانی شکست ده‌خوات، خۆی و ماڵباته‌که‌ی دوور ده‌خرێنه‌وه بۆ ئه‌سته‌نبوڵ و به‌شه‌کانی تری ئیمپراتۆریای عوسمانی. دواتر کوڕ و نه‌وه‌کانی که ده‌بنه خوێنده‌وار و له زانکۆ و خوێندنگاکانی ئه‌سته‌نبوڵ و پاریس و ئه‌ڵمانیا و قاهیره و له‌ژێر کاریگه‌ریی فیکری تازه‌ی ئه‌ورووپیدا بیرۆکه‌ی هه‌ستی ناسیۆنالی تیایاندا گه‌شه ده‌کات، ده‌بنه تۆوی بنه‌ڕه‌تی ئایدیای ناسیۆنالیزمی کوردی. ئیلیتی به‌درخانییه‌کان و دواتر که‌سه دیاره‌کانی بواری هۆشیاری نه‌ته‌وه‌یی له هه‌موو ناوچه‌کانی کوردستاندا ئیلیتێکی نائایینییه. پێش به‌درخانییه‌کان که ده‌سته‌بژێری دینی زاڵه له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا و به‌و پێیه‌ی ئه‌و ده‌سته‌بژێره نه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجێکی دیاریکراوه که تیایدا بیرۆکه‌ی ناسیۆنالیزم بوونی نییه، ئیلیتێکه هۆشیاری نه‌ته‌وه‌یی نییه. ئه‌حمه‌دی خانی لێ ده‌رچێت که حاڵه‌تێکی ئاوارته‌یه، به‌ڵام خانی ته‌نیا بیرۆکه‌یه‌کی سه‌ره‌تاییی هۆشیاریی نهتهوهیییه و ناتوانین وه‌کوو ناسیۆنالیست پێناسه‌ی بکه‌ین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خانی خۆی سه‌ر به ده‌سته‌بژێری ئایینییه؛ پرۆژه‌که‌ی زۆر په‌یوه‌ندی به ئایینه‌وه نییه، ئه‌گه‌ر دوو کتێبی به نموونه وه‌ربگرین، مهم و زین داستانێکی عاشقانه‌یه و له چه‌ند جێگایه‌کیدا خانی ئاماژه‌ی به مه‌به‌ست و ئامانجی نووسینه‌که‌ی کردووه که بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌هلی بۆچوون وا نه‌زانن کورد عه‌شقیان نه‌کردۆته ئامانج، ئه‌و مهم و زینی نووسیوه . کتێبێکی تری خان‌یش ‘نوبه‌هارا بچیکان’ یش فه‌رهه‌نگێکی کوردی-عه‌ره‌بییه به شیعر. بۆیه گه‌شه‌ی ناسیۆنالیزم و زاڵبوونی ئیلیتی ناسیۆنالیستی که ئیلیتێکی نائایینییه وا ده‌کات ده‌سته‌بژێری ئایینی پاشه‌کشه بکات، ئه‌وانه‌شیان که پاشه‌کشه ناکه‌ن و تێکه‌ڵی ڕه‌وتی ناسیۆنالیزمی کوردی ده‌بن پێشمه‌رج و لۆژیکی ئیلیتی نائایینی قبوڵ ده‌که‌ن و پرۆژه‌که‌یان له پرۆژه‌یه‌کی ئایینییه‌وه وه‌رده‌گه‌ڕێت بۆ پرۆژه‌یه‌کی ناسیۆنالی. حاجی قادری کۆیی، پاش ئه‌وه‌ی ده‌چێته ئه‌سته‌نبوڵ و له‌ژێر کاریگه‌ریی ماڵباتی به‌درخاندا هه‌ستی ناسیۆنالی تێیدا گه‌شه ده‌کات، گۆڕانکارییه‌کی بنه‌ڕه‌تی به‌سه‌ر پرۆژه شیعرییه‌که‌یدا دێت و ده‌بێته بڵندگۆیه‌کی گرنگی هه‌ستی ناسیۆنالی ئێمه. حاجی که ئیتر ناگه‌ڕێته‌وه و هه‌موو ژیانی له ئه‌سته‌نبوڵ به‌سه‌ر ده‌بات، ئه‌زموونی شیعری و پرۆژه ئه‌ده‌بییه‌که‌ی ده‌خاته خزمه‌ت بیرۆکه‌ی نه‌ته‌وه‌یییه‌وه، ئه‌گه‌ر سه‌یرێکی نه‌خشه‌ی شیعری حاجی بکه‌ین