جیهانی سێکسواڵیزەکراو

وەرگێڕانی: قەندیل زاگرۆس

کاتێ لەبارەی ‘سێکسواڵیزەکردن’ـی جیهانی ڕووەکەکان دەدوێین، گرنگە ڕەوان بین لە مانای دیاریکراوی دەستەواژەکە. پرسەکە دەربارەی فێنۆمێنە بنەڕەتییەکەی بەپیتبوونی ڕووەکەکان نییە، بەڵکوو دەربارەی چۆنیەتیی پۆلێنکاری ‘پێکهاتەناسییانە’کەیە، کە دوائەنجام و دەربڕی ئەزموونێکی عیرفانیی هاوسۆزییانەیە لەگەڵ جیهاندا. بیرسای ژیانێکە کە سێکسواڵیزەی دەکات، ژیانێک کە دەرهاوێژراوەتە سەر گەردوون. بابەتەکە ئەوە نییە کە کنەڕوانینگەلێکی بابەتییانە یان زانستییانەی هەبێ، بەڵکوو گەیشتنە بە هەڵسەنگاندنێک بۆ جیهانی دەوروبەر لەنێو ژیان، هەروەها لە چارەنووسی مرۆڤەگەردوون؛ سێکسواڵیتە، بەبڕشتی، مردن و زیندووبوونەوە دەگرێتەخۆی. ئەمەیش بە مانای ئەوە نایەت کە مرۆڤی کۆمەڵگا بەرایییەکان نەیاندەتوانی تێڕوانینێکی بابەتییانەیان هەبێ لەبارەی ژیانی ڕووەکەکان. بەڵگە بۆ ئەمەیش دۆزینەوەی بەپیتیی ناسرووشتی و موتوربەکردنی دارخورما و دارهەنجیرە لە میزۆپۆتامیا. ئەم پڕۆسانە دەمێک بوو زانراو بوون، لانی کەم دوو پەرەگرافی یاساکانی هامورابی لەبارەی بە یاساییکردنی ئەم خاڵەیە. دواتر ئەم زانستە پڕاکتیکییە دەستاودەستی کرد بۆ عیبری و عەرەبەکان.[1] بەڵام بەپیتبوونی ناسرووشتیی دارمێوەکان وەک تەکنیکێکی بێستانەوانی کارامە لە خۆیدا، نەدەبینرا؛ بەڵکوو وەک ڕیچوەڵێک دەبینرا، ڕاستینەی ئەوەی پێوەند بوو بە بەپیتیی ڕووەکەوە، ئاماژەدار بوو بە بەژداریکردنی سێکسواڵییانەی مرۆڤ. پڕاکتیزەکردنی جەژنەگان[2] کە پێوەندە بە بەپیتیی زەمینی، یان بە کشتوکاڵییەوە، بێئەژمار لە مێژووی ئایینەکاندا ئاماژەی پێ دراوە (see Eliade, Traité d’histoire des religions, pp. 271 sq., 303 sq.).

یەک نموونەی پەیوەندیدار بە موتوربەکردنی ترشەڕووەکەکان و دارپڕتەقاڵەکان دەهێنمەوە لەپێناو سازدانی وێنایەکی ڕیچوەڵیی ئەم پڕۆسەیە. ئیبن وەحشییە لە کتێبەکەی خۆیدا لەبارەی کشتوکاڵی نەبەتییەکان[3] دابونەریتی جوتیارەکانی میزۆپۆتامیا، پێرسیا و ئیجیپتمان پێ نیشان دەدات. کتێبەکە ئێستا ون بووە، بەڵام دەکرێ ئەو پارچەدەقانەی لەلایەن مەیموونەوە[4] وەرگیراون بنرخێندرێن کە سرووشتیی ئەو خورافانەی لە دەوری بەپیتبوون و موتوربەکردنی دارمێوەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا دەسووڕێتەوە. بەپێی مەیموون بێ، لەلای جووەکان بەکارهێنانی لیمۆی درەختی موتوربەکراو قەدەغە بوو لەپێناو پاراستنیان لە ئەگەری لاساییکردنەوەی ئەو جەژنەگانانەی لە خەڵکانی دراوسێدا هەبوو. ئیبن وەحشییە -کە تاکە نووسەری ڕۆژهەڵاتی نییە ڕێگە بە خۆی بدا بەدوای ئەم وێنانە بکەوێت- باسی موتوربەکردنی سەیروسەمەرە دەکات (‘پێچەوانە لەگەڵ سرووشت’) لەنێو ڕووەکی جیاوازدا. بۆ نموونە دەڵێ موتوربەکردنی لقێکی دارلیمۆ لەگەڵ دارقاچ [laurel] یان دارزەیتوونێک، لیمۆی بچووک بە ئەندازەی زەیتوون بەرهەم دەهێنێت. بەڵام ڕوونی دەکاتەوە موتوربەکردنەکە تەنها لەو کاتەدا سەرکەوتوو دەبێ کە شێوەڕیچوەڵێک پێشکەش بکرێ، هەروەها جووتبوونێکی [یەکگرتنێکی] دیاریکراوی مانگ و خۆر ڕوو بدات، ڕیچوەڵەکان بەم شێوەیە ڕوون دەکاتەوە: “ئەو لقەی موتوربە دەکرێ، دەبێ بە دەستی کچێکی فرەقەشەنگەوە بێت لەوکاتەی پیاوێک گانێکی ئابڕووبەرانە و ناسرووشتییانەی لەگەڵ دەکات؛ لە میانەی گانەکەدا کچەکە لقەکە موتوربەی درەختەکە دەکات.”[5] مەبەستەکەیش ڕوونە: لەپێناو گرەنتیکردنی یەکگرتنێکی ‘ناسرووشتی’ لەنێو جیهانی ڕووەکدا، گانێکی یەکگرتنانەی ناسرووشتی لەنێوان مرۆڤەکاندا زەروورەتە.

