دوو چیرۆک

مشک

   یان: خزمەتێک بە مرۆڤایەتی

من مشکی ناو زێرابه‌کانم و له‌و زێراب به‌و زێراب دێم و ده‌چم و له‌ هاتووچۆدام. میراتێکە و لە باب و کاڵانمەوە بۆم بەجێماوە. زۆر جار له‌ شالووله‌کانه‌وه‌ ده‌چمه‌ ناو لووله‌ی زێرابه‌کانه‌وه‌ و له‌و پێچ و خولانەدا، سه‌ر له‌ کونی مسته‌ڕاح یان حه‌مامی ماڵه‌کان دێنمه‌ ده‌رێ. زۆر قوونم دیوه‌ که‌ وه‌ک ماسی زاری داپچڕیوە ‌و ویستویه‌تی پڕ به‌ دڵی خۆی تێر بڕی، به‌ڵام که‌ منی دیوه‌ قووچاندوویه‌تی و تێی قولاندووه‌؛ دیاره‌ ئه‌وه‌ ڕه‌فزکردنه‌وه‌ی بێ ئه‌ملاولای ئه‌و قسه‌یه‌یه‌ وا ده‌ڵێ: له‌ ترسان، ڕیا به‌ خۆی دا! له‌ زۆر حه‌مام به‌ژن و به‌له‌کی زراڤ و ڕووتی ژنانم دیوه‌ و بێ ئه‌وه‌ی پێم بزانن بنی لاقیانم لێستۆته‌وه‌. شاعیرێک ده‌ناسم تاعوونی کامۆی خوێندۆته‌وه‌ و له‌و ساته‌وه،‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌موو ڕۆژێک دوو تا سێ دانه‌ فلۆرازپام ده‌خوا، ده‌زگای عه‌سه‌بی سه‌مپاتیکی، وه‌ک قامکه‌ شاده‌ی سه‌ر په‌له‌پیتکه،‌ دایمه‌ لە سەر هەستە و فۆبیای مشکی هه‌یه‌. ئه‌و وا ده‌زانێ هه‌ر کات چووه‌ ئاوده‌ست، مشکێک سه‌ری له‌ کونی مسته‌ڕاحه‌وه‌ دێنێته‌ ده‌رێ و چاو له‌ چاوی ده‌بڕێ! به‌ڵام قه‌ت نه‌مهێشتووه‌ ئه‌و ترسه‌ی له‌ دڵ بڕه‌وێ و هه‌ر کات پێی وا بووه‌ ئێستانائێستا سه‌رم له‌ کونی مسته‌راحه‌وه‌ ده‌ێنمه ‌ده‌رێ، مرازیم تۆپاندووه‌ و خۆم لێ نه‌دیو کردووه، تا‌ داری سه‌وزی ترس بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ له‌ دڵی­دا بشه‌کێته‌وه‌.

شه‌وی وایه‌ دێمه‌ ده‌رێ و له‌ ژووری ماڵه‌کان­دا تلیلیانمه، له‌و ماڵانه‌ی وا پشیله‌یان هه‌یه‌ دووره‌په‌رێزم و له‌وانه‌ی وا نیشیانه،‌ پاشایه‌تی ده‌که‌م. سه‌رم به‌ زۆر ژووری خه‌ودا کردووه‌ و گوێم بۆ زۆر هه‌ناسه‌ و ئاخ­وئۆف هەڵخستووه. ئه‌گه‌ر حه‌زم له‌ ژنێک بێت، بێ ئه‌وه‌ی بیترسێنم خۆم ده‌خه‌مه‌ ده‌ریای ڕه‌نگینی جله‌کانی ژێرییه‌وه‌ و تێیدا ده‌تلێمه‌وه ‌و به‌ بۆنی شاوه‌ت­بزوێنی که‌یفخۆش ده‌بم.‌ ئه‌گه‌ریش ڕقم له‌ که‌سێک بێت، له‌ ژێر پێی­دا ڕا ده‌که‌م و به‌ زیقه‌ی گوێی عاسمان تیفتیفه‌ ده‌ده‌م و گه‌ڵێنه‌ی چاوی ده‌که‌مه‌ زاره‌کی هه‌راوی ئه‌شکه‌وتێک. کار و پیشه‌یه‌کی ئه‌وتۆم نییه‌ و له‌ هه‌موو شتێک­دا سه‌ربه‌ستم و به‌ که‌یفی خۆم ڕای ده‌ده‌م. ئه‌گه‌ر لێم بپرسن تۆ چ خزمه‌تێک ده‌توانی به‌ مرۆڤایه‌تی بکه‌ی؟ ده‌ڵێم: ئیستاش زۆر که‌س ده‌توانێ بێ ئه‌وه‌ی چاوی به‌ چاوی من که‌وێ، تێرتێر به‌ که‌یفی خۆی بڕی.