ده‌بینین که پرۆژه شیعرییه‌که‌ی پێش ئه‌سته‌نبوڵ و دوای ئه‌سته‌نبوڵی ته‌واو جیاوازه. حاجی هه‌تا کۆتاییی ژیانی وه‌فادار به‌و پرۆژه‌یه ده‌مێنێته‌وه و ته‌نانه‌ت له‌و جێگایانه‌شدا که وه‌سفی سروشت و باران و چیاش ده‌کات هه‌موو ئه‌و وه‌سفه به ئامانجی شکۆداربوونی بنیادنانی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ییدا ده‌کات، له‌وه‌ش واوه‌تر حاجی له‌و کاته‌شدا که موناجاتێکی ئایینی ده‌نووسێت ئامانجه‌که‌ی هه‌ر پرۆژه ناسیۆنالییهکهیه. له شیعرێکیدا حاجی که بۆ وه‌سف و مه‌دح و سه‌نای خوا ته‌رخانی کردووه و به‌م شێوه‌یه ده‌ست پێ ده‌کات:
ئه‌ی بێ نه‌زیر و هه‌متا، هه‌ر تۆی که به‌رقه‌راری
بێ دیار و بێ دیاری، بێ‌دار و پایه‌داری
ئه‌م وه‌سف و ستایشه به‌رده‌وام ده‌بێت به‌درێژاییی شیعره‌که و له کۆتاییدا کرۆکی پرۆژه‌که‌ی ده‌خاته ڕوو که ده‌ڵێت:
مه‌علومه بۆچی حاجی، مه‌دحت ده‌کا به کوردی
تا که‌س نه‌ڵێ به کوردیی؛ نه‌کراوه مه‌دحی باری
که‌واته ئامانجی مه‌دحه‌که ‘باری ته‌عالا’ نییه هێنده‌ی خستنه‌ڕووی پرۆژه‌که‌یه‌تی، پرۆژه‌ی خودهوشیاری و خۆجیاکردنه‌وه له ئه‌وانی دیکه‌ی ناکورد، بۆ ئه‌وه‌ی پێی نه‌ڵێن به زمانی کوردی مه‌دحی خوا نه‌کراوه، که ئه‌م پرۆژه‌یه‌ش له ناواخندا پرۆژه‌یه‌کی سێکیولاره.
حاجی که بێگومان فیگه‌رێکی گرنگی ڕۆشنبیری ئێمه‌یه، پرۆژه‌که‌ی قه‌رزاری ئیلیتی نادینییه و حاجی له‌ژێر کاریگه‌ریی ئه‌واندا پرۆژه ئه‌ده‌بییه‌که‌ی وه‌رده‌گه‌ڕێت بۆ پرۆژه‌یه‌کی ناسیۆنالی.
…..
له کۆتاییی سه‌ده‌ی نۆزده‌وه و به‌درێژاییی سه‌ده‌ی بیست هێرش و شاڵاوی ئیلیتی نادینی ئێمه، گوشارخستنه سه‌ر ئیلیتی دینی و ناچارکردنیان به ته‌سلیمبوون به پرۆژه‌ی مونه‌وه‌ره‌کان به‌رده‌وامه، ئه‌وانه‌ی گه‌شه به بیرۆکه‌ی ناسیۆنالی ده‌ده‌ن هه‌ر مونه‌وه‌ران و ئیلیتی نادینییه، هه‌ر له حوسێن حوزنی موکریانی و گیو موکریانی برایه‌وه له ڕه‌واندز و هه‌ولێر بۆ موحه‌مه‌د ئه‌مین عه‌سری که‌رکوک و پیره‌مێرد و تۆفیق وه‌هبی و موسته‌فا پاشای یاموڵکی و ڕه‌فیق حیلمی و ئه‌مین زه‌کی به‌گ و حوسێن نازم به‌گ و جه‌مال عیرفان له سلێمانی و چه‌ندانی تر هه‌موویان سه‌ر به ده‌سته‌بژێری نادینین. ئه‌و پیاوه دینییانه‌ش که به‌شداری گرنگ ده‌که‌ن له پرۆژه‌ی هۆشیاری و بنیادنانی نه‌ته‌وه‌دا پرۆژه‌که‌یان له بنه‌ڕه‌تدا نادینییه، ناسیۆنالییه و له قووڵاییدا له‌ژێر کاریگه‌ریی ئیلیتی نادینیدایه. توێژی دیندار بۆ ئه‌وه‌ی له‌ناو ده‌سته‌ی ڕۆشنبیراندا قبوڵ بکرێت ده‌بێت پرۆژه‌که‌ی ناسیۆنالی، نادینی و ڕۆشنگه‌رانه بێت. عه‌لائه‌دین سه‌جادی که پیاوێکی ئایینییه، پرۆژه‌که‌ی هیچ په‌یوه‌ندی به