بێگومان ئەم گەردوونبینییە جیاوازییەکی ڕیشەیی هەیە لەگەڵ ڕێدەر و هاندەرانی تێڕوانینی بابەتییانە لە ژیانی ڕووەکەکان. میزۆپۆتامیاییەکان وەک خەڵکانی تری ڕۆژهەڵاتی دێرین، واژەکانی ‘نێر’ و ‘مێ’ـیان خستبوویە نێو پۆلێنکارییەکانی جۆری ڕووەکەکان، بەڵام هەژمارکردنی ئەم پۆلێنکارییە بەپێی پێوەری پێکهاتەناسییانەی ڕواڵەت بوو (بۆ نموونە لێکچوونی لەگەڵ ئەندامەزاوزێی مرۆڤ)، هەروەها [بەپێی] ئەو شوێنەی ڕووەکێکی لێ دادەنرێ -کە بە هەندێ چالاکیی جادوویی [شوێنەکە] دەدرا-. بۆ نموونە بەم شێوەیە بوو، دارەوەن و گیائادەمە (NAMTAR) نێر بوون، دەوەن nikibtu [liquidambar orintalis – شلەعەنبەری ڕۆژهەڵاتی، یان بنێشتەشیرین] بەپێی کارکردی ئەو ڕیچوەڵەی بۆی دانرابوو بە ‘نێر’ یان ‘مێ’ دادەنرا.[6] کۆنسێپتی هاوشێوە لە هیند دەدۆزرێتەوە؛ بۆ نموونە کاراکا[7] (Kalpasthāna, v, 3) سێکسواڵیتەی ڕووەکەکانی دەزانی، بەڵام تێرمێنۆلۆژی سەنسکریتی ئەو هەستە سەرەتایییە بە باشی ڕوون دەکاتەوە کە ئێمەی بەرەو ئەو دۆزینەوەیە پەلکێش کرد: [ئەمەیش] بەراوردکاری نێوان جۆری ڕووەکەکان لەگەڵ ئەندامەزاوزێی مرۆڤ بوو.[8]

کەوایە لێرە مامەڵە لەگەڵ کۆنسێپتێکی گشتی واقیعیی گەردوونی دەکەین کە وەک ژیان دەبینرێت و، لە دەرئەنجامدا سێکسمەند[9] کراوە؛ سێکسواڵیتە دەبێتە نیشانەی هەموو واقیعی ژینەکی. لە ئاستێکی دیاریکراوی کەلتوورەوە بگرە، تەواوی جیهان -جیهانی سرووشت و جیهانی شتەکان و ئامێرە مرۆڤکردەکان- وەک سێکسمەند ئامادەییان هەیە. نموونەکانی داهاتوو لە ژینگەی کەلتووریی جیاوازدا وەرگیراون تاکوو ڕادەی بەربڵاوی و بەردەوامی ئەم چەشنە کۆنسێپتانە پیشان بدرێت. کیتاراکان [The Kitara] خاوکانزاکانیان بۆ نێر و مێ جیا کردبوویەوە: نێرەکان ڕەق و ڕەشن و لەسەر ڕووی زەوی هەن، مێیەکان نەرم و سوورن و لە هەناوی کانگادا دەردەهێنران. تێکەڵاوبوونی دوو ‘ڕەگەزەکە’ پێویستە بۆ ئاوێزانبوونێکی بەپیت.[10] بێگومان ئەمە پۆلێنکارییەکی زۆردارانەی بابەتییانەیە، چونکە نە ڕەنگ و نە ڕەقێتی خاوکانزاکان هەمیشە لەگەڵ لێوەشاوەیی ‘سێکسواڵییان’ دەهاتەوە، بەڵام ئەوەی گرنگ بوو، یەکگرتنی تەواوەتیی واقیع بوو، چونکە ڕیچوەڵەکانیان پەسند دەکرد، واتا ‘هاوژینگیری کانزاکان’ و، ئەمە هاتنەبوونی دەڕەخساند. بیرسای هاوشێوە لە چین دەدۆزرێتەوە، توێنەریی بەرایی، یوی مەزن [Yu the Great] دەیتوانی نێر و مێی کانزاکان جیا بکاتەوە، بۆیەشە هاوتاییەکی لەنێوان کوڵێنەرەکانی و جووتبنەمای گەردوونی یانگ و یین بینی[11]. دواتر دەگەڕێینەوە سەر ئەم بابەتەی نەریتی کانزاگەریی چینی، چونکە هاوژینگیریی کانزاکان بیرسایەکی دێرینی بەردەوامە تاکوو گەیشتە ئەنجام لەنێو نهێنیی تێهەڵکێشانـ[mysterium conjunctionis]ـی کیمیاگەری.

