١
باوکم
تەماشایەکی تۆ دەکات
و
مەراقێک
دای دەگرێت
بیر لەوە دەکاتەوە؛
چ حیکمەتێکی تێدایە
نەشمیلێکی شیرینی وەک تۆ
بووە بە نەسیبی
تووڕە و تۆسنێکی وەک من.
من
بە لاچاوێکەوە
تەماشایەکی دەکەم و
بە زەردەیەکەوە دەڵێم:
کە خودا گەرەکی بوو بیدا
ناپرسێ کوڕی کێی!
***
٢
سەرەتا
ڕقت لێم دەبێتەوە
دواتر
وردە وردە
خۆشت دەوێم
لەبەر چاوت دەکەوم
لەبەر چاوت
دەکەومە ناو
دڵتەوە
***
٣
وەک کڵۆیەک قەند
کەوتیتە ناو
“چا”ی تاڵی ژیانمەوە
و
لە بنکی دڵمدا
گیرسایتەوە.
کاتێک پێت دەگەم
کە ئیتر
ژیانێک نەماوە
بە تۆوە شیرین ببێت.