ئایینه‌وه نییه، به‌ڵکوو به‌شێکه له پرۆژه‌یه‌کی نادینی. نووسینی ‘مێژووی ئه‌ده‌بی کوردی’ و کۆکردنه‌وه‌ی قسه‌ی نه‌سته‌ق و گاڵته و نوکته‌ی کوردی ‘ڕشته‌ی مرواری’ کارێکی ئه‌تنۆگرافی ناسیۆنالییه و ده‌چێته‌وه ناو خزمه‌ت به په‌ره‌پێدانی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یییه‌وه. کاره‌کانی مه‌لا جه‌میل ڕۆژبه‌یانی که ناساندنی مێژووی کورده به عهرهبیزمانهکان په‌یوه‌ندییان به ئایینه‌وه نییه، قانع مه‌لایه‌تییه‌که‌ی به ڕاده‌یه‌ک کاڵ ده‌کاته‌وه که هه‌موو قورساییی خۆی ده‌خاته سه‌ر هێرش بۆ سه‌ر جه‌هل و خورافات و میتافۆڕ و ڕه‌وانبێژییه‌که‌ی ده‌گاته شوێنێک که کوردستان به به‌هه‌شت ناگۆڕێته‌وه. شێخ موحه‌مه‌دی خاڵ به‌شێکی زۆری ژیانی بۆ نووسینی فه‌رهه‌نگێکی کوردی-کوردی ته‌رخان ده‌کات، مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی موده‌ڕیس خۆی سه‌رقاڵ ده‌کات به کۆکردنه‌وه و لێکدانه‌وه و ڕاڤه‌ی شاعیرانی کلاسیکی ئێمه که هه‌موو ئه‌و کارانه ده‌ڕژێنه ناو پرۆژه‌ی ناسیۆنالی و بنیادنانی نه‌ته‌وه که له بنه‌ڕه‌تدا پرۆژه‌یه‌کی سیکیولاره و هه‌ر هه‌موویشی له‌ژێر کاریگه‌ریی ئیلیتی تازه و مونه‌وه‌ری نادینی ئێمه‌دایه. ته‌نانه‌ت ئه‌و کاتانه‌ش که مه‌لای گه‌وره و مه‌لا عه‌بدولکه‌ریم و شێخی خاڵ قورئان به کوردی ڕاڤه ده‌که‌ن و هه‌ژاری موکریانی قورئان وه‌رده‌گێڕێته سه‌ر زمانی کوردی، ئامانجه‌که‌یان هه‌ر پرۆژه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی و خزمه‌تی زمانی کوردییه. مه‌لای گه‌وره‌ی کۆیه ناوی ته‌فسیره‌که‌ی ناوه ‘ته‌فسیری کوردی له که‌لامی خوداوه‌ندی’ که هه‌ر ئه‌و ناولێنانه ماناکه‌ی دیاره چییه. نه‌ک هه‌ر ئه‌وه، ئه‌و کاته‌ی مه‌لای گه‌وره کچه‌که‌ی ده‌نێرێته قوتابخانه و بێگومان کارێکی گرنگ و ماناداره و هه‌تاکو ئێستاش له کۆیه و ناوچه‌کانی تردا کاریگه‌رییه‌که‌ی دیاره، به‌ڵام ده‌بێت ئاماژه به‌وه بکرێت که ئه‌وکاته‌ی مه‌لای گه‌وره نه‌جیبه‌خانی کچی ده‌نێرێته مه‌کته‌ب، پێشتر مونه‌وه‌ره کورده‌کان ڕێچکه‌یان شکاندبوو، له‌یلا عه‌بدولڕه‌زاق به‌درخان له سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ و سه‌ماکانی پاریس سه‌مای ده‌کرد، گوزیده خانم کچی عه‌بدولعه‌زیز یاموڵکی خوێندنی ته‌واو کردبوو و دواتر ده‌بێته به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی کچان، فاتمه محێدین که دواتر ده‌بێته هاوسه‌ری حه‌مدی شاعیر له قوتابخانه‌ی ‘ئیتیحاد و ته‌ره‌قی’ به‌غداد خوێندبووی و پاشتر ئه‌ویش ساڵانێک به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی کچان ده‌بێت له سلێمانی.