جگە لە کانزا و خاوکانزاکان، بەردەکان و بەردە بەهادارەکان هەمان شێوە سێکسمەند بوون. میزۆپۆتامیاییەکان بەپێی شێوە، ڕەنگ و بریسکەدارییان [ڕەگەزەکانیان] جیا دەکردەوە. دەقێکی ئاشووری کە لەلایەن بۆسۆنەوە [Boson] وەرگێڕدراوە، باس دەکا کە ‘بەردی موسا [musa] (لە شێوەدا) نێرانەیە و، بەردەمس (لە شێوەدا) مێیانەیە’. هەروەها بۆسۆن ئەو زانیارییەیش زیاد دەکات کە ‘نێربەردەکان’ زیاتر ڕەنگێکی درەوشاوەیان هەیە، لەکاتێکدا ‘مێبەردەکان’ ڕەنگێکی خامۆشیان هەیە.[12] (تەنانەت ئەمڕۆیش خشڵەکان بەپێی ڕادەی درەوشاوەییان جیاوازی نێوان ڕەگەزی ئەڵماسێک دەکەن.) لای بابلییەکان، لەگەڵ دەستپێکی نەریتی نووسین و لەنێو دەقە پزیشکییەکان هەمان جیاکاری نێوان سوێرەمەنی و خاوکانزاکان دەبینینەوە.[13] لە سەدەکانی ناوەڕاست لەنێو دەقە کیمیاگەری و خشڵسازییەکاندا پۆلێنکارییە سێکسواڵییەکانی خاوکانزا و بەردەکان هەبوو؛[14] بۆ نموونە بەردەجوو [lapis judaicus] یان نێرە، یان مێ، تد.

سۆفی و ڕاڤەکاری جوولەکە بەهیە بین ئاشێر (١٣٤٠ م.) [Bahya ben Asher] نووسیبووی: “نێر و مێ نەک تەنها لە دارخورمادا هەن، بەڵکوو لە هەموو جۆرەکانی ڕووەکیشدا هەن، وەکچۆن لای ماددە کانزاییەکانیش جیاکاریی سرووشتی لەنێوان نێر و مێ دەبینینەوە.” سەبەتای دۆنۆلۆ (سەدەی دەیەم) [Sbattai Donnolo] باسی سێکسواڵیتەی ماددە کانزاییەکانی کردووە. سۆفی و زانای عەرەبی ئیبن سینا (٩٨٠-١٠٣٧) [Ibn Sina] ڕوونی کردەوە کە “ئەڤینی ڕۆمانتیکی (عەشق) تایبەت نییە بە مرۆڤ، بەڵکوو خزاوەتە نێو هەمووشتێک، [شتە] ئاسمانییەکان، ئامێرەکان، ڕووەک و مەعدەنەکانیش، هەروەها درکەکەی نە وەرگیراوە و نە زانراویشە؛ بگرە ئەو ڕاڤانەی بۆی کراون، ناڕوونتری کردووە.”[15] بیرسای ئەڤینی ڕۆمانتیکی کە دراوەتە پاڵ کانزاکان، پێشوەختە لەلایەن ئایدیای سێکسواڵیتە و هاوژینگیری دووپات کراوەتەوە کە بەشێوەیەکی ناوازە ‘ڕۆحبزێوی[16]‘ـی خۆیان تەواو دەکەن.