1ی گوڵانی 1401

***

سەگڵاو

لە پێچکەکانییەوە دەستم پێ کرد؛ کە بە دەستی وەستاکارێکی عاملاوی سنەیی، بە شێوەی هاوخشت و لە تاقە دارێکی تووسکای* دەم چۆمی، کە ئێستاش بڕێک تەڕی تێدا مابوو، چێ کرابوو. وەک لوولاکی دەم سەگێکی برسی، لە گەڵ سرنجم بۆ خەڕاتی و وردەکارییەکانی بەژنی، خرتیم خرتە­خرت کرۆژت. بۆنی مەستانەی داری تووسکا بە لووتم­دا پژا و تەنی سییەکانم لە خۆی. ڕاستی دەگوت کابرای دارتاش! کارێکی بازاڕی نەبوو، تێکەڵ بەو هەموو خشت­وخاڵەی وا ئینج­بەئینجی ژیانی ئێمەمانانی تەنیبۆوە، پۆخڵەوات نەبوو، تەختیخەوێک بوو عەنتیکە، لە داری تووسکا! هەرچەند لە داری­تریش بایە حیچ تەوفیرێکی نەدەکرد، مادام بە دەست وەها وەستاکارێکەوە چێ کرابوو. بەرەو چوارچێوەی لێک­ولووسی کەڵپم لێ بردە پێشێ و زمانی زبر و تەڕم پێدا هێنا و چڵێسانە دەمویست بیکرۆژم سەروژێری. کوتی: “دە بەسسە دەی، وەرە سەرێ” و جەستەی شەمەندی لە ژێر لێفەی گەرم و گوڵگوڵی هێنا دەرێ و لاقە خۆش­گۆشتەکانی وەحەوا خست. وەک مار پێچ­ولوولئاسا، بەرەو پەنجەی نەرم­ونۆڵی پێی­دا، کە دەتکووت مارشماڵوویە*، خوشیم. کوتی: “گێڕ بوو هێندەت کرۆژت! چ عادەتێکی خراپە هەتە تۆش، خۆ تۆ دوور بێ هین نی. “بێ ئۆقرانە کوتم: “گەماڵ؟” کوتی: “نا، هین، ئەوەی لە ئاودایە؛ چییە؟” کوتم: “سەگڵاو.” سەبرێک کوتی: “دوور لە تۆ” و بزەیەک، گەرم، شیرین، ئاڵۆشاوی، کەوتە سەر لێوی و درێژەی­دا: “پشت و پەنامی.” شلکەپەنجەی لاقی پەمۆی بە دم­ولووتم­دا هێنا، بۆنم پێوە کرد و هەوەسبازانە لێستمەوە. پێداگرانە کوتی: “ئەوەی دەبێ بیخۆی ئەوەیە” و نەرمی پەنجەکانی کە نەرمتر و نمینتر لە قەدی داری تووسکا بوو، خستە ناو زارم و وەک بێچوولەیەک مژیم و تووتکەم گرت.

چراکەران، ئەو دەمەی هەرێمی شەو بەرینتر بوو. شیبای مەخمەری، قەپۆزمی نەوازشت دەدا، ئەستێران بە ئاسمانەوە جریوەجریویان بوو. وەبیرم هاتەوە سەگڵاوم و دەبێ بەکار بم و بپارێزم مەندی ژیانم، تا لە تەسکی نەدا بەنداوی ژینم، هاکا دڵدزم بووە نێچیری هەر بۆرە ڕاوچییەک. چێرەییی ددانم بەرەو ڕەفیسکەی برد و بە کرتەیەک ئاوێکی مەیلەو گەرم و سوێرم بە گەرووم­دا فیچقاند! بێوچان کرۆشتم چۆکی نازوکی، تا ئەندازیارانە ساز کەم بەنداوێک لە قەد و لقی داران، پەسندتر لە تەختی دارتاشی سنەیی، ماڵێک بۆ قاقوم لەشی سپی و سۆڵی ئەو، تا قووڵ بێ ماڵی ژینم لە ئاو، ئاوێکی مەند. قیژە بوو یان ترس کە لە گەروویەوە ڕژا دەرێ و لە خەوی زڕاند؟ مانگ شێتانە تریفەی دەپژاند پیلەکی چاوانم؛ جەستەی لۆکەیی و ترساوی تەقالای دەکرد و بە تەنکە عارەقەیەکی سەر پێستی بەرەو تلیسان دەچوو. ددانم چ درەوشاوە بوو لە ژێر تریفەی مانگ­دا، ئەوسا کە بەرەو ئەوکی لەرزۆکی، قووزینی تەڕ و درەوشاوەم خزاند و شاڵاوم برد، تا شادەماری شینی، کە چۆمێک بوو وردە پێلی دەدا، بکرتێنم. بە قرخەقرخی­دا بوو زانیم، ئاوێک کە فیچقەی کرد لە شادەماری و بە دەم و لووتم­دا پژا، ئاو نەبوو، خوێن بوو، کە وێرانی کرد بەنداوەکەم.

*تووسکا(alder)، جۆرە دارێکە لە کەناری چۆم و جێگەی شیدار دەڕوێ و بۆ ساز کردنی میز و کورسی و قەنەفە و ئەو جۆرە شتانە کەڵکی لێ وەردەگرن.

*مارشماڵوو(marshmallow)، جۆرێک نوقڵی نەرم و شیرینە.