که‌واته پیاوی دینی و که‌سێکی سه‌ر به ده‌سته‌بژێری دینی بۆ ئه‌وه‌ی وه‌کو ڕۆشنبیر قبوڵ بکرایه، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ناو مه‌حفه‌لی ڕۆشنبیران و پێشه‌نگێکی ناو بیری نه‌ته‌وه‌یی و خوێنده‌وار هه‌ژمار بکرایه، ده‌بوایه لۆژیک و زمان و ڕیتۆریک و پرۆژه‌ی ئه‌نتلجنسیای نادینی قبوڵ بکردایه و ئامانجی پرۆژه‌که‌ی نه‌ته‌وه و بونیادنانی پایه‌کانی بووایه، ئه‌گه‌ر نا ده‌یتوانی وه‌کو مه‌لایه‌ک له‌ناو ده‌سته‌بژێری دینیدا بمێنێته‌وه و له‌ناو ئه‌و ده‌سته‌بژێره‌وه ئه‌گه‌ر قسه‌یه‌کی هه‌بووه بیکات، که زۆربه‌ی جار قسه‌کانیشیان هێرش بووه بۆ سه‌ر ده‌رکه‌وته مۆدێرنه‌کانی کۆمه‌ڵگا و هێرش بۆ سه‌ر ده‌سته‌بژێری نادینی و بۆ سه‌ر هه‌موو ئه‌و ڕه‌وتانه‌ی که له‌گه‌ڵ ته‌وژمی باوی ئاینیدا نه‌ده‌هاتنه‌وه. مونه‌وه‌ران ئه‌و پێگه‌یه‌ی هه‌یانبووه به ڕه‌نج و به‌ربه‌ره‌کانی به ده‌ستییان هێناوه. ئه‌و کاته‌ی پیره‌مێرد گه‌نجانی کۆ ده‌کرده‌وه و وه‌کوو سیمبولێکی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئاگری نه‌ورۆزی ده‌کرده‌وه مه‌لاکان هێرشیان ده‌کرده سه‌ری و پێیان ده‌گوت نه‌ریتی مه‌جوسییه‌کان زیندوو ده‌کاته‌وه. ئه‌گه‌ر مه‌عروف جیاوکی ڕۆشنبیر و موته‌سه‌ڕیفی ئه‌وکاته‌ی سلێمانی هیمه‌تی نه‌کردایه و مه‌لا موسته‌فای سه‌فوه‌تی له جێگای خۆی نه‌وه‌ستاندایه، مه‌لا موسته‌فای سه‌فوه‌ت ده‌ستی کردبوو به ته‌کفیرکردنی حه‌قه‌کان و به‌نیاز بوو خه‌ڵکیان لێ هان بدات و ده‌کرا ئاکامه‌که‌ی زۆر تراژیدی بووایه. ئه‌مه ڕێسایه‌کی نه‌نووسراو بوو و هه‌مووان پهژراندبوویان. ئه‌م دۆخه، واته زاڵبوونی ئه‌نتلجنسیای نادینی به‌درێژاییی سه‌ده‌ی بیست به‌رده‌وام بوو.
…..
له کۆتاییی سه‌ده‌ی بیستدا ئیسلامیزم له وڵاتانی عه‌ره‌بییه‌وه ده‌گوازرێته‌وه بۆ کوردستان، هۆکاره‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلامیزم له وڵاتانی عه‌ره‌بی و مه‌به‌ستی گواستنه‌وه‌که‌ی بۆ کوردستان ئامانجی ئه‌م نووسینه نییه، هه‌رچه‌نده بوارێکی گرنگی توێژینه‌وه و لێوردبوونه‌وه‌یه و په‌یوه‌ندیداریشه به‌م باسه‌وه چونکه پرۆژه‌ی ئیسلامیزم له کوردستان پرۆژه‌یه‌کی دژی ناسنامه‌ی ناسیۆنالییه.