هەروەها ئامێرەکانیش سێکسمەندن. ئیبن ئەل-ڕومی [Ibn al-Rumi] شاعیر دەیگوت: “باشترین چەک چییە؟ تەنها شمشێرێکی باشتیژکراوە، لەگەڵ نووکەبڕە نێرەکەی و تیغە مێیەکەی.”[17] عەرەبەکان بە ئاسنێکی پتەو دەڵێن ‘پیاو’ (dzakar)، بە ئاسنێکی نەرمیش دەڵێن ‘ژن’ (ânit).[18] ئاسنگەرانی تانگانیکا [Tanganyika] چەندین جۆر چاڵی جیاواز لە تەندوورەکەدا دروست دەکەن، فراوانترینیان دەبێتە هەڵگری ناوی ‘دایک’ (نینا – nyina)؛ “ئەوە لە ڕێی کۆتاییی چالاکیی گەرمکردنەوەیە [سووتاندنی ئاسن] کە دەتوانی چڵک و خڵتە و کانزایەکی سووتاو و تد. دەربێنی. چاڵی پێچەوانە ئیسییە (باوک – isi)؛ بەمە یەکێک لە باشترین سندانەکان دەبەستن: ناوەنجییەکان ئانان (منداڵەکان – aana).”[19] لە تێرمێنۆلۆژیی ئاسنگەریی ئەوروپیدا، ئەو کوورەیەی تێیدا کانزاکان دەتوێنرانەوە [schelzofen] بە ناوی ئاخێزگە یاخود ئامێزی دایکانە نەخشێنرا بوو [Mutterschoss]. بەراوردکاریی کارە مرۆییەکان کە تێیدا ئاگر (لە ئاسنگەری، کوتینکاری، چێشتلێنان و تد.) لەگەڵ گەشەکردنی کۆرپەلەی نێو سکی دایک بەکار دەبرا، هێشتا بە شێوەیەکی ناڕوون لەنێو فەرهەنگی ئەوروپیدا زیندووە (بەراوردکاری نێوان Mutterkuchen، پزدان، Kuchen (کێک)، gâteau (کێکی جوانی).[20] بەرمەبنای ئەم پاشخانە ئەقڵییە، هۆکاری شێوەگرتنی ئەو بیرۆکانەیە کە پێوەندن بە بەپیتبوون و زایەندیی بەرد و بەردەبارانەکان.[21] بیروباوەڕیی سەرەتاییتر پێش ئەمانە هەبوون؛ باوەڕبوون بە دایکەبەرد [petra genitrix].[22]

دایاکەکان دەزانن ڕێژنەباران نێرانەیە.[23] سەبارەت بە ‘ئاوە گەردوونییەکان’، کتێبی ئەنۆخ [Book of Enoch] بەم شێوەیە جیایان دەکاتەوە (LIII, 9-10): “ئاوی ژووروو ڕۆڵی پیاو دەگێڕێت، ئاوی خواروویش ڕۆڵی ژن.” لەلایەن شەپۆلێکی ڕەمزاندنی یەکگرتنی ژن و پیاوەوە ئاو دەدرێت (The Zohar, folio 14b, 11, 152). لە ڤێدای هیندی، قوربانگا (vedi) وەک مێینە بینراوە و، ڕیچوەڵی ئاگر (agni) وەک نێر، هەروەها ‘یەکگرتنیان وەچەی هێناوە’. ئێمە لە بەرانبەر سیمبولیزمێکی فرەئاڵۆزداین کە ناکرێ بخزێنرێتە نێو یەک سەرچاوە. چونکە لەلایەک، ڤێدی بە ناوکی زەوی (nabhi) بەراورد دەکرا، سیمبولی شاهاوچەشن[par excellance]ـی ‘چەق’. بەڵام نابهی وەک پزدانی مێخودایش دانرابوو (cf. Shatapatha-Brahmana, I, 9, 2, 21)، لەلایەکی تر، وەک دەرئەنجامی (وەچەی) یەکگرتنی سێکسی دەبینرا: هاتە بوون لە دەرئەنجامی جووڵەی هاتوچوونی (بەراورد بە پەڕین [تەکان]) لقەدارێک (نوێنەرەوەی ئەندامەزاوزێی نێر) لەنێو درزێک کە لە پارچە دارێک دروست کرابوو (ئەندامەزاوزێی مێ؛ cf. Rig Veda, III, 29, 2 sq.; V, 11, 6; VI, 48, 5). هەمان سیمبولیزمی سێکسواڵیی ئاگر لە چەندین کۆمەڵگای سەرەتایی تریشدا بەدی دەکرێن، بەڵام هەموو ئەم دەستەواژە سێکسواڵییانە کۆنسێپتێکی گەردوونی دەگوازنەوە کە لەسەر هاوژینگیرییەکی پیرۆزە دامەزراوە، ئەوەیە کە ئافراندنی جیهان لە ‘چەق’ (ناوک) دەستپێدەکات و، لە ڕێی لاساییکردنەوەی ئەم مۆدێلە بەراییە، دەبێ هەموو ‘بونیادنان’، هەموو ‘پێکهێنان’ـێک لە سەرەتای ‘چەق’ـەوە ئیش بکەن. ڕیچوەڵی بەرهەمهێنانی ئاگر، دووبارە لەدایکبوونەوەی زەوی بەرهەم دەهێنێت، بۆیەشە لە کۆتاییی ساڵدا هەموو ئاگرەکان خامۆش دەکرێن (پاتەنمایشکردنەوەی شەوی گەردوونی) و، دووبارە داگیرسانەوەی ئاگر لە سەری ساڵی نوێدا (ئەمەیان نمایشکردنی گەردوونپەیداییە، دووبارە لەدایکبوونەوەی زەوی). وێڕای ئەمانە، ئاگر کارەکتەری دژیەکی خۆی لەدەست نادات: یان ئەوەتا لە بنەڕەتێکی خوداییە، یان ‘شەیتانی’ (چونکە بەپێی هەندێ بیروباوەڕی سەرەتایی بێ، جادوویانە لە ئەندامەزاوزێی ژنەجادووگەرێک دروست دەبێت)؛ بەرلەوەی مامەڵە بکەین لەگەڵ ئەم ناوازەیییەی پێوەندە بە ئاسنگەرییەوە، باشترە بگەڕێینەوە سەر بابەتی ئەم دژیەکییە.