بڵاوبوونه‌وه‌ی ئیسلامیزم له کوردستان وه‌کوو بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌ر ئایدیۆلۆژیایه‌کی تر ده‌ستکاری کۆمه‌ڵێک شت ده‌کات. ئیسلامیزم هه‌ندێک شتی گۆڕی له کوردستاندا و یه‌کێک له‌و شتانه‌ش ده‌ستکاریکردنی پێناسه‌ی ڕۆشنبیر و هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی ئه‌و ڕێسایانه بوو که په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌نتلجنسیای نادینی و ده‌سته‌بژێری دینی ڕێکخستبوو. له‌گه‌ڵ به‌هێزبوونی ته‌وژمی ئیسلامیزم ئیتر هێرشی پێچه‌وانه‌ی گروپی دینی ده‌ستی پێ کرد و هاوکێشه‌که‌ی به قازانجی ده‌سته‌بژێری دینی گۆڕی. دۆخه‌که ئێستا ئه‌وه نییه که ئیلیتی نادینی گوتاره‌کان دابڕێژێت و ده‌سته‌بژێری دینی ناچار بێت قبوڵی بکات، به‌ڵکوو ئێستا ئه‌نتلجنسیای نادینی، گوتاره‌کانی خۆی، زمان و ڕیتۆریکی خۆی به‌شێوه‌یه‌ک ده‌دوورێت که به به‌ری ناوه‌ندی دینی گونجاو بێت، ناکۆک نه‌بێت له‌گه‌ڵی، به‌پێی لۆژیکی ئه‌و بێت. ئه‌و بهبهردوورینه، ئه‌و زمان و ڕیتۆریکه مه‌رج نییه هه‌مووجارێک مه‌به‌ستدار و ئه‌نقه‌ست بێت، به‌ڵکوو ئیسلامیزم ئه‌تمۆسفێرێکی دروست کردووه که خۆبه‌خۆ گروپ و ده‌سته‌بژێره‌کانی ده‌ره‌وه‌ی گروپ و ده‌سته‌ی دینیش هه‌مان ئه‌و ئامراز و که‌ره‌ستانه‌ی بیرکردنه‌وه به‌کار ده‌هێنن که گروپی دینی دیاریان ده‌کات، ئه‌گه‌ر له زۆر ئه‌و ڕووداوانه‌ی له کوردستان ڕوو ده‌ده‌ن و زۆر که‌س قسه‌یان له‌باره‌وه ده‌که‌ن وردببینه‌وه و گوێ له‌و که‌سانه بگرین که شیکاری بۆ ده‌که‌ن به ئاشکرا هه‌ست به‌وه ده‌کرێت که ئیسلامیزم تووانیویه‌تی زمان و شێوازی شیکارییه‌که‌یان به لۆژیکی خۆی بارگاوی بکات، بۆ نموونه ده‌کرێت ڕۆشنبیری عیلمانی ببینیت بۆ ڕه‌وایه‌تیدان به جه‌ژنی نه‌ورۆز و بۆ پاڵپستی بۆچوونه‌که‌ی ئایه‌ت و حه‌دیس بهێنێته‌وه! ئه‌وه بۆ وای لێ هات؟ بۆچی ده‌بێت مه‌رجه‌عی فیکری و ئه‌خلاقی که‌سی نادینی ئایه‌ت و حه‌دیس بێت؟ ئه‌ی فیکری سیاسی و ئه‌خلاقی مۆدێرن؟ ئه‌ی ڕۆسۆ و لۆک؟ ئه‌ی جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مافه‌کانی مرۆڤ؟ ئه‌ی ئه‌و هه‌موو ڕێککه‌وتننامه نێوده‌وڵه‌تییانه‌ی واژۆکراون؟ ئه‌ی زانست؟ ئه‌ی عه‌قڵ؟. له‌کاتی په‌ره‌سه‌ندن و هێرشه‌کانی داعش بۆ سه‌ر ناوچه‌کانی کوردستان، هێنده‌ی ڕۆشنبیری عیلمانی بارگاوی بوو به ئیسلامیزم، خۆی سه‌رقاڵ کردبوو به‌وه‌ی که داعش په‌یوه‌ندی به ئیسلامه‌وه نییه، نیو هێنده ئیسلامییه‌کان خۆیان پییه‌وه سه‌رقاڵ نه‌کردبوو، کاتێک ده‌مانپرسی چۆن داعش په‌یوه‌ندی به ئیسلامه‌وه نییه؟ ئه‌و ده‌یگوت ئه‌وه نییه سه‌رۆکی فه‌ره‌نسا و سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێن په‌یوه‌ندی پێوه نییه! سه‌یری ئه‌و هه‌ڵه لۆجیکییه بکه‌ن. جارێ سه‌رۆکی فه‌ڕه‌نسا کێیه تاکوو قسه‌ی له بوارێکی ئاڵۆزی ده‌ره‌وه‌ی توانا و شاره‌زایی خۆی لێ وه‌ربگرین، پاشان سه‌رۆکی فه‌ره‌نسا کاراکته‌رێکی سیاسییه و له‌ناو ململانێ و حیساب و کیتابی په‌یوه‌ندیی سیاسی و دیپلۆماسی و ڕاگرتنی هاوسه‌نگی و به‌هه‌ندوه‌رگرتنی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه و ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردن و ڕکابه‌ری و چه‌ندان ڕایه‌ڵه‌ی تردایه. ئه‌وه‌ی بڵێیت داعش هیچ په‌یوه‌ندی به ئیسلامه‌وه نییه وه‌کوو ئه‌وه وایه بڵێیت دادگاکانی پشکنینی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست له ئه‌وروپادا هیچ په‌یوه‌ندی به مه‌سیحییه‌ته‌وه نییه. هه‌ڵبه‌ته داعش هه‌موو ئیسلام نییه و هه‌موو موسوڵمانێک نابێته داعش، به‌ڵام ئه‌وه‌ی داعش هیچ په‌یوه‌ندی به ئیسلامه‌وه نییه قسه‌یه‌کی بێ‌مانا و پووچه. سه‌ره‌ڕای بێمانایی و پووچییه‌که‌ی، قسه‌یه‌ک بوو ڕۆشنبیری هه‌ڵگه‌ڕاوه له باوانه مونه‌وه‌ره‌کانی خۆی ده‌یه‌ویست وه‌کو قسه‌یه‌کی ورد و قووڵ و هاوسه‌نگ لێی وه‌ربگرین.