وەکچۆن چاوەڕوان دەکرا، ڕوونترین سیمبولیزمی سێکسواڵی و زایەندی لەو وێنانە بەدی دەکرێن کە پێوەندەن بە دایکەزەوییەوە. ئێرە جێگای باسکردنی ئەو ئوستورە و ئەفسانانە نییە کە باسی هاتنەبوونی مرۆڤ لەسەر زەوی دەکەن (بڕوانە Eliade, Traité d’Histoire des Religions, pp. 216 sq.). هەندێجار مرۆڤپەیدایی لە چوارچێوەی کورپەلەزانی و زایینەوانی پێناسە دەکرێ. بۆ نموونە بەپێی ئوستورەکانی زوونی [Zuni] بێ، مرۆڤینیی بەرایی (لە دەرئەنجامی هاوژینگیریی پیرۆزیی زەوی و ئاسمان) لەنێو قووڵاییی چوار ‘پزدانی ئەشکەوت’ـی دۆزەخین هاتۆتە بوون، مرۆڤەکان لەلایەن جمکەیەکی ئوستورەیی لە یەکێک لەو ‘پزدانانە’ ڕێبەری دەکرێن بەرەو دانەیەکی دی تاکوو دەگەنە سەرڕووی زەوی. لەنێو ئوستورەی لەم چەشنەدا، وێنەی زەوی بەتەواوی چوونیەک دەبێ لەگەڵ دایک و، ئەم مرۆڤپەیداییە لە چوارچێوەی  گیانپەیدایی[24] پیشان دراوە. شێوەگرتنی پزدان و لەدایکبوونی منداڵ ڕاستییە بەراییەکەی لەدایکبوونی مرۆڤایەتی دووبارە دەکاتەوە کە وەک پژانێک دەبینرێ لە قوڵاییی ئەشکەوت-ئاخێزگەی دۆزەخینەوە.[25] بیروباوەڕی هاوشێوە لە فۆڕمی ئەفسانە، خورافە یان تەنها میتافۆڕێک لە چەندین پارچەی ئەوروپا ماون. ناوچەگەلێک هەن کە بەنزیکەیی هەموو شار یان گوندەکان لەبارەی بەردێک یاخود کانییەک دەزانن کە منداڵ ‘دەهێنێت’ (Kinderbrunner, Kinderteiche, Bubenquellen, etc.).

بەڵام ئەوەی بەتایبەتی گرنگە تیشکی بخرێتە سەر، ئەو بیروباوەڕانەن کە پێوەندن بە لەدایکبوونی کانزای ‘مێپێکهاتەیی’[26] و، بەم شێوەیە بەراوردکاری نێوان ئەشکەوت و کانگاکان بە پزدانی دایکەزەوی. وەها ناسراو بوو کە سەرچاوەی ڕووبارە پیرۆزەکانی میزۆپۆتامیا لە ئۆرگانە بەرهەمهێنەرەکانـ[وەچەخستنەوە]ـی مێخودای مەزنەوە هاتبن. بێگومان سەرچاوەی ڕووبارەکان بە زێی [مێینە] زەوی دانرابوون. واژەی پو [] لە بابلدا ئاماژە بوو بۆ هەردوو ‘سەرچاوەی ڕووبار’ و ‘زێ[ـی مێینە]’. بورو [buru]ـی سۆمەری بە هەردوو واتای ‘زێ[ـی مێینە]’ و ‘ڕووبار’ دێت. ناگبو [nagbu]ـی بابلی ‘چەم’ پەیوەندی بە نێقێبا [neqeba]ـی عیبرییەوە هەیە. لە عیبیردا وشەی ‘بیر[ـی ئاو]’ بە هەردوو مانای ‘ژن’ و ‘هاوژین [ژن و پیاوی هاوژیندار]’یش بەکار دەهێنرێت. لە ئیجیپتیدا [میسری کۆن] وشەی بی [bi] بە هەردوو مانای ‘پزدان’ و ‘ڕێڕەوی کانگا ژێرزەمینییەکان’ دێت.[27] جێی بیرهێنانەوەیە کە ئەشکەوت و خانەشکەوتەکان بە ئاخێزگەی دایکەزەوی چوێندراوە. دەکرێ وەها ڕاڤەی ڕۆڵی ڕیچوەڵانەی ‘ئەشکەوتەکان’ـی سەردەمی پێشمێژوو بکەین کە گەڕانەوەیەکی پێوارانەیە بۆ دایک، [ئەم ڕاڤەیەیش] یاریدەدەرە بۆ ڕوونکردنەوەی پڕاکتیزەکردنی ڕیچوەڵەکانی ناشتن و هاتنانەی نێو ئەشکەوتەکان، ژیرغەریزییەکی سەرەتایی لەو شێوەیە بە ئاسانی نامرێت. بینیمان ناودێرکردنی دێڵف [delph] (پزدان) لە ناوی پیرۆزترین پیرۆزەپەنای هیلینییەکان، دێڵفی [Delphi] پارێزراوە. دەبلیو. ئێف. جاکسۆن [W. F. Jackson] (لە Cumaean Gates, p. 56) ئاماژەی پێ داوە لە سێ ناوچەی ئەو شوێنەی ژنەپێوارزانەکان [Sybils] تێیدا دەستنیشان کرا بوون، خاکێکی سوور هەبوو: نزیک کومای [Cumae]، مارپیسۆس [Marpessos] و ئیپیروس [Epirus]. بێگومان ژنەپێوارزانەکان گەرموگۆڕانە پێوەندن بە پەرستەی ئەشکەوتەکان، خاکی سووریش ڕەمزاندنی خوێنی مێخودایە.