…..
نموونه‌ی دۆخی جێگۆڕکێ و شوێنگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئیلیتی دینی و نادینی زۆرن، من ته‌نیا دوو نموونه وه‌رده‌گرم که هه‌ردوو ڕۆشنبیر کاک “فاروق ڕه‌فیق” و کاک “مه‌ریوان وریا قانیع”ن.
له ئێستادا کاک فاروق ڕه‌فیق هه‌رچۆنێک بیر بکاته‌وه، دیدگا و تێڕوانینی هه‌رچۆنێک بێت به‌رامبه‌ر ئیسلامیزم، به‌ڵام هێشتا شانازی ئه‌وه‌ی پێ ده‌بڕێت که وه‌کوو باوکی ڕۆحی ئه‌و ته‌سلیمبوونه‌ی ڕۆشنبیران بژمێردرێت. ئه‌و؛ کاک فاروق، ترسی ده‌سته‌بژێری دینی له ڕۆشنبیرانی شکاند، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه، ئه‌و گروپه دینییه‌کانی له ڕۆشنبیران به‌ردا، پێی گوتن بۆ ده‌می ڕۆشنبیران داناخه‌ن؟ ئه‌و به یه‌کگرتووی ئیسلامی گوت ئێوه چرایه‌کن له ماڵێکی تاریک‌دا، به یه‌کگرتووی گوت بۆچی له‌و بوونه‌وه‌ره زۆڵه که ڕۆشنبیرانن ده‌ترسیت، به ڕۆشنبیرانی گوت مۆنسته‌ر، عه‌به شه‌که‌نه، نووسه‌ری ده‌ره‌جه نۆ، شهکهرۆکه. سه‌یری وشه‌ی ‘زۆڵ’ بکه‌ن که فاروق به ئه‌نقه‌ست به‌کاری هێنا بۆ ئه‌وه‌ی به‌ته‌واوی وه‌لائی خۆی بۆ هه‌موو کۆده دڕنده‌کانی ئه‌م وشه‌یه ڕابگه‌یه‌نێت و باکگراوند و مانا سیمبولی و کولتوورییه‌کانی تۆخ بکاته‌وه. ئه‌و گوتی مزگه‌وت باشتره له زانکۆ، ئه‌و گوتی مرۆڤی ناخوداباوه‌ڕ ته‌جاوز به دایکی خۆی ده‌کات، ئه‌و گوتی دیموکراسی تۆڵه‌ی کۆیله‌کانه له فه‌لسه‌فه، ئه‌و گوتی خۆرئاوا تاریکستانه و خۆرهه‌ڵات چراخانه بۆیه حه‌یفه له خۆرهه‌ڵات نه‌مرین. ئه‌و گوتی ڕۆشنگه‌ری تاریکترین ساته‌وه‌ختی به‌شه‌رییه، که ئه‌م قسه‌یه پێشتر سه‌ید حوسێن نه‌سر کردبووی، سه‌ید حوسێن نه‌سری له ڕووی ئایینییه‌وه شیعه‌گه‌ری بیرته‌سک، له ڕووی سیاسییه‌وه شاپه‌رست و سه‌ڵته‌نه‌تخواز و له ڕووی کهسییشهوه به دانپیانانی عه‌بدولڕه‌حمان به‌ده‌وی؛ که‌سێکی به‌رژه‌وه‌ندخواز و هه‌لپه‌رست. کاک فاروق هێنده مه‌دحی سه‌ید نه‌سری کرد که دواتر قوتابییه‌کانی کاک فاروق کتێبێکی بێکه‌ڵکی سه‌ید حوسێنیان وه‌رگێڕا بۆ سه‌ر زمانی کوردی و پێیان ده‌گوت ‘جه‌نابی نه‌سر’. هه‌موو ئه‌و قسانه که قسه‌ی سه‌رپێی و حیساببۆنهکراو و ڕوکه‌ش بوون، گوزارشت بوون له دۆخێکی سایکۆلۆجی عوسابی و ناجێگیر، زه‌مینه‌یان بۆ فه‌راهه‌مکردنی هه‌لومه‌رجێک خولقاند که ئێستا هه‌ر کاک فاروق خۆی یه‌کێکه له نێچیره‌کانی و قوربانییه‌کانی. کاک فاروق ئاڵای سپی بۆ ده‌سته‌بژێری دینی هه‌ڵکرد، جورئه‌تی پێدان، چاوقایمی پێدان، فه‌رمووی لێ کردن ده‌م به ئیلیتی نادینی دابخه‌ن، له‌گه‌ڵ ئیسلامییه‌کان به ڕۆشنبیران و به مه‌یله عیلمانییه‌کانیان خه‌نی، زه‌مینه‌ی خۆش کرد نووسه‌ران و ڕۆشنبیران شه‌رم نه‌که‌ن له‌به‌ر ده‌رکی سه‌را ‘ته‌کبیر’ بکه‌ن. ڕۆشنبیر و ته‌کبیر؟ ئه‌گه‌ر تۆفیق وه‌هبی و جه‌لاده‌ت به‌درخان له قوژبنێکه‌وه ئه‌و دیمه‌نه‌یان ببینیایه ده‌بووایه خاکی چی مه‌مله‌که‌تێکیان به‌سه‌ر خۆیاندا بکردایه؟ ئه‌وه‌ی کاک فاروق ئێستا ده‌یدورێته‌وه، ده‌زانێت خۆی له ‘پاکس ئه‌مه‌ریکانا’ و ‘ماڵێکی لێکترازاو و ویژدانێکی بیمار’دا چاندوویه‌تی. ئه‌و هێرش و قسانه‌ی کاک فاروق ئێستا به موناسه‌به و ڕه‌وا، هه‌ندێکجاریش به‌بێ موناسه‌به و هه‌ر ڕه‌وا، ده‌یکاته سه‌ر ئیسلامیزم، تیشکدانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ستی گوناه و خۆبهتاوانبارزانینهیه بۆ ئه‌و ئاوه‌ی سه‌ره‌تای دوو هه‌زاره‌کان ڕشتی و دوواتر زۆر که‌س پێیان تێخست.
…..
کاک مه‌ریوان وریا قانیع له کۆتاییی نه‌وه‌ده‌کاندا بۆچوونی وابوو که موجامه‌له‌ی ئیسلامیزم موجامه‌له‌یه‌کی ترسناکه؛ ورده‌ورده و له پرۆسه‌یه‌کی هێواش و خه‌مناک و ئازاراویدا ده‌ستی کرد به تیۆریزه‌کردنی هاوپه‌یمانیی هێزه‌کانی تر له‌گه‌ڵ ئیسلامییه‌کان، ماوه‌یه‌کیشه دوو چه‌مک به‌کار ده‌هێنێت، ‘ئیسلامی که‌لتووری’ و ‘ئاینی دایک’ که هه‌ردوو تێرمه‌که له‌ناو که‌ش و هه‌وا و له‌ژێر گوشاری سایکۆلۆجی ئیسلامیزمدا خه‌مڵاون. ئه‌و دوو چه‌مکه ڕه‌گیان له‌ناو هیچ دیسپلینێکی زانسته مرۆیییهکاندا نییه، له‌گه‌ڵ ڕاستییه سۆسیۆلۆژییه‌کانی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا ناگونجێن، دوو چه‌مکن داهێنراوی هه‌لومه‌رجێکن که تیایدا ئیسلامیزم تووانیویه‌تی ده‌ستکاری لۆژیک و ڕه‌وانبێژی مونه‌وه‌ران بکات.