سیمبولیزمێکی هاوشێوە پێوەند بوو بە سێگۆشەوە. پەڤسانیاس [Pausanias] (II, 21) باسی شوێنێک لە ئارگۆس [Argos] دەکات پێی دەڵێن دێلتا [delta] کە بە پیرۆزەپەنایەکی دێمێتر دادەنرا. فیک و ئیزلەر [Fick and Eisler] بە مانای ‘کوز’ ڕاڤەی سێگۆشەکەیان کرد، [بەڵام] ئەم ڕاڤەیە تەنها ئەوکاتە بەهادارە گەربێتو یەکەم مانای خۆی ‘ئاخێزگە’ یان سەرچاوە، بگرێتە خۆی. زانراوە کە لای گریکییەکان، دێلتا سیمبولی ژن بوو. فیساگۆرییەکان سێگۆشەکەیان وەک چاوگی پەیدابوون [arché geneseoas] دادەنا بەهۆی فۆڕمە کامڵەکەی، هەروەها بەهۆی نواندنەوەی سەرنموونەی بەپیتیی گەردوونی. سیمبولیزمی هاوشێوە لە هیند دەدۆزرێتەوە.

بۆ ساتێک با ئەم شتانەمان بیر بێتەوە: گەر چەمەکان، ڕێڕەوی کانگا ژێرزەمینییەکان و ئەشکەوتەکان بە زێی دایکەزەوی بەراورد کراون، [ئەوا] هەرشتێک لە هەناوی زەویدا بێ، زیندووە، با لە دۆخی سەروبەندی ئاوڵەمەییش بێت. بە دەربڕینێکی تر، ئەو خاوکانزایانەی لە کانگاکان دەردەهێندرێن، بەشێوەیەک لە شێوەکان کۆرپەلەن: بەهێواشی گەشە دەکەن وەکئەوەی لەژێر فەرمانی ڕەزمێکی کاتی بن، جیاواز لە هی ڕووەک و ئۆرگانی گیانداران. هەرچۆنێک بێ گەشە دەکەن –لەنێو تاریکییە زەمینییەکەیاندا ‘پوخت گەشە دەکەن’. ئاوهایش دەرهێنانیان لە هەناوی زەویدا چالاکییەکە کە بەر لە وادەی خۆی ئەنجام دراوە، خۆگەر کاتی پێویستیان بۆ گەشەکردن پێ بدرایە (بۆ نموونە ڕەزمی جیۆلۆجیی کات)، خاوکانزاکانە دەبوونە ئاسنێکی پێگەیشتوو و، گەیشتبوونە دۆخی ‘کامڵی’. بەمزووانە ئاماژە بە نموونەی بەردەست دەدەین بۆ ئەم کۆنسێپتە کۆرپەلەناسییەی خاوکانزاکان، بەڵام لە دۆخێکداین تەنانەت لەم ئاستەیشدا بێ، ئەو بەرپرسیارێتییە بنرخێنین کە کانگاکار و ئاسنگەرەکان دەیگرنە ئەستۆ لە دەستتێوەردانیان لە پڕۆسە ناڕوونەکانی گەشەی کانزاکان. بە هەر نرخێک بووبێ دەبوو پاساو بۆ دەستتێوەردانەکانیان بهێننەوە و، بۆ کردنی ئەمەیش پێویستی دەکرد -لەڕێی پڕۆسە ئاسنگەرییەکانەوە- بانگەشەی ئەوە بکەن کە [ئەوان] کاری سرووشتن دەگۆڕن. لەڕێی خێراکردنی گەشەی کانزاکان، ئاسنگەران گەشەی کاتییان فراوان دەکرد: لەلایەن ئاسنگەرەوە کاتی جیۆلۆجی گۆڕا بۆ کاتی ژینەکی. بێگومان ئەم کۆنسێپتە بوێرانەیە کە مرۆڤ بەرگری لە تەواوی بەرپرسیارێتی خۆی دەکا لەبەرانبەر سرووشتدا، سەرنجێکی کورتمان لە کاری کیمیاگەرمان پێ دەدات.