کاک مه‌ریوان وای ده‌بینێت هه‌موو ئه‌و مرۆڤانه‌ی له‌ناو فه‌زای موسوڵماناندا له‌دایک ده‌بن و گه‌وره ده‌بن به‌شێک له موسوڵمانبوونیان تێدایه. گرفتی ئه‌و ڕوانینه ئه‌وه‌یه که جیا له جهوههرگهرایییهکهی، ناسنامه‌ی موسوڵمان‌بوون یه‌کسان ده‌کات به ڕه‌نگی پێست به‌شێوه‌یه‌ک که مرۆڤ ناتوانێت لێی هه‌ڵبێت، ناتوانێت لێی ده‌رباز بێت، ناتوانێت له‌خۆی دایماڵێت. جارێ با واز له‌وه بهێنین که ئه‌و پێناسه‌یه له قووڵاییدا سووکایه‌تییه به ناسنامه‌ی ئینسانی مولحید و ناخوداباوه‌ڕ و بێ‌دین، چونکه دایان ده‌ماڵێت له‌و به‌هایانه‌ی که ناسنامه‌ی خۆیان له‌سه‌ر چێ کردووه، جگه له‌وه‌ش به‌شێوه‌یه‌کی حه‌تمیش چاره‌نووسی فیکری و جیهانبینیی که‌سانی ناخوداباوه‌ڕ به ئیسلامه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. له سه‌رووی هه‌موویه‌وه له ڕووی مێژوویی و سۆسیۆلۆژییه‌وه سه‌رنج له بابه‌ته‌که بده‌ین ده‌بینین ئه‌و روانینه زۆر کورت دههنێێت. چه‌ندان گوند هه‌ن ئێزیدین، کاکه‌یین، مه‌سیحین و هه‌زاران ساڵه له ته‌نیشت گوندی موسوڵمانهکانهوهن و به‌رگرییان له ناسنامه‌ی خۆیان کردووه و هیچ خۆیان به به‌شێک له‌و ئیسلامه که‌لتوورییه نازانن که کاک مه‌ریوان ئاماژه‌ی پێ ده‌کات. ئه‌و خهسڵهتگهلهی مرۆڤه‌کانی ناو جوگرافیای کوردستان پێکه‌وه ده‌به‌ستێت و هاوبه‌شن و کاک مه‌ریوان وه‌ک خه‌سڵه‌تی موسوڵمانی که‌لتووری پێناسه‌یان ده‌کات له ڕاستیدا پێش سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلامیش هه‌بوون. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چه‌ندان گروپی دیکه هه‌ن بۆ نموونه زه‌رده‌شتییه‌کان که ده‌یانه‌وێت به ناسمانه‌ی کوردی خۆیانه‌وه به‌شداری له دروستکردنی مێژووی ئێمه‌دا بکه‌ن و خۆیان به موسوڵمان نازانن و پێناسه‌کردنیان وه‌کو موسوڵمانی که‌لتووری، داننه‌نانه به ناسنامه‌یان و به کهمگرتنییانه. تێرمه‌که‌ی تریش که ‘ئاینی دایکمه’ و کاک مه‌ریوان وه‌کو ئاینێکی مرۆڤدۆست و پاک و بێ توندوتیژی وێنای ده‌کات دیسان پڕ کێشه و گرفته. خودی وێناکردنی ئایینی دایک که هه‌ر مه‌به‌ستی ئایینی ترادیسیۆنالی نائایدیۆلۆژییه، وه‌کوو ئایینێکی پاک و مرۆڤدۆست و بێخه‌وش له‌گه‌ڵ ڕاستییه‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و مێژوویی نایه‌ته‌وه، جگه له‌وه‌ش به‌خشینی پارێزبه‌ندییه‌که به ئایینی ترادیسیۆنال به‌وه‌ی که‌س تخونی ڕه‌خنه‌گرتن نه‌که‌وێته‌وه لێی، پێدانی کرێدیتی مرۆڤدۆستی و پاکی و بێگه‌ردی و نه‌رمونیانییه به ئایینێک که شایسته‌ی نییه و که‌سمان نه‌مانبینیوه، دروستکردنی پێشمه‌رج و که‌شوهه‌وایه‌که که مرۆڤی کورد قه‌یناکات با ڕه‌خنه له ئیسلامیزم بگرێت به‌ڵام ئایینی دایک که هه‌ر ئایینی ته‌قلیدی کۆمه‌ڵگای خۆمانه پارێزراو بێت، ئه‌وه له کاتێکدا هیچ پرۆژه‌یه‌کی ئاینده‌خواز و بنیادنه‌ر به‌بێ ڕه‌خنه‌گرتن له ئایین، به خودی ئایینه‌که‌ی دایکیشه‌وه دروست نابێت. هه‌ر پرۆژه‌یه‌ک گوتاری زاڵی ئاینی ڕه‌خنه نه‌کات نا‌تووانێت هیچ بنیاد بنێت. له جێگایه‌کدا که ئایین، ئایینی دایک، منداڵدانی نایه‌کسانی، هه‌ڵاواردن و پاتریارکی و توندوتیژییه، بێشکه‌ی سته‌مکاری سیاسی و که‌لتوورییه، دروستکردنی پارێزبه‌ندی بۆی و دروستکردنی وێنه‌یه‌کی بێگه‌رد بۆی، له به‌رئه‌نجامی کۆتاییدا ده‌چێته‌وه ناو هه‌مان سوڕی قازانج به ئیسلامیزم و له هه‌زار ئه‌گه‌ردا به یه‌ک ئه‌گه‌ریش خزمه‌ت به دیموکراسی و فره‌یی ناکات.