سەرچاوە:

* بەشێک لە کتێبی “The Forge and The Crucible”، میرچا ئیلیادە، و: ستیفن کۆرین، چاپی دووەم، ١٩٧٩.

[The Forge and The Crucible, Mircea Eliade, translated from the French by Stephen Corrin, The University of Chicago Press, Chicago and London, second edition, 1979.]


 

[1] On artificial fertilization in Mesopotamia, cf. A . H. Pruessen, ‘Date Culture in Ancient Babylonia’ (journal of the American Oriental Society, 36, 1920, pp. 213-32); George Sarton, ‘The artificial fertilization of date-palms in the time of AshurNasir-Pal’ (Isis, 21, Nr. 60, April, 1934, pp. 8-14); id. ‘Additional note on date culture in ancient Babylonia’ (ibid., Nr. 65 ,June, 1935, pp. 251-2; these two articles include a complete bibliography on the question); Hélène Danthine, Le Palmierdattier et les arbres sacrés dans l’iconoǵraphie de l’Asie occidentale ancienne (Paris, 1937), pp. 111-21.

On similar traditions among the Hebrews and Arabs, see Salomon Gandz, ‘Artificial fertilization of date-palms in Palestine and Arabia’ (Isis, 33, Nr. 65, June 1935, pp. 245-50). On orgiastic practices connected with the grafting of citrus trees, according to the writings of Ibn Wahshya, cf. S. Tolkowsky, Hesperides, A History of the Culture and Use of Citrus Fruits (London, 1938), pp. 56, 129 sq.

[2]  (Orgiastic) کە لە وشەی لاتینی ئۆرگیا (Orgia) وەرگیراوە. بەگشتی بە مانای سرووتەئاهەنگێک دێ بۆ خوداوەندەکان و پەرستشی خوداوەندان، تێیدا سترانچڕین و خواردنەوە کهولییەکان و گانکردن، زێدەشادییانە پڕاکتیزە دەکرێت. لەبەرئەوەیشی وشەی “گان” خاوەن هەمان ڕیشەیە لەگەڵ گیان، گیاندان و گیانبەخشین، واتا لەدایکبوون و بەپیتی، (هەروەها بەمانای ڕۆحیش بەکار دەبرێ)، ئەوا پێمان باش بوو لە کوردیدا “جەژنەگان” پێشنیاز بکەین. [و.]

[3] کشتوکاڵی نەبەتییەکان، ئیبن وەحشییە (‘The Nabataean Agriculture’ by Ibn Wahshiyya)

[4] موسا کوڕی مەیموون (١١٣٨-١٢٠٤ ز.)

[5] Texts reproduced and commented on by S. Tolkowsky, HesperiJes, A History of the Culture and Use of Citrus Fruits, pp. 56, 129-30.

[ئەم کۆوتە لە کتێبەکەی مەیموون “ڕێبەری سەرلێشێواوان – The Guide of the Perplexed of Maimonides” هەیە. بڕوانە: دلالة الحائرين، موسى بن ميمون القرطبي الأندلسي، 1135-1205م، الناشر؛ مكتبة الثقافة الدينية، ص. 622-622] [و.]

[6] R. Campbell Thompson, The Assyrian Herbal (London, 1934), pp. XIX-XX.

[7]  (Caraka, Charaka) یەکێک بوو لە بەژداربووە سەرەکییەکانی ئایۆرڤێدا کە سیستەمێکی پزیشکی و شێوەژیانێکە لە هیندی دێرین دروست بوو. [و.]

[8] Cf. Eliade, ‘Cunostintele botanice in vechea Indie’ (Buletinul Societaii de Stiinte din Clij, VI, 1931, pp. 221-37), pp. 234-5.

[9] وەرگێڕی ئینگلیزی لێرەدا نووسیویەتی: “بە سێکس بەهرەمەند کراوە”، بەڵام چونکە زمانی کوردی پاشگرێکی وەک “مەند”ـی هەیە و بۆ نموونە ‘بەهرەمەند’ بە واتای کەسێک (یاخود شتێک) دێ خاوەن بەهرەیە و تەنراوە پێی، بۆیە ئێمە پێمان باش بوو وشەی ‘سێکسمەند’ بۆ ئەو دۆخە پێشنیاز بکەین کە ئیلیادە باسی دەکات (جیهانێک کە هەموو شتەکانی بە سێکسواڵیتە تەنراوە و لە خۆیدا شتەکان -جا هەرچییەک بێ- سێکسواڵییە.) [و.]

[10] Cline, Mining and Metallurgy in Negro Africa, p. 117.

[11] Marcel Graner, Danses et Legendes de Ia Claine ancienne (Paris, 1916), p. 496.

[12] G. Boson, Les meraux et les pierres dans les inscriptions assyro-babyloniennes (Munich, 1914), p. 73·

[13] R. Eisler, Die chemische Terminologie der Babylonier, p. 116; Kunz, The Magic of Jewels and Charms (Philadelphia-London, 1915), p. 188.

[14] بۆ نموونە، دەقێکی کیمیاگەریی سوریایی باسی ‘ماگنیسیۆمی مێینە’ دەکات’ (ed. Von Lippmann, Entstehung und Ausbreitung der Alchemie, i, p. 393). The ‘sexuality’ of stones in the lapidaries: Julius Ruska, Das Steinbuch des Aristoteles (Heidelberg, 1912), pp. 18, 165. Sexuality of minerals in the ideas of classical antiquity: Nonnos’ Dionysiaca (ed. Loeb, Classical Library), 1, p. 81. On the ‘living stone’ in the ideas of antiquity and Christendom, cf. J. C. Plumpe, ‘Vivum Saxum, vivi Lapides, (Traditio, I, 1943, pp. 1-14).

[15] Salomon Gandz, Artificial fertilisation of date palms in Palestine and Arahia, p.246.

[16] animation

[17] F. W. Schwartzlose, Die Waffen der alten Araber aus ihren Dichtern dargestellt, p. 142; cf. E. von Lippmann, Enstehung und Ausbreitung der Alchemie, p. 403; Concerning ‘sexuated’ swords in China, see Granet, Danses et Légendes, p. 496. Drums and bells are likewise sexed; cf. Max Kaltenmark, ‘Le Dompteur des flots’ (HanHiue. Bulletin du Centre d’Etudes Sinologiques de Pékin, III, 1948, pp. 1-113), p. 39, n. 141.

[18] Leo Wiener, Africa and the discovery of America (Philadelphia, 1922), vol. III, pp. 11-12.

[19] R. P. Wyckaert, ‘Forgerons paīens et forgerons chrtéiens au Tanganyka’ (Anthropos, 9, 1914, pp. 371-80), p. 372. The furnaces of the Mashona and Alunda are ‘gynecomorphic’; cf. Cline, op. cit., p. 41.

[20] Cf. R. Eisler, Die chemissche Terminologie der Babylonier, p. 115.

[21] For bibliographical details, see Eliade, Traite d’Histoire des Religions, pp. 208-10. Concerning the gynecological stones, cf. G. Boson, ‘I metalli e le Pietri nelle inscrizioni sumero-assiro-babilonesi’ (Rivista di Studi Orientali, III, 379-420), pp. 413-14; B. Laufer, The Diamond (Chicago, 1915), pp. 9 sq.

[22]  Petra genitrix واتا دایکەبەرد، بە مانای ‘زایین لە بەردەوە’ـیش دێت. پیترا نە دایک بوو، نە باوک، زایەری میترایە.

[23] A. Benholet, Das Geschlecht der Gottheit (Tübingen, 1934), p. 23. A number of other documents concerning the ‘sexualization’ of the material world will be found in this little volume.

[24]  Ontogeny لقێکی زانستە و سەرنج دەخاتە سەر گەشەی تاکێک لە یەک خانەوە، یاخود یەک هێلکەخانەوە بۆ ئۆرگانیزمێکی پێگەیشتوو. پێکهاتووە لە دوو وشە: “onto” واتا ‘بوونەوەرێک، تاکێک، بوونێک(ـی گیاندار)’، هەروەها وشەی “geny” واتا ‘پەیدابوون، بنچینە یاخود دۆخی دروستبوون’. لەبەر فرەمانایی وشەی (گیان) بە باشمان زانی (گیانپەیدایی) پێشنیاز بکەین.

[25] Concerning the zuni myth and parallel versions, cf. Eliade, La Terre-Mere et les hiérogamies cosmiques, pp. 60 sq.

[26]  (gynecomorphic) لە دوو وشە (gyneco) مێ، مێینە، ژن، (morphous) پێکهاتە، شێوە، فۆڕم، بونیاد پێک دێت. واتای پێکهاتە، چوارچێوە و بونیادی مێینە دەدات، ئێمەیش وشەی لێکدراوی (مێپێکهاتە)ـی بۆ پێشنیاز دەکەین. [و.]

[27] W. F. Allbright, ‘Some Cruces in the Langdon Epic” (journ. Americ. Oriens. Soc., 39, 1919, 65-90), pp. 69-70.